دامەزراندن لە ھێزە حیزبیەكان و پرۆسەی یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە
2023-04-13 20:33:36
درەو:
ئامادەكردنی: موقەدەم ئیسلام چالی، ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە
ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چەندین یەكە و دامەزراوەیەك پێكدێت، لەوانە:
- وەزارەتی پێشمەرگە
- یەكەی 70
- یەكەی 80
- زێرەڤانی
- بەرگری فریاكەوتن
- ھێزەكانی پشتیوانی یەك
- ھێزەكانی پشتیوانی دوو
- دژە تیرۆری پارتی
- دژە تیرۆری یەكێتی
- لیوا تایبەتەكانی پارتی
- لیوا تایبەتەكانی یەكێتی
- ھێزی سۆسیالیست
- پێشمەرگەی ڕۆژ
لە وەتەی پێكھێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوای ڕاپەرینی 1991 دۆسیەی پێشمەرگە بە نادامەزراوەیی و ناڕێكخراوەیی ماوەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەرەو زیاد بوون دەڕوات تا ئێشتا گەیشتووە زیاتر لە 200 ھەزار پێشمەرگە، ئەوەش قورساییەكی زۆر گەورە بە سەر بودجەی ھەرێمی كوردستان دروستكردووە و سرۆشتێكی سەربازی و ئەمنی بەسەر كۆمەڵگای كوردستان بەخشیوە.
ماوەی چەندین ساڵە، بە تایبەتی دوای یەكگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2010، بانگەشەی یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەكرێت، بەڵام بەداخەوە پرۆسەكە زۆر بە سستی و خاوی بەڕێوە دەچێت، ڕێگرییەكی زۆری لێ دەكرێت، ئەوەش بووەتە جێگای دڵگرانی ئەفسەر و پێشمەرگە و خەلكی كوردستان، هەروەها ھاوپەیمانانیش لەو دۆخە بێزار و نێگەرانن.
بەداخەوە، ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی حشدی شعبی، بەش بەش كراوە بەسەر چەندین گرۆپ و لایەن و كەسایەتی. دەبی دان بەو راستییە بنەین كه ھیچ ھێزێك، بە حكومەتی ھەرێمی كوردستانیشەوە دەسەڵاتی تەواوی نیە بەسەر ھەموو ھێزەكانی پێشمەرگەوە، تەنانەت هێزەكانی پارتی و یەكێتیش، له ژێر دەسەڵاتی یەك چەتردا بەڕێوە ناچن، واتە پارتی و یەكێتیش دەسەڵاتی تەواویان نیە بەسەر ھێزە حیزبیەكانی خۆیاندا.
دوای ساڵی 2005 ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، پارتی و یەكێتی كەوتنە كێبركێ بۆ ڕازیكردنی خەلك لە ڕێگای دامەزراندنیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیان، لەناویاندا ھونەرمەند و ڕاگەیاندكار و بەناو نوسەر و رۆشنبیر و شێخ و ئاغا و كور و كچ و كەسوكاریان، جاش و شوان و گاوان و شۆفێریان دامەزراند، ژمارەیان ھێندە زۆر بوو لە ژێر دەسەڵاتی حیزب و حكومەت دەرچوو، ئەوەش وایكرد نەیانتوانی سوپایەكی رێك و پێك و نیشتیمانی لەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە دروست بكەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا.
سەرەڕای ھەوڵی ھاوپەیمانان بۆ یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروست كردنی سوپایەكی نیشتیمانی بۆ كوردستان، پارتە سیاسییەكان بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مسۆگەركردنی دەنگی خەلك لە ھەڵبژاردنەكاندا، ئەوەش پاشەرۆژی خەلكی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە و پرۆسەی یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەش دەخاتە ڕێگایەكی نادیار.
ئامانجی پارتی و یەكێتی لە دامەزراندنی پێشمەرگە ھیچ كات بە گوێرەی پیویست و ئامانجێكی نیشتیمانی نەبووە، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیانە. ئەو پێشبڕكێیەی پارتی و یەكێتی بۆ زیادكردنی ھێزی پێشمەرگە بەدرێژایی تەمەنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامی ھەیە، بەپێی تۆماری بایۆمەتری ساڵی 2020 ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە زیاتر لە 200 ھەزارە، ھاوپەیمانان داوا دەكەن ببێتە 90 ھەزار پێشمەرگە. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە، پارتی و یەكێتی و سۆسیالیست بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی، ئەمه لە كاتێكدایه، وەزارەتی پێشمەرگە خۆی خاوەن بەرێوەبەرایەتییەكە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی تاكەكان و خۆبەخشەكان) كە تایبەتە بە دامەزراندنی پێشمەرگە بەپێی مەرج و ڕێنمایی سەربازی.
لێرەوە دەپرسم، ئایا ئەگەر ھەر پارتە سیاسییەكان پێشمەرگە دابمەزرێنن فەلسەفەی هەبوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چیە؟
ژمارەی پلەباڵاكانی ھێزەكانی پێشمەرگە پێچەوانەی ستانداردە جیھانییەكانە. بۆڵ برێمەر لە كتێبەكەیدا دەڵێت: سوپای ئەمریكا 500 - 800 پلەی سەربازی لە نێوان عمید - فریق ھەیە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان پلەی عمید و لیوا و فریق زۆر زیاترە لە سوپای ئەمریكا. قوباد تالەبانیش لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوو ئاماژە بە زۆربوونی پلەداری ھێزی پێشمەرگە كرد و گۆتی: پلەی عمید و لیوا لە ھەرێمی كوردستان زیاترە لە چین و ئەمریكا.
ھێزەكانی پێشمەرگە كەمترین موچەی ھێزە سەربازییەكانی عێراقیان ھەیە، بەداخەوە ئەوانەی خۆیان بەنوێنەری پێشمەرگە دەزانن لە ھەولێر و بەغدا نەیانتوانیوە موچەی پێشمەرگە ھاوتای سوپای عیراق و حشدی شعبی بكەن، یاخود ھاوتای ئاسایش و پۆلیسی ھەرێمی كوردستان بكەن، پارتی و یەكێتی ئەو ھەموو شاندە دەنێرن بۆ بەغدا تەنھا جارێك شاندێكیش بنێرن بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە؟
ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زیاترە لە ھێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. بوونی ھیزی حیزبی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە وایكردووە حكومەتی ھەرێمی كوردستان نەتوانێت كارەكانی خۆی ئەنجام بدات، بۆ نموونە لە بەرواری 7/1/2021، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا ھێزێكی تایبەت لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دروست بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و كاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە ھێزەكە دروست نەبوو لەبەر بوونی ھێزی حیزبی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێك پێشكێش كرد و گۆتی، "دەستوەردانی حیزبی لە كاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشكەوتنی پێشمەرگە و وادەكات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بكەنە بەشێك لە ناكۆكیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەكی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و یەكڕیزی و یەكێتیی هەرێمی كوردستان، لێرەوە وەكو داخوازییەكی خەڵكی كوردستان، وەكو پێویستییەكی نیشتمانی، وەكو ئەركی یاسایی خۆم داوا لە پارتی و یەكێتیی دەكەم دەستوەردان لە كاروباری پێشمەرگەدا ڕابگرن."
بەڵام بەداخەوە، دەستوەردانی حیزبی لە كاروباری پێشمەرگە لە لایەن پارتی و یەكێتیەوە بەردەوامە.
ھێزەكانی جیھان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشكەوتندان، ئێمەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە شوێنی خۆمان دەخۆڵینەوە. یەكێك لەو هێزانە كە بەردەوام لە هەوڵی پێشكەوتندایە، "ھێزی حشدی شعبی"یە، كە دوای ماوەیەكی كەم لە دروست بوونیان، توانیان چەندین جۆری چەك بە دەستی خۆیان بەرهەم بهێنن كه دیارترینیان فرۆكەی بێ فرۆكەوان و گولەھاوەن و موشەكی مامناوەند و دوورھاوێژە. بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ماوە زۆرە بە سەر دروستبوونی ھێزی پێشمەرگە و ھاوكاری نێودەوڵەتی، ئێمه نەمانتوانیوە فیشەكێكی كلاشینكۆف دروست بكەین یاخود بچوكترین كەرەستەی سەربازی بەرھەم بهێنین، لە كاتێكدا كەسانی شارەزا و دڵسوزمان زۆره لە بوارە جیاجیاكانی سەربازیدا بەڵام پشتگوێ خراون و سود لە بەھرەكانیان وەرناگیرێت، چونكە فەرماندە باڵاكانی ھێزی پێشمەرگە هێشتا له بازنەی عەقلی ساڵەكانی شەستدا دەسوڕێنەوه و تێناگەن ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە چیە و ئایندەی خاكەكەمان بەرەو چ مەترسییەك هەنگاو دەنێت، بینیمان لە شەڕی داعش بەرپرسان لە بازاری ڕەش چەكیان دەكڕی بۆ ھێزەكانی خۆیان تا ئێستا پارەی ھەندێك لەو چەك فرۆشانە نەدراوە.
هەموومان به باشی دەزانین كه چواردەوری كوردستان به دوژمنەوه تەنراوه، چەندین گرۆپی جۆراوجۆر دروست بوونە كه لە پاشەرۆژێكی نزیكدا دەبنە مەترسی بەسەر ھەرێمی كوردستان. نابێت بەردەوام چاوەڕێ ھاوكاری نێودەوڵەتی بین، ڕۆژێك دێت ھاوكارییەكان كۆتایی پێی دێت، پێش ئەوەی بگاتە كۆتایی با ئێمە ببینە خاوەن ھێزێكی رێك و پێك و بەرھەمھێنەر. نابێت بەسادەیی سەیری مەترسیەكان بكەین بەڵكۆ دەبێت بیر بكەینەوە چۆن ببینە خاوەن سوپایەكی یەكگرتوو لە ماوەیەكی كورتدا بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان و خاكەكەمان بكەین.
لە كۆتاییدا، ئەگەر چاكسازی و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لەوە زیاتر دوابخرێت و هاوكار نەبین لەگەڵ هاوپەیمانان، دڵنیابن ئەمەریكا و ھاوپەیمانان مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ھێزەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و بە میلیشیا قەلەمییان دەدات.