Draw Media

كێ دەڕواتە بەغداد و كێ دەمێنێتەوە ؟!

كێ دەڕواتە بەغداد و كێ دەمێنێتەوە ؟!

2018-05-19 14:13:25


" هاوپەیمانی یەكلابوەتەوە و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو هێشتا بڕیاریان نەداوە"  
لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكانەوە، پرسی بایكۆتی پرۆسەی سیاسی لە بەغداد بوەتە باسی شەش لایەنی سیاسی هەرێمی كوردستان كە گومانیان لە راست و دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی د. بەرهەم ساڵح بڕیاری كۆتایی داوە بۆ بایكۆتكردن و پەرلەمانتارە دەرچووەكانی نانێرێت بۆ بەغداد، بەڵام فشاری زۆری ئەمریكی و ئێرانییەكان لەسەر هاوپەیمانیە بۆئەوەی رازیان بكەن بچنە بەغدا .
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، تائێستا یەكگرتوو یەكلانەبوەتەوە لەسەرئەوەی بایكۆت دەكات یان نوێنەرەكانی دەنێرێتە بەغداد، بەڵام بڕیارە سەركردایەتی ئەو حزبە سبەینێ یەکشەممە كۆببێتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، تا ئێستا بڕیاری یەكگرتوو ئەوەیە ئەگەر یەك هێزی ناڕازی بایكۆتی بەغداد بكات، یەكگرتوو هێزی دووەم دەبێت بۆ بایكۆت.
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ئێستا بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەشبووە، بەشێكیان پێیان وایە پێویستە بچنە بەغداد و بەشێكیشی پێیان وایە لەگەڵ بەرەی ناڕازی بن و بایكۆتی بەغداد بكەن.
هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە لەگەڵ ئەوەی رای زۆرینە لەگەڵ ئەوەیە بایكۆتی بەغداد بكەن، بەڵام بەشێكی كەمی سەركردەكانی گۆڕان مەیلیان بەلای ئەوەدایە ناكرێت بەغداد بۆ یەكێتی و پارتی جێبهێڵن و بە ئارەزووی خۆیان بڕیار بدەن، ئەوانە لایەنگری ئەوەن بەغداد بایكۆت نەكرێت ئەزمونی سوننەكان دێننەوە بەرچاو كە ساڵی 2005 بایكۆتیان كرد و زیانیان كرد، هەندێكیشیان پێیانوایە بەم دۆخەوە بچنە بەغداد پێگەیەكی لاوازیان دەبێت و دەبنە باشكۆی یەكێتی و پارتی لە بڕیارەكانی بەغداد، بەڵام زۆرینەی بنكە جەماوەرییەكەی گۆڕان لەگەڵ بایكۆتە و چاوەڕوانی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانین بۆ بڕیاری كۆتایی لەسەری.   
هەرچی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە لەسەر زاری شاسوار عەبدولواحدی سەرۆكی جوڵانەكەوە  هەر زوو راگەیەنرا كە دەچنە بەغداد و بایكۆتی ناكەن. 
بەڵام تا ئێستا متمانەی تەواوەتی لەنێوان حزبەكاندا دروست نەبووە و هەر كەسە و سەیری بەرژەوەندی خۆی دەكات لەو پرسەدا، بەو واتایەكی تر رووداوەكانی پێشوو كاریگەری لەسەر دروستكردنی كۆدەنگی هەیە و پێویستی بە متمانەی تەواوەتی لایەنەكان هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand