Draw Media

"راگرتنی نەوت؛ تائێستا 750 ملیار دینار زیانی هەبووە"

"راگرتنی نەوت؛ تائێستا 750 ملیار دینار زیانی هەبووە"

2023-04-13 18:16:07


 (درەو):
ماوەی (20) رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، ئەمە (750 ملیار) دینار زیانی لە داهاتی هەرێم داوە، ئەگەر بەغداد پارە نەنێرێت، حكومەتی هەرێم ناتوانێت موچەی مانگی (نیسان) دابین بكات.
بەپێی نوسراوی رەسمی بەڕێوەبەری نوسینگەی باركردنی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهانی توركیا، لە كاتژمێر (12:35) خولەكی رۆژی 25/3/2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە.
نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستانە، بەجۆرێك رێژەی (77%)ی كۆی گشتی داهاتەكانی بەردەستی حكومەت پێكدەهێنێت. 
ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا (87) دۆلارە، بەپێی دواین راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت)، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (19) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان فرۆشتووە، واتا هەرێم هەر بەرمیلێكی نەوتەكەی بە (68) دۆلار دەفرۆشێت.
ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە بە تێكڕا (400) هەزار بەرمیل نەوتی بەو نرخە بۆ ئەژمار بكرێت، ئەوا زیانی كۆی داهاتی (20) رۆژی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهاكەی دەبێت بە (544 ملیۆن) دۆلار، واتا نزیكەی (750 ملیار) دینار. 
راوەستانی هەناردەی نەوت وایكردووە، ئێستا حكومەتی هەرێم تەنیا یەك سەرچاوەی داهاتی بەدەستەوە ماوە، كە ئەویش داهاتی ناوخۆیە‌و مانگانە نزیكەی (200 بۆ 250 ملیار) دینارە، ئەمە لەپاڵ ئەو بڕە پارەی كە هاوپەیمانان وەكو یارمەتی بە وەزارەتی پێشمەرگەی دەدەن كە مانگانە بڕەكەی نزیكەی (20 ملیۆن) دۆلارە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand