Draw Media

بۆچی بەهای دۆلار بەخێرایی دادەبەزێت؟

بۆچی بەهای دۆلار بەخێرایی دادەبەزێت؟

2023-04-09 16:52:06


 
راپۆرت: درەو
لەسەرەتای ئەم مانگەوە، نرخی دۆلاری ئەمریكی بەشێوەیەكی بەرچاو لەبازاڕەكانی عێراق رووی لەدابەزین كردووە، جیاوازی نرخی بازاڕی رەش‌و نرخی فەرمی بەردەوام لە كەمبونەوەدایە، بەجۆرێك ئێستا نرخی دۆلار گەیشتووەتەوە خوار ئەو نرخەی كە لەمانگی كانونی دووەمی (2020)دا حكومەتەكەی كازمی چەسپاندی، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی كوردستان دابەزی بۆ نزیكەی (144 هەزار) دینار، بۆچی نرخی دۆلار بەشێوەیەكی خێرا روو لە دابەزین دەكات؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

دۆلار بۆچی دابەزی ؟
پێگەی (میدل ئیست ئای) بەریتانی لە راپۆرتێكدا دەڵێ" لەدوای رێوشوێنە نوێیەكانی بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكاوە، ئێران ناچار بووە بەتەواوی پشت بە بازاڕی رەشی عێراق ببەستێت بۆ دابینكردنی دراوی قورس".
بەوتەی بەرپرسە عێراقییەكان، ئێران پارەیەكی زۆری لە كڕینی دۆلاری ئەمریكی لەبازاڕی رەشی عێراق بەهەدەردەچێت، بەوپێیەی دەبێت بۆ كڕینی بڕی (یەك ملیۆن) دۆلار بڕی (400 هەزار) دۆلار بدات بە دەڵاڵی كڕینی دۆلارو قاچاغچییەكانی ئاودیوكردنی دۆلار تا پارەكەی بەدەست بگات.
"لەماوەی ئەم چوار مانگەی رابردوودا، بەهۆی كڕینی دۆلار لەبازاڕی رەشی عێراق، بەتایبەت دوای ئەو كۆتوبەندانەی كە بانكی فیدراڵی ئەمریكا بەسەر مەزادی فرۆشتنی دراودا سەپاندی، ئێرانییەكان زیانی گەورەیان كردووە" بەرپرسێكی باڵای عێراق وا دەڵێ.
ساڵی رابردوو، عێراق زۆرینەی قەرزەكانی غازو كارەبای بۆ ساڵەكانی (2019-2021) بە دیناری عێراقی دایەوە بە ئێران، تاران رۆژانە لەڕێی مەزادی دراوی بانكی ناوەندی عێراقەوە ئەو دینارانەی دەگۆڕیەوە بۆ دۆلار، ئەمە سودی زیاتری بۆ ئێران تێدا بوو، بەڵام لەدوای ئەوەی واشنتۆن كۆتوبەندی بەسەر مەزادی دراوی عێراقدا سەپاند، ئیتر كەسە نادیارەكان‌و ئەو وڵاتانەی سزایان بەسەردا سەپێنراوە لەنمونەی ئێران، توانای سودوەرگرتنیان لە مەزادی دۆلاری عێراق نەما. 
ئێران ئێستا نزیكەی (8 ملیار) دۆلار قەرزی شایستەی فرۆشتنی غازو كارەبای لای عێراقە، بەغداد سەرجەم قەرزەكانی ئێرانی داوەتەوە، بەڵام پارەكان خراونەتە ئەژمارێكی تایبەت لە بانكی بازرگانی عێراقی. 
ئێران دەتوانێت ئەم پارەیە تەنها بۆ كڕینی ئەو شمەكانە بەكاریبهێنێت كە سزای ئەمریكایان لەسەر نیە، لەنمونەی دەرمان، بەڵام ئێرانییەكان دەیانەوێت ئەو پارانەی وەك قەرز لای عێراقە، بەو شێوەیە بەكاربهێنن كە خۆیان دەیانەوێت. 
ئێرانییەكان هەفتەی رابردوو بڕیاریاندا كڕینی دۆلار لە بازاڕی رەشی عێراق رابگرن، بەوهۆیەوە بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەخێرایی لەبازاڕەكانی عێراق دابەزی.
لەئێستادا نوسینگەكانی ئاڵۆگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان كە رێڕەوی سەرەكی ئاودیوكردنی دۆلارن، دۆلار بۆ هەر كڕیارێك دابین دەكەن كە دوای بكات، ئەوەش لەكاتێكدایە لەمانگی شوبات‌و ئازاری رابردوودا، تەنها بۆ كڕیارە تایبەتییەكانیان دابین دەكرد.
"دۆلار لەچەند رۆژی داهاتوودا زیاتر دادەبەزێت، كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە كوردستان كە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لەئاودیوكردنی دۆلار، پێش هەمووان دەستپێشخەریان كردووە بە گۆڕینەوەی بڕێكی گەورەی ئەو دۆلارەی گلیانداوەتەوە، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانیان" ئەمە بەگوێرەی قسەی بەرپرسێكی عێراقی.
رەنگە ئەمە یەكێك لەهۆكارەكانی دیارەكانی جیاوازی نێوان نرخی دۆلار بێت لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و شارەكانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق، بەوپێیەی بەبەراورد بە ناوەڕاست‌و باشوری عێراق ئەمڕۆ بەهای دۆلار لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینی. 

كابینەی نوێی حكومەت‌و قەیرانی دۆلار !
لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، دوای چەند هەفتەیەك لەدەستبەكاربوونی حكومەتی سودانی، بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا كۆمەڵێك رێوشوێنی توندی بەسەر جوڵەی دۆلار لەمامەڵە بانكییە بازرگانیەكانی عێراق بە دۆلار، سەپاند.
ئەمە لەچوارچێوەی هەنگاوەكانی بانكی ئەمریكادا بوو بۆ سنورداركردنی پرۆسەی شتنەوەی پارەو ئاودیوكردنی نایاسایی دۆلار بۆ ئێران‌و ئەو وڵاتانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سزای بەسەردا سەپاندون.
ئەم پێشهاتە نرخی دۆلاری ئەمریكی لەبازاڕەكانی عێراق بەشێوەیەكی چاوەڕاننەكراو بەرزكردەوە، یەكەم ئاڵنگاری بوو كە روبەڕووی حكومەتی نوێی عێراق بووەوە بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، بەتایبەت كە رێوشوێنە نوێیەكان رێگەی لە حەواڵە نادیارو نایاساییەكان گرت، بەوەش بازاڕی ڕەش بووە تاكە سەرچاوەی دابینكردنی دۆلار بۆ دەرەوەی سنورەكان، بەو هۆیەوە نرخی هەر دۆلارێك گەیشتە نزیكەی (هەزارو 800) دیناری عێراقی، لەكاتێكدا نرخی فەرمی لەبانكی ناوەندی بۆ هەر یەك دۆلار بەرامبەر بە (هەزارو 460) دینار بوو، ئەمە بەرلەوەی لەسەرەتای مانگی شوباتی رابردوودا بانكی ناوەندی عێراق بەفەرمی نرخی هەر دۆلارێك بۆ (هەزارو 300) دینار دابەزێنێت.
هەنگاوەكانی بانكی ناوەندی بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو، كە خۆی لە ڕاگەیاندنی (3) پاكێجدا بینیەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی جوڵەی دۆلارو جێگیركردنی نرخەكەی لەبازاڕی رەش، تائاستێك توانی بەهای دۆلار جێگیربكات، بەڵام نەیتوانی بەتەواوەتی لەگەڵ نرخی فەرمی هاوتای بكات. 
مەزادی دراو یاخود پەنجەری فرۆشتنی دراوی بیانی لە عێراق، بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو كەنالێكی گرنگ بوو بۆ بردنەدەرەوەی ملیاران دۆلاری گەندەڵی‌و سپیكردنەوەی پارەو حەواڵەكردنی دەیان ملیۆن دۆلاری رۆژانە لەڕێی پسوڵەی ساختە بەناوی هاوردەكردنی شمەك‌و كاڵا، ئەم دەرگایە رێڕەوێكی گرنگ بوو بۆ خۆدزینەوەی ئێران  لەسزا ئابورییەكانی ئەمریكا.

دۆلاری ئەمریكا‌و دیناری بریمەر !
لەماوەی حوكمی سەددام حسێندا (1979-2003) ئەو دراوەی لە عێراق بەكاردەهێنرا دینارێك بوو كە وێنەی سەددامی لەسەر دانرا بوو. 
ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتەدەست، بەهای هەر دینارێكی عێراقی بەرامبەر بە (3 دۆلارو 3 سەنت) بوو، بەڵام شەڕی هەشت ساڵەی عێراق لەگەڵ ئێراندا بەهای دیناری عێراقی توشی داڕمان كرد، ساڵی 1988 كاتێك جەنگ راوەستا، هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (4 دینار)ی عێراقی بوو. 
سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، لەدوای جەنگی داگیركردنی كوەیت‌و كۆتایهاتنی جەنگی دووەمی كەنداو، عێراق كەوتە ژێر ئابلوقەی ئابوری، بەهۆی ئەم ئابلوقەوە ئیتر عێراق توانای ئەوەی نەما دیناری عێراقی لە چاپخانەكانی سویسرا دەربكات، ئەمە وایكرد سەددام پەنا بۆ دەركردنی دینار ببات لە چاپخانەكانی عێراقدا، چاپخانەكانی عێراق بێ كوالیتی بوون، تەكنەلۆژیای پێشكەوتوویان تێدا نەبوو، بۆیە نەیانتوانی دینار بە چاپێكی باش دەربكەن‌و دیاردەی ساختەكردنی دراو زیاتر بوو، لەپاڵ لاوازی چاپی دراوەكەدا، ئابلوقە ئابورییەكەش كاریگەری خۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی بەجێهێشت‌و لەبەرامبەر دۆلاردا توشی داڕمانی كرد، ساڵی 1995 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (3 هەزار) دیناری چاپی عێراقی بوو. 
لەو ماوەیەدا كە عێراق كاركردنی بە دیناری چاپی سویسری راگرت‌و دیناری نوێی لەناوخۆدا چاپكرد، لە كوردستان كە لەدەستی دامودەزگاكانی بەعس رزگاری بوو بوو، لە مامەڵەكردندا هەر پشت بە دینارە سویسرییەكە دەبەسترا. 
دوای روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق ساڵی 2004 كۆتایی هێنا بە كاركردن بە دیناری سەددامی‌و دیناری سویسری لە كوردستان، دراوی نوێی عێراقی چاپكرد كە ئێستا كاری پێدەكرێت‌و پێی دەڵێن "دیناری بریمەر".
ساڵی 2005 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكا بەرامبەر بە (هەزارو 146) دیناری بریمەر بوو، ساڵانی دواتر نرخی هەر دۆلارێك بۆ (هەزارو 166) دینار بەرزبووەوە، كانونی یەكەمی 2015 جارێكی تر دەستكاری بەهای دراو كراو نرخی هەر دۆلارێك بەرزكرایەوە بۆ (هەزارو 820) دینار. 
دواینجار كە بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری لەبەرامبەر دیناردا بەرزكردەوە لە كانونی یەكەمی 2020دا بوو، ئەوكات عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆنا‌و دابەزینی بەهای نەوت‌و كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان، داهاتەكانی رووی لە كەمی كرد. 
حكومەتی مستەفا كازمی بە پاڵپشتی كوتلە جیاوازەكانی ناو پەرلەمان، نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرزكردەوە بۆ (هەزارو 460) دینار، ئەمە بەبەهانەی رێگرتن لە دروستبوونی كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران. 
عێراق وڵاتێكی بەرخۆر "رەیعی"ە، رێژەی 95%ی داهاتی بەردەستی حكومەت لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدێت، عێراق داهاتی نەوتی بە دۆلار بۆ دەگەڕێتەوە، پلانی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ ئەوە بوو داهاتی نەوتی عێراق (بە دۆلار) سەرڕێژی خەرجییە ناوخۆییەكان بكات (بە دینار) بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق وڵاتێكی هاوردەكارە‌و ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لاوازە، هەركاتێك بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرز دەبێتەوە، نرخ لە بازاڕەكاندا بەرزدەبێتەوە‌و زیان بە بژێوەی خەڵك دەگەیەنێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand