Draw Media

درەو: پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لە پرسی پێكهاتەكان بە هەموو پرسەكانی دیكە رازیە (فرە بازنە یان یەك بازنە، هەمواری یاسای هەڵبژاردن، شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن). رۆژی چوارشەممەی رابردوو مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەسەر پرسی هەڵبژاردن و رایانگەیاندووە كە دەبێت لەمساڵدا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و چیتر دوانەخرێت. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان رازی بووە لەسەر هەموو هەنگاوەكانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن، (فرە بازنەبێ یان یەك بازنە) یاسای هەڵبژاردن هەموار دەكرێتەوە یان وەك خۆی دەبێت، شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، بەهەموو ئەوانە رازیە، تەنیا رازی نیە بە دەستكاریكردنی كورسی پێكهاتەكان. بڕیارە سبەینێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆببنەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و گفتوگۆكردن لەسەر شێوازی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.  لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردن لەسەر چەند خاڵێك ناكۆكن: •    هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن هەموار بكرێتەوەو هەندێك لەگەڵ ئەوەیە بە هەمان یاسا بكرێت. •    تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن بە هەمان تۆمار بكرێت و هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن بە تۆماری بەغداد بكرێت •    شێوازی هەڵبژاردن  هەندێك لایەن لەگەڵ فەر بازنەن، هەرێمی كوردستان دابەشبكرێت بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن وەك پێشتر بەیەك بازنەی هەڵبژاردن بكرێت. •    كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كە وادەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن بەسەرچووە، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن بە هەمان پێكهاتە كارا  بكرێتەوە، هەندێك لەگەڵ ئەوەن هاوشێوەی بەغداد ژمارەیەك دادوەر دابنرێن، هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن ئەندامانی نوێ دابنرێن لە كۆمسیۆن.  •    پرسی كورسی پێكهاتەكان، كە بەشێك لەلایەنەكان لەگەڵ ئەوەن شێوازی هەڵبژاردن و كورسی پێكهاتەكان دەستكاری بكرێت و شوێنی جوگرافیایان و پێكهاتەی تریش كورسی پێبدرێت، بەڵام هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن نابێت كورسی پێكهاتەكان دەستكاری بكرێت.   


درەو: نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی كرد بۆ هەولێر، بانگهێشتەكە شكستیهێنا، ئومێد خۆشناو رایگەیاند دووشەممە لە یاریگای فرانسۆ هەریری پێشوازیان لێدەكەین، دواتر پۆستەكەی سڕیەوە.  دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق كردوو بانگهێشتی كردن بۆ هەولێر، ئەوانیش رەزامەندیان نیشاندا بە بانگهێشتەكە.  ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە" پیرۆزبایی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەكەین و رۆژی دووشەمە كاتژمێر (2:30 ) لە یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر بە ئاهەنگێك پێشوازیان لێدەكرێت". دوای چەند كاتژمێرێك ئومێد خۆشناو دەقی نوسینەكەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك سڕیەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆسەوە نیگەرانی لەو بانگهێشتە دەربڕیوەو رایگەیاندووە نابێت پێشوازی و ئاهەنگ بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق. هەربۆیە شوێنی پێشوازی لە یاریزانان لە یاریگای فەەنسۆ هەریری هەڵوەشایەوەو، دواتر شوێنی پێشوازیەكە گۆڕدرا بۆ بەردەم قەڵای هەولێر، دواتر بڕیاردراوە بانگهێشتەكە هەڵبوەشێندرێتەوەو پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق نەكرێت. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند نێچیرڤان بارزانی زۆر توڕەو نیگەرانە لەوەی بانگهێشتیی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقی كردووەو بانگهێشتەكە هەڵوەشاوەتەوە، مەسرور بارزانی و مەسرور بارزانیش توڕەیە لە بانگهێشتی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ هەولێر، بەبیانووی ئەوەی جەماوەر و لایەنگرانی پارتی نیگەرانن لە پێشوازی لە یاریزانانی عێراق و هەڵكرتنی ئاڵای عێراق لە هەولێری پایتەخت و بەتایبەتیش لە یاریگای فرەنسۆ هەریری كە شوێنی ئاهەنگی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 بووە. سبەینێ وادەی بانگهێشتەكەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ هەولێر، تا ئێستا لەسەر شێوازی پێشوازیەكە رێكنەكەوتوون، تەنانەت باس لەوەش دەكرێت رەنگە بانگهێشتەكە هەر هەڵبوەشێتەوە چونكە تا ئێستا مەسرور بارزانی رەزامەندی نەنواندووە لەسەر ئەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بێنە هەولێر. 


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   هیچ کۆمەڵگایەک نییە تەنها یەکجۆر ئەخلاق و یەکجۆر تێڕوانینی ئەخلاقیی تێدابێت. ھەرکاتێک باسی کۆمەڵگامان کرد، باس لە مرۆڤ وەک تاکەکەس ناکەین، بەڵکو باس لە مرۆڤەکان دەکەین بە کۆ، مرۆڤەکان بەیەکەوە. ئەمەش وادەکات کۆمەڵگا یەکسانبێت بە بوونی خەڵکانی جیاواز و زمانی جیاواز و ڕوانینی جیاواز و دونیابینی جیاواز. هەموو بە تاککردنێکی کۆمەڵگا و هەموو وێناکردنێکی کۆمەڵگا وەک تاکەکەسێکی گەورە، واتە وەک وەک گشتێکی لێکچوو، بە ناچاریی بەرەو پەڕگیریی و توندوتیژیی و سڕینەوەی جیاوازەکانمان دەبات. بە کورتیی کەی باسی کۆمەڵگامان کرد باسیی جیاوازیی دەکەین، یان لانیکەم باسکردنی جیاوازیی یەکێک دەبێت لە بابەتە ھەرەسەرەکییەکانی باسکردنی کۆمەڵگا.  بەڵام لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ھەندێک مەناخ و کەش و ھەوای گشتیش ھەیە، لەوانە بوونی «مەناخێکی ئەخلاقیی» کە هێڵە زۆر گشتییەکانی دەستنیشانکردنی ئەخلاقی گونجاو لەو کۆمەڵگایەدا، نیشانئەدات. دەستنیشانکردنی ئەم ھێڵە گشتییە ئەخلاقیانە، دەشێت، بۆ نموونە، لە ڕێگای دینەوە بێت، واتە ئەخلاقیاتێکی دینیی گشتیی بێ، بەڵام دەشێت لە ڕێگای دیدگای  ترەوەبێت کە نادینیی بن و بەمەش «ئەخلاقیاتێکی نادینیی گشتیی» دروستببێت، کە بۆ نموونە لەسەر بنەمای «مافەکانی مرۆڤ»، «ئەخلاقیاتی چاکەکاریی»، «ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتیی» ، یاخود «ئەخلاقیاتی زوڵم لەکەس نەکردن“ و ”دادپەروەرانە مامەڵەکردن»، کاربکات. لە هەموو ئەم دۆخانەدا، ئەوەی گرنگە مامەڵەنەکردنی نایەکسانیی مرۆڤە جیاوازەکانە، وێنانەکردنی ئەمیانە وەک بوونەوەرێکی کەمتر و نزمتر لەویتریان، یان پێناسکردنی ئەمیان وەک کەسێکی کەم مافتر و بێنرختر لەویتریان. جەوهەری ئەخلاق وێناکردنی مرۆڤە وەک مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتیشی وەک مرۆڤ. ھەموو سیستمە سیاسییەکانیش لە ”مەناخێکی ئەخلاقیی“ تایبەتدا دروستدەبن. دیموکراسیەت لەناو مەناخێکی ئەخلاقیدا لەدایکدەبێت و کاردەکات کە ڕێزی پلورالیزم و جیاوازیی بگرێت، مرۆڤەکان وەک بوونەوەری یەکسان و خاوەن ماف ببینێت و مامەڵەبکات. ھەرچی فاشیزمە منداڵی مەناخێکی ئەخلاقییە لەسەر سڕینەوەی جیاوازییەکان و پەکخستنی مافەکان و سڕینەوەی یەکسانکردنی مرۆڤەکان بەیەکتری، کاردەکات. لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیزمدا پێناسی مرۆڤبوون لەسەر بنەمای نەژاد دەستنیشاندەکرا. نەژادە جیاوازەکانیش نرخ و بەهای جیاوازیان هەبوو، هەندێکیان لەوانیتریان بەرزتر و هەندێکیشیان تەواو کەمنرخ و نزمتربوون. باوەڕیشیان وابوو پەیوەندیی نێوان نەژادەکان بریتییە لە ململانێ و پێکدادانی بەردەوام تا ئەو شوێنەی نەژادە باڵاکان بەسەر نەژادە نزمەکاندا سەردەکەون. لەم نەخشە نەژادییەدا «نەژادی ئاریی» وەک بەرزترین نەژاد و سەرجەمی نەژادەکانی تر وەک نەژدای کەمتر و نزمتر دەبینران و مامەڵەدەکران. ئەو مەناخە ئەخلاقییەی لەپاڵ ئەم ڕوانینە فاشستیەدا بۆ مرۆڤ دروستکرا، بریتیبوو لە مەناخی ”پاراستنی پاکژیی نەژادی ئاریی“ و ”ڕێگرتن لە تێکەڵبوونی بە نەژادەکانی تر“. هەروەها لەناوبردن و سڕینەوەی ئەو نەژادانەی لەناو ئەم مەناخە ئەخلاقیەدا بە نزمتر و کەمتر وێنادەکران و وەک مەترسیی بە کۆمەڵگا نیشانئەدران. ئەم ڕوانینە ملیۆنەها مرۆڤی جیاوازی خزاندە ناو کامپە زۆرە ملێکانەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیکیش کوژران و لەناوبران، زۆرینەی ئەوانەی لە کامپەکاندا کۆکرابوونەوە جولەکە و قەرەجەکان بوون، بەڵام کۆمۆنیست و مرۆڤە چەپگەرەکانیش لەناو ھەمان کامپی کوشتنی بە کۆمەڵدا کۆکرابوونەوە.   وەک ووتمان ئەو ”مەناخە ئەخلاقیی“ەی نازیزمی لەناودا دروستبوو پێی لەسەر پاراستن و پاکژڕاگرتنی نەژادی ئاریی دادەگرت، کە گوایە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوندایە. ئەم پاراستن و پاکژڕاگرتنە وەک تاکە کارێکی ئەخلاقیی راستەقینە و تاقە کارێکی بەرپرسیارانە، وێنادەکرا. لەناو ئەم مەناخە ئەخلاقیەدا لە سەر زۆرێک لە جامخانە و دەرگای چاخانە و چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان تابلۆ دادەنرا، کە لەسەری نووسرابو: «هاتنەژوورەوە بۆ جولەکە یاساغە». دواتریش یاسایەک دەرکرا رێی لەو کەسانە دەگرت کە گوایە نەخۆشی بۆماوەیی تایبەتیان هەیە نەھێڵن منداڵیان ببێت و نەوە بخەنەوە. بۆ نموونە کەسانێک نەخۆشی پەرکەم، یان نەخۆشی شیزۆفرینا، یان کوێربوون و کەڕبوونی بۆماوەیی، یان نەخۆشیی خەمۆکی. بە پێی ئەم یاسایە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٥ بۆ ١٩٤٠ زیاد لە نیو ملیۆن مرۆڤ بەزۆر خەسێندران. ھەر لە ساڵی ١٩٣٥ دا پاراستنی پاکژیی نەژادی ئاریی و «خوێنی ئەلمانی» بە یاسا پارێزرا، یاساکەش ناونرابوو «یاسای پاراستنی خوێن و شەرەفی ئەڵمان». بەپێی ئەو یاسایە تەنها ئارییەکان دەیانتوانی هاوڵاتی دەوڵەتی ئەڵمان بن. یاساغیش کرابوو ژنی ئەڵمان شوو بە پیاوانی نەژادە نزمەکان بکەن، یان پەیوەندیی خۆشەویستیان لەگەڵدا، دروستبکەن. دەرەنجامی دروستکردنی ئەم مەناخە ئەخلاقییە ئەوەبوو مافی هاوڵاتیبوون لەوانە بسێندرێتەوە کە بە نەژاد ئاریی نەبوون، لەوانەش جولەکەکان. لە دوای ئەم یاسایەوە ئیتر نەژادە نائارییەکان لە فەرمانگە فەرمییەکانی دەوڵەت دەرکران و کارەکانیان لێسەندرایەوە. ژنە ئەڵمانیەکانیش بۆیان نەبوو لای ئەو جولەکانە کاربکەن کە دوکان و بازاڕ و کارگەی تایبەت بەخۆیان هەبوو.   ئەوەی لەو مەناخە ئەخلاقییەدا سردرابووەوە بەرپرسیارێتی تاکەکەسەکان خۆیان بوو لەوەدا چۆن مامەڵەی ئەو دۆخە بکەن کە نازییەکان دروستیناکردبوو. گۆڕینی ئەوەی ڕوویئەدا گۆڕانی تاکەکەسبوو بۆ بوونەوەرێکی بێئیرادە و بێھەڵبژاردن و بێبڕیاری شەخسیی سەربەخۆ. نازیزم ”سیاسەتێکی خودسازیی“ ھەبوو کە تیایدا خود لە دەرەوەڕا دروستدەکرا، نەک ئەوەی کەسەکان خۆیان خۆیان دروستبکەن و خۆیان بچنە پەیوەندیەکی تایبەتەوە لەگەڵ خودی خۆیاندا. بەم کارەش نازیزم دژ بە جەوھەری ئەخلاق وەک ئەخلاق کاریدەکرد. بە مانایەکی دیکە نازیزم لەکاتێکدا ”مەناخێکی ئەخلاقیی“ تایبەتی دروستدەکرد کە بکرێت ئەو ھەموو تاوانەی لەناودا ئەنجامبدرێت، لە ھەمانکاتدا ئەو مەناخە ئەخلاقییە ئیشی ئەوەبوو نەھێڵێت ئەخلاق بە مانا ئینسانیی و تاکەکەسیەکەی، لەدایکببێت.  ئەخلاق بەر لەوەی پەیوەندیی کەسێک بێت بەو دەوربەر و ژینگە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەوە کە لەناویدا دەژیی، واتە بەر لەوەی پەیوەندییەک بێت مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دروستیبکات، پەیوەندییەکە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا دروستیدەکات. پەیوەندییەکە وا لە مرۆڤێک دەکات بەر لە ھەمووشتێک لە خەمی دروستکردنی خۆیدابێت وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار. بەم مانایە ئەخلاق لە ھەنگاوی یەکەمدا پەیوەندیی کەسەکانە بە خودی خۆیانەوە، پەیوەندەیی خودە بە خود خۆیەوە، مرۆڤە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دونیا ناوەکییەکەی خۆیدا. ئەخلاق لەم ڕوانینەدا ئیشکردنی ھۆشیارانە و ئامانجدارنەی مرۆڤە لەسەر کەسایەتی خۆی، بە مەبەستی ئەوەی کەسایەتی خۆی لەپاڵ کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقیدا دروستبکات. ئەخلاق چالاکیی بەرپرسیارانەی تاکەکەسە بۆ دروستکردن و داھێنانی خۆی وەک بوونەوەرێکی تایبەت و بەرپرسیار، نەک پەیڕەویکردنی ئەو ڕەچەتانەی کە چاوساغە دەرەکییەکان بۆی دروستدەکەن و چاوەڕواندەکەن پیادەیانبکات. بەم مانایە پەیوەندییەکی گەورە و بنەڕەتیی بە ئازادییەوە ھەیە. لە ڕاستیدا ئەخلاق مانایەکی نامێنێت کاتێک پیادەکردنی ئازادیی بنەما و کۆڵەکە سەرەکییەکەی، نەبێت. ئەگەر ئەخلاق کۆمەڵێک یاسا بێت و بەزۆر بەسەر مرۆڤەدا بسەپێنرێت، ئەگەر مرۆڤ ناچاربێت و نەتوانێت لێیاندەربچێت، ئیتر لەوە دەکەوێت ئەخلاق بێت. ئەخلاق کاتێک ئەخلاقە کە کەسەکان لە بڕیار و ھۆشیاریی و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیی خۆیانەوە دروستیدەکەن و پێیدەگەن، نەک کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا کە کۆمەڵێک چاوساغ لە دەرەوەڕا بەسەریدا بسەپێنن. دۆخی سەپاندنی ئەخلاق مانایەک بۆ ئەخلاق ناھێڵێتەوە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە مرۆڤ خۆی ئازادانە ھەڵیبژرێرێت بەو ھەڵبژاردنەشی خۆی بەر لە ھەموو کەسێکی تر خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی ببینێت.  دیوێکی تری ئەخلاق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەوەوە ھەیە مرۆڤ نەترسێت لەوەی ئەوەی بە ڕاستی دەزانێت بیڵێت و ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بەو شێوەیە وەسفبکات و بەو شێوەیە بناسێنێت، کە ئەو باوەڕی وایە بەو شێوەیەیە. ژینگەی ناشیرن و خراپ و خنکێنەر بە ناشیرین و خراپ و خنکێنەر ناوبنێت و ئەزموونی دژەئینسان و دژەماف بە دژەئینسان و دژەماف ناونووس بکات. واتە ئەوەی لە ئەخلاق چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام ڕاستیی بڵێت، ئەو شتەش ئەنجامبدات کە بەڕاستیی دەزانێت. بوێربێت و ھەقیقەت بڵێت، عەقڵی خۆی نەداتە دەستی ئەو چاوساغانەی پێیدەڵێن ھەقیقەت چییە و ئەخلاق چییە و مرۆڤ کێییە و پێویستە چۆن بژیی. ئەرکی یەکەمی ئەخلاق ھەڵسەگاندن و ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەو سنوورانەیە کە ساتەوەختێکی مێژوویی لەبەردەم ئازادییەکانی مرۆڤ و کەسەکاندا دروستیدەکات، بۆئەوەی نەتوانن خۆیان خۆیان بەو شێوەیە دروستبکەن و دابھێنن کە پێیانوایە بوونی ڕاستەقینە و قووڵی ئەوان، نمایش و بەرجەستەدەکات.  فاشیزم و نازیزم ئەو دوو شێوازەی ئەزموونی سیاسیین کە ھەموو ئازادییەکی خودسازیی و خۆناساندن لە مرۆڤ دەسێننەوە و ئەوان لە دەرەوەڕا پێیدەڵێن ئەو کێیە و کێ نییە، چ بەھا و نرخێکی ھەیە و پێویستە چ ئەرکێکیشی لەسەرشان بێت. ئەم جۆرە ڕوانینە بۆ مرۆڤ، مرۆڤ بەر لە ھەمووشتێک، وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی لەناودەبات. بەر لە ھەمووشتێکیش ئەخلاق بە مانا ڕاستەقینەکەی دەسڕێتەوە.  ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا پێویستە ڕووبدات سەندنەوەی ئەخلاقە لەو سوپا گەورەیە لە چاوساغی ئەخلاقیی کە لە پازدە بیست ساڵی ڕابوردودا دروستبووە. سوپایەک ئیشی ئەوەیە مرۆڤی کۆپیکراو دروستبکات.


 درەو: بەم دواییانە چەندین دراوی وڵاتانی عەرەبی ڕوبەڕوی زیانی توندبونەتەوە,  ئەوەش بووەتە هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی بژێوی و ئابوری بۆ وڵات و گەلەكانی بەهەمان ئاست, هەندێك لەوڵاتان ناچاربوون دراوەكەیان (تعویم) بكەن, واتە بەهای دراوەكەیان بەرامبەر بەدراوی بیانی ئازادبكەن و خواست و خستنەڕوو لەبازاڕدا بەهاكەی دیاریبكات و, حكومەت لەڕێی بانكی ناوەندییەوە هیچ دەستوردانێك نەكات, وڵاتێكی وەك عێراقیش كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی دراوی بیانیە لەناوچەكەو 100 ملیارد دۆلاری تێپەڕاندووە, تائێستا ڕێوشوێنەكانی حكومەت و بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی, سەركەوتوو نەبووە لەدانانی سنورێك بۆ بەرزبونەوەو هەڵبەزو دابەزی بەهای دۆلار.   درەو: دیارترین ئەو دراوە عەرەبیانەی كە گەیشتونەتە ئاستی مەترسی داڕمان: یەكەم: جونەیهی میسری بانكی ناوەندی میسر لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016وە, چوارجار بەهای دراوەكەی بەرامبەر دراوی بێگانە ئازادكردووە, كە دووجاریان لەساڵی 2022دا بووەو, لەمساڵیشدا جارێك. ساڵی 2022 بۆ جونەیهی میسری پێوانەیی بوو, جونەیه  بەداشكان لە 15.75وە دەستیپێكرد بۆ 18 جونەیه بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی, دوای بڕیاری بانكی ناوەندی بە ئازادكردنی بۆ نرخی بازاڕ لەمانگی ئازاری 2022, كە بەوەش 15% بەهاكەی لەدەستدا.  لەمانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ جارێكی تر بەتەواوی ئازادكرا بەوەش جونەیه 57% بەهاكەی لەدەستداو گەیشتە 24.7  جونەیه بەرامبەر یەك دۆلار.   لەمانگی كانونی 2023 جارێكی تر  بەهای جونەیه ئازادكرا, لەچوارچێوەی دانوستانەكانی حكومەت لەگەڵ سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی قەرزێكی نوێ‌ بە بەهای 3 ملیار دۆلار لەماوەی چوارساڵی داهاتوودا, بەپێی ڕێككەوتنەكە حكومەتی میسر پابەندبوو بە ئازادكردنی جاری چوارەمی جونەیه, بەوەش گەیشتە نزمترین ئاست و 32 جونەیهی بەرامبەر یەك دۆلار تۆماركرد, پێش ئەوەی نرخەكەی كەمێك باشبێت و بگرێتەوە 29.6 بۆ جونەیه . دووەم: لیرەی سوری لەكۆتایی ساڵی 2022دا, لیرەی سوری دابەزینێكی گەورەی بەخۆوەبینی, بەجۆرێك بەهاكەی گەیشتە 7200 لیرە بۆ هەر دۆلارێك, دوای ئەوەی سەرەتای ئەو ساڵە نرخەكەی 3500 لیرە بوو لەبازاڕی ڕەشدا, كە بەوەش 50% بەهاكەی لەدەستداو, نرخەكان بەرێژەی 50% بەرزبونەوە, كە وای لەسورییەكان كرد, ساڵی 2022 بە خراپترین ساڵی گوزەران وەسفبكەن لەدوای ساڵی 2011وە. لەسەر ئاستی فەرمیش, بۆ 3000 هەزار لیرە دابەزی بۆ دۆلارێك, لەبری 2500, هەروەك نرخی لیرە پاشەكشێی كرد لەنرخی بڵاوكراوەی تایبەت بە بانك و نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە 3015 لیرەوە بۆ 4522 لیرەو, نرخی كڕینی دۆلاریش بۆ ڕادەستكردنی حەواڵە هاتووەكان لەدەرەوە بە لیرەی سوری لە 3000 هەزار لیرەوە بۆ 4500 لیرەی سوری.  سێیەم: لیرەی لوبنانی بانكی ناوەندیی لوبنان لە 27ی كانونی یەكەمی ساڵی 2022دا, دابەزاندنی نرخی لیرەی لەسەر سەكۆی ئاڵوگۆڕی دراو ڕاگەیاند, بۆ 38 هەزار لیرە بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی, لەهەوڵێكدا بۆ دانانی سنورێك بۆ دابەزاندنی نرخی لیرە لەبازاڕی ڕەشدا. بانكەكە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: بانكی لوبنان لیرەی لوبنانی دەكڕێت و دۆلار دەفرۆشێت بە نرخی 38 هەزار لیرە بۆ یەك دۆلار, كەسەكان و دامەزراوەكان دەتوانن بەبێ‌ دیاریكردنی ژمارە, لەسەرجەم بانكەكانی لوبنان ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدەن.  ئەو هەوڵە شكستی هێناو, نرخی دۆلار لەلوبنان گەیشتە 50 هەزار لیرە بۆ یەك دۆلار, كە تائێستاش بەو نرخەیە. لیرەی لوبنانی دووچاری داڕمانی بەردەوامبووە لەساتەوەختی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەساڵی 2019وە, كە پێشتر نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی 2000 لیرە بوو, بەوەش نزیكەی 94%ی بەهاكەی لەدەستدا تا كۆتایی ساڵی 2022. دیناری تونسی دیناری تونسی لەكۆتایی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردودا دابەزی و نرخەكەی گەیشتە 3.309 بۆ هەر دۆلارێك, بەوەش بەڕێژەی 15% بەهاكەی لەدەستداوە بەبەراورد بەهەمان كات لەساڵی 2021دا. "موحسین حەسەن" شارەزای دارایی و وەزیری پێشوی بازرگانی دەڵێت: پاشەكشێی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار, ئاماژە دەكات بەوەی بانكی ناوەندی بەئاڕاستەی ئازادكردنی ڕانەگەیەندراوی دراو هەنگاودەنێت. ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو ئاستەنگە ئابورییەی ڕوبەڕوی یەكێتی ئەوروپا بووەتەوە, كاریگەری لەسەر دراوی تونسی دروستكردووە, بەهۆی ئەو پەیوەست بونە گەورەیەی لەنێوان ئابوری تونس و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆدا هەیە.  پێنجەم: دیناری عێراقی هێشتا نرخی دیناری عێراقی لەهەڵبەزودابەزدایە, سەرەڕای بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی عێراقی بە ڕاگرتنی بەهای دراو, دیناری عێراقی لە 26ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردودا بۆ 1560 بۆ هەر دۆلارێك دابەزی, بەر لەوەی كەمێك هەڵكشێتەوەو, بگاتە 1535 لە 29ی هەمان مانگدا. ئاژانسی هەواڵی عێراق لەزاری ئیحسان یاسری ڕاوێژكاری بانكی ناوەندییەوە بڵاویكردووەتەوە: بانكی ناوەندی كۆمەڵێك ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ دابینكردنی دراوی بیانی, ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی بەهای ئاڵوگۆڕ لەبازاڕە ناوخۆییەكاندا. شەشەم: دیناری لیبی هاوڵاتیانی لیبیا باجی دابەزینی بەهای دینار دەدەن, كە نرخەكەی لەسەرەتای ساڵی 2021دا بەڕێژەی 70% دابەزی لە 1.5 دینارەوە بۆ 4.83 دینار بۆ هەر دۆلارێك, بەپێی پلانێكی زەمەنی بۆ ماوەی 3 ساڵ كە حكومەتی لیبی دایڕشتووە. قەیرانی دینار قوڵتربوەوە, بەجۆرێك بەهاكەی لە 4.48وە بەرزبوەوە 4.99 بۆ هەر دۆلارێك لە 25ی ئەیلولی 2022, لەكاتێكدا نرخەكەی لەبازاڕی ڕەشدا لە 5.22 دینار جێگربووە. لەمانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ, ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی لیبیا نرخی دراوی هەمواركردەوەو, بووە 4.23 لەبری 4.48 بۆ هەر دینارێك. "مەراجع غەیس" ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكەكە ڕایگەیاندووە: نرخی دۆلار لە 4.23 دینار دەبێت, هەر سێ‌ مانگ جارێك پێداچونەوەی بۆ دەكرێت تاگەیشتنە نرخێكی هاوسەنگ, ئاماژەی بەوەشداوە, نرخە نوێیەكە لەسەر بنەمای دیراسەیەكی ئابوری داڕێژراوە كە ئەندامانی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی تاوتوێیان كردووە. حەوتەم:ڕیاڵی یەمەنی ریاڵی یەمەنی لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2022 پاشەكشێی تۆماركرد, كە بەگەورەترین دابەزین دادەنرێت لەماوەی 8 مانگدا, سەرچاوە بانكییەكان لەشاری تەعز ڕایانگەیاندوە: ریاڵی یەمەنی داڕمانێكی گەورەی تۆماركردووەو گەیشتوەتە 1225 ریاڵ بۆ یەك دۆلار لەمامەڵەكانی ڕۆژی 21 كانونی یەكەمی 2022دا, ئەوەش دوای ئەوەی بەشێوەیەكی ڕێژەیی لە 1100 و 1160 ریاڵ بۆ هەر دۆلارێك جێگیرببوو. ریاڵ زنجیرەیەك داڕمانی لەبەهاكەیدا بەخۆوە بینی و, بووەتە دراوی دووەمی مامەڵەكردن دوای دۆلار, بەشێكی زۆری بازرگان و خاوەنی خانوبەرەو زەوی و كەرتە فراوانەكانی كار, مامەڵەكردن بەریاڵ یەمەنی رەتدەكەنەوەو مامەڵە بەدۆلار دەكەن.  سەرچاوە: العربی الجدید


راپۆرت: درەو نەدیم زەهاوی وەزیرە كوردەكەی حكومەتی بەریتانیا گەندەڵییەكی نوێی ئاشكرابوو، خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە، پارتی كرێكاران داوای دورخستنەوەی دەكات، نەدیم یاخود ناوە راستەقینەكەی (نازم) هاوڕێی نزیكی بارزانییەكانە، دەستی لەناو نەوتی هەرێمی كوردستاندایە‌و لە كۆڕەوەكەی 1991ی كوردستانەوە دەستیكردووە به‌ پارە كۆكردنەوە‌و ئێستا دەوڵەمەندترین وەزیرە لە بەریتانیا، نازم زەهاوی كێیە ؟ چۆن دەوڵەمەند بوو ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  "5 ملیۆن پاوەند" نەدیم زەهاوی وەزیرە كوردەكەی حكومەتی بەریتانیا روبەڕووی شەپۆلێكی گەورەی رەخنەو ناڕەزایەتی بوەتەوە، میدیاكانی بەریتانیا دەڵێن دەركەوتووە خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە.  نەدیم وەزیری دەوڵەتە‌و سەربە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیایە، دەركەوتووە خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە‌و دوای ئەو لێكۆڵینەوانەی لەگەڵیدا كراوە، ناچاربووە بڕی (5 ملیۆن) پاوەند پارەی باج بۆ دامەزراوەی داهات‌و گومرگی بەریتانیا بگەڕێنێتەوە.  بەپێدانەوەی ئەو بڕە پارەیە، نەدیم هەموو ئەو قسەوباسانەی پشتڕاستكردەوە كە پێشتر لەسەری هەبوون‌و تۆمەتبار دەكرا بە خۆدزینەوە لە پێدانی باج. بەهۆی ئەو دۆخەی تێی كەوتووە، سەرۆكی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن داوای لە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كردووە، نەدیم لە حكومەت دوربخاتەوە.  هەندێك لە بەرپرسانی پارتی پارێزگاران هێشتا پاڵپشتی لە نەدیم دەكەن‌و دەڵێن ئەو شەفاف بووە‌و پارەكەی گەڕاندوەتەوە‌و كێشەكەی چارەسەر كردووە، دۆخی نەدیم زەهاوی پارتی پارێزگارانیشی لەبەردەم رایگشتی بەریتانیادا توشی شەرمەزاری كردووە.  نەدیم زەهاوی كێیە ؟ نەدیم زەهاوی، ناوە راستەقینەكەی (نازم)ە، ئەو تەمەنی 56 ساڵە، كوردی عێراقە، لە ساڵی 1976وە چووەتە بەریتانیا. وەكو ئەوەی باسدەكرێت باپیری نازم بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی عێراق بووە‌و كاتی خۆی دراوی عێراقی ئیمزای پاپیری ئەوەی بەسەرەوە بووە.  باوكی نازم پیاوێكی دەوڵەمەند بووە، ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتوەتە دەست، ترساوە لەوەی دەستگیری بكەن، بۆیە بڕیاریداوە عێراق بەجێبهێڵێت. نازم دوای ئەوەی چوەتە بەریتانیا، لە ناوچەی "ساسكس" ژیاوە‌و لە خوێندنگەی تایبەتی خوێندویەتی، بەڵام بەرلەوەی بگاتە زانكۆ، خێزانەكەی دوچاری كارەساتێكی دارایی بووە‌و یەكێك لە پرۆژە بازرگانییەكانی باوكی توشی داڕمان هاتووە، بەوهۆیەشەوە خێزانەكە مایەپوچ بوون‌و وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە جگە لە ئۆتۆمبیلێكی جۆری "ڤۆكسهۆل" هیچ شتێكیان نەماوە، نازم ئەو ئۆتۆمبیلەی وەكو تاكسی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی قوتی خێزانەكەی دابین بكات.  دایكی نازم بڕیاریداوە ئاڵتونەكانی خۆی بفرۆشێت بۆ ئەوەی كوڕەكەی بتوانێت خوێندنی زانكۆ تەواو بكات‌و ناچار نەبێت ئەوان بەخێو بكات، نازم چوەتە كۆلیژەوە لە لەندەن، ئەندازیاری كیمیایی خوێندووە، پاش تەواوكردنی خوێندن رووی لە جیهانی پارەو كار كردووە، كۆمپانیایەكی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمەكانی "تیلیتابیز"ی منداڵانی دروستكردووە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا ئەم بەرنامەیە زۆر بەناوبانگ بوو، جیفری ئارچەر كە یەكێك لە گەورە سیاسەتمەدارانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بوو، لە كۆمپانیاكەدا لەگەڵ نازمدا كاری دەكرد.  لەرێگەی ئەو ئاهەنگ‌و بۆنانەی كە ئارچەر رێكی دەخست بۆ میوانەكانی، نازم ئاشنای ژمارەیەكك لە سیاسەتمەدارانی بەریتانیا دەبێت بەتایبەتی لەناو پارتی پارێزگاراندا، لە دیارترینیشیان مارگرێت تاچەر سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا.  نازم لە 1994دا بووبە ئەندامی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە ئەنجومەنی شارەوانی (واندسوورس) لە باشوری لەندەن، دوای سێ ساڵ خۆی بۆ پەرلەمان كاندید كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. ساڵی 2010 جارێكی تر خۆی دایەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی‌و ئەمجارەیان سەركەوت.  نازم بۆ ماوەی 10 ساڵ زیاتر ئەندام پارلەمانی بەریتانیا بووە لەسەر پارتی پارێزگاران، بەم ساڵانەی دوایش چەندین پۆستی وزاری وەرگرتووە لەوانە وەزیری بزنس‌و ڤاكسین‌و بەمدواییەش بۆ ماوەیەك پۆستی وەزیری پەروەردەو دواتریش وەزیری دارایی بەریتانیای وەرگرت.  "لیمۆی كوردی" نازم خۆی بە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانێت‌و دۆستایەتییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ بارزانییەكان هەیە. ئەو بە دەوڵەمەندترین وەزیرو پارلەمانتار لە مێژووی بەریتانیادا دادەنرێت، ئەوەی دەزانرێت خاوەنی زیاتر لە (100 ملیۆن) پاوەندی ئاشكرایەو، موڵك‌و ماڵیكی زۆریشی هەیە كە كردوویەتی بەناوی (لانە سائیب)ی ژنیەوە، ئەمە جگە لە سەروەتێكی زۆری نادیار كە هاوشێوەی زۆرێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە دورگەكانی "كەیمان" دایناوە. لەبارەی چیرۆكی چۆنیەتی دەوڵەمەندبوونی نەدیم زەهاوی، دكتۆر (دانا حەمەعەزیز) لە وتارێكدا باسلەوە دەكات" بەهاری 1991 لەكاتی كۆڕەوەكەی كوردستاندا، نەدیم لەگەڵ (بروسك سائیب)ی ژنبرای‌و (جێفری ئارچەر)، بڕی (57 ملیۆن) پاوەندیان بەناوی ئاوارەكانی كۆڕەوەوە كۆكردەوە، لەم پارەیە، تەنها (250 هەزار) پاوەندی گەیشتوەتە ئاوارەكان".  "لە پرۆسەی ئەم پارە كۆكردنەوەیەدا، جێفری ئارچەر (نەدیم)ی ناونابوو (لیمۆی كوردی)و بروسك-یشی ناونابو (فاسۆلیای كوردی). دیارە ئارچەر سزای خۆی وەرگرت، بەڵام لیمۆو فاسۆلیا وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچون‌و بوون بە ملیۆنێر". كۆتاییەكانی ساڵی 2021، رۆژنامەی میرەری بەریتانی لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردبوو، نەدیم زەهاوی سەروەت‌و سامانێكی زۆر لەڕێگەی كۆمپانیایەكی نەوت لە كوردستان كۆدەكاتەوەو پرۆژەیەكی هاوبەشی هەیە لەگەڵ سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانیدا. راپۆرتەكە ئاشكرایكردبوو" زەهاوی 1.3 ملیۆن پاوەندی لە كۆمپانیایەكی نەوت دەستكەوتووە لە كاتێكدا كە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بووە، بەڵام توانیویەتی داهاتەكانی ئیشی دووەمی بەشاراوەیی بهێڵێتەوە لەژێر پەردەی كاری پەرلەمانتارییدا". زەهاوی ئەوكاتەی دەستیكردووە بە كاركردن لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ كۆمپانیای (گاڵف كیستۆن) كە خاوەنی كێڵگەی نەوتی (شێخان)ە لە كوردستان، بۆ هەر سەعاتێك بڕی 1000 پاوەندی وەرگرتووە.  رۆژنامەی میرەر دەڵێ" پاپیری زەهاوی سیاسییەكی باڵای عێراق بوو بەڵام لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا خێزانەكەی لە دەستی رژێمی سەدام هەڵهاتن. لە 2012 دا زەهاوی لە لێدوانێكدا دەڵێت كاتێك خێزانەكەی گەیشتنە كەناراوەكانی بەریتانیا تەنها 50 پاوەندیان پێبوو".


شیكاری:درەو پوختەی بەهای نەوتی (عێراق و هەرێم) لە ساڵی (2022)دا 🔹 بە تێکڕا تێچووی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم زیاتر لە (49) دۆلار و لە عێراق (13.38) دۆلار بووە، بەمانایەکی دیکە (56%) داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە و لە عێراقیش (14%) تێچووی پرۆسەکە بووە. 🔹 ئەگەر هەرێمی کوردستان بەو نرخ و تچووەی سۆمۆ نەوتی فرۆشتبا، ئەوا لە بەرمیلێکدا لەبری (38.6) دۆلار، (82.16) دۆلاری بۆ دەمایەوە، واتە لە بری ئەوەی ئێستا تەنها (5 ملیار و 625 ملیۆن) دۆلار پوختەی داهاتی نەوتەکەی بێت، ئەوا پوختەی داهاتەکەی زیاتر لە (11 ملیار) دۆلار دەبوو. یەکەم: بەراوردی بەهای نەوتی هەرێم و عێراق لە ساڵی (2022) بەپێی شیکارییەکان حکومەتی عێراق لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (115 ملیار و 466 ملیۆن و 245 هەزار) دۆلار. بەپێی لێدوانی (دورەید عەبدوڵا – توێژەر و شارەزا)؛ "کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پشکیان لە دەرهێنانی (70%)ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەڕێژەی (20%) هەیە" بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو "عێراق لەساڵی رابردوو پێویستە (16.1 ملیار) دۆلار وەک حەق دەستی کۆمپانیاکان و تێچوی بەرهەمهێنان نەوت خەرج بکات".  پاڵپشت بەو لێکدانەوەیە ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی عێراق (86%) بووەو بڕی (%14)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراق بە تێکڕا (82.16) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و (13.38) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە. بەڵام ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست نیە! چونکە بەپێی لێکدانەوەکان حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە، بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (87.58) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (12 ملیار و 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلار، بەڵام بڕی (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلاری خراوەتە سەر داهات و خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم (وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان). بەم پێیەش ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم (44%) بووەو بڕی (%56)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بە تێکڕا تەنها (38.65) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و (49.2) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە. بڕوانە (خشتەو گرافیکی ژمارە (1)) گرافیکی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (1) دووەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پێش لێدەرکردنی خەرجییەکان) بەپێی زانیاریەکان دیلۆیت و بەدواداچوونەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی کوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵەکەدا بریتی بووە لە (100.78) دۆلاری ئەمریکی، بەڵام حکومەتی هەرێم نەوتەکەی لە بازاڕدا بە نزیکەی (13) دۆلار کەمتر فرۆشتووە بۆیە ئەو نرخانەی لە (خشتەی ژمارە (2)) دانراوە بە هەر بەرمیلێکی فرۆشراوی کوردستان بە تێکڕا (12.94) دۆلار کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت و حکومەتی هەرێم لە ساڵەکەدا تێکڕای بەرمیلێک نەوتی بە (87.85)دۆلار فرۆشتووە. بۆیە دەبینین کۆی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا هەناردەی کردووە بەبێ هیچ خەرجییەک بەهاکەی دەکاتە (12 ملیارو 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلاری ئەمریکی. بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە لە ساڵی (2022)دا لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی و کۆمپانیا بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟ بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاکەی بریتی دەبوو لە (13 ملیارو 920 ملیۆن و 120 هەزار و 423) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش بەگشتی نەوتی هەرێم بڕی (1 ملیارو 135 ملیۆن و 766 هەزار و 467) دۆلاری ئەمریکی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی (2022)دا. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی (2022) و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان) بەپێی وتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوتی هەرێم و وردبینی و ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت (56%)ی داهاتی نه‌وتی هەرێم ده‌درێت بە كۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی به‌رهه‌مهێنانی نەوت. بۆیە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (145 ملیۆن و 511 هەزار و 745) بەرمیل نەوت لە ساڵی (2022)دا دەکاتە (5 ملیار و 625 ملیۆن 115 هەزار و 741) دۆلار، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵەکەدا هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (38.65) دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر بنەمای هەمان گریمانەی پێشوو، ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە، کۆمپانیای بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی بکردایە، بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەتێکڕا لە ساڵی (2022) دا حکومەتی هەرێم بڕی (37.77) دۆلاری دیکەی بۆ دەمایەوەو بە کۆی گشتی دەیکردە (5 ملیارو 510 ملیۆن و 980 هەزار و 598) دۆلاری ئەمریکی. بەمایەکی دیکە حکومەتی هەرێم لە بری (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلار، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەی دەستدەکەوت کە بریتی دەبوو لە (11 ملیار و 136 ملیۆن 96 هەزار و 339) دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە دەستدەکەوت. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). تێكڕای ئەو داهاتەی كە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت (44%) بەبێ خەرجی كۆمپانیاكان  پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین لەسەر بنەمای لێدوانی (دورەید عەبدوڵا)، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە نەوتی فرۆشراوی عێراق (20%)ە بۆ لە (%70) بەرهەمی نەوتی عێراق نەک سەرجەم بەرهەمەکەی، چونکە (30%)ی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە لایەن کۆمپانیا خۆماڵییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە ئەگەر ئەو ڕێژەیەی پشکی کۆمپانیا بیانییەکان بەسەر کۆی گشتی داهاتی عێراق بخەمڵێنین، ئەوا پشکەکان دەگەنە (14%) لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمدا. بەڵام ئەمە بۆ هەرێم ڕاست دەرناچێت، چونکە سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی هەرێم بیانین، بۆیە گریمانەی ئەوەمان کردووە (20%) داهاتی نەوتی هەرێم بچوایە بۆ خەرجی پرۆسەکە ئەگەر لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە نەک (14%). خشتەی ژمارە (3) سەچاوەکان -    درەو میدیا، هەناردە، نرخ و داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11799 -    درەو میدیا، هەناردە، نرخ، داهات، خەرجی و نەوتی بارکراوی هەرێم لە ساڵی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11806 -  سومریة نیوز، لماذا يدفع العراق 16 مليار دولار للشركات المستخرجة للنفط؟.. أسباب واحصائيات؛ https://www.alsumaria.tv/news/%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF/444111/%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D9%8A%D8%AF%D9%81%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-16-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%84%D9%84%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B3%D8%AA%D8%AE%D8%B1%D8%AC%D8%A9


"بۆ پرسی هەڵبژاردن و ئازادی رادەربڕین" درەو: بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و ئازادای رادەربڕین و رۆژنامەگەری، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان سەردانی (درەو)ی كرد. ریكاردۆ رۆدریگێز، بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە ھەرێمی كوردستان و كاروان بابەكر بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی یۆنامی، سەردانی ئۆفیسی (درەو)یان كرد لە شاری سلێمانی. سەردانەكە بەمەبەستی گفتوگۆكردن بوو لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین.


ئامادەكردنی: ئوسامە ئەشرەف زانیاری ورد و دروست لەسەر مۆلیدە ئەهلییەكانی شاری هەڵەبجە بۆ ساڵی (2022)، وەڵامی ئەم پرسیارانە وەربگرە: - مۆلیدەكان لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەند كاتژمێر كاریان كردووە؟ ڕۆژانە چەند كاتژمێر كاریان كردووە؟ - كەمترین كاتژمێری كاركردن و زۆرترین كاتژمێری كاركردن لەسەر ئاستی مانگەكان؟ - نرخی ئەمپێڕێك مانگانە و ساڵانە چەند دینار بووە؟ كەمترین نرخی ئەمپێر و زۆرترین نرخی ئەمپێر چەند دینار بووە؟ - مۆلیدەكان ساڵانە چەند ئەمپێر كارەبا دەدەن بە هاوڵاتییان؟ - مۆلیدەكان ساڵانە چەند لیتر گاز دەسوتێنن؟ - چەند تۆن (طن) گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بەرهەم دەهێنن؟ - هەر هاوڵاتییەكی شاری هەڵەبجە ساڵانە چەند گرام گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی بەردەكەوێت؟ - تەواوی ئەو پارەیەی كە ساڵانە هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجە دەیدەن بە كارەبای مۆلیدە چەندە؟ وەڵام: - كۆی كاركردنی مۆلیدەكانی شاری هەلەبجە ساڵی (2022): (104108 سەعات) بووە، واتە ڕۆژانە (7:06 حەوت كاتژمێر و شەش خولەك). - كەمترین كاتژمێری كاركردن مانگی (چواربووە كە 2581 كاتژمێر)كاریان كردووە، واتە هەر مۆلیدەیەك مانگانە (64.528 كارەبای داوە بە هاوڵاتیان و ڕۆژانەش تەنها 2:150 كاتژمێر)، بەڵام زۆرترین كاتژمێری كاركردن مانگی (كانوونی دووەم بووە كە 11821 كاتژمێر كاریان كردووە)، واتە هەر مۆلیدەیەك (295:525 كاتژمێر كارەبای داوە بە هاوڵاتییان و ڕۆژانە 9:53 كاتژمێر). - تێكڕای ساڵی (2022) نرخی ئەمپێرێك (12813 دینار) بووە، كۆی نرخی ئەمپێرێك ساڵی (2022) بریتیی بووە لە (153756 دینار) بووە، تێكڕای زۆرترین كرێی ئەمپێر مانگی هەشت (18550 دینار) و تێكڕای كەمترین كرێی ئەمپێرێك مانگی پێنج (2737:5 دینار) بووە. - زۆرترین كرێی مانگانە (مانگی هەشت بووە كە 19500 دینار)بووە و كەمترین كرێی مانگانە مانگی چوار و پێنج بووە كە (2250 دینار) بووە. - بەرزترین نرخ بۆ یەك ئەمپێر ساڵی (2022) (160500)، كەمترین نرخ ساڵی (2022) بۆ یەك ئەمپێر (124750). - ساڵی (2022) (474960 ئەمپێر) دەدرێت بە هاوڵاتییان. - بڕی سوتەمەنی سوتاوی ساڵی (2022) بەلیتر: 104108 سەعات جارانی 46.83 = 4875377.64 چوار ملیۆن و هەست سەد و حەفتاوپێنج هەزار و سێ سەد و حەفتاوحەوت پۆینت شەست و چوار لیتر بووە. - ساڵی (2022) 4875377.64 چوار ملیۆن و هەشت سەد و حەفتاوپێنج هەزار و سێ سەد و حەفتاوحەوت و پۆینت شەست و چوار لیتر گازیان بەكارهێناوە. - بڕی دووەم ئۆكسیدی بەرهەمهاتووی ساڵی (2022): 12,944,127 دوانزە هەزار و نۆسەد و چل و چوار تۆن و سەد و بیست و حەوت كیلۆ بووە. - هەر هاوڵاتییەكی شاری هەڵەبجە لە ساڵی (2022)دا بڕی (154.09 كیلۆ) گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی بەركەوتووە تەنها لە مۆلیدەكانەوە، واتە هەر هاوڵاتییەكی شاری هەڵەبجە ڕۆژانە (422 گرام) دوانەئۆكسیدی كاربۆن بەردەكەویت. - ساڵی (2022) نزیكەی 6085662480 شەش ملیار و هەشتاوپێنج ملیۆن و سەش سەدو شەست و دوو هەزار و چوارسەد و هەشتا دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە. - بۆ نمونە بەم شەش ملیار دینارە، حكومەت ناتوانێت پرۆژەیەكی گەورەی كارەبا دابمەزرێنێت یان سوود لە وزەی پاك وەربگرێت و داهاتەكە بگەڕێتەوە بۆ حكومەت و ژینگەشمان پیس نەبێت؟


  درەو: پەیمانگای واشنتۆن لەڕاپۆرتێكدا, ڕۆشنایی خستووەتە سەر هەژموون و باڵادەستی ئێران لەعێراق لەدوای ساڵی 2003وەو, شیكردنەوەیەكی وردیشی بۆ لێكەوتە ئاینی و ئابوری و سیاسییەكانی ناسەقامگیری لەناوخۆی ئێران لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە, بەتایبەت  دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكان لەوڵاتە.  پەیمانگاكە, باسی لەهێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەرگروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی, لەهەرێمی كوردستان كردووە, هەروەها ئاماژەی بەو ئەگەرو كارتی فشارانەش كردووە كە دەكرێت تاران بەكاریان بهێنێت, لەناویاندا بەكارهێنانی گروپە چەكدارەكانی شیعەیە دژی هەرێمی كوردستان . پەیمانگای واشنتۆن: 🔹لەهەناردەكردنی شۆڕشەوە بۆ هەناردەكردنی كێشە, لەساڵی 2003وە, ئێران وەك گۆڕەپانێكی جەنگی ستراتیجی و یەكێك لەسیماكانی هەژموونی دژی نەیارەكانی, تەماشای عێراقی كردووە, بەڵام بەتێپەڕبوونی كات, عێراق بەهێواشی لەشوێنی هەژمونی ئێرانەوە بووە بەشوێنی فرێدانی كێشەكانی ئێران.  🔹هێشتا ئێران خاوەنی هەژمونێكی لەڕادەبەرە لەعێراق و سوریاو لوبنان و, هەر ناسەقامگیرییەكی سیاسیش لەئێران لێكەوتەی دەرەكی دەبێت لەسەر ئەو وڵاتانە, بەتایبەت دۆخی عێراق. 🔹ڕەنگە هەڵكشانی ناسەقامگیری لەئێران ببێتە هۆی لەدەستدانی پێگەو كاریگەری لەعێراق, كە ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی حوكمڕانی لەدوای ساڵی 2003وە, كە لەشیعەدا بەرجەستەبووە. 🔹تاران هەژمونێكی گەورەی هەیە بەسەر دەستەبژێری سیاسی و هێزە سەربازییەكان لەعێراق, بەم دواییانە ئەو دەسەڵاتەی لەڕێی هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە بەكارهێناوە. 🔹دوای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەتیەكانی تشرینی 2019, دابەشبونی نێوان قوم و نەجەف زیاترو زیاتر چەسپی, لەسەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە, مەرجەعەكان پایەیەكی بنەڕەتی ڕژێمیان پێكهێناوەو, ڕوویەك لەڕووە سیاسییەكانی ویلایەتی فەقیهیان بەرجەستەكردووە, بەوهۆیەشەوە ئێرانییەكان بەردەوام بەگومانەوە لەمەرجەعەكانیان ڕوانیوە.  🔹لەكاتێكدا مەرجەعەكانی نەجەف پشتیوانیان لە خۆپیشاندارەانی ئاشتیخوازو داواكارییەكانیان كرد بۆ چاكسازی و دانانی سنورێك بۆ گەندەڵی و پاراستنی سەروەری عێراق و كۆنتڕۆڵكردنی گروپە چەكدارە شیعییەكان لەلایەن حكومەتەوە, ئێران و مەرجەعەكانی قوم خۆپیشاندانیان ڕەتكردەوە.  🔹بەهۆی بوونی هاوپەیمانەكانی ئێران لەپەرلەمان و, كاندیدی پەسەنكراو بۆ سەرۆكایەتی و, پەیوەندی توندوتوڵ لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی لەعێراق, ئێران دەتوانێت عێراق هانبدات هەنگاوبنێت دژی ویلایەتەیەكگرتووەكانی و, هەوڵی كۆنی دەركردنی نێردەی ڕاوێژكاری ئەمریكی لەعێراق زیندوبكاتەوەو دیموكراسی پەكبخات. 🔹ئێران بەدیاریكراوی تێكەڵكردنی میلیشیا چەكدارەكانی شیعەی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ڕەتكردەوەو, بەفروانكردنی هەژموونی بەسەر هاوپەیمانەكانیدا وەڵامی دایە, ئەگەر هەژموونی قوم پاشەكشێی بكات, بێگومان هەژموونی نەجەف زیادەكات. 🔹كوردو سوننە ڕۆلێكی گرنگیان گێڕا لەكێبڕكێی نێوان ڕەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی, نائامادەیی دەستوەردانی ئێران دەبێتە مایەی بەشداری زیاتریان لە پرۆسەی سیاسی و دروستكردنی بڕیار. 🔹لاوازبونی هەژمونی ئێران لەعێراق كاریگەرگەرییەكی سیاسی گەورەی دەبێت و, ڕەنگە ڕۆڵێكی چالاكتر بۆ كوردو سوننە لەكاروباری عێراق بڕەخسێنێت. 🔹دەسەڵاتدارنی ئێران هەوڵیانداوە كێشەكانیان هەناردەی وڵاتانی تر بكەن, ئەمجارەش جیاوازترنییە لەڕابردو, لەگەڵ ئەو زنجیرە هێرشە ڕاستەوخۆیەی كردییە سەر هەرێمی كوردستانی عێراق. 🔹خۆپیشاندانەكانی ئێران, بووەتە هۆی تێكدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان, كە لەبنەڕەتەوە بەتایبەت دوای ڕاپرسی سەربەخۆیی كوردستان پەیوەندییەكانیان بەرەو خراپی چووە, بەتایبەت دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی لەساڵی 2022. 🔹ئێران ترسی هەیە هەرێمی كوردستانی عێراق ببێتە سەكۆیەك بۆ چاودێریكردنی عێراق و ئێران و سوریا, بەوهۆیەشەوە هەرێمی كوردستانی كردووەتە گۆڕەپانی شەڕو هێرشی كردووەتە سەر گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن, هەروەها پەیامیشی بۆ ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی ناردووە. 🔹دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان, ئێران هێرشەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان چڕكردووەتەوە, سوپای پاسداران بنكەی گروپە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێرانی لەعێراق بۆردومان كردووە. 🔹ئەگەر هەیە ئێران ئەو خۆپیشاندانانە بكاتە بەهانە بۆ داگیركردنی ناوچە لەهەرێمی كوردستان و بنكەی سەربازی لێ بنیات بنێت, وەك ئەوەی توركیا لەهەرێمی كوردستان و باكوری سوریا ئەنجامیداوە. 🔹ئێران دەتوانێت میلیشیا شیعییەكان وەك كارت دژی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت, یاخود داوا لەحكومەتی عێراق بكات هێزی خۆی لەبری هێزەكانی هەرێم لەسنوری نێوان عێراق وئێران بڵاوەپێبكات و, حكومەتی نوێ لەبەغداد دژی هەرێم هانبدات, بەتایبەت دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پەیوەندییكی باشی نییە لەگەڵ ئێران ,هاوشێوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان, یاریكردن بەم كارتە لێكەوتەی كارەساتاوی دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان.


عەلی مەحمود محەمەد كۆمپانیای هەواوی لە رێكەوتی  15ی سەپتەمبەری ساڵی 1987 بەسەرمایەی تەنها  21000 یوانی چینی واتا تەنها 3000 دۆلار دامەزرا, بارەگای سەرەكی لە شاری شینجینی چینە,  197000 كارمەندی هەیە, 107000 یان لە كەرتی توێژینەوەو گەشە پێدانی كۆمپانیاكە كاردەكەن واتا رێژەی 54,8% كۆی هێزی كاری خەریكی داهێنانن, ئەمەش دەریدەخات پرۆسەی داهێنان زۆر گرنگە لای هەواوی و كاری سەرەكییەتی https://www.asharqbusiness.com/article/36685/%D9%87%D9%88%D8%A7%D9%88%D9%8A-%D8%AA%D8%B6%D8%AE-22-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%AD%D8%AB-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%88%D9%8A%D8%B1-%D9%84%D9%84%D8%AA%D8%BA%D9%84%D8%A8-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%82%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B1%D9%8A%D9%83%D9%8A%D8%A9/ هەواوی لە یۆلی 2010 ەوە چووە لیستی كۆمپانیاكانی فۆرتشن گلۆباڵی 500, بووە بە یەكێك لە 500 كۆمپانیا زەبلاحەكەی جیهان, ئێستا شەشەم گەورە كۆمپانیای كەرتی تەكنەلۆجیای جیهان و گەورەترینی چینە, یەكێكە لەو 145 كۆمپانیایەی چین كە ئەمساڵ كە لە لیستەكەدان, چین وەك وڵات بووە یەكەم. هەواوی پشكی لە بۆرسەكاندا نییە بۆ فرۆشتن, پشكەكانی هەمووی بۆ كارمەندانی بە ڕەگەز چینی كۆمپانیاكەیە, بە مەرجێك كە رۆیشتن و كۆمپانیاكەیان جێهێشت پشكەكە لەگەڵ  خۆیان نابەن و دەیفرۆشنەوە بە كۆمپانیاكە. هەواوی تەنها كۆمپانیایەك نییە بۆ چینیەكان, بەڵكە جێگای شانازی پیشەسازی و داهێنانی چینیشە, بەرەی پێشەوەی جەنگی تەكنەلۆجیای چینە لە بەرامبەر ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی, ئیرادەو داهێنان و هێمای ولاتە. شەڕ فرۆشیەكانی  ئەمەریكا  ساڵی 2017  كۆمپانیای زەبلاحی پەیوەندییەكانی چینی ZTE  , بە بەهانەی هەناردە كردنی تەكنەلۆجیای  ئەمەریكی بۆ ئێران و كۆریای باكوور, كەوتە بەر سزای ئەمریكا زوو بەزی تەسلیم بوونی خۆی راگەیاند, بوو بە كارەسات بۆ كۆمپانیاكە پشكەكانی داتەپین و چەندین ساڵ چووە بواری پوكانەوەوە. دوای كۆمپانیای زەد تی ئی, هەواوی كەوتە بەر نەفرەتی ئەمەریكا, سەرەتا لە گرتنی منج وانزۆ كچی سەرۆكی كۆمپانیا و دامەزرێنەری لە كەنەدا لە یەكی دیسەمبەری 2018 دەستی پێكرد, گوایە پێشێلی سزاكانی ئەمەریكای كردووە لە دژی ئێران. هەنگاوی دووەم ئابلوقەی هەمەلایەنە كرایە سەر هەواوی و لە دوور خستنەوەی لە بازاڕی ناوخۆی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی لە گرێبەستەكانی 5 جی ئەنتەرنێتی خێرا كە هەواوی پێشەنگی جیهان بوو لێی, وە قەدەغەكردنی كڕینی هەر چیپێك لە هەر كۆمپانیایەك كە بە بەرنامەو ئامێری ئەمەریكای تێدا بەكار هێنرابێت, گوگڵ و مایكرۆسۆفتیش كۆتاییان بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەواوی هێناو رێگەیان نەدا بەرنامەكانیان بەكار بهێنێت, بەمەش هەواوی لە یەكەم كۆمپانیای جیهانەوە  فڕێ  درایەوە خوارەوە بۆ هەشتەم كۆمپانیا لە بەرهەم هێنانی تەلەفۆنی زیرەك, لە بواری بەرهەم هێنانی تەلەفۆنی زیرەك بووە جەستەیەكی بێ روح. هروەها های‌سیلیكون كە كۆمپانیای دیزاینی چیپە بەلام بێ كارگا, بارەگای لە شینزینە, خاوەندارێتی تەواو بۆ هەواوی دەگەڕێتەوە, گەورەترین كۆمپانیای دیزاینی چیپە لە چین, بەهۆی ئابلوقەی ئەمەریكاوە بە تەواوی راوەستاو لە جولە كەوت, چونكە هیچ كۆمپانیایەك ئامادە نەبوو چیپە دیزاینكراوەكانی بۆ بەرهەم بهێنێت. هەواوی  چی كرد؟ هەواوی  لە جیاتی شكست و بێهیوایی لەبەرامبەر ئەم جەنگە هەمەلایەنە, ورەی دا بە خۆی, بە دوای داهێنان و بازاڕو كاردا گەڕا,  ئەو سوپایەی  هەیبو لە بواری داهێنان كەسی نەناردە ماڵەوە, لە بەرامبەردا  وتی زیاتر بیر بكەنەوە, تەلەفۆنی هەواوی داتەپی لە ریزبەندی جیهانی 7 پلە هاتە خوارەوە,  هۆنەری فرۆشت, لە بازاڕەكان دەركرا. لە بری بەرهەمهێنانی تەلەفۆن جۆری كارەكانی زیاد كرد, چووە بوارەكانی كەرتی ئۆتۆمۆبێلی زیرەك, پیشەسازی, كشت و كاڵ و كێڵگەی بەراز بەخێوكردن و كەرتی كانەكان..., هەواوی بووە هەمە كارە, لە هەموویدا گۆڕانكاری دروست كردو سەركەوتوو بوو, ئۆتۆمۆبێل و كێڵگەو كانەكانی زیرەك كرد. لەو قەیرانە توندەی تیایدا بوو لە بواری ئابووری داهاتەكەی بە نزیك 25% كەمیكردبوو, كەچی زۆرترین رێژەی داهاتی بۆ بەشی گەشەو توێژینەوە تەرخانكرد, لە ساڵی 2021 دا 21 ملیارو 280 ملیون دۆلاری لەو بەشە خەرج  كرد كە دەیكردە رێژەی 22,4%ی  كۆی داهتەكەی https://www.huaweicentral.com/huawei-will-maintain-strong-rd-division/?fbclid=IwAR2kcCfxPyn31VtwvJLi6t15vDnb2l-Xbk1KFwj64PyUFLA7z7D-kqOiNM0 هەواوی لە دوای كۆمپانیای مێتای فەیسبووك  زۆرترین رێژەی داهاتی لە بواری توێژینەوەو  داهێنان خەرج  كردووە لە جیهاندا. بەم ئیرادەیەوە هەواوی یەكەمی جیهان بوو لە ساڵی 2021 دا لە داهێناندا, زیاتر لە 110 هەزار داهێنانی لە 45000 خێزانی داهێنان هەبوو, هەروەها لە ناو كۆمپانیا چینییەكانیش یەكەم بوو   https://www.skynewsarabia.com/technology/1529683-%D9%87%D9%88%D8%A7%D9%88%D9%8A-%D8%AA%D9%83%D8%B4%D9%81-%D8%A7%D9%95%D9%86%D8%AC%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AA%D9%87%D8%A7-%D8%A8%D8%AA%D8%B9%D8%B2%D9%8A%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%A8%D8%AA%D9%83%D8%A7%D8%B1-%D9%88%D8%AF%D8%B9%D9%85-%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%AD%D8%AB-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%88%D9%8A%D8%B1 یەكەم  كاردانەوە هارمرنی ئۆ ئێس دوای ئابلوقە هەمە لایەنە گشتگیرەكەی ئەمەریكا, هەواوی بە ناچاری لە ئۆگستی ساڵی 2019 سستەمی HarmonyOS بە 77 زمان راگەیاند بۆ كاركردنی ئامێرەكانی لە مۆبایل و  كاتژمێرەوە  بۆ تەلەفزیۆن و ئۆتۆمۆبێل, كە ئێستا زیاتر لە 500  ملیۆن ئامێر بەكاری  دەهێنن. لەوكاتەوە ئەم سستەمە بەردەوام لە نوێكردنەوەدایە, دوا نوێكردنەوە HarmonyOS 3 لە 27-7-2022 بە فەرمی راگەیەنرا. سستەمەكە بە گشتی ساناو سەركەوتوو وە خێراو دەوڵەمەندە, تەنانەت بەكارهێنەر دەتوانێت دەستی بگاتە گوگڵیش كە قەدەغكراوە.  تا یۆنی 2022 زیاتر لە نیوملیۆن گەشەپێدەر بەشداریان كرد لە گەشەپێدان و پێشخستن و كەمكردنەوەی كەموكوڕییەكانی سستەمەكە. بە گشتی هارمۆنی ئۆ ئێس دیاری داهاتووی هەواوییە بۆ چینییەكان و هاوپەیمانەكانی ئامادەیە بۆ كاتی دابڕانی یەكجاری بەرەی چین و ئەمەریكا لە یەكتر و بەشكردنی ئەنتەرنێت و زنجیرەكانی بەرهەمهێنان. جەنگەكە سەرەتایەو ئەمەریكا چۆن لە هەشتاكان بەرامبەر یابان گرتییە بەر بۆ رێگاگرتن لێی لە گەشەكردن لە بەرهەم هێنانی چیپ, ئێستا بەرامبەر بە چین ئەنجامی دەدات, لە كۆتادا ئەمەریكا هەموو كارتەكانی بەردەستی بەكاردەهێنی بۆ ئەوەی چین پێشی نەكەوێت جگە لە كارتی سەربازی ئەوەیان بڤەیە, وەلێ چینییەكان پشوو درێژو  هێمن و زیرەكن. كۆتایی  قۆناغی پوكانەوە بە پێی دەزگای راگەیاندنی بلمبۆرگ فرۆشتنی هەواوی لە چارەكی چوارەمی 2022  بە ڕێژەی 7,2%  زیادیكردووە, گەیشتۆتە 27,4 ملیار دۆلار , بەهۆی كەرتی ئۆتۆمۆبیلی زیرەك و ...... . كۆمپانیای هەواوی پێشبینی دەكات ساڵی 2022 داهاتی لەچاو ساڵی 2021 بە ڕێژەی 0,4%  زیاد بكات بگاتە 91,53 ملیار دۆلار, واتا دابڕان لە قۆناغی پوكانەوە دەستی پێكردووە. هەرچەندە  تا ئێستا داهاتی هەواوی كەمترە لە ساڵی 2022 گەیشتە 122 ملیار دۆلار, بەلام نیشانەی كۆتایی قۆناغی پوكانەوەیە بۆ كۆمپانیاكە, سەرباری ئەوەی دەستی دەگاتە بەرهەمی ئەو كارانەی لە3 ساڵی رابردوو  كاری لەسەریان كردووە لە پڕۆژەو  داهێنان. لە خەندەوە بۆ قاقای پێكەنین بە پێی رۆژنامەی تێلیگرافی بەریتانی بێت هەواوی داهێنانێكی دانسقەی  لە بواری ئامێری بەرهەم هێنانی چیپ دا كردووە, گوایە هەواوی داهێنانی پێشكەش كردووەو داوای پاتیچنتی لە چین بۆی كردووە, بۆیە تەلەگراف دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە ئەم كۆمپانیایە چیپی بچوكترو بەهێزتر بەرهەم بهێنێت لە داهاتوودا, لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2022 ئەم داهێنانەی ئەنجامداوە, لە دیسەمبەی ساڵی رابردوو ئاشكرای كردووە. گەیشتنی هەواوی بە تەكنەلۆجیای "EUV" كە تەنها كۆمپانیای "ASML" ی هۆڵەندی  بەرهەمی دەهێنێت" ASML كۆمپانیایەكی هۆڵەندی فرەنەتەوەییە لە ساڵی 1984  دامەزراوە, بەهای بازاڕی 215 ملیار دۆلارە. نە مانگاكان و نە كێڵگەی گوڵەكان گەوهەری تاجی هۆڵەندا نین, بەڵكە كۆمپانیای "ASML" گەوهەرەكەیە, وەك وەزیری بازرگانی دەرەوەی هۆڵەندا لیسجی شرینماخر رایگەیاند.".  لە ئێستاوە ئەو داهێنانە گەورەیەی هەواوی وڵاتانی رۆژئاوای راچەڵەكاندووە, چونكە چیپ پاژنەی ئەخیلی چینییەكان بوو"چین گەورەترین بازاڕی چیپی جیهانە, 53,7%ی بەرهەمی چیپی جیهان لە بازاڕی چین ساغ دەبێتەوە. ساڵی 2020  لە كۆی بایی 446,1% ملیار دۆلار چیپی بەرهەم هاتوو لە جیهاندا, بایی 239,4 ملیار دۆلار كە چین كڕیویەتی , لەو  قەبارەیە چین بایی 199,7  ملیار دۆلار چیپی لە دەرەوە كڕیوە, هەرچەندە ئەو بڕە بۆ ساڵەكانی دواتر وەك رێژە كەمبۆتەوە نەك وەك نرخ". جەنگە جیهانییەكە لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو بایدن  لە بەرەی چیپەوە رایگەیاند, هاوپەیمانی ئەتڵەسی  چیپ, بە هاوپەیمانی چوار قۆڵی ناسێنراوە" ئەمەریكا, تایوان, كۆریای باشوور, ژاپۆن" هەوڵی دامەزراندنی درا. ئەمەریكا فرۆشتنی ئامێری تەكنەلۆجیای "EUV" بە چینییەكان لە سەردەمی ترامپەوە  وەك  مۆدێلە نوێكان, وە ئێستا لە سەردەمی بایدن بە گشتی قەدەغە كردبوو, كۆمپانیای "ASML" یش تاكە كۆمپانیایە لە جیهاندا ئەو ئامێرە  بەرهەم دەهێنێت, قەبارەی هەر ئامێرێكی بە ئەندازەی پاسێكەو هەر كارگایەكی بەرهەم هێنانی چیپ  پێویستی بە 9 بۆ 18 ئامێرە, نرخەكانی هەر یەكەی لە 300 ملیۆن دۆلارەوە بۆ بان دەست پێدەكات. هەواڵی  داهێنانەكەی هەواوی دڵە راوكێ لە لای بەرپرسەكانی رۆژئاوا دروست دەكات"  https://www.alroeya.com/233-0/2309957-%D8%A8%D8%B1%D8%A7%D8%A1%D8%A9-%D8%A7%D8%AE%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D8%B9-%D8%AC%D8%AF%D9%8A%D8%AF%D8%A9-%D8%AA%D8%AC%D8%B9%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%8A%D9%86-%D8%AA%D8%AA%D8%AC%D8%A7%D9%88%D8%B2-%D8%B9%D9%82%D9%88%D8%A8%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D8%B1%D8%A8-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D9%82%D8%A7%D8%A6%D9%82 لە كۆتاییدا هەواڵی گەیشتنی قازە رەشەكە گەیشت و لە ئەگەر لە تاقیكردنەوەكە دەربچێت ئەوا هەواوی پێدەكەنێت, لە گەڵ  خۆیدا هەموو چینییەكان و بەرەكەی  دێنێتە پێكەنین. https://www.computable.nl/artikel/nieuws/infrastructuur/7454686/250449/huawei-kraakt-unieke-chiptechnologie-asml.html دوكەڵی  ئەم داهێنانەی هەواوی  لە داهێنانەكانی لە 5 جی  زیاترە, هێشتا ئاگرەكەیان نەبینییوە كاری لەسەر نرخی پشكی كۆمپانیاكانی ئامێری بەرهەم هێنانی چیپ دانا و لە بازاڕەكانی پشك سوریانی هەڵگەڕاند بەتایبەت "ASML". كۆمپانیای "ASML" ی هۆڵەندی رەتی دەكاتەوە  لە رێگای سیخوڕییەوە  هەواوی گەیشتبێتە ئەو داهێنانە. بە پێی رۆژنامەی گاردیان, داهێنانەكەی هەواوی چین لە ئابلوقەی  رۆژئاوا رزگار دەكات, رێگا بۆ گەشە دان بە توانا سەربازییەكان چین دەكاتەوە. چاودێران پێیان وایە, چاوەڕوانی هەواڵی وا   لە چینەوە  دەكرا, رۆژێك ببیسترێت. هەرچەندە شارەزایانی بوارەكە پێیان وایە ئامێری EUV زۆر ئاڵۆزترە لە وەرگرتنی بڕوانامەی داهێنان, ئاڵۆزترین ئامێرە لە جیهان, كۆمپانیای ASML چەندین هاوبەشی لە ئەڵمانیاو ئەمەریكا هەیە بۆ بەرهەم هێنانی https://www.computable.nl/artikel/nieuws/infrastructuur/7454686/250449/huawei-kraakt-unieke-chiptechnologie-asml.html راپۆرتەكان ئەوە دەردەخەن لە 3 ساڵی رابردوودا هەواوی بە دوای پشكنین و گەشەپێدانەوە بووە, بە دوای ئەلتەرناتیفی چارەسەری ئەمەریكاوە بووە, تا گەیشتە داهێنان لە بواری EUV, بەمەش دەربازی دەبێت لە ئابلوقەو شەڕی ئەمەریكاو رۆئاوا, نەك چین جیهانیش لەو پاشكۆیەتییە رزگار دەكات, هەرچەندە ئامێرەكە لە زیاتر 10000 پارچە پێك هاتووە, دروستكردنی سانا نییە و كات و ئیمكاناتی دەوێت. ئەگەر هەواوی سەركەوتوو بێت ئەوا دەتوانێت چیپی كەمتر لە 10 نانۆمیتەر دروست بكات" بەرهەمی ساڵی 2016ەیە", وە هەواوی لە بواری دیزاین و ئامێرو مەواد و ئامادەكردن سەرمایەگوزاری زۆری كردووە, بە پێی راپۆرتی بانكی بیرنبرگ لە زیاتر لە 40  كۆمپانیا سەرمایەگوزاری كردووە, ئامادەیە لە ماوەی نزیكی داهاتوو چیپی 12 و 14  نانۆمێتری بەرهەم بهێنی https://www.huaweicentral.com/12nm-and-14nm-huawei-chipsets-to-launch-this-year/?fbclid=IwAR1xTISXw9Loglg5UB1c1C36fpq39HDDUwDpU12i_N1oCh2fgFqchZAoMJU هەروەها هەواڵ هەیە هەواوی لە گەڵ كۆمپانیای زەبلاحی سمیك كارگایەك پێكەوە دانێن https://www.marefa.org/%D8%B5%D9%86%D8%A7%D8%B9%D8%A9_%D8%A3%D8%B4%D8%A8%D8%A7%D9%87_%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%88%D8%B5%D9%84%D8%A7%D8%AA_%D9%81%D9%8A_%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%8A%D9%86   بەمەش  دەردەكەوێت هەواوی  سێ ساڵە لە سێ لاوە  هەنگاوی ناوە بۆ بەرەو رووبونەوەی ئابلوقەكان سەری: 1-    كاری كردووە لەسەر داهێنانی ئامێری بەرهەم هێنانی چیپ و دیزاینی نوێ . 2-    وەبەرهێنانی كردووە لە كۆمپانیاكانی بوارەكە لە هەموو بەش و پرۆسەكانی بەرهەم هێنانی چیپدا. 3-    كاریكردووە بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای نوێی بەرهەم هێنانی چیپ.


(درەو):  ساڵی 2003 دوای روخانی رژێمی سەددام، پۆل بریمەر وەكو حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق دەستبەكاربوو، ئەوكاتەی بریمەر دەستبەكاربوو، سەرباری كەوتنی سەددام، هێشتا لە عێراق بە دوو جۆری دراوی دینار مامەڵە دەكرا، لە ناوچەكانی ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی سەددام دیناری چاپی سەددام مامەڵەی پێوە دەكرا، لەناوچە رزگاركراوەكانی كوردستانیشدا مامەڵە بە دیناری سویسرییەوە دەكرا، واتە هێشتا عێراق دراوی نوێی خۆی چاپ نەكردبوو.    رۆژی 29ی حوزەیرانی ساڵی 2003 مام جەلال سكرتێری پێشووی یەكێتی لەبارەی سەردانێكی بریمەر بۆ سلێمانی نامەیەكی بۆ نەوشیروان مستەفای نوسیوە، لە نامەكەدا دەڵێ:" لەسەر مەسەلەی دراو بریمەر گوتی:  وەزعی تایبەتی كوردستان رەچاو دەكەین، بەڵام پسپۆڕە ئابورییەكەی بریمەر گوتی: دۆلار بە دەوروبەری 20 دینار دەبێت، بە هی سویسری".  لەبەشێكی تری نامەكەیدا مام جەلال باسلەوە دەكات لە كاتی بەرێكردنی بریمەردا جارێكی تر باس لە بابەتی نرخی دۆلار كراوەو نوسیویەتی" بەرهەم  داوای لێكرد، گەر دۆلار نرخیان بە 20 دینار دانا، ئێمە دێین داوا دەكەین بۆمان بكەنە (15) دینار، گوتی باشە". هەر لەو نامەیەدا مام جەلال باس لە دەعوەتێكی خۆی دەكات بۆ بریمەرو نوسیویەتی" ئێوارەكەی لە (سیوەیل پالاس)ی ئەزمەڕ، بەودیودا، دەعوەتێكی باشم بۆ كردن.. شەوێكی خۆش بوو، هەوا فێنك بوو، خواردنەكەشیان زۆر بەدڵ بوو". ده‌قی نامه‌كه‌: سەرچاوە: بروسكەنامە، سەڵاح رەشید، لاپەڕە 682-683


 (درەو): كونسوڵ‌و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی بوون، رەوشی رۆژنامەنوسان، ئازادی رادەربڕین‌و ژیانی خەڵكیان لەگەڵ میدیاكان‌و بەرپرسانی سنورەكە تاوتوێ كرد.   دوێنی كونسوڵ‌و نێردەی زۆربەی وڵاتانی جیهان لە سلێمانی بوون لەوانە (ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، كۆریای باشور، یۆنان، چیك، هۆڵەندا، یەكێتی ئەوروپا، نەتەوە یەكگرتووەكان)، ئەمانە وەك گروپی هەماهەنگی كونسوڵ‌و نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی چەند كۆبوونەوەیەكیان كرد. سەرەتا نێردەو كونسوڵەكان لەگەڵ نوێنەرانی (درەو، میترۆ، سی پی تی) كۆبوونەوەو تەنیا گوێیان كرد، لەسەر (دۆخی رۆژنامەنوسان، ئازادی رادەربڕینی، دۆخی ئەمنی‌و ژیانی خەڵكی) گفتوگۆ كرا. رۆژنامەنوسان، باسیان لە پێشێلكارییەكانی كاری رۆژنامەنوسی كرد، كە لەئێستادا زۆر زیادیان كردووە، مەترسی خۆیان خستەڕوو لە بوونی هێزە حزبیەكان‌و گرووپە چەكدارییەكانی دەرەوەی یاسا، دابەشبوونی سیاسی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتدارێتی‌و كاریگەرییەكانی لەسەر خەڵك. دوای گوێگرتن لە نوێنەری میدیاكان، هاوپەیمانێتی كونسوڵگەرییەكان، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران‌و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی كۆبوونەوە. بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی‌و بافڵ تاڵەبانی، لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ نوێنەرایەتییەكان، رایانگەیاندووە، پشتیوانی لە رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ میدیا و رۆژنامەنوسان دەكەن. كونسوڵخانەی ئەمریكا لە تویتەری خۆی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە رایگەیاندووە"  لە كۆبوونەوەی گروپی هەماهەنگی كونسوڵەكاندا لە سلێمانی جەختكرایەوە لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری وەك پێویستییەكی گرنگی دیموكراسی، دەبێت رۆژنامەنوسان بێ ترس‌و تۆقاندن‌و دەستبەسەركردن بە ئازادنە كاری خۆیان بكەن".    


   شیكاری: درەو: لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە (6) مانگ تێپەڕیوە، بەڵام کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردووەتەوە لە کاتێکدا بەپێی زانیارییەکانی درەو لە نیوەی دووەمی 2022؛ بەهۆی هەوڵەکانی بەغدا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە، فشاری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و کڕیارانی نەوتی هەرێم بۆ سەر حکومەتی هەرێم زیادی کردووە، حکومەتی هەرێم ناچارکراوە بە خەرجی زیاترو هەزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئەمەش بووتە هۆی بەرزبوونەوەی خەرجی پرۆسەی نەوت لە (56%)ەوە بۆ سەروو (60%)، جگە لە دابەزینی داهاتی گشتی نەوت بەهۆی داشکاندنی زیاتری نرخی نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان.     بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا لە نیوەی دووەمی ساڵی (2022)دا، هەرێم (72 ملیۆن و 970 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە، بە تێکڕای ڕۆژانەی (396 هەزار و 535) بەرمیل. بەجۆرێک؛  لە مانگی تەموز (13 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل، لە مانگی ئاب (11 ملیۆن و 500 هەزار) بەرمیل،  لە مانگی ئەیلول (13 ملیۆن و 220 هەزار) بەرمیل، لە مانگی تشرینی یەکەم (12 ملیۆن و 250 هەزار) بەرمیل، لە مانگی تشرینی دووەم (10 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل و لە مانگی کانونی یەکەم (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1)    تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا (94.66) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە زیاتر لە (15) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. نەوتی هەرێم لە نیوەی دووەمی (2022)دا لایەن کەشتی (11) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (27%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە ئیسرائیلییەکان (19%) و یۆنانییەکان بە ڕێژەی (14%)، نەوتی هەرێمیان بارکردووە. لە بارەی تەواوی نەوتی بارکراوەی هەرێمەوە بڕوانە (چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2)  


درەو: وەرگێڕان: كەیوان قادری/ ئێران ناسی/ سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی بەرایی ئەم ڕاپۆرتە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ڕاپرسییەك لەمەڕ ڕوانینی ئێرانییەكان سەبارەت بە ئایین ئەنجام دراوە. گرووپی توێژینەوەی بیرپێوەری ئێرانییەکان (گەمان كە ڕێکخراوێکی لێکۆڵینەوەی ناحکومی، سەربەخۆ و تۆمارکراو لە وڵاتی هۆڵەندایە.) لە ڕێگەی عەمار مەلیکی، پرۆفیسۆری یاریدەدەری زانستی سیاسی، زانکۆی تیلبێرگی هۆڵەندا و پوویان تەمیمی عەرەب، پرۆفیسۆری یاریدەدەری مرۆڤناسی ئایین، زانکۆی ئۆترێختی هۆڵەندا لە گەلاوێژی 2020 ڕاپرسییەكەی ئەنجامداوە و لە شێوەی توێژینەوەدا بڵاوی كردووەتەوە. ڕاپۆرتەكە هەموو ڕەهەندەكانی ئایین و خواپەرستی لە نوێژكردن، تێگەیشتنیان بۆ چەمكە ئایینییەكان، پێگەی خودا و ئایین لە ژینگەی خێزانی، دیدگای كۆمەڵگە سەبارەت بە پەیوەندی حكومەت و ئایین، هەروەها ڕوانینی خەڵك بۆ بانگەشەی ئایینی، ڕوانینیان سەبارەت بە باڵاپۆشی و خواردنەوە سەرخۆشكەرەكان بەوردی دەخاتەڕوو.   پوختەی ئەنجامی ڕاپرسی «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین» ڕاپرسی «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین» لە بەرواری ١٧ی جۆزەردان هەتا یەکی پوشپەڕی ٢٠٢٠ بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ، ئەنجامدراوە. لەم ڕاپرسییەدا زیاتر لە ٥٠ هەزار وەڵامدەر بەشداربوون و نزیکەی ٩٠٪ی بەشداربووان دانیشتووی ئێران بوون. ئەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە، تێڕوانینی کەسانی سەروو ١٩ ساڵی دانیشتووی ئێران (٨٥٪ی گەورەساڵان لە ئێران) دیاری دەکات و بە ئاستی دڵنیایی ٩٥٪ و پەراوێزی هەڵەی ٥٪، دەتوانرێ بۆ تەواوی کۆمەڵگە گشتگیر بکرێت. ئەم ڕاپرسییە هەوڵدەدات هەتا تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین و بابەتە پەیوەندیدارەکان، کەوا لە دۆخی ئێستادا بە هۆی بەربەستەکانەوە ناتوانرێ بە شێوەیەکی ئاشکرا پرسیار بکرێت، بە ڕ‌ێگایەکی میتۆدی، هەڵسەنگێنێت و تۆماری بکات. بە پێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە. ٧٨٪ ئێرانییەکان باوەڕیان بە خوا هەیە. هەروەها ٣٧٪ بە چەمکی ژیان لە داوی مردن، ٣٠٪ بە بەهەشت و دۆزەخ، ٢٦٪ بە جنۆکە و ٢٦٪ بە دەرکەوتنی ڕزگارکەر، باوەڕیان هەیە. نزیکەی ٢٠٪ لە کۆمەڵگە باوەڕیان بە هیچ یەک لەم خاڵانە نییە. ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە دەریدەخات لە کاتێکدا ٣٢٪ی کۆمەڵگە خۆی وەک مسوڵمانی شیعە بەناو دەکات، ٩٪ خۆیان بێ باوەڕ (ئاتیئیست)، ٨٪ مەعنەویەتخواز، ٧،٥٪ زەردەشتی، ٧٪ نەزانخواز، ٤،٥٪ خۆیان بە مسوڵمانی سوننە دادەنێن. هەروەها ویستی عیرفانخوازی، مرۆڤخوازی (هیومانیست)، کریستیانی و بەهایی لای ئاڕاستەکانی تر لە کۆمەڵگەی ئێران، بوونیان هەیە. نزیکەی ٢٢٪ لە کۆمەڵگەش خۆی نزیک هیچ یەکە لەم ئاڕاستانە نازانێت. نزیکەی نیوەی کۆمەڵگە ڕایان وایە کە لە دینداریەوە گەیشتوون بە بێدینی. لە لایەکی ترەوە بیروڕوای ٤١٪ی خەڵکی کۆمەڵگە سەبارەت بە دین یان بێدینی لە درێژایی ژیانیاندا گۆڕانکاریەکی وەهای بەسەردا نەهاتووە. هەروەها ویست و حەزی نزیکەی ٦٪ی کۆمەڵگە لە ئاڕاستەیەکی دینییەوە بەرەو ئاڕاستەیەکی دینی دیکە گۆڕدراوە. بە پێی ئەنجامەکانی ڕاپرسی، نزیکەی ٦٠٪ی کۆمەڵگە ڕایانگەیاندووە کە نوێژ ناخوێنن. لەبەرامبەردا نزیکەی ٤٠٪ی کۆمەڵگە وتوویانە کە بەردەوام نوێژ دەخوێنن و لەم ڕێژەیە، زیاتر لە ٢٧٪ کۆمەڵگە وتوویانە پێنج جار لە ڕۆژدا نوێژ دەخوێنن. ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە نیشان دەدات کە نزیکەی ٦١٪ی خەڵکی کۆمەڵگە لە بنەماڵەی «دیندار و ئایینی» و ٣٢٪ کۆمەڵگە لە بنەماڵەی «باوەڕدار، بەڵام بێ دین» گەورە بوون. کەمتر لە ٣٪ی کۆمەڵگە لە بنەماڵەی «بێ باوەڕ بە خوا» یان «دژە ئایین» گەورە بوون. بە پێی ئەنجامی ئەم ڕاپرسییە، ٦٨٪ی کۆمەڵگە لەو بڕوایەدان کە حکومە ئایینییەکان نابێ ببنە پێوەری یاسادانان تەنانەت ئەگەر دینداران زۆرینەی کورسییەکانی پەڕلەمانیان بەدەستەوە بێت. لە بەرامبەردا نزیکەی ١٥٪ی کۆمەڵگە لەو بڕوایەدان کە یاساکان دەبێت لەهەر مەرجێکدا بەپێی حکومە دینییەکان بێت. بە پێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە ٧١٪ی کۆمەڵگە لەو بڕوایەدان کە دامەزراوە ئایینییەکان دەبێ خۆیان تێچووەکانیان دابین بکەن. لە لایەکیترەوە ١٠٪ لەو بڕوایەدان کە دامەزراوە دینییەکانی هەموو ئایینەکان دەبێت یارمەتی حکومی وەربگرن و ٣،٥٪ی کۆمەڵگە بڕوایان وایە کە تەنیا دامەزراوە ئیسلامییەکان دەبێت لە یارمەتی حکومی سوود وەربگرن. سەبارەت بە پڕۆپاگەندەی دینی، ٤١٪ی کۆمەڵگە لەو بڕوایەدان کە هەموو دینەکان دەبێ بتوانن دینەکەیان بۆ ڕای گشتی پێناسە بکەن لە کاتێکدا نزیکەی ٥٪ی کۆمەڵگە، ئەم مافە تەنیا بۆ مسوڵمانان دەبینن. لە بەرامبەردا، ٤٢٪ی کۆمەڵگە پێیان باشە کە ناساندن و پڕوپاگەندەی هەموو ئایینەکان لە گۆڕەپانی گشتیدا ڕێگەپێنەدراو بێت. بە پێی ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە، ٥٧٪ی کۆمەڵگە لەگەڵ پەروەردەی منداڵان بۆ فێرکاری و ئەرکی ئایینی لەناو مەکتەبەکاندا دژایەتی دەکەن. هەر چۆنێک بێ، نزیکەی ٥٤٪ هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە منداڵەکانیان لە مەکتەبەکاندا، باوەڕە ئایینییە جیاوازەکان بناسن. ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشانی دەدات زیاتر لە ٧٣٪ی کۆمەڵگە دژی حیجابی ئیجبارین. لە بەرامبەردا، نزیکەی ١٢٪ی کۆمەڵگە جەخت لەسەر پابەندبوون بە حیجاب (پۆشاندنی قژ) لە شوێنە گشتیەکان دەکەن. لە لایەکی دیکەوە ٥٨٪ی کۆمەڵگە لە ئەساسدا باوەڕیان بە حیجاب نییە. نزیکەی ٣٧٪ی ئێرانییەکان، وێڕای بەربەستەکان، بە بەردەوامی یان جاربەجار خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە. لە لایەکی دیکەوە ٥٥٪ی کۆمەڵگە وتوویانە کە خواردنەوە کحولییەکان ناخۆنەوە. نزیکەی ٨٪ی کۆمەڵگەش بە بۆنەی نەبوونی دەرفەتی کڕین (بەردەست نەبوون یان تێچوو) خواردنەوە کحولییەکان بەکار ناهێنن.   بەشی یەکەم: شێوازی نموونەگرتن و تایبەتمەندییە ئامارییەکانی نموونە ١-١ تایبەتمەندییەکانی ڕاپرسی و نموونەی ئاماری نەپوختە ڕاپرسی «تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ ئایین» لە لایەن «گرووپی توێژینەوەی بیرپێوەری ئێرانییەکان (گەمان)» لە بەرواری ١٧ی جۆزەردان هەتا یەکی پوشپەڕی ٢٠٢٠ بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ، ئەنجامدراوە. ئەم ڕاپرسییە بە شێوەی ئۆنلاین و بە کەڵک وەرگرتن لە پلاتفۆرمێکی پارێزراو و تایبەت ئەنجامدراوە. ڕاپرسییەکە بە ڕێگای نموونەگرتنی تۆپەڵەبەفر (virtual snowball sampling) بە شێوازی دروستکردنی چەندین زنجیرەی جیاوازی نموونەگرتن (multiple chain referral sampling)، بە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (تێلگرام، واتس ئەپ، توویتەر و فەیسبووک) ئەنجامدراوە و زیاتر لە ٥٠ هەزار بەشداربوو لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لەم ڕاپرسییەدا بەشداربوون (زانیاری زیاتر لە هاوپێچدایە). بەپێی ئاماری فەرمی حکومەت لە جۆزەردانی ٢٠٢٠، لە ئێران زیاتر لە ٧٨ میلیۆن بەکارهێنەری ئینتەرنێت بوونیان هەیە (واتا ٩٤٪ی دانیشتووان) کە نزیکەی ٦٩ میلیۆن لە ڕێگای مۆبایلەوە ئینتەرنێت بەکار دەهێنن. لە لایەکی دیکەوە ڕاپرسی ناوەندی بیرپێوەری خوێندکارانی ئێران (ئیسپا) لە ڕەشەمێی ٢٠١٩ نیشان دەدات کە نزیکەی ٧٠٪ی خەڵکی ئێران لانیکەم یەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن. ئەم دەرفەتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانرێت لە ڕێگای ئینتەرێتەوە لەگەڵ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران پەیوەندی دروست بکرێت و بیروڕای ئەوان بزانرێت. لەم ڕاپرسییەدا، ١١ پرسیاری سەرەکی و ٨ پرسیار سەبارەت بە زانیاری گشتی و کۆمەڵناسی وەڵامدەرەکان (ڕەگەز، تەمەن، ئاستی خوێندەواری، پارێزگای شوێنی ژیان، ناوچەی شار یان گوند، ڕەوشی ئیش، داهات و هەڵسوکەوتی هەڵبژاردن) پرس کراوە. چونکە وەڵامدەرەوەکان بە شێوازی نەناسراو و بەبێ تۆمارکردنی زانیاری کەسێتییەکانیان لە ڕاپرسییەکەدا بەشداربوون، تەخمین دەکرێ کە بۆ ڕادەربڕینی ڕاستەقینەی خۆیان زیاتر هەستیان بە پارێزراوی کردووە و بە ئاسوودەیی بەشداربوون. نزیکەی ٩٠٪ی بەشداربووان وتوویانە کە لە ناوخۆی ئێراندا دەژین. ڕێبازەکانی پشتڕاستکردنەوە نیشان دەدەن کە نزیکەی ١٪ی بەشداربووان ڕەنگە شوێنی ژیانی خۆیان (ناوخۆ یان دەرەوەی وڵات) بە مەبەست یان بە بێ مەبەست، هەڵە نووسیبێت. ئێرانییەکانی ناوخۆی وڵات لە هەموو ٣١ پارێزگا و شار و گوندەکان لەم ڕاپرسییەدا بەشداربوون. زانیاری نموونەکان لە بەشی هاوپێچدا ڕاپۆڕت کراوە.   ١-٢ قۆناغەکانی پاڵاوتن و ئامادەکردنی نموونەی کۆتایی لەم ڕاپرسییەدا پرسیارێک بۆ ناسینی وەڵامە بەڕێکەوت یان ئەو وەڵامانەی وا بە ڕێگەی ڕۆبۆتەوەن، دابین کراوە. وەڵامە هەڵەکان بەم پرسیارە، هەەروەها خاڵە ناکۆکەکان (وەکو ئەو کەسانەی وتوویانە لە ساڵی ٢٠١٧ هێشتا تەمەنیان نەگەیشتووە بە تەمەنی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام تەمەنی خۆیان زیاتر لە ٣٠ ساڵ دیار کردووە، یان ئەو کەسانەی لە پرسیارێکدا خۆیان بە دانیشتووی ئێران و لە پرسێکی دیکەدا خۆیان دانیشتووی دەرەوەی وڵات پێناسە کردووە) لە ئامارەکاندا سڕاونەتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی گرووپە تمەنییە ستانداردەکانی ناو زانیارییەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦، نموونەی کۆتایی کە لەم شیکارییەدا بەکارهێنراوە تەنیا وەڵامدەرانی سەروو ١٩ ساڵی دانیشتووی ئێران لەخۆ دەگرێت. دوای ئەنجامدانی پاڵاوتنەکان، قەبارەی نموونەی ئاماری کۆتایی لە ناوخۆی ئێراندا ٣٠،٩٨١ وەڵامدەر بووە. هەموو دەرئەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای نموونەئاماری کۆتایی دەرهێنراون. ئامانجی کۆمەڵەی ئاماری ئەم ڕاپرسییە، کەسانی سەروو ١٩ ساڵ و خوێندەواری دانیشتووی ئێرانن (کەسانێک وا توانیویانە ئینتەرنێت بەکار بهێنن و پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە بخوێننەوە). بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦، هەژماری خەڵکانی خوێندەواری سەروو ١٩ ساڵ لە ئێران نزیکەی ٤٧ میلیۆن کەس بەروارد کراوە. ئەم ڕەقەمە نزیکەی ٨٥٪ی دانیشتووانی گەورەساڵی ئێرانە. لەم ڕاپۆرتەدا لە هەر شوێنێکدا دەستەواژەی «نموونەی ئاماری» بەکار دەهێنرێت، مەبەست نموونەی پاڵاوتراە و نە «نموونەی خاوی سەرەتایی» ڕاپرسییەکە. هەروەها، لە هەر شوێنێکدا لە دەستەواژەی «کۆمەڵگە» کەڵک وەرگیراوە مەبەست «کۆمەڵگەی ئامارییە» (یاخود هەمان کۆمەڵەی ئاماریی) ئامانجە نەک گشت دانیشتووانی کۆمەڵگەی ئێران. نموونەی ئاماری ڕاپرسییە ئۆنلاینەکان زۆربەی جار لەگەڵ زانیاری کۆمەڵەی ئاماری ئامانج تەواو یەک ناگرنەوە، لە ئەنجامدا بۆ ئەوەی نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر (representative sample) هەبێت، لە شێوازی کێشکردنەوە (weighting) کەڵک وەرگیراوە هەتاکو بتوانرێت نموونە ئاماریەکە هاوسەنگ بکرێت و لەگەڵ زانیاری سەرەکی کۆمەڵەی ئامانج یەکسان بکرێت. هەروەها ئەنجامەکان بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی هەڵبژاردنی نموونەی هەڕەمەکی لە کۆی نموونە ئامارییەکان (matching)، پشتڕاستکرایەوە. لە بەشی هاوپێچدا، شێوازەکانی هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری، شێوازی کێشکردن، زانیاری کۆمەڵناسی نموونە ئاماری و زانیاری کۆمەڵەی ئامانج باسی لەسەر کراوە. بەشی دووەم: دەرئەنجامە سەرەکییەکانی ڕاپرسی لەم ڕاپۆرتەدا هەموو ئەنجامەکان و خشتەکان لەسەر بنەمای «نموونەی ئاماری کێشکراو» لە ناوخۆی وڵات حیساب کراوە. دەرئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە دەتوانرێت بە ئاستی دڵنیایی ٩٥٪ و پەراوێزی هەڵەی ٥٪، بۆ دانیشتووانی خوێندەواری تەمەن سەروو ١٩ ساڵ (واتە نزیکەی ٨٥٪ی دانیشتووانی گەورە ساڵ) گشتگیر بکرێت.   ٢-١ ئاستی باوەڕی ئێرانییەکان بە چەمکە ئایینییەکان       لەم ڕاپرسییەدا وەڵامدەران سەبارەت بە باوەڕی ئەوان بە «خوا»، «بەهەشت و دۆزەخ»، «دین و مەزهەب»، «هاتنی ڕزگارکەری مرۆڤایەتی»، «ژیان دوای مەرگ»، «جنۆکە» پرسیار کراوە. ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدەن کە ٧٨٪ی ئێرانییەکان بە خوا، ٣٧٪ بە ژیانی دوای مەرگ، ٣٠٪ بە بەهەشت و دۆزەخ، ٢٨٪ بە دین و مەزهەب، ٢٦٪ بە جن و ٢٦٪ بە هاتنی ڕزگارکەری مرۆڤایەتی باوەڕیان هەیە و نزیکەی  ٢٠٪ی کۆمەڵگەش بڕوایان بە هیچ یەک لەم خاڵانە نییە. دایاگرامی ١ ٢-٢ هەمەچەشنی مەیلی ئایینی ئێرانییەکان لە پرسیارێکی دیکەدا لە وەڵامدەران سەبارەت بە نموونەکانی بیروبڕوا کەسێتییەکانی ئەوان پرسیار کرا. دایاگرامی ٢ نیشان دەدات لە کاتێکدا کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆمەڵگە خۆیان وەک «مسوڵمانی شیعە» پێناسە دەکەن، بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگە خۆیان بێ باوەڕ، زەردەشتی، مەعنەویەتخواز، نەزانخواز، مسوڵمانی سوننە، عیرفانخواز، مرۆڤخواز، کریستیانی، بەهایی و … پێناسە دەکەن. هەروەها نزیکەی ٢٢٪ی کۆمەڵگە خۆیان سەر بە هیچ یەک لەم ڕەوتانە نازانن. دایاگرامی ٢ ٢-٣ ڕەوتی گۆڕانکاری دینداری لە کۆمەڵگەی ئێراندا لەم ڕاپرسییەدا لە وەڵامدەران پرسیار کرا کە باوەڕی ئایینی ئەوان بە درێژایی ژیانیان چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە. هەروەکو دایاگرامی ٣ نیشان دەدات، ٤٧٪ ڕایانگەیاند لە باوەڕمەندییەوە بە بێ باوەڕی گەیشتوون. ٤١٪ی کۆمەڵگەش وتوویانە کە بڕوایان سەبارەت بە دین یان بێ دینی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەبووە. هەروەها نزیکەی ٦٪ ڕایانگەیاندووە کە لە بێ باوەڕییەوە گەشیتوون بە باوەڕمەندی و بە هەمان ڕێژەش لە مەیلێکی ئایینی بۆ مەیلێکی ئایینی دیکە گۆڕاون. ئەنجامەکان نیشان دەدەن کە مەیلی گۆڕین «لە دینداری بۆ بێ دینی» لەناو گەنجان، کەسانێکی کە خوێندنی زانکۆیان بووە و دانیشتووانی شارەکان زیاتر بووە. هەروەها دەبینرێت کە مەیل بە گۆڕینی باوەڕە ئایینییەکان لە نێوان پیاوان زیاتر لە ژنان تۆمار کراوە. ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدات کە زۆرینەی ئاتێئیستەکان (بێدین) و نەزانخوازەکان لە دینداری گەیشتوون بە بێ دینی. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێکی بەرچاوی باوەڕمەندانی کریستیانی، عیرفانی حەڵقە، عیرفانخوازەکان و بوداییەکان لە مەیلێکی دیکەی دینی ڕوویان لەم بڕوا ئایینییانە کردووە. دیاگرامی ٣   ٢-٤ مەیلی عیبادەتی تاکەکەسی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە «چەند جار نوێژ ئەخوێنن؟»، نزیکەی ٦٠٪ی کۆمەڵگە وتوویانە کە نوێژ ناخوێنن. لەبەرامبەردا نزیکەی ٤٠٪ی کۆمەڵگە ڕایانگەیاندووە کە بەردەوام نوێژ دەخوێنن و لەم بڕە خەڵکە، زیاتر لە ٢٧٪ی کۆمەڵگە وتوویانە پێج جار لە ڕۆژدا نوێژ دەخوێنن. دایاگرامی ٤ ٢-٥ پێگەی خوا و ئایین لە کەشی بنەماڵەیی ئێرانییەکاندا بە پێی ئەنجامی ڕاپرسی نزیکەی ٦١٪ی کەسەکان وتوویانە لە بنەماڵەی «باوەڕمەند بە خوا و ئایینی» گەورە بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە ٣٢٪ی ڕایانگەیاندووە لە بنەماڵەی «باوەڕمەند بە خوا و نائایینی» گەورە بوون و کەمتر لە ٣٪یش ڕایانگەیاندووە لە بنەماڵەی «بێ باوەڕ بە خوا» یان «دژە ئایین» گەورە بوون. دایاگرامی ٥ ٢-٦ ڕوانگەی کۆمەڵگە سەبارەت بە پەیوەندی نێوان دین و حکومەت هەر وەکو لە دایاگرامی ٦دا هاتووە، ٦٨٪ی کۆمەڵگە لەسەر ئەو بڕوایەدابوون کە حکومە ئایینییەکان نابێ ببنە پێوانەی یاسادانان تەنانەت ئەگەر دیندارەکان زۆرینەی پەرلەمانیشیان بەدەست بێت. لە بەرامبەردا ١٤٪ی کۆمەڵگە بڕوایان هەیە کە یاساکان دەبێت لە هەر حاڵێکدا لەسەر بنەمای حکومە ئایینییەکان بن. هەروەها نزیکەی ٤٪ی کۆمەڵگە زیاتر مەیلیان بەرەو ئەم بیروڕایەوەیە کە ئەگەر دیندارەکان لە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانەدا زۆرینەی پەرلەمان بەدەست بهێنن، مافی ئەوەیان هەیە کە یاساکان بە پێی حکومە ئایینییەکان دابنێن. ١٣٪یش وتوویانە کە بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارە زانیاری تەواویان نییە. دایاگرامی ٦ لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە پەیوەندی دین و حکومەت (دایاگرامی ٧)، ٧١٪ لەو باوەڕەدابوون کە دامەزراوە ئایینییەکان پێویستە خۆیان تێچووەکانیان دابین بکەن. لە لایەکی دیکەوە ١٠٪ بڕوایان هەبووە کە دامەزراوە دینییەکانی هەموو ئایینەکان پێویستە بتوانن یارمەتی لە حکومەت وەربگرن و ٣٪یش ڕایان وابوو کە تەنیا دامەزراوە ئیسلامییەکان دەبێت بتوانن لە یارمەتی حکومەتی سوود وەربگرن. دایاگرامی ٧   ٢-٧ ڕوانگەی ئێرانییەکان سەبارەت بە پڕوپاگەندەی ئایینی لە ڕای گشتیدا سەبارەت بە پڕوپاگەندەی ئایینی ٤١٪ی کۆمەڵگە باوەڕیان وایە کە هەموو دینەکان پێویستە بتوانن پرۆپاگەندەی ئایینی خۆیان بۆ ڕای گشتی بکەن، لە کاتێکدا نزیکەی ٤٪ی کۆمەڵگە ئەم مافە تەنیا بۆ مسوڵمانان ڕەوا دەبینن. لە بەرامبەردا، نزیکەی ٤٣٪ بە باشی دەزانن کە پرۆپاگەندەی هەموو ئایینەکان بۆ ڕای گشتی ڕێگەپێنەدراو بێت.  دایاگرامی ٨ هەروەها ٥٦٪ی کۆمەڵگە ڕایانگەیاندووە لەگەڵ پەروەردەی مناڵان بۆ فێرکاری و ئەرکی ئایینی لەناو مەکتەبەکاندا دژایەتی دەکەن. هەروەها، نزیکەی ٥٤٪ هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە مناڵەکانیان لە مەکتەبدا بیروبڕوا ئایینییە جیاوازەکان بناسن. دایاگرامی ٩ ٢-٨ ڕوانگەی ئێرانییەکان سەبارەت بە حیجاب ئەم ڕاپرسییە نیشان دەدات کە زیاتر لە ٧٢٪ی کۆمەڵگە دژی ئیجباری بوونی باڵاپۆشی (داپۆشانی قژی سەر) لە شوێنە گشتیەکانن، لە کاتێکدا نزیکەی ١٢٪ی کۆمەڵگە لەسەر بوونی حیجابی ئیجباری جەخت دەکەن. لە لایەکی دیکەوە ٥٧٪ی کۆمەڵگە لە ئەساسدا بڕوایان بە حیجاب نییە. هەروەها ئەنجامەکانی ڕاپرسی نیشان دەدات کە تەنیا نیوەی ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە حیجاب هەیە جەخت لەسەر ئیجباری بوونەکەی دەکەن (دایاگرامی ١١). دایاگرامی ١٠ و١١ ٢-٩ بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە کۆمەڵگەی ئێراندا لە وەڵامی پرسیار سەبارەت بە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە ئێراندا، ٥٦٪ی وەڵامدەران وتوویانە کە خواردنەوە کحولییەکان ناخۆنەوە. لە بەرامبەردا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆمەڵگە وتوویانە کە بەردەوام یان جاروبار خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە. نزیکەی ٩٪ی کۆمەڵگەش بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کڕین (بەردەست نەبوون یان تێچوو) بەکارهێنەری خواردنەوە کحولییەکان نین. هەروەها ئەنجامەکان نیشان دەدەن کە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان لە نێوان گەنجان و پیاوان زیاترە. دایاگرامی ١٢ هاوپێچ: میتۆدۆلۆژیای توێژینەوە میتۆدی نموونەگرتن ئەم ڕاپرسییە بە کەڵک وەرگرتن لە میتۆدە داهێنەرانەکان هەوڵی داوە ئەو ڕوانگە و بیروڕایانەی وا بە ڕێبازە بیرپێوەریە ئاساییەکان لە کۆمەڵگەیەکی داخراودا ناتوانرێت بە شێوەیەکی ئاشکرا پرسیار و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بە ڕێگایەکی خاوەن میتۆد، بپێوێ و تۆماری بکات. هەر چۆنێک بێت، ئەم ڕاپرسی و شیکاریە ئاماریە پەیوەستەکانیش هەروەکو نموونە لەیەکچووەکانی لەگەڵ ئاستەنگیەکانی پەیوەست بە نموونەگرتنی ئۆنلاین ڕووبەڕوو بووەتەوە. یەکێک لەم کێشانە ئاستەنگی کاریگەری تۆڕە (network effect)، واتا ئەگەری نزیکبوونی بیرۆکەی بەشداربووان لەگەڵ ڕێکخەرانی ڕاپرسییەکە بووە. بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشەیە هەوڵدراوە هەتاکو ڕاپرسییەکە لە ڕێگەی کەسان، کۆمەڵ، کەناڵ و پەیجەکانی وا خاوەن بیرۆکەی باوەڕی، سیاسی و کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر بوون، هاوبەش بکرێت. بە کەڵک وەرگرتن لە چەندین زنجیرەی جیاوازی نموونەگرتن (multiple chain referral sampling)، پرسیارنامەی ئۆنلاین بە شێوازێکی خاوەن ئامانج و بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان لە نێوان کۆمەڵ و گرووپە جیاوازەکان و لە نێوان جەماوەری پەیجە بەناوبانگە گشتی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و دڵخۆشکەرەکان بڵاوبووەتەوە. هەروەها هاوکات لەگەڵ زۆربوونی بەرچاوی نموونەکان هەوڵدرا هەتا بتوانرێت لایەنگرییەکی (bias) وا بە هۆی کاریگەری تۆڕەوە دروستبووە، تا ئاستێکی وا دەکرێت کەم بکرێتەوە. ئەنجامی یەکێک لە پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە نیشان دەدات کەمتر لە ١٪ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، پێشتریش لە ڕاپرسییەکانی دامەزراوەی گەمان بەشداربوون. ئەم ئەنجامە دەتوانێت نیشان بدات کە ڕێبازی نموونەگرتنی خاوەن ئامانج بۆ بڵاوکردنەوەی پرسیارنامە لە نێوان چینە جۆراوجۆرەکان، توانیویەتی ڕاپرسییەکە بگەیێنێتە گرووپە جیاوازەکانی دەرەوەی ئەو بڕە کەسەی وا دامەزراوەی گەمان دەناسن.   هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری و ڕێبازی کێشکردن لەم ڕاپۆڕتەدا بۆ ئەوەی نموونەی ئاماری ڕاپرسییەکە ببێتە نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر (representative sample) لە تێکەڵەی دوو ڕێباری کێشکردن – raking & cell-weighting – کەڵک وەرگیراوە. بە پێی لێکۆڵینی گشتگیری دامەزراوەی توێژینەوە-بیرپێوەری پیوو (Pew Research Center) ئەم دوو ڕێبازەی کێشکردن، بە لەبەرچاوگرتنی گوڕاوە دیمۆگرافییە گونجاوەکان، لە کاریگەرترین و متمانەپێکراوترین ڕێبازەکانی هاوسەنگکردنی نموونەکانی ڕاپرسی ئۆنلاین دێنە ئەژمار. هەروەها بەپێی ئامۆژگاری ئەم لێکۆڵینەوەیە، بۆ کێشکردنی نموونەی ئاماری، لە گۆڕاوێک وا هەڵسوکەوتی سیاسی وەڵامدەران نیشان دەدات، کەڵک وەرگیراوە هەتاکو ئاستی بەلاڕێداچوونی نموونەی ئاماری کەم بێتەوە و ئەگەری گشتگیرکردنی نموونەی کۆتایی زیاتر بکرێت. هاوسەنگکردن و کێشکردنی نموونەی ئاماری بە هاوکاری کۆمپانیای هۆڵەندی Spinnaker Research و بە ئامرازی پێشکەوتووی ئەم کۆمپانیایە ئەنجام دراوە. بۆ دروستکردنی نموونەیەکی ئاماری پێناسەکەر، نموونەی پاڵاوتراوی ڕاپرسی بۆ وەڵامدەرانی «ناوخۆی وڵات» لەسەر بنەمای دابەشکردنی ڕەگەز، تەمەنەکان، ئاستی خوێندەواری، دیمۆگرافیای پارێزگا، ناوچە شاری و گوندەکان، و هەروەها هەڵسوکەوتی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧، کیشکردنی بۆ کراوە. بۆ دەرهێنانی کۆمەڵەی ئامانج، لە ئەنجامە فەرمییەکانی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ و ئاماری هێزی کار لە بەهاری ٢٠٢٠ کەڵک وەرگیراوە. لە دوای ئەنجامدانی حیساباتی کێشکردن بەپێی گۆڕاوە یەکگرتووەکان (interlocking variables)، ژمارەی بڕی نموونەی کاریگەر (effective sample size) ١٩١١ نموونە بووە کە بڕە نموونەیەکی زۆر گونجاو و متمانەپێکراوە بۆ پەراوێزی هەڵەی ٥٪ و ئاستی دڵنیای ٩٥٪. ئەنجامەکانی کێشکردنی نموونەی ئاماری دانیشتووانی ئامانجی ئەم ڕاپرسییە کەسانی خوێندەوار و سەروو ١٩ ساڵ (گرووپی تەمەن ٢٠ ساڵ و زیاتر) لە ئێراندان. بە پێی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی ساڵی ٢٠١٦، ئەم دانیشتووانە نزیکەی ٤٧ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانن واتە ٨٥٪ی دانیشتووانی گەورەساڵی ئێران پێکدەهێنن. خشتەکانی ژێرەوە دابەشکردنی گۆڕاوە کۆمەڵناسییەکان لەناو نموونەی ئاماری ڕاپرسی و دانیشتووانی ئامانج نیشان دەدەن. دەبینرێت کە تایبەتمەندی کۆمەڵناسی نموونەی کێشکراوە لەگەڵ دانیشووانی ئامانج یەکدەگرنەوە.   جگە لە گۆڕاوە کۆمەڵناسییەکان، هەڵسوکەوتی هەڵبژاردنی وەڵامدەران لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ٢٠١٧ بۆ کێشکردنی نموونەی ئاماری کەڵکی لێوەرگیراوە و حیساباتی کێشکردنی ئەم ڕاپرسییە، بە پێی گۆڕاوە یەکگرتووەکان (interlocking variables) ئەنجام دراوە. ئەگەر چی کەسانێک وا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٧ دەنگیان بە ئیبراهیم ڕەئیسی دابوو کەمتر لەم ڕاپرسییەدا بەشدار بوون، بەوحاڵە، بڕی نموونە ئاماری دەنگدەرانی ئیبراهیم ڕەئیسی لەم ڕاپرسییەدا بەرچاو بووە و لەم ڕووەوە بە کێشکردن و هاوسەنگکردنی نموونەی ئاماری، ئەگەری گشتگیرکردنی ئەنجامەکان بۆ دانیشتووانی ئامانج وەدیهات. خشتەی ٦: دابەشکردنی هەڵسوکەوتی سیاسی-هەڵبژاردن لە نموونەی ئاماری و ئەنجامە فەرمیەکانی هەڵبژاردنی ٢٠١٧ باوەڕپێوەری نموونەی کێشکراوە یەکێک لە ڕێبازەکانی وا دەتوانرێ بە کەڵک وەرگرتن لەو، ئاستی متمانە بە نموونەی کێشکراوە و گشتگیربوونی هەڵسەنگێنرێت، ئاستی لەیەکچوونی ئەنجامەکانی نموونەی کێشکراوە لەگەڵ بەڵگە دەرەکییەکانە. خشتەی ٧ بارودۆخی چالاکی ئابووری (ڕێژەی سەدی کەسانی دامەزراو) لە نموونەی کێشکراوەدا بە بەراوردی لەگەڵ دانیشتووانی ئامانج لەسەر دوو ئاستی شاری و گوندیدا نیشان دەدات. لە کاتێکدا وا نموونەی کێشکراوە کەسانی خوێندەواری سەروو ١٩ ساڵ لە خۆی دەگرێت، ئاماری هێزی کار، هەم کەسانی خوێندەوار و هەمیش نەخوێندەوار لەخۆی دەگرێت. بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری هیزی کار لە بەهاری ٢٠٢٠دا، ڕێژەی دامەزرانی کەسانی خوێندەوار لە ناوچە شارییەکان زیاتر لە کەسانی کەم خوێندەوار و نەخوێندەوار بووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە، دەبینرێت کە بارودۆخی کار بۆ نموونەی کێشکراو لەگەڵ داینشتووانی ئامانج بە ئاستێکی پەسەندکراو یەکتر دەگرنەوە. خشتەی ٧: دابەشکردنی ڕێژەی کار لە نموونەی کێشکراو و ئاماری هێزی کار بە پێی شاری و گوندی لە لایەکی دیکەوە بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی متمانەی ئەنجامەکان لە نموونەی ئاماری کێشکراودا، بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێبازی نموونەگرتنی هاوتاییدا (matching method) حیساباتی دووبارە و ئەنجامەکان لەگەڵ دەستکەوتە پێشووەکان بەراورد کرا. لەم ڕێبازەدا سەرەتا نموونەیەکی ئاماری هەڕەمەکی بە بڕی ٢٠٠٠ وەڵامدەر لە گشتی نموونەی ئاماری کۆتایی (واتا لە ٣٩٩٨١ نموونە) دەرهێندراوە. ئەم نموونە هەڕەمەکییە بە جۆرێک دەرهێنراوە کە لەگەڵ گۆڕاوە شەش دانەییەکانی دانیشتووانی ئامانج (رەگەز، گرووپی تەمەن، ئاستی خوێندەواری، ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگا، ناوچە شاری و گوندییەکان، و هەڵسوکەوتی هەڵبژاردن) هاوسەنگ بن. بە لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری بینرا کە هەموو دەسکەوتەکانی ڕاپرسییەکە بە نموونەی هەڕەمەکی نوێ، لەگەڵ دەسکەوتەکانی نموونەی کێشکراو یەکگرتوو بوو و جیاوازی ئەنجامەکان کەمتر لە ١٪ بوو. بە گشتی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەڵگانە، دەرکەوت کە نموونەی کێشکراو تا ڕادەیەکی قبووڵکراو، پێناسەکەری دانیشتووانی ئامانج (دانیشتووانی خوێندەواری سەروو ١٩ ساڵ)ە و دەتوانرێ ئەنجامەکانی ئەو بە ئاستی هەڵەی وتراو بە زۆرینەیەکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران (واتا نزیکەی ٨٥٪ لە دانیشتووانی گەورەساڵی وڵات) گشتگیر بکردرێت.


راپۆرت: درەو كێشمەكێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەیشتوەتە بەغدادیش، لەبەردەم لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراقدا بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" حكومەتی هەرێم حكومەتی پارتییەو كاربەڕێكەرە، ئێمە دەمانەوێت لە حكومەت بكشێینەوە، بۆیە دەبێت لە یاسای نەوت‌و غازو بودجەدا مافی پارێزگاكان لەبەرچاوبگیرێت"، مەسرور بارزانیش لای سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق باسی لەوەكردووە" كێشەی یەكێتی پەیوەندی بە كەیسی كوژرانی عەقید هاوكار جافەوە هەیە"، لەدوای توندوبونەوەی ململانێكانیان لە بەغداد، مەسرور بارزانی بەیاننامەی دەركردو یەكێتیش لە گروپی "واتساپ"ی ئەنجومەنی وەزیران كشایەوە، وردەكاری ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی بودجە‌و یاسای نەوت‌و غازەوە لەم راپۆرتەدا.  پارتی‌و یەكێتی كێشەكانیان دەبەنە بەغداد بەر لە هەفتەیەك، لە ماڵەكەی موسەننا سامەڕائی لە بەغداد، ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كۆبووەوە، ئەم ئیئتیلافە لەو لایەنانە پێكدێت كە كابینەی نوێی حكومەتیان لە عێراق دروستكردووە، پارتی‌و یەكێتی بەشدارن لە ئیئتیلافەكەدا.  ئەم ئیئتیلافە بڕیاریداوە، بەرلەوەی پرۆژەیاساكان رەوانەی پەرلەمان بكرێن یاخود بڕیارەكان لەناو حكومەتەوە دەربچن، دەبێت لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت لەنێوان خۆیاندا كۆببنەوە‌و سەرەتا لە كۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن. لە كۆبونەوەكەی ماڵی موسەننا سامەڕائیدا، لەبارەی یاسای بودجەی 2023ی عێراق‌و دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی عێراق گفتوگۆ كرا، لە پارتی فوئاد حسێن‌و لە یەكێتیش بافڵ تاڵەبانی بەشداربوون. یاسای بودجەو یاسای نەوت‌و غاز دوو بابەتی زۆر گرنگن سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی. دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە شوباتی ساڵی رابردوودا، كە تێیدا یاسای نەوتی غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە‌و داوایكرد هەرێم نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی‌و دیاریكردنی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندو هەرێم بەسەر سامانە سروشتییەكانەوە لەناو یاساكەدا، تاكە رێگایە بۆ كۆتایهێنان بە حكومەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم، بەپێچەوانەوە بڕیارەكەی دادگا وەكو خۆی دەمێنێتەوە‌و دەسەڵاتدارانی بەغداد دەتوانن هەموو كاتێك وەكو كارتی فشار دژی هەرێمی كوردستان بەكاری بهێنن. یەكێتی لە هەستیاری ئەم بابەتە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان تێگەیشتووە، دەیەوێت وەكو كارتی فشار لەسەر مەسرور بارزانی تاقی بكاتەوە، پارتیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەیەوێت مەركەزیەتی پەیوەندییە دارایی‌و سیاسییەكان لەگەڵ بەغداد جڵەوەكەی هەر لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە.  حكومەتی عێراق لەكاتێكدا سەرقاڵی ئامادەكردنی بودجەو  گفتوگۆیە لەبارەی دەركردنی یاسای نەوت‌و غاز، كە پارتی‌و یەكێتی لەهەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانیان گرژی بەخۆوە دەبینێت.  بافڵ تاڵەبانی: دیراسەی كشانەوە لە حكومەت دەكەین سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ماڵی موسەننا سامەڕائیدا، دوای ئەوەی فوئاد حسێن بۆچونی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی یاسای نەوت‌و غاز باسكردووە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لەبەردەم لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا بە توندی قسەی كردووە‌و وەڵامی داوەتەوە.  بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" ئێمە قسەی خۆمان هەیە لەسەر یاسای نەوت‌و غازو یاسای بودجە، ناكرێت یاساكە بە دڵی حكومەتەكەی پارتی بێت، چونكە ئەو حكومەتەی ئێستا لە هەرێم هەیە حكومەتێكی كاربەڕێكەرەو حكومەتی ئێمە نییە، حكومەتی پارتیەو سزای سلێمانی دەدات‌و ئێمە دیراسەی كشانەوە لەحكومەت دەكەین".  هەر لەم كۆبونەوەیەدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كردووە" لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ هەروەها لە یاسای بودجەشدا دەبێت مافی رێككەوتنی پارێزگاكان پارێزراو بێت، ئێمە ئەمانەوێت كوانتاكتی تەواوەتیمان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەبێت".  ئەوەی بە دیاریكراوی بافڵ تاڵەبانی لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا داوای كردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەوەیە" مافی رێككەوتنی پارێزگاكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی پارێزراو بێت".  یەكێتی دەیەوێت لەیاسای بودجەی 2023دا بڕگەیەك جێگای بكرێتەوە‌و بەپێی ئەو بڕگەیە پارێزگای سلێمانی بتوانێت مامەڵەی دارایی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكات نەك حكومەتی هەرێم، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە موچەی فەرمانبەرانەوە یاخود ئیمزاكردنی گرێبەست لە بواری نەوت‌و غازدا لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی.  لە هەرێمی كوردستان نەوت‌و غاز وەكو دوو سەرچاوەی گرنگی سامانی سروشتی دابەشبووە بەسەر پارتی‌و یەكێتیدا، نەوت كارتی بەهێزی دەستی پارتییە چونكە زۆرینەی ئەو نەوتەی كە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەرهەمدەهێنرێت، تاكە سەرچاوەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش كە كێڵگەی "كۆرمۆر"ە، دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتییەوە.  ئەم ساڵانەی دوایی یەكێتی چەندجارێك لەرێگەی بەغدادەوە هەوڵی ئەوەیداوە وەبەرهێنان لە غازی كۆرمۆردا بكات، تا ئاستی هەناردەكردنی غاز لەرێگەی گرێبەستێكەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق، یەكێتی خوازیاری ئەوەیە كۆمپانیایەك بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق دروست بكات‌و غازی كۆرمۆر بە بۆری بگوازێتەوە بۆ ماڵان‌و وێستگەكانی كارەبا، پارتیش دەیەوێت هاوشێوەی نەوتەكە، غازی كۆرمۆر رەوانەی توركیا بكات.  بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە كارتێكی تری یەكێتی كرد دژی پارتی، ئەوەش كاتێك بوو كە وتی" كۆندێنسەیتی ئێمە كوالیتی نەوتی هەرێمی بەرزكردوەتەوە، ئەگەر هەناردەی كۆرمۆر رابگرین پارتی زەرەر دەكات"، ئەمە مەبەست لەو بڕە نەوتە بەرهەمهێنراوەی كێڵگەی كۆرمۆرە كە دەكرێت ناو بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتی نەوتەكە.      پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی زیاتر لە سێ مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبونەوەكانی حكومەتی نەكردووە، رۆژی یەكشەممەی ئەم  هەفتەیە (100) هەمین كۆبونەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەت بەڕێوەچوو، هاوكات لەگەڵ ئەم كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و بەرپرسیارێتی بارودۆخەكەی خستە ئەستۆی یەكێتیی. لەدوای راگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانییەوە، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەناو گروپی واتساپی ئەنجومەنی وەزیران چونە دەرەوە، ئەمە جارێكی تر گرژییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.  بەر لە راگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانی، پارتی‌و یەكێتی لە رێككەوتن نزیكبونەوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە وزارییەكان، بەتایبەتیش گۆڕینی (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆ لەسەر پشكی یەكێتیی، كە ئێستا یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكان، بەڵام راگەیەندراوەكەی سەرۆكی حكومەت‌و كشانەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی لە گروپی واتساپ، جارێكی تر شەڕی میدیایی لەنێوان هەردوو حزبدا گەرمكردەوە.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئاڵۆزبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی دوای ئەو هەوڵانەی بەمدواییە خرانەگەڕ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر هەموارە وزارییەكە، بە پلەی یەكەم پەیوەندی بەو قسانەوە هەبووە كە بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا لە بەغداد كردویەتی، ئەمە لەپاڵ هەوڵەكانی یەكێتی بۆ مامەڵەكردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد لەناو بودجەدا.  ئێستا میدیای یەكێتی هەڵمەتی رەخنەی بۆسەر كابینەی نۆیەم دەستپێكردەوە، مەسرور بارزانی بە "سەرۆكی حكومەتی پارتی" ناودەبات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، میدیاكانی پارتیش لەسەروبەندی دەستپێكردنی هەڵمەتێكدان بۆسەر یەكێتی، هێڵی سەرەكی هەڵمەتەكەیان ناوهێنانی بافڵ تاڵەبانییە بە "هاوسەرۆك"، ئەمە بەواتای ئەوە دێت پارتی دەیەوێت لەسەر هێڵی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی گەمە بكات.  هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، پێناچێت جارێكی تر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا، پارتی لەسەر بەرزترین ئاستی خۆی كە مەسعود بارزانییە، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی هێناوەتە پێش لە ئەمساڵدا.  پارتی‌و یەكێتی پێكەوە‌و بە هاوكاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و پێكهاتەكان، تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان‌و لەگەڵ پەرلەمانیشدا تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كابینەی نۆیەمی حكومەتیان درێژكردەوە، لەدوای ئەم درێژكردنەوەیە پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی گرژی تێكەوت. یەكێتی هۆكاری سەرەكی تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی بۆ "تاكڕەوی" مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران‌و سزادانی سلێمانی لەڕووی ئابورییەوە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی‌و پارتی دەڵێن ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی لە حكومەت پەیوەندی بە دۆسیەی ئەمنی‌و بەدیاریكراویش كوژرانی عەقید (هاوكار جاف)ەوە هەیە‌و یەكێتی دەیەوێت كێشە ناوخۆییەكانی خۆی لە حكومەت‌و پارتی بئاڵێنێت.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لایەنە عێراقییەكان ئاگاداركراون لە كێشمەكێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی، لەكاتی سەردانەكەی ئەمدواییەیدا بۆ بەغداد، كاتێك باسی ناكۆكییەكان كراوە، مەسرور بارزانی بە فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراقی وتووە" كێشەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی پەیوەندی بە كەیسی هاوكار جافەوە هەیە‌و ئەمە كەسێكە كە بە تەواوەتی یاساییە‌و دادگا یەكلای كردوەتەوە". لە دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە لە ئۆكتۆبەری 2021دا، پارتی‌و یەكێتی هەرزوو دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ سەدر رۆیشت‌و تەبەنی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی كرد، ئەمە بە پرۆژەی وڵاتانی خۆرئاواو هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە  ناوزەندكرا، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی رۆیشت كە پێیاندەوترێت لایەنەكانی سەربە ئێران‌و ئەمانە داوای بەردەوامیدانیان دەكرد بە پێكهێنانی حكومەتی "تەوافوقی". كاتێك سەدر بەشێوەیەكی كتوپڕ لە پەرلەمان كشایەوە‌و وەكو لایەنی براوەی یەكەم دەستبەرداری پێكهێنانی حكومەت بوو، پارتی بە ناچاری رێگای حكومەتی تەوافوقی گرتەوەبەرو لەگەڵ یەكێتی‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییدا لە چوارچێوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا كۆبووەوە. ئیئتیلافەكە بەڵێنی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازو چارەسەری كێشەی موچەو نەوتی داوە لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، بەڵام رەنگە ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی ئەم پرسەوە، دەرفەتی ئەوە بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ببەخشێت، لەم كابینەیەشدا پرسەكە بە هەڵپەسێردراوی بەجێ بهێڵێت.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand