Draw Media

مانگی رابردوو ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئیلیزێ‌ لە پاریس پێشوازی لەو وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات كرد و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ دووپاتكردنەوە و ئامادەیی خۆشی بۆ دانوستان لە نێوان توركیا و رۆژئاوای كوردستان دەربڕی، ئەم هەنگاوەی پاریس سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی و بەرپرسانی باڵای توركیای توڕەو نیگەران كرد و پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و پاریس ئاڵۆزكرد. ئیمانوێل ماكرۆن: هێرشە سێ قۆڵییەكەی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا بۆسەر رژێمی سوریا، توركیای لە روسیا جیاكردەوە رۆژی یەكشەممەش جارێكی تر ئیمانوێل ماكرۆن لەمیانی قسەكردنیدا دەربارەی هێرشە سێقۆڵییەكەی ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا بەرپرسانی توركیای نیگەران كرد و پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و پاریس ئاڵۆزتركرد. ماكرۆن رایگەیاند وڵاتەكەی بە بەشداریكردن لەو هێرشەی سوریادا توركیای لە روسیا دوورخستەوە و توركیا بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی سوریاوە ئیدانەكرد ئەوەش بە واتای ئەوە دێت كە توركیا لەگەڵ روسیادا نییە. هەروەها ماكرۆن راشیگەیاند دۆناڵد ترەمپیان قایل كردوووە كە هێرشەكەی سەر سوریا تەنها گەنجینە و دامەزراوەی چەكە كیمیاییەكانی حكومەتی سوریا بگرێتەوە و جەختیشیكردەوە دۆناڵد ترەمپی قایل كردووە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا درێژە پێبدات و بەردەوام بێت، بەڵام  سارە ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەمدا رایگەیاند پلانی وڵاتەكەی سەبارەت بە سوریا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و هەڵوێستی ترەمپ دەربارەی زوو كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا روون و ئاشكرایە. مەولود چاوشئۆغڵۆ: پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و مۆسكۆ لەوە بەهێزترن كە ئیمانوێل ماكرۆن بتوانێت بیپچڕێنێت قسەكردنی سەرۆكی فەرەنسا دەبارەی پەیوەندییەكانی توركیا و روسیا و جەختكردنەوە لەوەی كە ئەوان بەو هێرشە توركیایان لە روسیا دوورخستوەتەوە ، لەلایەن مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیاوە وەڵامداریەوە. چاوشئۆغڵۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتی پەیمانی ناتۆ وتی:" پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ روسیا زۆر لەوە بەهێزترە كە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بتوانێت بیپچڕێنێت." هاوكات دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا " كرملن" جەختیكردەوە ئەو هێرشە سێ قۆڵییەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا سەركەوتوو نەبوو لەوەی كەلێن بخاتە پەیوەندییەكانی روسیا و توركیاوە. پیسكۆڤ وتیشی:" نهێنی نییە كە مۆسكۆ و ئەنكەرە لە چەند پرسێكدا ناكۆكن، بەڵام ئەوە رێگریمان لێ‌ ناكات كە بیروڕا و هەڵوێستمان دەربارەی ناكۆكییەكانمان ئاڵوگۆڕ بكەین و گفتۆگۆبكەین و ئەوەش كاریگەری نابێت لەسەر ئاسۆی هاوكارییەكانمان لە داهاتوودا و جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورە." لە سێ‌ ساڵی رابردوودا هاوكاریكردنی هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە و هێزەكانی سوریا دیموكرات لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاوە و رەخنەگرتن لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن حكومەتی توركیاوە بووەتە مایەی نیگەرانی و توڕەیی بەرپرسانی ئەنكەرە و بەردەوام سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆك وەزیرانی و بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە هێرشیانكردوەتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و بە پشتگیریكردن لە " تیرۆر" تۆمەتباریان كردوون، بەڵام تا ئێستا ئەو وڵاتانە بەردەوامن لە هاوكاریكردنی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان لە شەڕە دژ بە رێكخراوی داعشدا. ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ


 ئێستا حزبە كوردستانیەكان 65 كورسیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە و لەو ژمارەیە 46 كورسی هی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە، لەو  ژمارەیە هەولێر ( ١٥ ) كورسی  1 كورسی كۆتا، سلێمانی ( ١٨ ) كورسی و دهۆك ( ١١ ) كورسی و 1 كورسی كۆتا . پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان 17 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێنا ،كە 8 كورسی لە دهۆك و 7 كورسی لە هەولێر و 2 كورسی لە سلێمانی هەیە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان 11 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  (٤٩٦٥٣٦) دەنگی بەدەستهێناوە ،كە 1 كورسی لە دهۆك و 4 كورسی لە هەولێر و 6 كورسی لە سلێمانی هەیە. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی كوردستان 9 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  (٤٧٢٥٠٣) ،كە 2 كورسی لە هەولێر و 7 كورسی لە سلێمانی هەیە. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەرێمی كوردستان 4 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (١٩٢١٧٩) دەنگی بەدەستهێناوە ،كە 2 كورسی لە دهۆك و 2 كورسی لە سلێمانی هەیە. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە هەرێمی كوردستان 3 كورسی هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (١٤٠٧٧١) دەنگی بەدەستهێناوە ،كە  2 كورسی لە هەولێر و 1 كورسی لە سلێمانی هەیە.    


ئامادەكردن و وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی تایبەتە بە بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی نوێی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، راپۆرتەكە بەشێوەیەكی گشتی جەخت لەسەر چەند خاڵێك دەكات: •    لە هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندانی ئاشتیانە سەركوت دەكەن •    لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هێزە ئەمنییەكان پێشێلكارییان كردووە •    لە هەرێمی كوردستان فەرمانبەران موچەی تەواوی خۆیان پێنادرێت •    لە هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكان لە خۆپیشاندەر و رۆژنامەنوسان دەدەن •    لە هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندەر و رۆژنامەنوسان دەستگیر دەكەن •    لە هەرێمی كورستان بەبێ دادگایكردن خەڵك دەستگیردەكرێن و دواتر ئازاد دەكرێن •    لە هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكان بەڵێننامە بە دەستگیركراوان پڕ دەكەنەوە بەبێ ئەوەی رێگە بدەن ناوەڕۆكی بەڵێننامەكە بخوێننەوە •    لە هەرێمی كوردستان هێزەكانی ئاسایش رێگری لە كاری رۆژنامەنوسان دەكەن •    لە هەرێمی كوردستان هێزەكانی ئاسایش دەستگیركراوان ناچار دەكەن پاسۆردی موبایل و فەیسبوكەكانیان بكەنەوە •    لە هەرێمی كوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەبێت مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت لەبەر گرنگی ناوەڕۆكی راپۆرتەكە بۆ خوێنەرانی كورد، (درەو) دەقی راپۆرتەكە وەكو خۆی وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی. دەقی راپۆرتەكە: هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆتایی مانگی ئازار لانی كەمی (84) خۆپیشاندەر و (4) رۆژنامەنوسیان دەستگیركرد، پێدەچێت زۆرێك لە دەستگیركردنەكان هەرەمەكی بوبن، چونكە بەهۆی ئەوە بوون كە كەسانێك مومارەسەی مافی خۆیان كردووە لە ئازادی گردبونەوەی ئاشتیانە، یان بەهۆی پشتگوێخستنی مافەكانیان كە بەپێی یاسای عێراقی دەبێت لەماوەی 24 كاتژمێردا دوای دەستگیركردنیان لەبەردەم دادوەر ئامادەبن. (12) شایەتحاڵ دەڵێن هێزە ئەمنییەكان لە زۆر كەسیان داوە لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنیان لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا لە شارەكانی (ئاكرێ و دهۆك و هەولێر)، هیومان رایتس وۆچ راپۆرتی بەدەستگەیشتووە لەبارەی دەستگیركردن لە شارەكانی تری وەكو (شیلادزێ و سۆران و زاخۆ). هێزە ئەمنییەكان هێزی نایاسایی و هەڕەشەیان بەكارهێناوە بۆ ناچاركردنی هەندێك لە خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان بۆ كردنەوەی تەلەفۆنەكانیان و پێدانی پاسۆردی ئەژمارە تایبەتەكانیان لە "فەیسبوك"، هەروەها دەستگیركراوان بۆ ماوەی دوو رۆژ دەستبەسەركراون بەرلەوەی هەموویان ئازاد بكرێت بەبێ ئاڕاستەكردنی هیچ تۆمەتێك، جگە لە یەك كەس، هەندێكیش ناچاركراون ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكەن بەوەی بەشداری "ناڕەزایەتی نایاسایی" ناكەن. یەكێك لە رۆژنامەنوسەكان وتی هێزە ئەمنییەكان پێیان وتووە كە بۆی نییە وێنەی ناڕەزایەتییەكان بگرێت، رۆژنامەنوسەكە رەتیكردوەتەوە ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكات بۆ پابەندبوون بەوەی ئەو كارە ناكات. لەما فەقی جێگری بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە هیومان رایتس وۆچ وتی" پێدەچێت ئەو تەكتیكانەی توندوتیژی كە هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەكاریانهێناوە بۆ وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییە ئاشتیانەكان، ئامانج لێی بێدەنگكردنی رەخنەكان بێت، سەرباری بانگەشە فەرمییەكان بەوەی رێز لە ئازادی رادەربڕین و گردبونەوە دەگیرێت. هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ ناچاركردنی خەڵك بۆ دەستهەڵگرتن لە مافە بنەڕەتییەكانیان لە دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵگەی ئەو سەركوتكاریەیە". لە 25ی ئازاری 2018دا كارمەندانی مەدەنی كە زۆرینەیان مامۆستا و كارمەندانی چاودێری تەندروستی بوون بۆ ماوەی چەند رۆژێك لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستیان بە ناڕەزایەتی كرد بەهۆی پێنەدانی موچەكانیان. ماوەی سێ ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەیەكی كەم بە كارمەندانی مەدەنی دەدات، بەهۆی رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان. یەكێك لە مامۆستاكان بە هیومان رایتس وۆچی وت ماوەی چوار ساڵە كەمتر لە نیوەی موچەكەی وەردەگرێت، ناتوانێت بژێوی هاوسەرو سێ منداڵەكەی دابین بكات. دكتۆر دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە 27ی ئازاردا وتی" هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانیان دەستگیركردووە، تۆمەتباركراون بە هاندان بۆ توندوتیژی و رادەستی دادگا كراون". زێباری ئاماژەی بەوەكرد خۆپیشاندانەكان مۆڵەتی یاساییان نەبووە. زێباری وتی حزبە سیاسییەكان ناڕەزایەتییەكانیان راكێشاوە و هەوڵیان داوە هانی توندوتیژی بدەن. ئاماژەی بەوەكرد سكاڵای یاسایی لەدژی هێزە ئەمنییەكان بەرزنەكراوەتەوە، خۆپیشاندەرانی تۆمەتباركرد بە هێرشكردنەسەر كارمەندانی ئاسایش. (12) شایەتحاڵ كە لەنێوان رۆژانی 25 بۆ 28ی ئازار بەشداری ناڕەزایەتییەكانیان كردووە لە ئاكرێ و دهۆك و هەولێر ئەو بۆچونەیان رەتكردەوە، ئەوان دەڵێن خۆپیشاندەران چەكدار نەبوون و هێرشیشیان نەكردوەتەسەر هیچ یەكێك لە كارمەندانی ئاسایش. گرتە ڤیدیۆییەكان شایەتیدانەكانیان دەسەلمێنێت. گرتە ڤیدیۆییەكانی ناڕەزایەتییەكانی 25ی ئازار دەریدەخەن لە هەولێر هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژ بە ئاڕاستەی كۆمەڵە خەڵكێكدا هەڵدەدەن كە سیڤیلن، گرتەیەكی ڤیدیۆیی تری ئەو ناڕەزایەتییانە ئەفسەرێك نیشان دەدات لە جلوبەرگی مەدەنیدا زللە لە ژنە خۆپیشاندەرێك دەدات لە كاتی وێنەگرتندا، گرتە ڤیدیۆییەكان كە خۆپیشاندەران لە ناڕەزایەتییەكانی 26ی ئازاردا لە دهۆك و ناڕەزایەتییەكانی 28ی ئازار لە هەولێر تۆماریان كردووە، دەریدەخەن كارمەندانی ئاسایش بە جلوبەركی فەرمییەوە بەشێوەیەكی دڕندانە پاڵ بە خۆپیشاندەرانەوە دەنێن و دەیانگرن، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆیانە هیچ خۆپیشاندەرێك نیشان نادەن كە هێرش بكات یان چەكدار بێت.  هیومان رایتس وۆچ یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی بینی كە رۆژی 27ی ئازار لە ئاكرێ وێنەی ناڕەزایەتییەكانی بۆ كەناڵێكی لۆكاڵی گرتووە، وتی ژمارەیەك لە كارمەندانی "ئاسایش" لە دەوروبەری كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی لێی نزیكبونەتەوە و بردویانە بۆ بنكەی ئاسایش، لەگەڵ (14) خۆپیشاندەری تردا دەستبەسەریان كردووە. وتی داوایان لێكردووە تەلەفۆنەكەی بكاتەوە، تەماشای گرتە ڤیدیۆییەكانیان كردووە كە گرتویەتی و سڕیویانەتەوە، ئەو رۆژنامەنوسە وتی" پێیان وتم بۆم نییە وێنەی ناڕەزایەتییەكان بگرم و هۆشدارییان پێدام ئەگەر جارێكی تر ئەو كارە بكەی، باش نابێت بۆت" هەروەها ئەو رۆژنامەنوسە بە هیومان رایتس وۆچی وت" داوایان لێكردم ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكەم بەوەی جارێكی تر وێنەی ناڕەزایەتییەكان ناگرم، بەڵام رەتمكردەوە ئیمزای بكەم". دوای 4 كاتژمێر بەبێ هیچ تۆمەتێك ئازادیان كرد.  رۆژنامەنوسێكی تر وتی رۆژی 27ی ئازار كاتێك گەیشتوەتە ناو ناڕەزایەتییەكانی ئاكرێ، كارمەندانی ئاسایش مۆڵەتە رۆژنامەوانییەكەیان پێشتگوێ خستووە و پێیان وتووە بۆت نییە وێنە بگریت، كاتژمێر 11:30 خولەكی بەیانی، 3 كەس لە ئەندامانی پەرلەمان گەیشتوەنە شوێنەكە و هانیانداوە بۆ ئەوەی وێنە بگرێت و گوێ بە هیچ شتێك نەدات، بەشێوەیەكی كتوپڕ 10 كەس لە كارمەندانی ئاسایش لێیانداوە و بردویانە بۆ ئاسایش، بەڕێوەبەرەكە لێی پرسیون بۆچی خوێنی لێدێت. رۆژنامەنوسەكە بە هیومان رایتس وۆچی وت" پێموت پیاوەكانی وایان لێكردوم، بەڵام گوێی پێنەدا، پێی وتن بمبەن بۆ نەخۆشخانە، دوای كاتژمێرێك ئەو كارەیان كرد، پزیشك پێی وتم لوتم شكاوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە". هیومان رایتس وۆچ چاوی بە سێیەم رۆژنامەنوس كەوت لە هەمان ناڕەزایەتیدا، كە لەگەڵ دوو رۆژنامەنوسی تردا لە كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی دەستگیركراون، بەڵام كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ ئازادكراوە، بەبێ ناچاركردنی بە ئیمزاكردنی هیچ شتێك یان ئاگاداركردنی بەوەی بۆی نییە وێنەی ناڕەزایەتییەكان بگرێت. لانی كەم (15) رۆژنامەنوس روبەڕوی هێرش بونەتەوە و (7) كەسیان لەكاتی روماڵكردنی ناڕەزاییەتییەكاندا دەستبەسەركراون، بەپێی "لیژنەی پارێزگاریكردن لە رۆژنامەنوسان". هیومان رایتس وۆچ چاوی بە (9) خۆپیشاندەر كەوت، هەمویان وتیان هێزەكانی ئاسایش لێیداون لەكاتی دەستبەسەركردنیان، (2) كەسیان توانیویان هەڵبێن و دەستگیرنەكرێن، (2) كەسی تریان لەماوەی دوو كاتژمێردا ئازادكراون، (5) كەسیشیان لەماوەی نێوان 12 كاتژمێر بۆ دوو رۆژ دەستبەسەركراون، (3) كەس لە كۆی (5) كەس وتیان رێگەیان پێنەدراوە پەیوەندی بە خێرانەكانیان و پارێزەرەوە بكەن، كارمەندانی ئاسایش داوای پاسۆردی تایبەتی تەلەفۆن و فەیسبوكیان لە دەستگیركراوان كردووە، هەوڵی كردنەوەی موبایلێكی تریان داوە، (5) كەس وتیان لەكاتی ئازادكردنیاندا بەبێ هیچ تۆمەتێك ئاسایش داوای لێكردون بەڵێن بدەن بەشداری لە خۆپیشاندانی نایاسایدا ناكەن، (3) كەس ناچاركراون بۆ ئەوە، (2) كەس رەتیانكردوەتەوە ئیمزای بەڵێننامە بكەن، هەمویان رەتیانكردەوە هێز بەكارهێنرابێت بەرامبەر بە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان. ئەم كاردانەوە توندە هاوتایە لەگەڵ كاردانەوەیەكی هاوشێوە بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەكان لە سلێمانی لە كانونی یەكەمی 2017، هێزەكانی ئاسایش رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەرانیان بۆ ماوەیەكی دورو درێژ بەبێ هیچ تۆمەتێك دەستگیركرد، هەندێكیشیان ناچاركران بەڵێن بدەن بەوەی بەشداری ناڕەزایەتییەكان ناكەن وەكو مەرجێك بۆ ئازادكردنیان. هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان پابەندن بە پاراستنی مافی ئازادی رادەربڕین و گردبونەوەی ئاشتیانە، سەرباری ئەوەی رێكخەرانی ناڕەزایەتییەكان هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتیان نەداوە، وەكو ئەوەی لە یاسای لۆكالێدا پێویستە، بەڵام یاسای نێودەوڵەتی مافی گردبونەوەی ئاشتیانە دەپارێزێت، ئەمە لەگەڵ هەندێك كۆتوبەنددا كە رێگەی پێنادرێت تەنیا لە هەندێك بارودۆخی تایبەتدا نەبێت. لە یاسای (سزادانی عێراقی ژمارە 23/1971) هاتووە كە پێویستە هەموو دەستگیركراوان لەماوەی 24 كاتژمێری دوای دەستبەسەركردنیان لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا رابوەستن. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەستگیركردنی بە هەڕەمەكی دادەنرێت ئەگەر مۆڵەتدار نەبێت بەشێوەیەكی روون بەگوێرەی یاسای لۆكاڵی، یان سەربكێشێت بۆ دەستبەسەركردنی كەسانێك بەهۆی مومارەسەكردنی مافە بنەڕەتییەكانیانەوە وەك ئازادی گردبونەوە، یاخود پاراستنی رێوشوێنە بنەڕەتییەكانی وەكو مافی دەستگیركراوان بۆ راوەستان لەبەردەم دادوەر پێشێل بكات. لەما فەقی وتی: دانیشتوانی هەرێمی كوردستان مافی خۆیانە بەشێوەیەكی ئاشتیانە گوزارشت لە بێئومێدبونیان بكەن لە قەیرانی ئابوری. پێویست نییە لەسەر حكومەت بە كۆتوبەندكردنی ناڕەزایەتییەكان و رۆژنامەگەری وەڵامی ئەوە بداتەوە، ئەمە جگە لە هەڕەشەكان و لێدان و دەستگیركردنە هەڕەمەكییەكان و پرۆسەكانی پشكنینی نایاسایی ئەو خۆپیشاندەرانەی كە داوای موچەیەكی دادپەروەرانە دەكەن". هەولێر 26ی ئازار هیومان رایتس وۆچ چاوی بە (3) خۆپیشاندەر كەوت كە ئاسایش لە 26ی ئازاردا لە نزیك پاركی شانەدەر دەستگیری كردوون. یەكێكیان كە ناوی (جەمال – 68 ساڵ)ە وتی كاتێك ئەو دروشمی وتووە لە كاتژمێر 10ی بەیانی، گوێی لێبووە كارمەندێكی ئاسایش وتویەتی "لێیدەن"، دوای ئەوە 3 كارمەندی تری ئاسایش بۆ ماوەی چەند خولەكێك بە دار لێیانداوە. جەمال بە هیومان رایتس وۆچی وت" خەریك بوو قۆڵی راست و شانم لە ئازاردا دەئاوسان، ئینجا راوەستان لە لێدانم، كارمەندێكی پۆلیسی چالاكە مەدەنییەكان هات و بردیمە ئەولا، لێی پرسیم بۆچی خەڵك هاندەدەم بۆ ناڕەزایەتی". یەكێك لە كارمەندە ئەمنییەكان جەمالی برد بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، وتی ئەوە دەوروبەری كاتژمێر 1:30 خولەكی نیوەڕۆ بووە، پۆلیسكێك رەوانەی بەرپرسێكی باڵای كردووە و تۆمەتباری كردووە بەوەی چەقۆ و كلاشینكۆڤی بۆ خۆپیشاندانەكە ئامادە كردووە، ئەو رەتیكردوەتەوە، لە كاتژمێر 6 دا كارمەندێكی ئەمنی تر لێپرسینەوەی لێكردووە و تۆمەتباریكردووە بە " هۆكاری كێشەكان" لەكاتێكدا حكومەت بە ئاسانی ناتوانێت موچە زیادبكات، یەكێك لە كارمەندە ئەمنییەكان لە كاتژمێر 7ی ئێوارەدا رادەستی دادوەری كردووە، لەبارەی هۆكاری ناڕەزایەتییەكانییەوە پرسیاری لێكردووە هەروەها ئایا خۆپیشاندەران مۆڵەتیان وەرگرتووە (وەریان نەگرتووە)، لە كاتژمێر 8ی ئێوارەدا ئەوەی رەتكردەوە كە دادوەر وتی بەڵێن بدات بەشداری هیچ ناڕەزایەتییەكی تر بكات، بەبێ هیچ تۆمەتێك ئازادكرا. پیاوێكی تر كە ناوی "پشتیوان" بوو وتی، لە دەوروبەری كاتژمێر 10:30 خولەكە لەكاتێكدا وێنەی ناڕەزایەتییەكانی دەگرت، كارمەندێكی ئاسایش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە موبایلەكەی بردووە، ئەوە ناچاری كردووە شوێن كارمەندەكە بكەوێت بۆ گێڕانەوەی تەلەفۆنەكەی، كارمەندەكەی ئاسایش لەگەڵ سێ كەسی تردا پشتوانیان گرتووە و ناچاریان كردووە سواری ئۆتۆمبیل ببێت و گواستویانەتەوە بۆ بارەگای ئاسایش (ئاسایشی گشتی). وتی كارمەندەكەی ئاسایش لەوێ زانیارییەكانی نوسیوەتەوە و تۆمەتباری كردووە بەوەی " حەز لە دەسەڵاتی عەرەب دەكات لێرە". داوای پاسۆردی تایبەتی تەلەفۆن و فەیسبوكەكەیان كردووە، وێنە و ڤیدیۆ و بەشداری و نامەكانیان كردووە لە فەیسبوك، كاتژمێر 4ی ئێوارە پشتیوان گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، كاتژمێر 8ی ئێوارە ئازادكرا دوای ئەوەی پەنجەمۆری كرد لەسەر بەڵگەنامەیەك كە دوای لێكرا نەیخوێنێتەوە. پشتیوان گەڕایەوە بۆ ناڕەزایەتییەكان لە 28ی ئازاردا دەستگیركرا كاتێك 25 كەس لەنزیك پەرلەماندا خۆپیشاندانیان كرد. جارێكی تر كارمەندێكی ئاسایش داوای پاسۆردی موبایلەكەی لێكردەوە، لەگەڵ 16 خۆپیشاندەری تردا رەوانەی بارەگای ئاسایش كران، دواتر بۆ سجنی محەتە لە وەزارەتی ناوخۆ، رۆژی دواتر گەڕێندرانەوە بۆ بنكەی پۆلیس، بەپێی ئەوەی پشتیوان وتی، دوای ئیمزاكردنی بەڵگەنامەیەك كە هیچ كەسێكیان نەیانخوێندەوە، ئازادكران. "رەوا" بە هیومان رایتس وۆچی وت لە دەوروبەری كاتژمێر 11 ی بەیانی نزیكەی 150 خۆپیشاندەر كۆبونەوە، دوای ماوەیەكی كەم لە گەیشتنی، 3 كارمەندی ئاسایش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هێرشیانكردەسەر، لەسەر و پشتیان دا، بەپێی قسەی خۆی" چەندین جار شەقیان تێهەڵداوە بەر لەوەی بیخەنە ناو ژورێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێرەوە لەگەڵ 8 خۆپیشاندەری تردا، وتی دەوروبەری كاتژمێر 7:30 خولەكی ئێوارە هەموویان ئازادكراون بەبێ هیچ تۆمەتێك، رەوا وتی كارمەندانی پۆلیس ناچاریان كردووە ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكات بەوەی بەشداری هیچ جۆرە خۆپیشاندانێكی نایاسایی ناكات. 27ی ئازار (3) خۆپیشاندەر كە ئاسایش لە 27ی ئازار لە هەولێر دەستگیری كردوون بە هیومان رایتس وۆچیان وت، نزیكەی 150 بۆ 200 مامۆستا لە پاركی شانەدەر كۆبونەوە، یەكسەر ژمارەیەك لە هێزەكانی پۆلیسی چالاكە مەدەنییەكان و ئاسایش گەمارۆیاندان و خەڵكەكەیان بەرەو ئاڕاستەیەك برد، "كامەران" وتی، دەوروبەری كاتژمێر 11:40 خولەكی بەیانی كەسێك بەجلوبەرگی مەدەنییەوە لەكاتی وێنەگرتندا موبایلەكەی لێسەند و داوای لێكرد لەگەڵیدا بڕوات. لە دوری چەند مەترێك، پیاوەكە پرسیاری لە كامەران كرد لەبارەی هۆكاری وێنەگرتنەكەی، داوای لێكرد سەیری گرتە ڤیدیۆییە تایبەتەكانی بكات لە موبایلەكەیدا، بینی كامەران بەشداری ناڕەزایەتییەكانی پێشتریشی كردووە.  كامەران وتی پیاوەكە بردویەتی بۆ بارەگایەكی نزیكی ئاسایش، تەماشای ئەكاونتی كامەرانیان كرددووە لە فەیسبوك و تۆمەتباریان كردووە بەوەی ئەندامی "گۆڕان"ە كە حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە، كارمەندانی ئەمنی كامەران و مامۆستاكانی تریان بردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، ژمارەی گروپەكە گەیشتوەتە 17 دەستگیركراو، ئەمە سەرباری ئازاددكردنی 4 دەستگیركراو لە نیوە شەودا، وەكو ئەوەی وتیان. "رێبەر" وتی: هێزە ئەمنییەكان ئەویشیان لە ناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركردووە، دوای ئەوەی 10 پیاو كە 6 كەسیان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە چەندینجار لێیانداوە و خستویانەتە سەر زەوی و هۆشدارییان پێداوە لە راوەستانی، رێبەر بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاند" یەكێك لە كارمەندە ئەمنییەكان پێنوس و تەلەفۆن و چاویلكەكەی بردم، دواتریش كیفەكەم، پارەكانی ناو كیفەكەیان كێشا بە دەموچاومداو بردیان، دواتر بردیمان و خستمانە ناو ئۆتۆمبیلێكەوە، یەكەمجار بردمیان بۆ ئاسایش، دواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس. رێبەر وتی كارمەندێكی ئەمنی سور بوو لەسەر تۆمەتباركردنم بەوەی ئەندامی گۆڕانم، سەرباری ئەوە ئەو سور بوو لەسەر رەتكردنەوە، ئەو تەنیا دەیویست ناڕەزایەتی لەسەر موچەكەی دەرببڕێت. یەكێك لەو سێ خۆپیشاندەرەی كە هییومان رایتس وۆچ بینیویەتی وتی، یەكێك لە دەستگیركراوەكان كە تەمەنی 17 ساڵ بوو دوای ئەوەی بە دارە كانزایی سەری بریندار كرابوو، خوێنێكی زۆری لێدەرۆیشت. ئەو سێ كەسە وتیان، 13 خۆپیشاندەری تر رەوانەی زیندانی مەحەتە كراون و وێنەیان گرتوون. رێبەر وتی كارمەندێكی ئەمنی لە نوسراوی بانگهێشتكردنیدا نوسیویەتی ئەو دەستبەسەرە بەپێی ماددەی سفر لە یاسای تاوانەكان، ئەوەش شتێكە كە بوونی نییە. كاتێك كە پرسیاری كردووە لەبارەی هۆكارەكەی، كارمەندە ئەمنییەكە بە رێبەری وتووە ئەو نمونەیە بۆ پاراستنی بووە، لەوە ناچێت هیچ تاوانێكی دیاریكراوی كردبێت. وتیان 3 خۆپیشاندەری تر بەیانی 28ی ئازار گەیشتون، دوانیان برینداربوون، یەكێكیان سەر و پشتی خوێنی لێ رۆیشتووە، ئەوی تریان روخساری برینداربووە، ئەو دوانە وتویانە ئەوان روبەڕوی لێدان بونەتەوە لەكاتی دەستگیركردنیاندا، لە 28ی ئازاردا دەستگیركراوەكانی تریش ئازادكران، كامەران وتی ئەو ناچاركراوە ئیمزا لەسەر بەڵگەنامەیەك بكات كە نەیخوێندوەتەوە، بەڵام وتی ئەوە بەڵێننامەیەك لەخۆدەگرت بەوەی جارێكی تر خۆپیشاندان نەكاتەوە. كاتێك رێبەر زیندانی بەجێهێشت و موبایلەكەی وەرگرتەوە، زانی كە موبایلەكەی روبەروی چەندین هەوڵی كردنەوە بوەتەوە، رێبەر ڤیدیۆی یەكێك لە ئەفسەرەكانی بە هیومان رایتس وۆچی نیشاندا كە وێنەی خۆی گرتووە لەكاتی هەوڵدان بۆ كردنەوەی موبایلەكەی. رێبەر وتی لەوكاتەوە چەندین نامەی ئەلیكترۆنی لە فەیسبوكەوە پێگەیشتووە لەبارەی هەوڵەكان بۆ چونەناو ئەژمارەكەیەوە. دهۆك  25ی ئازار "حەكیم" وتی ئەو لە دەوروبەری كاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی رۆژی 25ی ئازار گەیشتوەتە ناڕەزایەتی بەردەم لقی دهۆكی كەرتی پەروەردە، كارمەندێكی ئاسایش تەلەفۆنی بۆ كردووە و وتویەتی: ئەو گروپە مۆڵەتیان وەرنەگرتووە بۆ ناڕەزایەتی. حەكیم بە هیومان رایتس وۆچی وت" پێم وت ئێمە پێویستمان بە مۆڵەت نییە بۆ ناڕەزایەتی، مافی خۆمان دەوێت، تەنانەت ئەگەر داوای مۆڵەتیشمان كرد، پارێزگار مۆڵەت نادات، پاشان كارمەندەكەی ئاسایش بە پۆلیسێكی نزیكی وت  ئەركی سەرشانتە مامەڵەیان لەگەڵ بكەی". وتی نزیكەی 15 پۆلیس دەوریانداوە و ناچاریانكردووە سواری ئۆتۆمبیل ببێت. رۆژی دواتر لە كاتژمێر 2ی بەیانی ئازادكرا، فەرمانی پێدراوە رۆژی 27ی ئازار لەبەردەم دادگا ئامادەبێت، تۆمەتباركراوە بە هێرشكردنەسەر دامەزراوە حكومییەكان "پەروەردە". وتی تائێستا لێكۆڵینەوە بەردەوامە، بەپێی زانیاری ئەو، خۆپیشاندەران هیچ زیانێكیان بە بیناكە نەگەیاندووە. 27ی مارس 27ی ئازار"عەلی" لە ناڕەزایەتی بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە دهۆك ئامادەبوو. وتی دوو كارمەندی ئەمنی چەندینجار لێیانداوە كاتێك هەوڵیانداوە دەستگیری بكەن و رایكێشن بۆ ناو ئۆتۆمبیل، بەڵام خەڵكەكە رایانكێشاوە، كارمەندی ئەمنی بینیوە كە موبایلیان لە كەسێك سەندووە كە وێنەی روداوەكەی گرتووە، هەموو فۆتۆ و ڤیدیۆكانیان سڕیوەتەوە. پاشخانی یاسایی یاسای پەیوەندیداری كورد دەڵێ هەموو ناڕەزایەتییەك پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەخت هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ و دەسەڵاتدارانی لۆكاڵی. لە ماددەی 21ی "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەكان"دا كە عێراق ساڵی 1971 پەسەندی كردووە، هاتووە كە " مافی گردبونەوەی ئاشتیانە دانی پێدانراوە و جگە لە چەند رێوشوێنێكی سنوردار نەبێت رێگە بە كۆتوبەندكردنی نادرێت". بڕیاردەری نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە مافی گردبونەوەی ئاشتیانە و پێكهێنانی كۆمەڵەكان وتی، ئازادی پێویستە بنەما بێت، كۆتوبەندكردنی لەحاڵەتی تایبەتدا دەبێت، وتیشی، پێویست ناكات رێكخەری ناڕەزایەتییەكان مۆڵەتی فەرمی وەرگرن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا پێویستە ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت پێشكەش بكەن، لەكاتێكدا ئەم بنەمایانە روون و پێوستن بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی گشتی، یان پاراستنی سیستم و تەندروستی و ئادابی گشتی، یاخود ماف و ئازادییە گشتییەكان. یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 23/1971 جەخت لەسەر پێویستی ئامادەبوونی هەموو دەستگیركراوان دەكات لەبەردەم دادوەردا لەماوەی 24 كاتژمێر دوای دەستبەسەركردنیان.  


 ئامادەكردنی/ نیاز عەبدوڵا حیزبه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك ترسیان هه‌یه‌ 134 هه‌زار كارتی ده‌نگدانی كاتی كه‌ بۆ ئاواره‌كانی حه‌ویجه‌ و ده‌وروبه‌ری له‌ لقی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست كراوه‌، بۆ مه‌به‌ستی ده‌نگدانی ساخته‌ له‌ هه‌ڵبژرادنه‌كانی 12ی ئایاری 2018ی عێراق له‌و پارێزگایه‌ به‌كاربهێندرێت. ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ له‌ شاری كه‌ركوك جگه‌ له‌ حیزبی پارتی دیموكرات و حیزبی نه‌وه‌ی نوێ كه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بوون كۆی هێزه‌ سیاسییه‌كان ئاماده‌ی بوون، تا به‌یه‌كه‌وه‌ باس له‌ چۆنییه‌تی هاوكاریكردن و هاندانی به‌شداری هاووڵاتیان و رێگریكردن له‌ ساخته‌كاری بكه‌ن. له‌و باره‌یه‌وه‌ مامۆستا سه‌ڵاح ساڵه‌یی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌ كه‌ركوك كه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بوو، به‌ دره‌و میدیای وت "‌50%ی كه‌ركوكییه‌كان تا ئێستا كارتی بایۆمه‌تری هه‌ڵبژاردنیان نه‌كردووه‌، لقی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژرادنه‌كانی عێراق-یش 134 هه‌زار كارتی ده‌نگدانی كاتی بۆ ئاواره‌كانی حه‌ویجه‌ و ده‌روبه‌ری كردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ئه‌و كارتانه‌ی وه‌رگرتبێته‌وه‌ و دابه‌شكرابێت‌، بۆیه‌ ئێمه‌ مه‌ترسیمان هه‌یه‌ ئه‌م كارتانه‌ له‌ پارێزگای كه‌ركوك له‌ناو شاری كه‌ركوك و حه‌ویجه‌ بۆ مه‌به‌ستی ساخته‌كاری له‌ لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌كاربهێندرێن". سه‌ڵاح ساڵه‌یی ئه‌وه‌ی خسته‌ روو ئه‌و ژماره‌ كارته‌ ده‌توانێت سه‌نگ و قه‌باره‌ی ململانێكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هێزه‌ سیاسییه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ كه‌ركوك یه‌كلا بكاته‌ و وتی " ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدان بۆ هاندان و به‌شداریكردنی زیاتری هاووڵاتیانی كه‌ركوك له‌ هه‌ڵبژاردن، مه‌به‌ستمان بوو لیژنه‌یه‌ك له‌ حیزبه‌كان پێكبهێنین تا له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژرادن له‌ كه‌ركوك كۆببێته‌وه‌ و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ژماره‌ كارته‌ كاتییه‌ی ده‌نگدان بكات بۆیه‌ ئه‌وه‌مان كرد و لیژنه‌كه‌مان پێكهێنا". به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی حیزبی زه‌حمه‌تكێشان له‌ كه‌ركوك جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی وه‌لانانی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان كرده‌وه‌ و ئاماده‌نه‌بوونی حیزبه‌كانی پارتی دیموكرات و نه‌وه‌ی نوێی به‌ بۆشایی لێكدایه‌وه له‌ دۆخی ئێستای سیاسی كه‌ركوك‌. جگه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ بریاری به‌شداری نه‌كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌ پارێزگای كه‌ركوك داوه‌، ئه‌مڕۆ15ی نیسان حیزبه‌ كوردییه‌كانی كه‌ركوك بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیان له‌و شاره‌ ده‌ستپێكرد.


دەنگی هێزەكان لە 1992 بۆ 2014 لە پارێزگای هەولێر. راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف ئەگەرچی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پەیوەستە بە پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێزەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی لەماوەی چوارساڵی رابردوودا كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوە كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە ئەو كاریگەریانەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی هێزەكان، ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو كاریگەریانەی لەسەر پێگەی هەرێم درووستی كردوو دواتریش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر گۆڕینی نەخشەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم درووست دەكەن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی حكومەت و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان بەبێ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزەكان لە هەولێر كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان درووست ناكات، چونكە هەولێر هەم پایتەختی هەرێم و ئەم شوێنی بریاری سیاسی و هەم قۆرخكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە، گۆڕانكاری لە نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان. پێگەی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر  یەكەم/ هەڵبژاردنی 1992  لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای هەولێر كە (340000) مافی دەنگدانی هەبوو(335827) دەنگیدا بەرێژەی ( 77.6%) لەو پارێزگایە ئاستی دەنگەكان بە جۆرێك بوو كە، پارتی دیموكراتی كوردستان (152143) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (45.9%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (148352) دەنگ بە رێژەی (44.4%) و لیستی ئیسلامی (11092) بە رێژەی (3.3%) و حیزبی شیوعی (11047) بەڕێژەی (3.3%) دەنگیان بەدەست هێنا، پارێزگای هەولێر لەیەكەم هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر نزیك بوو لەیەكەوە، بۆیە كەڵكەڵەی یەكلاكردنەوەی شوناسی هەولێر بۆ یەكێكیان هەرزوو پەیدا بوو، بۆیە یەكێتی سلێمانی و پارتی هەولێریان بۆخۆیان یەكلاكردەوەو شەڕی هەیمەنەی هەولێریان كرد و لە شەڕی ناوخۆ ماوەیەك بۆ یەكێتی یەكلا بوەوەو دواتر پارتی لە 31ی ئابدا هەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا چەسپاند و تا ئێستاش ئەو هەیمەنەیە بەردەوامە و لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە گۆڕان لە پێگەو نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە درووست بكات.       دووەم/ هەڵبژاردنی 2005  بەڵام  لە هەڵبژاردنی 2005 دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی و یەكێتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد بەلام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە لیستی جیابوو بۆیە ئاستی دەنگی حیزبەكان لەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت، لەو هەڵبژاردنەدا (647994) كەس دەنگیان دابوو، تەنها (4) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان كە لە (پارتی و شیوعی و ژمارەیەك حیزب پێكهاتبوو) كە (347772 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكان و لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (244343) دەنگ بەریژەی بەڕێژەی (37.7%)و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (22523) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (3.5%) و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (18781) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (2.9%)، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە غیابی یەكێتی لەو شارە لەدوای روداوەكانی 31ی ئاب یەكێتی توانی نزیكەی 38%ی دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات و پارتی كۆمەڵێك هێزی دیكەش نزیكەی 54%.                                           سێیەم/ هەڵبژاردنی 2010  بەلام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (917685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە،   پارتی دیموكراتی كوردستان (306775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%) دەنگەكان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (124632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) و لیستی گۆڕان توانی (103397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و  كۆمەڵی ئیسلامیی ( 70662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (51065) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، لە دوای درووست بونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئیدی یەكێتی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی بۆ 18% واتا بە بەراوردی 2005 بەرێژەی 20% دابەزی و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لە پارێزگای هەولێر پەرت بوو .  چوارەم/ هەڵبژاردنی 2014    بەڵام پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و  لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 45% و لایەنەكانی تریش زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە.    ئەگەر لە دەنگ و رێژەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ورد بیتەوە دەردەكەوێت ئاستی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەو پێیەی پارێزگای هەولێر لەژێر هەیمەنەی پارتیدا بووەو جموجول و چالاكی هێزەكانی سنورداركردووەو دۆخێكی سیاسی وای خوڵقاندووە، كە تەواوی پۆست و بڕیار و پرۆژەكانی ئەو ناوچانە لەژێر هەیمەنەی پارتی خۆیی و بۆ گیرفانی خۆی بووە. ئەگەرچی ململانێی توندی هێزەكان لە پارێزگای سلێمانی گەرم بووەو ئەوەش لە قازانجی دەنگی پارتیە لە هەولێر و دهۆك، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت  هەڵبژاردنی داهاتوو گۆرانكاری لە پێگەو دەنگ و رێژەی لایەنەكاندا درووست بكات بەتایبەتیش لە پارێزگای هەولێر، بەو پێیەی پارتی دەسەڵاتداری ناوچەكە بەرپرسی پلە یەكی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ناسەقامگیری كوردستان بووە، بەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و بەم دوایانەش سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەیوەندیەكان و نەوت و ناوخۆ هەمووی لەدەستی پارتیدا بووە بۆیە بەرپرسیارێتی سەرەكی دەكەوێتە ئەستۆ، هاوكات ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو دۆخە پڕ لە قەیرانەی بەدوای خۆیدا هێنای دارێژەرو پلانی سەرەكی ئەنجامدانی لە دەستی پارتی و سەرۆكی پارتیدا بووە ئەو سیاسەتەش هۆكاری سەرەكی داروخانی ژێرخانی ئابوری و سیاسی و روخان و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و هەرێمایەتی و جیهانیش. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەموو ئەو بارودۆخانەی كە رویان داوەو رێوشوێنە توندەكانی كۆمسیۆنی عێراق بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەكاری گۆڕانكاری لە دەنگ و رێژەی دەنگەكانی هێزە باڵادەستەكانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر درووست بكات، بە درووستكردنی هەرجۆرە گۆڕانكاریەكیش لە دەنگی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان درووست دەكات.، بەتایبەتیش ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانەی كە لەماوەی رابردوودا رویاندا هەیمەنەی دەسەڵاتی پارتی لە ترس و تۆقاندن و سەركوتكردن تێكشاند، كە ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی دەنگدەر ترسی نەبێت لەوەی دەنگ بە هێزوو لایەنی دیكە بدات.   


بە مەبەستی‌ دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی‌ مامەڵەی‌ مادەی‌ كیمیاویان لەگەڵ حكومەتی بەعس كردوە، ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرجەم بەڵگەنامەی‌ رەسمییەكانی دادگاییكردن و حوكمدانی‌ تاوانبار عەلی‌ حەسەن مەجید-ی‌ وەرگرتوەتەوە. ئارام شێخ محەمەد، لە نوسراوێكدا بۆ دادگای‌ باڵای‌ تاوانەكانی عێراق، ئەو بەڵگەنامانەی وەرگرتۆتەوە، بڕیارە كۆمەڵەی‌ قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە دادگاكانی دەرەوەی‌ وڵات پشتبەست بەو بەڵگەنامە، سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیانە تۆماربكەن كە مامەڵەی‌ مادەی‌ كیمیاویان لەگەڵ حكومەتی بەعس كردوە. جێگری‌ سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیجی خۆی بڵاویكردوەتەوە، كە  جگە لە رادەستكردنی ئەو بەڵگەنامانە، لەسەر ئەركی خۆی‌ لە چوارچێوەی‌ 29 تابلۆی‌ چاپكراو، سەرجەم ئەو بەڵگەنامەی‌ پێشكەش بە بەشی دۆكیۆمێنتەكانی مۆنۆمێنتی‌ هەڵەبجە كرد.  


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ  ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقی لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر جیادەكاتەوە، چەند ژنێكن كە لە ژمارەیەك بازنەی هەڵبژاردن، كاندیدی ژمارە یەكن و سەرۆكایەتی لیستەكانیان پێسپێردراوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە هەر 18 پارێزگاكەی عێراق سەرۆكایەتی لیستێكی دیاریكراو دەكەن گەیشتوەتە حەوت ژن. ئەمە هەوڵێكە بۆ شكاندنی هەژمونی پیاوان بەسەر لیستەكانی هەڵبژاردن و ركابەری كردن لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەكەدا. هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان لەم هەڵبژاردنەدا پشتیان بە رەگەزی مێ‌ بەستووە، لەم هەڵبژاردنەدا بەو هیوایەی بتوانن سود لە (كۆتا)ی دیاریكراو بۆ ژنان وەربگرن و زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن. لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار: •     لە بەغدادی پایتەخت كە زۆرترین كورسی لە پەرلەماندا هەیە، ژنێك سەرۆكایەتی لیستێك دەكات، ئەوەش پەرلەمانتار (ماجدە تەمیمی)یە  كە سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " سائرون" دەكات و هاوپەیمانێتییەكە پێكهاتووە لە (رەوتی سەدر و حزبی شیوعی عێراق و چەند حزبێكی مەدەنی تر). •     لە پارێزگای بابل (حەنان فەتلاوی)ی كە لە دوو خولی پێشوودا پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بوو، سەرۆكایەتی لیستی " ئیرادە" دەكات. •     لە پارێزگای دیوانیە پەرلەمانتار (هودا سەجاد) سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " نەسر" دەكات كە حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی سەرۆكایەتی دەكات و پێشبینی دەكرێت ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرترین كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت. كاندیدكردنی ژنان وەك سەرۆكی لیست لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە، لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان (چوار) ژن سەرۆكی لیستن: •     لە پارێزگای سلێمانی  (شلێر عەبدولمەجید) كاندیدی ژمارە یەكی لیستی حزبی شیوعی كوردستانە. •     لە پارێزگای دهۆك (ڤیان سەبری) سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە. •     لە كەركوك (جوان حەسەن) سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە. •     لە سلێمانی (تانیا تاهیر) سەرۆكی لیستی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستانە. دانان و دیاریكردنی كاندیدی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا ناكۆكی گەورەی لە نێو قەوارە و هاوپەیمانێتییەكاندا لێكەوتەوە، چونكە كاندیدەكان بڕوایان وایە بەدەستهێنانی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا سەركەوتنیان لە هەڵبژاردندا مسۆگەر دەكات، بەڵام لە راستیدا ئەوە بەندە بە هەڵوێستی دەنگدەران و ئارەزویان لە دەنگداندا.. بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق: •    (6 هەزارو 904) پاڵێوراو هەن •    پاڵێوراوەكان لەلایەن (25) هاوپەیمانێتی و (63) قەوارەی سیاسییەوە كاندیدكراون •    كاندیدكراوەكان كێبركێی دەكەن لەسەر بردنەوەی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق    


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ – فازل حەمەڕەفعەت رۆژێك دوای لیست و لایەنە عێراقییەكان، ئەمڕۆ لیستە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان دەستپێكرد. هەر لیستێك بەپێی بۆچون و بەرژەوەندی هەڵبژاردنی خۆی لە شار و ناوچەیەكەوە هەڵمەتەكەی دەستپێكرد. بزوتنەوەی گۆڕان  بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا (9) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، هەڵمەتی بانگەشەی ئەمجارەی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد. دیاریكردنی هەولێر بۆ دەستپێكردنی بانگەشە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بێ ئامانج و مەغزا نەبوو، گۆڕان كە لەدوای رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و دەركردنی وەزیرەكانی، ئامادەگییەكی لاوازی لە هەولێر هەبوو، بە راگەیاندنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەولێر و سەردانی سەركردەكانی بزوتنەوەكە بۆ ئەو شارە، جارێكی تر گەڕایەوە پایتەخت. قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتاری دەستپێكی كردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا وتی: " هەولێر تەنیا هی حزب یان بنەماڵەیەك نییە، بۆیە ئێمە لێرەوە دەستمانپێكرد". یەكێك لەو كەسانەی كە بەشداری مەراسیمی كردنەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە هەولێر، یوسف محەمەد سادق سەرۆكی لیستی گۆڕان بوو لە سلێمانی، یوسف محەمەد كە  سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستانەوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رێگری لێكرا بچێتەوە بۆ هەولێر، ئەمە یەكەمجار بوو سەردانی هەولێر بكات، بەڵام ئەمجارەیان وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نا، بەڵكو وەكو كاندیدێك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی كرد. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ بەهەمان شێوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێرو لە هۆڵی (بابیلۆن) هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد، بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە بەشداری مەراسیمەكەی كرد. بڕیارە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رۆژی چوار شەممە لە هۆڵی (تەلاری هونەر) لە سلێمانی مەراسیمێكی تری بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا بە یەك لیست بەشداری دەكەن، بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی ئێستای حزبەكە و ئەمینداری پێشوو هەروەها رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە هەولێر دەستپێكرد. لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا یەكگرتووی ئیسلامی (4) كورسی بردەوە، بەڵام بزوتنەوەی ئیسلامی هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا. بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لەناو لایەنە ئیسلامییەكاندا هەوڵێك خرایەگەڕ بۆ دروستكردنی لیستێكی ئیسلامی، بەڵام هەوڵەكە شكستیهێنا. سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست لەگەڵ یەكگرتوو دەچێتە هەڵبژاردنەوە، بەڵام لیستەكە هەر بە ناوی یەكگرتووی ئیسلامییەوەیە و كاندیدی بزوتنەوەی ئیسلامی لەناو لیستەكەدا هەیە.  كۆمەڵی ئیسلامی كۆمەڵی ئیسلامی بەر لە هەموو لیست و حزبە كوردییەكان لە كەركوك هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد و عەلی باپیر ئەمیری حزبەكە بەشداری مەراسیمەكەی كرد. كۆمەڵ لە كەركوك لیستی جیاوازی نییە و بە لیستێكی هاوبەش بەناوی " نیشتمان" لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەشداری دەكات. نەوی نوێ لیستی نەوەی نوێ كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، ئاهەنگی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بردە دەڤەری راپەڕین و لە گوندی (قوڕەگۆ)ی نزیك لۆفەكانی گڵەزەردی نزیك رانیە. سەرۆكی حزبەكە لە وتاری دەستپێكی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند، بەمەبەست دەڤەری راپەڕینیان كردوەتە شوێنی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشە، چونكە ئەم ناوچەیە سیمبوڵی راپەڕینە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا (21) كورسی بردەوە، تائێستا مەراسیمی گەورەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو تەنیا پەیامێكی بڵاوكردوەتەوە و كاندیدەكانیشی دەستیان بە بانگەشە كردووە. پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات و لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا (28) كورسی بەدەستهێنا، بەهەمان شێوەی یەكێتی نیشتیمانی تائێستا مەراسیمی گەورەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام بڕیارە رۆژی دوو شەممە بانگەشە دەستپێبكات. هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت، رۆژی 14ی مانگ لە عێراق و رۆژی 15ی مانگ لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، بەپێی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق 24 كاتژمێر بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، هەڵمەتی بانگەشە رادەگیرێت.  


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت سەرەتایەكی پێویست دوای جەنگی جیهانی یەكەم، وڵاتانی زلهێز هەرسێ ویلایەتی (بەغداد، بەسرە، موسڵ) یان بەپێی رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ) لەچوارچێوەی وڵاتێكی نوێدا بەناوی (عێراق) یەكخست. لە رۆژی 11 ی تشرینی دووەمی 1920، عێراق بوو بە ئەندام لە كۆمەڵەی گەلان لەژێر ئینیتدابی بەریتانیادا، ئینگلیزەكان بۆ جێگیركردنی وڵاتە نوێیەكە، شۆڕشی 1920ی عێراق و شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفیدیان لە كوردستان سەركوتكرد. ساڵی 1921 بەسەرۆكایەتی وینستۆن چەرچڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆنگرەی قاهیرە بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دیاریكرا، كۆنگرەكە پێشنازی كرد ریفراندۆمێك سازبدرێت بۆ دانانی شا فەیسەڵ،  23ی ئابی 1921 فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دانرا. كانونی دووەمی 1924 كە عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بو، هەڵبژاردنێك بەڕێوەچو بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دامەزراندن، ئەوە یەكەم هەڵبژاردن بو لە مێژووی نوێی عێراقدا، شیعەكان كە دژی ئینتیدابی بەریتانیا بون، هەڵبژاردنەكەیان بایكۆت كرد. ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكە یەكەمین دەستوری بۆ عێراق نوسییەوە، تەموزی 1924 دەستوری عێراق پەسەندكرا، لە 21ی ئازاری 1925 شا فەیسەڵ دەستورەكەی ئیمزا كرد، لە دەستورەكەدا سیستمی حوكمڕانی عێراق بە سیستمی (پادشایەتی دەستوریی) دیاریكرا لەگەڵ بوونی حكومەتێكی پەرلەمانیی و دوو ئەنجومەنی یاسادانان بەمشێوەیە: •    ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم ئەنجومەنە چوار ساڵ جارێك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت •    ئەنجومەنی پیران (ئەعیان): ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی لەلایەن پادشاوە دەدەنرا بەشێوەیەكی گشتی مێژوونوسان مێژووی عێراق بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەكەن: •    قۆناغی یەكەم: رژێمی پادشایەتی 1921-1958 •    قۆناغی دووەم: رژێمی كۆماریی 1958 تاوەكو ئێَستا لە هەردوو قۆناغەكەدا چەندین پەرلەمان هەبوون كە نوێنەرایەتی گەلیان كردووە. سەردەمی پادشایەتی و یەكەم پەرلەمان لە مێژووی عێراقدا ساڵی 1925 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەشێوەیەكی گشتی لە قۆناغی پادشایەتیدا 16 خولی پەرلەمانی هەبووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پەرلەمانانە خولی یاسایی خۆیان تەواو نەكردووە و پێشوەخت هەڵوەشێندراونەتەوە جگە لە سێ خولی پەرلەمانی نەبێت، بۆ نمونە 1953 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچووە، بەڵام سەرۆك وەزیران داوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردوە‌و بەوهۆیەوە 1954 دیسان هەڵبژاردن بەڕێوەچوە، هەر هەمان ساڵ جارێكی تر هەڵبژاردن كراوەتەوە. تاوەكو روخانی سیستمی پادشایەتی لە ساڵی 1958 لە عێراق (10) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، هەر لەو ماوەیە زیاتر لە (50) حكومەت پێكهێنرا، ئەمەش نیشاندەری ناسەقامگیری دۆخی سیاسی عێراقە لەو سەردەمەدا. لەم سەردەمەدا ئەنجومەنی نوێنەران یاخود پەرلەمان ناوی (كۆمەڵەی نیشتیمانی) لێنراوە. سیستمی كۆماری و سەردەمی قاسم ساڵی 1958 بە سەرۆكایەتی سەركردەكانی كودەتاكەی 14ی تەموزو ئەفسەرانی ئازادیخواز رژێمی كۆماری راگەیەندرا، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ هەنگاوێك بە ئاڕاستەی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن سەرنەكەوت. سەردەمی بەعسییەكان تاوەكو كودەتای ساڵی 1963ی بەعسییەكان هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەنەچوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەكانیشدا ژیانی دیموكراتی لە عێراق تاوەكو ساڵی 1980 بەتەواوەتی پەكیكەوت، دوای 22 ساڵ راوەستان، 1980 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچو. بەعسییەكان ناوی پەرلەمانیان گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی نیشتیمانی)، ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی سەربە حزبی بەعس بون، هەرچەندە لە 1980وە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدا، بەڵام هیچ یەكێك لە هەڵبژاردنەكان نەیتوانی دیموكراسی لە عێراق بچەسپێنێت. ناوی ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نیشتیمانی (پەرلەمان) لەسەردەمی بەعسدا: •    نەعیم حەداد: 1980-1983 •    سەعدون حەمادی: 1983-1990 •    سەعدی مەهدی ساڵح: 1990- 1996 •    سەعدون حەمادی: 1996-2003 دوای سەددام ساڵی 2003 رژێمی بەعس روخێنرا، قۆناغێكی سیاسی نوێ دەستیپێكرد، مارسی 2004 ئەنجومەنی بەڕێوەبردن كە لەلایەن دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانانەوە دانرابو، ئیمزای لەسەر دەستورێكی كاتی كرد، دەستورەكە داوای پێكهێنانی كۆمەڵەی نیشتیمانی ئینتیقالی كرد، بەجۆرێك تەمەنی كۆمەڵەكە لە مانگی كانونی دووەمی 2005 تێپەڕنەكات، ئەركی ئەم كۆمەڵەیە ئامادەكردنی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بوو بۆ عێراق لەگەل دیاریكردنی. لە قۆناغی دوای سەددام حسێندا پەرلەمان ناوی لێنرا (ئەنجومەنی نوێنەران)، یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكی كانونی دووەمی 2005دا بەڕێوەچوو. ئیئتیلافی عێراقی یەكگرتوو هەڵبژاردنەكەی بردەوە و رێژەی 48%ی دەنگەكانی دەنگەكانی بەدەستهێنا، كە ژمارەی دەنگەكانی دەیكردە 140 كورسی لە كۆی 275 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران. ئیتیلافی عێراقی یەكگرتوو وەكو لایەنی براوەی هەڵبژاردنەكە دەستیكرد بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی، لەسەر بنەمای ئەو دانوستانانە، رۆژی 4ی كانونی دووەمی 2005: •    حاچم حەسەنی وەكو عەرەبێكی سوننی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا •    هەریەكە لە حسێن شەهرستانی لە پێكهاتەی عەرەبی شیعە و عارف تەیفور لە پێكهاتەی كورد وەكو جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران •    جەلال تاڵەبانی لەسەر پێكهاتەی كورد وەكو سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا •    ئیبراهیم جەعفەری لەسەر پێكهاتەی شیعە وەكو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا دەستور 15ی تشرینی یەكەمی 2005 دەستوری نوێی عێراق خرایە راپرسییەوە، بەپێی ئەو دەستورە پەیكەری پەرلەمان یاخود ئەوەی پێی دەوترێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەمشێوەیە داڕێژرا: •    ئەنجومەنی نوێنەران •    ئەنجومەنی فیدراڵ ئێستا ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسییە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن، ئەركی ئەم ئەنجومەنە دەركردنی یاسا و چاودێركردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. بەشێوەیەكی گشتی لە پاڵ رۆڵی دەركردنی یاسا و چاودێریكردن، دەستور هەندێك ماف و دەسەڵاتی تری بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە لەوانە:  •    ئیمزاكردنی پەیماننامەكان •    دەنگدان لەسەر كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن •    هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران سەرۆك كۆمار •    پێدانی متمانە بە سەرۆك وەزیران ئەنجومەنی فیدراڵ ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە نوێنەری هەموو ناوچەكانی وڵات، لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان ئەم ئەنجومەنە ناوی لێنراوە ئەنجومەنی پیران، تائێستا ئەم ئەنجومەنە لە عێراق پێكنەهێنراوە و كێشەی لەسەرە. لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە تائێستا ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچووە، ناوی هەندێك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە قۆناغی دوای سەددام:  •    حاچم حەسەنی: 2005-2006 •    مەحمود مەشهەدانی: 2006-2008 •    فوئاد مەعسوم: 14ی حوزەیرانی 2010- 11ی تشرینی دووەمی 2010 •    ئوسامە نوجێفی: 2010-2014 •    سەلیم جبوری: 2014-2018  


ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات لە مەراسیمێكدا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی بەناونیشانی "عێراقێكی بەهێز و ژیانێكی باش" دەستپێكرد. لە وتارێكدا نوری مالیكی لەبەردەم كاندیدەكانی ئیئتیلافەكەیدا جەختیكرد لەسەر پێویستی كۆتایهێنان بە قۆناغی پشكێنەی سیاسی و هەنگاونان بەرەو ئاڕاستەی قۆناغێكی نوێ بناغەكەی "زۆرینەیەكی سیاسی" بێ كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بەشداربن تێیدا. مالیكی رایگەیاند، پرۆژەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی بەهێزە دور لەو كەشوهەوا لاوازەی كە هۆكارەكەی پشكێنەیە.. زۆرینەی سیاسی پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی یەكگرتوو و وەزیری بەتوانا بەرهەمدەهێنێت. بەهۆی ناكۆكی نێوان نوری مالیكی و حەیدەر عەبادییەوە، لەم هەڵبژاردنەدا حزبی دەعوە بە دوو لیست بەشداری دەكات، لیستی (دەوڵەتی یاسا) بە سەرۆكایەتی مالیكی و لیستی (سەركەوتن- نەسر) بە سەرۆكایەتی عەبادی.  


تایبەت بە درەو/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا حزبەكان بەری رەنجی چوار ساڵی خۆیان دەدورنەوە، كە چوار ساڵی پڕ لە قەیران و گۆڕانكاریی و هەوراز و نشێو بوو، لە هەرێمی كوردستان و عێراق  و ناوچەكەدا، هەموو ئەو گۆڕانكارییە گەورانەش كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پێگە و سەنگی حزب و لایەنەكانی  كوردستان هەبووە، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكاندا، لێرەدا " درەو میدیا" بەدواداچونی ورد بۆ خاڵی بەهێزو لاوازی ئەو حیزبانە دەكات و بەشێوەیەكی بابەتیانە دەیخاتە ڕوو.  یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە لەسەر دەستی ( مستەفا بارزانی) تا ساڵی 1979 لەدوای كۆچی دواییەوە بە نەخۆشی واتا بۆ ماوەی 33 ساڵ، لەدوای ئەویش مەسعود بارزانی كوڕی تا ئێستا سەرۆكی ئەو حیزبەیە واتا بۆ ماوە 39 ساڵ. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 28 كورسی  لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێناوە و ( ١٧ ) كورسی هەیە ( هەولێر 7 كورسی ، سلێمانی 2 كورسی ، دهۆك 8 كورسی ). پارتی زۆرینەی پۆستەكانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە بەتایبەتی ( دۆسیەی نەوت، سیاسی ، ناوخۆ ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە) ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لایە و سەرۆكایەتی هەرێمیشی هەر لای خۆی هێشتوەتەوە، واتا بە 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانەوە 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، بۆیە زۆرترین بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ لە هەموو قەیرانەكاندا، لێرە باس لە خاڵی لاواز و بەهێزی ئەو پارتە دەكەین.   ا- خاڵی لاوازی پارتی بۆ هەڵبژاردن: 1-شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانی دەكەوێتە ئەستۆ بەو پێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی كوردستان لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. 2- بڕیاری سیاسی و ئیداری لای پارتی بووە، بۆیە شكستی سیاسەتی حكومەتداری هەرێم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی. 3- شكستی ئابوری سەربەخۆ كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی بووە بۆیە دەكەوێتە ئەستۆی پارتی. 4- شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كارەسات و نەهامەتییەكانی هەرێم، بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیە، بەو پێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە. 5- دەستبەرنەدانی سەركردەكانی پارتی لە دەسەڵات بە تایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە دوای ئەوەی دوو خولی 8 ساڵی تەواوكرد، دەستبەرداری پۆستەكەی نەبوو، 2 ساڵی تری بۆ درێژكرایەوە، دواتریش وازی نەهێنا و زیاتر لە 2 ساڵی تر سەرۆكایەتی كرد، تا شكستی ریفراندۆمەكە، كە خۆی وتی ئەگەر سەركەوتوو نەبووم ئەوا ئامادەی هەموو شتێكم ، بۆیە وازیهێنا. 6- داخستنی پەرلەمانی كوردستان  و رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، بۆیە تا ئێستاش ئەو دامەزراوەیە لە تێكشاندایە و هەڵنەستاوەتەوە.  7- سەركوتكردنی  ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان. 8- لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، كە بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو پێیەی بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولەوە بووە، كە ئەوەش مەسعود بارزانی رێبەرایەتی كردووە و بەرپرسیارێتی شكستەكانی خستوەتە ئەستۆی خۆی وەك لە كاتی هەڵمەتەكەدا چەندین جار ئەوەی دووپاتكردوەتەوە. 9- لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوچەكە و كورد. 10- تێكچونی یەكڕیزی و ناوماڵی كورد، كە دەوترێت بەشی زۆری خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی پارتی بووە بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە. 11- شكستهێنان لە سوپا و پێشمەرگە كە تا ئێستاش ئەو هێزانە دابەشبوون بەسەر دوو حیزبەكەدا و ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆش لای پارتیە. 12- شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی كە لای پارتی دیموكراتی كوردستانە،  لەبری قۆستنەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و كورد بەرامبەر بە داعش لە جیهاندا، كە هاوسۆزی گەورەی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا راكێشابوو، بەڵام هەموو ئەوانە لەدەستدران.  13- شكستی پەیوەندییەكانی هەولێر لەگەڵ بەغداد، كە  ئێستا حكومەتی بەغداد بەتەواوی زاڵ بووە بەسەر هەرێمدا، ئەوەش دەرئەنجامی شكستی پلانەكانی حكومەتی هەرێم بوو بەرامبەر بە بەغداد، كە بڕیارەكان لای پارتیەوە دەدران. 14- تێكچونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردی پارچەكانی تر بەتایبەتی باكور و رۆژئاوا، ئەوەش لەبەرامبەر پشتیوانیكردنی پارتی لە توركیا و دژایەتیكردنی پرسی گەلی كورد لە باكور و رۆژئاوا. ب- خاڵی بەهێزی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-هێشتا دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە و بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای خۆی ماوەتەوە. 2- سەرەرای ئەو نەهامەتیانەی بەهۆی ریفراندۆمەوە روبەرووی خەڵكی كوردستان بوەوە كە پارتی خاوەنی بووە، بەڵام لە كۆتاییدا توانی باشی تەوزیف بكات و تەواوی شكستەكانی ریفراندۆمی خستە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی و بە خیانەتكار لەقەڵەمیدان.  3- هێزێكی سەنتراڵەو رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات،  ئەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت. 4- خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانێتی، بەتایبەتیش كە هێزەكانی هەموویان شەڕەكەیان خستوەتە سلێمانیەوە و كەمتر تەركیزیان لەسەر دهۆك و هەولێرە. 5- رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بە پێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن دووەم/ یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە 1/6/1976 دامەزراوە سكرتێرەكەی ( جەلال تاڵەبانی) بووە لەكاتی دامەزاندنییەوە تا كۆچی دوایی لە 3/10/2017 واتا بۆ ماوەی 41 ساڵ، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیشەوە تا ئێستا نەتوانراوە سكرتێرێكی نوێ بۆ یەكێتی دیاری بكرێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 21 كورسی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (٤٩٦٥٣٦)دەنگی بەدەستهێناوە و  ( 11 ) كورسی هەیە ( هەولێر 4  كورسی ،  سلێمانی 6 كورسی ، دهۆك 1 كورسی ).   لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتیانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بونتەوە، یەكێتی بەشێك بووە تیایدا، بەو پێیەی سەرەرای پەراوێزخستنی لەلایەن پارتیەوە، بەڵام هێشتا حكومەت لە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەڕێوە دەبات.   ا- خاڵی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو: 1- هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكست و قەیرانانەیە  كە لە كوردستاندا روویانداوە، راستە ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی پارتی، بەڵام یەكێتی بەردەوام هاوبەش بووە لە حكومەتدا و هیچ كات ئامادە نەبووە لە حكومەت بكشێتەوە چونكە بە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان حكومەت هەڵدەوەشایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرا. 2- ناكۆكی سەركردایەتی و ناوخۆیی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا. 3- یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حیزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و بەرەو فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە ئیدارەدان و ناوخۆی حیزب و لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا. 4- دەوترێت یەكێتی لەسەر بەرنامە و پرەنسیپی حیزبی نەڕۆیشتووە،  هێندەی  بەرژەوەندی ئاراستەی كردووە، لە زۆربەی روداوەكان دوای پارتی كەوتووە، نەك لەسەر پرەنسیپ و ئەجێندای رون رۆیشتبێت. 5- بازرگانی نەوت و تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لەناو حیزبەكە و بەشێك لە سەركردەكانی. 6- كاڵبونەوەی روئیای یەكێتی، بەتایبەت كە یەكێتی هێزێكی دیموكرات و ئازادبووە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لە دەڤەری بندەستی یەكێتیدا لێیان دراوە و كوژراون، هاوشێوەی دەڤەری پارتی. 7- پەراوێز خستنی دەڤەری سەوز دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە هاوبەش بووە لە حكومەتدا و لە جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتدا بووە. 8- هەژمونی پارتی زاڵە بەسەر گوتار و هەڵوێستەكانیدا،  ئێستا یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانیدا ناتوانێت یەكێتیانە بڕیار بدات بەڵكو دەوترێت پارتیانە بڕیار ئەدات. 9- روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، كە پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كە هۆكاری راستەقینەی 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم بوو. 10 – وازهێنانی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و دروستكردنی لیستێكی نوێ و گوێپێنەدانی سەركردایەتی یەكێتی پێی كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی نیوەی دەنگەكەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت. 11- نەبوونی سەنتەری بڕیاردان لە ناو یەكێتیدا، بڕیاری ناو یەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكاندا، ئەمەش زیانی گەورەی لە یەكێتی داوە. ب- خاڵی بەهێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو  1-    یەكەم هەڵبژاردنێتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال ئەگەر كۆچی ئەو فەراغی بۆ جێهێشتبن، ئەوا بە دیوەكەی تردا هەست و سۆزی دەنگدەرانی بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەتایبەت شەهیدان و پێشمەرگەكانی.  2-    هێشتا هێزی دەسەڵاتدارە لە سنوری زۆنی سەوز، سەرەرای كەمكردنی دەنگەكانی. 3-    بەهێزی سەرچاوەی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات، بە بەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێ نفوزی. 4-    سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و هەیكەلیەتی خۆیەتی. 5-    ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكەن.    سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان  بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 وەك هێزێكی ئەكتیڤی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت، بە رێبەرایەتی ( نەوشیروان مستەفا) كە لە یەكەم دەركەوتنیدا 25%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا، تا كۆچی دوایی لە 19/5/2017  نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، واتە بۆ ماوەی 8 ساڵ، دواتر عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی گۆڕان هەڵبژێردرا. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا نۆ كورسی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانی (٤٧٢٥٠٣) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 9 ) كورسی هەیە ( هەولێر 2 كورسی سلێمانی 7 كورسی) و لە دهۆك و كەركوك هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا.   ا- خاڵی لاوازی گۆڕان 1-    لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك بوومەلەرزەی سیاسی گەورە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان هەژاند، بزوتنەوەی گۆڕان روئایەكی رونی بۆیان نەبوو.  2-    شكستی گۆڕان لەرووی روئیای بۆ پرسەكان و لە رووی بە واقیعیكردنی دروشمەكانی. 3-    ئەوەی گۆڕان بۆ دەرەوەی خۆی داوای دەكرد بۆخۆی لەناو خۆیدا نەیدەتوانی تێی پەڕێنێت. 4-    خوێندنەوەی نادروست بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لەناو حكومەتدا. 5-    تا كۆتایی دژایەتی ریفراندۆمی كرد و بە گاڵتەجاڕ و ناشەرعی وەسفیكرد لە كۆتاییدا دەنگی پێدا. 6-    لە هێزێكی یاخی و هێرشبەرەوە بوە بەهێزێكی پاسیڤ و بێدەنگ، ئەوەی دەیڵێ هێزەكانی تریش دەیڵێن 7-    بەردەوامی كێشە و ململانێی ناوخۆیی، هەمان دەردی یەكێتی روبەرووی گۆڕانیش بوەتەوە. 8-     لە كاتی خۆیدا بڕیار نادەن و كاتێكیش بڕیار دەدەن، كاتەكەی تێپەڕیوە. 9-    خراپی ئەدای كارەكتەرەكانی لەناو حكومەت و پەرلەمان و گۆڕان باجەكەی دەدات. 10- هەڵگری كۆمەڵێك روئیا و دونیا بینی جیاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات لەبری گەورەكردنی پانتایی جیاوازییەكان لەگەڵ هێزە نەریتەوانەكان، بەڵام لێكچونەكانی بەو هێزانە تۆختر كردەوە و بووە  كۆپی ئەوان. 11-    پێشتر بۆ داهاتوو كاری دەكرد، ئێستا وەك هێزەكانی دیكە لەسەر رابردوو دەژی. 12-    هەڵوەرینی بەشێك لە كادر و هەوادارانی بۆ ناو هێزەكانی دیكە و گوێپێنەدان و رانەچڵەكاندن و بەخۆدانەچونەوەی. 13-    نەبوونی جێگرەوەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا، لەروی روئیا و بیركردنەوە و كۆنترۆڵكردن و گوتاردانی سیاسی. ب- خاڵی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-    سوربوون و بەردەوامی دان لەسەر پرەنسیپەكانی بەتایبەتیش لە رێگری لە هەوڵدانەبۆ درێژەدان بە مانەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، كە بوە دەستپێكی قۆناغی رێگری لە مانەوە لە دەسەڵاتدا. 2-    قوربانیدان لە پێناو مەبادیئەكانی كە وەزیرەكانی دەركران و سەرۆكی پەرلەمانەكەی رێگری لێكرا، كە ئەمەش سەروەتێكی مەعنەویە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان. 3-    كێشەو گرفتی هەبووە بەڵام هەڵەی ستراتیژی گەورەی نەكردووە، كە ببێتە هۆی عەیبداركردنی بزوتنەوەكە. 4-    كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر بەدیوێكدا هۆكاری لاواز بوونی بزوتنەوەكە بێت بەدیوێكی تردا هۆكاری سەرەكی راكێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتیانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەك وەفایەك بۆ روحی نەوشیروان مستەفا. 5-    تا ئێستاش هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دروست نەبووە كە گوتارو هەنگاوەكانی گۆڕان دژ بە گەندەڵی و خراپەكاری دەسەڵاتی سیاسی تێپەڕێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئەمرۆ گۆڕان كۆنترۆڵی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی كردووە خاڵی بەهێزی ئەو بزوتنەوەیەیە. چوارەم / یەكگرتووی  ئیسلامی كوردستان  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە 6/2/1994 دامەزراوە ئەمیندارەكەی ( سەڵاحەدین محەمەد بەهادینە) كە جگە لە 4 ساڵی ئەمینداری محەمەد فەرەج لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ئەمینداری یەكگرتووە  كە  20 ساڵ دەكات.  یەكگرتووی  ئیسلامی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا  چوار كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا ، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (١٩٢١٧٩) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 4 ) كورسی هەیە (سلێمانی 2 كورسی ، دهۆك 2 كورسی ).   یەكگرتووی  ئیسلامی كوردستانیش لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەشێك بووە لە هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتیانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بونتەوە، بەو پێیەی لەناو كابینەی حكومەتی هەرێمدابووە و لەم دوایەشدا تۆمەتبار دەكرا بەوەی نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوەو شوێن پێی ئەو هەڵدەگرێت .   ا- خاڵی لاوازی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا: 1-    ناڕوونی لە گوتارەكانی لە پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا. 2-    ناڕوونی لە هەڵوێستەكانی، لە پێناو رازیكردنی هەموو لایەكدا. 3-    ئەم حیزبە هاوشێوەی حیزبەكانی تر نەخۆشی دابەشبونی كادرەكانی هەیە لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، ئەمەش وای لێدەكات نەتوانێت بڕیار بدات. 4-    ئەو رەخنانەی رووبەڕووی یەكگرتوو دەبنەوە، ئەوەیە كە بە حیزبێكی لاستیكی ئەژمار دەكرێت، كە لە دوو قۆناغی هەستیاری مێژوویدا بووە هۆی لەباربردنی پرۆسەی دیموكراسی و دەستاودەستی دەسەڵات، لە پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتی هەرێم. 5-    بەشداری كارای لە ریفراندۆم و كەوتە دوای پارتی كە ئەو هەموو قەیران و كارەساتەی بەدواداهات. 6-    بەشداری لە كاراكردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی پارتی ویستی و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی . 7-    ونبوونی ئەم هێزە لە نێوان دروشمی ئایینی و نەتەوەییدا. 8-    نەكشانەوەیان لە حكومەت و بوونە بەشێك تیایدا. 9-    هەڵوەرینی گەنجەكانی بۆ ناو هێزە نوێیەكانی دروست دەبن . ب- خاڵی بەهێزی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو  1-    خاوەنی رێكخستنێكی تۆكمەیە كە لایەنگران و ئەندامانی گوێڕایەڵی پرەنسیپە حیزبیەكانن، بۆیە دەنگەكانی كەمتر گۆڕانی بەسەردا دێت. 2-    ئایدیۆلوجی ئایینی وەك پرەنسیپی حیزبی كە ئەمەش هەست و سۆزی هاوڵاتیانی موسڵمان بەلای خۆیدا رادەكێشێت و خاوەنی چەندین بانگخوازی بەناوبانگە كە دەنگی زۆر بۆ ئەو حیزبە كۆدەكەنەوە. 3-    پارێزگای دهۆك بوەتە گرێكوێرەی هەڵبژاردنی زۆرێك لە حیزبەكانی كوردستان، بەڵام یەكگرتوو توانیویەتی ئەو گرێیە بكاتەوە و ناوچەگەرێتی تێپەڕاندووە، چەند دەنگی لە سلێمانی هەیە ئەوەندەش لە بادینان، تاكە حیزبە ئەو هاوسەنگییەی راگرتووە. 4-    ئەم هێزە ئەگەرچی بەشدار بووە لە حكومەت، بەڵام كابینە و حكومەتی وەرنەگرتووە بەتەواوی، بۆیە هێزێكە لە حكومەتداریدا تاقینەكراوەتەوە. 5-    خاڵی بەهێزیان ئەگەرچی لای هەندێك رەخنەیە بەلام خاڵی بەهێزە كە ئەوەش خۆ یەكلانەكردنەوەیە بۆ هیچ بەرە و زۆنێكی دیاریكراو، كە زۆرجار دەنگی ئەوان ئەیتوانی دۆخەكە یەكلابكاتەوە، بەڵام ئەمان لەسەر هێڵی گشتی ماونەتەوە. پێنجەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە 31/5/2001 دامەزراوە، لەدامەزراندنیەوە تا ئێستا( عەلی باپیر ) ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیە واتە بۆ ماوەی 17 ساڵ.  كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 3 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا ، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (١٤٠٧٧١)  دەنگی بەدەستهێناوە و ( 3 ) كورسی هەیە (هەولێر 2 كورسی ، سلێمانی 1 كورسی). ئەگەرچی ئەم هێزە بەردەوام هەڵوێستی توند بووە بەرامبەر بە حكومەت، بەڵام تا دوا ساتەكان لەناو حكومەتدا مایەوە و بووە بەشێك لە حكومەت و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا.   ا- خاڵی لاوازی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 1- دید و روانینێكی جیاوازی نەبووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی ئەو قۆناغانەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە. 2- كێشە ناوخۆییەكانی و بەردەوامی جیابوونەوەی باڵەكانی كە ئێستا بەشێكی زۆری لە هاوپەیمانێتیەكەی د. بەرهەمدایە. 3- كۆمەڵی ئیسلامی یەكێك لەو رەخنانەی لێی دەگیرێت ئەوەیە، كە وەك هێزێكی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لێكدەدرێتەوە و بە شوێنكەوتەی  ئەو حیزبە وێنادەكرێت. 4- مانەوەی كارای لە حكومەتدا و كشانەوەی لە دوو مانگی كۆتاییدا. 5- وێڕای بەردەوام رەخنەكانی لە ریفراندۆم بەڵام لە كۆتاییدا دەنگی پێدا و نەیتوانی تاكۆتایی بەرگری لە هەڵوێست و روانینەكانی خۆی بكات.  ب- خاڵی بەهێزی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-سوربون و جدی بوونی لەسەر هەڵوێستەكانی بەتایبەتیش لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان 2- ئەم هێزە بەردەوام پێی راستی لەناو بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بووە، ئەگەرچی بەشداری لە حكومەتدا كردووە، بەڵام خۆی كابینەی وەرنەگرتووە و تاقینەكراوەتەوە لە حكومەتدا. 3- بەهێزی ئەمیرەكەی لە گوتار و روانینی و سووربوونی لەسەر پرەنسیپەكان و ناسینی وەك كەسێكی خاوەن مەبد‌و و راستگۆ لە هەڵوێستەكانیدا. 4- بەهێزی و چالاكییەكانی ئەم هێزە لەناو هەولێری پایتەخت كە بەپێچەوانەی زۆرێك لە هێزەكانی تر ئەم هێزە زۆرینەی دەنگەكانی لە هەولێری پایتەخدایە. 5-پەیوەست بوونی بە پرەنسیپی ئایینەوە كە خاوەنی چەندین مامۆستای ئایینی لێهاتوو خاوەن جەماوەرە، ئەمەش هۆكاری راكێشانی دەنگی هاوڵاتیانە بۆخۆی. شەشەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە  ئێستا وەك قەوارە و حیزبیش خۆی تۆماركردووە، هەڵبژاردنی 12ی ئایار یەكەم ئەزمونییەتی و سەنگ و پێگەی خۆی تاقیدەكاتەوە،  د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح كراوەتەوە سەرۆكی قەوارەكە و حیزبەكەش. ئەم هێزە لەگەڵ ئەوەی وەك هێزێكی جیاواز خۆی وێنا دەكات، بەڵام هەڵگری هەمان گوتار و روئیایە كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان هەیان بوو بۆ بارودۆخی هەرێم.   ا- خاڵی لاوازی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری: 1- خاوەنی پرۆژە و روئیایەكی روونی جیاواز نیە كە هێز و لایەنەكانی دیكەی پێش خۆی تێپەڕێنێت 2- بەشێكە لەو سیستمە سیاسییە شكستخواردووەی كە هەناوی كۆمەڵگەی كوردی هەڵتەكاندووە 3- بەشێكە لە فۆرمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، بە باش و خراپیەكانیەوە  4- بەشێك بووە لە خانەنشینی نایاسایی و كادری حیزبی و بندیوار، كە دووجار سەرۆكی حكومەت و كابینە بووە. 5- خاوەنی بەرنامەیەكی روون نیە بۆ هەستانەوەی هەرێم لە ناوەندی نێودەوڵەتی لە كاتێكدا خۆی بە كەسێكی ناسراوی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان ناسراوە. 6- ئەو رێگەیەی كاری لەسەردەكات لە هاتنە دەرەوەی لە یەكێتی و دامەزراندنی حیزب، نوێ نیە، پێشتر نەوشیروان مستەفا تاقیكردوەتەوە. 7- وازهێنانی د. بەرهەم لە یەكێتی پرۆژەیەكی ستراتیژی نەبوو هێندەی پرۆژەیەك بوو بۆ فشاركردن لەسەر یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت، بەڵام كەزانی فشارەكان جێناگرێت ئینجا پرۆژەكەی خستە سەرپێ، ئەم پرۆژەیە رەگ و ریشەیەكی جدی نیە. 8- هەرلەسەرەتاوە چەقی هاوپەیمانی خزێنرایە سلێمانیەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت پێگەی سەرەكی هەر لەم دەڤەرە بێت. تێنەپەڕاندنی سنوری لۆكاڵی بوون وەك هێزەكانی دیكە.  ب- خاڵی بەهێزی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی دادپەروەری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-    هاوپەیمانتێتیەكە خاوەنی دیپلۆماسیەتیەكی بەهێزی سەرۆكەكەیەتی كە سەرەرای ئەوەش پەیوەندیەكی بەهێزی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە و لە ئاستی بەغداش پۆستی باڵای هەبووە و وەك كەسێكی سەركەوتوو لێیدەڕوانرێت. 2-    یەكەم تاقیكردنەوەی ئەم هێزەیە لە هەنگاونان بەرەو دەسەڵات و رەخنەگرتن و هاتنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دژ بە گەندەڵی و قۆرخكاری و هەنگاونان بەرەو چاكسازی، لەبەرامبەریشدا یەكێتی تا ئێستاش ناكۆكی زۆرو باڵباڵێن شەكەتی كردووە، ئەمانە هەمووی لە قازانجی هاوپەیمانیدان. 3-    هەندێك دەستكەوتی ستراتیژی هەیە كە سەرۆكی قەوارەكەی لە كاتی سەرۆكایەتی حكومەتدا ئەنجامی داون و ئێستا تەوزیفی دەكات، بەتایبەتیش لە پرسی ( تواناسازیی، موچەی ئەنفال، پێشینەی خانوبەرە ، بڕینی بودجەی حیزبەكان...) 4-    كۆكردنەوەی كەسانی ئەكادیمی و تەكنۆكرات ، بەو پێیەی سەرۆكی قەوارەكە وەك كەسێكی تەكنۆكرات و نوێخواز دەركەوتووە، سەرەرای سود وەرگرتن لە كەسایەتی و چالاكانی ئاینی كە ژمارەك لەو كەسانەی لەرەوتە ئیسلامییەكاندا پێگەیان هەبووە، ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانێتیەكەدا كاردەكەن.  5-    سەرچاوەی دارایی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ بەرێوەبردنی كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی.   حەوتەم/ جوڵانەوەی نەوەی نوێ جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لەم هەڵبژاردنەدا ناوی خۆی تۆماركردووە و بە لیستێك بەشدارەو هاوكات ناوی وەك حیزبێكی سیاسیش تۆماركردووە،  لە كۆنگرەی یەكەمی خۆیدا ( شاسوار عەبدولواحیدی) كردە سەرۆكی جوڵانەوەكە. ئەم جوڵانەوەیە پشتی بە میدیا و سەرمایەی بازرگانی بەستووەو هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەكی رادیكاڵانە پەیامەكانی خستە روو، بەوپێیەی تا ئێستاش رادیكاڵبوون  و كاریگەری گەورەی لەسەر شەقامی كوردی جێدەهێڵێت.   ا- خاڵی لاوازی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 1-    ئەم جوڵانەوەیە زیاتر لە بزووتنەوەیەكی میدیایی و تۆڕی كۆمەڵایەتی دەچێت وەك لەوەی هەڵگری روئیا و دونیا بینی جیاواز بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی كەبەسەر هەرێمدا هاتووە. 2-    نەوەی نوێ دەیەوێت مۆدێلی فەرەنسا و ئەمریكا تاقیبكاتەوە لە سەر زەمینێكی وێرانە كە نە فەرەنسایە و نە ئەمریكا. 3-    ناشرینكردنی هەموان لەسەر جوانكردنی وێنای خۆی، كە دەڵێت من لەكەس ناچم ئەوان هەموویان لەیەك دەچن. 4-    تۆمەتبەخشینەوەیە بووە بەبەشێك لە گوتاری ئەم جوڵانەوەیە. 5-    پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوە، هەمان گوتار و هێرشی سەرەتای 25ی 7ی 2009 ی بزوتنەوەی گۆڕانی گرتوەتە بەر. 6-    جوینەوەی بەشێك لە گوتارە پۆپۆلیستەكەی گۆڕان كە لەسەرەتاوە گۆڕان كاری لەسەركردووە. 7-    نەخێرەكەی نەوەی نوێ بۆ ریفراندۆم، نەخێر نەبوو بۆ دوورخستنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی بەڵكو نەخێرەكەی بۆ دروستكردنی پرۆژە سیاسیەكەی بوو. 8-    نەوەی نوێ سەربە پارتی و یەكێتی نیە، بەڵام پارتی و یەكێتی دەستیان واڵاكردووە، چونكە پێیان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ نەوەی نوێ و جڵەوكردنی  ئاسانترە وەك لە گۆڕان كە خاوەنی پرەنسیپە. 9-    كاركردنی نەوەی نوێ‌ لەسەر گۆڕەپانی دەنگی گۆڕانە چونكە پێی وایە گۆڕان لە ماوەی 9 ساڵی رابردووی كاركردنیدا هەرچی دەنگی توڕەو ناڕازیە لە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی تری هێناوەتە دەرە و ئەو دەنگانە جڵەوناكرێن و دەگۆڕێن، بۆیە نەوەی نوێ كار لەسەر ئەو دەنگانە دەكات نەك دەنگی پارتی. 10-    نەوەی نوێ شەڕەكەی خستوەتە سلێمانی و گۆڕەپانی گۆڕانەوە و دهۆك و هەولێریشیان بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە. 11-    ئەم هێزە وا وێنا دەكات كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و لە بەغداد پشتیوانی دەكرێت، بەڵام ئاماژەیەكی روونی دەستنەكەوتووە لەو وڵاتانەوە بۆ پشتیوانی.     ب- خاڵی بەهێزی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو:  1-    سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی. 2-    هەڵگری گوتاری رادیكاڵی توندە بەرامبەر بەدەسەڵات و كە نزیكە لە گوتاری شەقام و سودی لە ئەزمونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان وەرگرتووە. 3-    بایەخدانی زۆری بە تەكنەلۆجیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە. 4-    راست دەرچونی پێشبینی و رەحنەكانی لە دژی ریفراندۆم و پێشبینیەكانی بۆ ئەو كارەساتانەی لێی كەوتەوە، كە ئەمەش خاڵی بەهێزە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان متمانەی پێبكەن. 5-    كاركردنی راستەوخۆی لەسەر توێژی گەنجان، كە تەنها لەماوەی ئەم چوارساڵەدا نزیكەی 400 هەزار گەنج و تەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000) لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانن دەنگ بدەن. ئەم راپۆرتە كە بەشێوەیەكی بابەتیانە نوسراوە. هەنگاوێكە بۆ بەرچاوڕوونی حیزبەكان و دەنگدەرانیان، كە خاڵی بەهێز و لاوازیان چیە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن.


عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی " حیكمەی نیشتمانی" مەرجەكانی رەوتەكەی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی داهاتووی حكومەت و سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق خستەڕوون رایگەیاند هەوڵدەدات گەورەترین كوتلەی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەت پێكبهێنێت. حەكیم لە مەراسیمی راگەیاندنی لیستەكەیدا لە بەغداد وتیشی: " سەرۆك وەزیرانی داهاتوو پێویستە پرۆگرامی خۆی دەربارەی پەرەپێدانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و كەرتی تایبەت و بازاڕ و رزگاربوون لە ئابوری رەیعی و رەخساندنی هەلی كار بۆ بێ كاران بۆ گەل روونبكاتەوە." لە بەشێكی تری قسەكانیدا حەكیم وتی:" رێگە نادەین سەرۆك وەزیرانی داهاتوو قەیران و كێشەی ناوخۆیی دروست بكات." و " پێویستمان بە سەرۆك وەزیرانێكە گەشەپێدان و فێركردن بەهەند وەربگرێت و لە چوارچێوەی تیمێكی گونجاودا كاربكات." جەختیشیكردەوە كە " پێویستمان بە سفركردنەوەی قەیرانەكانە نەك گەورەكردنیان و پێویستە لە شەڕەقسە دووربكەوینەوە."  


كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند تا ئێستا لەسەرتاسەری عێراقدا كۆمسیۆن 56%ی كارتی دەنگدەرانی دابەشكردووە. حازم رودێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند ئەو رێژەیە لە كارتی دەنگدان كە دابەشكراوە مایەی رەزامەندی كۆمسیۆن نییە و داواشی لە هاوڵاتیان كرد سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆئەوەی لە مافی دەنگدان بێ‌ بەش نەبن و كارتی دەنگدان وەربگرنەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.  


كاندیدێكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبكات، بە روداوی هاتوچۆ كۆچی دواییكرد. محەمەد جەمیل مەیاحی وتەبێژی لیستی رەوتی حیكمە كە عەممار حەكیم سەرۆكاتی دەكات لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، هادی عەقابی كاندیدی رەوتەكەیان لە واست، بەهۆی روداوێكی هاتوچۆوە لەكاتی رۆیشتنی بۆ بەغداد بەمەبەستی بەشداریكردن لە راگەیاندنی كەمپەینی هەڵبژاردنی لیستەكە، كۆچی دواییكردووە. ئەمڕۆ بەشێوەیەكی فەرمی رەوتی حیكمە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی دەستپێكرد، لیستی حیكمە لە (16) پارێزگای عێراق كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لە شاری سلێمانی لیستەكەی حەكیم (16) كاندیدی هەیە. رەوتی حیكمە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی بە ناونیشانی "شەپۆلی شین" بەڕێوەدەبات و وەكو خۆی دەڵێ شارەكان لە شێواندنی و دانانی هەڕەمەكی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن دەپارێزێت. رەوتی حیكمە كە دوای جیابونەوەی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بڕیاریداوە هیچ پۆستەرێك لەسەر دیوارەكان هەڵنەواسێت، ئەمەش بەڕای هەندێك لە چاودێران سەرچڵییەكی هەڵبژاردنە كە رەنگە بە زیان بۆ لیستەكە كۆتایی بێت.  


ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت رۆژنامەیەكی قەتەری باس لە بوونی ململانێیەكی توند دەكات لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق، كە بەپێی ئەو دابەشكارییە تائیفییەی كە لە عێراقی دوای سەددامدا هەیە، ئەو پۆستە بووە بە پشكی كورد. رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان نوسیویەتی" حزبەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە بەشێوەی سەربەخۆ بچنە ناو هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقەوە، هەر حزبێك ئەو پۆستە بەدەستدەهێنێت كە لەگەڵ قەبارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراقدا دەگونجێت. سەرچاوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە: هەندێك حزبی كوردی وەكو بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ باوەڕیان بەو دابەشكارییەی پۆستەكان نییە كە پێشتر لەنێوان حزبە كوردییەكاندا هەبووە.. زۆرینەی لایەنە كوردییەكان تائێستا رێكنەكەوتون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت وەكو ئەوەی ساڵانی پێشوو هەبووە، زۆرێك لە پۆستەكانی تر كە لە بەغداد بۆ كورد دانراون تائێستا لەناو ماڵی كورددا رێككەوتنیان لەسەر نەكراوە. هەمان سەرچاوە ئاماژەیبەوەكردووە، ساڵی 2014 كورد بە یەك هاوپەیمانێتی چوەتە بەغداد، ئەمە وایكردووە دابەشكردنی پۆستەكان ئاسان بێت، بەڵام ئەمڕۆ حزبە كوردییەكان بەشێوەی سەربەخۆ چونەتە هەڵبژاردنەوە، بۆیە ململانێیەكی گەورە لەوبارەیەوە لەنێوانیادا هەیە. سەعدی ئەحمەد پیرە : قسەكردن لەبارەی پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوك بە كەسانێك لە دەرەوەی یەكێتی تەنیا خەونێكە كە بەدی نایەت، ئەو دوو پۆستە پشكی یەكێتین لەبەرامبەردا رۆژنامەكە قسەیەكی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی گواستوەتەوە كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەڵێ: قسەكردن لەبارەی پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوك بە كەسانێك لە دەرەوەی یەكێتی تەنیا خەونێكە كە بەدی نایەت، ئەو دوو پۆستە پشكی یەكێتین. لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003، بەپێی تەواقوقێكی سیاسی پۆستە باڵاكانی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پێكهاتەكاندا دابەشكران و لەوكاتەوە تائێستا كار بەو تەوافوقە نەنوسراوە دەكرێت: •    پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق/ كورد •    پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق/ شیعە •    پۆستی سەرۆكی پەرلەمان/ سوننە جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەمین كورد بوو كە بەپێی رێككەوتنێكی ناوخۆیی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماوەی دوو خول وەكو یەكەمین كورد لە عێراق پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، خولی سێیەمی سەرۆكایەتی كۆماریش دوای روخانی سەددام درا بە فوئاد مەعسوم كە بەهەمان شێوە سەربە یەكێتی نیشتمانییە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، ئێستا مەسعود بارزانی هەمان وادەی سەرۆكایەتییەكەی تەواوبووە و لە پۆستەكەیدا نەماوە. ململانێی لایەنە كوردییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق لە كاتێكدایە لە ناوەندی سیاسی عێراقدا باس لە ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت لەنێوان كورد و سوننەدا. هەندێك لە سەركردە سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننە داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن و خوازیارن ئەو پۆستە بۆ عەرەبێكی سوننە بێت بەوپێیەی ئەو پۆستە گوزارشت لە رەهەندە عەرەبییەكەی عێراق دەكات، لە ناوەندی سیاسی كوردستانیشدا هەندێك كەس باس لەوە دەكەن پۆستی سەرۆك كۆمار بەوپێیەی پۆستێكی تەشریفاتییە هیچ سودێكی بۆ كورد نەبووە و كورد لە بری ئەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت باشترە. بەڵام مەرج نییە هەموو سوننەكان بەوە قایل بن دەستی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەڵگرن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی سوننە لە عێراق و ئێستا جێگری سەرۆك كۆمارە لە چەند رۆژی رابردوودا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتی: سوننە پۆستی سەرۆك كۆماری ناوێت ئەگەر هەیبەتێك بەو پۆستە نەدرێت و دەسەڵاتی نەبێت. یەكێك لەو خاڵانەی كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی جیابونەوەی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەردەوام جەختی لەسەر دەكرد، رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بوون لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان و بەغداد. نەوشیروان مستەفا دەیوت، مام جەلال بەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ پارتی كردووەیەتی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەكی تری لە پۆستە گرنگەكانی هەرێم بەخشیوە بە پارتی، بەبۆچونی ئەو ئەوە رێككەوتنێكی لاسەنگ بووە كە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا كراوە. لەبەرامبەردا جەلال تاڵەبانی و سەركردەكانی یەكێتی بەرگرییان لە "رێككەوتنی ستراتیژی" و رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان دەكرد و وەك زامنی پاراستنی یەكڕیزی كورد و كۆتاییهێنان بە دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ناویان دەهێنا. لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی و كۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی لە بەغداد و دابەزینی یەكێتی نیشتمانی بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكان، قسەوباس لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی هاتەئاراوە، ئێستا زۆرێك لە سەركردەكانی هەردوو حزب باوەڕی تەواویان بەوە هێناوە "رێككەوتنی ستراتیژی" تەواوبووە، تەنانەت بەمدواییانەش هەندێك لە سەركردەكانی هەردوولا باسیان لە نوسینەوەی رێككەوتنێكی نوێ یاخود هەمواركردنی رێككەوتنە كۆنەكە دەكرد، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك لەو بوارەدا نەنراوە و هەموو پرسەكان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand