Draw Media

راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف  لەدوای دەركەوتنی ئەنجامی ریفراندۆمی 25ی ئەیلول كە لەبری رزگاریی و سەربەخۆیی، كارەسات و نەهامەتی بۆ هاوڵاتیان پێبوو، عەڕابی ئەو ریفراندۆمەش كە خودی مەسعود بارزانی بوو كە ( دوو خول سەرۆكی هەرێم و دوو ساڵ بۆی درێژكرایەوە و دووساڵیش پۆستەكەی جێنەهێشت).  شكستی ریفراندۆم، شكستی هەنگاو و ئەجێندای بارزانی بوو، بۆیە ریفراندۆم لەبری سەربەخۆیی بارزانی ناردە ماڵەوە، كە رەنگە بەشی زۆری ون بوونی بارزانی بۆ دەرنەچوونی پێشبینیەكانی بۆبێت، بەتایبەت " ریفراندۆم هیچ كارەساتێكی بەدوادا نایات، پشتیوانی نێودەوڵەتیمان هەیە، سەربەخۆیی رادەگەیەنین، ئەگەر سەرنەكەوتین بڵێن ئەم پیاوە شێت بووە و سوار سەری خۆی بووە". تەنها شكستی ریفراندۆم نەبوو كە بارزانی ناردە ماڵەوە، روانینێكی تر دەڵێت، كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال بارزانی ناردە ماڵەوە و ئەو خۆی لە پرۆسەی سیاسی بەدوورگرتووە، زانیاریەكان دەڵێن بەشداری پرۆسەی بانگەشەی حزبەكەشی ناكات، وەك ئەوەی لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی هەڵمەتەكەی كرد، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بارزانی دەگەڕێتەوە سەر شانۆی سیاسی یاخود نا ؟  دەوترێت ساڵی 2017 ساڵی ماڵئاوایی جیلی یەكەمی سیاسی بوو لە هەرێمی كوردستان ، نەوشیروان مستەفا و مام جەلال ماڵئاواییان كردوو كۆچی دواییان كرد، مەسعود بارزانیش لەسەر ئەرزی واقیع ژیانی سیاسی كۆتایی هات و لەرووی سیاسیەوە مرد. ئەگەرەكانی نەگەڕانەوەی بارزانی: 1-    شكستی ریفراندۆم و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی كوردستان كە كارتێك بوو دەكرا هەمیشە كورد تا دەیان ساڵی دیكە شەڕی مافەكانی پێبكات لە بەغداو  ناوچەكەش، بەڵام ئەو كارتە بە ئاسانی لەدەست بارزانیدا سوتا، بارزانی چەندین جار بەڵێنیدا ئەگەر سەری نەگرت، ئەوا سەری خۆی هەڵدەگرێت ، بۆیە دەیەوێت تا هەستانەوەی پێگەی كورد و لەبارنەبوونی بارودۆخەكە نەگەڕێتەوە ناو دیمەنە سیاسییەكە. 2-    شكستی ریفراندۆم، كۆتایی قۆناغی بارزانی و دەستپێكردنی قۆناغی پۆست بارزانی بوو، بەو پێیەی دواكارتی بارزانی بۆ مانەوەی بە زیندوویی راكێشراو سوتا، ژیانی سیاسی خۆشی پێوە سوتاند. 3-    ریفراندۆم خاڵی كۆتایی ژیانی سیاسی بارزانی بوو، بەو پێیەی ریفراندۆم بەشێك لە جوڵەی سیاسی بارزانی وەك كارەكتەرێكی سەرەكی سیاسی كۆتایی پێهێنا.  4-    دەوترێت بارزانی تاقەتی سیاسەتی نەماوە، وەك یەكێك لە نزیكەكانی بارزانی رایگەیاندووە كە مەسعود بارزانی لەدوای كۆچی دوایی ( نەوشیروان مستەفا و مام جەلالەوە) تاقەتی سیاسەتی نەماوە، بەو پێیەی كەس بە هاوشانی خۆی نابینێت و پێشی وایە ململانێی سیاسی لەگەڵ ئەم كارەكتەرانەی ئێستا لەبری بەهێزبوون، هێندەی تر بارزانی لاواز دەكات. 5-    ئەگەر گۆڕانكارییە نێودەوڵەتییەكان لە قازانجی بەرەی روسیا و ئێران و شیعە بوون، ئەوا ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی لاواز دەكەن و مەودای گەڕانەوەشی بۆ شانۆی سیاسی دووردەخەنەوە. 6-    لاوازی پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزب لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەش كە پێشتر خاوەنی پێگەیەكی بەهێز و پەیوەندیەكی فراون بوو. 7-    نەمانی متمانەی نێودەوڵەتی و عێراقی و هەرێمایەتی بۆ كارەكتەری بارزانی كە هەموو داوایان لێكرد ریفراندۆم نەكات بەڵام كردی، بۆیە دروستكردنەوەی ئەو متمانە نێودەوڵەتییە بۆ بارزانی هەروا ئاسان نیە.  ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی 1-    ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر گەڕانەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی، بەو پێیەی ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا پارتی و یەكێتی دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێنایەوە و پێگەی خۆیان بەدەستهێنایەوە لە بەغداد، بەغداد ناچارە لەگەڵ بارزانیدا مامەڵە بكات چونكە پێی وایە لە پشتی روداوەكان  و سیاسییەكانی پارتی و یەكێتیشەوە بارزانی ئامادەیی هەیە و كاراكتەری سەرەكیە. 2-    نەبونی دەستوری هەرێم گەڕانەوەی بارزانی ئاسانتر دەكات، بەو پێیەی ئێستا هیچ رێگرییەكی دەستوریی نیە بۆ گەڕانەوەی بارزانی كە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی خۆ ئەگەر پرسی دەستوریش بێتە پێشەوە، جارێكی تر لەوێدا پینەی رابردوو بۆ بارزانی دەكەن و گەڕانەوەی بارزانی مسۆگەردەكەن. 3-    بارزانی تا ئێستاش ركابەری نیە، بەتایبەتیش هێزە ركابەرەكانی كۆك نین لەسەر ركابەرێك، كە بە جدی هەوڵی بۆ بدەن و پشتگیری بكەن و لەبەرامبەر بارزانی راستی بكەنەوە، بەتایبەتیش لەدوای كۆچی دوایی ( مام جەلال و نەوشیروان مستەفا). بەو پێیەش  هۆكاری سەرەكی لاوازی بەرامبەرەكانیەتی كە  تائێستاش نەیانتوانیوە ركابەری بدۆزنەوە و بەدیلی بارزانی پێشكەشبكەن، بە واتایەكی تر بەدیلیان نیە بۆ بارزانی. 4-    ئەگەر پارتی دەنگی زۆرینە بێنێتەوە و بەهۆی ناكۆكی لایەنە عێراقیەكانەوە هەولێر ببێتەوە بە چەقی پێكهێنانی كابینەی نویًی حكومەتی عێراق، ئەوەش لە پێناو راستكردنەوەی هاوسەنگی هێزەكان لە عێراق، ئەو كات بارزانی دێتەوە ناو شانۆی سیاسیی. 5-    دەوامكردنی بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم و مانەوەی تیمی سەرۆكایەتی هەرێم وەك خۆی و بینینی میوان و وەفدەكان لە هەمان شوێنی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن بارزانیەوە، ئەوە نیشان دەدات كە وازهێنانی بارزانی كاتیە و هەركات بیەوێت دەگەڕێتەوە. 6-    سەركەوتنی هەندێك هێز لە عێراق و مامەڵە و سەودای پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش دڵداری سیاسی ژێربەژێری نێوان پارتی و نوری مالیكی لەلایەك و پارتی و عەلاوی و نوجێفی لەلایەكی تر، بە عەبادیشەوە. ئەمە ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی زیاتر دەكەن. 7-    بەهێزی پەیوەندییەكانی پارتی بەهێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانەوە، دوور نیە ئەگەر لە داهاتوودا شوێنگرەوەی بارزانی نەبوو، بارزانی بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی. 8-    گۆڕانكارییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەكەدا ئەگەر لە قازانجی بەرەی توركیا و سوننە بوو ئەوا ئەگەرەكانی گەڕانەوەی بارزانی بەهێزتر دەكەن. دۆخی ئاڵۆزی ناوچەكەو گۆڕانگاریە خێراكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و پێویستی پارتی بە خودی بارزانی، بەتایبەتیش ئەگەر پارتی پارێزگاری لە كورسیەكانی بكات و وەك هێزی یەكەم بمێنێتەوە، ئەوا دوور نیە بە سیناریۆی جیاواز جارێكی تر بارزانی نەهێننەوە ناو شانۆ سیاسیەكە، بەو پێیەی تا ئێستاش بارزانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم دەوام دەكات و تیمەكەی وەك خۆیەتی، بەڵام باڵادەستی ئێران لە ناوچەكەو هەڵكشانی كێرڤی دەنگی نەیارانی بارزانی لەبەغداد و تاران و ئەنقەرە و لە ئاستی ناوخۆشدا،ئەگەرەكانی هاتنەوەی بارزانی بۆسەر شانۆی سیاسی بەتەواوی لاواز كردووە    


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئیئتیلافی " النصر" رایدەگەیەنێت لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەشێك نابێت لە حكومەتی تەوافقی و بەشبەشێنە. عەبادی دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی: " باشترین رێگا بۆ پێكهێنانی حكومەت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ئەوەیە عێراقیەكان دەنگ بدەن و هەڵبژێرن، ئەوان كێ‌ هەڵبژێرن هەر ئەوە دەبێت ئێمە خوازیارین هاوڵاتی عێراق دەنگ بدات بەو لایەنەی كە متمانەی پێیەتی بۆئەوەی وڵات بەرەو پێش بچێت." عەبادی وتیشی :" هاوڵاتی بڕیار دەدات ئێمە لەگەڵ بەشبەشێنەدا نین و بەشێك نابم لە حكومەتێكی تەوافقی و بەشبەشێنە." حەیدەر عەبادی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو بە لیستی ئیئتیلافی سەركەوتن " النصر" بەشداری دەكات و لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ چوار ساڵی داهاتووش سەرۆكایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراق مسۆگەربكات.  


حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی چوارشەممە 18ی نیسانی 2018ی بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانەوە كردە پشووی فەرمیی، لەم راپۆرتەدا  بە زانیاری زۆر دەربارەی ئاینی ئێزدیی و زمان و بیروباوەڕ و پێكهاتەیان ئاشنادەبیت: ئاینی ئێزدیی ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەنە و دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، بەهۆی ئەوەی باوەڕدارانی ئەم ئاینە باسی ئاین و بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن و بەهۆی ئەوەشی كە لە مێژوویاندا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگال و ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا كە بەهۆیەوە هەزاران  كەسیان لێكوژرا و هەزاران ژن و كچ و منداڵیشان كرانە كۆیلە و كەنیزەك لەلایەن داعشەوە، سەرەڕای ئەوەی كە ئێزدییەكان زۆر رووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوە و پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن و باوەڕیان وایە كە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە. ئامارێكی دروستی ژمارەی ئێزدییەكان لە بەردەستدا نییە، چەند سەرچاوەیەك ژمارەیان بە 300 هەزار بۆ 750 هەزار كەس دەخەمڵێنن و بە زۆریش لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ لە عێراق و باكوری سوریا نیشتەجێن. ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە لە ئەزەلەوە هەن و بە تەنها لە وەچەی ئادەمن و بڕوایان وایە كە ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوە و پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە و پاشان خودا حەوای خەڵقكردووە و هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە و مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە و بەوەش خۆیان بە وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند دادەنێن. چیرۆكی شەیتان " ئیبلیس" لە ئاینی ئێزدییدا ئاینی ئێزدیی لە چیرۆكی سوجدە نەبردنی ئیبلیس بۆ ئادەم لەگەڵ ئیسلامدا هاوڕایە، لە ریوایەتی ئاینی ئیسلامدا قورئان لە ئایەتی " 34"ی سورەتی " البقرە" دا ئاماژەی بەوە چیرۆكە داوە و هاتووە: "ۆإِژْ قُلْنَا لِلْمَڵائِكَەِ اسْجُدُواْ ڵادَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِیسَ أَبَی ۆاسْتَكْبَرَ ۆكَانَ مِنَ الْكَافِڕینَ". بەڵام ئێزدییەكان لەگەڵ ئەنجامی بەشی دووەمی ئەو ئایەتەدا جیاواز و ناكۆكن، ئەوان بڕوایان بەوە نییە كە ئیبلیس بەهۆی رەتكردنەوەی سوجدە بۆ ئادەم سزادرابێت، بەڵكو باوەڕیان وایە كە خودا ئیبلیسی خەڵات كردووە و كردوویەتی بە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، بەهۆی ئەوەی تاكە مەلائیكەت بووە لە تاقیكردنەوەی خودا دەرچووە، چونكە خودا دوای خەلقكردنی مەلائیكەتەكان داوای لێكردوون جگە لە ئەو سوجدە بۆ كەس نەبەن و دوای خەلقكردنی ئادەمیش كە داوای لێكردوون سوجدەی بۆ بەرن وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوە وابووە و جگە لە ئیبلیس كەسیان تێیدا دەرنەچوون ، بەوەش شیاوی ئەوە بووە كە خودای گەورە بیكاتە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، كە ئێزدییەكان بە " تاووس مەلەك" ناویدەبەن و هەموو رۆژێك پێنجار نوێژی بۆ دەكەن. ئاینی ئێزدیی ئاینێكی موژدەبەر " تەبشیری " نییە و هیچ كەسێكی تازە ناتوانێت ببێت بە ئێزدیی بەڵكو دەبێت ئەو كەسە لە لەدایكبوونییەوە ئێزدی بێت واتە لە دایك و باوكێكی ئێزدیی لەدایك ببێت،  ئەوان خۆیان  بە " خواپەرست" وەسفدەكەن و دەڵێت ناوی ئاینەكەیان ئەو واتایە دەگەیەنێت و خواوەندی گەورەشیان بە " ئێزدان" ناسراوە و پێگەیەكی زۆر باڵای هەیە لایان بە جۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو بە خاوەن هێزێكی شارەواەی لەبن نەهاتووە و لەگەڵ ئەوەدا كە خوڵقێنەری گەردوونە بەڵام پاسەوانی گەردوون نییە. مەزار و شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدییەكان ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێن و مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری " شەرفەدینە" لە چیای شەنگال ، هەروەها پەرستگای " لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵ و ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایە و زۆربەی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن. زمان و كتێبی پیرۆز ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژوورووی زمانی كوردی قسەدەكەن و زمانی رەسمی مەراسیم و سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینیی و ئیداریی دێرینن كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە و هەروەها چەند نەریت و كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە. بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی " مەسحەفا رەش" بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە هەرچەندە جەخت لە بوونی دەكەنەوە. ئایینی ئێزدی كاریگەری هەبوو بۆسەر ئاینەكانی تر و ئاینەكانی تری دراوسێشی كاریگەریان كردوەتە سەری، ئەم ئاینە لە بە پیرۆزدانانی خۆر و مانگدا لە ئایینی زەردەشتی و لە حەرامكردنی چەند خۆراكێكدا لە ئاینی جولەكە و  لە چەند ریتمێكی میوزیكیشدا لە ئاینی مەسیحی  و لە نوێژ و زەكات و حەج و خەتەنەكردنیشدا لە ئاینی ئیسلام دەچێت. بە گوێرەی چەند چاوپێكەتنێك لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و چەند ئەكادیمییەك، رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دابەشدەبێت بۆ دوو رۆژووگرتن، یەكەمیان رۆژووگرتنی تایبەتە كە 80 رۆژە ( 40 رۆژ لە هاوین و 40 رۆژ لە زستان )، دووەمیشیان رۆژووگرتنی گشتییە واتە ( رۆژووی ئێزید ) كە سێ‌ رۆژە لە ساڵێكدا : سێشەممە، چوارشەممە و پێنج شەممەی هەفتەی دووەمی مانگی 12ی هەموو ساڵێك، دوای ئەوەش جەژنی ئێزید دێت كە یەك رۆژە. هەروەها ئێزدییەكان سێ‌ رۆژی تر لە مانگی دوومی هەموو ساڵێك بە رۆژوودەبن و دەبێتە بێكەوێتە ( دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممە ) و بە رۆژووی خدر ئەلیاس ناودەبرێت و پاشان جەژن دێت كە یەك رۆژە. جەژنی سەری ساڵ ( چوارشەمبە سۆر ) هاوشێوەی ئاینەكانی تر ئێزدییەكانیش چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێكیش لەو جەژنانە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە كە پێی دەڵێن جەژنی " چوارشەمبەی سۆر". جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە 13 رۆژ  جیاواز و درەنگترە لە مانگی نیسانی زاینیی و بەمشێوەیە سبەی چوارشەممە 18ی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە. ئێزدییەكان بە گوێرەی پێگەی ئاینی دەكرێن بە چەند چینێكەوە: یەكەم: چینی رۆحانییەكان: ئەمەش دەكرێن بە دوو گروپەوە: 1-    گروپی پیر: ئەمە كۆنترین گروپی ئاینی ئێزدیین، بە تێپەڕبوونی كات كەمبونەتەوە و بەهۆی ئەو هەڵمەتانەشی كە كراوەتە سەریان ژمارەیەكی كەمیان ماوەتەوە. 2-    گروپی شێخ: دوای لاوازبوونی گروپی پیر لە راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا، لەسەر دەستی شێخ عادی بن مسافر ئەم گروپە دامەزرێنرا بۆئەوەی ئاینی ئێزدیی كۆبكاتەوە، ئەم گروپەش دابەش دەبەێت بۆ چەند چینێك، ئەندامەكانی هەر چینێك ناتواننجگە لە چینەكەی خۆیان هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش چینەكانن: •     شێخ شەمش •    شێخ حەسەن •    شێخ بەكر •    شێخ ناسرەدین و .... هتد. 3-    چینی فەقیر: ئەمانە چینی خواپەرستن و پۆشاكێكی سپی تایبەت بە خۆیان هەیە و قژێكی درێژیان هەیە. 4-    چینی حادی یان قەواڵەكان: ئەمانە ئەو دەروێشانەن كە پلەی ئاینی وەك ( خواپەرست و باوەڕدار) یان هەیە، قەواڵ هەر كەسێك كە سرودە ئاینییەكان دەڵێت و سەربە یەك عەشیرەتن و ناوەندی سەرەكییان دەكەوێتە نێوان  ناوچەی باشیك و بەحزانی لە پارێزگای نەینەوا. 5-     چینی كەواچك: كەواچك كۆی وشەی " كوچك" ە كە بە مانای دیوەخان دێت چینێكن لە خەڵكی گشتی و پۆشاكی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەركەكەیان بریتیە " لە دۆزینەوەی چارەنوسی مردووان باش بێت یان خراپ لەگەڵ پەیوەندیكردن بە جیهانی غەیبەوە بۆ زانینی دۆخی ئێستا و داهاتوو" دەتوانین بڵێین ئەركەكەیان زیاتر رۆحانییە. 6-    چینی موریدەكان: نزمترین چینی ئێزدییەكانە و لە رابردوودا ئەركیان گوێڕایەڵی كوێرانە بووە، بەڵام نەوەی نوێی ئەم چینە ئێستا زۆر مەیلیان بۆ چەمكە مەدەنییەكان هەیە و زۆر ملكەچ نین و زەكات نادەن، و مافی ئەوەشیان نیە لەگەڵ چینەكانی تردا هاوسەرگیری بكەن. هەندێك لە ئێزدییەكان خۆیان تەنها بەسەر سێ‌ چیندا دابەشدەكەنن لەسەر ئەو بنەمایەی كە چینی كوچك و حادی لە بنەڕەتدا لە چینی موریدەكانن و چینی " پیر" یش چینێكی جیاوازن لە چینی " شێخ" بەڵام ئەوەی راستییەكی پشتڕاستكراوەیە كە ئەوەیە هاوسەرگیری لە نێوان پەیڕەوانی ئەو پێنج چینەدا رێگەی پێ نادرێت، هەتا تەنانەت لە ناو یەك چینی وەكو شێخەكانیشدان بۆ نمونە كەسێكی سەر بە گروپی شێخ حەسەن ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی شێخ ناسرەدین یان گروپێكی تر هاوسەرگیری بكات. ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ     


بەشێی عێراق لە سەنتەری رەوابت بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی ستراتیژی پێشبیندەكات لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لیستە كوردییەكان بە هەموویان 57 كورسی لە كۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنن. سەنتەرەكە پێشبینی بۆ ژمارەی كورسییەكانی لیستەكان بەمشێوەیەیە: 1-    لیستی " النصر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات 55 كورسی. 2-    لیستی " الفتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری 43 كورسی. 3-    لیستی " سائیرون" بە رابەرایەتی موقتەدا سەدر 35 كورسی. 4-     لیستی " دەوڵەتی یاسا " ی نوری مالیكی 34 كورسی. 5-     لیستی " حیكمە"ی عەممار حەكیم 22 كورسی. 6-    لیستی " وەتەنییە"ی ئەیاد عەلاوی و سەلیم جبوری و ساڵح موتڵەگ 35 كورسی. 7-     لیستە كوردییەكان 57 كورسی. 8-    لیستی " قەرار" بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی 10 كورسی. 9-    لیستی " حەل"ی جەمال كەربولی  12 كورسی. 10-     لیستەكانی تر 16 كورسی  


دوای ئەوەی درەومیدیا وەك یەكەم میدیا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانی بڵاوكردەوە، لە روونكردەوەیەكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی مەسعود حەیدەر رایدەگەیەنێت: كە روبەرووی تەشهیر و ناوزڕاندن بوتەوە و لە هەمانكاتدا بەبێلایەنی دەمێنێتەوە و پەیوەندەی بە هیچ حزبێكەوە ناكات. بە دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود حەیدەر ژمارەی ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ 7 ئەندامان كەم دەبێتەوە لەبەر ئەوەی پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان د. تاڤگە محەمەدی لە ئەندامێتی فراکسیۆنەکەی دوورخستەوە. دەقی روونكردنەوەكەی مەسعود حەیدەر: روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی.. هاونیشتمانیانی بەریز وەکو چۆن لە چوار ساڵی رابردوو بێ بنەما زۆرترین جنێو تەشھیرو تەخوین ئاراستەمان کرا لەسەر ھەڵوێستە نیشتمانیەکانمان و دوور لە ھەموو بەھاو ئاکارێک و لەلایەن گروپێکی دیارەوە، دوای دەستلەکارکێشانەوەم کە ئەمە مافێکی سەرەتایی ھەموو مرۆڤێکە، دیسان ھەمان گروپ بەھەمان ئاکار و بە درۆ و دراو تەخوین و تەشھیرمان بۆ دەکەن، تا ئەو رادەی ھەوڵی زەوتکردنی ئازادی ھەڵبژاردنی بێ لایەنیشمان ئەدەن. ھەم وەکو خانەوادە وەھەم لەسەر ئاستی کەسی ھەمیشە خەباتمان کردوە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و لەبەری حەق و گەل بووینەو دەبین و دوای دەستلەکارکێشانەوەم #بێ_لایەن_دەمێنم ، پەیوەندی بە ھیچ حزب و لایەنێکەوە ناکەم. مەسعود حەیدەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق ٢٠١٨/٤/١٧ بغداد


رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رایگەیاند ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵدەدات هێزێكی عەرەبی لە جێگەی هێزەكانی لە سوریا جێگیربكات. رۆژنامەكە راپۆرتێكی رۆژنامەنووس مایكڵ گۆردۆنی بڵاوكردەوەتەوە و تێیدا ئاشكراكراوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەوڵدەدات بۆ مانەوەی هێزەكانی لە سوریا دوای كۆتاییهاتنی داعش خەرجی ئەو هێزانە لە وڵاتانی عەرەبی دابیبكات. راپۆرتەكە ئاماژەبەوەشدەدات كە ئیدارەی ترەمپ لە هەوڵی ئەوەدایە لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان  كە نزیكەی دوو هەزار سەربازن، هێزێكی عەرەبیی لە شوێنیان جێگیربكات. رۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە راوێژكاری نوێی ئاسایی نەتەوەیی ئەمریكا جۆن بۆڵتۆن ماوەیەك لەمەوبەر پەیوەندی بە بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی میسریی عەباس كامیلەوە كردووە و بۆئەوەی بزانرێت كە ئایا قاهیرە ئامادەیە بەشداری لەو پرۆسەیەدا بكات. وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەیبەوەشداوە كە واشنتۆن داواشی لە ئیمارات و قەتەر و سعودیە كردووە بە چەند ملیار دۆلارێك بەشداری بكەن لە دووبارە بونیادنانەوەی باكوری سوریا و دەیەوێت ئەو وڵاتانی هێز ئەوانەی باكوری سوریا بكەن. ئەم هەوڵەی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند بەمزوانە هێزەكانی لە باكوری سوریا دەكشێنێتەوە و سوریا بۆ لایەنەكانی تر بەجێدەهێڵێت.    


 ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا حیزبەكان بە كۆمەڵێك كاندیدی زیاتری دوبارەوە دەچنە كێبەركێی هەڵبژاردنەوە، هەندێك پێیان وایە ئەمە ئاساییە، چونكە كاری پەرلەمانتاری ئەزموونە و گرنگە لیستەكان خەڵكانی بەئەزمونیان تێدا بێت، هەندێكی تر وەكو نەنگییەك لە لیستەكانی هەڵبژاردن تەماشای دەكەن و وەكو داخستنی دەرگا بەڕوی دەموچاو و بیری نوێ وێنای دەكەن. كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتار و وەزیر و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەلایەن حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە، رەنگە چەندین هۆكاری جیاوازی هەبێت كە بەلای حزب و قەوارە سیاسییەكانەوە گرنگن، رەنگە یەكێك لەو هۆكارانە بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و گەرەنتیكردنی سەركەوتنی كاندیدەكان بێت، چونكە ئەوانەی پێشتر كاندیدكراون بۆ پۆست و پلە جیاوازەكان زیاتر لەلای دەنگدەران ناسراون بن بە بەراورد لە كەسانی تر كە بۆ جاری یەكەمە بەشداری ئەم تاقیكردنەوەیە دەكەن، لەوانەشە هۆكارێكی تری ئەو دووبارە كاندیدكردنەوانە پەیوەندی بە تەكەتولەكانی ناو حزبەكانەوە هەبێت. هەرچەند لە سێ خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا حاڵەتی دوبارەكردنەوەی كاندیدەكان هەبووە، بەڵام بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ئەمجارە ژمارەیەكی كەمتر بووە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەدا كە بڕیارە رۆژی 12ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبێت، دەموچاوی دوبارە بەشێكی زۆری لیستەكانی داگیركردووە. (درەو) لەم راپۆرتە شیكارییەدا ناوی كاندیدی دووبارەی لیست و هاوپەیمانێتییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات: یەكەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان سەرۆكی لیستەكانیان لە هەولێر و سلێمانی هەمان كاندیدی پێشوون و ئێستاش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن . 1-    ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی پێشوودا سەرۆكی لیستی كۆمەڵ بووە و ئێستاش سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە. 2-    زانا رۆستایی، سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر، لە هەڵبژاردنی پێشوودا كاندیدی كۆمەڵ بووەو پێشتریش پەرلەمانتاری كۆمەڵ بووە لە پەرلەمانی كوردستان و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3-    سەلیم شوشكەیی، كاندیدی كۆمەڵ لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 4-    دارا حەمە ئەمین، كاندیدی كۆمەڵ لە پارێزگای سلێمانی، پێشتر وەزیری ژینگەی حكومەتی هەرێمی كوەردستان بووە. دووەم/ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەرۆكی لیستەكانی یەكگرتووی ئیسلامە لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی دووبارەن. 1-    موسەننا ئەمین، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی، لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەهەمان شێوە سەرۆكی لیستی یەكگرتوو بووە و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 2-    عومەر كۆچەر، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3-    حاجی كاروان، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 4-    شێركۆ جەودەت، كاندیدی یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی پەرلەەمانی كوردستانە. 5-    كەژاڵ هادی، كاندیدی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 6-    جوان حەسەن، سەرۆكی لیستی یەكگرتوو لە پارێزگای كەركوك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە. 7-    ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە. سێیەم / یەكێتی نیشتیمانی كوردستان  لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ژمارەیەك پەرلەمانتاری ئێستا خۆیان كاندیدكردوەتەوە:  1-    رێزان شێخ دلێر، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 2-    بەختیار شاوەیس، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە.  3-    نەوزاد رەسوڵ، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 4-    ئارێز عەبدوڵا، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 5-    رێبوار تەها، كاندیدی یەكێتی لە پارێزگای كەركوك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە . 6-    ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە . چوارەم / بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكی لیستەكانی هەولێر و سلێمانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەن: 1-    یوسف محەمەد، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، سەرۆكی لیستی پێشووی گۆڕان و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان    2-    كاوە محەمەد، سەرۆكی لیستی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، پێشتر سەرۆكی لیستی گۆڕان بووە لە هەولێر و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 3-    ئەمین بەكر، كاندید گۆڕان لە پارێزگا سلێمانی، ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 4-    هۆشیار عەبدوڵا، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە. 5-    عەدنان عوسمان، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە. 6-    بەهار مەحمود، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە. 7-    غالب محەمەد، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە. 8-    عەبدولڕەحمانی موهەندیس، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە. 9-    هێڤی هەیاف، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە. 10-    سیوەیل عوسمان، كاندیدی گۆڕان لە پارێزگای هەولێر، پێشتر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە . 11-    ژمارەیەك كەسی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا كاندیدكراون و دەرنەچوون، بەڵام ئێستا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاندیدكراونەتەوە. پێنجەم/  پارتی دیموكراتی كوردستان  پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەك كاندیدی دووبارەی خستوەتە ناوی لیستەكەیەوە: 1-    عەرەفات كەرەم، كاندیدی پارتی لە پارێزگای هەولێر، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.  2-    بەیار دۆسكی، كاندیدی پارتی لە پارێزگای دهۆك، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە . 3-    دانا جەزا، كاندیدی پارتی لە پارێزگای سلێمانی، ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییە . نەوەی نوێ رابون مەعروف - سەرۆكی لیستی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە لە فراكسیۆنی گۆڕان لەبارەی كاندیدكردنەوەی دەموچاوە كۆنەكانەوە لەناو لیست و هاوپەیمانێتییەكانەوە، هەندێك لە چاودێرانی سیاسی بۆچونی جیاواز دەخەنەڕوو. لە وتارێكدا بەناوی "مەترسییەكانی دووبارە كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتاران"، د. كاروان عەلی بەتایبەتی لەبارەی ناوە دوبارەكانی لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نوسیویەتی:   1-    خیانەت و خۆفرۆشی لەنێو ماڵی كورد لەبەغدا زیاد دەكاو هەندێكیان دەستیان تێكەڵ دەكەن لەگەڵ ناحەزانی كورد وەك لە رابردوو بینیمان 2-    دەرگا داخستن بەرووی كادرانی دڵًسۆز و نەهێنانە پێشەوەی خوێنی نوێ، دەبێتە مایەی نیگەرانیەكی زۆرو دیسان كۆچكردنی كادیرانی یەكێتی بۆ نێو حزبەكانی تر دەست پێدەكاتەوە 3- كاندیدكردنەوەی پەرلەمانتارەكان بۆ خولێكی تریش، زیانێكی گەورەی دەبێ بۆ سەنگ و دەنگەكان، چونكە خەڵكی كوردستان تێبینی و سەرنجی زۆریان هەیە لەسەر ئەداو توانای سەرجەم پەرلەمانتاران بە هی یەكێتیشەوە، بۆیە خەڵك دەنگ نادا بەو دەمووچاوە دووبارانەو لە ئەنجامدا دەنگی یەكێتی كەمدەبێتەوەو هی حزبەكانی تر زیاد دەكا. ئەمە زیاتر راستەو كاریگەریی هەیە لە كەركوك و ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان پێشتریش حاكم شێخ لەتیف پسپۆڕی یاسای دەستوری و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی ناوە دوبارەكانی لیستی گۆڕان لە نوسینێكدا بەناوی " میراتی نەوشیروان مستەفا" نوسیویەتی: میراتێكی زۆر ڕون و ئاشكرای نەوشیروان مستەفا  ئەوەبوو كە هیچ كەسێك لەناو گۆڕان لەیەك جار زیاتر سودمەند نەبێت لە پۆستەكان، چونكە بەداخەوە لەم وڵاتە پلەو پۆست بەبازرگانی كراون، بۆ ئەوەی زۆرترین هەل بۆ زۆرترین خەڵك بڕەخسێت و وەك دوو حیزبی دەسەڵاتدار پۆست و پلەكان بۆ ژمارەیەك دەموچاو قۆرخ نەكرێن و ئەزمونی ئەوان دوبارە نەكەنەوە، ئەوە ڕاستیە ئەو لەژیانی خۆیدا ڕێگای نەدا بەكەس دووجار سودمەندبێت، چەندە بەتواناش بوبێت، هێنانەوەی هەر بیانویەك بۆ دوبارە خۆكاندید كردن لادان و فێڵكردنە لە ڕێبازی كاك نەوشیروان.  


چاوپێكەوتنی/ فازل حەمە رەفعەت  رزگار حەمە محێدین، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەیەنێت راستەوخۆ لە بەغداوە بە كامێر چاودێری سندوقەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن كە رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ " درەو میدیا" رزگار حەمە محێدین راشیگەیاند 40 كاندید و قەوارەیان بەهۆی پێشێلكارییەوە سزاداوە و ئاشكراشیكرد كاردەكەن بۆ رێگریكردن لە ساختەكاری بە رێژەی 100% و هەوڵیشدەدەن 15 بۆ 16 كاتژمێر دوای هەڵبژاردن، ئەنجامی بەرایی رابگەیەنن. ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە: درەو: باس لەوە دەكرێت كۆمسیۆن یاسایەكی هەیە و بەپێی ئەو یاسایە هەر كاندید و لیستێك ناچار دەكات بڕێكی دیاریكراوی پارە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج بكەن، ئەمە راستە ؟ رزگار حەمە: بەپێی یاسای حزبەكان ژمارە 36ی 2015 هەموو ئەو یاسای بڕیارانەی كە پێشتر دەرچوون هەڵوەشێندراونەتەوە، هەروەها لە یاسای 45ی هەڵبژاردنەكانیش هەموو ئەو بابەتانە هەڵوەشێندراونەتەوە، ئەو بابەتە لەلای ئێمە نییە و شتێكی بێ بنەمایە. درەو: تائێستا سزای چەند لیست دراوە لەسەر پێشێلكردنی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن ؟ رزگار حەمە: تائێستا نزیكەی 40 لیست و كاندید لەسەر پێشێلكاری سزادراون. درەو: ئەوانەی سزادراون لیست و كاندیدی كوردیان تێدایە ؟ رزگار حەمە: لە راستیدا من چاودێری ئەو بابەتەم نەكردووە كە سزادراوەكان كێن، بەڵام ئێمە جیاوازی ناكەین هەر كەسێك پێشێلكاری بكات سزای دەدەین. درەو: لەم هەڵبژاردنەدا ئێوە وەكو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تا چەند گرەنتی رێگرتنتان كردووە لە رودانی ساختەكاری ؟ رزگار حەمە: ئێمە ئەمانەوێت بە رێژەی 100% رێگری لە ساختەكاری بكەین، خۆتان ئەزانن ئێمە لە رێگەی ئەو رێوشوێنانەی كە گرتومانەتە بەر لە هێنانی ئامێر و هەڵگرتنی ئامێرەكان لە كۆگاكان، با نمونەیەكت بۆ بهێنمەوە، من خۆم یاداشتێكم نوسی و ترسمان هەبوو كێشە لە بیناكاندا هەبێت، داواماكردووە لە هەموو مەخزەنەكان لە هەموو پارێزگاكانی عێراق كامێرا دابنرێت، لە بەغدا راستەوخۆ ژووری چاودێریمان دروستكردووە و هەموو مەخزەكانەكان دەكەونە ژێر چاودێری خۆمانەوە. درەو: لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا كۆمسیۆن هیچ تایبەتمەندییەكی بە هەرێمی كوردستان داوە ؟ رزگار حەمە: نەخێر، ئێمە هەر یاساو رێسایەك دەربكەین چۆن لە بەسرە جێبەجێی دەكەین بەهەمان شێوە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكیش جێبەجێی دەكەین. درەو: پێشتر باس لەوەدەكرا فشاری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و سەركردە سیاسییەكانی عێراق لەسەر كۆمسیۆن هەیە ؟ رزگار حەمە: من بڕوام بەم بابەتە نییە، چونكە ئێمە ئەنجومەنی كۆمسیاران لە (9) كەس پێكهاتوین و هەموومان عێراقین و لە هەموو پێكهاتەكانین، هیچ وڵاتێكی هەرێمایەتی و ناوچەیی فشاریان لەسەر ئێمە نییە، رەنگە هەندێك شوێن هەبن هاوكاریمان بكەن بەتایبەتی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەویش تەنیا راوێژكردن و رێنماییكردنە بۆ باشكردنی ئەو پرۆسەیە بۆ ئەوەی پرۆسەیەكی مەدەنی و شەفاف و پاك بێت، ئەگەرنا لە دەرەوەی ئەوە هیچ وڵات و هێزێك ناتوانێت دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن بكات. درەو: جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەكانی رابردوو سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامەكان چۆنە. ئایا ئێوە كارێكتان كردووە لەم هەڵبژاردنەدا لە خێراترین كاتدا ئەنجامەكان رابگەیەندرێن ؟ رزگار حەمە: بەدڵنیاییەوە، ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجارە ئەو ئامێرە نوێیانە بەكاردەهێنین، سندوقە ئەلیكترۆنییەكە خۆی ناوی (خێراكردنی ئەنجامەكانە). درەو: بە نزیكەیی بەماوەی چەنێك دوای تەواوبونی پرۆسەی دەنگدان ئەنجامەكان رادەگەیەنن ؟ رزگار حەمە: ئەگەر تێبینی بكەن پێشتر جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان دەهاتە مەڵبەندی پارێزگاكان و دواتر دەهاتە بەغداد و جارێكی تر جیاكردنەوە و ئەژماركردنی بۆ دەكرا و دوو مانگی دەخایاند تاوەكو ئەنجامی كۆتایی رابگەیەندرێت، بەڵام ئێمە رەنگە دوای داخستنی سندوقەكان لە ماوەی (15 بۆ 16) كاتژمێر ئەنجامە بەراییەكان رابگەیەنین و لەماوەی (48 بۆ 50) كاتژمێر ئەنجامی دەنگەكان لە هەموو عێراق ئاشكرابكەین.    


