درەو: توێژەر: تەحسین وسو عەبدوڵڵا * - گۆڤاری ئاییندەناسی ١- بەرایی مشتومڕ و گفتوگۆ دەربارەی پرسی حیجاب لە ئێران ناکرێت وەک پرسێکی نوێ و تازە لێی بڕوانرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەر لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ ئەم پرسە جێگەی تێڕامان و گفتوگۆ ئامێزبووە، بە دیاریکراویش لە سەرەتای سەدەی بیستەم بەتایبەت دوای دروستبوونی دەوڵەتی پەهلەوییەکان، بووە بابەتێکی گرنگی ڕۆژەڤی نێو کۆمەڵگەی ئێرانیی، بە جۆرێک ڕوانگەکانی دابەشی دوو بەرەی پێچەوانەوە و دژ بەیەک کردبوو، بەرەیەک بە تەواوی دژی پۆشین و لەبەرکردنی حیجاب بوون، ئەم بەرەیە خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی و بەشێکی بەرفروان لە چینی ڕۆشنبیرانی کاریگەر بە کولتوور و ستایلی ژیانی ڕۆژئاوادا دەبینیەوە، ئاڕاستەکەی تر بریتیبوو لە نوخبەیەکی بارگاوی کراو بە کولتووری ئایینی کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت حیجاب وەک ڕەمزێک بمێنێتەوە، ئەگەرچی ئەم بەرەیە بە بەراورد لەگەڵ بەرەی یەکەم زۆر لاواز و بێ کاریگەر بوون تاوەکو ڕووخانی ڕژێمی شا لە ساڵی ١٩٧٩و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییی ئێران. ئەم پرسە لە دوای ساڵی ١٩٧٩ گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە لە دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکارەوە، کە گرنگترینیان سیاسەتی حکومەت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەکانی دوای شۆڕشی ئیسلامییی بووە. حیجاب بەدەر لە ڕەهەندە ئایینیەکەی بۆتە سیمبۆلێکی گرنگی سیستەمی سیاسی دوای شۆڕش، بە جۆرێک بە یاسا ئەم پرسە خراوەتە نێو سیاسەت، کە لە ڕاستیدا فەزای ئایینی و عەقیدەی خۆی تێپەڕاندووە. لە ئێستادا ئەم پرسە بۆتە جێگەی مشتومڕی زۆر لە ئێران، کە ڕەنگە مەسەلەی حیجاب وەرچەرخانی گەورە بەدوای خۆیدا بێنێت و تێپەڕێت بۆ پرسەکانی تر. بە واتایەکی تر دوور نییە پرسی پۆشینی حیجاب هۆکارێکی سەرەکی بێت لە هەڵتەکاندنی ئەو سیستەمە ئایینییەی پەرەدە پۆشکراوە بە مەزهەب بەتایبەت لە دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە زیهنیەتی خەڵک هاتۆتە کایەوە لەم چەند ساڵی دوایدا. پرسی حیجابی ناچاری، چ بە زۆر لەبەرنەکردنی بێت کە لە قۆناغی پێش شۆڕشی ئیسلامیی پەیڕەو کراو، یان بە زۆر لەبەرکردن بێت، کە لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩ وەک پرەنسیپێکی سەرەکی و سیمبوڵی سیستەمی سیاسی شۆڕشی ئیسلامیی هەژمارکراوە، بە جۆرێک کە زۆرترین فۆکەسی دەسەڵاتی لەسەر بووە و بۆتە سیمبولی ناسینەوەی سیستەمی سیاسی وڵات. دیدگای سەرەکی بە بەرگری لە سیاسەتی دەوڵەت دەکات بۆ پۆشینی حیجاب لە ڕوانگەی ڕەهەندێکی ئایینی پابەندکەر سەیری پرسەکە دەکەن لە ڕووی “فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغەکردن یان دوور کەوتنەوە لە خراپە”، بۆیە لە دوای شۆڕشی ئیسلامییش ئەم پرسە بەپێی یاسا کراوەتە ئیجباری. بەڵام ئاڕاستەیەکی تر بەدی دەکرێت کە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پرسی پۆشینی حیجاب لەبەرئەوەی بابەتێکی کەسییە و پێویست ناکات دەوڵەت یان دەسەڵاتی سیاسی دەستوەردان بکات و خەڵک ناچار بکات بە پۆشینی حیجابی زۆرملێ، بۆیە بە توندی ڕەخنەی لە ڕێوشوێنەکانی حکومەت دەگرێت دەربارەی پرسەکە، پێیوایە ناکرێت دەسەڵاتی سیاسی بەو جۆرە توند بێت، چونکە بە شێوەیەکی گشتی ئەم پرسە زیانێکی زۆری داوە لە پێگەی کولتووری و ئایینی کۆمەڵگەی ئێران. خاڵی سەرنجڕاکێشی لێکۆڵینەوە لەبارەی پرسی حیجاب خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە چیتر تهنها بابهتێكی عهقیدهیی نییه، بهڵكو بۆته تهوهرێكی سەرەکی له ململانێی سیاسی، كۆمهڵایهتی و فهرههنگی ئهم وڵاتهدا، لێرەوە گەڕانەوەی مشتومڕ لەسەر حیجاب لە چوارچێوەیەکی گرژ و ئاڵۆزیدایە چ لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا بێت یاخود ناوخۆدا بێت، بەڵام لە ئێستادا هۆشیاری و ئاگایی خەڵک بە گشتی دەربارەی پرسەکە نیشانەیەکی بەرچاوە لە پەرەسەندنە کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئاستی جەماوەریدا، کە جێگەی سەرنج و شایەنی بەدواداچوون و توێژینەوەی زانستی وردە. هەرچەندە مشتومڕی حیجاب لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 150 ساڵی ڕابردوو کە بەشێك بوو لە سیمبوڵ و دەربڕینی ناسنامەی ڕژێمە دەسەڵاتدارەكان، ڕەوتە سیاسییەکان و پەرەسەندنی دیدگا كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام گەڕانەوە بۆ ئەم مشتومڕە لەم ئاڵۆزییەدا کە قۆناغێکی چارەنووسسازە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی بەرچاو لە پێکهاتەی سروشتی ئایینی ئیسلامی و تێڕوانینی گشتی بۆ پرسی ئایین. 2- حیجاب لە ئێران؛ بابەتی مشتومڕی سەدە و نیوێک نووسەر و مێژوونووسی ئێران ڕەسول جەعفەریان لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا کە بە ناونیشانی “پەیامەکانی حیجاب”ە، ئامانجی سەرەکی خستنەڕووی پەیامی عەقیدەیی و بەشداری کۆمەڵایەتییە بۆ بەرگریکردن لە حیجاب. ناوبراو ئەو مشتومڕە سەبارەت بە حیجاب لە ئێراندا دەخاتە ڕوو، کە چۆن بووەتە بابەتێک لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فیقهییەوە. ئەو بیرۆکانەی لە میانەی پەرتووکەکەدا پێشکەشکراون ئاماژە بەوە دەکەن کە پرسی حیجاب لە چوارچێوەی مشتومڕی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان هاتۆتە ئاراوە، کە وڵاتانی ئەوروپا شاهیدی بوون و ڕوویان لە جیهانی ئیسلامی کردووە. سەبارەت بە ئێران، ئەم بابەتە بۆ چوار دەیەی بەر لە شۆڕشی دەستووری (١٩٠٥) دەگەڕێتەوە، پاشان لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەویدا فراوانتر بووە و ڕەهەندێکی سیاسی ڕوونتری وەرگرتووە[1]. ڕەزاشای پەهلەوی پێیوابوو کە ئەو حیجابەی کە لە زمانی فارسیدا پێیدەوترێت “چادۆر”، هۆکاری دواکەوتوویی ژنانی ئێرانە، زۆرێک لە مێژوونووسان بیرۆکەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە کاریگەری کەمال ئەتاتورک بووە دوای ئەوەی شا لە ساڵی ١٩٣٤ سەردانی تورکیای کردووە و سەرسام بووە بەو جۆرە کرانەوەیەی کۆمەڵگەی تورکی لەسەر دەستی ئەتاتورک دەستی پێکردبوو لە ژێر کاریگەری کولتووری ڕۆژائاوایی. لە بیرەوەرییەکانیدا “سەدری ئەشرەف”دا دەڵێت: “ڕەزا شا دوای سەفەرکردنی بۆ تورکیا قسەی زۆری کرد و هانی ژنانی دا کە حیجاب فڕی بدەن، لە پێناو کرانەوەی کۆمەڵگەی ئێرانی شانبەشانی دەوڵەتانی پێشکەوتوو لەڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە، وەک ئاماژەدان بە پێشکەوتنە خێراکانی تورکیا”، کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا توانرا بوو کرانەوەیەکی بەرفراوان لە ستایلی ژیانی گشتیدا بهێنرێتە ئاراوە. ئەگەرچی ئاماژەی زۆر هەن کە پێشتر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بەو پرسە بوونی هەبووە، بەڵام ڕەزا پەهلەوی ئەو ڕێکەوتەی کردە ڕۆژێک کە ناوی لێنا “ڕۆژی ئازادی ژنان لە ئێران[2] “. سەرەڕایی ئەوەی بەر لە هاتنی ڕەزا شای پەهلەوی، لە ئێران ژمارەیەک ژن هەبوون کە حیجابیان لابرد بوو، کە بەشێکیان شاعیر و ڕۆژنامەنووس بوون، وەک دەوڵەت ئابادی هاوڕێی ڕەزا شا کە لە بنەماڵەیەکەوە هاتبوو کە پشتیوانی شۆڕشی دەستووریان دەکرد، لە زانکۆی سۆربۆنی فەرەنسی خوێندنی تەواو کردبوو، بەبێ حیجاب دەچووە دەرەوە بۆ شەقامەکان و ئەوەی ڕاگەیاندبوو؛ “هەر ژنێک کە بە حیجابەوە سەردانی گۆڕەکەی بکات ئەوا لێیان خۆش نابن”. ئەمەش نموونەیەکی بەرچاوە لە ڕوانگەی ویستی کرانەوەی کۆمەڵگەی ئێرانی[3] . هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا لە بواری فیقهی و فیکریدا شاهیدی شەپۆلێک کتێب و نامە بوو کە لە مەدرەسەی قوم و نەجەفدا باسیان لە بابەتی حیجاب کردووە و یەکێکە لە پرسە هەرە ئاڵۆزەکان بووە بەهۆی فرە ڕەهەندەکانییەوە: کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕوانگەی شەریعەت، دابو نەریت و دیدگا نوێیەکانی (ڕۆژئاوایی)، کە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی حیجاب لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ببەڕیتەوە بۆ دیاردەیەکی سیاسی. پرسی نەبەستنی حیجاب لە چەند دەروازەیەکەوە هاتە ناو ئێرانەوە کە گرنگترینیان ئەمانەن: یەکەم: کرانەوە و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی ڕۆژئاوایە لە ڕێگەی کردنەوەی قوتابخانەکانی ڕۆژئاوا بۆ کچان لە ئێران. دووەم: دەروازەی جیهانی عەرەبییە، بە تایبەت گەڵاڵە میسرییەکان، کە لە ئێراندا بە خێرایی بڵاودەبوونەوە. سێیەم: دەروازەی تورکیا، بەتایبەت دوای سەردانەکەی ڕەزاشا بۆ تورکیا لە ساڵێ ١٩٣٢ لە ڕێگەی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی کۆمەڵگەی تورکی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران. چوارەم: ئەو بیرۆکە نوێیانەی کە لە ڕێگەی هیندستانەوە دەگەیشتنە ئێران[4]. 3- شۆڕش و حیجاب لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕش و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی پەهلەوییەکان، حیجاب سیمبوڵی ناڕەزایەتی بوو، ژنانیش دەستیان کرد بە پۆشینی حیجاب وەک هێمای شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی شا[5]. بە جۆرێک ژنان لە سەرجەم ئاستەکان (نەخوێندوار، خوێندەوار، خوێندەواری باڵا) بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداریان لە شۆڕشی ئیسلامییدا کرد و چاودێرانیان سەرسام کرد. لە شەقامەکاندا خۆپیشاندانیان دەکرد و دروشمی دژە شا و لایەنگری ڕوحوڵڵا خومەینییان بەرز دەکردەوە. لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار هاتنە پێشەوە لەوانە؛ ئەم ژنانە کێن؟ بۆچی پشتگیری ئەم سیستەمە دەکەن؟ دەیانەوێت چی بەدەست بهێنن؟ بڵاوبوونەوەی حیجاب لە نێو هەموو ژنانی ئێراندا یەکێک بوو لە دیارترین دەرکەوتەکانی دوو ساڵی پێش شۆڕش. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشدا، “حیجابی ناچاری” بە خێرایی چوونە ناو چەقی ململانێی ناوخۆییەوە، لە نێوان لایەنگران و نەیاران[6]. خومەینی لە ساڵی 1979 لە دیدارێكدا لەگەڵ قوتابیانی قوم وتی: “ژنانی موسڵمان دەبێ بە پەردەی ئیسلامییەوە بچنە دەرەوە، ژنان لە دۆخی پێشوودا هێشتا لە فەرمانگەكان كار دەكەن و دەبێ ستایلی خۆیان بگۆڕن. هەروەها ئاگاداركراومەتەوە كە ژنان لە دامەزراوەکان حیجاب ناپۆشن، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، ژنان دەتوانن بەشداری لە کاری کۆمەڵایەتیدا بکەن، بەڵام بە حیجابەوە[7]“. مانگێک دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران خومەینی لە پرۆسەی دانانی دەستوور ڕەخنەی توندی لە جل و بەرگی ژنان لە ئیدارەکانی حکومەت گرتبوو[8] ، کەچی چەند مانگێک پێش شۆڕش لە پاریس باسی لە پرسی ژن و حیجاب بەم شێوەیە کردبوو: “بە هیچ شێوەیەک جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا نییە بەڵام ژن لە ئیسلامدا ناچارە حیجاب بپۆشن، لەگەڵ ئەوەی مەرج نییە چادۆر بێت، بەڵکو دەکرێت هەر جلێک لەبەر بکات کە مەرجەکانی ئیسلام بگونجێت. ئێمە ناتوانین و ئیسلام نایەوێت بوکەڵە بێت و بەڵکو دەیەوێت کەسایەتی ژن بپارێزرێت و ببێە مرۆڤێکی جدی و بەرهەمدار” . دوای شۆڕش بانگەوازی سەپاندنی حیجاب بە ناڕەزایەتی لێکەوتەوە بە سەرکردایەتی کۆمەڵێک ژن لە باکوور و ناوەند و ڕۆژئاوای تاران بۆ ڕەتکردنەوەی حیجابی بەزۆر[9]. بەپێی لێكۆڵینەوەیەك کە لەلایەن محەممەد ئەلسەید ئەلسەیاد و ڕوبەی بەلەوی ئەنجامدراوە، دژایەتیەکی فراوان دەستی پیکرد و پیاوانی ئایینی تووشی سەرسوڕمان كرد، بۆیە بۆ ماوەیەكی كاتی بڕیارەكەیان كشاندەوە، بۆ فەرمانگە و باڵەخانە حكومییەكان، ڕیكلام لە فەرمانگە جیاوازەكانی حكومەت دانرا، خزمەتگوزاری و فرۆشگاکان کە چوونە ژوورەوەی ژنان قەدەغە دەکەن، دواتر بەسەر خوێندکاری کچدا سەپێندرا. لە کۆتاییدا، بە تایبەتی لە ساڵی 1983دا، حیجاب بەسەر هەموو ژناندا سەپێندرا جا موسڵمان بێ یان غەیرە موسڵمان لە سەرووی 9 ساڵییەوە، بۆیە دەسەڵات یاسایەکی دەرکرد کە داوا دەکات حیجاب لەسەر هەموو ژنان ببەسترێت، پاشان ئەم پرسە بە یاسایی کرا، سزاش بۆ ئەو کەسانەی دیاریکرا کە حیجاب ناپۆشن[10]. لە مانگی ئازاری ساڵی 1979 ڕۆژنامەی كەیهان چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ “حجت الاسلام اشراقی” زاوای خومەینی ئەنجامدا و تیایدا دەڵێت: “دەبێت ڕەچاوی حیجاب بكرێت و بەكارهێنانی بەپێی شەریعەتی ئیسلامی، هەروەها هەموو ئەندامەکانی ئافرەت دەبێت داپۆشراو بێت”. “بەپێی وتەی خومەینی، پێویستە حیجابی ئیسلامیی لەلایەن ژنانەوە لە هەموو وڵاتدا جێبەجێ بکرێت. سەبارەت بە کەمینە ئایینییەکان، خومەینی هەمیشە پێیوابووە کە پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە ڕێز لەم کەمینانە بگیرێت و هیچ شتێک باشتر نییە ئەگەر ژنان لە کەمینە ئایینییەکان حیجابی ئیسلامیی لەبەر بکەن” . ههروهها ئایهتوڵڵا تاڵهقانی لە دیمانەیەکدا باسی فهزیلهتهكانی حیجاب و پێویستییهكهی بۆ كۆمهڵگە كردووه، بهڵام ئهو ڕهتیكردهوه ئیجباری بێت. پاشان پرسەکە بەرەو گۆشەنیگاکانی تر ڕۆیشت کاتێک لە شەقام و بازاڕەکان دەستکرا بە هێرشکردنە سەر ژنانی بێ حیجاب[11]. دوای چەندین جار ئاگاداری لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت، سەرەتا کرێکارانی ژن بوون کە پابەندبوونیان بە حیجاب ڕاگەیاند کە هێشتا بە یاسا ڕێکنەخرابوو، تا ساڵی 1981 کە یاسای دامەزراندن لە فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکان دەرکرا و ئەوە جێگیرکرا کە دەبێت ژنان پابەندی پۆشینی حیجاب بن. حەسەن ڕوحانی لە بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانیدا باس لە مشتومڕەکانی حیجاب لە هێزە چەکدارەکاندا دەکات و، دەڵێت کە ئەو یەکێک بووە لە پەرەپێدەرانی پرسی حیجابی ناچاری . ئەنجوومەنی شورا تا ساڵی 1983 هیچ یاسایەکی تایبەت دەربارەی حیجاب دەرنەکرابوو، لەو کاتەدا یەکەم یاسای تایبەت بە جلوبەرگی ژنانی لە ئێران پەسەند کرد، ماددەی (102) لە یاسای پەسەندکراودا هاتووە: ئەو ژنانەی لە شوێنە گشتییەکان و شەقامەکان بەبێ حیجاب دەسوڕێنەوە سزای یاسای دەدرێن. لەسەر بنەمای ئەم یاسایە، ژنان لە کۆماری ئیسلامییدا جا ئێرانی یان نائێرانی، مسوڵمان یان غەیرە موسڵمان بێت لە شوێنی گشتی و شەقامەکاندا حیجابی ئیسلامییان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و هەر شوێنێکیش پابەندی ئەم بڕیارە نەبێت، ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. یاسای سزادانی ئیسلامی کە لە ساڵی 1996 پەسەند کرا، گرنگترین یاسا بوو کە نەپۆشینی حیجابی وەک تاوانێک سەیر دەکرد و لە مادەی (638)دا دەڵێت؛ هەر کەسێک پابەندی ئەم یاسایە نەبێت بە زیندانیکردن لە 10 ڕۆژەوە تا دوو مانگ سزا دەدرێت، یان 74 شەق. ڕوونکردنەوەی ئەم مادەیە لە دەقی مادەی (١٠٢)ی یاسای سزادان کە لە ساڵی ١٩٨٣ پەسەند کراوە، هاتووە کە دەڵێت“ ئەو ژنانەی کە بەبێ پەردەی یاسایی لەبەردەم خەڵکدا دەردەکەون، سزای زیندانیکردنیان لە ١٠ ڕۆژەوە تا دوو مانگ، یان غەرامەکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت لە 50 بۆ 500 هەزار ڕیال[12]. تەحەددیاتی بەردەم پرسی حیجاب لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لهگهڵ دهیهی دووهمی ژیانی كۆماری ئیسلامییدا شاهیدی ئاڵەنگارییهكان بوو كه دوای ڕێككهوتنی ڕاگرتنی شهڕ لهگهڵ عێراق هاتبوونه ئاراوه. لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی ئاوەدانکردنەوەدا، ڕوون بوو کە دروشمە شۆڕشگێڕەکان دەستیان کرد بە دوورکەوتنەوە و تەحەدای نوێ دەستیان کرد بە سەرهەڵدان، گرنگترینیان بریتیبوون لە ئایین . ئەم تەحەدایە پەیوەندی بە فەزای ئایین لە ژیانی تایبەتی تاکەکاندا هەیە و ڕۆڵی لە کایەی گشتی و بەڕێوەبردنی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا . ئەو بۆچوونەی کە لەسەر بنەمای پێدانی فەزای فراوانی ئایین دامەزراوە، دەڵێت مرۆڤ لە هەموو بوارەکانی ژیانی شەخسی و کۆمەڵایەتی خۆیدا، لە خۆراک، جل و بەرگ، خەوتن و جووڵە، تا دەگاتە تەلارسازی، سیاسەت، پێکهێنانی حکومەت، دانانی کارمەند، و ئیدارەی دەوڵەت…هتد، دەبێت پابەند بێت بە فێرکارییە ئایینییەکان و ملکەچی بڕگەکانی بڕیارەکان بێت کە پەیوەست بەم پرسە، لە کاتێکدا دەبینیت ڕوانگەی پێچەوانە ئەوەیە کە ژیانی مرۆڤ بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت؛ جیهان و قیامەت، مرۆڤ پەنا بۆ ئایین دەبات سەبارەت بە بابەتی قیامەت، بەڵام ئەو بەشەی دیکە کەپەیوەستە بە کاروباری دونیا ئەوا خۆی بەو شێوەیە بەڕێوەدەبات کە بە گونجاو دەزانێت[13]. ئەم تەحەدایە پەیوەست بوو بە تەحەدایەکی دیکەوە، بە ڕوونی و بەپەلە، کە لە پەیوەندی نێوان ئیسلام و دیموکراسیدا نوێنەرایەتی دەکرا، کە ڕووبەرێکی بەرفراوانی مشتومڕی فیکری ئێرانی داگیرکردبوو . لەژێر ناونیشانی نوێبوونەوەی ئاییندا، ژمارەیەک تیۆریست هەوڵیاندا پەیوەندیی ئیسلام بە دیموکراسییەوە ڕوون بکەنەوە و ڕوون بوو کە پێشنیارەکانیان پێچەوانەی خوێندنەوەی فیقهی تەقلیدییە بۆ ئەو پرسە. دەیەی دووهەمی کۆماری ئیسلامیی شاهیدی زۆر گەڵاڵەی تایبەت بە ئایین و ئازادی، ئایین و دیموکراسی بوو، ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانیش لەسەر ئەو پرسانە بەردەوام مشتومڕیان بڵاودەکردەوە. باسەکە تەنها لە سەردێڕە فراوانەکانی ئەو پرسەدا قەتیس نەبوو، بەڵکو چەندین سەردێڕی لاوەکیش لەخۆ گرتبوو کە پەیوەندییان بە مافی تاک، مافی ژنان، مافی هاووڵاتیبوون و یەکسانییەوە هەبوو، لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بزوتنەوە هزرییەکان دەستیان کرد بە تاوتوێکردنی ئەو پرسانە. هەندێک لە لایەنگرانی دیموکراسی هەوڵیاندا لەگەڵ ئیسلامدا تێکەڵی بکەن، بەڵام بە سەرکەوتنی ڕیفۆرمخوازان، ئەو دروشمانەی کە پەیوەندییان بە هاووڵاتیبوون و کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی ژنانەوە هەبووە کە لەلایەن محەممەد خاتەمیەوە دەستیپێکردبوو ناوبانگێکی بەربڵاویان بەدەستهێنا و سنووری گۆشەنیگای فیکرییان تێپەڕاند بۆ بڵاوبوونەوە لە کۆمەڵگەدا، ئێران شاهیدی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵگەی مەدەنی نائایدۆلۆژی بوو، کە ئاڵەنگارییەکان قووڵتر دەکەنەوە[14]. پێشهاتەکانی پێشوو دۆخێکی پرسیاریان لەبارەی هەموو ڕوانگە ئایینییەکانەوە وروژاند کە دژایەتی مافەکانی تاک دەکەن، دەنگەکان بەرزبوونەوە و داوای دووبارە پێداچوونەوەی ڕیشەیی لە بنەما ئایینییەکانیان دەکرد کە پەیوەندییان بە لادان، بەردبارانکردن، بڕگەکانی میرات، پارەی خوێن، پەردەپۆشکردن، پابەندبوون و ململانێی لەگەڵ مافدا هەبوو بۆ هەڵبژاردنی ئازاد، کایەی گشتی و تایبەت، سەپاندنی پەردەپۆش و شێوازی ژیان[15]. ڕوانگەی سینەمای ئێرانی بۆ پرسی حیجاب پرسی ژن و حیجاب لە ئێران تەنیا پرسێکی مەدەنی یان مەزهەبی نییە، بەڵکو بەردی بناغەی یەکێک لە تووندترین ململانێ کۆمەڵایەتییەکانە، بەو پێیەی کاریگەرییەکی چارەنووسساز لە مێژووی کۆماری ئیسلامییدا بەجێهێشتووە و ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر چەندین بواردا، سینەماش یەکێک بوو لەو گرنگترین بوارانە. پێش شۆڕش، “چاکسازییە نوێیەکان” بە سەرۆکایەتی شا محەممەد ڕەزا پەهلەوی، کاریگەریی خۆیان بە سەر پرسەکانی سینەمای ئێران و وێنەی ژنانی تیایدا سەپاند و دابەشبوونێکی چینایەتی ڕوونی بە حیجاب بەخشی و فیلمەکانیش ژنانی ئەرستۆکراسی (باکور)یان نیشاندەدا بەبێ حیجاب. لە بەشی باشووری وڵاتیش دۆخەکە جیاواز بوو. تەنانەت ئەگەر پێچەوانەکەی ڕووبدات و ژنێک لە باشووری وڵاتەوە بچێتە باکوور، ئەوا چادۆرەکەی دادەنێت و بە جلی جیاوازەوە دەردەکەوێت [16]. سینەمای ئێرانی دابەشکراوە بۆ پێنج قۆناغ بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە نێوان ١٩٣٠ بۆ قۆناغی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئەنجامدراوە: قۆناغی یەکەم (١٩٣٠-١٩٣٨): بەکارهێنانی ژنان بۆ ناساندنی حیجاب لە فیلمەکاندا. قۆناغی دووەم (١٩٤٨-١٩٦٠): ڕۆڵی ژنان زیاتر گۆرانی ووتن بوون لە کافێ و یانە شەوانەکاندا (گۆرانیبێژ، پاککەرەوە، خزمەتکار و سەماکار). قۆناغی سێیەم (١٩٦١-١٩٧٠): ڕۆڵی ژنان لە نێو فیلمەکان لەشفرۆش و ژنانی شەوانە و کچانی سەر شەقام و کۆمەڵگەی دز و قاچاخچی و گوندنشین بوون . قۆناغی چوارەم (١٩٧١-١٩٧٩): شەپۆلێکی نوێ لە سینەمادا دەرکەوت کە تێیدا ژنان دامەزران و وەک بیانوویەک بۆ شەڕی پاڵەوانی فیلمەکە لەگەڵ کەسی دوژمنکار بەکاردەهێنران. ئەم فیلمانە ژنانی ئێرانی ستەملێکراو و بێ دەسەڵات نیشان دەدەن. قۆناغی پێنجەم (١٩٨٠-١٩٩٧): کەمبوونەوەی بەرچاو لە ژمارەی ئەو کارمەندە ژنانەی کە لە فیلمەکاندا وێنا کراون، هەروەها تێبینی ئەوە دەکرێت کە ژنانی بێبەشی کۆمەڵایەتی (سەماکار، گۆرانیبێژ) لە بەشداریکردن لە فیلمەکاندا بێبەشن. تێزەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگ و دەستپێکردنی سینەمای نیمچە واقیعی نوێ لە ئێراندا، سینەما لە واقیعدا ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی ژنان بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵەکانیان لە فیلمەکاندا بە بەراورد بە ڕۆڵی پیاوان بە پەراوێزیی مایەوە. و سەپاندنی حیجابی ئیجباری کاریگەری لەسەر بوونی ژنان لە سینەما هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵانەی کە دەیگێڕن . پرسی پۆشینی حیجاب تا ئێستاش یەکێکە لەو پرسە کێشەدارانەی کە ڕووبەڕووی سینەمای ئێران دەبێتەوە و زۆرێک پێیان وایە کە لە زۆر حاڵەتدا وا دەکات کە ناڕاستەقینە بێت، بۆ نموونە وێناکردنی ژن بە حیجابەوە لە کاتی ناو ماڵەکەیدا، یان لە جێگاکەیدا[17]. گەورەترین کێشە بۆ سینەماکاران وێناکردنی ژنان بوو لە ماڵەوە بە حیجاب، گۆڤارێکی وەرزیی تایبەتمەند لەبواری سینەما لەگەڵ ژمارەیەک زانای ئایینی باسی لێوە کردووە، وەک: موحسین كەدیوەر، محەمەد تەقی فادل میبدی، ئایەتوڵڵا یوسف سنەیی، کە دەڵێت کە دروستە “ئافرەتی ئێران بەبێ پەردە دەربکەوێت لە سینەمادا” . هەندێک لە دەرهێنەرانی بواری سینەما لە ئێران هەوڵیاندا لە ڕێگەی بەکارهێنانی ماکیاژ و کڵاو کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام ئەو ڕێکارانە کاریان نەکرد و وەزارەتی ئیرشادی ڕازی نەبوو لەسەر بابەتی ڕێگەپێدان و نمایشکردنی فیلمی سینەمایی بەو جۆرەی کە نەگونجێت لەگەڵ بنەماکانی یاسا بەرکارەکان. لە شیکارییەکدا بۆ ناوەڕۆکی ئەو فیلمانەی کە لەلایەن دەرهێنەرانی ژنی ئێرانی لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2008 پێشکەش کراون ، لێکۆڵینەوەکە پێنج لە گرنگترین دەرهێنەرانی ئێرانی لەخۆ گرتبوو، ئەوانیش: بۆران دێرەخشەندە، ڕەخشان بەنی ئێتەمەد، تەهمینە میلانی، مونیجە حکمەت و مانیای ئەکبەری. ئەنجامەکان لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کە 64%ی کارەکتەرە ژنەکانی فیلمەکان مانتۆ-جلێکی شێوە چاکەتیان لەبەرکردووە، 19%یان “چادۆر”یان لەبەرکردووە، لەکاتێکدا 11%یان “مانتۆ” و “چادۆر”یان پێکەوە لەبەرکردووە، 5%یان حیجابیان لەسەر نەبووە. دەرهێنەر بەنی ئێتەمەد، هەوڵیدا جۆرێک لە یەکسانی لە جل و بەرگی ئەو کارەکتەرانەدا دروست بکات کە وێنایان دەکات، ناوبراو پێیوابوو کە ژنانی ئایینی و هەروەها عەلمانی بەشێکی سرووشتی کۆمەڵگەی ئێرانن و دەبێت بە شێوەیەکی ئەرێنی تیشک بخرێتە سەریان. زۆربەی کات پاڵەوانی فیلمەکان جلی مۆدێرن لەبەر دەکەن و بەشێک لە قژیان ئاشکرا دەکەن کە بە شاڵێکی ڕەنگاوڕەنگ داپۆشراون، بەڵام لە بۆنە ئایینییەکاندا بە چادۆرێکەوە دەردەکەون، ڕەخنەگر حەمید ڕەزا سەدر پێیوایە دەرهێنەرە ژنەکانی ئێران پێیان باشتر نییە وێناکردنی ژنێکی گەنج بە پۆشینی “چادۆر” و پێشکەشکردنی ئەو ژنە گەنجەی ئێرانی بە شێوەیەکی مۆدێرنتر. سینەما هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم شێوازە لە جل و بەرگ یان ئەم جۆرە حیجابە بوو، بەڵام لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر ئەو گۆڕانکارییە بوو کە کۆمەڵگە بە تایبەت لە نێو گروپی گەنجاندا[18]. حیجاب لە نێوان زۆرداری لەڕادەبەدەر و پەرەسەندنی ڕەتکردنەوە دوو خولی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نژاد (٢٠٠٥-٢٠١٣) بۆ تاوتوێکردنی زۆر بابەتی گرنگی پەیوەست بە ژنانی ئێران گونجاوە، وەک پرسی حیجاب، لەشفرۆشی، ئازادییە کەسییەکان، بەشداریی سیاسی و چەندین بابەتی دیکە. ئهگهرچی ئهم پرسانه لە ساڵی ١٩٧٩له سهرهتای دامهزراندنی كۆماری ئیسلامییهوه، تهنانهت پێش كۆماری ئیسلامییش بەدیکراوە، بهڵام له سهردهمی ئهحمهدی نەژاددا بهشێكی زۆری مشتومڕی لەخۆگرت و وایكرد وهك كێشه و پرسیاری سهخت و ئاڵەنگاری دەربکەون. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد بۆ خولی نۆیەمی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠٠٥، لە سەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا، بەڵێنی دا کە ڕێز لە ژیانی تایبەتی خەڵک بگرێت و ڕێگە نەدات ئاسایش بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە جل و بەرگی گەنجانی ژن و پیاودا بکات، بەڵکو هەوڵیدا گۆڕانکارییەک بهێنێتە ئاراوە لە ڕێگەدان بە ژنان بۆ چوونە ناو یاریگاکان، و بۆ چالاککردنی وەرزشی ژنان، کە بە هێرشێکی توندی بوویەوە لەلایەن پیاوانی ئایینی، بە سەرۆکایەتی ئیمامی هەینی مەشهەد، ئایەتوڵڵا عەلەمولهودا و ژمارەیەک دیکە لە پیاوانی ئایینی . ڕۆژنامەکان لە زاری ڕەزا ئەکرەمی ئەندامی ئەنجومەنی شورای کۆمەڵەی ئایینیەوە ڕایانگەیاندووە: “من لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە نادەم ژنان بچنە ناو یاریگاکانەوە، تەنانەت ئەگەر تۆپی پێی ئێرانیش لەسەر ئاستی جیهانی بایکۆتی بکرێت”. ئەکرەمی بۆ بەرگریکردن لە ڕوانگەی خۆی نموونەیەکی هێنایەوە کە تیایدا وتی: کاتێک ڕۆژئاوا مۆڵەتی هاوسەرگیری بە ڕاهیبەکان دەدات، ئێمە مۆڵەت بە ژنانی خۆمان دەدەین بچنە ناو یاریگاکانەوە، وەک چۆن ئیسلام قەدەغە دەکات پیاوان سەیری ژنان بکەن لەکاتێکدا بەشە تایبەتەکانیان هەیە ئاشکرا کراوە. . ئەحمەدی نەژاد لەسەرەتای سەرۆکایەتییەکەیدا بڕیارێکی دەرکرد بۆ دروستکردنی شوێنی تایبەت لە یاریگاکان بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئامادەبن، بەڵام لەژێر فشارە ئایینییەکان بڕیارەکەی کشاندەوە. ئاماژە بەوەش کرا کە پێشێلکاریی هەندێک لە ئاماژەکان زیاد دەکات لەگەڵ فراوانبوونی بوونی ژنانی ئێران لە بواری وەرزشی نێودەوڵەتیدا[19]. دوای دوو ساڵ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی، ئەحمەدی نەژاد خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێدا لەگەڵ ژنان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا جێگیر دەکرد، کاتێک پۆلیس دەستی کرد بە جێبەجێکردنی “کەمپەینێک بۆ چارەسەرکردنی پەردەی خراپ”، بەیانێکی بلاوکردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ژن و کچانەی پێشێلی پێوەر و بنەما ئایینییەکانی حیجابیان کردبوو. ئەم هەڵمەتە مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتەوە و بیروڕای دووبەرەکی لە نێوان لایەنگران و نەیاراندا دروستکرد، چونکە وتاربێژانی هەینی لە ژمارەیەک مزگەوتی پایتەختدا لایەنگری ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بوون، هاوکات ڕیفۆرمخوازان دژایەتیی ڕاشکاوانەیان بۆ وەڵامدانەوەی هێزەکانی پۆلیس دەربڕی لە بەرامبەر ئەم پرسە. ژنانی ئێران خۆڕاگرییان بەرامبەر بە پۆلیسی ژن نیشان دەدا کاتێک یەک بە یەک لە شەقامەکان ڕووبەڕوویان دەبوونەوە، زۆرجار ژنانی پۆلیس هەستیان بە بچووکترین شەرمەزاری نەدەکرد لەم ڕووبەڕووبوونەوەیە و دەیانگوت: “ئێمە دەسەڵاتەکانمان بەکاردەهێنین کە لەلایەن یاسای تۆڵەسەندنەوەی ئیسلامییەوە پێمان دراوە”. مادەی (٦٣٨) بەڕوونی بەرپرسیارێتی پۆلیسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشێلکاریانەدا خستبووە ڕوو . لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵمەتەکە، ژنان نائومێدی خۆیان لە سەرۆک ئەحمەدی نەژاد دەربڕی، کە هەوڵیدا دژایەتییەک بۆ پلانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تۆمار بکات، کە بریتییە لە “ڕووبەڕووبوونەوەی حیجابی خراپ، بەڵام بەرپرسانی ئاسایش ڕایگەیاند کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک کۆمار ئەرکەکاینان بەجێدەهێنن[20]. ئەم هەڵمەتە لە ماوەی دەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی مانگی حوزەیرانی 2009 وەستا، بەڵام دەوریەی پۆلیس چەند مانگێک دوای هەڵبژاردنەکان دەستی بە جێبەجێکردن کرد و لە سەردەمی حەسەن ڕوحانیدا بە ڕێژەیەکی تر و شێوازی جیاواز بەردەوام بوو. هێزە ئەمنییەکان هەندێکجار وێنەی ئەو ژنانەیان دەگرت کە بە تەواوی حیجابیان لەسەر نەبووە، یان “حیجابی خراپ”یان لەبەردا بوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە دادگادا دەستگیریان بکەن و سزایان بدەن. هەروەها پۆلیسە گەڕۆکەکان پرسیاریان لەو گەنج و ژنانە دەکرد کە لەسەر شەقام یان لەناو ئۆتۆمبێل پێکەوە بوون، ئایا هاوسەرگیریان کردووە، هەروەها پرسیاریان لە سرووشتی ئەو پەیوەندییە کردووە کە پاساو بۆ بوونیان بەیەکەوە دەهێنێتەوە. ئەمەش لەگەڵ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی جلوبەرگ لە دەرگای زانکۆکاندا بوو، بەو پێیەی ڕەنگی ڕەش، قاوەیی یان خۆڵەمێشی سەپێندرا، هەروەها لە نێو گەنجان قەدەغە کرا کە کراسی قۆڵ کورت یان تەسک لەبەر بکەن. لە ساڵی ٢٠٠٩دا دادگای باڵای دەوڵەت سکاڵایەکی ڕەتکردەوە کە لەلایەن ٤٠ پارێزەرەوە لە دژی هێزەکانی ئاسایشی گشتی تۆمارکرابوون بەهۆی ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە کە ئەوان بە نایاساییان زانیوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە نابێت هێزە ئەمنییەکان لەو دەسەڵاتانە زیاتر بن کە پێیان دراوە. دەسەڵاتی دادوەری پشتگیری لەوە کرد، و پێیوابوو کە ئاسایش مافی یاسایی هەیە ئەو ژنانەی کە “حیجابی خراپ” لەبەر دەکەن، پێویستە بیریان بخاتەوە، بەڵام مافی دەستگیرکردنی نییە. مادەی (٦٣٨) لە ” یاسای سزای ئیسلامی” باس لەوە دەکات کە ژنێک پابەند نەبێت بە یاساکانی حیجاب لەبەردەم خەڵکدا، سزای زیندانیکردنە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ، یان غەرامەکردن لە نێوان ٥٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار[21] . کەمپینەکە ئەحمەدی نەژادی خستە بەردەم شەرمەزارییەکی زۆرەوە لەبەردەم ژنانی ئێراندا، وایکرد خۆی بە ناچاری دووپات بکاتەوە کە ڕەتکردنەوەی تووندی خۆی لە چاودێری و دەستگیرکردنی ژنان و ژنانی گەنجی بێ شوو بە بیانووی “هەڵە لەبەرکردنی پەردە”، بە نایاسایی هەژمارکرد. هەرچەندە ڕەخنەکانی بەرەو ڕووی شەپۆلێکی تووڕەیی پیاوانی ئایینی و پەرلەمانتاران بووەوە، کە بە پێشێلکردنی شەریعەت و دەستووری کۆماری ئیسلامییان لە قەڵەمدا، بەڵام لە هەمانکاتدا ڕەنگدانەوەی نیگەرانی ئەحمەدی نەژاد بوو سەبارەت بەو کاریگەرییە نەرێنیانەی کە ڕەنگە هەڵمەتەکە لەسەری هەبێت پێگەی سیاسی و پێگەی لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا، ئەمەش تۆمەتی دووفاقیی لە گوتارەکەیدا بەرامبەر بە ژنان ڕەت نەکردەوە، جیاوازییەکەی ڕوونە لە نێوان ئەوەی کە دەیگوت و ئەوەی کە جێبەجێکرا[22]. ٧- ناڕەزایی لە دژی پێشێلکردنی پیرۆزیی “نیقابی ڕەش” لە مانگی ئابی 2011دا، ڕۆژنامەی “ئێران” پاشکۆیەکی تایبەتی بە ناوی “خاتوون 1” بڵاوکردەوە ، کە باس لە پرسی حیجاب بە ڕەهەندە جیاوازەکانی دەکرد، لە هەمانکاتدا هەوڵی بەرەوپێشبردنی شێوازێکی حیجابی بە ڕەنگ و دیزاینی جیاواز دەدا. بەڵام چاوپێکەوتنێکی مێهدی کەلهور، ڕاوێژکاری پێشووی ئەحمەدی نەژاد، ناڕەزایی بەرفراوانی لە ئێران لێکەوتەوە، کە بووە هۆی کۆکردنەوەی ژمارەکانی پاشکۆکە لە بازاڕ و قەدەغەکردنی دابەشکردنی. کەلهوڕ “نیقابی ڕەش”ی بە نەریتێک بۆ جلوبەرگی ژنان لە “یانە شەوانەکانی ئەوروپی” دەزانی و لە سەردەمی نەسیرەدین شادا هێمای لووتبەرزی دەخرایە ناو جلی ژنانی ئێرانەوە، کە دوای خۆی ئەمەی هێنایە ئێران سەردانی ئەوروپا کرد، لەوێ ژنانی لە یانە شەوانەکاندا بینی کە ڕەشیان لەبەردا بوو، و وتی: “نیقابی ڕەش خراپترین جۆری حیجابە بۆ ژن” . هەروەها لە پاشکۆکەدا ڕەخنەیەک لە شێوازی مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ ژنان لە شەقامەکاندا گیراوە بەهۆی باڵاپۆشەوە. ئەم شەپۆلە توڕەییە لە شێوەی بەیاننامە و لێدوان و بەدواداچوونەکاندا هات کە لەلایەن پیاوانی ئایینی و بەرپرسان و پەڕلەمانتاران و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانەوە بڵاوکرایەوە، جگە لە دەزگای بەسیج و سوپای پاسداران، بەو پێیەی ئەم لێدوانانە بە سووکایەتییەکی بەرگە نەگیراو بە کۆمەڵگەی ئیسلامی دادەنرا. ڕۆژنامەی “ئێران” بە پەرەپێدانی بیرۆکەی لادان تۆمەتبار کرا و ١٩٢ نوێنەر داوای ئەوەیان کرد کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەم پاشکۆیە دەبێت سزا بدرێت . داواکاری گشتی لە تاران ڕۆژانەمەکەی تۆمەتباری کرد بە پێشێلکردنی نیقاب و پلانی پاراستنی حیجاب، برەودان بە بێ ئەخلاقی و سوکایەتیکردن بە نەریت و ئەخلاقی گشتی[23]. لەگەڵ ڕوحانی: ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لابردنی حیجاب کێشەی حیجابی ناچاری بە کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاد کۆتایی نەهات، بەڵکو پەیوەندییان بە حەسەن ڕوحانیەوە کرد و ئەو ناڕەزایەتییانەی ژنان بەرەوڕوو بوون کە نوێنەرایەتی لە ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا حیجابیان لابرد، وەک سەرپێچییەک لە بەرامبەر پۆلیس. بە پێی ئاماری ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی سەر بە سەرۆكایەتی كۆمار، دژایەتی جەماوەری بۆ حیجابی ناچاری و دەستێوەردانی حكومەت لەم بوارەدا لە هەڵكشاندایە. هەندێک لە ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی دژایەتیکردنی حیجابی ناچاری لە ئێراندا تا ٨٠% بەرز بۆتەوە. لە شوباتی ٢٠١٨دا، ناوەندێکی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتێکی وردی سەبارەت بە سیمپۆزیۆمێکی تایبەتمەند کە لە ساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەچوو، بڵاوکردەوە، کە تێیدا کێشەی سیاسەتەکانی جێبەجێکراو لە بواری حیجاب لە ئێراندا” خرایەڕوو. ئەم ڕاپۆرتە لە چوارچێوەی بیست لاپەڕەدا باس لەوە دەکات کە دیاردەی خراپی حیجاب و لێکەوتەکانی یەکێکە لە گەرمترین مشتومڕەکان دەربارەی پرسە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان کە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی بووەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا پوختەیەکی لە ڕاپرسییەک لەخۆ گرتبوو کە عەلی ئەسەدی لە ساڵی ١٩٧٥دا، واتە تەنیا چوار ساڵ پێش شۆڕشی ئیسلامیی (١٩٧٩) ئەنجامی دابوو. ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە سێ لەسەر چواری دانیشتووان (٧٥%) پێیان باشە هاوسەرەکانیان حیجاب بپۆشن، هەروەها ٧٪ هاوسەرەکانیان حیجاب نەپۆشن. بەڵام ئەنجامی ڕاپرسییەک کە لە ساڵی ٢٠١٤ ئەنجامدراوە دەریخستووە کە ٥٠٪ی بەشداربووان پێیانوایە کە حیجاب پرسێکی شەخسییە کە نابێت حکومەت دەستوەردانی تێدا بکات. ههروهها ئەمەش ئاماژهیه بۆ زیادبوونی ڕێژهی ئهوانهی نەیاری بە زۆرەملێکردنی حیجابن. بەپێی دوایین ئاماری فەرمی کە ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ئێران لە مانگی ئابی 2018دا بڵاوی کردووەتەوە، 60-70%ی ژنانی ئێران “حیجابی نەریتی” لەبەر دەکەن، لە کاتێکدا کە 10-15% ئەوانەی حیجابی نەریتی لەبەر دەکەن بە “قبوڵنەکراو و خراپ” دادەنرێت، هەروەها بە سووکایەتیکردن بە دابونەریتی گشتی دادەنرێت، کە تێیدا ژنان بەشێکی زۆری قژیان ئاشکرا دەکەن، جلی تەسک یان ناشایستە لەبەر دەکەن، و جوانکاری سەرنجڕاکێش پەیڕەو دەکەن. ناوەندەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا دووپاتی دەکاتەوە کە 30-40%ی ژنانی ئێران پابەندن بە حیجابی شەریعەتەوە کە بە باشترین پلەی نیقاب لە نێو زانایانی شیعە لە ئێران دادەنرێت[24]. لەئێستادا ژنان لە ئێران بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لابردنی باڵاپۆش ڕووبەڕووی سزای زیندانی درێژخایەن دەبنەوە کە تەنانەت لەناو خودی بزووتنەوەی بناژۆخوازیشدا شەپۆلێکی ڕەخنەیی لێکەوتۆتەوە. لە دیبەیتێکی تەلەفزیۆنیدا، بەڕێوەبەری پێشووی ڕۆژنامەی کەیهان، مێهدی نەسیری، ڕەخنەی لە هەڵمەتی سەرکوتکردنی ژنان دەگرێت و پێیوایە ڕێوشوێنەکانی حکومەت حیجابی لاواز کردووە. نەسیری لە وتووێژەکەیدا ڕوونی کردەوە، بە پێی ئامارە بڵاونەکراوەکانی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی، ٧٠٪ی کۆمەڵگەی ئێران دژایەتی ئەو حیجابی ئیجباری دەکەن، ڕەخنە لە بەکارنەهێنانی “دامەزراوەیەکی بێلایەن” دەگرێت بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسییەک. لە وتارەکەیدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئێران دوای ٤٠ ساڵ لە سەرکەوتنی شۆڕش، ڕووبەڕووی لاوازییەک لە حیجاب و “مەیلی لەبەرنەکردنی” بووەتەوە[25]. لەدواین ناڕەزایەتییە بەرفروانە بێ وێنەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئێران کە لە دەرئەنجامی کوشتنی کچێک بەناوی “ژینا ئەمینی” سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ئەو لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تاران لەبەرامبەر شکاندنی پیرۆزی و نەپۆشینی تەواوی نیقاب تۆمەتبار کرابوو. ئەم ڕووداوە لە مێژووی چل دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا ڕووداوێکی بێ وێنەیە، چونکە هەموو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جۆراجۆرەکانی ڕابردوو دەربارەی پرسی حیجاب بە قەد ئێستا نەیتوانیوە بەردەوام بێت و کاریگەری دروست بکات. بەشێک لە لێکۆڵەر و چاودێران پێیانوایە ئەم ناڕەزایەتیانەی ئەمجارە دوور نییە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی شکست پێ بێنێت. لەبەرئەوەی، ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، واتە لە دوای ساڵی ١٩٧٩، ناڕەزاییەکان بەم جۆرە توند و ڕادیکاڵانە بن، کە بەئاشکرا داوای لەبەریەک هەڵوەشانەوەی تەواوی سیستەمەكە بکرێت، ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە لە دەروون و زیهنیەت و بوێریی دەنگە ناڕازییەکان. لە دەستپێكدا دروشمەکان و خواستەکان جیاواز و جۆراوجۆر بوون، بۆ نموونە، بەشێک لە دروشمەکان پەیوەندییان بە ناڕەزایی لە بەرامبەر حیجاب هەبوو، بەشێکی دیكە پەیوەست بە ناڕەزایی دەربڕین لە دژی پۆلیسی ئەخلاقی و بەشێکی دیكەیش پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەبوو بە خودی کۆماری ئیسلامیی، کە خۆی لە ناڕازیبوونی خەڵک دەبینییەوە، لە بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی، کە دەسەڵات پەیڕەوی دەکات. ئێستا و لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەست ڕۆژ بەسەر بارودۆخەکە، ئەوە بەدی دەکرێت، کە دروشمەکان یەک خراون و لە چوارچێوەی داواکاریدا داوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی دەکەن، هێشتا دەرنەكەوتووە ئەم دروشمە دەتوانێت کاریگەریی گەورە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دروست بکات یان نا. ئەم یەکگرتنە ئۆرگانیکە نموونەی گۆڕانکارییەکی جۆرییە لە شەپۆلە ناڕەزاییەکانی چل ساڵی ڕابردوو لە ئێران، ئەمەش دەرەنجامی ئەو سیاسەتانەیە کە دەسەڵات خۆی پێوە گرتوون و دەستبەرداریان نابێت، چونکە ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی كێشەی تیایە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵات نەتوانێت پەیامی خۆی بگەیەنێتە خەڵک و متمانە دروست بکاتەوە، بۆ ئەوەی داواکاری و خواستەکان لە ڕێگەی میکانیزمی گفتوگۆ، ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە.[26] ئەنجام تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەچێتە پێنجەمین دەیەوە کەچی کۆمەڵێک پرس و کێشەی سەپێنراوی هەیە لەو سیاسەت و ڕەوتانەی کە لە دەیەی یەکەمی ژیانیدا حوکمڕانی بەدیکراون و تا ئێستاش بەردەوام جێگەی ناکۆکین. لەسەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش خواستێکی توند هەبوو بۆ بە ئیسلامیکردنی هەموو لایەنەکانی ژیان، لەوانەش جل و بەرگی ژنان، لەم چوارچێوەیەشدا پرسی پۆشینی حیجابی ئیجباریی هاتۆتە ئاراوە و بۆتە بەشێک یاخود سیمبوڵی دەسەڵات، خاڵی دیاری گوتاری سیاسی کۆماری ئیسلامیی، بەم جۆرەش لە بازنەی فیقه و کولتوورەوە گواستراوەتەوە بۆ بازنەی مشتومڕە سیاسی و ململانییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. لەگەڵ گۆڕانکاری لە کۆمەڵە بەها و قەناعەتەکانی کۆمەڵگەی ئێراندا، گۆڕانکارییەکی گەورە کە لەلایەن زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکانەوە هاتە ئاراوە. لە کاتی ئێستادا لەلایەن زۆرێک لە پیاوانی ئایینی شیعە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران پێشنیار دەکرێت بابەتی حیجابی زۆرەملێ پێداچوونەوەی تێدا بکرێت، بەوەی ئەم ستایلەی ئێستا هیچ سوودێکی نییە بۆ کۆمەڵگەی ئێرانی. لە دیارترین ئەوانەی بانگەشەی ئەم دیدگایە دەکەن ئایەتوڵڵا محەممەد ئیسحاق فەیازە کە یەکێکە لە خوێندکارە دیارەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەوتە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە تا ئێستا حیجاب بە پرسێکی گرنگ دەزانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی زۆر ڕوون بەدیدەکرێت کە دژایەتی پرسی حیجابی ناچاری دەکەن. خەمی پێدانی سیمایەکی ئیسلامی بە کۆمەڵگەی ئێران لەوانەش لە ڕێگەی حیجابی ناچارییەوە کە بەپێی یاسای سزادان ڕێکخراوە، ئێرانی خستۆتە نێو دووڕیانێکی قورس، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی دەنگی ناڕەزایی لەناو خودی پێکهاتەی دەسەڵاتدا بەرز بێتەوە لەگەڵ پێویستی گەڕان بەدوای چارەسەرێک بۆ ئەم چەقبەستووییە، کە ڕەنگە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی گشتیدا ئەم پرسە یەکلای بکرێتەوە، یانیش سەرەئەنجام ئەم پرسە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ستراکچەری دەسەڵاتی سیاسی. [1] – رسول جعفريان، ” الرسائل الحجابية: ستون عاما من السعي العلمي في مواجهة بدعة كشف الحجاب”. [2] – آیا کشف حجاب واقعا به خاطر تاثیر سفر ڕضا شاه به ترکیه بود؟” (هل كان كشف الحجاب حقا نتيجة تأثير سفر ڕضا شاه إلى تركيا؟)، موقع خبر انلاين، 17 دي 1398ش، (تاريخ الدخول: 10 تشرین الثاني 202٢): https://bit.ly/3nwcnCO. [3] – فەرانەک ئەلماسی، “پیجاب و ژانان لە ئێران”، ئاژانسی کوردپا، https://kurdpa.net/so/news (ڕۆژی سەردان ١٠/تشرینی دووەم ٢٠٢٢). [4]– (4) جعفريان، ڕسائل حجابيه، مرجع سابق. [5] – فهمي هويدي، إيران من الداخل، (القاهرة، مكتبة الشروق، 2014)، ص 246. [6] – اليز اناساریان، جنبش حقوق زنان در ایران (حركة حقوق المرأة في إيران)، ترجمة نوشین أحمدي خراساني، ط1 (تهران، نشر اختران، 1384ش)، ص 160. [7] – “الحجاب الإجباري ورؤية الإمام الخميني”، پرسمان، 27/1/1397ش، (تاريخ الدخول: ١١ /تشرین الثاني 202٢)، .https://bit.ly/2LaBb6l [8] – ڕوح الله خميني، صحیفه امام، (صحيفة الإمام) ، (تهران، مؤسسة تنظيم ونشر آثار الإمام الخميني، 1386ش) ، ج 6، ص 329. [9] – كيف أصبح الحجاب إجباريا في بداية الثورة”، دویچه وله فارسی، 8 فبراير/شباط 2009، (تاريخ الدخول: 10 يناير/كانون الثاني 2021)، https://bit.ly/3blTsYV. [10] – محمد السيد الصياد وربى البلوي، “الحجاب في إيران بين ثنائية الأيديولوجيا والسياسة”، ڕصانة، 22 أكتوبر/تشرين الأول 2020، (تاريخ الدخول: 10 يناير/كانون الثاني 2021)، https://bit.ly/3oubfRk. – [11] زاهیر محەمەدی، “هەموو شتێک لەبارەی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران”، وێبسایتی پەیسەر ٢٠٢١، (ڕۆژی سەردان ١٥/تشرینی دووەم ٢٠٢٢) https://www.peyserpress.com/detail/7256 [12]– فاطمة الصمادي، “جدل الحجاب في ايران بين الديني والسياسي”، مركز الجزيرة للدراسات 2021، (تاريخ الدخول: ١٥ /تشرین الثاني 202٢) https://studies.aljazeera.net/ar/article/4912 [13] – فاطمة الصمادي، التيارات السياسية في إيران، ط 2 (بيروت، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات، 2019)، ص 67. [14] – فاطمة الصمادي، “المضامين النسوية في سينما المرأة الايرانية”، فصلية الايران والعرب، المجلد 8، العدد 26 (31 ديسمبر/كانون الأول 2011)، ص ص. 37-50، 14ص. [15] – عارف الزغول، ” المدارس الادبية في الايران”، فصلية إيران و العرب. مجلد 8، عدد 26 (كانون الأول 2011)، ص ص. 153-166، 14 [16] – الصمادي، مصدر سابق. [17] – فاطمة الصمادي، “الحليقات في السينما.. تحايل لمواجهة المحرمات”، الجزيرة الوثائقية، 12 نوفمبر/تشرين الثاني 2009، (تاريخ الدخول: ١٥/تشرین الثاني ٢٠٢٢)، .https://bit.ly/38z1cVD [18] – الصمادي، مصدر سابق. [19] – فاطمة الصمادي، “جدل الحجاب في ايران بين الديني والسياسي”، مصدر سابق. [20] – فاطمة الصمادي، “شرطة إيران تواصل مواجهة ‘الحجاب السيئ'”، الجزيرة نت، 25 أبريل/نيسان 2007، (تاريخ الدخول: 12 /تشرینن الثاني ٢٠٢٢)، https://bit.ly/3ozXnF6. [21] – الصمادي، التيارات السياسية في إيران، مصدر سابق. [22] – (رئيس الجمهورية ينتقد بعض المصادمات الأخيرة مع مرتدي “الحجاب السيئ)، وكالة ايسنا، Iranian Students News Agency ، (تاريخ الدخول: ١٨ /تشرین الثاني 2022)، .https://bit.ly/38CfSDC [23] – (“خاتون 1” موضوع جديد للخلاف بين الحكومة والأصوليين)، شرق، (العدد 1319، 23 مرداد 1390)، ص 2. [24] – قصة الحجاب في إيران … من إرث الشاه إلى شرطة العمائم”، الجزيرة نت، 13 يناير/كانون الثاني 2019، (تاريخ الدخول: ١٨ /تشرین الثاني 202٢)، https://bit.ly/3q2F8sr. [25] – فاطمة الصمادي، “جدل الحجاب في ايران بين الديني والسياسي”، مصدر سابق. [26] – تەحسین وسو عەبدوڵڵا، “گریمانەکانی داهاتووی بارودۆخی ئێران”، دەزگای میدیایی باسنیوس ٢٠٢٢، (ڕۆژی سەردان: ١٨/١١/٢٠٢٢) https://www.basnews.com/so/babat/781815 * ماستەر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) هەموو مرۆڤیک کە لەدایکدەبێت دەکەوێتە ناو زیاد لە ژینگەیەکەوە و هەریەکێکیش لەو ژینگانە کاریگەریی تایبەت لەسەر ئەو کەسە بەجێدەهێڵن. دەکریت لێردا چوار جۆر ژینگەی سەرەکیی لەیەکتری جیابکاینەوە. یەکەمیان: ژینگەی مادیی و سروشتییە. دووهەمیان ژینگەی کۆمەلایەتیی و کولتورییە. سیهەمیان: ژینگەی مەعریفی و جوارەهەمیان: ژینگەی ئەخلاقییە. ژینگەی یەکەمیان ئەو ژینگە فیزیاییە کە مرۆڤ تیایدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت، ئەم ژینگەیە پەیوەندیی بە هەڵکەوتەی جوگرافیی ئاکاری ئەو سروشت و کەش و هەوایەوە هەیە کە مرۆڤ لەناویدا دەژیی. لەم ڕووەوە ژینگە هەیە بیابانیی و گەرم و ناسەوز، ژینگەش هەیە شاخاویی و تەڕ و پڕ لە درەخت. ژینگە هەیە بەستەڵەک و سارد و بەستوو، ژینگەی تر هەیە دەریایی و فێنک و سەوز و پڕ ئاو، هتد.... ئەم ژینگە جیاوازانە کاریگەریی جیاوازیان لەسەر ژیان و هەڵسوکەوت و پەیوەندیی کەسەکان بەیەکترییەوە، هەیە. ئەگەر ژینگەکە بیابانی و گەرمبێت، کاریگەریەک جێدەهێڵێت جیاواز لەوەی بەستەڵەک و بەفراویی و بەستوو بێت، ئەگەر لە پاڵ دەریا و ڕوبار و سەوزایی زۆردابێت، جیاوازدەبێت لە شوێنێکی وشک و برینگ و گەرم و بێدار و درەخت بێت. گرێدانی شێوازی ئاکار و جۆری پەیوەندیی و شێوەژیانی خەڵک، تەنانەت گرێدانی شێوازی بیرکردنەوەی مرڤەکان، بەو ژینگە مادیی و سروشتییەوە مێژوویەکی درێژی لە فیکری تیوریدا، هەیە. لە دونیای ئێمەدا، بۆ نموونە لای کەسانی وەک فارابی و ئیبن خەلدون، لە ئەوروپاشدا تا سەردەمی مۆنتسیکیو، ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە ئامادەبووە. ئەو تیورەیەی لێرەدا ئامادەبووە گریمانی گرێدانی هەڵسوکەوت و باوەڕ و عەقیدەی خەڵکی کردوە، بە جۆری کەش و هەواو و ئەو ژینگە مادییە سروشتییەوە کە لەناویدا، دەژین. فارابی تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ژینگەی مادیی و کەش و هەوا و سروشتی شوێنێک، جۆرێک لە خەڵک دروستدەکات کە «تەبع»ی تایبەت و خو و ڕەوشت و ئاکاریان تەواو جیاوازبێت لە کەسانیتری ناو ژینگەی تری جیاواز لەو ژینگەیە، ئەمەش وایلێدەکات بەو قەناعەتە بگات کە دینێک ناتوانێت بۆ هەموو مرۆڤایەتی بشێت و بەکەڵکی هەموو کۆمەڵگاکان بێت، بەڵکو ژینگەی جیاواز و خەڵکی جیاواز پێویستیان بە دینیی جیاواز هەیە. ژینگەی دووهەم «ژینگەی کۆمەڵایەتیی و کولتورییە»ە. ئەم ژینگەیە ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتیی و کولتورییە هاوبەشە دروستدەکات کە کۆمەڵگاکان لە مێژووی خۆیاندا بۆ ڕێکخستنی پێکەوەبوونی کەسە جیاوازەکانی ناوی، بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی هەندێک هاوبەشی تایبەت، دروستیدەکەن. لێرەدا قسە لە بوونی کۆمەڵێک بەها و نرخ و عادەت و خوی کۆڵەیەتی و شێوازی مامەلەکردن دەکرێت، کە کەسەکان پەیڕەوی دەکەن و لە ڕێگایەوە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان ڕێکدەخەن. باس لەوە دەکرێت خەڵک چۆن و بە چ شێوەیەک کاردەکەن، چۆن پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابیندەکەن، چۆن پارە پەیدادەکەن، چۆن حوکمدەکەن، هتد...هاوکات قسەش لە دابەشبوونەکانی ناو کۆمەڵگا دەکریت، بۆ نموونە، ئایا کەسەکان سەر بە چ گروپێکی کۆمەڵایەتیی، ئەتنی، کام دین، کام ناوچەی دیاریکراون. لە ئاستی دەرەکیدا باس لەوەدەکرێت مرۆڤ لە کام دەوڵەتدا دەژی، سەر بە چ نەتەوەیەکە، لە چ بەشێکی جیهاندا نیشتەجێیە. هەموو ئەمانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئەوە هەیە مرۆڤ چۆن دەژیی و چۆن بیردەکاتەوە و چۆن هەڵسوکەوت دەکات. بۆ نموونە، گەر کەسێک کورد بیت و لە ئێران یان لە تورکیادا بژیی، تەواو جیاوازە لە کەسێک فەرەنسیی یان ئەمریکی یان سویدی بیت و لە یەکێک لەو ولاتانەدا بژیی. ژینگەی کۆمەلایەتیی پەیوەندیی بەو ژینگە خێزانیی و پێگە چینایەتیی و دینیی و ئەتنیی و نەتەوەییەوە هەیە کە مرۆڤ هەڵگریەتی. هەرچی ژینگەی کولتورییە، پەیوەندیی بە کۆی ئەو بەها و نرخ و عادەت و «خو» و «ڕەوشت»انەوە هەیە کە لەو ژینگەیەدا ئامادەیە. ژینگەی سێهەم، «ژینگەی مەعریفیی»ە. ئەمەیان ئەو ژینگەیەیە کە تیایدا مرۆڤ پرسیارەکانی دەکات و لە ڕێگای زانیاریی و مەعریفە و زانستەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی، دەستدەکەوێت و دەتوانێت لەو جیهانە بگات کە لەناویدا دەژیی. ئەم ژینگەیە، بە پلەی یەکەم، پەیوەندیی بە جۆری ئەو قوتابخانە و فێرگانەوە هەیە کە مرۆڤ لەناویاندا فێردەبێت پرسیاربکات و و بیربکاتەوە و بەرخوردبکات. سیستمی خوێندن و فێربوون بنەما و کۆڵەکەی سەرەکیی «ژینگەی مەعریفیی» پێکدەهێنێت کە مرۆڤ لەناویدا پێدەگات، فێردەبێت بەشێوەیەکی زانستییانە بیربکاتەوە و دیاردەکان و شتەکانی دەوربەری، تێبگات و ڕاڤەبکات. بۆ نموونە دەکرێت جیاوازییەکی گەورە ببینین لەنێوان کەسێکدا لە ناو سیستمێکی خوێندنی تازەی شارستانیی و لە زانکۆیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتودا خوێندبێتی، لەگەڵ کەسێکدا لەناو سیستمێکی خوێندنی سونەتیی و جۆریک لە زانکۆی دواکەوتودا فێربووبێت. ئەگەری ئەوە گەورەیە کەسی یەکەمیان وزەی پرسیارکردن و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەهێزتر و پێگەیشتوتربێت لە کەسی دووهەمیان. کەسێک لە ژینگەیەی مەعریفیدا بژیی کە دەزگا و ناوەندی دیاریکراوی تێدابێت خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستییبێت لەسەر ئەو دیاردانەی رووئەدەن، تەواو جیاواز دەبێت لەوەی لە ژینگەیەکی مەعریفی تەواو هەژار و بێزانیاریدا بژیی. سیستمێکی فێربوونی وەک ئەو «مەدرەسە دینیی» و «مەدرەسە قورئانیانە»ی لە پاکستان بە پارەی وڵاتانی خەلیج دروستکرا و تاڵیبانی تێدا پەروەردەکرا، تەواو جیاوازە لەو سیستمی خوێندنانەی زانا گەورەکانی جیهان لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا، پێدەگەیەنن. ژینگەی مەعریفیی یەکێکە لە ژینگە گرنگەکانی ناو ژیانی مرۆڤ کە دەشێت هەم بیکات بە زانایەکی گەورە، هەم بە جاهیل و دڕندەیەکی، گەورەش. ژینگەی چوارهەم بریتییە لەو «ژینگە ئەخلاقی»یەی مرۆڤ لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت. ”ژینگەی ئەخلاقیی“ بریتییە لەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکرییە کەسەکان لەناویدا ئامادەن و پێماندەڵێت چۆن بژین و چۆن هەڵسوکەوت بکەین و چ جۆرە مامەڵەیەکی خۆمان و ئەوانەش بکەین لە خۆمان ناچن و جیاوازن. ئەم ژینگە ئەخلاقییە دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبووڵبکەین و چی قبووڵنەکەین، بە چی رازیبین و بەچیش ناڕازیی، چی بە ئاسایی و شیاو بزانین و چیمان بەلاوە نائسایی و نەشیاوبێت. پێماندەڵێت چی قابیلی ئیعجاب و چی شوێنی نەفرەتلێکردنمان بێت. «ژینگەی ئەخلاقیی» دستنیشانی ئیدراک و تێگەیشتنمان دەکات سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە باشیی و بە چاکیی بەڕێوەدەچێت، یاخود لە دۆخی خراپبوون و تێکچووندایە. دەستنیشانی ئەوە دەکات چی لەسەر ئێمە پێویستە بەرامبەر بە خۆمان و بەرامبەر بەوانیتر ئەنجامیبدەین، چیش پێویستە نەکرێن و ئەنجامنەدرێن. ”ژینگە ئەخلاقیی“ هاوکات کاردانەوە عاتفییەکانیشمان دیاریدەکات، دەستنیشانی ئەوەدەکات چی مایەی فەخرکردن و چی مایەی شەرمکردن بێت، چی توڕەمان بکات و چی وامان لێبکات سوپاسگوزار و ڕازیبین. پێمان دەڵێت دەکرێت چاو لە چی بپۆشین و چی لەبیرببکەین، چاو لەچیش نەپۆشین و چ شتێکیش لەبیر نەکەین. بە کورتیی، ئەم ژینگە ئەخلاقییە سەرچاوەی ”پێوەرە ئەخلاقیی“ەکانمانە. جیاوازیی «ژینگەی مادیی» و «سروشتیی» لەگەڵ ژینگەکانی تردا ئەوەیە کە یەکەمیان، زۆربەی کات، ژینگەیەکی پێدراوە، خۆی هەیە، بوونێکی بابەتیی هەیە و مرۆڤ خۆی لەناویدا ئەدۆزێتەوە. بەڵام کۆی ژینگەکانی تر ژینگەی مرۆڤکردن، مرۆڤەکان خۆیان و بەیەکەوە دروستیدەکەن و هەرخۆشیان دەتوانن بیگۆڕن. ئەوەی لێرەدا گرنگە جەختی لێبکەین ئەوەیە مرۆڤ وەکچۆن پێویستە لە خەمی ژینگەی یەکەمیاندا بێت ، ژینگە سروشتییەکە، بۆئەوەی وێرانی نەکات و ژیانی خۆی و نەوەکانی داھاتوو نەخاتە مەترسییەوە، بەھەمان شێوە پێویستە لە خەمی ژینگەکانی تریشدا بێت بۆ ئەوەی ئازاری خۆی و ئازاری مرۆڤەکانی تر نەدات، هەم خۆی وەک مرۆڤێکی باش و دروستکەر و چاکەکار ھەبێت و هەم ژینگە کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و مەعریفیی و ئەخلاقیەکەشی. کۆی ئەم ژینگانەش بە بەردەوامی لە جوڵە و گۆڕان و تازەبوونەوەدان، هیچ یەکێکیان جێگیر و نەگۆڕ نییە، تەنانەت ژینگە مادیی و سروشتییەکەش دەگۆڕێت. بینین و تێگەیشتن لەم ڕاستییە سادەیە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکیی و بنەرەتییەکانی دروستکردنی دونیایەکی باشتر و گونجاوتر، لەوەی لە ئێستادا هەیە و ئامادەیە. بە بۆچونی من کۆی ئەم ژینگانە لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا لە قەیرانی گەورە و هەمەلایەندان. ژینگە مادیی و سروشتییەکە ڕووی لە تێکچون و داوەشانە. مرۆڤ هەر سەریی ئەو هەموو پلاستیک و نایلۆن و باغە و خاشاکە زۆرە بکات کە لە لە شوێنە گەشتیریەکاندا بەجێیدەهێڵن و بەناو سروشتدا بڵاودەبێتەوە. ئینجا ژمارەی ئەو هەموو بیرە تایبەتانە کە بۆ دەرهێنانی ئاو لە سەدان شوێنی جیاوازی دەرەوەی شارە گەورەکانی هەرێمدا و لەناو شارەکانیشدا لێدراون، کە هەڕەشەیەکی گەورەیە لە وشکبوونی تەواوەتی زۆرناوچە. لەپاڵ ئەمانەشدا بەکارهێنای بەنزین و غاز و سوتەمەنی خراپ و هەڵئاوسانی ژمارەی ئۆتۆمۆبێل و سوتاندنی ناوبەناوی دارستانەکان و دەردانی سەدان ملیۆن تەن دووکەڵ و گازی ڕۆژانە لە هەرێمدا، ڕۆڵێکی بەرچاو لە پیسکردنی هەوا و ژەهراویکردنیدا، دەبینن. هەرچی ژینگە کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکەیە بە دەیان شێوە ژەهراوی بووە. بێکاریی بەرفراوان، نەبوونی ئومێد بە ئایندە، باڵادەستیی ڕێگای نا یاسایی و نائەخلاقیی بۆ دەولەمەندبوونی خێرا، کەڵەکەکردنی نیمچەمافییانەی سەرمایە، ژینگەیەکی ئابورییان دروستکردوە هەم وێرانە و هەم تیایدا کەرتە سەرەکییەکانی ئابوریی قۆرخکراون، هەم مانایەکیان بۆ کارکردن و ڕەنجکێشانی شەخسییش نەهێشتۆتەوە. جگە لەوەی کار کەمە و ژمارەیەکی گەورەی خەڵک، بە تایبەتی گەنجان بێکارن، بەڵام بوونی کاری ئاسایی خۆیشی دەستەبەری لانی هەرەکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی سادە ناکات. لەناو ئەم ژینگەیەدا ئاسۆکانی جیگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگای کارکردن و رەنجی تاکەکەسییەوە، بەتەواوی داخراون. مۆدێلی حوکمڕانیی خێزانیی کە وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی وەک موڵکی شەخسیی و ڕەعیەتێکی بێماف مامەڵەدەکات، گواستراوەتەوە بۆ ناو هەموو بوارەکانی دیکەش. تەنانەت بۆناو ئۆرگانە مەدەنیی و دینیەکانیش. فۆرمێک لە «دینداریی» تازەش دروستکراوە کە جیهان بۆ دنیدار و بێدین دابەشدەکات و بە زمانی دین قسە لەسەر کۆمەڵگا و دەوڵەت و کایەکان دەکات، زمانی «هاوڵاتیبوونی یەکسان» و «تاکەکەسی خاوەن ماف» و «یەکسانی کەسەکان لەگەڵ یەکدا»، بە یەکسانی ژن و پیاوەوە لەگەڵ یەکداتەواو غائیبە لەناویدا. ئەمە جگە لە غیابی «مەدەنیبوون»ی پەیوەندییەکان و «پێناس» و «سوناسەکان». هەرچی ژینگە مەعریفیەکەیە ئەویش بە شێوازی جیاواز لەناو زیاد لە قەیرانێکی هەمەلایەندایە. ڕەنگە هەرە گرنگەکەیان قەیرانی نەناسینیی جیهان و کۆمەڵگا و کێشە سەرەکییەکانیان بێت. ئەمەش لە ڕێگای غیابی ئەو ڕشتە و بوارە زانستییانەوە کە لەسەر کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا کاردەکەن و ئەو زانیاریی و مەعریفە پێویستە بەرهەمدەهێنن کە ئەو کۆمەڵگایە بۆ ناسینی خۆی و ناسینی جیهان، پێویستی پێیەتی. لەم ڕووەوە دۆخی زانکۆکانی هەرێم و ناوەندەکانی تری بەرهەمهێنانی مەعریفە دۆخێکی خراپ و پەرێشانە. ئەگەر زانکۆکان جاران تەنها بەسیاسیی و بە حیزبی کرابووبن، ئێستا ئیتر بە دینیکردنیشی هاتۆتەسەر. لە ئێستادا چەندان گروپی دینیی دروستبوون کە سنوور بۆ کاری زانکۆ دادەنێنن و ڕێگا لە باسکردنی ئەم یان ئەو بابەت لەناو هۆڵەکانیدا، دەگرن. ئەمەمان هەم لە هەڵەبجە و هەم لە گەرمیان و هەم لە رانیە بینیی، لەمەشدا ئەو جیاوازییە سادەیە کە مزگەوت لە زانکۆ وەک دوو دەزگای جیاواز لەیەکتری جیادەکاتەوە، ژێرپێ نراوە. ژینگە ئەخلاقییەکەش لەناو دۆخێکی قەیراناوی گەورەدا دەژیی، کە من لە چەند نووسینێکدا ناوم لێناوە دۆخی «شڵەژانی پێوانەیی». شلەژانی پێوانەیی هێما بۆ ئەو دۆخە رایبەتە دەکات کە تیایدا پێوەرە ئەخلاقییە سەرەکییەکانی جیاکردنەوەی باش لە خراپ، راست لە هەڵە، ئەشێ لە ناشێ، جوان لە ناشیرین، لە دۆخی پەککەوتنێکی هەمەلایەندان. بە جۆرێک توانای پۆلینکردنی ئەخلاقییانەی دیاردە و هەڵوێست و گوتار و پەیوەندیی و هەڵسوکەوتەکانی تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی کردوە. ژنان دەکوژرێن و کەسانێکی زۆر دەستخۆشی لە ژنکوژەکە دەکەن، دزیی گەورە دەکرێت و کەسانێک شانازیی بە وێنەگرتن لەگەڵ دزەکاندا دەکەن، لەشکری وڵاتان دەهێنرێنە سەر هەرێمەکە و درۆن و رۆکێتەکانیان خەڵکی بێتاوان دەکوژن، کەچی قسە لە هەرەشە و مەترسیی لەسەر ئاسیش ناکرێت، بەڵام ڕێکخراوێکی ژنان باس لەوەبکات ژن و پیاو یەکسانن و یەک مافیان هەیە، یان فرەژنی وەک ناهەقیی بەرامبەر بە ژن و بە خێزان ببینێت، هەزران دەنگ بەرزدەبێتەوە و باس لە هەڕەشە و مەترسیی لەسەر «ئاسایشی خێزان» دەکەن. ئەم دۆخی شڵەژانی پێوانەییە وایکردوە ژینگەی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لە زۆر ڕووەوە، لە دۆخی بەر لە دروستبوونی ئەخلاقدا بژیی، لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕووتی ھێز و دەسەڵاتی چاودێرینەکراودا کە تییادا بەھێز ھەموو سوکایەتییەک بە بێھێز و توانادار ھەموو ناشیرینییەک بەرامبەر بە بێتوانا، ئەنجامبدات، بەبێئەوەی لە بەرامبەریدا ویژدانێکی ئەخلاقیی ئیدانەکار و بەرگریکەر بوونی هەبێت. بە مانایەکی دیکە قەیرانەکانی ئەم ژینگە ئەخلاقییە بەرەو ئەوەدەچێت ژینگە ئەخلاقییەکە بەرەو ئەوەببات ببێت بە ژینگەی بەر لەدایکبوونی ”ویژدانێکی ئینسانیی تەندروست“ کە تیایدا مرۆڤەکان یەکتری وەک کەسانی یەکسان و خاوەن ماف و خاوەن ڕێز، ببینن و مامەڵە بکەن.
شیكاری:درەو بەپێی زانیارییەکان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا؛ # زیاتر لە (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە. # بە تێکڕای ڕۆژانە (398 هەزار 704) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. # تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان (100.79) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە (87.85) دۆلار فرۆشتووە. # کۆی داهاتی نەوتی هەرێم نزیک لە (12 ملیار و 784 ملیۆن 354 هەزار) دۆلار. # بڕی (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (56%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە. # بڕی (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (44%) کە بەرامبەرە بە (8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم. # نەوتی هەرێم لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)، ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (1/1/2022 – 31/12/2022)، بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار 745) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی فرۆشتووە. بەرزترین ئاستی فرۆشتنیش لە مانگی تەموزدا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل. کەمترین بری نەوتی فرۆشراویش لە تشرینی دووەم بووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (10 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل. هاوکات بەتێکڕای ڕۆژانە لە ساڵی (2022)دا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە (398 هەزار و 704) بەرمیل نەوت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان بە تێکڕا لە ساڵی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نرخەکەی بریتی بووە لە (100.79) دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە کەمتر لە (12.94) دۆلار لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. واتە بە تێکڕا لە ماوەی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (87.85) دۆلار فرۆشراوە. بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی هەرێمیش لە مانگی حوزەیران تۆمار کراوە، کە بریتی بووە لە (108.25) دۆلار، نزمترین ئاستیش لە مانگی کانونی یەکەمدا بووە کە بەهاکەی بریتی بووە لە (68.06) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022 1. کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە (87.85) دۆلار فرۆشراوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە، بریتی بووە لە؛ (12 ملیار و 748 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلار، زۆرترین داهاتیش لە مانگی ئایاردا بەدەستهاتووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (1 ملیار و 346 ملیۆن و 889 هەزار و 426) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە مانگی تشرینی یەکەم دا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (811 ملیۆن و 875 هەزار و 600) دۆلار. 2. خەرجی نەوتی هەرێم بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی ڕابردوودا لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە؛ (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار و 215) دۆلاری ئەمریکی، بە جۆرێک؛ بەرزترین ئاستی خەرجی لە مانگی ئایاردا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (754 ملیۆن و 258 هەزار و 79) دۆلار. کەمترین خەرجیش لە مانگی تشرینی دووەمدا بووە، کە بریتی بووە لە؛ (454 ملیۆن و 650 هەزار و 336) دۆلار. 3. داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی (2022)دا لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن و 823 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) چوارەم: نەوتی بارکراوی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، ئەو بڕە نەوتەش لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)، ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. بە دوای ئەوانیشدا کرواتییەکان (9%)، رۆمانییەکان (4%)، ئیسپانییەکان (3%)، کەشتی وڵاتانی تورکیا و تایوان و سەنگاپورەو چین (2%) و ئەمریکییەکانیش (1%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. (6%)ی نەوتی بارکراوی هەرێم ناسنامەی کەشتییەکان دیار نییە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (1) سەرچاوەکان - ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تاکو 31ی ئاداری 2022 (وەرزی یەکەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی نیسانی 2022 تاکو30ی حوزەیرانی 2022 (وەرزی دووەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - نەوتی بارکراوی هەرێم لە نیوەی یەکەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10621 - درەو میدیا؛ هەناردەو نەوتی بارکراوی هەرێم لە چارەکی سێیەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11255 - ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگەکانی (تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم، کانونی یەکەم)ی 2022، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11352 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11546 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11773
درەو: مەكتەبی سیاسی یەكێتی لیژنەیەكی لەسەر سێ ئەندامی سەركردایەتی پێكهێناوە، چونەتە بەغداد شایەتیان بۆ لاهور شێخ جەنگی داوە، گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیان بە نایاسایی ناوبردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە یەكێتی دەربكرێن. بە نوسراوێك كە واژۆی بڕیاردەری یەكێتی (رەفعەت عەبدوڵا)ی لەسەرە لیژنەیەك پێكهاتووە لە كارگێڕێك و دوو ئەندامی سەركردایەتی بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەو هەڤاڵانەی كە ئەندامی سەركردایەتین و سكاڵایان لە دژی یەكێتی لە بەغداد تۆمار كردووە. لیژنەكە پێكهاتووە لە : • ئاسۆ مامەند كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی لیژنە. • سەركەوت زەكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندام • رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندام. پێكهێنانی ئەم لیژنەیە دوای ئەوە دێت هەریەك لە (چەتۆ ساڵح، پەروین كاكەحەمە، سەردار هەركی) ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتەیان لێوەرگیرا لەسەر گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی، ئەوان لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شایەتیانداوە و گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی ناوبردووە، سەردانی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ بەغداد، بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی نیگەران كردووە، بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) لیژنەكە بە ئاراستەی دەركردنی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بڕیار دەدات. پێشتر بە بڕیاری بڕیاردەر هەریەك لە ( ئاڵا تاڵەبانی، شادمان مەلا حەسەن، ژینۆ محەمەد) لە سەركردایەتی یەكێتی دەركران.
شیكاری: درەو بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە تەواوی ساڵی (2022)دا؛ # (ملیارێک 208 ملیۆن) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە. # بە تێکڕای ڕۆژانە زیاتر لە (3 ملیۆن و 311 هەزار) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. # حکومەتی عێراق بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.53) دۆلار فرۆشتووە. # کۆی داهاتی نەوتی عێراق (115 ملیار و 466 ملیۆن) دۆلار بووە. # لەو بڕە نەوتەی عێراق هەناردەی کردووە (27 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (2%)ی لە نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک بووە، بەهاکەشی (2 ملیار 600 ملیۆن) دۆلار بووە. یەکەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە (12) مانگی ساڵی (2022)دا بڕی (1 ملیار و 208 ملیۆن و 531 هەزار و 119) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 311 هەزار و 416) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (95.53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (115 ملیار و 466 ملیۆن و 245 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە چارتەکانی ژمارە (1، 2، 3)) 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2022) بڕی (99 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 202 هەزار و 777) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (83.83) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (86.51) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.69) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 322 ملیۆن 679 هەزار) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2022 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2022) بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 313 هەزار و 935) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (94.94) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (97.13) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (2.19) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 809 ملیۆن و 162 هەزار) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (100 ملیۆن و 579 هەزار و 612) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 244 هەزار و 504) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (108.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (117.25) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (8.75) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 913 ملیۆن و 197 هەزار) دۆلار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی نیسانی 2022 پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 390 هەزار و 662) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 379 هەزار و 689) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (104.63) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (104.58) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (0.5) دۆلار گرانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 609 ملیۆن 252 هەزار) دۆلار. 5. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئایاری 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری (2022) بڕی (102 ملیۆن و 303 هەزار و 20) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 300 هەزار و 97) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (112.19) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (113.34) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (1.15) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (11 ملیار و 477 ملیۆن 496 هەزار) دۆلار. 6. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2022 پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 191 هەزار و 236) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 373 هەزار و 41) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (112.20) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (122.71) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (10.51) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (11 ملیار و 354 ملیۆن و 544 هەزار) دۆلار. 7. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی تەموزی 2022 لە مانگی تەموزی (2022) بڕی (102 ملیۆن و 385 هەزار و 49) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 302 هەزار و 744) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (101.26) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (111.93) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (10.67) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (10 ملیار و 368 ملیۆن و 352 هەزار) دۆلار. 8. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئابی 2022 پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 859 هەزار و 528) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 258 هەزار و 791) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (95.12) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (100.45) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (5.33) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (9 ملیار و 688 ملیۆن و 903 هەزار) دۆلار. 9. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئەیلولی 2022 وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولی (2022)دا بڕی (98 ملیۆن و 765 هەزار و 153) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 292 هەزار و 172) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (89.56) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (89.76) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (0.20) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 845 ملیۆن و 411 هەزار) دۆلار. 10. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی (2022) بڕی (104 ملیۆن و 831 هەزار و 120) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی نەوتە لە تەواوی ساڵەکەدا، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 381 هەزار و 649) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (88.53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (93.33) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (4.80) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵدا بریتی بووە لە بڕی (9 ملیار و 281 ملیۆن 602 هەزار) دۆلار. 11. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولی (2022)دا بڕی (99 ملیۆن و 868 هەزار و 29) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 328 هەزار و 934) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (82.00) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (91.42) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (9.42) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (8 ملیار و 189 ملیۆن و 602 هەزار) دۆلار. 12. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی یەکەمی 2022 پاڵپشت بە ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی یەکەمی (2022) بڕی (103 ملیۆن و 281 هەزار و 459) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی نەوتە لە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (2022)ەوە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 331 هەزار و 660) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (73.64) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (81.00) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (7.36) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لە کانونی یەکەمی ساڵەکەدا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 606 ملیۆن) دۆلار. خشتەی ژمارە (1) داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2022 چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) دووەم: بڕ و ڕێژە و داهاتی نەوتی کەرکوک لە هەناردەی گشتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە ساڵی (2022)دا بڕی (1 ملیار و 208 ملیۆن و 531 هەزار و 119) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش تەنها (27 ملیۆن و 43 هەزار و 971) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.23%)ی نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک بووە، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (95.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. واتە کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی کەرکوک لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (2 ملیار و 600 ملیۆن و 302 هەزار و 737) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە چارتی ژمارە (4)) 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی کانونی دووەمی 2022 وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2022) بڕی (99 ملیۆن و 286 هەزار و 78) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 545 هەزار و 656) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.56%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (83.83) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (213 ملیۆن 389 هەزار و 614) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی شوباتی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2022) بڕی (92 ملیۆن و 790 هەزار و 173) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (1 ملیۆن و 475 هەزار و 345) بەرمیلی بە ڕێژەی (1.59%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (94.94) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (140 ملیۆن 63 هەزار و 353) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی ئازاری 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2022) بڕی (100 ملیۆن و 579 هەزار و 612) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (1 ملیۆن و 488 هەزار و 395) بەرمیلی بە ڕێژەی (1.48%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (108.5) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (161 ملیۆن 495 هەزار و 323) دۆلار. 4. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی نیسانی 2022 پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی نیسانی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 390 هەزار و 662) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 991 هەزار و 60) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.95%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (104.63) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (312 ملیۆن 954 هەزار و 608) دۆلار. 5. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی ئایاری 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاری (2022) بڕی (102 ملیۆن و 303 هەزار و 20) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (3 ملیۆن و 2 هەزار و 133) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.93%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (112.19) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (336 ملیۆن 809 هەزار و 301) دۆلار. 6. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی حوزەیرانی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 191 هەزار و 236) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 910 هەزار و 887) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.88%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (112.20) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (326 ملیۆن 601 هەزار و 521) دۆلار. 7. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی تەموزی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تەموزی (2022) بڕی (102 ملیۆن و 385 هەزار و 49) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 344 هەزار و 536) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.29%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (101.26) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (237 ملیۆن 407 هەزار و 715) دۆلار. 8. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی ئابی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابی (2022) بڕی (101 ملیۆن و 859 هەزار و 528) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (1 ملیۆن و 109 هەزار و 528) بەرمیلی بە ڕێژەی (1.09%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (95.12) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (105 ملیۆن 538 هەزار و 303) دۆلار. 9. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی ئەیلولی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئەیلولی (2022) بڕی (98 ملیۆن و 765 هەزار و 153) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 169 هەزار و 180) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.20%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (89.56) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (194 ملیۆن 271 هەزار و 761) دۆلار. 10. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی (2022) بڕی (104 ملیۆن و 831 هەزار و 120) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 417 هەزار و 893) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.31%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (88.53) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (214 ملیۆن 56 هەزار و 67) دۆلار. 11. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 لە مانگی تشرینی دووەمی (2022) بڕی (99 ملیۆن و 868 هەزار و 29) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 363 هەزار و 20) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.37%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (82) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (193 ملیۆن 767 هەزار و 640) دۆلار. 12. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی کانونی یەکەمی 2022 بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی یەکەمی (2022) بڕی (103 ملیۆن و 281 هەزار و 459) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشراوە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 226 هەزار و 338) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.16%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (73.64) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (163 ملیۆن 947 هەزار و 530) دۆلار. خشتەی ژمارە (2) داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە چوارچێوەی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022 چارتی ژمارە (4) سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سەرجەم مانگەکانی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سەرجەم مانگەکانی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=909 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=951 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1003 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر نیسان الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1039 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر ایار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1099 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر حزيران الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1123 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر تموز الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1161 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر اب الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1218 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر ایلول الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1240 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر تشرين الاول الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1306 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر تشرين الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1359 وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر کانون الاول الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1365
(درەو): بزوتنەوەی تالیبانی ئەفغانستان گەورەترین گرێبەستی دەرهێنانی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینی ئیمزاكرد، بەپێی گرێبەستەكە ئەگەر كۆمپانیایەك لە یەك بڕگە لابدات، تالیبان دەتوانێت بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی گرێبەستەكەی هەڵوەشێنێتەوە، بەرپرسانی تالیبان پێشبینی دەكەن ئەم گرێبەستە پێداویستی ناوخۆی ئەفغانستان بۆ سوتەمەنی پڕبكاتەوە. یەكەم گرێبەستی تالیبان بەرپرسانی حكومەتی تالیبان لە ئەفغانستان لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینیدا گرێبەستێكیان بۆ دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەی نەوتی "ئامۆ دەریا" ئیمزا كرد. ئەم گرێبەستە لەلایەن (شەهابەدین دلاوەر) وەزیری كانزاكانی تالیبانو نوێنەری كۆمپانیای (نەوتو غازی ئاسیای ناوەڕاست لە شینجیانگ CPEIC) ئیمزا كرا، عەبدولغەنی برادەر جێگری سەرۆك وەزیرانی ئەفغانستانو وانگ یو باڵیۆزی چین لە كابول ئامادەبوون لە مەراسیمی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا. مەراسیمی ئیمزاكردنی گرێبەستەكە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە ژمارەیەك لە میدیاكانی ناوخۆی ئەفغانستانو ئەو میدیایانەی كە سەربە بزوتنەوەی تالیبان بوون، پەخشكرا. وەزیری كانزاكانی ئەفغانستان رایگەیاند، بەپێی ئەم گرێبەستە لەڕووبەری (4 هەزارو 500) كیلۆمەتر چوارگۆشەی كێڵگەی "ئامۆ دەریا" كە دەكەوێتە ولایەتەكانی باكوری سەرپڵو جۆزجانو فاریاب لەلایەن ئەم كۆمپانیایەوە نەوت دەردەهێنرێت. بەپێی قسەی وەزیرەكەی تالیبان، پێشبینی دەكرێت دەرهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە لە (200) تەنی رۆژانەوە بەرزببێتەوە بۆ (هەزار) تەنو دواتریش بۆ (20 هەزار) تەن. لەدوای گەڕانەوەو گرتنەوە دەستی حوكمڕانی لە ئەفغانستان، ئەمە یەكەمین گرێبەستی گەورەی حكومەتی تالیبانە. %20 بۆ 75%ی داهات پشكی تالیبانە ؟ دەوترێت كۆمپانیا چینییەكە لەماوەی ساڵێكدا بڕی (150 ملیۆن) دۆلار سەرمایەگوزاری دەكات لە كێڵگە نەوتەكەی ئەفغانستاندا، دواتر ئاستی سەرمایەگوزارییەكەی لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بۆ بڕی (540 ملیۆن) دۆلار بەرزدەكاتەوە، كۆی گشتی ماوەی گرێبەستەكە دەگاتە (25 ساڵ). بەرپرسانی تالیبان دەڵێن" ئەمارەتی ئیسلامی بەرێژەی 20% هاوبەش دەبێت لەم گرێبەستەداو ئەم پشكە لە داهاتوودا بۆ رێژەی 75% بەرزدەبێتەوە". وەزیری كانزاكانی ئەفغانستان وتی" ئەم پرۆژەیە هەلی كار بۆ 3 هەزار هاوڵاتی ئەفغانی دەڕەخسێنێت"، زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی حكومەتی تالیبانیش دەڵێ" بڕگەیەكی گرنگی ئەم گرێبەستە ئەوەیە ئەگەر كۆمپانیای ناوبراو پابەند نەبوو بە تەواوی بڕگەكانی گرێبەستەكەوە، ئەوا بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی گرێبەستەكە هەڵدەوەشێتەوە". موجاهید ئاماژەی بەوەكرد، تەواوی بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكە لەناوخۆی ئەفغانستان پاڵفتە دەكرێتو رێگە بە گواستنەوەی نەوت نادرێت بۆ دەرەوەی وڵات، بەوتەی ئەو بەم هەنگاوە ئەفغانستان لەڕووی سوتەمەنییەوە پێداویستی ناوخۆی دابین دەكات. یەكەم گرێبەستی چینییەكان دوای هێرشی داعش ئیمزاكردنی ئەم گرێبەستە لەنێوان تالیبانو كۆمپانیایەكی چینی دوای هەفتەیەك دێت لە هێرشی چەكداران بۆسەر شوێنێكی مانەوەی چینییەكان لە كابولی پایتەخت، بەپێی قسەی دەوڵەتی چین لەو هێرشەدا (5) هاوڵاتی چینی برینداربوون. وەزارەتی دەرەوەی چین دوای ئەو هێرشە داوای لە هاوڵاتیانی خۆی كرد ئەفغانستان بەجێبهێڵن. وانگ بو باڵیۆزی چین لە كابول لە مەراسیمی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەدا رایگەیاند" وڵاتەكەی هەرگیز دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئەفغانستاندا ناكاتو رێز لە بیروباوەڕی ئاینیو نەریتی ئەفغانییەكان دەگرن". لە ساڵانی رابردووداو بەر لە گەڕانەوەی تالیبان بۆ دەسەڵات، كۆمپانیای میللی نەوتی چین لە كەرتی كانزاكانو دەرهێنانی نەوتدا لە ئەفغانستان كاریكردووە بەدیاریكراویش لە كێڵگەی "ئامۆ دەریا" سەرمایەگوزاری كردووە، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئەمنییەوە كارەكانیان درێژەی نەكێشا. هەروەك حكومەتی پێشووی ئەفغانستانیش دەرهێنانی كانزای (مس)ی لە گەورەترین كانەی وڵاتدا كە كانەیەك بوو بە ناوی "مس عینك" بەخشی بوو بە چینییەكان، هەرچەندە بەهۆی ناكۆكی نێوان بەرپرسانی چینو حكومەتی پێشووی ئەفغانستانەوە كارەكانی ئەو كانەیە بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە نەبینی. چین یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە ساڵی 2021 دوای گەڕانەوەی تالیبان باڵیۆزخانەی خۆی لە كابول كردەوەو پەیوەندی دیپلۆماتی لەگەڵ تالیبان دەستپێكرد، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وڵاتێك تەنانەت چینیش بە فەرمی دانی بە حكومەتی تالیباندا نەناوە.
درەو: بە پێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی ناردووە، ئاماژە بەوە دەكات یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیەو سەرۆكی ئێستای "بافڵ تاڵەبانی"ە. بە پێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆ كە ئاراستەی دادگای بەرایی سلێمانی كردووە و كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، ئاماژە بە نوسراوێكی دادگای سلێمانی دەكات كە لە رۆژی 3/10/2022 ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە سەبارەت بە خاوەندارێتی یەكێتی لەرووی یاساییەوە كە بەناوی كێوەیە، لە رۆژی 6/10/2022 بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی لیوا هەڵۆ سەعید كە بە هەڵۆ قەرەناوی ناسراوەو سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە وەڵامی دادگای سلێمانی داوەتەوەو نوسیویەتی: حزبی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆڵەتی یاسایی وەزارەتی ناوخۆی هەیە بە ژمارە (1208) لە 6/8/1994، سەرۆكی ئێستای حزبەكە ( بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە. (درەو) زانیویەتی بەهۆی دەركردنی ئەم نوسراوەوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ هۆشداری داوەتە لیوا هەڵۆ قەرەناوی و پێی راگەیاندووە نوسراوەكە بەبێ ئاگاداری وەزارەت كردووە. ئەم نوسراوە سەرچاوەی ئەو كێشانەیە كە بەم دواییەو جارێكی تر سەبارەت بە خاوەندارێتی و كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سەری هەڵداوەتەوە، ئێستا كەیسەكە سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جوڵێندراوە، لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش تاوتوێ دەكرێت و چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە بەردەم كۆمسیۆن لەم دۆسێیەدا لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شایەتیان داوە. لاهور شێخ جەنگی لەرێگەی ئەم كەیسەوە دەوێت بە شێوەیەكی یاسایی جارێكی تر دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكی یەكێتی وەربگرێتەوە.
(درەو): چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە بەغداد، لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتەیان لێوەرگیراوە، بڕیاربوو قوباد تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح لە هەولێر كۆببنەوە، بەڵام كۆبونەوەكە بەھۆی گومانەكانی چەتۆ ساڵحەوە نەكرا. بەپێی بەدوادچوونەكانی (درەو)، بەمدواییە چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی ھەرێم و سێ ئەندامی تری سەركردایەتی یەكێتی چونەتە بەغداد، لە فەرمانگەی حزبە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتەیان لێوەرگیراوەو لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە "هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی و دەركردنی ھاوسەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتی لە حیزب" شایەتیان داوە. (درەو) زانیویەتی، لیژنەیەك لە فەرمانگەی پارتە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر بنەمای وتەی ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی راپۆرتێكیان بەرزكردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگی لەسەر بدەن، چەتۆ ساڵح وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی چوار وتەی لێوەرگیراوە، هەوڵی ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتیەی یەكێتی سەرۆك و كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەران كردووەو چاوەڕوان دەكرێت فەرمانی دەركردنیان لەیەكێتی بۆ دەربكرێت. بڕیار بوو دوێنێ قوباد تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح كۆببنەوەو گفتوگۆ بكەن، بەڵام كۆبوونەوەكە نەكرا، سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند" نوسینگەی قوباد تاڵەبانی پەیوەندییان بە چەتۆ ساڵحەوە كردووە، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە كاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كۆببێتەوە، بەڵام چەتۆ ساڵح لەكاتی دیاریكراودا نەچووە بۆ كۆبوونەوەكە، گومانی هەبووە لە كۆبوونەوەی هەندێك هێز لەدەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر، بۆیە بە نامەیەك نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ناتوانێت بچێتە بارەگای مەكتەبی سیاسی و داوای كردووە كۆبونەوەكە لە ماڵەكەی خۆی بەڕێوەبچێت. چەتۆ ساڵح گومانی هەبووە، ئەو هێزە لە دەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسی بووە ئامادەكاری بوو بێت بۆ دەستگیركردن و گەڕاندنەوەی ئەو بۆ سلێمانی، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بابەتەكە بە (درەو)ی راگەیاند، هێز لەو ناوچەیە نەبووەو تەنیا پاسەوانی بارەگای مەكتەبی سیاسی و پاسەوانەكانی قوباد تاڵەبانی لەوێ بوون. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا چەتۆ ساڵح وەكو بریكاری وەزیری ناوخۆ دەوامی خۆی دەكات لە وەزارەت و ئامادەنیە پابەبەند بێت بە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە. لە دوای دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگەو (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆی راگەیاند چیتر نەچنەوە بۆ دەوامكردن لە وەزارەتەكانیان لە ھەولێر، دوای نزیكەی مانگێك لە پابەند بوون بە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی، شۆڕش ئیسماعیل چووەوە هەولێرو لەوێوە بۆ دەرەوەی وڵات، چەتۆ ساڵحیش چووە دەرەوەی وڵات و لەوێوە گەڕایەوە بۆ هەولێر. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چەتۆ ساڵح ئامادەنەبوو دەستلەكاربكێشێتەوەو لای كەسە نزیكەكانی وتوویەتی"هیچ بیانوویەك نیە تا دەستلەكاربكێشێتەوە"، لەبەر ئەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی نەنوسیوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆش ئامادەنییە دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بكات. سەبارەت بەوەی بۆچی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیلی پەسەندكردووە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران بە (درەو)ی وت:"شۆڕش ئیسماعیل پێشتر خۆی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە، ئەگەر خۆی دەستیلەكارنەكێشایەتەوە مەسرور بارزانی ئامادەنەدەبوو دەستی پێ لەكاربكێشێتەوەو نامەی بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەدەنوسی بۆ پەرلەمانی كوردستان. سەرچاوەیەكی نزیك لە شۆڕش ئیسماعیل بە (درەو)ی راگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەكەی شۆڕش ئیسماعیل ئارەزوومەندانە نەبووەو لەژێر فشاری سەرۆكی یەكێتی و بارودۆخی ناوخۆی یەكێتیدا بووە، هەرچەندە لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەییدا ئاماژەی بە هیچ فشارێك نەكردووە. لە رۆژی 9/8/2022 شۆڕش ئیسماعیل نامەی دەسلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كردووەو تیایدا نوسیویەتی" رێگرییەكان گەورەتر بوون لە هەنگاونان بەرەو هێزی نیشتمانی و نیزامی، بۆیە داوای لێبوردن دەكەم و دەستلەكار دەكێشمەوە". رەنگە ئەو رێككەوتنەی كە باس دەكرێت لە نێوان یەكێتی و پارتی كراوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، پێناچێت وەك خۆی جێبەجێبكرێت، بەتایبەتیش گۆڕانكارییەكان تەنیا دانانی شوێنگرەوەكانی (شۆڕش ئیسماعیل و خالید شوانی) دەبێت لەپەرلەمانی كوردستان. ئەم گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە تا ئێستا قوباد تاڵەبانیش ئامادە نیە بگەڕێتەوە بۆناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشتر سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە (درەو)ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەمەش پێچەوانی ئەو لێدوان و قسەوباسانەیە كە باس لەوە دەكرێت یەكێتی و پارتی رێككەوتنی كۆتاییان كردووەو چاوەڕێی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولاو پەرلەمان دەكەن جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان.
درەو: بەدواداچوونی: رێكخراوی رونبیین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت دوو دامەزراوەی جیهانی یەکێک نەرویجی و ئەویتر ئەمریکی لە راپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە، بڕی ڕاستەقینەی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان ٤٥ ملیار بەرمیل نییە بەڵکو نزیکەی ٤ ملیار بەرمیلە. هەردوو دامەزراوەی ڕیستاد و ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی جیادا ڕایانگەیاندووە، بڕی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلە. ڕاپۆرتەکان کە کۆتای مانگی حوزەیران و سەرەتای تەموزی ٢٠٢٢ بڵاوکراونەتەوە دووپاتیان کردۆتەوە کە بڕی ئەو یەدەگانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناگرێتەوە. ئەو دوو دامەزراوەیە لە ڕاپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە بەپێی هەندێک خەمڵاندن ٤٥ بەرمیل نەوت لە هەرێم هەیە بەڵام خەمڵاندنەکە ئەو یەدەگانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا نەسەلمێنراون و هەروەها یەدەگی نەوتی خاو لە ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە دەگرێتەوە کە لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ەوە کورد کۆنترۆڵی لەدەستداوە . بەوپێیە گەر ئاستی نەوتی هەرێم لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە و زیاد نەکات ئەوا تا ٢٤ ساڵی تر نەوت بەرهەم دەهێنرێت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ی هەرێم لە پێگەی فەرمی خۆی یەدەگی خەمڵێنراوی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە ٤٥ ملیار بەرمیل دیاری کردووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوچەکە بەهرەمەندە بە بڕێکی زۆر لە یەدەگی گازی سروشتی کە دەکرێت هەناردەی دەرەوەی عێراق بکرێت. ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا U.S.EIA جەختی لەوە کردووەتەوە لە پێناو هەناردەکردنی یەدەگی غازی سروشتی ناوچەکە بەتایبەتی بۆ تورکیا و ئەوروپا، بڕێکی زۆر وەبەرهێنان پێویستە و دەبێت بۆرییەکی نوێی غاز دروست بکرێت. بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لەو ئاستەنگانەیە کە پەرەپێدانی کەرتی وزەی هەرێم ڕادەگرێت. بەپێی راپۆرتەکەی ریستاد ئێستا کۆی گشتی ئەو نەوتەی دەتوانرێت دەربهێنرێت لە سەرانسەری جیهاندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٩% کەمترە و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی دروست کردووە. کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی Rystad Energy کۆمپانیایەکی سەربەخۆی توێژینەوەی وزە و بازرگانییە و بارەگا سەرەکییەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە. ریستاد گەورەترین کۆمپانیای ڕاوێژکاری وزەی سەربەخۆیە و کۆمپانیایەکی شیکاری پێشەنگی جیهانییە بۆ پیشەسازی نەوت و گاز. کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی سەرەکی شیکاری نەوت و گاز دابین دەکات، بەڵام شیکردنەوەی وزەی نوێبووەوە و شیکاری دەردانی کاربۆن دەکات .جگە لە کۆمپانیاکانی نەوت و خزمەتگوزاری نەوت و دارایی، کڕیارەکانی بریتین لە دامەزراوەکانی وەک ئۆپێک، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بانکی نێودەوڵەتی.
درەو: ئەڤین گۆیی كە 23ی مانگی رابردوو لە هێرشەكەی ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایە لە پاریس تیرۆركرا، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكەیەو یەكێك بووە لەسەركردە باڵاكانی پەكەكە. ئەمڕۆ تەرمی ئەڤین گۆیی گەیشتەوە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی مەراسیمی ماڵئاوایی لەسەر تەرمەكەیكرا، مزگەوتی ئەحمەدی حاجی رەشید بەرامبەر تەلاری هونەرە بە دووری (30) مەتر، كە هاوكات مەراسیمی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی بەڕێوە دەچوو، بەشێكی زۆری سەركردەی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان تیایدا بەشداربوون. مەدینە كارا پوری ئەڤین گۆیی لە مەراسیمی ماڵئاوایی تەرمی ئەڤین گۆیی لە شاری سلێمانی رایگەیاند، وەك كەسوكاری ئەڤین و بنەماڵەكەی بەخێرهاتنەوەی ئەڤین دەكەم بۆ باشوری كوردستان و بەخێرهاتنی خەڵكی باشور دەكەم، شەهیدبوونی ئەڤین لە هەر چوار پارچەی كوردستان پیرۆز دەكەم، چونكە ئەو بۆ چوار پارچەی كوردستان شەهید بووە، داوا لە خوادا دەكەم خوێنی ئەڤین بە فیڕۆ نەچێت چونكە ئەڤین تەنیا شەهیدی یەكەمی بنەماڵەكەمان نییە، بەڵكو لە بنەماڵەكەماندا تائێستا ٦٠ رۆڵەی دیكەمان بۆ چوار پارچەی كوردستان شەهید بوون. دواتر پاشان تەرمی شەهید ئامینە كارا بەرەو قەندیل بەڕێكرا. ئەڤین گۆیی ناسراو بە (ئامینە كارا) لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی هیلال سەبار بە ناوچە قالبان لە پارێزگای شێرناخ لە دایك بووە، ماوەی 34 ساڵ گەریلاو فەرماندەبووە لەناو ریزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و دواین پلەی ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە بووەو لە رۆژی 23ی مانگی رابردوو لە هێرشەكەی ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایە لە پاریس تیرۆركرا.
درەو: مانگی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان (38%)ی نەوتەكەی بە ئیسرائیل فرۆشتووەو (10%)ی بە وڵاتی چین. حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگی رابردوو (12/2022) بڕی (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووەو لەو ژمارەیە (4 ملیۆن و 650 هەزار) بەرمیل نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە بەرێژەی (38%)ی نەوتەكەی. لە دوای ئیسرائیل كرواتیا دێت كە مانگی رابردوو ( 2 ملیۆن و 230 هەزار) بەرمیل نەوتی لە نەوتی هەرێمی كوردستان كڕیوە بەرێژەی (18%) ئیتالیا بەپلەی سێیەم دێت لە كڕینی نەوتی هەرێم كە ( ملیۆنێك و 700) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (14%) مانگی رابردوو تایوان (2) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (16%) چین لە مانگی رابردوو (ملیۆنێك و 250 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (10%) رۆمانیا بڕی (650) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەرێژەی (4%) ئەم خشتەیە وردەكاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی كانونی یەكەمی 2022 ئامادەكردنی: ئەنوەر كەریم
درەو: ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوەو دواتریش پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكان كۆببێتەوە. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەی ئەم وەزیرانەی پەسەندكردووە (شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد) و نوسراوی شوێنگرەوەكانیشیانی ناردووە بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ متمانەدان پێیان ئەوانیش: • رێباز بێركۆتی بۆ شوێنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل لەژێر فشاری سەرۆكی یەكێتی دەستلەكاركێشانەوەی نوسیوە). • ئەحمەد كانی بۆ شوێنی پشتیوان سادق بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف (پشتیوان سادق بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بۆیە دەستلەكار دەكێشێتەوە) • ئەحمەد عەسكەری بۆ شوێنی خالید شوانی بۆ پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری هەرێم و بەغداد (خالید شوانی بووە وەزیری دادی عێراق) . هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی شوێنگرەوەی وەزیرەكان، لە پارلەمانی كوردستانیش پارتی چەند ئاڵوگۆڕێك دەكات لەوانە: • هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكاردەكێشێتەوە، دەبێت لەپەرلەمان پەسەند بكرێت. • زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەچێتە شوێنەكەی، دەبێت لە پەرلەمان هەڵبژێدرێت. • لیزا كاكەیی بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشتەوە، پێویستە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت • جوان رۆژبەیانی بووەتە ئەندامی ئەحتیاتی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشێتەوە، پێویستە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا لە پشووی پایزەیدایە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لەدوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی (ئەگەر بكرێت)، پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە كۆببێتەوە، هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتاران بەبۆنەی پشووەكانی سەری ساڵەوە لەدەرەوەی وڵاتن و چاوەڕوانی گەڕانەوەیان دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی نێوانیان، كە كۆمەڵێك فایلی جیاواز لە خۆ دەگرێت، خۆ ئەگەر بیانەوێت سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوا پێویستی بە رێككەوتنێكی گشتگیر هەیە هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان كە لە ساڵی 2005 لەلایەن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانیەوە واژۆی لەسەركرا. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) وت ئەگەری كۆبوونەوە هەیە بەڵام ئەگەری رێككەوتنی تەواوەتی بەدوور دەزانم، چونكە تا ئێستا نیەتێكی جدی نابینرێت بۆ رێككەوتن تەنیا هەڵمەتی راگەیاندنی نێوانیان راگیراوەو بڕیاری گۆڕانكاری پۆستەكان دراوە، بەڵام لەسەر فایلی دارایی و ئەمنی و پرسی هاوكارجاف و دژەتیرۆرو پێشمەرگەو دەسەڵاتەكان و دوو ئیدارەیی و دەیان فایلی تر هەر باسی نەكراوەو قوباد تاڵەبانیش نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. دوێنێ سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی سەعدی ئەحمەد پیرە كە راگەیاندبوو "قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران" رایگەیاند: قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداری كردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەو لێدوانە ئاماژەیەكی روونە كە ئاماژەكانی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر فایلەكان لاوازن، (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كرد ئەوان نەیان شاردەوە كە قوباد تاڵەبانی نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران هەتا دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، چونكە ئەو هیچ هەنگاوێكی جدی نابینێت لەلایەن مەسرور بارزانیەوە بۆ چارەسەری كێشەكان و رێخۆشكردن بۆ كاركردنی هاوبەش بەیەكەوە، مەسرور بارزانی خۆی بڕیار دەدات و بەشی هاوبەشەكانی نەهێشتووەتەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە مەسرور بارزانی بە (درەو)ی راگەیاند: تا ئێستا مەسرور بارزانی بەرەسمی هیچ نیگەرانی و داواكارییەكی لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە پێنەگەیشتووە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی قسەو گلەیی هەیە با بێت لە ئەنجومەنی وەزیران بیخاتە روو یاخود پێكەوە تابنیشین و گفتوگۆی لەسەر بكەین. سەرەرای ئەو گۆڕانكارییانەی كە بڕیارە لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت پرسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەو كشاوەكانیش كەیسێكەو لەبەردەم سەرۆكایەتی پەرلەماندایە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پرسی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە، لە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بڕیاری لەسەر بدرێت كە لەكۆبوونەوەی تایبەت بە گۆڕانگاریە وزارییەكان بخرێتە دەنگادنەوە، یاخود دوابخرێت بۆ وەرزی یاسادانانی بەهارەی پەرلەمان كە لە 1/3/2023 دەستپێدەكات، هاوكات دۆسیەی پەرلەمانتارە كشاوەكانی (كۆمەڵ و نەوەی نوێ و سەربەخۆ و سی پەرلەمانتاری گۆڕان) بۆ دوابخرێت بۆ كۆتایی پشووی پەرلەمان و دەستپێكردنی وەزری یاسادانانی بەهارەی پەرلەمانی كوردستان، چونكە جگە لە شایان عەسكەری كە دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرا، ئەوانەی دیكە تا ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن.
درەو: سبەینێ لە یادی سێیەمین ساڵەی كوژرانی قاسم سلێمانیدا مەراسیمی تایبەت لە سلێمانی و هەولێر رێكدەخرێت. سبەینێ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی و لە هۆتێل شیراتۆنی شاری هەولێر مەراسیمی تایبەت بە سێیەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی رێك دەكخرێت، بە پێی زانیارییەكان مەراسیمەكان رێكخراون و ئێرانیەكان میوانن تیایداو بانگهێشتنامە بۆ زۆربەی سەركردەو بەرپرسە حزبی و حكومیەكان نێردراوە. ئەمڕۆش لە شاری تاران ئەدهەم بارزانی وەك تاكە سەركردە لە هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە كوژرانی قاسم سلێمانی كرد . قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە رۆژی 3/1/2020 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە كوژرا. یادكردنەوەی ئەمساڵی كوژرانی قاسم سلێمانی هاوكاتە لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە تا ئێستا (128) هاوڵاتی شەهیدبوون و زیاتر لە (3) هەزار هاوڵاتی برینداربوون و (2 هەزارو 212) هاوڵاتی كوردیش دەستگیركراون.
درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم كۆی داهاتی مانگی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (857) ملیار دینا بووە، هەرێم بە بەهای (ترلیۆنێك و 224 ملیار) دینار نەوتی فرۆشتووە،بەڵام (538) ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە. پوختە داهاتی نانەوتی • داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم بۆ مانگی کانونی یەکەم = (287 ملیار) دینارە (بەپێی دوا لێداوانی وەزیری دارایی هەرێم) • یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار • پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (0) دینار داهاتی نەوت (ههناردهی دهرهکی به بۆری) • هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی یەکەمی (2022)دا بڕی (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. • تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی کانونی یەکەم (80.91) دۆلارە. • لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (68.91) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل X (68.91) دۆلار = (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 224 ملیار و 513 ملیۆن و 472 هەزار) دینار. • بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. - کەواتە: (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار X (56%) = (472 ملیۆن و 915 هەزارو 548) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (472 ملیۆن و 915 هەزارو 548) دۆلار X ((1450 دینار = (685 ملیار و 727 ملیۆن و 544 هەزار و 600) دینار خەرجی نەوتە. - (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50) دۆلار X (44%) = (371 ملیۆن و 576 هەزارو 502) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (371 ملیۆن و 576 هەزارو 502) دۆلار X (1450) دینار= (538 ملیار و 785 ملیۆن و 927 هەزار و 900) دینار. کۆی داهات لە مانگی کانونی یەکەم 2022 (دینار) (538 ملیار و 785 ملیۆن و 927 هەزار و 900) داهاتی نەوت + (287 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (857 ملیار و 285 ملیۆن و 927 هەزار و 900) دینار ئەم خشتەیە وردەکاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی کانونی یەکەمی 2022
شیكاری: درەو داهات و خەرجی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 1/1/2022 – 31/12/2022؛ 🔹 پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بریتیی بووە لە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 🔹 لە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتیەوە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) حکومەتی هەرێم (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار داهاتی هەبووە. 🔹 کۆی داهاتی (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 🔹 کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. 🔹 حکومەتی هەرێم بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی). یەکەم؛ پوختەی داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 پاڵپشت بە زانیارییەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وربینی نەوتی هەرێم هەردوو چارەکی یەکەم و دووەم (نیوەی یەکەم)ی 2022، پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم، دوای لێدەکردنی خەرجی نەوت و دانەوەی بەشێک لە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم، بڕی؛ (2 ملیار و 915 ملیۆن و 826 هەزار و 507) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (4 ترلیۆن و 227 ملیار و 948 ملیۆن و 435 هەزار و 150) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا، بریتی بووە لە (106.92) دۆلار ، حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (93.56) دۆلار فرۆشتووە، واتە بە زیاتر لە (13) دۆلار کەمتر نەوتی هەرێم فرۆشراوە. بۆ نیوەی دووەمی ساڵی (2022) تا ئێستا حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم بە هەمان ئاستی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نەوتی فرۆشتبێت و بەهەمان بڕی نیوەی یەکەم خەرجی پرۆسەی نەوت بووبێت کە (56%)ە، ئەوا داهاتی نیوەی دووەم کەمتر دەبێت لە نیوەی یەکەم چونکە تێکڕای نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە نیوەی یەکەم هەر بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (13.18%) بەهاکەی لەدەستداوەو تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت (94.59) دۆلار بووە، بۆیە حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (13.36) دۆلار کەمتر فرۆشتووە. بەم پێیەش پوختەی داهاتی نەوتی هەرێ لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەڕێژەی (13.18%) کەم دەکات و دەگاتە (2 ملیار و 531 ملیۆن و 606 هەزار و 57) دۆلاری داهاتی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (3 ترلیۆن و 670 ملیار و 828 ملیۆن و 782 هەزار و 47) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. کەواتە کۆی پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 1/1/2022 – 31/12/2022 بریتییە لە (5 ملیار و 447 ملیۆن و 432 هەزار و 564) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ کۆی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی نەوت (5) سەرچاوەی داهاتی نانەوتی هەیە کە بریتین لە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) کۆی ئەم داهاتانەش لە تەواوی ساڵی (2022) بەم شێوەیە بووە؛ 1. داهاتی گومرگ؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (140 ملیار) دیناری لە داهاتی گومرگەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار. 2. داهاتی باج؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (60 ملیار) دیناری لە داهاتی باجەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (720 ملیار) دینار. 3. داهاتی ڕەسم؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (200 ملیار) دیناری لە داهاتی ڕەسمەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (2 ترلیۆن 400 ملیار) دینار. 4. هارکاری هاوپەیمانان؛ لەلایەن هاوپەیمانانەوە مانگانە بڕی (31.5 ملیار) دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکرێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (378 ملیار) دینار. 5. پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق؛ لە ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ هیچ بڕە بودجە و پشک و سلفەیەکی لە حکومەتی ناوەندی وەرنەگرتووە. کەواتە کۆی داهاتی نانەوتی لە تەواوی (2022)دا بەسەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتییەوە بریتی بووە لە (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ کۆی خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 بەشی هەرە گەورەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، پاشان لە داهاتی گشتی مانگانە بڕێک بۆ خەرجی بۆ بەگەڕخستنی وەزارەتەکان دابین دەکرێت بە جۆرێک؛ 1. خەرجی موچە؛ کۆی خەرجی موچەی موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (910 ملیار) دینارە، حکومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2022) تەنها (11) موچەی خەرجکردووە ، بەم پێیەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرجی دابینکردنی موچە ڕۆشتووە بریتیە لە (10 ترلیۆن و 10 ملیار) دینار. 2. خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان؛ حکومەتی هەرێمی مانگانە بڕی (100 ملیار) دینار بۆ دابینکردنی خەرجی وەزارەتەکان تەرخان دەکات و لە تەواوی ساڵەکەدا بڕی (1 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بۆ ئەم مەبەستە بە خەرج دراوە. کەواتە کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ کۆی گشتی؛ داهات، خەرجی و بڕی سەرڕێژی داهاتی هەرێم 1/1/2022 – 31/12/2022 وەک لە بەشەکانی سەرەوە ئاماژەمان پێدا داهات و خەرجی و سەرڕێژی دهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی ساڵی (2022) دا بەم شێوەیەیە؛ 1. کۆی گشتی داهات (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 2. کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆرانی هەرێم و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان لە تەواوی ساڵدا بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. 3. کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی) بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)) خشتەی ژمارە (4) سەرچاوەکان - ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/RCOG%20Q1%202022%20Report%20on%20Oil%20and%20Gas%20review.pdf - ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی ٢٠٢٢ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/FINAL%20Q2%202022%20Public%20Report.pdf - عومەر گوڵپی، خستنەڕووی داهات و خەرجی حکومەت و چارەنووسی مووچەی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٢)، (کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی) 25/12/2022؛ https://www.youtube.com/watch?time_continue=527&v=UfB0-wMrfGg&feature=emb_logo - Country Economy, Europe Brent Spot Price FOB 2022; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent