هێشتا رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕان هەڵنەوەشاوەتەوە
2018-05-17 18:01:21
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
ئەم رۆژانە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە لوتكەی ئاڵۆزیدایە، ئەم ئاڵۆزییانە لە كاتێكدایە لە نێوان ئەو دوو حزبەدا رێككەوتنێكی سیاسی هەیە و هێشتا ئەو رێككەوتنە بەشێوەی فەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە.
بەر لە دوو ساڵ و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنێكی سیاسییان ئیمزا كرد، رێككەوتنەكە لە (11) بەش و (25) ماددە پێكهاتووە.
نزیكەی ساڵێك و حەوت مانگ دوای ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە سیاسییە، بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە لە رۆژی 20/12/2017 كاركردنی بە رێككەوتنەكە هەڵپەسارد.
رێككەوتنەكە بە ئامادەبوونی دوو كەس ئیمزا كرا كە ئێستا هەردووكیان لە ژیاندا نەماون كە ئەوانیش هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا)ن، دوای چەند ساڵێك ململانێی سیاسی توند، ئەوكات رێككەوتنەكە وەكو دەروازەیەك بۆ ئارامی و سەقامگیری بەتایبەت لە زۆنی سلێمانی تەماشا دەكرا، بەڵام وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا وادەرنەچوو، دوای ساڵێك لە ئیمزا كردنی تەنیا یەك خاڵی رێككەوتنەكە خرایە بواری جێبەجێكردن كە ئەویش خاڵی (2) ی ماددەی (بیست و پێنج)ە كە دەڵێ"دەقی تەواوی رێككەوتنەكە لە میدیاكاندا بڵاودەكرێتەوە و رایگشتی لێ ئاگادار دەكرێتەوە".
شكستهێنانی ئەو رێككەوتنە سیاسییە بەر لە ئیمزاكردنی پێشبینی كراو بوو، لە مەراسیمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەدا نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆتایی وتارەكەیدا وتی" عیبرەت لە نوسیندا نییە، بەڵكو لە جێبەجێكردندایە".
ئەوكات كە رێككەوتنەكە ئیمزا كرا، میدیاكانی هەردوو حزب وەكو هەنگاوێكی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز لە كوردستان وێنای رێككەوتنەكەیان دەكرد، لەمەشدا مەبەستیان هاوسەنگی هێز بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام دوای دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە، هێشتا تەرازووی هێز لاسەنگە و پارتی دیموكراتی كوردستان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا زۆرینەی بەدەستهێنا و لە ناوخۆی كوردستانیش پۆستی سەرۆك وەزیران و چەندین پۆستی سیادی تری بەدەستەوەیە.
دوای دوو ساڵ بەسەر ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەدا (درەو میدیا) هەندێك زانیاری لەبارەی چۆنیەتی ئامادەكردنی ئەو رێككەوتنە سیاسییە و هۆكاری شكستهێنانی ئاشكرادەكات.
دواین وێستگەی سیاسی نەوشیروان مستەفا
ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دواین وێستگەی ژیانی سیاسی نەوشیروان مستەفا بوو وەكو یەكێك لە سیاسەتمەدارە كاریگەرەكانی كوردستان.
ئەوانەی لە كۆچكردوو نەوشیروان مستەفاوە نزیكن لەبارەی ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەوە دەڵێن" ئامانجی نەوشیروان مستەفا ئەوە بوو لەدواین وێستگەی ژیانیدا كارێك بۆ ناوچەی سلێمانی بكات و ئارامی و سەقامگیری سیاسی لەم ناوچەیە دروستبكات، هەر ئەوەش هۆكارەكە بووە كە لە رێككەوتنەكەدا دەرگا بە كراوەیی هێڵراوەیەوە بۆ بەشداربوونی حزبەكانی تر تێیدا".
بەپێی هەندێك زانیاری كە لەبارەی پشتی پەردەی ئیمزاكردنی رێككەوتنە سیاسییەكە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا لە ئیمزاكردنی ئەم ریككەوتنەدا خوازیاری دووبارەكردنەوەی رێككەوتنی دروستبونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە لە ساڵی 1976دا، كە پێكهاتبوو لە چەند لایەنێكی جیاواز لەژێر چەترێكدا، بە مەرجێك سێ پایەی سەرەكی هاوپەیمانێتییەكە یەكبخرێت:
یەكەم: یەكخستنی هێزی پێشمەرگە
دووەم: یەكخستنی پەیوەندییەكان
سێیەم: یەكخستنی دارایی
شكستی یەكخستنی فراكسیۆنەكان
یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی رێككەوتنەكە كە هەرگیز نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، دروستكردنی ئیئتیلافێكی هاوبەش بوو بۆ فراكسیۆنەكانی هەردوو حزب لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هۆكاری شكستهێنانی یەكخستنی فراكسیۆنەكانی یەكێتی و گۆڕان بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە یەكێتی نیشتمانی داوای كردووە سەرۆكی فراكسیۆنی هاوبەشی هەردوو حزب لە بەغداد و كوردستان بۆ ئەوان بێت، بۆ ئەمەش بەهانەیان بەوە هێناوەتەوە بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغداد پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوەیە و لە كوردستانیش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتاوەی ئامادە نەبوو سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكانی بەغداد و هەولێر بە یەكێتی بدات، بەڵام دواتر ئامادەبووە سەرۆكایەتی فراكسیۆنەكان بە یەكێتی بدات، بەڵام سەرباری ئەوەش كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی رێگربوون لەوەی فراكسیۆنەكان یەكبخرێن.
پارتی و هەوڵی رێگری لە نوێنەری وڵاتان
سەرەتای شكستی رێككەوتنە سیاسییەكەی یەكێتی و گۆڕان لەو مەراسیمەدا دەركەوت كە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی (هۆتێل شاری جوان) لە سلێمانی رێكخرا، یەكێتی و گۆڕان نوێنەر و كونسوڵی هەموو وڵاتانی جیهانیان بانگهێشت كرد بۆ بەشداریكردن لەو مەراسیمە، بەڵام تەنیا نوێنەری ئێران و ئەمریكا وەك دوو وڵاتی دژ بەشدارییان كرد، ئەمریكاش لە ئاستێكی باڵادا بەشداری نەكرد و تەنیا كارمەندێكی كوردی كونسوڵگەری خۆی نارد بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمەكەدا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوكات فشاری لە نوێنەری وڵاتان كردووە بەشداری لەو مەراسیمەدا نەكەن.
ئەوەی جێگەی پرسیاربوو، دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە زۆرینەی لایەنە كوردی و عێراقییەكان و وڵاتانی بیانی پیرۆزباییان لە یەكێتی و گۆڕان كرد، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان.
شكستی كاری لیژنە هاوبەشەكان
دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنە سیاسییەكە، چەند لیژنەیەكی هاوبەش بۆ بوارەكانی میدیا و دارایی و پەیوەندییەكان.. دروستكرا، بەڵام پاش ماوەیەك كاری ئەو لیژنانە بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكان یەكێتییەوە بە هیواشی بەڕێوەدەچوون.
یەكێك لەو رەخانەی كە لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت ئەوەیە، خوێندنەوەیەكی دروستی نەبووە بۆ قەبارەی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی و كاریگەرییان لەسەر رێككەوتنەكە.
ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی هەر لە رۆژی یەكەمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەوە باڵی بەسەر رێككەوتنەكەدا كێشا، بڕیار بوو لە رۆژی یەكەمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە هەریەكە لە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی هەردووكیان لە یەك كاتدا دەنگی لەسەر بدەن و پەسەندی بكەن، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كاتژمێر 11 ی ئەو رۆژە رێككەوتنەكەی پەسەندكرد، بەڵام كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی بەهۆی ناكۆكییەوە پەسەندكردنەكەی بۆ ئێوارە دواخست.
هەر دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەش مەلا بەختیار بەرپرسی پێشووی دەستەی كارگێڕی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە وتارێكدا ئاماژەی بەوەدا كە رێككەوتنەكە شكستدەهێنێت.
ناوەندی بڕیار و نیگەرانییەكان لە رێككەوتنەكە
پارتی كە ئەوكات رێككەوتنێكی لەگەڵ بزوتنەوەی هەبوو بۆ پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان، بە فەرمی دژایەتی خۆی بۆ رێككەوتنەكە راگەیاند، ئەمەش بوو بە فشار لەسەر یەكێتی و گۆڕان، چەند مانگێك دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەش، باڵی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتی راگەیەندرا كە (كۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح) سەرۆكایەتییان دەكرد.
ناوەندی بڕیار بەپێی زۆربەی بۆچونەكان كاردانەوەی رێككەوتنە سیاسییەكەی یەكێتی و گۆڕان بوو، ناوەندی بڕیار بە ئاشكرا و نهێنی بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفایان تۆمەتباردەكرد بەوەی لە رێگەی ئەو رێككەوتنەوە پشتیوانی لە بەهێزبونی ماڵباتی مام جەلال دەكات.
سەركردایەتی هاوبەش
یەكێكی تر لەو خاڵە گرنگانەی رێككەوتنەكە كە جێبەجێكردنی دوچاری ئاستەنگ بوو، دروستكردنی سەركردایەتی هاوبەش بوو، بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەر درابوو، دەبوو سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان دوو هەفتە جارێك كۆبونەوە بكات بۆ جێبەجێكردنی كرۆكی رێككەوتنەكە، بەڵام لە ساڵی یەكەمی ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، سەركردایەتی هاوبەش لە بری ئەوەی (24) كۆبونەوە بكات، تەنیا (8) كۆبونەوەی كرد.
پرسی پێكهێنانی سەركردایەتی هاوبەش هەر لە بنەڕەتەوە بارگاوی بوو بە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان داوای كرد سەركردایەتییەكە لە (6) كەس پێكبهێنرێت، واتە (3) كەس لە یەكێتی و (3) كەس لە گۆڕان، بەڵام یەكێتی بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی و قایلكردنی باڵە ناڕەزییەكان داوای كرد سەركردایەتی هاوبەش لە (10) كەس پێكبێت، واتە (5) كەس لە یەكێتی و (5) كەس لە گۆڕان، دواجاریش پێشنیازەكەی یەكێتی خرایەبواری جێبەجێكردنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو پاشكۆیەی كە بۆ پێكهێنانی سەركردایەتی هاوبەش ئامادەكرابوو، تێیدا بڕیاردرابوو لەسەر ئەوەی ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی هاوبەش بەهیچ جۆرێك زیاد نەكرێت، تەنانەت ئەگەر یەكێك یان چەند كەسێكیش لەو سەركردایەتییە هاوبەشە واز بهێنن یاخود كۆچی دوایی بكەن.
هەر لە بارەی پرسی پێكهێنانی سەركردایەتی هاوبەشەوە، بڕیاربوو ئەم سەركردایەتییە لە هەموو ناوچەكانی كوردستانیش دروستبكرێت، بەڵام ئەوەش نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.
پێشێلكردنی رێككەوتنەكە
خەرقی گەورەی رێككەوتنەكە كە دواجار وایكرد گۆڕان رێككەوتنەكە هەڵپەسێرێ ئەوكاتە رویدا كە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دەركران و یەكێتی هەڵوێستی نەبووە، لە كاتێكدا بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە دەبوو هەڵوێستی هاوبەشیان لەگەڵ گۆڕان هەبێت.
دواتریش لە رۆژی 29/9/2016 كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار وەكو نوێنەری هەردوو باڵەكەی یەكێتی نشتیمانی كوردستان لەگەڵ بارزانی سەردانی بەغدادیان كرد، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ ئاگادارییەكی لەو گەشتە و ناوەڕۆكی گفتوگۆكان نەبوو، لە كاتێكدا بەپێی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە دەبوو بەیەكەوە بڕیار لەسەر هەموو پرسە گرنگەكان بدەن، ئەو هەڵوێستەی یەكێتی بەرپرسانی گۆڕانی نیگەران كرد.
رێككەوتنێكی مردوو
بەپێی هەموو پێوەرەكان رێككەوتنی سیاسی یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوەتی مردووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرەنجە هیچ یەكێك لەو دوو حزبە ئامادەنین هەواڵی مردنەكەی رابگەیەنن.
ناكۆكی نێوان یەكێتی و گۆڕان لە چەند رۆژی رابردوودا گەیشتە ئاستی روبەڕوبونەوە و پێكدادانی چەكداری، بەڵام بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە ئەوەی باسی لێوەنەكرا رێككەوتنە سیاسییەكە بوو.
بەشێوەیەكی گشتی رێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان هەر لە بنەڕەتەوە مەحكوم بوو بە شكست، ئەوەش لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی، یەكەم: ناكۆكی ناوخۆیی یەكێتی و دووەم: ناڕەزایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتیدا هەیە وتائێستا بە رەسمی هەڵنەوەشێنراوەتەوە.