دادگای تاوانی ناوەندی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە سزای  لەسێدارەدانی بەسەر سێ‌ ژنی ئازەربایجانی و یەك ژنی قیرغیستانیدا سەپاند بە تۆمەتی ئەندامێتییان لە رێكخراوی داعش. هەروەها سزای زیندانیكردنی هەمیشەیشی بەسەر ژنێكی فەرەنسی و دوو ژنی روسیدا سەپاند. یەکێک لەو ژنانەی سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندراوە ناوی " جەمیلە بوتوتعو" وە و فەرەنسییە و تۆمەتی ئەندامێتی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" ی بەسەردا ساغکراوەتەوە. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " فرانس پرێس" ئەو ژنە فەرەنسییە تەمەن 29 ساڵە لە كاتی دادگاییكردندا رایگەیاند " بە رەگەز جەزائیرییە و پێشتر مەسیحیی بووە دواتر موسوڵمان بووە". ئاشكراشیكرد لەگەڵ هاوسەرەكەیدا كە گۆرانیبێژی راپ بووە فەرەنسای بەجێهێشتووە بەرەو توركیا." وتیشی " هاتینە توركیا بۆ گەشتوگوزار، و هاوسەرەكەم لەلایەن پیاوێكەوە بەناوی قورتوبی پەیوەندی پێوەكراو دواتر من و منداڵەكانمی گەیانە پەناگەیەك لە سوریا و لەوێشەوە بۆ عێراقی گواستمەوە." شوباتی رابردووش دادگایەكی عێراق بە تۆمەتی هاتنە ناوعێراق بە شێوەیەكی نایاسایی سزای حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەر ژنێكی فەرەنسیدا بەناوی " میلینا بوغدیر" تەمەن 27 ساڵدا سەپاند و سزای لە سیدارەدانیشی بەسەر 16 ژندا سەپاند كە رەگەزنامەی توركیایان هەیە بەتۆمەتی ئەوەی هاوكاری لۆجیسیتی رێكخراوی داعشیان كردووە.    


دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا " MHP" داوادەكات وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا لە مانگی تشرینی دووەمی 2019ەوە پێشبخرێت بۆ 26ی ئابی ئەمساڵ. باخچەلی  كە مانگی رابردوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو " هاوپەیمانێتی جەماوەر " ی لەگەڵ حزبەكەی ئەردۆغاندا پێکهێنا، لە وتەیەكیدا لەبەردەم پەرلەمانتارانی حزبەكەی لە ئەنكەرەی پایتەخت راشیگەیاند حزبەكەی بە پێویستی دەزانێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی پێشبخرێت، لەو روانگەیەوە كە نالۆژیكییە وادەی هەڵبژاردن زۆر دووربكەوێتەوە. دەستبەجێ‌ دوای لێدوانەكەی باخچەلی بۆ پێشخستنی وادەی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند سبەی چوارشەممە لەگەڵ باخچەلی كۆدەبێتەوە. هاوكات بەكر بۆزداغ وتەبێژی حكومەتی توركیا سەبارەت بە پێشنیارەكەی باخچەلی وتی " ئەو پرسە ماوەیەكە لە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و لە داهاتوودا لێدوانی لەبارەیەوە بڵاودەكرێتەوە." ساڵی رابردوو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا " AKP" بە پشتیوانی حزبەكە باخچەلی پرۆژە یاسای گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی تێپەڕاند و بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش ئەو سیستمە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە یاساكەدا دەسەڵاتی زۆر بە سەرۆك كۆماری توركیا بەخشراوە و بە وتەی لێدوانێكی پێشووتری ئەردۆغانیش هەڵبژاردنە ناوخۆیی و گشتی و سەرۆكایەتی توركیا داهاتووی ئەو وڵاتە بۆ نیو سەدە دیاریدەكات.    


بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر رەشنوسی بڕیاریك بدات تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵییان بە بانگەشەی هەڵبژاردن زۆرینەی نوێنەرانی كورد بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد. بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخرا. سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا تەنیا 152 پەرلەمانتار ئامادەبوون، بەوهۆیەوە دانیشتنەكەیان دواخستووە بۆ كاتێكی تر. یەكێك لە تەوەرەكانی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر رەشنوسی بڕیارێك بۆ قەرەبووكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی جەنگ بەتایبەتی شاری هەڵەبجە. سەرچاوەیەك لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو)ی راگەیاند، بەهۆی سەرقاڵییان بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، زۆرینەی نوێنەرانی كورد بەشداری دانیشتنەكەی ئەمڕۆیان نەكردووە.    


مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە نامەیەک دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە فراكسیۆنی گۆڕان و بزووتنەوەی گۆڕانیش راگەیاند. حەیدەر لە نامەیەکدا دەڵێت:" ‎دوای دیراسەتكردنی چوار ساڵی كاركردنم لە پەرلەمانی عێراق و وەزعی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان و نەهج و سیاسەتی بزوتنەوەكە، وە دوای نۆ ساڵ خەباتكردن لەرێگای بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ میللەتەكەم، گەشتمە ئەو قەناعەتەی كە دەستلەكار بكێشمەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەكو حزب و وەكو فراكسیۆن و ئەو دوو مانگ و نیوەی ماوە لەم خولەی پەرلەمان وەكو كوردێكی بێ لایەن نوێنەرایەتی بكەم." ئەمەش دەقی نامەکەی مەسعود حەیدەرە: هاورێیانی بەڕێز.. ‎پاش سڵاو ‎دوای دیراسەتکردنی چوار ساڵی کارکردنم لە پەرلەمانی عێراق و وەزعی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان و نەھج و سیاسەتی بزوتنەوەکە، وە دوای نۆ ساڵ خەباتکردن لەرێگای بزوتنەوەی گۆرانەوە بۆ میللەتەکەم، گەشتمە ئەو قەناعەتەی کە دەستلەکار بکێشمەوە لە بزوتنەوەی گۆڕان وەکو حزب و وەکو فراکسیۆن و ئەو دوو مانگ و نیوەی ماوە لەم خولەی پەرلەمان وەکو کوردێکی بێ لایەن نوێنەرایەتی بکەم. دەمەوێ سوپاسی ھەمووتان بکەم بۆ چوار ساڵی پێکەوە کارکردن لەم خولەی پەرلەمانی عێراق. دڵنیاتان دەکەمەوە لەم چوار ساڵە زۆر بە دڵسۆزی و بە ویژدانەوە بەرگریم لە مافەکانی میللەتەکەم کردوەو ھەمیشە بەرژەوەندی خاک و خەڵکی کوردستانم خستۆتە پێش ھەموو شتێک. ھۆکارەکان زۆرن بۆ گەیشتنم بەم قەناعەتەو لەکاتی گونجاو بۆ بەرێزتانی رووندەکەمەوە. دەمەوێ سوپاسی ھەموو ئەو ھەڵسوراوە بەرێزانە بکەم وە لە پێش ھەموویانەوە رەوانشاد کاک نەوشیروان و ھەموو دەنگدەرانم کە ئەمانەتی نوێنەرایەتی کوردیان خستە سەرشانم. لەگەڵ ھاورێ کوردەکانم لە پەرلەمان وەکو ئەرکێکی نیشتمانی، ئەخلاقی و نەتەوەیی و ئاینی و سیاسی درێغیم نەکردوەو ئەوەی لەتوانام بووە ھەوڵم بۆی داوە بۆ بەرگری لە مافە دەستوری و یاسایی یەکانی کورد، ھەمیشە لە خەمی قووتی خەلک وچارەسەرکردنی کێشەکانیان بوومە و گوێم بە حزبایەتی و ململانێ سیاسێکانی حزبە کوردێکان نەداوە و زۆرجار تەفسیری ھەڵەی بۆ  کراوە و دوور لە گشت ئاکارێک تۆمەت و تەشھیرم ئاراستە کراوە. ئەو ئەرکەی کەوتە سەرشانم بە پاکی و ئەمانەتەوە گەیاندمە جێگا و ھەمیشە لەبەرەی بەرگری بوومە لە مافی خەلک و خاکی کوردستان بە شایەتی ھەموو کوتلەو حزبەکانی ناو پەرلەمانی عێراق. بەرانبەر خواو میللەتەکەم روسورو سەربەرزم و ھەمیشە لەخانەی گەل و نیشتمان دەبم. ‎براتان ‎مسعود حیدر ٢٠١٨/٤/١٧ ‎بغداد


سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایدەگەیەنێت روسیا و وڵاتانی خۆرئاوا رووبەڕووی دۆخێك و هەڵوێستێكی زۆر خراپتر بوونەتەوە بە بەراورد بە كاتی جەنگی سارد، ئەوەش بەهۆی نەبوونی كەناڵەكانی پەیوەندیدكردن لە نێوانیاندا لەمیانی قەیرانی سوریادا. لاڤرۆڤ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ " بی بی سی " رەتیشیكردەوە مۆسكۆ هیچ دەستوەردان یان دەستكارییەكی بەڵگەكانی شوێنی هێرشە كیمیاییەكەی شاری دومای سوریا كردبێت لە ناوچەی غوتەی خۆرهەڵاتی نزیك دیمەشق، كە بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا شەممەی رابردوو هێرشبكەنە سەر چەند دامەزراوەیەكی سوریا. لاڤرۆڤ وتی:" دەتوانم جەختبكەمەوە كە روسیا هیچ دەستكارییەكی شوێنەكەی نەكردووە." ئەو چاوپێكەوتنەی لاڤرۆڤ لە كاتێكدایە كە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمیی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ تاوتوێكردنی سوریا ئەنجامدەدات و پشكنەرانی ئەو رێكخراوە كە چوونەتە سوریا هەتا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی هێرشە كیمیاییەكە لە دوما. وەزیری دەرەوەی روسیا دووپاتیشیكردەوە كە هیچ هێرشێكی كیمیایی لە شاری دومای سوریا لە حەوتی نیسانی رابردوو رووی نەداوە و وتی:" بە راشكاوی دەڵێم كە هەرچی بەڵگە هەیە كە كۆكراوەتەوە پشتی بە راپۆرتی دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەستووە." لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا لاڤرۆڤ روونیكردەوە كە ئەو هێرشە رووی نەداوە و وتی:" ئەوەی روویدا شانۆگەرییەكی پلان بۆ داڕێژراوە." هەروەها وەزیری دەرەوەی روسیا پرسیاری دەربارەی ئەو هۆكارانە كرد كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هاندا رۆژێك پێش بڕیاری رەوانەكردنی پشكنەرانی نێودەوڵەتی بۆ شوێنی هێرشە كیمیاییەكە هێرشیان كردە سەر سوریا و دەربارەی هێرشە سێ‌ قۆڵییەكەش لاڤرۆڤ دووپاتیكردەوە كە سێیەكی ئەو مووشەكانەی ئاراستەی سوریا كران واتە زیاتر لە 100 مووشەكە خراونەتە خوارەوە و ئامانجەكانیان نەپێكاوە.  


ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت لەدوای شكستی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، ئەوە تەنیا دەسەڵاتە فیدراڵییەكان نەبوون كە گەڕانەوە بۆ فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكانی هەرێم، بۆ یەكەمجاریش لەدوای ئەو ریفراندۆمەوە لیست و لایەنە عێراقییەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە هاتنە ناو هەرێمی كوردستانەوە. سەرەڕای ئەوەی لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستور لە چوارچێوەی عێراقدا مایەوە، بەڵام هیچ كاتێك لیست و حزبە عێراقییەكان هاوشێوەی ئێستا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لیستیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەبووە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەیەك لیستی عێراقی لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر- سلێمانی- دهۆك) كاندیدیان هەیە، جگە لەوەی كە لە كەركوكیش بە چڕی زۆرینەیان كێبركێی لیستە كوردییەكان دەكەن. بەشێوەیەكی گشتی (4) رەوت و هاوپەیمانی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان كاندیدیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەهەمویانەوە (47) كاندیدیان هەیە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم. رەوتی حیكمەی نیشتمانی عەممار حەكیم كە بەر لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیابوەوە و رەوتێكی نوێی بەناوی (حیكمە) دامەزراند، لیستێكی لە پارێزگای سلێمانی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە پەسەندكراوە كە لە (14) كاندید پێكدێت. حەكیم لەو سەركردە سیاسیانەی عێراقە كە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ لایەنە كوردییەكاندا هەیە و بەردەوام سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات. لیستی كاندیدەكانی رەوتی حیكمە بۆ پارێزگای سلێمانی: 1-    قادر حەمەرەئوف مەجید/ سەرۆكی لیست 2-    عیسا رەشید عەبدولفەرەج 3-    خواستی ئیسماعیل عەلی محەمەد 4-    سوارە عومەر كەریم ئەحمەد 5-    چراخان لەتیف عارف محەمەد ساڵح 6-    عەبدولسەمەد فاتیح فەتاح ئیسماعیل  7-    شۆڕش ئەحمەد حەمەئەمین ساڵح 8-    دڵسۆز عەلی عارف قادر 9-    نامیق عەبدوڵا محەمەد كەریم 10-    زارا كەریم ئەحمەد شەریف  11-    رەنجدەر فەتاح رەشید فەرەج 12-    گوڵاڵە جەلال ساڵح شەریف 13-    سندوس نەجمەدین مەجید مەعروف 14-    سەركۆ عومەر محەمەد ئەحمەد لیستە عێراقییەكان 47 كاندیدیان لە هەرێمی كوردستان هەیەو 4 رەوت و هاوپەیمانێتی عێراقی لە هەرێم كاندیدیان هەیە     ئیئتیلافی نیشتمانی  ئیئتیلافی نیشتمانی كە ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات بەهەمان شێوە لیستێكی لە پارێزگای سلێمانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەلاوی لە سلێمانی لە (4) كاندید پێكدێت: 1-     سامان عوسمان حسێن مەحمود/ سەرۆكی لیست 2-    سیروان موحسین خالید جەمیل 3-     زێڕین ئەحمەد ئەمین عەزیز 4-     شیرین جەمال فەرەج قادر   هاوپەیمانی سەركەوتن " النصر": هاوپەیمانی سەركەوتن كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات لە (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) لیستی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی عەبادی لە سلێمانی (9) كاندید لەخۆدەگرێت: 1-     ژیان عەبدوڵا نوری عەبدوڵا 2-     محەمەد نوری سەیفەدین محەمەد نوری محەمەد سەعید 3-    ئیبراهیم رەشید عەبدوڵا عارف 4-     بەكر حەبیب مەحمود محەمەد 5-    ئومێد عەبدوڵا ساڵح عەبدولڕەحمان 6-     شادمان رەشید زۆراب عەلی 7-     سائیرە ئەكرەم محەمەد ساڵح 8-     شیان رەشید رەحیم ئەمین 9-     عیماد ئیسماعیل عەبدولقادر یوسف عەممار حەكیم 14 كاندیدی لە سلێمانی هەیە، ئەیاد عەلاوی 4 كاندیدی لە سلێمانی هەیە، عەبادی لە سلێمانی 9 كاندیدی هەیە، عەبادی لە هەولێر 8 كاندیدی هەیە، عەبادی لە دهۆك 6 كاندیدی هەیە   هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای هەولێریش لیستێكی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی هەولێری حەیدەر عەبادی پێكدێت لە (8) كاندید: 1-    جەرجیس محەمەد حسێن عەدیل (جەرجیس گولیزادە)/ سەرۆكی لیست 2-    عیماد كەمال سەعید مەولود 3-    بەدیع شەرەفەدین عەزیز رەفیق 4-    ھیمان  رەمزی مەحمود عەلی 5-    خالید عەلی فارس ئەمین 6-    ئیبراهیم سەمین ئەمین خورشید 7-    ئەسرا شەرەفەدین عەزیز رەفیق 8-    فەرقەد محەمەد زەیدان زەنون هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی بەهەمان شێوە لە پارێزگای دهۆك لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەبادی لە پارێزگای دهۆك پێكدێت لە (6) كاندید: 1-     ناسر تۆفیق رەشید/ سەرۆكی لیست 2-     شێركۆ عابید محەمەد رەشید 3-     رەوشەن عەبدولسەلام حەسەن ئەتروشی 4-     ئەنوەر محەمەد مەعسوم ئەنوەر 5-     فادیە حسێن محەمەد ئەمین 6-     عومەر عەلی سەعید عەبدولقادر رەوتی نیشتمانی عەشائیری لە عێراق ئەمەش رەوتێكی عێراقییە و لە پارێزگای هەولێر لیستێكی هەیە و لیستەكە لە (6) كاندیدی هەیە: 1-    فەیسەڵ عارەب حەمەد ئیسماعیل 2-    زانا عەزیز كەریم جەرجیس / سەرۆك زانا 3-    فازیل عەزیز كەریم جەرجیس 4-    دڵخۆش قادر ئیبراهیم قادر 5-    مژدە عەزیز كەریم جەرجیس 6-    دانا عەزیز كەریم جەرجیس  


بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هێندەی كەشوهەوای ساردی ئەم چەند رۆژە، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  لە هەرێمی كوردستان سارد بوو، سارد وسڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوەتە جێگای قسە وباسی چاودێرانی سیاسی، چەندین شیكاری دەكرێت بۆ هۆكاری لاوازی كەمپەینی هەڵبژاردنی ئەمجارە، هەرچەندە هەڵمەتی ساردی هەڵبژاردنەكان بە بەڵێنی گەرمی لیستەكان بەرێوەدەچێت. هاوڵاتیان بەساردیەوە بەشداری دەكەن بەشێك لە هاوڵاتیان نائومێدبوون لە هەڵبژاردن و پەرلەمان، ئەگەر پێشتر لە هاوڵاتیان هەلبژاردن و خەباتی پەرلەمانیان بە شارێگای  گۆڕانکاری دانابێت، ئەوا ئێستا بەشێك لەخەڵكی ئەو قەناعەتەیان لا دروست بووە كە ئەنجامی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنەكان تەنها گۆڕینی ژیانی چەند كەسێك بووە و  زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش تا دێت بەدبەختتر دەبن و ژیانیان قورستر و نەهامەتیەكانیان زیاتر دەبێت. خەڵك هەموو جارێك دەنگ دەدات سەیر دەكات گۆڕانكاری روونادات و ژیانیان خراپتر دەبێت و باشتر نابێت، خەڵكی لە رابردوودا بەڵێنی گەورە و مژدەی گەورەی پێدراوە بۆ ژیانێكی باشتر بۆخۆیی و ماڵ و منداڵی بەڵام دیسان  خەونەكانی بوونە خەونی زڕاو، بە مانایەكی تر هەڵبژاردن و كورسی پەرلەمان نەیتوانی گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵكیدا بكات، بۆیە هاوڵاتیان لە بەڵێن و دروشمی هێزەكاندا ئومێد بۆ داهاتوو نادۆزنەوە . نەبونی گوتارێكی روون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد لیست و قەوارە سیاسییەكان و تەنانەت كاندیداكانیش خاوەنی گوتارێكی روون نین و گوتارەكانیان لاواز و دووبارەن و حیزبەكان لە چوارچێوەی كۆمەڵێك دروشم و بەڵێنی  سواودا دەخولێنەوە،  بەڵێنەكانیان هەموو دووبارەن و بەرنامە و ئەجێندای نوێیان پێ نیە كە خەڵكی ئۆمێدیان پێهەڵبواسێت بۆ باشتركرتنی ژیانیان. لە كاتێكدا هەڵبژاردنەكان بۆ بەغدادە بەڵام لیست و كاندیدەكان بەڵێنی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە كوردستان دروستكردنی پرۆژە و ئۆتۆمبێلی كارەبایی بە هاوڵاتیان دەدەن، لە كاتێكدا هەموو دەزانن ئەركی پەرلەمانتار لە بەغداد دەركردنی یاسا و چاودێریكردنە نەك بەڵێنی گۆرینی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێم كە وەزیفەی ئەو نیە... پێدانی ئەم بەڵێنانە بە هاوڵاتیان بەجۆرێك لە جۆرەكان، سەرلێشێواوویە و گوتارێكی بەتاڵە و تەعبیر لە ئیفلاسی دەكات، چونكە ئەو بەڵێنانە بۆ پەرلەمانی كوردستانیش ناگونجێت نەك پەرلەمانی عێراق.  هەموو هەڵبژاردنێك خەڵكی كۆمەڵێك پەرلەمانتار دەنێرێت بۆ بەغداد بەڵام دوایی لێیان دەپرسن بۆ هیچ ناكەن دەڵێن ئێمە كەمینەین، لەگەڵ ئەوەی كورد كەمینەیە لە بەغداد و رێژەكەی ناگاتە 20% بەڵام پەرتەوازەشە لە بەغداد و نەبوونی گوتاری هاوبەشیان لە بەغداد، كە ئەمە وایكردووە هەم خەڵكی هەم لیستەكان خۆشیان نائومێد بن بۆ هەڵبژاردن، پێشتر كورد كێشەی خاك و دەسەڵات و مافە نەتەوایەتییەكان و بەشداری سیاسی هەبوو لە بەغداد، بەڵام ئێستا خەونەكانی هێندە بچوكبوونەتەوە كە خۆی تەنها لە موچەدا دەبینێتەوە، لەكاتێكدا موچە مافە لەبەرامبەر ئەركدا، نەك منەت. قەیرانی دارایی لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە دوای دروست بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، بارودۆخ و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان بەرەو خراپی رۆیشت ئەمەش وایكرد كە تاكە خەمی خەڵكی دابینكردنی موچە و بژێوی ژیانی بێت، خەڵكی پێی وایە ئەو قەیرانانە هەمووی دروستكراون و ململانێی سیاسیین نەك كارەساتی ئابوری، بە بەردەوام نەوتی كوردستان فرۆشراوە، كە داهاتی نەوت 25 دۆلار بووە خەڵكی بەجۆرێك موچەی دروست كردووە و نەوت بوە بە 70 دۆلار هەر هەمان موچە وەردەگرێت، بۆیە خەڵكی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا روبەرووی گەورەترین قەیران و نەهامەتی بووەوە و نە حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن نە حزبەكانی دەسەڵات چارەیەكیان بۆ دۆخەكە پێنەبوو، بۆیە هاوڵاتیان لەوپەڕی نائومێدیدان لەبەرامبەر بەڵێن و كردەوەی حزبەكان، ئەم نائومێدیە گوازراوەتەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ساردكردووە.  ریفراندۆم و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی  ریفراندۆم كێرڤی ئومێدی هاوڵاتیانی زۆر سەرخست، بەڵام شكستی ریفراندۆم و دیمەنی كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك و رادەستكردنی 51%ی خاكی كوردستان، بەتایبەتیش مامەڵەكردنی بەغداد وەك براوەی ئەو جەنگەی كە پێشمەرگە و كورد قوربانی زۆری لە پێناودا، ئەمە بێهیوایی زۆری لای تاكی كورد دروستكرد، بەجۆرێك نەك هەر تاكی كوردی بەڵكو هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش بەرچاویان رونیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد و روئیایەكی  رۆشنیان بۆ داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد نیە. كێ زیان دەكات لە ساردی هەڵمەتی هەڵبژاردن ساردی پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گشتی هەموو لیستەكان زیانی لێ دەكەن ، بەو پێیەی ئاستی رێژەی بەشداریكردن كەم دەبێتەوە و بەهای كورسی زیاد دەكات، بەڵام ئەوەی زۆرتر زیانی پێدەگات ئەو هێزانەن كە پشتیان بە چینی خوارەوە كۆمەڵگە بەستووە، ئەوچینەی كە پەراوێزترین چینی كۆمەڵگەن، كە قەیرانی ئابوری و خراپی خزمەتگوزاری هاڕیونی، ئەوانە نائومێدترین چینن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، كە لە هەڵمەتەكانی پێشتر بە گەرمی بەشداریان كردووە بە ئومێدی گۆڕینی ژیانیان، بەڵام هەڵبژاردنەكان هیچی لە ژیانیان نەگۆڕیوە، بۆیە كەمتر بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەن، ئەمانە كەمتر دەنگدەری هێزەكانی دەسەڵاتن. دەنگدەری ئەو هێزانەن كە لە ئۆپۆزسیۆندان و لەبەرامبەر بەرەی دەسەڵات وەستاونەتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand