Draw Media

نامەی 14 كاندیدەكەی یەكێتی لە نێوان رەتكردنەوە و راستكردنەوەدا 

نامەی 14 كاندیدەكەی یەكێتی لە نێوان رەتكردنەوە و راستكردنەوەدا 

2018-05-17 20:00:52


( درەو میدیا)
" من ئیمزام لەسەر ئەو نوسراوە كردووە، بەڵام جەختم كردەوە كە بۆ بڵاوكردنەوە نیە، جەختیشدەكەمەوە كە ئەو ژمارەیەی بڵاوكراوەتەوە ژمارەی دەنگی من نیە و دەنگەكانی من زۆر لەوە زیاترن" ئەمە وتەی مامۆستا جەعفەر یەكێك لەو كاندیدانەیە كە ئیمزای كردووە و لە ریزبەندی كاندیدەكاندا ( 2415 ) دەنگی هێناوە، بەڵام رێزان دلێر كاندیدی یەكێتی كە ( 4258 ) دەنگی بەدەستهێناوە دەڵێت:" ئەو نوسراوە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە منەوە نیە و ئەو ئیمزایەش هی من نیە و ئەو نوسراوەش ساختەیە و دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە ناو كاندیدەكان و هەڤاڵانی یەكێتییەوە".

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا ژمارەیەك لەو كاندیدانەی ناویان لە نوسراوەكەدا هاتووە ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ یاداشتیان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كردبێت و داوایان كردبێت كه‌ ده‌نگه‌كان هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌ و ده‌ڵێن ئه‌و یاداشته‌ دروستكراوه‌ و مه‌به‌ستی چه‌واشه‌كاری رای خه‌ڵكی هه‌رێمی كردستانی له‌ پشته‌وه‌یه‌.

ئەمەش دوای بڵاوكردنەوەی نوسراوی 14كاندیدی لیستی یەكێتی بۆ مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان كە داوای ژمارەی راستی دەنگەكانیان دەكەن، لە نوسراوێكەدا كە 14 كاندیدی لیستی ژمارە 162 یەكێتی لە سلێمانی ئیمزایان لەسەركردووە رایدەگەیەنن ئەوەی ئاشكراكراوە دەنگی راستەقینەی ئەوان نییە و ئەوەی لە بنكەكانی دەنگدانەوە پێیان گەیشتووە لەگەڵ ئەوەی كۆمسیۆن جیاوازی هەیە و داوادەكەن:
یەكەم: ژمارەی راستی دەنگەكانیان پێبدرێت.
دووەم: كردنەوەی چەند سندوقێكی دەنگدان لە شارو شارۆچكەكا ن وبەراورد بكرێت لەگەڵ ئەنجامە نافەرمییەكان كە راگەیەنراوە.
ئەم نوسراوە كاردانەوەی زۆری بەدوایخۆیدا هێناوە و بەتایبەتیش لای حزبە ناڕازییەكان كە پێیانوایە ئەو نوسراوە بەڵگەی سەلماندنی قسەكانیانە كە دەنگەكان دەستكاریكراون و گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام بەشێك لە كاندیدەكانی یەكێتی بە رونكردنەوەیەك نوسراوەكەیان رەتكردوەتەوە و بە ساختە ناویان بردووە.

شیراز میراودەلی كە ( 3128 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە رونكردنەوەیەكدا لە ئاكاونتی لە فەیسبوک خۆی نوسیویەتی: " نوسراوێكی نافەرمی بڵاوكراوەتەوە ناوی من هێنراوە سەرلە بەری دوورە لە ڕاستیەوە من بە هیچ شیوەیەك ئاگادار نیم لەو نوسراوە پەیوەندی نیە بە منەوە دوژمنان چاویان هەڵنایە بە سەركەوتنی یە كێتی نیشتمانی كوردستان بۆیە دەست بۆ كاری لەو شێوەیە دەبەن"  
بەڵام رێزان دلێر كە ( 4258 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە رونكردنەوەیەكدا نوسیویەتی" كە ئەو نوسراوە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە منەوە نیە و ئەو ئیمزایەش هی من نیە، ئێمە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق،  
بە هەموو لایەك بەتایبەتی هەڤاڵانی خۆشەویستی یەكێتی رادەگەیەنم، هێشتا ئەنجامی كۆمسیۆن بۆ كاندیدەكان بە رەسمی دەرنەچووە و ئەو نوسراوەش ساختەیە و دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە ناو كاندیدەكان و هەڤاڵانی یەكێتییەوە" 
فازل كەریم ( مامۆستا جەعفەر) لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی کوردستان 24 دەڵێت: " من بەڵگەم هەیە كە زۆر لەو ژمارەیەی بڵاوكراوەتەوە دەنگم هێناوە و بەڵگەم بەدەستەوەیە كە ئەو ژمارانەی بڵاوكراونەتەوە دەنگی من نیە، سەبارەت بە راست و دروستی نوسراوەكەش مامۆستا جەعفەر دەڵێت: من ئیمزام لەسەر ئەو نوسراوە كردووە بەڵام پێم وتون كە ئەمە بۆ بڵاوكردنەوە نیە. 
  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand