نوسینگەی عەبادی: هەڕەشە لە سەعید كاكەیی و موعتەمید موسەویی نەكراوە
2018-05-17 20:35:02
نوسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت پەیوەندییان بە هەردوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە : موعتەمید موسەویی و سەعید كاكەیی" یەوە كردووە و رەتیانكردوەتەوە كە هەرَەشە لە خۆیان و خێزانەكانیان كرابێت.
ئەمەش دەقی روونكردنەوەكەیە:
روونكردنەوەیەك لە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانەوە
لەبەر رۆشنایی ئەو نوسراوە رەسمییەی كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بە هەڕەشەكردن لە دوو ئەندامی كۆمسیۆن و نوسینگەی كەركوك ئاراستەیان كردووین دەمانەوێت بەمشێوەیەی خوارەوە روونیبكەینەوە:
كۆمسیۆن لە نوسراوەكەیدا جۆری ئەو هەڕەشەی باسنەكردووە كە ئەو دوو ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران رووبەڕووی بوونەتەوە و ئەو لایەنەش كێیە كە هەڕەشەكەی كردووە، هەروەها دەزگا ئەمنییەكانیش هیچ ئاگاداركردنەوەیەكیان لەسەر بوونی هەڕەشە بەدەستنەگەیشتووە پێش راگەیاندنی لە دەزگاكانی راگەیاندندا.
ئاماژەبۆئەوە دەكەین كە سەرەڕای ئەوەش، بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دكتۆر حەیدەر عەبادی فەرمانیدا بە دەستپێكردنی دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لەو هەڕەشانەی باسكراون، لەبەر رۆشنایی ئەوە پەیوەندی بە بەڕێزان ( موعتەمید نیعمە موسەوی ) و ( سەعید حەمید كاكەیی ) یەوە كرا بۆ ئەوەی جەخت لەوە بكرێتەوە كە رووبەڕوووی هەڕەشە بونەتەوە، بەڵام هەریەك لە ناوبراوان رەتیانكردەوە رووبەڕووی هەڕەشە بوبێتنەوە، بەڕێز موعتەمید موسەوی لە رێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی رۆژی 17/5/2018 ئاگاداریكردوینەتەوە كە هیچ هەڕەشەیەك نیە، بەڵكو لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكانەوە هەڵمەتێكی راگەیاندن هەیە و جەختیشیكردەوە كە هێزە ئەمنییەكانی ناوخۆ پاسەوانی تەواوەتییان بۆ فەراهامكردووە.
سەبارەت بە بەڕێز سەعید حەمید كاكەییش ، هەروەها ئەویش رۆژی 17/5/ 2018 پەیوەندی پێوەكراو ئەویش جەختیكردەوە كە هیچ هەڕەشەیەك لەسەر خۆی یان خێزانەكەی نییە.
ئاماژە بەوەشدەكەین كە بنەكانی هەڵبژاردن و نوسینگەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگای كەركوك بە تەواوەتی پارێزراون لەلایەن دەزگای دژە تیرۆرەوە، بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان چەند رۆژێك لەمەوبەر فەرمانیداوە بە ناردنی هێزی زیاتر و دۆخی ئەمنی كەركوك لەژێر كۆنترۆڵدایە.
داوا لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەكەین بە ئاگاو وردبێت لە گواستنەوەی زانیارییەكان و نەبێتە هۆی شڵەژانی دۆخی ئەمنی بە تایبەتی لەم ماوە هەستیارەدا.
----------------------
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران
17/ ئایار/ 2018