Draw Media

درەو/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف "توركیا والی بۆ عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دادەنێت و دەیبەستێتەوە بە شاری ئەنتاكیای توركیاوە" ئەمە ئەو هەواڵەیە كە لەسەر زاری وتەبێژی " كۆنگرەی رزگاركردنی عەفرین" بڵاوكراوەتەوە كە ئەنجومەنێكە و لەلایەن تورکیاوە لەدوای داگیركردنی عەفرینەوە بۆ بەڕێوەبردنی كانتۆنی عەفرین دەستنیشانكراوە. ئەم هەنگاوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروا هەنگاوێكی ئاسایی نیە و بەشێكیشە لەو هەنگاوە پلان بۆ داڕێژراوەی كە ئەردۆغان خەونی پێوە دەبینێت و لەسەر ئەرزی واقیعیش كاری لەسەر دەكات، هەروەها لەدوای گرتنی عەفرین ئەردۆغان رایگەیاند: عەفرین رادەستی سوریا ناكەینەوە و خۆمان بەرێوەی دەبەین، دانانی والی بۆ عەفرینیش داگیركردنی یەكجارەكی ئەو ناوچەیەیە، ئەردۆغان راشیگەیاند،  ئۆپەراسیۆنەكەمان تەنها لە عەفریندا ناوەستێت و بەرەو مەنبج و كۆبانی و قامیشلۆ و شەنگال هەنگاودەنێت، ئەم هەنگاوانەی ئەردۆغان هەولێكە بۆ بە واقیعیكردنی خەونە سوڵتانیەكانی، كە بە شێوەیەكی پراكتیكی كاری لەسەر دەكات، ئێستا لەناو میدیای توركیا و تەنانەت ناوچەكەشدا ئەردۆغان بە سوڵتانی نوێ یاخود هەڵگری خەونی سوڵتانی ناودەبرێت، كە خەونی دروستكردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی نوێیە و هەوڵ بۆ گرتنەوەو گەڕانەوە بۆ سنوری دەوڵەتی عوسمانی دەدات ( دەوڵەتی عوسمانیی كە لە ساڵی 1299ی زاینی تا ساڵی 1922ی زاینی بەردەوام بوو).  بێرنارد هێنری لیڤی فەیلەسوفی فەرەنسی و ناسراو بە دۆستی كورد لە رۆژانی رابردوودا نوسی: ئەردۆغان تەنیا سەرۆكی توركیا نییە، بەڵكو ئەو سوڵتانە و دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی لە ناوچەكەدا دابمەزرێنێت، ئەردۆغان لە چەندین وتاریدا شانازی خۆی بە دەوڵەتی عوسمانیەوە كردووە و خەونی بەدیهێنانی داوە هەروەك لە وتارێكیدا لە ساڵی 2012 دا وتی: ئێمە دەگەینە هەموو خاڵێك‌ و ناوچەیەك كە پێشتر باپیرە عوسمانییەكانمان بەسواری ئەسپ گەیشتن پێی و حوكمیان كرد. بۆیە ئەردۆغان و دارودەستەی حوكمرانێتییەكەی لە تەواوی رەهەندەكانەوە كاردەكەن بۆ بەدیهێنانی خەونی سوڵتانی ئەردۆغان، بەڵام لە چاوەڕوانی هەلێكدابوون تا دەرچەیەك بدۆزنەوە و لێیەوە بچنە سەر جێبەجێكردنی خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان، بۆیە شەڕی سوریا و هەڵپەی وڵاتە زلهێزەكان بۆ پچڕینی پشكی خۆیان توركیای كێشكرد بۆئەوەی بەشی خۆی بپچڕێت لەو كێكی سوریا و خاڵی سەرەتا دەستپێكردنی خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان بێت، چونكە توركیا تا ئێستا سوریا و عێراق و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی عوسمانییەكاندا بووە بە موڵكی خۆی دەزانێت، هەروەك ئەردۆغان لە وتارێكیدا لە تەمموزی 2014 رایگەیاند: سوریا لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی دامەزراوە، بۆیە بەردەوام دەبین لەپاراستنی ئەم ڕیشە مێژووییەمان، ئەوەش شەرعیەتدانە بە دەستوەردان لە كاروباری سوریا و چاوەڕوانیش ناكرێت تەنها بە گرتنی عەفرینەوە بوەستێت و بگرە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەردۆغان ناوچەكانی دیكەش دەگرێتەوە تا باشووری كوردستانیش، دانانی والیش بۆ عەفرین  واتا بە دیهێنانی بەشێك لە خەونە سوڵتانییەكەی ئەردۆغان. كانتۆنی عەفرین ( یەكێكە لە سێ كانتۆنەكەی رۆژئاوای كوردستان و  روبەرەكەی 3850 كم2 واتا 2% خاكی سوریایە  و ژمارەی دانیشتوان 523258 كەسەو پانیەكەی لە رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا 55 كم2 درێژیەكەی لە باكور بۆ باشوور 75 كم 2، و تەنها 50كم2 لە دەریای ناوەڕاستەوە دوورە و سەربە پارێزگای حەلەبە كانتۆنی عەفرین لە ناحییەکانی ( عەفرین، جەندەریس، بلبلە، شیخ حدید، راجو، شەران، مەعبەتلی پێكهاتووە)      والیەك بۆ هەولێر توركیا دەیەوێت لەدوای عەفرین هەولێریش بكاتە ویلایەتێكی سەربە توركیا ئەگەرچی ئێستا هەژمونی ئەنکەرە لەسەر هەولێر زیادترە وەك لە بەغداد، بەو پێیەی هەولێر رازی نەبوو هێزی عێراق بێتە هەرێم بەڵام چەندین بنكەی سەربازی توركیا لە هەرێمدان، ئەردۆغان چاوی لەسەر باشووری كوردستانە و پێی وایە لە سەردەمانێكدا سەربە ویلایەتی موسڵی دەوڵەتی عوسمانی بووە(ویلایەتی موسڵ یەكێكە لە ویلایەتەكانی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی 1879 دامەزراو هەریەك لە سلێمانی و هەولێر و كەركوكی لەخۆدەگرت و روبەرەكەی ( 75700 كم2 ) بووەو روبەرەكەی لە ساڵی 1885 دا ( 300280 ) كەس بووە). گرتنی عەفرین و دانانی والی بۆی دوای 58 رۆژ لە بەرەنگاری و خەبات و شەڕی هێزەكانی یەپەگە هات و واتا 58 رۆژ لە شەڕی دووەم هێزی ناتۆ، لەدوای عەفرین، توركیا چاوی لە هەولێر، هەرچەندە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان عەفرین و هەولێر بۆ ئەردۆغان، بەو پێیەی ساڵانێكی زۆرە ئەردۆغان كارلەسەر هەولێر دەكات و زۆرجار وەكو ویلایەتێكی توركیا مامەڵەی لەگەڵكراوە، بەو پێیەی  توركیا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی هیلكەكانی خستبووە ناو سەبەتەی توركیاوە تا راپرسیەكەی 25ی ئەیلول. بە ویلایەتكردنی هەولێر بۆ توركیا تا ئاستێك ئاسانترە بۆ بەدیهێنانی خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان، بەو پێیەی ئەردۆغان ساڵانێكی درێژە كاری لەسەر باشووری كوردستان كردووە و هەژمونی سیاسی و سەربازی و ئابووریی و كلتوریی بەسەر كوردستاندا سەپاندووە بەتایبەتیش:  یەكەم/ دانانی چەندین بنكەی سەربازی لە باشووری كوردستان كە ئێستا زیاتر لە 30 بنكەی سەربازی و هەواڵگری و تەنانەت فڕۆكەخانەی سەربازیشی داناوە، دواترینیشیان هاوكات لەگەڵ هەوڵی داگیركردنی عەفرین و بەرەنگاری توند لەوێ، بەڵام لە سیدەكانەوە 15 كم2 هاتە خاكی باشووری كوردستانەوە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەبری بەرەنگاری چاوساغیانكردن و 12 بنكەی سەربازیان لەوێ دانا، بۆیە ئەردۆغان لە روی سەربازییەوە هەرێمی داگیركردووە و پێویستی بە هێزی سەربازیی نیە بۆ داگیركردنی ئەو هێزەشی دەیەوێت دژ بە پەكەكەیە نەك هەرێم. دووەم/ سەرچاوەی داهات و ئابوری باشووری كوردستان لە دەستی توركیادایە، بودجەی هەرێم كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەنەوت دەبەستێت( مانگی ئازاری 2018 هەرێم 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە)  لە رێگای توركیاوە رەوانە دەكرێت بۆ بەندەری جەیهانی توركیا و هەركات بیەوێت رایدەگرێت، خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلیش كە سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتە هەر لە رێگەی توركیاوەیە، ئەمە سەرەرای ئەوەی كە 60%ی كەلوپەل و پێداویستییەكانی ناو بازارەكانی هەرێم توركین. سێیەم/ لەروی كلتوریی و پەرورەدەییشەوە توركیا هەژمونی خۆی لەسەر هەرێم داناوە، ئێستا توركیا لە رێگەی زنجیرە دۆبلاژكراوەكانەوە كلتوری خۆی بەسەر خێزانی كورددا بلاودەكاتەوە و زنجیرە توركییەكان پڕبینەرترینن، لە رووی پەروەردەیشەوە چەندین قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و تا ئاستی زانكۆش چەندین قوتابخانە و زانكۆی توركی لە هەرێم کراونەتەوە. گرتنی عەفرین و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،  ئەردۆغان  زیاتر هاندەدات كە پەلە بكات لەسەر جێبەجێكردنی خەونە سوڵتانییەكانی و فراوانكردنی قەڵەمڕەوی خۆی لە عێراق و سوریا و بەتایبەتیش بارودۆخی خراپی سوریای قۆستەوە بۆ گرتنی عەفرین و بارودۆخی عێراق و  ململانێی ناوخۆیی دەقۆزێتەوە بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان و بە ویلایەتكردنی هەولێر، كە رەنگە لە داگیركردنی باشووری كوردستاندا بوونی پەكەكە و رێكەوتنی كۆنی نێوان بەغداو ئەنکەرە بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی بكاتە بیانوو، هێزەكانی خۆی بە فراونتر لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكات و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، بەو پێیەش هەژموونی خۆی بەسەر هەولێردا بسەپێنێت و هەولێر بكاتە ویلایەتێكی دەوڵەتی نوێی عوسمانی كە كێكە لە خەونە سوڵتانییەكانی ئەردۆغان.  


بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی، ئەمریكا لە بەری رۆژئاوای رووباری فورات لە شارۆچكەی مەنبج دوو بنكەی سەربازیی نوێ دروست دەكات. ئاژانسەكە زانیاری زیاتری خشتۆتە روو كە ئەمریكا لە باشووری رۆژهەڵاتی گوندی دادات باكووری شارۆچكەی مەنبج، بنكەیەكی سەربازیی دادەمەزرێنێت و خاڵی چاودێری لە ناوچەكە فراوانتر دەكات، سوپای ئەمریكا بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەكی زۆر لە پێداویستی و ئامێری بیناسازی رەوانەی ناوچەكە كردووە،بنكە سەربازییەكە تەنها هەشت كلیۆمەتر لە هێڵی نێوان شارۆچكەی جەرابلوس و ناوچەی قەڵغانی فورات و شارۆچكەی مەنبج دوورە. سەبارەت بە بنكەی دووەم ئاژانسەكە رایگەیاندووە كە بنكە سەربازییەكەی دیكەی ئەمریكا تەنها چوار كلیۆمەتر لە بەرەی شەڕ دوورو  دەكەوێتە باشووری گوندی دادات. سەربازانی ئەمریكا لە كێڵگەیەكی كشتوكاڵی بە ناوی نوایمیە جێگیربوون و كاری دروستكردنی بنكەكە لە ئەستۆدەگر، لەگەڵ تەواوبوونیدا دەبێتە نزیكترین بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە ناوچەی سنوری قەڵغانی فورات.  دوای ئەوەی توركیا رایگەیاند ئۆپەراسیۆن بۆسەر مەنبج دەست پێدەكات،سوپای ئەمریكا دوو رۆژ لەمەوبەر هێزی پشتیوانی بۆ ناوچەكە رەوانەكردووە،بەو پێیەش ٣٠٠ سەربازیی ئەمریكی بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشەوە بۆ ناوچەكە هاتوون، لە ئێستادا ئەمریكا لە هێڵی سنووری ناوچەی قەڵغانی فوراتی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ناوچەی توهار، هیلڤاجی و دادات سێ خاڵی چاودێری هەیە. ئەم هەنگاوەی توركیا لە كاتێكدایە دۆناڵ ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە لە زوترین كاتدا هێزەكانیان لە باكوری سوریا دەكشێننەوەو چارەسەری قەیرانەكانی سوریای بە هێزەكانی دیكە سپاردبوو.   


لەدوای هەوڵ و فشاری زۆری بەرپرسان بۆ شكاندنی بایكۆت و هەوڵی حیزبەكان بۆ خۆدورگرتن لە خۆپیشاندەران و نا روونی چارەنووسی خۆپیشاندانەكان، دواجار  دەستەی مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانیان سەرپشك كرد بۆ شكاندنی بایكۆت یان بەردەوامی، بەڵام لە كۆبونەوەی ئەمرۆی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ بەریوەبەری قوتابخانەكاندا، داوا لە بەڕێوەبەرەكان كراوە سبەی چوارشەممە دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە، ئەوانیش رایانگەیاندووە، هەركات موچە  بە سیستمی نوێ دابەشكرا، ئەوا بۆ رۆژی دواتر دەرگای قوتابخانەكان دەكەنەوە، بۆیە هەوڵی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوەو هاوكات دەسەڵاتیش بەبەڕێوەبەری‌ خوێندنگەكان دراوە سەبارەت بەشێوازی‌ دەوامكردن، ئەمە سەرەرای دواخستنی تاقیكردنەوەی پۆلە ناكۆتاكان لە 28ی نیسانەوە بۆ 15ی ئایاری 2018 . هاوكات بۆردی سەندیكا و رێكخراوەكانی ناوەندی تەندروستی، هەڵپەساردنی گردبونەوەو خۆپیشاندانەكانی بۆ ماوەیەكی كاتی بە شەش مەرجەوە راگەیاند، ئەوانیش:. 1-    پێدانی موچە 30 رۆژ جارێك لە كاتی خۆیدا 2-    چاوخشاندنەوە بە سیستمی موچەو نەهێشتنی پاشەكەوت 3-    دیاریكردنی چارەنوسی موچە فەوتاوەكان 4-    پاراستن و سەلامەتی گیانی ئەندامانی بۆرد، كە بەچەندین شێواز هەڕەشەیان لەسەرە. 5-    رێگەگرتن لە سزادان و لابردنی دەنگە ناڕەزاییەكان 6-    رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن بۆ ئەو خۆبەخشانەی كە لەناو دەزگا تەندروستیەكان بێ وچان هاوشانی هەموان كاریان كردووە. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان بۆ ماوەیەكی كاتی كۆتایی پێبهێنرێت و چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی حكومەتن.  دەستكەوتی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە بەوە لێكدەدرێتەوە كە:. 1-    سیستمی كۆنی پاشەكەوتی هەڵوەشاندەوە 2-    موچەی موچەخۆرانی بە زیاتر لە نیوە بەرزكردەوە  3-    پاشەكەوتی لەخوار 400 هەزار دینارەوە نەهێشت 4-    خۆپیشاندانەكانی خستە زۆنی زەردەوەو تەلیسمی هەیمەنەی دەسەڵاتی تێكشكاند 5-    بەرپرسانی ناچاركرد كە گوێ لە خۆپیشاندەران بگرێت و وەڵامیان بداتەوە، كە پێشتر وەڵامی خۆپیشاندەرانی نادایەوە 6-    حیزب و بەرپرسانی ناچاركرد بچنە ناو خۆپیشاندەران پێشتر لە راپۆرتێكی شیكاریدا درەو میدیا  سیناریۆكانی كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكانی خستبووە روو.          بیرهێنانەوە. سیناریۆكانی بەردەوامبون و  كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەكان  


بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" داوا لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەكات لەبری بیركردنەوەی لە كشانەوە ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا زیادتربكات، ئەمەش بەوتەی پەیامنێری كەناڵی " ئەلحوڕە" لە واشنتۆن. بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لە لێدوانێكیدا بۆ ئەو كەناڵە رایگەیاند شكستپێهێنانی داعش لە سوریا كاری لەپێشینەی ئیدارەی ئەمریكا دەبێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوە وتیشی هێزەكانی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش لە سوریان و شەڕ هێشتا بەردەوامە هەرچەندە داعش لە چەندین بەرەی شەڕ تێكشكێنراوە و ئەو رووبەڕەی لەژێر دەسەڵاتیدا بووە زۆر بچوكبوەتەوە. هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە كۆبونەوەیەكی جەماوەریدا لە شاری ریچفێڵد لە ویلایەتی ئۆهۆیۆ وتی " گورزی یەكلاكەرەوەمان لە داعش وەشاندووە و بەمزوانە سوریا بەجێدەهێڵین بۆئەوەی ئەوانی تر بایەخی پێبدەن."  


نەتانیاهۆ بۆ ئەردۆغان: ئەوەی عەفرینی داگیردەكات و مەدەنی دەكوژێت مافی نییە ئامۆژگاریمان بكات، جارێكی تر بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هێرشی توندی كردەوە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و بە كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرین تۆمەتباریكرد. نەتەنیاهۆ لە تویتێكی تردا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هێرشدەكاتە سەر ئەردۆغان و نوسیویەتی" ئەردۆغان را نەهاتوووە لەسەرئەوەی كە وەڵام بدرێتەوە.. پێویستە لەسەر ئەوە رابێت.. ئەو كەسەی باكوری قوبرس داگیردەكات و ناوچە كوردییەكان داگیردەكات و هاوڵاتیانی مەدەنی لە عەفرین سەردەبڕێت، مافی ئەوەی نییە  بەوانەی بەها و ئەخلاق  ئامۆژگاریمان بكات" لە رۆژی یەكشەممەی رابردووەوە دوای ئیدانەكردنی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەزە لەلایەن سەرۆكی توركیاوە، هێرشی قسەی نێوان ئەردۆغان نەتەنیاهۆ دەستیپێكردووەو ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ نەتانیاهۆ وتی " كەس نییە لەم جیهاندا خۆشی بوێیت، وەڵامی دەوڵەتان لە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەنگاوەكانت بەرامبەر قودس ئاشكران، خاوەندارێتی چەكی ئەتۆمیی لەخۆبایت نەكات، لەكاتی پێویستدا كارناكەن."  


یاسای بودجەی گشتی عێرای 2018ی عێراق لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقیدا بڵاوكرایەوە و كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە. وەزارەتی دادی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " ژمارە ( 4458)ی رۆژنامەی وەقائعی عێراقی رۆژی 2ی نیسانی 2018 دەركراوە و یاسای بودجەی گشتی كۆماری عێراقی ئیتیحادیی تێدا بڵاوكراوەتەوە" بە بڵاوكردنەوەی یاساكە لە رۆژنامەی رەسمی عێراقدا ئیتر یاسای بودجە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە،  یاسای بودجەی گشتی عێراق كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ‌ بەشداری فراكسیۆنە كوردستانییەكان رۆژی 3ی ئازاری رابردووو پەسەندیكرد، هەرچەندە لایەن سەرۆك كۆمارەوە رەتكرایەوە، كۆی گشتی بودجەی عێراق بۆ 2018 بریتیە لە(  91 ترلیۆن و 643 ملیار و 676 ملیۆن و 236 هەزار دینار) خەمڵێنراوە لەسەر بنەمای هەناردەكردنی سێ ملیۆن و 888 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا كە ( 259 هەزار بەرمیل) ی هی بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكردووە بە نرخی ( 46 دۆلار ) بۆ هەر بەرمیلێك، نرخی 100 دۆلاریش بە 118 هەزار دینار. http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=211  بیرهێناوە بەوتەی عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی 3ی 2018 دا سۆمۆ ( 107 ملیۆن و 50 هەزار بەرمیل )نەوتی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە و داهاتەكەشی( 6 ملیار و 418 ملیۆن و 58 هەزار دۆلار بووە. بە تێكڕا رۆژانەی هەناردەكردنی نەوت لە مانگی ئازاردا گەیشتوەتە ( 3 ملیۆن و 453 هەزار )بەرمیل و هەر بەرمیلێك بە( 59.9 دۆلار) فرۆشراوە. واتا نرخی بەرمیلێك بەبەراورد بە فرۆشراوی مانگی ئازار ( 12.9 دۆلار) زیاترە


رۆژنامەی " زەمان" ی توركی رایگەیاند عوسمان بایدەمیر پەرلەمنتاری پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" لە شاری ئورفە لە لێدوانێكیدا دەربارەی لەشكركێشی سوپای توركیا لە ناو سوریا و عێراق دەمیرتاش وتی " ئەنكەرە رۆڵێكی ناشرینی گێڕا لەگەڵ حەشدی شەعبیی و هێزی تر لە وێرانكاریدا لە شاری كەركوك". بایدەمیر وتیشی" لە كۆنگرەی پاریس وتم ئەگەر كورد بچێتە سەر مەریخ و موشتەری و لەوێ‌ دەوڵەتێك دابمەزرێنێت، ئەردۆغان و حكومەتەكەی رایدەگەیەنن كە هەوڵدەدەن یەكپارچەیی خاكی مەریخ بپارێزێن و رێگە نادەن كورد دەوڵەتی سەربەخۆی لێ‌ دابمەزرێنن". داوای لێبوردن لە پشیلە بایدەمیر رونیشیكردەوە بەروانینە ئەزمەنی رژێمە دیكتاتۆرەكانی وەك هیتلەر و مۆسۆلینی یان فرانكۆ دەبینین مەحاڵەكە ئەو رژێمانە نەڕوخێنرێن وەك رژێمەكەی سەدام حسێنیش لە عێراق و رژێمی توركیاش بەهۆی ستەمە وئەو كۆمەڵكوژییەی دەیكات دەڕوخێت و وتیشی " با نمونەیەك باس بكەم، داوای لێبوردن لە هەموو پشیلەكانی كوردستان دەكەم، بەڵام ئەوەی ئێستا ئەنكەرە دەیكات وەك رەفتاری پشیلەكان وایە، پشیلە بۆ راوكردنی چۆلەكە دەچێتە سەر درەختەكان، بەڵام نازانێت چۆن بێتە خوارەوە لەبەرئەوەی دەترسێت." " ئەگەری دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە ئارادا نییە" دەربارەی ئەوەی كە توركیا و پارتی دیموكراتی گەلان بەنیازنین پرۆسەی دانوستانی ئاشتی زیندووبكەنەوە جارێكی تر بایدەمیر وتی ئەو ئەگەرە ئێستا مومكین نییە و رونیشیكردەوە كە پێویستە لەسەر ئەوەی پرۆسەی ئاشتی كۆتایی پێهێنا درك بە هەڵەكەی بكات و تێبگات كە كۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتی هیچ سودێكی نابێت. بایدەمیر ئاماژەی بە وێرانكردنی گوند و شاروچارۆچكەكانی كوردستان كرد لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە و وتی " دەتوانین بڵێین ئێمە لەناو زینداندا دەژیت و كورد كەركوكی لەدەستدا،  بەڵام ئەردۆغان چی دەستكەوت؟ توركیا چی دەستكەوت؟ توركیا بەرمیلێك نەوتی بە 35 دۆلار دەستدەكەوت، بەڵام ئێستا بەرزبوەتەوە بۆ 50 دۆلار، واتە ئەوانیش زیانیان پێگەیشت. وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ  http://www.zamanarabic.com/2018/04/03/%D8%A8%D8%B1%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86%D9%8A-%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%8A-%D8%A3%D9%86%D9%82%D8%B1%D8%A9-%D9%84%D8%B9%D8%A8%D8%AA-%D8%AF%D9%88%D8%B1%D9%8B%D8%A7-%D9%85%D8%B4%D9%8A%D9%86%D9%8B%D8%A7-%D9%85/


راپۆرتی: درەو  هێدی هێدی حیزبەكان قاچیان لەناو خۆپیشاندەران دەبەنە دەرەوە، بەڵام لە ترسی شەقام و دەنگدەرانیان ناتوانن بە روونی داوای كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكان بكەن و كە بەشێكی زۆری لایەنگرانیان لە ریزی پێشەوەی خۆپیشاندەراندان، پێیان وایە خۆپیشاندانەكان وەزیفەی خۆی تەواوكردووە و حیزبەكانیش مەسجی خۆیان گەیاندوەتە دەسەڵات، بۆیە دەزانن ئەگەر خۆپیشاندەران كۆتایی پێنەهێنن، دەسەڵات هێز بەكار دەهێنێـت بۆ كۆتایی پێهێنیانیان. لە دوو سێ رۆژی رابردوودا بەشێك لە حیزبەكان هەوڵی زۆریاندا بۆ پێچانەوەی خێمەكان و كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكان، بەڵام سەركەوتوو نەبوون بە رازیکردنی خۆپیشاندەران بە كۆتایی بایكۆت و خۆپیشاندانەكان، بەڵام لانی كەم سەركەوتووبون لە هەڵگرتنی خێمەی خۆپیشاندەران، ئێستا شەقام بەدەست خۆپیشاندەری توڕە و پڕ قینەوەیە، كە ئامادە نین شەقام چۆڵ بكەن و كاتی خۆپیشاندانەكانیش بە كاتێكی زێڕین دەزانن بۆ ملدانی حیزب و دەسەڵات بە داواكانیان لەبەرئەوەی پێش وادەی هەڵبژاردنە و پێیان وایە ئێستا داواكانیان جێبەجێنەكرێت، ئەستەمە لەدوای هەڵبژاردن فشارەكانیان جێبگرێ و  بگاتە گوێی بەرپرسان. ئێستا حكومەت دەیەوێت سەرەداوی كۆتاییپێهێنانی خۆپیشاندانەكان بدۆزێتەوە، كە پێی وایە لە ژێر خێمەكانی بەردەم مەحكەمەی سلێمانیدایە، بۆیە وەك هەنگاوی یەكەم بە فشارەكانی لە رێگەی ئیدارەی سلێمانیەوە لەسەر سەرپەرشتیارانی مامۆستایانی ناڕازی و حیزبەكان، مامۆستایانی رازی كرد بە پێچانەوەی خێمەكان، كە رەنگە لە هەنگاوی دووەمدا بیانەوێت بە هێزی ئەمنی كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنن، كە سەرەداوی بەكارهێنانی هێزیش لەبەردەم نەخۆشخانەی فێركاری سلێمانیەوە دەستیپێكرد و هێزیان بەكارهێنا بۆ كۆتایی پێهێنانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی و یەكەم هێرش و توندوتیژی هێزەكانیش بە هێرشكردنە سەر ( بێستون فەتاح ) كارمەندی تەندروستی دەستیپێکرد. ئێستا حیزبەكانی وەك سەرەتای خۆپیشاندانەكان بە دەنگی بەرز هاواری پشتیوانی خۆپیشاندانەكان ناكەن، ئێستا هێزەكان دەیانەوێت خۆیان بەدووربگرن لە خاوەندارێتی خۆپیشاندانەكان كە پێشتر هەریەكە و كێبەركێی دەكرد بۆ خاوەندارێتی خۆپیشاندانەكان و كردبویانە مەیدانی بانگەشەی كاندیدەكانیان. رەنگە خۆدوورگرتنی حیزبەكان و پاشەكشەی لەسەرخۆیان لەناو خۆپیشاندانەكانەوە، سەرەتای هەستكردنبێت بە فشار و هەوڵی كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەكان لەرێگەی هێزەوە.  


راپۆرتی شیكاریی: درەو  شەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن جیاواز لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم و تەنانەت عێراقیش لە پارێزگای سلێمانی گەرمتر دەبێت، بەجۆرێك  بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن كە بڕیارە 15ی نیسان لە هەرێم بەرێوەبچێت، لە ئێستاوە شەڕی ئیعلامی هێزەكان لە سلێمانی گەرمە و بەجۆرێك هێرشەكان گەیشتونەتە فایل هەڵدانەوە و تۆمەتدروستكردن و پەلاماردان، ئەمە لە كاتێكدا كە ئاستی بەدەمەوە چونی هاوڵاتیان بۆ تۆماری بایۆمەتری،  كە هەنگاوی سەرەكی بەشداری هاوڵاتیە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لاوازە و بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنیش هاوڵاتیان زۆر بە ساردی بەدەمەوە چونیان هەیە  بۆ پرۆسەكە.  عەلی قادر بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بە درەو میدیای راگەیاند:  ئاستی تۆماری  بایۆمەتری لە پاریزگای سلێمانی 49%یە واتا كەمتر لە نیوەی هاوڵاتیان چون بۆ تۆماری بایۆمەتری كە ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار  ( یەك ملیۆن و 343 هەزار و 521 ) كەسە بەو پێیەش( 658 هەزار و 325 ) كەس بایۆمەتریان كردووە، ئەمە ئاماژەیەكی روونە بەوەی كە لەم هەڵبژاردنەدا ئاستی بەشداری هاوڵاتیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەشداریەكی گەرموگوڕ نابێت،جگە لەم ئامارە ئەوەی زیاتر پاڵپشتی ئەم بۆچونە دەكا تئاستی بەشداری هاوڵاتیان بوو لە پرۆسەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی رابردووداكە لە سنوری پارێزگای سلێمانی رێژەیەكی بەرچاوی هاوڵاتیان بایكۆتی پرۆسەكەیان كرد كە بەپێی ئاماری خودی كۆمسیۆن رێژەی بەشداری لە 50%ی تێنەپەڕاند.  هێزەكان لە ململانێیەكی گەرمدا ئێستا ململانێكە لە نێوان هێزەكاندا شێوازێكی نوێی گرتووە لە شەقامەوە گوازراوەتەوە بۆ لوتكەی دەسەڵات، ئەم ململانێ و یەكتر شكاندانانە كە رق و توڕەیی زۆر دروست دەكەن، زیاتر لە سەرەوە شۆڕ دەبنەوە بۆ خوارەوە نەك لە شەقامەوە بۆ سەرەوە كە پێشتر ململانێكە لە شەقامەوە بوو ناوی دەنرا جوڵەی خۆڕسك، ئەم ململانێ و شەڕانە لە نێوان حیزبەكاندا كە زیاتر بەرگێكی حیزبی گرتووە، تەواوی خەڵكی ماندووكردووە بەتایبەت لە كاتێكدا هاوڵاتیان بەدەست قەیرانی ئابوری و گیرفانی بەتاڵ و كێشەی ئابوری و كۆمەڵایەتیەكی زۆرەوە ماندوبوون، بەڕای زۆرێك لە چاودێران ئەم جۆرە لە ملشكاندنە شەڕی ناشرینكردنی بەرامبەرە لە پێناو میكیاژكردنی خۆت، نەك شەڕی ستراتیژی لە پێناو خەمەكانی خەڵكدا،  لە كاتێكدا خەمی گەورەی هاوڵاتیان دابینكردنی گوزەرانیەتی، ، ئەم ململانێیانە كاریگەری نێگەتیڤی گەورەی هەیە لەسەر ئێستا و ئاییندەی كۆمەڵگەی كوردی  و تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە و ئاشتی كۆمەڵایەتیی. چاوەڕوان دەكرێت شەڕی گەرمی ئەم هەڵبژاردنە كە لە ئێستاوە ئاسۆكانی دەركەوتووە لە نێوان هێزە لێكنزیكەكانەوە بێت، ئەوانەی كە تازە هاتونەتە ناو پرۆسەكەوە، چونكە ئەوەی تازە دروست بووە هەست دەكات بەرامبەرەكەی ئیرەیی پێدەبات و لەناو فەنتازیای خەیاڵی خۆیدا هەڵمەت دەبات و ئەوەشی خۆی بە خاوەن دۆخەكە دەزانێت وابیردەكاتەوە ئەو هێزە نوێیانە لە پشكی ئەو دەبەن. هەموو هێزەكان بەناوی خەڵكەوە قسەدەكەن بەناوی خەڵكەوە بەرنامە دادەرێژن، بەڵام هەموویان خاوەنی گوتارێكی روون نین، گوتاری هەموویان لێك نزیكە، هەموویان لە خەیاڵدانیاندا دوژمنێكی وەهمیان بۆخۆیان دروست كردووە و پەلاماری دەدەن، بۆیە بەئەستەم دەتوانرێت دونیابینی و تێروانینیان بۆ ئایندە و ئەنجامدانی ریفۆرم لە كایەكانی ژیانی كۆمەڵگە لێكجیابكرێتەوە، هەندێكیش هۆكاری پەلاماردانی یەكتر و ئەو شەڕە ئیعلامییە بۆ ئەمە دەگەڕێننەوە.  ئەوەی بە روونی لە دۆخەكە دەخوێنرێتەوە ململانێی هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای سلێمانی بەتۆخی لە نێوان ئەم هێزانە دەبێت: یەكەم/ ململانێی توندی هەڵبژاردن لە نێوان گۆڕان و جوڵانەوە نەوەی نوێ دەبێت، بەو پێیەی  زۆرێك لە بۆچونەكان وای بۆدەچن نەوەی نوێ لە هەناوی  بیركردنەوە و گوتار و هەڵوێستەكانی گۆڕانەوە لە دایکبووە، چونكە ئەگەر لە روی فیزیكیشەوە لە ناو گۆڕانەوە نەهاتبێتە دەرەوە، ئەوا هەڵگری هەمان خیتابی گۆڕانە بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە، هەڵگری هەمان گوتاری بەشێك لە پۆپۆلیستەكانی گۆڕانە كە لەسەرەتای دروستبونیەوە بەرامبەر بە یەكێتی و پارتی گرتیە بەر، ئێستا نەوەی نوێ بەهەمان رێچكەی گۆڕاندا دەڕوات بە كۆمەڵێك كارەكتەری گۆڕانەوە و هەمان گوتاری سەرەتاكانی گۆڕانەوە هەنگاو هەڵدەگرێت، بۆیە بەرلە هەر هێزێك پەلاماری گۆڕان دەدات، چونكە پێی وایە بەشێكی زۆری دەنگەكانی لە گۆڕەپانی گۆڕاندایە، نەك لە گۆڕەپانی یەكێتی و پارتی، چونكە پێشتر گۆڕان بەشێكی زۆری دەنگە ناڕازییەكانی ناو ئەو هێزانەی هێنایە دەرەوە، بۆیە ئێستا نەوەی نوێ دەیەوێت بەشێك لە دەنگە ناڕەزاییەكانی ناو كۆمەڵگە بەرێت كە بەشێكی زۆری لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو لای گۆڕان بووە. بزوتنەوەی گۆڕانیش ترسی هەیە لە نەوەی نوێ و پێی وایە ئەگەر دەنگەكانیشی نەبات بەشێك لە دەنگدەرە نارازی و دەنگە خۆڵەمێشیەكەی لێسارد دەكاتەوە و ترسی لەوە هەیە كە نەوەی نوێ جڵەوی نارەزایەتییەكانی شەقامی لەدەست وەربگرێت كە ماوەی نزیكەی 10 ساڵە گۆڕان رێبەرایەتی دەكات. لێرەوە هەردوو هێزەكە یەكتری بە مەترسی بۆسەر یەكدی دەبینن، بۆیە چاوەروان دەكرێت  لە نێوان ئەم دوو هێزەدا ململانێی گەرم و شەڕی ئیعلامی توند  دروست بێت و سودمەندی سەرەكیش لەم پرسەدا پارتی دەبێت، چونكە بەشێك لە هەڵمەت و گوتاری ئیعلامیەكەیان لە پارتی و یەكێتیەوە دەگۆڕن بۆ یەكتری. دووەم/ دیوێكی دیكەی ململانێ گەرمەكان لە پارێزگای سلێمانی لە نێوان یەكێتی و هاوپەیمانێتیدا دەبێت، بەهەمان شێوەی ململانێی نێوان گۆڕان و نەوی نوێ، ململانێیەكی توندو پڕ لە هەڵدانەوەی دۆسیەكانی یەكدی لەنێوان هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا دەبێت. یەكێتی پێی وایە هاوپەیمانی لەهەناوی ئەوەوە لەدایکبووە و لە خەرمانی ئەو جەواڵی خۆی پڕدەكات و زۆرینەی ئەو دەنگانەی ناو یەكێتی دەبات كە گۆڕان نەیتوانی بۆخۆی بەرێت ئێستا نیگەرانن لەمامەڵەی سەركردایەتی حیزبەكەیان، ئەو هێرشە پێشوەختەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتیەوە كرانە سەر هاوپەیمانی و خۆدی بەرهەم ساڵح، ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو مەترسییەی كە سەركردایەتی یەكێتی لە بەرهەم ساڵحی هەیە و بەهەڕەشەیەكی جدی دەزانێت بۆسەر جەماوەرەكەی و بردنی دەنگەكانی. لە بەرامبەردا ئەگەرچی  هاوپەیمانی راستەوخۆ نەچوەتە ناو ململانێوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەڵام هەموو ئەو رەخنە و پەیامانەی كە دەیانخاتە روو و لە پایەكانی حوكمڕانی هەرێمی دەدات، یەكێتی پایەیەكی سەرەکیەتی و شەریكە بەشی هەموو شكستەكانە و ئۆتۆماتیكی ئەو رەخنانەی كە هاوپەیمانی دەیگرێت تیرەكەی بەر یەكێتی دەكەوێت. كێشكردنی هەموو ململانێ و شەرەكان بۆدەڤەری سلێمانی و كورتكردنەوەی تەنها لە ناوچەیەكدا، زیانگەیاندن نیە تەنها بە خەڵكی ناوچەكە، بەلكو زیانگەیاندنە بە خودی هێزەكان خۆیان لە سنوری ئەم پارێزگایەدا،كە لە ئەنجامدا دەبنە كۆمەڵێك هێزی پارچەپارچە و خاوەن دەنگ و پێگەی پەرشوبڵاو كە بۆ ئایندە ناتوانن رەسمی سیاسەتێكی وا بكەن كە بەهەموویان بتوانن قورساییەكی وا دروستبکەن كە بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان بوەستنەوە، كە گۆڕەپانەكەیان لە هەولێر و دهۆك بەتەختی بۆ بەجێهێشتووە و دەنگ و كورسییەكانی  پارتیش لە سلێمانی جیێگیرە. لەمەشەوە دەردەكەوێت كە پارتی براوەی یەكەمی هەموو ئەو ململانێ و یەكتر شكاندانەیە كە هێزەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیان پێكردووە، دواجاریش ئەم هێزانە هێندە یەكتری دەشكێنن ناتوانن بەوهەموو ناكۆكیەوە لەدوای هەڵبژاردن یەكبگرن و هێزێكی تۆكمە دروستبكەن و بچنە بەرامبەر پارتی، بۆیە وەك رابردوو  یەك یەك و دوو دوو دەچنەوە بەرامبەر پارتی، بەمەش دۆخەكە لە بازنەیەكی داخراودا دەسوڕێتەوە و دەچینەوە خاڵی سەرەتا.   


نیاز عەبدوڵا – هەولێر  لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ درەو  عەلی قادر بەرێوەبەری گشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر رایدەگەیەنێت، ئێستا لە پارێزگای هەولێر  نزیكەی 60% و لە پارێزگای سلێمانی 49%و لە پارێزگای دهۆكیش نزیكەی 71%ی دەنگدەران بایۆمەتریان ئەنجامداوە.  عەلی قادر راشیدەگەیەنێت هیچ كەسێك ناتوانێت دەنگ بدا ئەگەر كارتی بایۆمەتری یان كارتی ئەلیكترۆنی پێنەبێت،  سەبارەت بە  چۆنیەتی رێگریكردن لە ساختەكاری تەقلیدی كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا ئەنجامدراوە  بەرێوەبەری گشتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە هەولێر رایدەگەیەنێت ئەو ساختەكاریانەی  كراون پێشتر لە دوو قۆناغدا بووە لەو كاتەی كە دەنگدەر زیاتر لە دەنگێكی دەدا یان كەسێك دەچوو لەبری كەسێكی تر دەنگی دەدا، بەڵام ئەو سیستمەی ئێستا  پەیڕەوی دەكەین هیچیان ناتوانن دەنگ بدەن، یەكەمیان  ئەگەرخودی دەنگدەرەكە كارتی پێنەبێت ناتوانێت دەنگ بدات، دووەم  كەسێك دەنگدەدا كات و سەعات و دەقەی تۆماركردنەكەی تۆمار دەكرێت، واتا كارتەكە وەك  كارتی مۆبایلە كە یەكجار بەكارهات دووبارەكردنەوەی نیە، ئەگەر بیەوێت  دووبارە دەنگ بدات سیستمەكە پێی دەڵێ لە سەعاتی ئەوەندە و دەقەی ئەوەندە و سانیەی ئەوەندە دەنگی داوە ئێستا مافی دەنگدانی نیە، ئەمە لەلایەك لەلایەكی ترەوە  كەسێك ناتوانێت لەبری كەسێكی تر دەنگ بدات كە كۆچی كردبێت یان تۆماری بایۆمەتری نەبێت چونكە ئەبێت پەنجەمۆری لەگەڵ هەڵبژاردنی 2014 یەكانگیر بێت، خاڵێكی تر ئەوەی پەیوەستە بە ساختەكاری لە كاتی ئەنجامی دەنگەكان،  ئێستا ناتوانرێت چونكە ئەنجامەكە ئەلیكترۆنیە ئامێرەكان پێشكەوتوون، ئەوەی ئامێری ئەژماركردن و جیاكردنەوە و دابەشكردنی دەنگەكان ئامێرێكی نوێیەو لەسەر سندوقی دەنگدان دەبێت، كاتێك دەنگدەر دێت و دەنگەكەی دەخاتە سندوقی دەنگدانەوە سندوقەكە سندوقێكی ئەلیكترۆنیە سكانەرێكی زیرەكی لەسەرە وێنەیەكی وەرەقەی دەنگدانی دەنگدەر دەگرێت و لای خۆی خەزنی دەكات، ئەگەر دەنگەكە دروست بێت دەیخاتە ناو سندوقەكەوە ئەگەر دروست نەبێت ئەوا خەتمی پۆچەڵبونی لێدەدا. عەلی قادر رونتر دەڵێت  هیچ رێگەیەك  نەماوە بۆ ساختەكاری ئەوانەی مەترسی ئەوەیان هەیە لەكاتی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەنگەكان، دەنگەكان بۆ خەڵكی تر ئەڕوا بە تەواوی ئەو مەترسیەمان رەواندوەتەوە كە ئەم سیستمە تەزویر و ساختەكاری تیا ناكرێت بەوەی سندوقی دەنگدان وێنەیەكی وەرەقەی دەنگدان دەگرێت، ئەو وێنانە هەمووی كۆئەكرێتەوە ئەخرێتە هاردێكەوە هەر حیزبێكی سیاسی ئەتوانێت بێت نوسخەیەكی وەربگرێت و بەراوردی بكات لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی راگەیەنراوە، ئەو وەرەقەیەش تەزویر ناكرێت چونكە سكانەرەو ئەو كاتەش دەگیرێت كە دەنگدەر لەسەر سندوقەیەكە.  سەبارەت بە  كاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، عەلی قادر رایدەگەیەنێت لە یەكەم دەقەو سانیەی دوای تەواوبوون واتا سەعات شەش ئەتوانرێت رابگەیەنرێت، ئەتوانرێت هەتا شەش سەعات دەنگی 95%ی سەرجەم وێستگە و بنكەكان رابگەیەنرێت و ئەنجامی دەنگی حیزبەكان براوەو دۆڕاویان دەرئەكەوێت و ئەزانن چەند كورسیان بەدەست هێناوە. 


ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی میسر راگەیەنراو عەبدولفەتاح سیسی بە بەدەستهێنانی 97.08%ی دەنگەكان، خولی دووەمی سەرۆكایەتی بەدەستهێنایەوە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لاشین ئیبراهیم سەرۆكی دەستەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكانی میسر رایگەیاند رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا 41.05 بووە و لەكۆی 59 ملیۆن كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە 24 ملیۆن و 250 هەزار كەس دەنگیانداوە. سەرۆكی دەستەی نیشتمانی هەڵبژاردنەكانی میسر وتیشی موسا مستەفا موسا كە تاكە ركابەری سیسی بوو لەو هەڵبژاردنەدا 2.92%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.


دادگایەكی عێراق بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی" داعش" سزای لەسێدارەدانی بەسەر شەش ژنی بە رەگەز توركدا سەپاند. سەرچاوەیەك لە دەسەڵاتی دادوەری عێراقلە لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس" وتی" دادوەری دادگای تاوانەكان بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوكاریكردنی داعش سزای لە سێدارەدانی بەسەر شەش ژنی بەرەگەز توركدا سەپاند و سزای زیندانیكردنی هەمیشەیشی بەسەر ژنێكی تردا سەپاند." بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ئەو ژنانە لەمیانی دادگاییكردنیاندا دانیانبەوەدا ناوە كە بە نایاسایی چونەتە سوریا و دواتر هاتونەتە عێراق بە هاوڕێیەتی هاوسەرەكانیان كە چەكداری داعش بوون. شوباتی رابردووش دادگای عێراق بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش سزای لە سێدارەدانی بەسەر 15 ژنی بە رەگەز توركدا سەپاند كە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 50 ساڵاندایەو پێشتریش دادگاكە سزای لە سێدارەدانی بەسەر ژنێكی ئەڵمانیدا سەپاند و ژنێكی فەرەنسیی ئازادكرد و دیپۆرتی فەرەنسا كرایەوە. تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق ژمارەی ئەو كەسانەیان ئاشكرانەكردووە كە لەكاتی كۆتاییهێنان بە داعش لە عێراقدا دەستگیركراون و بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەك ژمارەی دەستگیركراوان بە تۆمەتی ئەندامێتی و هاوكاریكردنی داعش دەگاتە 20 هەزار كەس.  


لیندسی گراهام سیناتۆری كۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا هۆشداریدەداتە دۆناڵد ترەمپ لە كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا و دەڵێت ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی زیندووبونەوەی داعش و زیادتربوونی هەژموونی ئێران لە سوریا. گراهام كە ئەندامی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەنجومەنی پیرانە لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی " فۆكس نیوز" وتی" ئەو بڕیارە ئەگەر بدرێت خراپترین بڕیار دەبێت كە سەرۆك تاكلایەنە دەیدات". گراهام وتیشی " رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیمان لە لێواری شكستهێنان نزیك كردووەتەوە، ئەگەر دەتانەوێت لەو لێوارە دووری بخەنەوە سەربازانی ئەمریكا بكشێننەوە". ئەمریكا نزیكەی دوو هەزار سەربازی لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا هەیە، پێشبینیدەكرێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ تاوتوێكردنی هەڵمەتی دژ بە داعش لە سوریا كۆببێتەوە و بەرپرسێكی باڵای ئیدارەی ئەمریكا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند راوێژكارەكاتی ترەمپ بڕوایان وایە سوپای ئەمریكا پێویستە بە ژمارەیەكی كەمتر لەوەی ئێستا لانیكەم بۆ دوو ساڵی تر لە سوریا بمێننەوە. لەو بەرنامە تەلەفزیۆنییەدا لیندسی گراهام مەترسی راوێژكارانی كۆشكی سپی لە كشانەوەی خێرای سوپا ئەمریكا لە سوریا دووپاتكردەوە وتی " ئەوە كارەساتێكە ئامادەكاری بۆ دەكرێت." وتیشی " هێشتا زیاتر لە 3000 چەكداری داعش لە سوریا دێن و دەچن، ئەگەر هێزەكانمان لەماوەیەكی نزیكمدا بكشێنینەوە، ئەو رێكخراوە دەگەڕێتەوە و شەڕی نێوان توركیا و كوردیش لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و دیمەشق رادەستی ئێرانییەكان دەكرێت بە بێ‌ بوونی ئەمریكا".  


سبەی سێشەممە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا كۆدەبنەوە. كۆشكی سەرۆكایەی روسیا " كرملن" رایگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە ڤلادیمێر بوتن سەردانی توركیا دەكات و سبەی سێشەممە لەگەڵ هاوتا ئێرانی و توركییەكەیدا كۆدەبێتەوە. ئاماژەیبەوەشدا  پۆتن و ئەردۆغان بە رەسمی یەكەمین یەكەی وێستگەی ئەكۆیۆی ئەتۆمیی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا دەكەنەوە. هاوكات پەروێز ئیسماعیلی راوێژكاری راگەیاندنی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند  سبەی سێشەممە رۆحانی دەگاتە ئەنكەرە لە كۆبوونەوەی لوتكەی تایبەت بە سوریا لەگەڵ سەرۆكی توركیا و روسیا كۆدەبێتەوە. ئیسماعیلی وتیشی جگە لەوە حەسەن رۆحانی كۆبونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و ڤلادیمێر پۆتن ئەنجامدەدات و پەیوەندییەكان و هاریكاری هەرێمی و نێودەوڵەتی نێوان هەر سێ‌ وڵات تاوتوێدەكرێن.


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت و بەپێی بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق 14ی مانگی نیسانی بۆ دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكردووە، بەڵام لە ئێستاوە هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیست و هاوپەیمانی و كاندیداكانی هەڵبژاردن دەستی پێكردووە.  دەستپێكردنی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هێنایە دەنگ و كۆمسیۆن رایگەیاند  سزای ئەو كاندید و قەوارە سیاسیانە دەدەن كە دەستیانكردوووە بە پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقامەكانی بەغدا و سەرجەم پارێزگاكان و سزاكان دەگەنە ئاستی بێبەشكردنی كاندید و قەوارەكەی لە بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن. لەلایەن خۆشیەوە سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق ئاگاداریەكی بڵاوكردۆتەوەو تیایدا هاتووە: هەرلایەن و كاندیدێك پێش رۆژی هەڵمەتی بانگەشەكردن، كە 14ی نیسانی 2018یە بانگەشە بۆ خۆی بكات، بۆ جاری یەكەم بە بڕی ( 50 ملیۆن) دینار سزا دەدرێت و ئەگەر ئەو پێشێلكارییەی دوبارە بكاتەوە، سزاكەی دوبارە و سێبارە دەبێت و لە چواربارەدا مافی كاندیدبونی لێدەستێنرێتەوەو حیزب و هاوپەیمانێتیەكەشی بە بڕە پارەیەكی زۆر سزا دەدرێت.  هەرچەندە هێشتا دوو هەفتەی ماوە بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی كوردستانیش بانگەشەی پێشوەخت دەستیپێكردووەو گەرمە، بە جۆرێك حزب و قەوارە سیاسییەكان و كاندیدەكان سەرەتا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان كردە مەیدانی بانگەشە و هەزاران پەیج و ئەكاونتیان بۆ بانگەشەكردن بۆ خۆیان كردوەتەوە و لەو رێگەیەوە بانگەشە بۆخۆیان دەكەن و هێرشیش دەكەنە سەر كاندید و لیستە ركابەرییەكانیان.. جگە لەوەش سەرۆكی حزب و قەوارەكان و سەرۆكی لیستەكان و كاندیدەكان دەستیانكردووە بە چالاكی رۆشنبیری و هونەری و زانستی  و سەردانی كۆمەڵایەتی و بەسەركردنەوەی ناوچەكان و بۆنە كۆمەڵایەتییەكانیان قۆزتوەتەوە بۆ بانگەشەكردن بۆخۆیان و كۆكردنەوەی دەنگ. مەیدانێكی تری بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییەكانی هاوڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایانە و لە هەر شار و شارۆچكەیەك گردبونەوەیەك یان خۆپیشاندانێك هەبێت چەند كاندیدێك ئامادەن و بەشێكیشیان وتار و لێدوانی حەماسیانە پێشكەشدەكەن.. ئێستا بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان گەرمە بە جۆرێك لیستە نوێیەكان كۆبونەوەو هەڵمەتەكانی بانگەشەیان دەستپێكردووە جگە لە ناوهێنانی ژمارەی لیستەكانیان هەموو جۆرەكانی دیكەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیان دەستپێكردووە، رۆژنامەو سایت و كەناڵە ئاسمانیەكان پڕبوون لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پەلاماردان و هێرشكردنە سەر یەكدی، بەو پێیەش ئەوەی ئێستا دەكرێت هیچ واتایەكی نەهێشتۆتەوە بۆ وادەی دیاریكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆن لە 12ی نیسانەوە كردیە 14ی نیسان. جگە لە بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن دەنگۆی ئەوەش هەیە كە لە هەندێك ناوچە كڕین و فرۆشتن بە كارتی دەنگدانەوە دەكرێت ، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا میوانداری ئەنجومەنی كۆمسیاران و بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگاكانی كۆمسیۆنی كرد و بڕیاریدا كە لایەنە پەیوەندیدارەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر بەرامبەر هەر كەسێك كە كڕین و فرۆشتن بە كاری دەنگدانەوە دەكات یان بەكاریدەهێنێت . ئەگەرچی رێژەی بەشداریكردنی هاوڵاتیان لە تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان زۆر كەمەو رەنگە كاریگەری لەسەر بەشدارینەكردنی زۆری هاوڵاتیان هەبێت لە هەڵبژاردنەكاندا، كە بە وتەی عەلی قادر بەریوەبەری ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاستی تۆماركردنی بایۆمەتری لە پارێزگای هەولێر ( 60%) و لە سلێمانی ( 49% ) و لە دهۆكیش ( 71%) بەڵام حیزبەكان دەیانەوێت گەرم و گوڕی بخەنە شەقامەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand