Draw Media

وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ دانیال سیروێر پسپۆر و توێژەر لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی " DW " رایدەگەیەنێت لەوانەیە وەڵامی ئەمریكا بۆ هێرشە كیمیاییەكەی حكومەتی سوریا بۆسەر شاری دوما بە رادەیەك بەهێزبێت كە هاوسەنگی هێز بگۆڕێت و لەوانەشە گورزێكی دیاریكراو بێت هاوشێوەی  ئەوەی ساڵی رابردوو، ئاماژە بەوەش دەكات كە ئەمریكا هاوپەیمانی وای نییە كە چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت كاروباری دەسەڵات لە سوریا دواتر بگرێتە دەست، ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە: DW: ئەو بژاردانە چین لەبەردەستی سەرۆكی ئەمریكادان؟ و ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان كامانەن؟ دانیار سیروێر:  گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا یان زۆر گەورە دەبێت، یان دیاریكراو دەبێت، لەوانەیە ئامانجی وێرانكردنی هێزی سەربازی رژێمی ئەسەد بێت بە تەواوەتی وەك فڕۆكەكانی و فڕۆكەخانەكانی و بنكەكانی كۆنترۆڵ و پەیوەندییەكان و كارگەكانی دروستكردنی چەكی كیمیایی، بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بكرێت كە ئەو چەكە یان هەر چەكێكی تر لە دژی هاوڵاتیانی سڤیل بەكارنەهێنرێت، هەروەها لەوانەشە كۆشكەكانی سەرۆكایەتی كە سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد تێیاندا نیشتەجێ‌ دەبێت بە ئامانج بگیرێت، بەڵام ئامانجە بچكوكەكانی بریتین لە بە ئامانجگرتنی بنكەیەكی سەربازی یان دووان وەك ئەوەی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا و ئەو جۆرەش كاریگەرییەكی گەورەی نابێت لەسەر زەوی، هەروەها یەكێك لەو ئامانجانەی كە لەوانەیە ببنە ئامانجی گورزە سەربازییەكە بنكەكانی حزبوڵا و ئێرانە لەناو سوریا  لەگەڵ بنكە و بارەگای میلیشیا شیعەكان و هەروەها بەرگری دژە ئاسمانی روسیاش بە ئامانج دەگیرێت. DW: ئەوە گورزە سەربازییە دەتوانێت چی بەدی بهێنێت؟ و ئایا كاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێز لە سوریا؟ دانیاڵ سیروێر: كارەكە بە گوێرەی هێزی گورزەكە و سروشتی ئامانجەكان دەگۆڕێت، بۆ نمونە هێرش بۆسەر كۆشكەكانی سەرۆكایەتی رەنگە كوژرانی سەرۆكی سوریای لێبكەوێتەوە، ئەوەش ئامانجێكی سەربازی رەوایە بە رەچاوكردنی ئەوەی كە فەرماندەی باڵای سوپای سوریایە، بەڵام باوەڕم نیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان توانای رووبەڕووبوونەوەی دەرەنجامی ئەو جۆرە كارەی هەبێت، بە تایبەتی كە ئەمریكا هاوپەیمانی وای نییە كە چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت كاروباری دەسەڵات لە سوریا دواتر بگرێتە دەست، دەكرێت لەوە خۆی بەدووربگرێت و پێشتر بەشار ئەسەد ئاگادار بكرێتەوە و پێش بۆردومانەكە بارەگایەك دیاریبكرێت كە هێرشی دەكرێتە سەر،  بۆ بەشی دووەمی پرسیارەكەش بەڵێ‌ هاوسەنگی هێز لەسەر خاكی سوریا دەگۆڕێت هەروەها رووبەڕی ئەو ناوچانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی لایەنەكاندایە لەسەر خاكی سوریا، بەڵام هەموو ئەمە دەكەوێتە سەر هێزی گورزە سەربازییەكە و قەبارەكەی و ئاستی كاریگەری. DW: كاردانەوەی روسیا لەسەر ئەوە چۆن دەبێت؟ ئایا ئەو گورزە سەربازییە دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی روسیا و ئەمریكا؟ دانیاڵ سیروێر: هیچ گومانی تێدا نییە كە روسەكان تۆڵەدەكەنەوە ، لە حاڵەتێكدا كە ئەگەر سەربازەكانیان بكوژرێن و بەوەش ئەگەری ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە هەیە، ناتوانین پێشبینی سروشتی وەڵامی روسیا بكەین بە دیاریكراوی، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوە روودەدات،  لێرەدا پێویستە كە سەركردایەتی سیاسی و سەربازی ئەمریكا هەموو ئەگەرەكان بخاتە سەر مێز پێش جێبەجێكردنی گورزە سەربازییەكە، لە راستیدا ئێمە لە ساتێكی زۆر مەترسیدارداین و سەرۆكی ئەمریكا سەرقاڵە بەكاری ترەوە و راوێژكارێكی ئاسایشی نەتەوەیی وەك جۆن بۆڵتۆنیش هەیە كە هۆگر و خولیای شەڕە، لەگەڵ بوونی گوشاری كۆنگرێس بە ئاراستەی ئەوەی ئەمریكا لە وەڵامی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی جوڵە بكات. ناكرێت پێشبینی تەواوەتی سروشتی ئەو رووبەڕووبونەوەیە بكرێت كە لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و روسیا روودەدات، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بوونی پلان و ستراتیژی سەربازی بەبێ‌ بوونی ستراتیژی سیاسی بۆ كۆتاییپێهێنانی جەنگەكە كارێكی بێ‌ كەڵكە، ئەمریكا سەركەوتوو بوو لە كۆتاییهێنان بە شەڕ لە كۆسۆڤۆ لەبەر بوونی ستراتیژێكی سیاسی لە پاڵ ستراتیژی سەربازیدا، هێزی سەربازی بە تەنها ناتوانێت كۆتایی بە جەنگ بهێنێت. •    دكتۆر دانیال سیروێر – مامۆستایی كۆلێژی جۆنز هۆبكنز بۆ توێژینەوە نێودەوڵەتییە پێشكەوتووەكان و توێژەر لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن.


وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی لایەنە سوننەكان دەكات بە ناوی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) باسلەوە دەكات هاوپەیمانێتییەكەیان نزیكایەتی هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرهەم ساڵح. هەر لەو چاوپێكەوتنەدا ئوسامە نوجێفی وەكو یەكێك لە كەسایەتییە دیارەكانی پێكهاتەی سوننە لە عێراق رەتیدەكاتەوە سوننە ئامادەبێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت ئەگەر ئەو پۆستە دەسەڵاتی نەبێت، هاوكات لەگەڵ رەتكردنەوەی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان، نوجێفی سیاسەتی حكومەتی ناوەندی عێراقیش رەتدەكاتەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەكو پارێزگاكان نەك وەكو هەرێمێكی دەستوری. (درەو) ژمارەیەك لەو پرسیار و وەڵامانەی كە بۆ خوێنەری كورد گرنگ وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی و لێرەدا بڵاوی دەكاتەوە. شەرقولئەوسەت: دوێنێ دوای دیدارەكەتان لەگەڵ سەید عەممار حەكیم راتانگەیاند ئێوە دژی زۆرینەی سیاسیین، سروشتی مەترسییەكانی ئێوە چۆنە ؟ ئوسامە نوجێفی: لە وڵاتێكدا كە پێوەرەكانی دیموكراسیەتێكی راستەقینە هەبێت، زۆرینەی سیاسی دەكرێت ناونیشانێكی ئاسایی بێت، لە عێراق مەودایەكی فراوان هەیە لەنێوان ئەوەی كە هەیە و ئەوەی كە پێویستە هەبێت. پاشان ئۆپۆزسیۆن لە عێراقدا پارێزراو نییە، ئەمە وادەكات تێگەیشتنی زۆرینەی سیاسی كە هەندێك لایەن باگەشەی بۆ دەكەن ببێت بە سەرەتایەك بۆ تاكڕەوی، لە واقیعدا بەوتای زۆرینەی شیعە دێت لەگەڵَ پەراوێزێكی سوننە و كورد، ئەمەش بەواتای دیكتاتۆریەتێكی نوێ دێت بەناوی زۆرینەی سیاسییەوە، لە عێراق هێشتا جیاوازیمان هەیە و پێویستمان بە قۆناغی ئایندە هەیە كە تێیدا بارودۆخەكە زیاتر پێبگات، بەجۆرێك حوكمڕانییەكی دیموكراتی دروستبكەین كە پێكبێت لە زۆرینەیەك كە حوكم بكات و كەمینەیەكیش كە ئۆپۆزسیۆن بێت، بەپێی بنەماكانی گەمەی دیموكراتی و دەستور، ئەوەش تائێستا فەراهەم نەبووە. شەرقولئەوسەت: ئێستا باس لە ئەگەری دابەشكردنی پۆستە باڵاكان دەكرێت لەنێوان كورد و عەرەبی سوننە، بەجۆرێك پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ عەرەبێكی سوننە دەبێت و كورد پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەردەگرێت، بەپێچەوانەی ئەوەی ئێستا هەیە، چۆن لەم بابەتە دەڕوانن، بەتایبەتی كە ناوی تۆ دەهێنرێت وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ؟ ئوسامە نوجێفی: سەرەتا دەبێت هەیبەتێك بە سەرۆكایەتی كۆمار بدرێت، لەبەرئەوەی بەداخەوە ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار هەیبەتی نییە، لەگەڵ ئەوەی كە بەپێی دەستور سەرۆكایەتی كۆمار پایەی كۆتایی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە، ئەوكات دەكرێت بیر لەوە بكرێتەوە ئەو پۆستە پشكی سوننە بێت. راستە سەركردەی سوننە هەیە لە روانگەی بازنە عەرەبییەكەی عێراقەوە داوادەكات ئەو پۆستە پشكی سوننە بێت، بەڵام پۆستێكی بێ دەسەڵات چ سودێكی دەبێت ! لەكاتێكدا دەسەڵاتێكی فراوان لای سەرۆكایەتی كۆمار هەیە بەڵام جێبەجێ ناكرێت، وەكو ئەوەی بویسترێت ئەو پۆستە بەشێوەیەكی رووكەش بمێنێتەوە. ئوسامە نوجێفی: دەبێت هەیبەتێك بە سەرۆكایەتی كۆمار بدرێت، لەبەرئەوەی بەداخەوە ئێستا سەرۆكایەتی كۆمار هەیبەتی نییە شەرقولئەوسەت: تۆ ئێستا سەرۆكایەتی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) دەكەیت و چونەتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتووەوە، چانستان چۆنە ؟ ئایا كوتلەكەتان هاوئاهەنگە، بەتایبەتی دوای كشانەوەی شێخ خەمیس خەنجەر ؟ ئوسامە نوجێفی: ئێمە وەكو ئەوەی دەیبینین، بەپێی پێشبینییەكانیش، گەورەترین كوتلەی سونین، رۆڵی گرنگمان دەبێت لە دیمەنی سیاسی داهاتووی دوای هەڵبژاردنەكاندا، ئێمە گونجاوین، هەموو ئەوەی بڵاودەكرێتەوە لەبارەی ناكۆكی لەنێوان لایەنەكانی هاوپەیمانێتییەكە راست نین، لایەنە ركابەرەكانی لە پشتە. تەنانەت چونەدەرەوەی شێخ خەمیس خەنجەریش هەرگیز بەهۆی ناكۆكییەوە نەبووە، حزبەكەی (پرۆژەی عەرەبی) لەناو هاوپەیمانێتییەكە بووە. ناكۆكی لەبارەی ژمارەی پلەبەندییەكانەوە هەبوو، بەڵام بەخێرایی ئەو بابەتانە یەكلاكرانەوە، ئەوانە بابەتگەلێكن كە زیان بە بنەمای شەراكەت ناگەیەنن. شەرقولئەوسەت: هەموو سەرەنجەكان لەسەر دوای هەڵبژاردنەكانن، چ ئەو لایەنەی كە قەبارەی كوتلەكان دیاری دەكات یان هەڵبژاردنی حكومەت. چ كوتلەیەك لە ئێوەوە نزیكە بۆ هاوپەیمانێتییەكانی داهاتوو ؟ ئوسامە نوجێفی: هەندێك كوتلە هەن كە لەڕووی رێباز و روانگەوە لە ئێمەوە نزیكن، لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ كورد هەیە بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، هەروەها لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح. لەناو كوتلەكانی شیعەشدا حەكیم و موقتەدا سەدر و عەبادی نزیكن لە ئێمەوە. لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ كورد هەیە بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، هەروەها لەگەڵ دكتۆر بەرهەم ساڵح شەرقولئەوسەت: ئایا پشتیوانی حەیدەر عەبادی دەكەن بۆ ویلایەتی دووەم ؟ ئوسامە نوجێفی: بەڵێ، پشتیوانی دەكەین بۆ ویلایەتی دووەم بەڵام بەمەرج، ئێمە كارنامەیەكی روون و شەراكەتێكی سیاسی راستەقینەمان دەوێت، بەڵام وەكو هاوبەشێكی گریمانەكراو دەمێنێتەوە. هەمان شتیش بۆ كەسایەتییەكانی تری وەكو حەكیم و سەدر، ئێمە وای دەبینین بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كەسایەتی بەڕێز و گرنگیان هەیە. شەرقولئەوسەت: پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر بە گۆڕانكاری زۆردا تێدەپەڕێت، چۆن لە سروشت و ئاستی ئەو پەیوەندییانە دەڕوانن ؟ ئوسامە نوجێفی: كێشەی كورد ئەوەیە ئەوان هەمیشە چاویان لە دەوڵەتی كوردییە، پەلەیان كرد لەو ریفراندۆمەی كە ساڵی رابردوو كردیان، دەستكەوتی زۆریان لەدەستدا كە لە ساڵانی رابردوو بەدەستیان هێنابوو. چوارچێوەی گشتی بۆ پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر بۆ ماوەیەكی زۆر لەدوای ساڵی 2003 وە وەكو لێكتێگەیشتنی نێوان شیعە- كورد مایەوە، ئێمە وەكو سوننە بەشێك نەبوین لێی. ئەوە لەسەر حسابی پرۆسەی سیاسی بوو. هەندێك شت لەنێوانیان هەیە ئێمە ئاگاداری نەبووین، بەڵام هێزی كورد لەبەرامبەر گەشەكردنی هێزی بەغداد لاواز دەبێت، تاوەكو گەیشتە ریفراندۆم، كە بەر لە خەڵكی تر كێشەی بۆ كورد دروستكرد، ئێمە دژی ریفراندۆم بوین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی ئێستا تێبینی دەكەین شتێكی ناڕاستە، كوردستان هەرێمێكی دەستورییە، نابێت لەرێگەی مامەڵەكردن لەگەڵ كوردستان وەكو پارێزگاكان، دەستور پێشێلبكرێت.  


ریاز بەدران سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، كۆمسیۆن هیچ داوایەكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی بۆ كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەدەستنەگەیشتووە. ئەم قسەیەی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان وەڵامدانەوەیە بۆ راگەیەندراوێك كە لەسەر لاپەڕی تایبەتی سەرۆك وەزیران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەكراوە" حەیدەر عەبادی داوایەكی رەوانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردووە بۆ كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كە بڕیارە رۆژی 14ی ئەم مانگە دەستپێبكات، بۆ ئەوەی شەقامەكان پڕ نەكرێن لە لافیتەی بانگەشە و ئەو خەرجیانە كەمبكرێنەوە و بخرێنە شوێنێكی دروستەوە كە خزمەت بە خەڵك بكەن". سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆن لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (غەد پرێس) دەڵێت: ئەو ماوەیەی كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكراوە كاری كۆمسیۆنە و پێشتر كۆمسیۆن نوسراوی دەركردووە و هەڵمەتەكە بەشێوەیەكی فەرمی لە رۆژی 14ی نیسان دەستپێدەكات و 24 كاتژمێر بەر لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن رادەوەستێت". ریاز بەدران رایگەیاند، داواكردنی كەمكردنەوەی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەچێتە خانەی بیروبۆچونی تایبەتیی سەرۆك وەزیرانەوە، كۆمسیۆن یاسا و سیاسەت و ستراتیژی تایبەت بەخۆی هەیە ئەو بڕیار دەدات لەسەر سیستمی هەڵمەتی هەڵبژاردن.  


لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریكا بە موشەكی نوێ و زیرەك گورزی سەربازی لە سوریا دەوەشێنێت. لە تویتەكەیدا ترەمپ دەڵێ: پێویستە روسیا ئامادە بێت بۆ ئەو موشەكانەی كە بۆ سوریا بەڕێوەن، پێویستە مۆسكۆ نەبێت بە هاوبەشی ئاژەڵێك (بەشار ئەسەد) كە گەلەكەی بە غاز دەكوژێت و تاموژچێژیشی لێوەردەگرێت. لە بەشێكی تری تویتەكەدا، ترەمپ نوسیویەتی" روسیا بەڵێنی خستنەخوارەوەی هەر یاخود هەموو ئەو موشەكانە دەدات كە ئاڕاستەی سوریا دەكرێت، دەی كەواتە روسیا ئامادەبە، چونكە (موشەكەكان) جوان و نوێ و زیرەك دەبن". لە یەكەم كاردانەوەی ئەو تویتەی دۆناڵد ترەمپدا، وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێویستە موشەكەكانی ئەمریكا تیرۆرستان بكاتە ئامانج نەك حكومەتی شەرعی سوریا، موشەكە زیرەكەكانی ئەمریكا هەوڵدەدەن بەڵگەكانی ئەو هێرشە كیمیاییە لەناوببەن كە باسدەكرێت. باڵیۆزی روسیا لە لوبنان، لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی (منار)ی سەربە حزبوڵای لوبنان وتی: ئەگەر ئەمریكا هێرش بكاتەسەر سوریا، موشەكەكانی دەخەنەخوارەوە و هێرشیش دەكەنە سەر سەرچاوەی ئاڕاستەكردنی موشەكەكان. هاوكات ماڵپەڕی " ستراتفۆر"ی سەربازی ئەمریكی رایگەیاند ئەو هێرشە چاوەڕوانكراوەی ئەمریكا بۆسەر سوریا فراوان دەبێت و واشنتۆن هاوپەیمانێتییەكی سەربازی لە دژی دیمەشق پێكدەهێنێت. ماڵپەڕەكە لە راپۆرتێكیدا ئاماژەیبەوەشداوە كە هێرشی نوێی ئەمریكا تەنها بۆ راگرتنی سوریا نییە، بەڵكو بە سنوداركردنی تواناكانییەتی لە بەكارهێنانی چەك كیمیایی و ئاشكراشیكرد هێرشی جاری پێشووی ئەمریكا بنكەی ئاسمانی شعێراتی گرتەوە، بەڵام ئەمجارە لەوانەیە پرۆسەكە چەند رۆژێك بخایەنێت و فەرەنسا و بەریتانیا و قەتەر و ئیمارات و سعودیە بەشداری ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەمریكا دەكەن. ماڵپەڕی ستراسفۆر راشیگەیاندووە چاوەڕواندەكرێت ئەمجارە بنكە سەربازی " الضمرە " و مرج رحیل" و " المزە" بكرێنە ئامانج لەگەڵ چەند بنكەیەكی تری سەربازی و بەدووریشی دەزانێت راستەوخۆ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بكرێتە ئامانج و ئاشكراشیدەكات كە ئەمریكا لەم هێرشەیدا بۆسەر سوریا بنكەی ئاسمانییەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە بەكاردەهینێت لەوانەش بنكەی ئاسمانی " العدید" لە قەتەر و بنكەی سەربازی بەریتانیا لە قوبرس و ئێستاش جموجوڵێكی نائاسایی لەو بنكە سەربازییانەدا بەدی دەكرێت.  ئەم جموجوڵە سەربازییانە دوای ئەوەدێت، دوێنێ لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە پرسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی سوریاوە لە شاری دوما، ئەمریكا و روسیا نەگەیشتنە ئەنجا. سێ پرۆژە بڕیار بۆ لێكۆڵینەوەی لە دەنگۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری دوما خرانە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش، یەكێك لە پرۆژەكان ئەمریكا ئامادەی كردبوو، دوو پرۆژەكەی تر روسیا پێشكەشی كردبوون. لە كۆبونەوەكەدا پرۆژە بڕیارەكەی ئەمریكا دەنگی زۆرینەی هێنا، بەڵام روسیا مافی (ڤیتۆ)ی لەدژ بەكارهێنا، دوو پرۆژە بریارەكەی روسیاش دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا، بەمشێوەیە هەوڵی دیپلۆماسی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە شكستی هێنا و ئەگەری پەنابردن بۆ رێگەی سەربازی هاتەئاراوە. تائێستا روون نییە هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆسەر حكومەتی سوریا هێرشێكی بەرفراوان دەبێت بۆ روخاندنی رژێمەكەی بەشار ئەسەد یاخود هاوشێوەی هێرشەكەی پێشووی فڕۆكەخانەی (شعیرات) تەنیا چەند گورزێكی موشەكی دەبێت لە بنكە و بارەگا سەربازییەكانی سوریا.  


داواكاری گشتی ئەنكەرەی پایتەخت بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە گەلی تورك و دەوڵەتی توركیا دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ هەشت پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" كردەوە. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ دۆسیەكە لەدژی پەرلەمانتاران عوسمان بایدەمیر، عەلیجان ئۆنلو، فەلەكناس ئوجا، سیبەل یەغیت ئاڵپ، نادر یەڵدرم، دیلەك ئۆجەلان، میزگین ئێرگات و گارۆ پایلان كراوەتەوە و تۆمەتی وەسفكردنی ئۆجەلان لە قسەكانیانیاندا و پروپاگەندەكردن بۆ پەكەكە و بەشداریكردن لە پرسەی گەریلاكانی پەكەكەیان ئاراستەكراوە. ئاژانسەكە ئاشكراشیكردوە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ئەنكەرە بە گوێرەی مادەی 83ی دەستوری توركیا داواشیكردووە پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانە هەڵبگیرێت بۆ ئەوەش داوایەكی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە بۆ ئەوەی بەرزیبكاتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا. پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی 205ی پەرلەمانی توركیادا 59 كورسی بەدەستهێنا و لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی رابردووە گرتن و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بەو پارتە دەستیپێكرد و تا ئێستا حەوت پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان و نۆ پەرلەمانتاریشی مافی پەرلەمانتارێتییان لێ‌ سەندراوەتەوە و پارتەكە ئێستا لەلایەن پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.  


بەپێی ئامارەكانی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ١٢٥٧ بنكەی دەنگدان و ٧١٧٤ وێستگەی دەنگدانیش هەیە و ٢٣ لیست و ٥٠٣ كاندید بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. خستنە روی ئەو ئامارانە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی  مازن عەبدولقادر سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا هات سەبارەت بە ئامادەكاری بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە عێراق لە 14ی نیسان و لە هەرێمی كوردستان لە 15ی نیسان بەرێوەبچێت.


لە نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كە واژۆی دڵشاد عومەری بەسەرەوەیە هاتووە: 1-    سەرجەم پشووە فەرمییەكان باخچەكانی منداڵان و بنەڕەتی و ئامادەیی و پیشەییەكان ناگرێتەوە. 2-     ڕۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن دەوامی فەرمییە. 3-     تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاییەکان ڕۆژی ١٤ی ئایاری مانگی داهاتوو دەستپێدەكات و ڕۆژی ٢٣ی هەمان مانگ كۆتایی دێت. 4-     لە ماوەی تاقیكردنەوەكاندا پۆلەكانی (یەك و دوو و سێ)ی بنەڕەتی دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن. 5-    قوتابخانە ناحكومییەكانیش تاقیكردنەوەی وەرزی دووەم لە 14ی ئایار دەست پێبكەن. 6-     وانەكان ئاساییبكرێنەوە بۆئەوەی كرێی وانەبێژی خەرجبكرێت. ئەم بڕیارەی بەرێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەدوای كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان فەرمانبەران دێت كە ماوەی سێ مانگە بایكۆتی دەوام راگەیەنراوە، بەڵام بەهۆی فشارەكانی خۆپیشاندەرانەوە حكومەتی هەرێم ناچاركرا دەستكاری موچە بكات.   


جەنگی گەورە لە ناوچەكەدا بەڕێوەیە  لێكەوتەكانی داعش و بارودۆخی ململانێی  نێودەوڵەتی لە سوریا گەیشتوەتە لوتكە، ئەگەری بەریەككەوتنی زلهێزەكانی جیهان لە ئارادایە، چاوەڕوان دەكرێت سوریا ببێتە شوێنی خاڵیكردنەوەی ململانێی زلهێزەكان، ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیاو ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی لەلایەك و روسیا و ئێران و توركیا لەلایەكی ترەوە، ئێستا جموجوڵی هێز وهەڕەشەی ئەمریكا لە سوریا و هۆشداری روسیا لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ئەمریكا بارودۆخەكەی بەتەواوی ئاڵۆزکردووە، بەجۆرێك بەرپابوونی شەڕی گەورە لە ناوچەكەدا بوەتە شتێكی حەتمی و بەو پێیەی ئەمریكا دەیەوێت بەر بە هەژموونی ئێران و روسیا بگرێت لە ناوچەكەدا كە پێی وایە ئێران بە پڵپشتی روسیا دەستی گرتووە بەسەر عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و بەحرەیندا و بەردەوام هەژمونی لە فراوانبوندایە. پێشتر لە 7ی سێپتێمبەری 2016 رۆژنامەی واشنت پۆست باسی لە ئەگەری بەرپابوونی 10 جەنگ كردووە كە لە ئەنجامی شەری داعشەوە و لەدوای داعش هەڵدەگیرسێن كە بەشێكیان تا ئێستا رویانداوە و بەشێكیشیان لەئەگەری رودانیدان، ئەو 10 جەنگەی رۆژنامەی واشنتن بۆست ئاماژەی بۆ كردوون بریتین لە:. 1-    شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. 2-    شەڕی توركیا دژی كوردەكانی سوریا  3-    شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا و حكومەتی سوریا . 4-    شەڕی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی سوریا. 5-    شەڕی توركیا دژی سوریا  6-    شەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق 7-    كوردەكانی هەرێمی كوردستان و هێزە شیعەكانی عێراق 8-    شەڕی كورد دژی كورد خۆی  9-    شەڕی سوننە دژی شیعە یان كورد لە عێراق 10-    شەڕی پاشماوەكانی داعش دژی هەموولایەك  لەو 10 شەرە پێشبینیكراون كە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە سێپتێمبەری 2016 بڵاویكردەوە و پێشبینی هەڵگیرسانی دەكردن، تا ئێستا زۆرینەی پێشبینیەكان رویانداوە و هاتونەتە دی لەوانە: 1-    شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. 2-    شەڕی توركیا دژی كوردەكانی سوریا  3-    شەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق 4-    كوردەكانی هەرێمی كوردستان و هێزە شیعەكانی عێراق 5-    شەڕی پاشماوەكانی داعش دژی هەموولایەك  6-    شەڕی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی سوریا بۆیە ئەگەری لێدانی سوریا لە لایەن ئەمریكاوە نزیكبوەتەوە و لە ئان و ساتدایە، ئەمریكا ئێستا لەگەڵ ئیسرائیل لە هەوڵی لێدانی سوریادایە بەڵام بەدوای هاوپەیمانی زیاتردا دەگەڕێت بەتایبەتیش فەرەنسا و بەریتانیا، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە كە ئەمریكا دەست لە سوریا بوەشێنێت.  رۆژنامەی واشنت لە 7ی سێپتێمبەری 2016 https://www.washingtonpost.com/news/worldviews/wp/2016/09/07/10-new-wars-that-could-be-unleashed-as-a-result-of-the-one-against-isis/?noredirect=on&utm_term=.d089c21472fe  


لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی DW   ڤیكتۆر لیتۆڤكین شارەزایی روسی و چاودێری سەربازی ئاژانسی تاسی روسی هۆشداریدەدات لە مەترسییەكانی وەشاندنی گورزێكی سەربازی و رایدەگەیەنێت لێدانی سوریا دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی دوو زلهێزەكەی جیهان ( روسیا و ئەمریكا ) و بەرپابوونی جەنگی سێیەمی جیهانی و تێیدا چەكی ئەتۆمی بەكاردەهێنرێت و باسیش لەو ئامانجانە دەكات كە ئەگەری هەیە ئەمریكا هێرشیان بكاتەسەر. DW:  ئاستی ئەو هێرشە چاوەڕەوانكراوەی ئەمریكا چۆن دەبێت و بنكەی حمێمیم یەكێك دەبێتە لە ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: بڕوام وایە هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆ سەر سوریا تەنها خۆی لە موشەكی كروز " تۆماهۆك" دا دەبینێتەوە لە رێگەی كەشتی " دۆناڵد كۆك " و " پۆرتەر" كە ئێستا لە كەنارەكانی سوریا نزیكدەبنەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانم لە دەریای ناوەڕاست هیچ كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكای لێ نییە، لەبەرئەوە وایدەبینم كە هێرشەكە تەنها بە موشەكی " تۆماهۆك" ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەربارەی ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان ، ژمارەیەك ئامانجی هەمەجۆر هەن لە نێویاندا بارەگای دەستەی ئەركانی گشتی سوریا، بنكە و فڕۆكەخانە سەربازییەكانی سوریا، بە دووریشی نازانم كە كۆشكەكانی سەرۆكی سوریاش بگرێتەوە، دەمەوێت ئاماژە بەوەبدەم كە سەرباز و شارەزایانی روسیا لە هەموو بنكە و فڕۆكەخانە سەربازییەكاندان، كە ئەركیان هاوكاریكردنی سەربازانی سوپای سوریایە لە شەڕیاندا دژی گروچە تیرۆریستییە چەكدارەكان، لەبەرئەوە ئەگەرێكی گەورە هەیە كە روسەكانیش رووبەڕووی بۆردومان ببنەوە، كە ئەوەش دەرەنجامی زۆر مەترسیداری لێدەكەوێتەوە. و سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای روسیا ڤالێری گراسیمۆڤ هۆشداری دایە ئەمریكا لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی روسیا لە بۆردومانی ئەمریكادا، لەو حاڵەتی بۆردومانكردنیاندا وپای روسیا هەوڵی پوچەڵكردنەوە و رێگریكردن لە موشەكەكان دەدات و سەرچاوەكانیان بۆردومان دەكات، لەسەر بنەمای  ئەو هۆشدارییە وایدەبینم كە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان  پێش بە  ئامانجگرتنی روسیا پێویستە زۆر بەباشی بیربكاتەوە، چونكە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی سێیەمی جیهانی. DW:   ئەوە بەواتای ئەوە دێت كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا دەبێتە هۆی رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی روسیا و ئەمریكا؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: لەوانەیە گورزە سەربازییەكە ببێتە هۆی رووبەڕووبونەوەی مەترسیداری دوو زلهێزەكە، بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیش لەو رووبەڕووبونەوەیدا بە دوور نازانم، بەرپرسیارێتییەكی گەورە لەسەر شانی روسیا و ئەمریكایە، هەردووكیان خاوەنی چەكی ئەتۆمین و هەردوو وڵاتە خاوەنی نزیكەی 1500 كڵاوەی ئەتۆمین، جگە لەوەش ئەمریكا خاوەنی نزیكەی 200 بۆمبی ئەتۆمییە لە كیشوەری ئەوروپا، لەبەرئەوە شەڕەكە دەرەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت لە حاڵەتی بەرپابووونیدا. DW:  ئەی سەبارەت بە هاوسەنگی هێز لەسەر خاك لە سوریا؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: پێشبینی ناكەم كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا ئەگەر روویدا كاربكاتە سەر هاوسەنگی هێز لە سوریا، ئۆپۆزسیۆنی سوریا یەكگرتوونین و لێكدابڕاون، و هیچ هێزێكیان نییە لەسەر زەوی، و لە حاڵەتی بەرپابوونی شەڕ لە نێوان روسیا و ئەمریكا، رۆڵی یاریزانە ئیقلیمییەكان تەنها خۆی لە تەماشاكردندا دەبینێتەوە ئومێد دەكرێت خۆیانی تێ هەڵنەقورتێنن. •    ڤیكتۆر لیتۆڤکین: چاودێری سیاسی روسیی لە ئاژانسی تاسی روسی و عەقیدی خانەنشین وەرگێڕانی : نامیق رەسول


ئامادەكردنی: فازل حەمە رەفعەت  كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دواین پەرەسەندنەكانی سوریا و دەنگۆی بەكارهێنانەوەی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە دەستیپێكرد. سێ پرۆژە بڕیار لەبارەی سوریاوە لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدایە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات: •    پرۆژە بڕیاری یەكەم: پرۆژە بڕیارێكی ئەمریكایە، داوای دانانی میكانیزمێكی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ دەكات سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا، ئەگەرچی ئەم پرۆژە بڕیارە دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستهێنا، بەڵام لەلایەن روسیاوە ڤیتۆ كرا. •    پرۆژە بڕیاری دووەم: ئەمەش پرۆژە بڕیارێكە كە روسیا ئامادەی كردووە و داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی نوێ دەكات لە هەموو ئەو هێرشە كیمیاییانەی كە لە سوریا رویانداوە، ئەم پرۆژە بڕیارە دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستنەهێنا، دەنگی 6 وڵاتی بەدەستهێناو 7 وڵات رەتی كردەوە  دەنگی پێویست لە ئەنجومەنی ئاسایش لە كۆی (15) وڵاتی ئەندام پێویستی بە بەڵێی (9) وڵاتی ئەندام هەیە. •    پرۆژە بڕیاری سێیەم: ئەم پرۆژە بڕیارەش بە هەمان شێوە لەلایەن روسیاوە ئامادەكراوە، داوا دەكات تیمی لێكۆڵەرانی سەربە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی سەردانی شاری دومای سوریا بكەن، پێناچێت ئەمریكا رێگە بە تێپەڕبوونی ئەم پرۆژە بڕیارە بدات. تیمی لێكۆڵینەوە دەگاتە سوریا رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی رایگەیاند، تیمێكی لێكۆڵینەوە رێكخراوەكە سەردانی شاری دومای سوریا دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو راپۆرتانەی كە باس لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەكەن لەو شارە. رێكخراوەكە داوای لە حكومەتی سوریا كرد ئاسانكاری بكات بۆ تیمەكانی تاوەكو سەردانی شوێنی روداوەكە بكەن. روسیا و ئێران كە دوو وڵاتن هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە بەرگرییان لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد كردووە، رەتیدەكەنەوە سوپای سوریا چەكی كیمیایی بەكارهێنابێت و داوا لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی دەكەن تیمی لێكۆڵینەوە رەوانەی سوریا بكات. كەشتیەگەلی ئەمریكا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەكەوێت سبەینێ كەشتی فڕۆكەهەڵگری "هاری ترومان" لەگەڵ ژمارەیەك كەشتیگەلی جەنگی تری ئەمریكا لە بنكەی دەریایی (نۆرفۆلك) لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەرەو ئەوروپا و دواتریش ناوچەی خۆرهەڵاتی بەڕێدەكەوێت، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتیێكی رۆژنامەی (Stars and Stripes)ی ئەمریكی. بەپێی قسەی ئەو رۆژنامە ئەمریكییەكە، ئەو كەشتیگەلە (6 هەزارو 500) سەربازی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. رۆژنامەكە هیچ زانیارییەكی لەبارەی جوڵەی گەشتیگەلی ئەمریكا بە ئاڕاستەی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا نەكردووە، بەڵام جموجوڵەكە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی سوریا دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە لە شاری دۆما كە ناوچەیەكە لەژێر دەستی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆندایە. پێشتریش رۆژنامەی (Wall Street Journal) ئاشكرایكرد، كەشتی جەنگیی دووەمی ئەمریكا لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست، كەشتی (دۆناڵد كوك) یش رۆژی دوو شەممە بەندەری قوبرسی بەجێهێشت و بە ئاڕاستەی سوریا كەوتەڕێ، ئەم كەشتییە 60 موشەكی باڵداری جۆری (تۆماهۆكی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە). بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان هاوكات لەگەڵ جموجوڵە سەربازییەكانی ئەمریكا و هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی سوریا، چەند رۆژێكە سوپای سوریا كەوتوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. بەریتانیاش هەڕەشە دەكات لەلایەكی ترەوە خاتوو بینی موردۆنت وەزیری گەشەپێدانی بەریتانیا رایگەیاند، حكومەتی بەریتانیا تاوتوێی دەستوەردانی سەربازی دەكات لە سوریا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا. لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا بەریتانیا بەشداری دەستوەردانی سەربازی دەكات لەدژی ئەو هێرشە كیمیاییەی كە لە شاری دۆمای سوریا رویدا، وەزیرەكەی بەریتانیا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) وتی: ئەوە پرسێكە كە ئێستا تاوتوێ دەكرێت و حكومەتی بەریتانیا بەڕونی گفتوگۆی لەبارەوە دەكات.  بەیانی ئەمڕۆ تیریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی پەرەسەندنەكانی سوریاوە بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەكە لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و دواتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا قسەی كرد.


لە راپۆرتێكی شیكاری وردا ڕۆژنامەی (هائاریتس)ی ئیسرائیلی  باس لە وون بوون و دیارنەمانی كەشتیە نەوت هەڵگرەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لە كاتی گواستنەوە و فرۆشتنیان بەرەو ئیسرائیل. سەرەتای راپۆرتەكە بەوە دەست پێدەكات و دەنوسێت:  كە چاودێری كەشتیە هەڵگرەكان شتی سەرەنجراكێشی لەپشتەوەیە، بەتایبەتیش دیارنەمانی ئەو کەشتیە نەوتیە بارهەڵگرانەی كە نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانی توركیاوە دەگوازنەوە. راپۆرتەكەی رۆژنامەی هائاریتس پشتی بەستووە بە زانیارییەكانی سەمیر مەدەنی، بازرگانی نەوتی كوەیتی  و خاوەنی سایتی (Tanker Trackers) كە چاودێری كەشتیە نەوتییەكان دەكات ئاماژەی بەوە کردووە، كە بارهەڵگرێكی نەوت كە نەوتی هەرێمی كوردستان باركردبوو لە بەندەری جەیهانی توركیاوە لە 2017 بەرەو نۆكەندی سوێس بەرێكەوتبوو، دوای ماوەیەك رێرەوەكەی گۆڕی و لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست رێرەوەكەی گۆڕی لەبەرامبەر تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل، لەدەرەوەی ئاوە هەرێمایەتیەكانی ئیسرائیل. مەدەنی ئاماژەی بەوەشكردووە دوای چەند رۆژێك لە ونبونی ئەو كەشتیە دەركەوتەوە و بەڵام بارەكەی سوك بوو، لەوێوە بەرەو قوبرس رۆیشتووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیاو بارێكی تری هەڵگرتۆتەوە لەنەوتی كوردستان، هەموو گەشتەكانی ئەو بارهەڵگرە نەوتیە بە ئاڵۆزی بووە، بۆیە مەدەنی پێی وایە ئەو كەشتیە هەڵگری نەوتی  تۆمارنەكراوبووە و بە نهێنی نەوتی گەیاندوەتە ئیسرائیل.   راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو پرۆسەیە بەو شێوە ئاڵۆزە بەردەوام بووە و لە 21ی مانگی شوباتدا بارهەڵگری نەوتی (مەبروك) لە بەندەری جەیهانی توركیا بڕی ( یەك ملیۆن بەرمیل نەوت)ی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتووە و دواتر بە ناوی( MARO ) لە بەرانبەر كەناراوەكانی ئیسرائیل دەركەوتووە ئەویش دوای بەتاڵكردنی بارەكەی و پاشان گەڕاوەتەوە، بەندەری جەیهانی توركیا. ئەم پرۆسەیە بەردەوام لە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دووبارە بوتەوە و كەشتییەكان لە نزیك ئیسرائیل  ماوەیەك ون دەبن و دوای بەتاڵكردنەوەی نەوتەكەیان رێرەوەكەیان دەگۆڕن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.  بەپێی راپۆرتێكی پێشوی سایتی ( تانكەر تراكەرز)  كە تایبەتە بە بەدواداچونی هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری  جەیهانی توركیاوە هەناردە كردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا. سەبارەت بە فرۆشی نەوت بە وڵاتان راپۆرتەكەی سایتی( تانكەر تراكەرز)  ئاماژەی بەوەشكردووە ئیسرائیل كڕیاری سەرەكی نەوتی هەرێمی كوردستانە و (رۆژانە 130 هەزار و 721 بەرمیل ) نەوتی هەرێم  بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت كە 40%ی كۆی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات .لەدوای ئیسرائیل یۆنان لە پلەی دووەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمدا دێت كە رۆژی( 87 هەزار و 236 )بەرمیل دەكڕێت كە دەكاتە ( 26.88%)ی كۆی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم. لە دوای یۆنان، كرواتیا لە پلەی سێیەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دێت و رۆژانە( 42 هەزار و 94) بەرمیل، واتە 12.97%ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان دەكڕێت. بەڵام بەرپرسانی هەرێم هەمیشە ئاماژەیان بەوەكردووە ئەوان بەشێوەیەكی یاسایی و بەپێی گرێبەتە جیهانیەكان نەوتەكەیان دەفرۆشن بە كۆمپاینیاكانی كڕینی نەوت و ئەوان خۆیان چۆن و بەچی میكانیزمێك دەیفرۆشن و بە كێی و چی وڵاتێكی دەفرۆشن ئەوان خۆیان دەزانن و لە بەرپرسیارێتی ئێمەدا نامێنێت.       


كۆمپانیای دانە غاز لە بەیاننامەیەكدا كە لەسەر پێگەی رەسمی خۆی بڵاویكردوەتەوە رایگەیاندووە كە 14 ملیۆن و 400 ملیۆن دۆلاری دەست كەوتوە لە پشكی خۆی لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان  ئەومش لە بەرامبەر فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان. كۆمپانیاكە راشیگەیاندووە، كە ئەو بڕە پارەیەی دەستی كەوتووە بەشێك نیە لە پشكی كۆمپانیاكە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستی دەكەوێت بۆ خەرجی وەبەرهێنان و خەرجی بەكاربردن.     


بەپێی ئەو لیستەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە ( رەوتی حیكمەی نیشتیمانی) كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات لە پارێزگای سلێمانی ( 17 ) كاندیدی هەیە بۆ پەلەرمانی عێراق و هاوپەیمانی نیشتیمانی كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات ( 3 ) كاندیدی هەیە لە پارێزگای سلێمانی، هاوپەیمانێتی ( نەسر) كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات ، لە پارێزگای سلێمانی 11 كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەو پێیەش ئەو سێ لیستە 31 كاندیدیان هەیە لە پارێزگای سلێمان.   


بەكر بۆزداغ وتەبێژی حكومەت توركیا رایدەگەیەنێت تا چارەسەری سیاسی كێشەی سوریا سوپای توركیا لە عەفرین ناكشێتەوە. بۆزداغ لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی: " گرنگترین شت ئێستا دۆزینەوەی دەرچەیەكی سیاسییە بۆ قەیرانی سوریا و دوای دۆزینەوەی ئەو چارەسەر لە عەفرین دەكشێینەوە." وتەبێژی حكومەتی توركیا ئاماژەیبەوەشدا كە كێشەی سوریا بە رێگاچارەی سەربازی چارەسەر ناكرێت  و جەختیشیكردەوە هاوشێوەی ناوچەكانی قەڵغانی فورات توركیا عەفرین رادەستی خەڵكەكەی دەكاتەوە و ئەوان شارەكە بەڕێوەدەبەن لە رێگەی ئەو ئەنجومەنەی پێكیدەهێنن و توركیاش هەموو هاوكارییەكیان دەكات. ئەم لێدوانەی توركیا دوای ئەوە دێت كە ئێران و روسیا داوادەكەن عەفرین رادەستی حكومەتی سوریا بكرێت.  


بڕیارە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بە تاتوێكردنی ئەنجامی لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێكی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی و ژمارەیەك لەو پرۆژە یاسایانەی تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە ڕێكبخات. سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە "درەو میدیا" ی ڕاگەیاند: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە دواین دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان لە ڕۆژی سێ‌ شەممەی داهاتو بەڕێوەببات، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان پەرلەمان تۆمەتباركرا بە لەكارخستنی پەرلەمان بەبێ‌ هیچ پاڵپشتێكی یاسایی، لە كاتێكدا ژمارەیەك وەزیری حكومەتی عێراق لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە و لە قۆناغی دەنگدان و یەكلاكردنەوەیاندا ڕاگیراون، وێڕایی كۆمەڵێك پرۆژە یاسا كە دیارترینیان پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی و نەوت و غازە كە پێناچێت لەم خولەدا پەسەندبكرێن، هاوكات پڕۆژە یاساكانی چاودێری تەندروستی و خوێندنی ئیلزامی و كاروباری مەدەنی و توندوتیژی دژی ژنان بە پەسەندنەكراوی ماونەتەوە. سەرچاوەكە وتیشی: بەهۆی سەرقاڵبونی قەوارە سیاسیەكان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كە پێش دانیشتنی پەرلەمان دەستپێدەكات، تەواونەبوونی نیسابی یاسایی و شكستهێنانی ئەو دانیشتنە ئەگەرێكی بەهێزە، وتیشی: ژمارەیەك لە وەزیرانەی كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە خۆیان كاندیدكردوەتەوە و ئەوەش پێشێلكردنی دەستورە و سەرۆك وەزیرەكانی عێراق بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرێت، هاوكات ئەوەشی نەشاردەوە كە بەشێك لە كوتلە سیاسیەكان هەوڵی شكستپێهێنانی دانیشتنەكە بدەن تا وەك بانگەشەی هەڵبژاردن دژی لیستەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەكاریبهێنن.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand