Draw Media

بریكار بۆ شوێنی وەزیر

بریكار بۆ شوێنی وەزیر

2023-04-11 14:04:58


 
راپۆرت: درەو
بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بكات، ئەگەری هەیە لەو كۆبونەوەیەدا شوێنگرەوە بۆ وەزیرەكانی یەكێتیی دیاری بكرێت، پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە، شوێنگرەوەی بریكارەكان یان دووبارەكردنەوەی سیناریۆكەی 2015ی پارتی بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان. وردەكارییەكان لەم راپۆرتەدا. 

سێ سیناریۆ ! 
بەپێی بەداواداچوونەكانی (درەو)،  بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی هەفتانەی خۆی بكات‌و لە كۆبونەوەكەدا پرسی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی یەكلابكرێتەوە، چونكە تیمی یەكێتیی لە حكومەت جارێكی تر سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاگادار كردووە لەوەی ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت. 
ئەو سەرچاوانەی (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، لەحاڵەتی پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لەناو كۆبونەوەكانی حكومەتدا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە، چەند سیناریۆیەك لەبەردەستدا دەبێت: 
سیناریۆی یەكەم: 
بریكاری وەزارەتەكانی یەكێتیی كە سەرجەمیان پارتین، لەبری وەزیرەكانی یەكێتی بانگهێشتی ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، جێبەجێكردنی فەرمانەكانی ناو كۆبونەوەكانی حكومەت لە ناو وەزارەتەكانی یەكێتییدا، بە بریكارەكان بسپێردرێت. 
سیناریۆی دووەم: 
بریكاری وەزارەتەكان وەك وەزیری بەوەكالەت لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەشداریان پێبكرێت، بە بڕیاری مەسرور بارزانی دەسەڵاتیان پێبدرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان.
سیناریۆی سێیەم: 
دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتیی لە حكومەت هاوشێوەی دەركردنی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە 2015دا، ئەمەیان پێدەچێت كاتێك بڕیاری لێبدرێت كە هەنگاوی پراكتیكی بۆ دوو ئیدارەیی دەستپێبكات، چونكە یەكێتیی ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی خۆی هەیە‌و جیاوازە لە بزوتنەوەی گۆڕان.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە پرسی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی كراوە، بیرۆكەی هێنانی بریكاری وەزارەتەكان بۆ ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، بۆیە چاوەڕوانكراوە لە كۆبونەوەی سبەینێ یان لە هەفتەی داهاتوودا، بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسی بۆشایی تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی حكومەتدا بدرێت.

شوێنگرەوەكان كێن ؟ 
ئەگەر مەسرور بارزانی بڕیاری خۆی یەكلابكاتەوە‌و كاروباری وەزارەتەكانی یەكێتیی بسپێرێت بە بریكاری وەزارەتەكان، شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی بەمشێوەیە دەبێت: 
•    دارا رەشید وەزیری پلاندانان: بریكارەكەی (زاگرۆس فەتاح)ە
•    شۆڕش ئیسماعیل وەزیری دەستلەكاركێشاوەی پێشمەرگە: بریكارەكەی (عەبدولخالق باپیری)ە
•    ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا: بریكارەكەی (عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق)
•    محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری:  بریكارەكەی (ئاریان سەلاحەدین)
•    بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ: بریكارەكەی (كەریم سلێمان)ە

بایكۆتی یەكێتیی
سەرەتای تەقینەوەی كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی بۆ كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) دەگەڕێتەوە لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2022دا، بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتبارانی ئەم كەیسە‌و تۆمەتباركردنی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتیی بە كوشتنی عەقید (هاوكار جاف) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە، یەكێتیی نیگەران كرد‌و ئەمەی بە تاكڕەوی مەسرور بارزانی لە بڕیاردان لەناو حكومەت لێكدایەوە.
لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەڵێ، یەكێتیی داخستنی كەیسی كوشتنی هاوكاری جافی كردووە بە مەرج‌و ئەو كەیسەكە داناخات.  
لە 26ی ئۆكتۆبەری 2022وە واتە نزیكەی (6) مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و سەرۆكی تیمی یەكێتیی نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران‌و (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2022شەوە، واتە ماوەی (4) مانگی رەبەقە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووە‌. 
لەوكاتەوە وەزیرەكانی یەكێتیی كە ژمارەیان (6) وەزیرە، لە بینای وەزارەتەكانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەكەن‌و بەتەواوەتی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، جگە لە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە كە دەستلەكاركێشاوەتەوە هەروەها (خالید شوانی) كە شوێنەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەتاڵ بووە‌و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە. 
رۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیی بە نوسراوی فەرمی وەڵامی دایەوە ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكان، لەم نوسراوەدا تیمیی یەكێتی هۆكاری نەگەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ "رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لە بڕیاردان‌و شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەت‌و بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان".
دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لە وتارێكدا داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەی لە بەیاننامەی نەورۆزی قوباد  تاڵەبانیدا دەستنەكەوت‌و دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە.  
ناكۆكییەكانی ئەمدواییەی قوباد تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی دوای هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانی‌و بەیاننامەكەی جوتیار عادلی وتەبێژی حكومەت، ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت زیاتر دورخستنەوە. 
بەمدواییە مەسرور بارزانی بەبێ بەشداری قوباد تاڵەبانی‌و ئەندامانی تیمی یەكێتیی چووە بەغداد‌و لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتنی ئیمزا كرد، لە دوێنێوە قوباد تاڵەبانیش بەبێ ئاگاداری مەسرور بارزانی چوەتە بەغدادو سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ توركەكان بەنێوەندگیری بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا.

مەسرور بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی 
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رەشید وەزیری پلاندانان). 
وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە‌و (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكرد‌و پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە. 
بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە. 
كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لە 10ی تەموزی 2019دا، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانی‌و مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كرد‌و مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتین‌و هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە". 
بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد  تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات. 

یەكێتیی بكشێتەوە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە ؟ 
پارتی بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی یەكێتییەوە بە كارێكی نایاسایی دەبینێت، بەڵام تیمی یەكێتیی دەڵێ بەگوێرەی ماددەی (13) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەكان لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارێتییان دەكەوێتە ئەستۆ نەك لەبەردەم سەرۆك وەزیراندا.
ئێستا كە ئیتر مەسرور بارزانی لە گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت بێئومێد بووە، ئایا شوێنی وەزیرەكان بە بریكارەكانیان پڕدەكاتەوە ؟ ئەگەر ئەمە رووبدات ئایا تیمی یەكێتیی لە حكومەت دەكشێتەوە ؟ لە كۆتایشدا ئەگەر تیمی یەكێتی لە حكومەت بكشێتەوە ئایا كابینەكەی مەسرور بارزانی هەڵدەوەشێتەوە ؟ 
ئەو یاسایەی كە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، یاسای ژمارەی (3) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1992دا دەرچووە‌و (10) جار هەموار كراوە، بەڵام ئەو بڕگەیەی ناو ماددە یاساییەكە كە تایبەتە بە كشانەوەی وەزیرەكان، وەكو خۆی ماوەتەوە‌و هیچ هەموارێكی تێدا نەكراوە. 
بڕگەی (1) لە ماددەی (یانزەیەم)ی ئەم یاسایە دەڵێ" لە حاڵەتی لادانی سەرۆكدا یا وازهێنانی، یاخود وازهێنانی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەن، وا دادەنرێ كە وەزارەت وازی لە كار هێناوە، بەڵام ئەگەر وەزارەتەكە (مەبەستی لە كابینەكەیە) هاوپەیمانی بوو لەنێوان دوو دەستە سەرەكییەكەی ناو پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر وەزیرانی هەر لایەكیان بە كۆمەڵ لە وەزارەت كشانەوە، وا دادەنرێت كە وەزارەتەكە وازی لە كارهێناوە".
بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی یەكێتیدا لە حكومەت، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت، بەوپێیەی ئێستا یەكێتی یەكێكە لە دەستە سەرەكییەكانی ناو پەرلەمان‌و لە دوای پارتییەوە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا زۆرترین كورسی هەیە. 
بەڵام بەگوێرەی بڕگەی (2) لە هەمان یاسا، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش لە حكومەت بكشێتەوە‌و حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار بكرێت، كابینەی نۆیەم هەر بەردەوام دەبێت، چونكە بڕگەی (2)ی ماددەكە دەڵێ" ئەندامانی ئەنجومەن تا كاتی پێكهێنانی  وەزارەتێكی نوێ (مەبەستی كابینەیەكی نوێیە)، لەسەر بەڕێوەبردنی ئەركە رەسمییەكانیان بەردەوام دەبن".
بەڵام لە ساڵی 1999دا، پەرلەمانی كوردستان هەموارێكی لەم ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیراندا كردووە‌و بڕگەی (3)ی بۆ ماددەكە زیادكردووە.
بڕگەی (3)ی ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" سەرۆك بۆی هەیە دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر قبوڵ بكات".
بەپێی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی بەكۆمەڵی وەزیرەكانی یەكێتیی لە كابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆی هەیە لەژێر هەر بەهانەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەكەیان قبوڵ نەكات، ئەمە وادەكات كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش وەكو خۆی بەردەوام بێت‌و بە كابینەی كاربەڕێكەر ئەژمار نەكرێت، سەرۆكی حكومەت دەتوانێت ئەم بڕگەیە بەكاربهێنێت بۆ ناچاركردنی یەكێتیی بە ملدان بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ.
خۆ ئەگەر مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەكانەوەی بەكۆمەڵی تیمی یەكێتیی لە حكومەت قبوڵ بكات، بەپێی دواین هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، دەبێت پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بكات، سەرۆكی هەرێم دوای دەركردنی نوسراوی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان، بەپێی یاساكە دەبێت داوا لە وەزیرەكانی یەكێتی بكات لە ئەرك‌و فەرمانی خۆیان بەردەوام بن تا ئەوكاتەی كابینەیەكی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت، واتە لە كۆتایدا تیمی یەكێتیی هەر دەبێت لەناو حكومەت بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت. 
لەبەرامبەریشدا لە هەموو حاڵەكاتدا كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش دەتوانێت بەردەوام بێت، تەنانەت ئەگەر بەشێوەی كاربەڕێكەریش بێت، بەڵام هەموو ئەمانە سیناریۆی یاسایین بۆ دۆخەكە، سیناریۆی واقعیش هەیە كە دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتییە هاوشێوەی دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان لەلایەن پارتییەوە، هەروەها سیناریۆی راگەیاندنی دوو ئیدارەیی‌و جیابونەوەی یەكجاری پارتی‌و یەكێتیی لەیەكتر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand