Draw Media

ئێران لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدایە

ئێران لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدایە

2023-04-13 09:04:01


(درەو): 
جێگری وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بە سەرۆكایەتی وەفدێك لە هەرێمی كوردستانە، لەوكاتەوە ئەم وەفدە هاتووە، گرژییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی هەندێك هێوربووەتەوە، چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەوەرێكی گرنگی سەردانی وەفدەكەی ئێرانە. 
ماوەی دوو رۆژە وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی كوردستانە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، وەفدەكەی ئێران كە (جێگری وەزیری ئیتڵاعات) سەرۆكایەتی دەكات‌و سەرەتا لە هەولێر هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی بینیوە.  
(درەو) زانیویەتی، ئێستا وەفدەكەی ئێران لە شاری سلێمانییەو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی بنیوە‌و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقیش كۆبونەوەی كردووە. 
ئەوانەی ئاگاداری هاتنی وەفدەكەی ئێرانن باسلەوە دەكەن، وەفدەكە بۆ چەند بابەتێك هاتوەتە هەرێمی كوردستان، كە ئەمانەن: 
•    تاوتوێكردنی دۆسیەی ئەمنیی نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئێران‌و بەدیاریكراویش چارەنوسی حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان. 
•    تاوتوێكردنی دۆخی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبەدا. 
•    تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتیی. 
•    تاوتوێكردنی كێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی. 
بەر لەم وەفدە، هەر لەم هەفتەیەدا ئێران وەفدێكی تری بە سەرۆكایەتی (حەسن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغداد، ناردە هەرێمی كوردستان‌و وەفدەكە بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتیی بینی.
لەدوای هاتنی وەفدەكانی ئێرانەوە، گرژی نێوان پارتی‌و یەكێتیی هەندێك هێوربوەتەوە‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت قایل بووە بەوەی وەفدێك بنێرێت بۆلای قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوەی بانگهێشتی بكاتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. 
سەردانی وەفدەكانی ئێران لەدوای بڕیاری ژوری بازرگانی دادگای نێودەوڵەتی دێت لە پاریس، بڕیارێك كە توركیای ناچاركرد هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، حكومەتی هەرێمیشی ناچاركرد نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات.
زیاتر لە 20 رۆژە هەناردەی نەوت هەرێم راوەستاوە‌و پێناچێت بەمزوانە دەستپێبكاتەوە، لەم حاڵەتەدا تاكە دەرفەرتی بەردەم حكومەتی هەرێم پەسەندكردنی بودجەی گشتی عێراق‌و رەوانەكردنی پشكی هەرێمە لە لایەن حكومەتی بەغدادەوە. 
ئەو هاوپەیمانێتییە شیعەی كە ئێستا پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەدەستەوەیە، نزیكە لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئێرانییەكان دەتوانن لە بەغدادەوە كاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغداد دروست بكەن.
ئێستا كە توركیا پشتی لە هەرێمی كوردستان كردووەو دەیەوێت كرانەوەیەك بكات بە ئاڕاستەی حكومەت لە بەغداد، رەنگە ئێرانییەكان بیانەوێت بۆشایی توركەكان لە هەرێم پڕبكەنەوە.
توركیا لەلایەك هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە، لەلایەكی تر ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكاندا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی داخستووە، واتە لە یەككاتدا فشارەكانی لەسەر پارتی‌و یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری دوو زۆنی هەرێمی كوردستان توندكردوەتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand