شەممە پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و كۆمسیۆن بانگهێشتدەكات
2018-05-17 11:20:37
لە نوسراوێكی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا كە ئاراستەی ئەندامانی كردووە داوادەكات كە رۆژی شەممە 19/5/2018 كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراقە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و لێكەوتەكانی بە ئامادەبوونی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان.
كۆبوونەوەی رۆژەی شەممەی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوە هات كە81 پەرلەمانتاری عێراق واژوویان كۆكردەوە بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوەی ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەبارەت بەو پێشێلكاری و كەموكوڕیانەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا هەبووە.
لەلایەن خۆشیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند دۆسێیەكی تایبەت بە كۆمسیۆن دەداتە دەستەی نەزاهەی عێراق، عەبادی نوسراوێكی رەسمی ئاراستەی دەستەی نەزاهە كردووە كە تیایدا كۆمەڵێک پێشێلكاری خستوەتەڕوو كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە كراوە پێش رێوشوێنەكانی هەڵبژاردن.
بە گوێرەی لێدوانی سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی سەرەك وەزیرانی عێراق پێویست بوو كۆمسیۆن بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی لیژنەیەكی پێكبهێنایە بۆ بەستنی كۆنتراكت لەگەڵ كۆمپانیاكانی تایبەت بە پشكنینی ئامێرەكانی هەڵبژاردن بە مەبەستی تێستكردن و چاودێریكردنی شێوازی كاركردنیان بەڵام كۆمسیۆن بەم ئەركە هەڵنەستاوە و پێشێلی یاسای كردوە. هەر بۆیە ئەوان لەلایەن خۆیانەوە نوسراوی تایبەتیان ئاراستەی دەستەی نەزاهە كردوەو ئاگاداریان كردونەتەوە لەوەی كۆمسیۆن نایاساییكردووە. ئەم نوسراوەی نوسینگەكەی حەیدەر عەبادی بۆ دەستەی نەزاهە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانە و لە رۆژی 6/5/2018 یە
ئەمە لە كاتێكدایە كە نیگەرانیەكان تا دێت سەبارەت بە كۆمسیۆن و بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان زیاتر دەبێت عەواتف نیعمەی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە كە ئەوانیش نیگەرانن لە ئەنجامەكان و داوای ئەژماركردنەوەی دەنگەكان دەكەن بەشێوەیەكی رەسمی ئەگەرنا دان بە ئەنجامەكاندا نانێن.
لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش شەش لایەنی سیاسی هەوڵەكانیان چركردوەتەوە و بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كۆدەبنەوە.