كاندیدەكانی یەكێتی خوانەكەی قوباد تاڵەبانی تێكدەدەن
2018-05-17 14:51:17
(درەو میدیا)
ژمارەیەك لە كاندیدەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان حزبەكەیان تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
دوێنێ چوارشەممە لە مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوەیەك لەگەڵ كاندیدەكانی یەكێتی بەڕێوەچوو.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی دەستیكەوتووە، دوای كۆبونەوەكەی مەڵبەندی سلێمانی، قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی كاندیدەكانی یەكێتی كردووە بۆ خوانێك لە دوكان.
ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: لە خوانەكەدا فازل كەریم (مامۆستا جەعفەر) و كاندیدێكی دەرنەچووی تری یەكێتی لەبەردەم قوباد تاڵەبانیدا وتویانە:" یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا ساختەكاری كردووە و ساختەكارییەكەش گەیشتوەتە ئەو ئاستەی تەنانەت دەنگی ئەوانیش وەكو كاندیدەكانی یەكێتی بدرێت بە كاندیدی تر لە لیستەكەی خۆیان".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەو قسانەی مامۆستا جەعفەرەوە مشتومڕ دروستبووە و خوانەكەی قوباد تاڵەبانی تێكچووە.
14كاندیدی لیستی یەكێتی داوای ژمارەی راستی دەنگەكانیان دەكەن
لە نوسراوێكیشدا كە 14 كاندیدی لیستی ژمارە 162 یەكێتی لە سلێمانی ئیمزایان رایدەگەیەنن ئەوەی ئاشكراكراوە دەنگی راستەقینەی ئەوان نییە و ئەوەی لە بنكەكانی دەنگدانەوە پێیان گەیشتووە لەگەڵ ئەوەی كۆمسیۆن جیاوازی هەیە و داوادەكەن:
یەكەم: ژمارەی راستی دەنگەكانیان پێبدرێت.
دووەم: كردنەوەی چەند سندوقێكی دەنگدان لە شارو شارۆچكەكا ن وبەراورد بكرێت لەگەڵ ئەنجامە نافەرمییەكان كە راگەیەنراوە.