حزبەكان چەند كورسیان هێناوە و چەندیان بۆ دیاریكراوە
2018-05-19 15:16:28
(درەو میدیا):
حزبەكانی كوردستان پێشبینیان بۆ كورسیيەكانی خۆیان كردبوو، بەپێی لێكدانەوەو بارودۆخی هەرێمی كوردستان، بەڵام جیاوازیەكی زۆر هەیە لە نێوان پێشبینی ئەوان و دەنگەكانیان كە لەلایەن كۆمسیۆنە راگەیەنراوە، جیاوازیەكی ئیجگار زۆر هەیە لە نێوان پێشبنی ئەوان و ئەو دەنگەی بۆیان هاتۆتەوە.
یەكەم/ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
چاوی لە ( 6 كورسی ) بووە بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام (2 كورسی) بۆ هاتوەتەوە، بە پێی زانیاریيەكانی ( درەو میدیا) یەكگرتوو پێشبینیان كردبوو لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا زیاتر لە ( 6 كورسی) بهێنن، ( 2 كورسی سلێمانی و 1 كورسی هەولێر و 3 كورسی دهۆك) چاویان لە كورسیيەكی كەركوكیش بووە، بەڵام وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكاری و بردنی دەنگەكانیانەوە كورسییەكان كەمكراوەتەوە بۆ (2 كورسی).
یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق (4 كورسی) هەبوو ( 2 دهۆك و 2 سلێمانی ) لە هەڵبژاردنی 2018 دا تەنها (2 كورسی) بەدەستهێناوە ( 1 دهۆك و 1 سلێمانی).
دووەم/ بزوتنەوەی گۆڕان
دەنگی پێشبینیكراوی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لانی كەمی ( 9 كورسی) بووە، بەڵام ( 5 كورسی)یان بۆ دانراوە وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكاری و دەستكاریكردنی دەنگەكانیاینەوە، بەو پێیەی گۆڕان لە كەمترین حاڵەتدا ( 6 كورسی لە سلێمانی و 2 كورسی لە هەولێر و 1 كورسی لە كەركوك)بەدەستهێناوە، بەڵام بۆیانكراوە بە (5 كورسی) ، گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عێراق (9 كورسی) هەبوو (7 سلێمانی 2 كورسی هەولێر) لە هەڵبژاردنی 2018 دا تەنها 5 كورسی بەدەستهێناوە ( 1 كورسی هەولێر و 4 كورسی سلێمانی).
سێیەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
دەنگی پێشبینیكراوی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان ( 4 كورسی ) بووە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكارییەوە كەمكراوەتەوە بۆ ( 2 ) كورسی، بەو پێیەی ( 2 كورسی سلێمانی و 2 كورسی لە هەولێر) بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردنی 2014 دا ( 3 كورسی) بۆ دانراوە، ( 2 كورسی هەولێر و 1 كورسی سلێمانی).
چوارەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
بە پێی پێشبینیەكانی خۆیان هاوپەیمانی ( 7 كورسی ) بەدەستهێناوە بەمشێوەیە: ( هەولێر 2 كورسی و سلێمانی 4 كورسی و دهۆك 1 كورسی)، بەڵام تەنها ( 2 كورسی) بۆ دانراوە.
پێنجەم/ یەكێتی نیشتیمانی
بەپێی پێشبینیەكان یەكێتی تەنها ( 3 كورسی لە سلێمانی و 2 كورسی لە هەولێر و 3 كورسی لە كەركوك و 1 كورسی لە دیالە و 1 كورسی لە نەینەوا) بەدەستهێناوە، كە دەكاتە ( 10 كورسی )، بەڵام ئێستا 18 كورسی بەدەستهێناوە.
شەشەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان
پێشبینیەكان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، ( 2 كورسی لە سلێمانی و 6 كورسی لە هەولێر و 6 كورسی لە دهۆك و 4 كورسی لە نەینەوا)ی بەدەستهێناوە كە دەكاتە ( 18 كورسی ) بەڵام ئێستا 25 كورسی بەدەستهێناوە.
كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق وەك ئەوە وایە بۆیان دیاری كرابێت، بەو پێیەی ( هاوپەیمانی لە دەڤەری زەرد یەك كورسی بۆ دانراوە لە دەڤەری سەوز یەك كورسی بۆ دانراوە، یەكگرتوو لە دەڤەری زەرد یەك كورسی بۆ دانراوە لە دەڤەری سەوز یەك كورسی بۆ دانراوە، نەوەی نوێ لە دەڤەری زەرد 2 كورسی بۆ دانراوە لە دەڤەری سەوز 2 كورسی بۆ دانراوە، یەكێتی لە سلێمانی ۸ كورسی و پارتیش لە هەولێر ۸ كورسی ، یەكێتی لە كەركوك ٦ كورسی و پارتیش لە موسڵ ٦ كورسی) بۆیە دەوترێت ئەم دابەشكارییە بە سوتفە نیە و لە خۆوە نەهاتووە.