Draw Media

دوای 65 ساڵ لە دابڕان و سەرداننەكردنی هیچ سەرۆكێك بۆلای یەكتری ئەمرۆ هەینی كیم جۆنگ ئون، سەرۆكی كۆریای باكور بە سەردانێك  گەیشتە كۆریای باشوور و لەلایەن مون جای ئین، سەرۆكی كۆریای باشوورەوە پێشوازی لێكرا. وەك ئاماژەیەك بە شكاندنی بەستەڵەكی نێوانیان، سەرۆكی كۆریای باكور بەپێ هێڵی سوری سەربازی نێوان هەردوو وڵاتی بڕی.  ئەم سەردانەی ئون بۆ كۆریای باشوور دوای چەند كۆبوونەوەیەكی بەرپرسانی هەردوولادا هات، بەتایبەتیش  دوای كۆبونەوە  سەرۆكی كۆریای باكور لەگەڵ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە ئەو كات سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا بوو، بڕیاریشە لەداهاتوودا لەگەڵ  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە.    


راپۆرتی: درەو میدیا پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێكە لەو وێستگە گرنگانەی وێنەیەك لە قەبارەی ئەو گەندەڵییە گەورەیە ئاشكرادەكات كە پارتە سیاسەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی پێ تۆمەتباردەكرێت، ئەو پارە زەبەلاحەی كە هەندێك بە ماڵی سیاسی و هەندێكی تریش بە ماڵی ڕەش ناودێری دەكەن هاوشێوەی سەرچاوەكەی، بڕەكەشی نادیارە ، تائێستا هیچ پارتێكی سیاسی بەشێوەیەكی ڕوون و شەفاف بڕی ئەو پارەیەی ئاشكرانەكردووە كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان خەرجیدەكات، بەهۆی نەبوونی دەزگایەكی چاودێریش كە بەر لەوەی لەبڕی پارەی تەرخانكراو بكۆڵێتەوە، سەرچاوەكەی ئاشكرابكات، ئەم پرسە لە تاریكیدا ماوەتەوە. زۆرینەی ئەو پارت و كەسایەتیە حزبیانەی كە پرسیاری سەرچاوەی داهاتی تەرخانكراویان بۆ بانگەشەی لێدەكرێت وەڵامەكەیان ئەوەیە كە لەڕێی ئابوونەی ئەندامان و هاوكارییەوە كۆیدەكەنەوە، بەڕای زۆرێك ئەم وەڵامە بۆ هەر جێگایەكی تر ڕاستبێت بۆ هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە سێ‌ ساڵی ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی قوڵ بوەتەوە نەك هەر بڕواپێكەر نیە بەڵكو ئەو بڕوایەش زیاتر تۆخدەكاتەوە كە سەرچاوەی ئەم داهاتانە ماڵی گشتین و لەدەستی حزبدا بووە بە ماڵی سیاسی یان وەك هەندێك ناویان ناوە ماڵی ڕەش و پارتەكان لەپێناو مانەوە و بەهێزكردنی هەژمونی خۆیان بەكاریدەهێنن. ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق پاڵپشت بە بڕگەی 8 لەمادەی 4 لەیاسای كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان،  خەرجی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی بەپێی (سیستمی ژمارە  (1) بۆ ساڵی 2013)  ڕێكخستوە و بە كۆمەڵێك ڕێنمایی سنوری خەرجی قەوارە و كاندیدەكانی دیاریكردوە، بەكارهێنانی ماڵی گشتی و وەرگرتنی هاوكاریی دەرەكیشی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەكردوە، وێڕایی چەندین ڕێنمایی تر، بەڵام قەبارەی ئەو خەرجییە گەورەیەی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارت و قەوارە سیاسییەكاندا خەرجدەكرێت، ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ پابەندنەبوونی لایەنەكان بەو ڕێنمایانە. خەرجی پارت و قەوارە  سیاسییەكان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن تەنها لە چاپی فلێكس و پۆستەر و ئاڵا و لۆگۆی حزب و كاندیدەكانیان و ڕیكلامی كەناڵە جیاوازەكانی ڕاگەیاندن كورتنابێتەوە كە بەشی هەرە زۆری لە وڵاتانی دراوسێ‌ چاپدەكرێن و خەرجییەكەی بە چەندین ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت، بەڵكو پارەیەكی ئێجگار زۆریش لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەرجدەكرێت بۆ پڕوپاگەندە و هەزاران كەس بەناوی (سوپای ئەلیكترۆنی) خراونەتەگەڕ كە ئەركیان تەنها تەرویج و بانگەشەكردن نیە بۆ حزب و كاندیدەكان بەڵكو هێرشكردنە سەر لیست و قەوارەكانی تریش بەشێكی گرنگی ئەركەكانیانە. ناڕوونی سەرچاوەی دارایی حزبەكان وایكردوە سەرچاوەی خەرجییەكانیشان نادیاربێت و هەرچی دەوترێت لە چوارچێوەی خەمڵاندندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوە مانای وانیە ئەو تەمومژە چڕە دەستكردەی بوەتە بەربەست لە ڕێی ڕونبونەوەی ئەم پرسە دروستكراوبێت و بوونی نەبێت ، نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە لە ساڵی 2006وە بۆ 2014 لە لوتكەی جێبەجێكردنی عێراقدا بووە و ئیئتیلافەكەشی یەكێكە لە قەوارە بەهێز و بە هەژموونەكانی عێراق، لە نوێترین لێدوانیدا ئەوەش ئاشكرادەكات" لێشاوێك پارەی سیاسی ڕژاوەتە ناو عێراق بەئامانجی ساختەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هاوكات قەحتان جبوری وتەبێژی هاوپەیمانی (سائرون) بە ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەتی وتوە، بەداخەوە زۆربەی قەوارە و پارتە سیاسییە گەورەكان كە لەساڵی 2003وە، هەژمونیان كردوە بەسەر پرۆسەی سیاسییدا خاوەنی سامانێكی زۆرن لە ماڵی سیاسی و لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بەتەواوی ڕەنگدەداتەوە.         ئەوەی بەرچاوە و لەسەر زەمینی واقیع دەبینرێت، پارتە دەسەڵاتدارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان پشكی شێری خەرجییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەردەكەوێت، بەهۆی ئەو دەسەڵات و هەژمون و توانا داراییەی هەیانە، كە وەك بەشێك لەچاودێران ئاماژەی بۆ دەكەن، تەنها بۆ پرسی بانگەشەكردن بەكاریناهێنن، بەڵكو كاریگەری لەسەر ڕای دەنگدەر و بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنیش دروستدەكەن و بەشێكی گەورەی دەخەنە خزمەتی كڕینی دەنگ و چەواشەكردن و بەهەڵەبردنی هاوڵاتیان لەڕێی خستەگەڕی میدیای زەبەلاحەكانیان و كەرەستە جیاوازەكانی ئاڕاستەكردن كە خاوەندرێتی دەكەن تا دەگاتە بەكارهێنانی دامودەزگا جیاوازەكان دەوڵەت. ئەوەی بۆ زۆرێك لە چاودێران مایەی هەڵوەسەتە لەسەركردنە، خاڵی هاوبەشی بەرنامەی هەڵبژاردنی تەواوی لیست و قەوارە سیاسییەكان قسەكردنە لەسەر ژیانی خەڵك و باشكردن و بەرەپێشبردنی گوزەرانیان، بەڵام تائێستا نەبانگەشەكان بونەتە بەشێك لە پرۆسەی گەشەدان بەژیانی سیاسی و هۆشیاركردنی هاوڵاتیان و پارێزگاریكردن لە ماف و ئیرادەیان، نە زۆرینەی بەڵێنەكانیش بوون بەكردار و شتێكی بەرجەستە لە ژیانی خەڵك بگۆڕێت، بەڵكو ئەوەی هەیە بەوشێوەیە پێناسە دەكرێت كە بانگەشەكان لە ناوەرۆكدا شەڕی كۆمەڵێك حزب و قەوارەی سیاسییە، هەندێكیان بۆ مانەوە و بەشێكیشان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات لەژێر ناونیشانی خەڵك و بەپارەی خەڵك و خەڵكیشان كردوە بەكەرەستەی یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی پارتە سیاسیەكان مافی بانگەشە و ئیمكانیاتی دارایی و نمایشكردنی بەرنامە و دونیابینیەكانی خۆی نەبێت، بەڵكو قسەكە لەسەر ئەو پرۆسە ناتەندروستەیە كە لە تاریكیەكی تەواودا بەڕێوەدەچێت.  


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت " 30 پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق زمانی عەرەبی نازانن و لەم خولەدا هیچ قسەیەكیان نەكردووە" ئەمە قسەی شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئایا مەرجە پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەرپرسانی تری كورد لە دامەزراوەكانی عێراقدا زمانی عەرەبی بزانن ؟ (درەو) لەم راپۆرتەدا لەروانگەی یاساییەوە شیكاری بۆ پرسی زمان وەكو مافێكی بنەڕەتی دەكات لە دەستوری عێراقدا و وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە ئاخۆ مەرجە نوێنەرانی كورد لە بەغداد عەرەبی بزانن و بە عەرەبی قسە بكەن یاخود نا ؟ پاشخانێكی مێژوویی كورت بەر لەوەی باس لەوە بكرێت ئایا نوێنەرانی كورد مافی قسەكردنیان هەیە بە زمانی كوردی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، گرنگە باس لە ریشەی مێژوویی كێشەی زمانی كورد لە عێراق بكرێت، بۆ ئەوەش تەماشاكردنی پێگەی زمانی كوردی لە دەستورە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق سەرەتایەكی گرنگە. زمانی كوردی لە دەستورەكانی عێراقدا • دەستوری بنچینەیی عێراق  ئەم دەستورە لە ساڵی 1925دا نوسرایەوە، تاوەكو روخانی رژێمی پادشایەتی لە عێراق كاری پێكرا.  لەم دەستورەدا بەشێوەیەكی فەرمی زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی قسەكردنی دەوڵەت دانراوە و بەهیچ جۆرێك باسی زمانی كوردی نەكراوە، بەڵام لە ماددەی (16)ی بەشی یەكەم "مافەكانی گەل" ئاماژە بەوەكراوە" تائیفە جیاوازەكان مافی ئەوەیان هەیە خوێندنگە دروستبكەن بۆئەوەی تاكەكانیان بە زمانی تایبەتی خۆیان بخوێنن". • دەستوری كاتی عێراق  دەستوری كاتی دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 و كەوتنی رژێمی پادشایەتی و راگەیاندنی رژێمی كۆماری لە عێراق نوسرایەوە، لەم دەستورەدا بۆ یەكەمجار و لە مادەی (3)ی بەشی یەكەمدا ئاماژە بەوەكراوە" عەرەب و كورد هاوبەشن لەم وڵاتەدا"، لەمە زیاتر دەستورەكە بەهیچ جۆرێك باسی زمانی كوردی نەكردووە. • دەستوری 1960 شەستەكانی سەدەی رابردوو عێراق چەند كودەتایەكی سەربازی بەخۆوە بینیی، لەم ماوەیەدا دوو دەستوری كاتی بۆ عێراق نوسرانەوە، لە دەستوری ساڵی 1960 دان بەوەدا نرا كە لە چوارچێوەی یەكێتی نەتەوەییدا دان بەمافەكانی كورد دادەنرێت، بەڵام لە پرسی زماندا وەكو یەكێك لە مافە بنەڕەتییەكان دەستورەكە ئاماژەی بەوەكرد كە زمانی عەرەبی زمانی فەرمی وڵاتە. • دەستوری 1968 لەم دەستورەشدا زمانی كوردی پشتگوێخرا، زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی دەوڵەت دیاریكرا، بەڵام لە دەستورەكەدا لە بەشی سێیەم "ماف و ئەركە گشتییەكان" لە مادەی (21) دا دان بەوەدا نراوە كە "عەرەب و كورد لە ماف و ئەركەكاندا هاوتان و هیچ جیاكارییەك ناكرێت لە نێوانیاندا بەهۆی رەگەز و ئیتنیك و زمان و ئاین..". • دەستوری كاتی 1970 لەدوای قۆناغی كودەتاكانەوە ئەم یەكەمین دەستوری كاتی بوو كە بۆ عێراق نوسرایەوە، ئەم دەستورە تاوەكو ساڵی 1990 كاری پێكرا، ئەوەی ئەم دەستورەی لە دەستورەكانی پێش خۆی جیاكردەوە ئەوە بوو كە تێیدا جگە لە مافە نەتەوەییەكانی كورد، باسی لە مافی كەمە نەتەوایەتییەكانی تری عێراقیشی كردبوو. لە خاڵی (ب)ی مادەی (5)ی بەشی یەكەمی دەستورەكەدا كە تایبەتە بە پێناسەكردنی كۆماری عێراق ئاماژە بەوەكراوە" گەلی عێراق پێكدێت لە دوو نەتەوەیی سەرەكی، كە ئەوانیش نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كوردن، ئەم دەستورە دان بە مافەكانی گەلی كورد و هەموو كەمە نەتەوایەتییەكانی تردا دەنێت..". لەبارەی زمانەوە وەكو مافێكی بنەڕەتی، دەستورەكە لە دەستورەكانی پێش خۆی جیاوازترە و لە (ب)ی ماددەی (7)ی بەشی یەكەمدا بەڕونی نوسراوە"لە ناوچە كوردییەكاندا زمانی كوردی زمانی فەرمییە لە تەنیشت زمانی عەرەبیدا"، بەڵام سەرباری ئەمەش هێشتا هەر زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی وڵات دیاریكراوە. • دەستوری 1991 ساڵی 1991 دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان و گەلی شیعە لە باشوری  دژی رژێمی عێراق، دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی بەغدا پرۆژەی دەستورێكی نوێیان نوسییەوە، بەڵام ئەم دەستورە بەشێوەیەكی كرداری كاری پێنەكرا و تەنیا وەكو بانگەشەیەك مایەوە. لەم دەستورەدا زمانی عەرەبی وەكو زمانی فەرمی دەوڵەت دیاریكراوە، زمانی كوردی تەنیا لەو ناوچانە قسەی پێدەكرێت كە كوردنشینن. دەستوری هەمیشەیی 2005 و گۆڕانكارییە گەورەكە ساڵی 2003 رژێمی عێراق بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن روخێنرا، ساڵی 2005 دەستورێكی نوێ بۆ عێراق نوسرایەوە، ئەم دەستورە قەڵەمبازێكی گەورەی تێدایە بۆ مافە نەتەوییەكانی كورد بەتایبەتی زمان. لە مادەی بڕگەی (یەكەم)ی مادەی (4)ی بەشی یەكەمی دەستورەكەدا كە تایبەتكراوە بە "بنەما سەرەكییەكان" بەتەواوەتی دانراوە بە زمانی كوردیدا وەكو زمانی فەرمی وڵات و هاتووە" زمانی عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرمی وڵاتن..". مەرجە نوێنەرانی كورد زمانی عەرەبی بزانن ؟ لەبەر رۆشنایی ئەو مادەیەی دەستوری عێراق كە زمانی كوردی وەكو زمانی فەرمی وڵات دیاریكردووە، نوێنەرانی كورد دەتوانن لە دامودەزگاكاندا بە زمانی رەسەنی خۆیان قسە بكەن و لە مەرجەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیشدا بۆ كاندیدبوون هیچ مەرجێكی زمان دیارینەكراوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەكو یەكێك لە دامەزراوە سەرەكییەكانی دەوڵەتی نوێی عێراق سیستمێكی تەكنیكی جێبەجێكردووە كە دەرفەت لەبەردەم نوێنەرانی كورد دەڕەخسێنێت بە زمانی كوردی قسە بكەن و راستەوخۆ قسەكانیان وەربگێڕدرێتە سەر زمانی عەرەبی. لە خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران (4) كارمەندی هەبوو، بەڵام لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، محەمەد ئەبو بەكر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی: لەو چوار كارمەندە (2) كارمەندیان دوورخراونەتەوە و كارمەندێكیش كۆچی كردووە بۆ دەرەوەی وڵات و ئێستا بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ (1) كارمەندی هەیە كە فریای كارەكەی ناكەوێت. بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەكرد، داوای دامەزراندنی كارمەندی نوێی كردووە بۆ بەشی وەرگێڕانی راستەوخۆ، بەڵام بەبیانوی ئەوەی پلەی وەزیفی و دامەزراندن نییە، تائێستا هیچ كارمەندێك بۆ بەشەكەیان دانەمەزرێندراوە. سەرباری سیستمی تەكنیكی قسەكردن، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر سایتی فەرمی خۆی هەموو هەواڵ و بابەتەكانی تایبەت بە ئەنجومەن لە پاڵ زمانی عەرەبی بە زمانی كوردیش بڵاودەكاتەوە، لە ماددەی (149)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا زمانی كوردی وەك زمانی فەرمی ناسێندراوە. لە توركیا بەپێی دەستور زمانی توركی زمانی فەرمی قسەكردنە لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا، بەڵام سەرباری ئەوەش نوێنەرانی كورد بۆ بەرگریكردن لە زمان و ناسنامەی خۆیان زۆرجار یاساكان پێشێل دەكەن و بەزمانی كوردی قسە دەكەن، رەنگە چیرۆكەكەی (لەیلا زانا) باشترین نمونەبێت، بەڵام لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسا نوێنەرانی كورد بۆیان هەیە بە زمانی خۆیان قسەبكەن، كەچی كەمتەرخەمن. لە بری كاركردن بۆ جێبەجێكردنی مافی دەستوری كورد لەڕوی زمانەوە لە بەغداد، بەمدواییانە هەندێك لە حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەر لە دیاریكردنی كاندیدەكانیان، تاقیكردنەوەی زمانی عەرەبییان پێدەكەن، وەكو ئەوەی زمانی كوردی لە بەغداد یاساغ بێت، رەنگە لەمڕوەوە بەرپرسانی بەغداد خۆشحاڵ بن. لەبەرامبەردا هەندێك لە چاودێران بە باشی دەزانن نوێنەرانی كورد زمانی عەرەبی بەباشی بزانن، ئەمە نەك تەنیا بۆ قسەكردن، بەڵكو بۆ ئەوەی بەتەواوەتی زاڵ بن بەسەر كێشەی زمان و ئاستەنگەكانی تێگەیشتن لە یاساكان.      


رەند رەحیم وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ  12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، كە لە هەمانكاتدا بەردەوامیی و گۆڕانكاریی بەرجەستەدەكات، لە كەشێكی زۆر ناتەبادا، هەڵبژاردن لەسایەی ئەو وێرانكارییەدا بەڕێوەدەچێت كە شەڕ لەگەڵ داعش بەجێیهێشتووە لەگەڵ ئەو ناكۆكیی و ناتەباییە مەترسیدارەی لە نێو حزبە شیعە حكومڕانەكاندا هەیە، لەبەرئەوە دەنگدان لە 12ی ئایاردا وەكو تاقیكردنەوەیە بۆ وڵات بە دوای چەند ساڵێكی كەمی ئاڵۆزی و پشێوی. بە جیاوازییەكی كەم، هەمان یاریزانەكانی كە پێشتر سەرۆكایەتی گۆڕپانی سیاسی عێراقیان لە هەڵبژاردنەكانی 2006ەوە كۆنترۆڵكرد، هەژمونیان بەسەر هاوپەیمانێتییەكانی ئەم هەڵبژاردنەشەوە هەیە، هەرچەندە دەموچاوەكان وەك خۆیان ماون، بەڵام گۆڕانكاری گەورە لە هاوپەیمانێتییەكاندا روویداوە، دیارترینیان دابەشبوونی هێزی شیعەكانە كە دەسەڵاتداربوون لە شانۆی سیاسیدا. هاوپەیمانی شیعەكان ساڵی 2014 حزبە شیعەكان لە رێگەی سێ كۆمەڵەوە ركابەرییان كرد بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكانی پەرلەمان" هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، كە پاشان ئەندامانی رێكخراوی بەدریش چوونە پاڵی، هاوپەیمانێتییەكی تر بە رابەرایەتی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق و هاوپەیمانێتییەك بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر. دوای چەند هەوڵێكی شكستخواردوو بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی یەكگرتوو، شیعەكان لە هەڵبژاردنی 2018دا بە پێنج هاوپەیمانێتی بەشداری دەكەن: هاوپەیمانی " النصر" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، هاوپەیمانی " الفتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری وەزیری پێشووی گواستنەوە و سەرۆكی رێكخراوی بەدر، هاوپەیمانی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم، هاوپەیمانێتی " سائرون" بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر. چەند موفاجەئەیەك لەم پێكهاتە نوێیانەدا هەیە، گرنگترینیان دابەشبوونی حزبی دەعوەیە لە یەك قەوارەی هەڵبژاردنەوە بۆ دوو قەوارە " هاوپەیمانی النصر و دەوڵەتی یاسا"، حزبی دەعوە لە ساڵی 205ەوە حاكمی فیعلی عێراقە و سێ‌ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو حزبە بوون، دانانی عەبادی وەك سەرۆك وەزیران لە ساڵی 2014دا ململانێی لەسەر دەسەڵات لەگەڵ نوری مالیكی كە پێش ئەو لەو پۆستەدا بوو لێكەوتەوە، ململانێ و ناكۆكییە بەردەوامەكانی هەردوولا بووە كەرتبوونی حزب كە لە كاتی ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنەكاندا گەیشتە لوتكە، لە ئەنجامی ئەمەدا مالیكی و عەبادی دوو هاوپەیمانێتی جیایان پێكهێنا و كاندیدەكانی حزبەی دەعوە لەسەریان پێویست بوو یەكێكیان هەڵبژێرن، دیارنەمانی حزبی دەعوە پاشەكشێیەكی گەورەیە بۆ حزبەكە، بەڵام هەندێك لە ئەندامەكانی سورن لەسەر ئەوەی كە دوای هەڵبژاردن ریزەكانی حزبەكە یەكپێبگرنەوە، رەنگە ئەوە هیوایەكی كۆن بێت ژمارەیەكی زۆر لە شیعە نیگەران نین لەوەی ببینن حزبی دەعوە لاواز دەبێت و دەسەڵات لە دەستیدا نامێنێت. هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیش دابەشبوون و جیابوونەوەیەكی تری ریزەكانی شیعەیە بۆ چەندین دەیە، گروپێكی ركابەری دیاری ناو حزبەی دەعوە بوون، بەڵام بە چەند ساڵێك بە شێوەیەكە گەورە لاوازكران و لە ساڵی 2012شدا  رێكخراوی بەدر باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیابووەوە و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا چووە پاڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای حزبی دەعوە. ململانێی نێوان سەركرە گەنجەكان و ئەوانەی پێیان دەوترێت حەرەسی كۆنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی لە تەمموزی 2017دا درزی خستە نێو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی و عەممار حەكیم كە تووشی بێئومێدی بوو لە نەوەی گەورە و ویستی بۆ لاكردنەوە بەلای دەنگدەرانی گەنجدا لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی جیابووەوەو رەوتی حیكمەی نیشتمانی دامەزراند و بە هاوپەیمانێتییەكی تایبەت بە خۆی بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەكات و هەر ئەو كاتەش سەركردە تەقلیدییەكانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لەگەڵ هێزەكانی پێشوو و رێكخراوی بەدر لەژێر چەتری هاوپەیمانی " الفتح" دا كۆبوونەوە كە لە ساڵی 2014ەوە ئامادەكاری بۆ دەكرێت، كە چاوەڕواندەكرێت زیاتر لە هاوپەیمانێتییەكانی تری شیعە جەماوەر بۆ لای خۆی رابكشێێت و رۆڵێكی یەكلاكەرەوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بگێڕێت. موقتەد سەدریش یەكێك بوو لە موفاجەئەكانی تر، سەدر كەهەڵمەتێكی لەدژی گەندەڵی دەستپێكردبوو- تا ڕادەیەك بەشێوازێكی هەڵخەڵەتێنەر- بەوتەی رەخەنگرانی و داوایدەكرد سیاسییە ناكاران لەرەگ و ریشەوە دەربهێنرێت و داوای دژایەتیكردنی تائیفیەتیشی دەكرد، پەیامە پۆپۆلیستیەكەشی دەنگدانەوەی زۆری لای عێراقییەكان هەبوو كە لەو سیاسەتانە نائومێدبوون كە تەنها خزمەتی خۆیان دەكەن. لە تێكەڵبوونێكی چاوەڕوانەكراودا، رەوتەكەی سەدر هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ حزبی شیوعی پێكهێنا، ئەم شەراكەتە دوای دوو ساڵ لە هەماهەنگی نێوان سەدرییەكان و شیوعییەكان هات لە رێكخستنی خۆپیشاندانەكانی دژ بە گەندەڵی و تائیفیەت لە شارە گەورەكاندا، سەدر وەك شیوعییەكان وەك دەنگێكی بەهێز دژی دۆخی سیاسی دەركەوت، ژمارەیەك لە گروپە سوننە وشیعە بچوكەكان چوونە ناو ئەم هاوپەیمانێتییەوە، ئەوەش سروشتی تێپەڕێنەری ئاینەكانی پێبەخشی بە بەراورد بە لیستەكانی تر. ئەمە چی دەگەیەنێت؟ لە ساڵی 2014دا هەرسێ‌ هاوپەیمانێتییە شیعەكە 155 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی حزبی دەعوە 92 كورسی بەدەستهێنا، ئەنجومەنی باڵا 29 كورسی، سەدرییەكان 28 كورسی لەگەڵ شەش كورسی تری هاوپەیمانەكانیان، ئەمەش كەمتربوو لە ژمارەی داواكراوی كورسی بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمان كە 165 كورسییە، بۆئەوەش بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە پێویستیان بە پشتیوانی كورد بوو. لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگی شیعەكان بەسەر پێنج هاوپەیمانێتیدا دابەشدەبێت،  چاوەڕوان ناكرێت هیچ كامیان بتوانێت ژمارەیەكی زۆر كورسی بەدەستبهێنێت كە دەوڵەتی یاسا لە ساڵی 2014 بەدەستیهێنا، ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران پێشبیندەكەن هاوپەیمانی النصر و دەوڵەتی یاسا و الفتح ئەنجامی وەك یەك و نزیك لە یەكەوە بەدەستبهێننن ئەوەش دەبێتە هۆی ركابەری و ململانێ لە نێوان سەركردە شیعەكان و وادەكات زیاتر پشت بە پشتیوانی هاوپەیمانێتییە سوننەكان و كوردییەكان ببەستن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی. -------------- ركابەرە سوننەكان سەركردە تەقلیدییەكانی سوننە زیاتر لە شیعەكان پەرت و ناكۆكترن و رووبەڕووی زۆرترین ئاڵنگاری دەبنەوە بەهۆی داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعش و ئاوارەبوونی خەڵكەكەی، ئێستا سوننەكان لە دەوری دوو لیستی سەرەكی گردبوونەتەوە، یەكەمیان ئوسامە نوجێفی یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك كۆمار هاوپەیمانێتییەكی لەگەڵ ئەسیل نوجێفی برای پێكهێناوە كە پارێزگاری نەینەوا بوو لەكاتی داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، هاوپەیمانێتییەكەیان بەناوی " القرار" لە هەڵبژاردنەكاندا لە موسڵ و پارێزگاكانی تر بەشداریدەكات كە سوننە تێیاندا زۆرینەیە، بەڵام زۆر بەربڵاو نییە، سەلیم جبوری سەرۆكی ئێستای پەرلەمان  و ساڵح موتڵەگ، جێگری پێشووی سەرۆك وەزیران چوونە ناو ئیئتیلافی ئەیاد عەلاوی عەلمانی كە ناوی " هاوپەیمانی نیشتمانی" یە و دروشمی دژ بە تائیفیەت بەرزكردۆتەوە و بانگەشەی مەدەنیەت دەكات و ساڵی 2010ش پەناگەیەك بوو بۆ سوننەكان كاتێك زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام سوننەكانی تر لەوانە عەبدوللەتیف همیم پیاوی ئاینی بەناوبانگی سوننە دەستبەرداری دابەشبوونی تائیفی هێناوە و چووتە ئیئتیلافی " النصر" بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی. حزبە كوردییەكان لە دوای جیابوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دەركەوتنی چەند حزبێكی تر ، ئێستا كوردەكان بەرەیەكی یەكگرتوو نوێنەرایەتییان ناكات، كوردەكان بە پێچەوانەی سوننەی پەرتەوازەن، هەتا ئێستا سەنگی یەكلاكەرەوەی هاوسەنگی سیاسیی بوون لە عێراقدا،  ئەوان رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێدا، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك خۆی ماوەتەوە، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەهۆی ململانێ و ناكۆكی ناوخۆیی و جیابوونەوە دەناڵێنێت، كە بەهۆی ئەوەوە چەند حزبێكی بچوك دروستبوون، كە دیارترینیان گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەرهەم ساڵە، كە پێشتر بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، ئەگەر كوردەكان گەڕانەوە بۆ یەك بەرەی یەكگرتوو لەدوای هەڵبژاردنەكان لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە حكومەتی فیدراڵیدا، ئەوا رۆڵی دروستكەری پاشایان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بۆ دەگەڕێتەوە. دوای هەڵبژاردنەكان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرلەوەی هەڵبژاردن بێت بۆ ئەندامانی پەرلەمان، هەڵبژاردن و دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانە، ئەوەش لە پرۆسەی دانوستان و بەراوردكاری و قۆڵباداندا دەردەكەوێت كە دوای هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لە سەرەتاشدا لە ناوی ماڵی شیعەكاندا، ئەگەری چەند سیناریۆیەك لە ئارادایە بە پشت بەستن بەم گۆڕانكاریانە: ژمارەی  ئەو دەنگانەی كە سەركردەكان بەدەستی دەهێنن، توانای ئێران بۆ قەناعەتپێكردنی لیستی شیعەكان و فشارخستەرەیان بۆئەوەی هاوپەیمانێتی پێكبهێنن، هەروەها ئەگەری ئەوەی كە حزبە كوردییەكان جارێكی تر كۆدەبنەوە و بتوانن ببنە هۆكاری یەكلاكەرەوە، ئەمریكا دەستوەردانی دەبێت و دەستپێشخەری دەكات یان نا؟ ئێران سوود لە هەژمونی خۆی دەبینێت بەسەر هاوپەیمانێتییە گەورانەی كە شیعەكان رابەرایەتی دەكەن،  سیناریۆی بەهێز ئەوەیە كە هاوپەیمانێتییە كە لانیكەم چوار ئیئیتیلاف لەخۆ بگرێت بە هاوكارییەكی كەمی سوننە و كوردەكان وەك ئەوەی ساڵی 2014 روویدا و زەحمەت نەبوو بۆ ئێران كە بتوانێت لیستە شیعەكان قایل بكات كە بەسەر ناكۆكییەكانیاندا زاڵ بن و لە ژێر ئاڵای " هاوپەیمانی نیشتمانیی" كۆبوونەوە، لە ساڵی 2018دا پێویستە قایلكردنی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی الفتح ئاسانبێت كە- هەردووكیان پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ ئێراندا هەیە- بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ لیستەكەی حەكیم كە رەنگە لاوازترینیان بێت و لەوانەیە هیچ بژاردەیەكی نەبێت جگە لە چوونە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە، ئەگەرێكی كەمە بە رەچاوكردنی ئەنجامەكان عەبادیش بۆ مانەوەی لە گەمەكەدا بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە، زۆر لەوەش كەمتر ئەگەری ئەوەیە موقتەدا سەدریش بچێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە لەبەرئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ شیوعییەكاندا پێكهێناوە ئەمەش بەلای ئێرانەوە پەسەند نییە. بەڵام ئەگەر ئێران نەیتوانی مالیكی و عامری ملكەچ بكات ئەوا دوو گروپی شیعەی بەهێز دروست دەبن، یەكێكیان بە سەرۆكایەتی عەبادی، ئەویتر بە سەرۆكایەتی مالیكی و عامری، و هەر سێكیشیان چاویان لەوەیە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ خۆیان، یان بۆ كەسێكی سەر بەخۆیان بەدەستبهێنن، لێرەدا موقتەدا سەدر دەبێتە خاڵی یەكلاكەرە بۆ پێكهێنانی ئیئتیلافی حكومڕان، جگە لەوەش هەردوو گروپەكە پێویستیان بەوەیە ژمارەیەكی زۆر لە سوننە و كورد كێشبكەن بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و ئەوكاتەش ئەگەرەكان زیاتر دەبن. كوردەكان كە رۆڵی یەكلاكەرەوەیان بینی لەدیاریكردنی سەرۆك وەزیران لە 2010 و 2014دا، هێشتا دەتوانن كاریگەرییان لەسەر دیاریكردنی هەبێت، كورد دەتوانێت هەواڵی خراپ بە گوێی لایەنەكاندا بدات، لەوانەش توڕەیی لە بەرامبەر هەڵوێستی عەبادی بەرامبەر ریفراندۆمی سەربەخۆیی و هاتنی هێزەكانی حكومەت بۆ ناوچە جێ ناكۆكەكان و ئەزمونی تاڵ لەگەڵ نوری مالیكی لە ماوەی هەشت ساڵدا، هەموو ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی كوردەكان كاندیدێكی تر بەباش بزانن كە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت بە پێچەوانەی ئەوەوە دید و بۆچوونی سوننە بۆ عەبادی كەمتر تائیفییە و وەڵامی زۆری پێداویستییەكانی سوننەی داوەتەوە بەوەش زیاتر لە مالیكی و عامری قبوڵكراوە. ئەگەر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشووەوە حكوم بدەین ئەوا دوو نەگۆڕ هەیە: پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیران لە لایەن یەكێك لە لیستە سەرەكییەكانی شیعەوە بێت و مایەی رەزامەندی ئێران و ئەمریكا بێت، ئەوەش شێوازێكی جێگیربوو لە ساڵی 2010 و 2014، كاتێك ئێران و ئەمریكا بەجۆرێك لە جۆرەكان رێككەوتن. ژمارەیەك لە گۆڕانكارییەكان ئێران هاندەدەن كە دیدوبۆچوونی وابێت هاوپەیمانێتی بەهێز و جێگیری لە بەغدا هەبێت، لەلایەن ئێرانەوە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا بە هەڕەشە دادەنێت، لە بەرامبەریشدا دەكرێت گەرمبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و عێراق لەم دواییانەدا هەژموونی ئێران كەمبكاتەوە، دەستوەردانی ئێران لە سوریا و هەوڵدان بۆ بونیادنانی رێگەیاكی گەیاندنی هاوكاری یەكسەر بۆ سەر دەریای ناوەڕاست پێویستی بەغدا زیاتر دەكات و ئێران هەروەها پێویستی بە هاوپەیمانێك هەیە لە بەغدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەكانی، لە بەرامبەریشدا وادەردەكەوێت كە هەڵوێستی ئێستای ئەمریكا لە عێراق زیاتر خۆی لە شەڕی دژ بە داعشدا دەبینێتەوە زیاتر لە بونیادنانی هاوپەیمانێتییەكی دوورمەودا و پرسیار ئەوەیە كە هەژموونی ئەمریكا لە نێوان ساڵی 2010 بۆ 2014 چ كاریگەرییەكی هەبووە. حەیدەر عەبادی هەواڵیدا سیاسەتێكی هاوسەنگ لە نێوان ئەمریكا و ئێران پەیڕەوبكات لە چوار ساڵی رابردوودا، چەندین جار  ئەوەی راگەیاندووە كە عێراق نابێتە گۆڕەپانی جەنگی بەوەكالەتی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەكرێت هەڵبژاردنەكان و سیناریۆ جیاوازەكان بۆ هاوپەیمانێتیەكانی دوای هەڵبژاردن  ببێتە هۆی بەردەوامبی ئەم رێگا بێلایەنانە یان پەیڕەوكردنی سیاسەتی زیاتر خۆرهەڵاتی. *رەند رەحیم- باڵیۆزی پێشووی عێراق لە ئەمریكا و وەك هاوڕێی باڵای پەیمانگای ئەمریكا بۆ ئاشتی كاردەكات و دامەزرێنەر و هاوسەرۆكی دامەزراوەی عێراقە.


سبەی هەینی كیم جۆن ئون سەرۆكی كۆریای باكور سنوری سەربازی نێوان هەردوو كۆریا دەبڕێت بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ  سەرۆكی كۆریای باشوور و بەوەش كیم جۆن ئون دەبێتە یەكەمین سەرۆكی ئەو بەشەی كۆریا كە هێڵی سنوری سەربازیی نێوان ئەو دوو وڵاتەی نیمچە دوورگەی كۆریا مون ببڕێت. كیم جۆن ئون لە سەردانەكەیدا لەگەڵ مون جای ئین سەرۆكی كۆریای باشوور كۆدەبێتەوە ئەوەش یەكەمین دیدارە دوای زیاتر لە دە ساڵ كە سەرۆكی هەردوو كۆریا كۆبكاتەوە. چی باسدەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا؟ دەربارەی وردەكاری سەردانەكە، كۆریا باشوور رایگەیاند، مون جای ئین كاتژمێر 9:30 خولەك بەكاتی ناوخۆ لەسەر سنور كۆدەبێتەوە و هەردوو سەرۆك گفتوگۆ دەكەن لەسەر پێشنیاری ئەمدواییەی كۆریای باكور كە تێیدا ئارەزووی بۆ دەستبەرداربوون لە چەكە ئەتۆمییەكانی دەربڕیوە، هەرچەندە حكومەت سیئۆل هۆشداریدا لەوەی كە گەیشتن بە رێككەوتنێك لەسەر ئەو خواستەی كۆریای باكور " قورس" دەبێت، چونكە تەكنۆلۆژیای ئەتۆمی و پیشەسازی مووشەك لە كۆریای باكور لە دوای دوا گفتوگۆ دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوولاوە زۆر پێشكەوتووە. كۆبوونەوەی لوتكەی هەردوو سەرۆكی كۆریا بە دەستكەوتێكی بەهادار لێی دەڕوانرێت، دوای چەندین ساڵ لە ئاڵۆزی دۆخی نیمچە دوورگەكەو دوای چەندین مانگ لە كاركردن دێت بۆ هێوركردنەوەو و باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان سیئۆل و پیۆنگ یانگ و ئەوەش رێكەی خۆشكردووە بۆ كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان سەرۆكی كۆریای باكور و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە داهاتوویەكی نزیكدا. چاوەڕواندەكرێت هەردوو سەرۆكی كۆریا جگە لە باسكردنی چۆنێتی مامەڵكردن لەگەڵ پرۆگرام و چەكە ئەتۆمییەكانی پیۆنگ یانگ، بە شێوەیەكی رەسمیش پرسی ئاشتی نیمچە دوورگەكە دوای كۆتایی هاتنی جەنگی ( 1950- 1953) تاوتوێدەكرێت، جگە لە چەند پرسێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی نێوان هەردوو وڵات. وردەكاری كۆبوونەوەكە كیم جۆن ئون لەسەر سنوری هەردوو كۆریا چاوی بە مون جای ئین سەرۆكی كۆریای باشوور دەكەوێت، ئەمەش بەوتەی وتەبێژی سەرۆكی كۆریای باشوور، پاشان پاسەوانی شەرەفی كۆریای باشوور یاوەری كیم جۆن ئون دەكەن بۆ ئاهەنگێك كە لە گۆڕەپانێكی گوندی پانمونجومی سەر سنور بەڕێوەدەچێت، پانمونجوم ناوچەیەكی لە چەك داماڵراوی نێوان هەردوو وڵاتە. پاش ئاهەنگەكە و پشووی گەڕی یەكەمی دانوستانەكان، هەردوو سەرۆك بەجیا نانی نیوەڕۆ دەخۆن و وەفدی كۆریای باكور دەگەڕێتەوە بۆ سنوری وڵاتەكەی و پاشان دوای نیوەڕۆ هەردوو سەرۆك لە ئاهەنگێكدا درەختێكی سنەوبەر دەنێژن و خاك و ئاوی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە ناشتنیدا بەكاردەهێنن، وەك سیبموڵێك بۆ " ئاشتی و گەشەكردن"، دوای ئەوە هەردووو سەرۆك لە پانمونجوم بەیەكەوە دەڕۆن و گەڕی دووەمی دانوستانەكان دەستپێدەكات و كۆبوونەوەكە بە رێككەوتنێك كۆتایی دێت كە هەردوو سەرۆك ئیمزای لەسەردەكەن و پاشان بەیاننامەیەكی هاوبەش دەخوێننەوە. پاشان لە كۆریای باشوور ئاهەنگێك سازدەكرێت و شریتێكی ڤیدیۆی نمایشدەكرێت بە ناونیشانی " بەهاری یەكگرتنەوە" دواتر سەرۆكی كۆریای باكور دەگەڕێتەوە وڵاتەكەی. كێ‌ ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبێت؟ هەردوو سەرۆك لە كۆمەڵگەیەكی سەربازی لە چەك داماڵراوی نێوان هەردوو وڵات كۆدەبنەوە، وەفدێكی نۆ كەسی یاوەری سەرۆكی كۆریای باكور دەكەن كە یەكێكیان كیم یو جۆنگی خوشكییەكی كە ئەمساڵدا سەرۆكایەتی وەفدی كۆریای باكوری كرد بۆ یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی زستانە، هەروەها كیم یۆنگ نام سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای میللی كۆریای باكوریش یەكێكە لە ئەندامانی وەفدەكە. وەفدێكی حەوت كەسی لە لێپرسراوان لە نێویشیاندا وەزیرانی بەرگری و كاروباری دەرەوە و كاروباری یەكگرتنەوە یاوەری سەرۆكی كۆریای باشوور دەكەن لە كۆبوونەوەكەدا. ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە: بی بی سی  


چاوپێكەوتنی/ نیاز عەبدوڵا  - هەولێر  دكتۆر جه‌رجیس گولیزاده‌ سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی " النصر" سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ولێر، كه‌ هاوكات یه‌كێكه‌ له‌و نووسه‌ره‌ كوردانه‌ی به‌ زمانی عه‌ره‌بی چه‌ندین ساڵه‌ ده‌نووسێت و له‌ سایت و رۆژنامه‌ ناسراوه‌كانی عێراق و وڵاتانی عه‌ره‌بی بابه‌ته‌كانی بڵاوكردوەته‌وه‌، له‌ 28ی ئایاری 2010 له‌ دژی تیرۆركردنی رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان شیعرێكی به‌ زمانی عه‌ره‌بی بڵاوكرده‌وه‌ به‌ ناونیشانی "سه‌رده‌شت بۆ قه‌ڵه‌م چیایه". ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی ره‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ له‌ چۆنییه‌تی ئیداره‌دانی سیاسه‌تی ئابووری و مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ. ئێستا ئه‌و له‌گه‌ڵ 7كاندیدی دیكه‌ له‌ هه‌ولێر كه‌ 5 له‌و كاندیدانه‌ توركمانن و دوو له‌وانیش خوشك و بران، كیبڕكێ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ لیسته‌ كوردی و عه‌ره‌بییه‌كانی تر بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق. بۆیه‌ " دره‌و میدیا " له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ جه‌رجیس گولیزاده‌ پاڵنه‌ره‌كانی بوونی ئه‌و لیسته‌ له‌ كوردستان ده‌خاته‌ به‌رباس. ‌  دره‌و میدیا: هاوپه‌یمانێتی " النصر" بۆچی بڕیاریدا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شداری ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات و له‌ پارێزگاكانی لیستی هه‌بێت؟ جه‌رجیس گولیزاد: خودی دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پاش ئه‌و دۆخه‌ ئه‌منیی و سیاسییه‌ی له‌ دوای هاتنی داعش دروست بوو، به‌ تایبه‌ت پاش زاڵبوون به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعش بۆچوونێكی تایبه‌تی بۆ دروست بوو به‌وه‌ی‌ ده‌بێ دیدگایه‌كی نوێ به‌سه‌ر دۆخی پڕ كێشه‌ی عێراق زاڵ بێت.  بۆیه توانی دیدگایه‌كی عێراقی بخاته‌ روو، كه‌وا ته‌ركیز ده‌كاته‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێك له‌وانه‌.  یه‌كه‌م: سیستم و پرۆسه‌ی سیاسی عه‌یبداره‌ و دیدگای نوێی پێویسته‌ كه‌ له‌ ژێر سایه‌ی حكومه‌تێكی ره‌شید و دوور له‌ مه‌زهه‌بگه‌رایی‌ و موحاسه‌سه‌ و كێشه‌كانی نێوان كورد و عه‌ره‌ب به‌ڕێوه‌ ببرێت. دووه‌م: ده‌خوازێت سه‌قامگیری ئه‌منی و سیاسی له‌ عێراق هه‌بێت و‌ عێراق جارێكی تر دووچاری بوومه‌له‌رزه‌ی تیرۆر نه‌بێته‌وه. سێیه‌م: ئه‌وه‌ی زۆر لا گرنگه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئابووری ببووژێته‌وه‌. له‌ روانگه‌ی ئه‌و كێشه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌ سیاسییه‌كان هۆكاره‌كه‌ی ئابوورییه‌و و ده‌یه‌وێت ئه‌و بوژانه‌وه‌یه‌ له‌ رێگای بازرگانی و كشتوكاڵ و سه‌رجه‌م كه‌رته‌كان به‌رجه‌سته‌ بكات. بۆیه‌ ده‌یه‌وێت په‌یامه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ هه‌موو پارێزگاكان و ته‌واوی عێراق، له‌و روانگه‌یه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ نێو پلانه‌كه‌ی ئه‌و. دره‌و میدیا: ئه‌نجامدانی ریفراندۆم چه‌ند پاڵنه‌ر بوو تا ئێوه‌‌ روو له‌ كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: به‌ هۆی ریفراندۆم به‌غداد هه‌ستیكرد خه‌ڵكانێك هه‌ن له‌ كوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق هه‌وڵده‌ده‌ن. به‌ حیساباتی ستراتیژی و جیۆپۆلۆتیكی ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداد به‌ حاڵه‌تێكی ترسناك زاندرا. تائێستا ئه‌و دیدگایه‌ له‌ناو عێراقییه‌كان دروست نه‌بووه‌ كه‌ تیگه‌یشتنیان بۆ بابه‌تی مافی نه‌ته‌وایه‌تی كورد هه‌بێت یان تێگه‌یشتنیان بۆ جیابوونه‌وه‌ی كوردستان هه‌بێت. ئیتر له‌به‌رئه‌وه‌ دكتۆر حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌ستی كرد پیویسته‌ خۆی بێته‌وه‌ ناو كورد و هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی هه‌ردوولا له‌ په‌یامی یه‌كتری بگه‌ن، بۆیه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم پاڵنه‌ر بوو بۆ به‌شداریمان له‌ كێبڕكێی راسته‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان . بۆ نموونه‌ به‌غداد به‌ كورد ده‌ڵێت من دوژمنی تۆ نیم و شه‌ریكی ده‌ستووری تۆم، له‌ هه‌مان كات كوردیش ده‌بێت له‌و په‌یامه‌ تێبگات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌سه‌ر ئاستی خاڵی هاوبه‌ش بێت بۆ ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی كه‌ بتوانن ئیداره‌یه‌كی مۆدێرنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بكه‌ن به‌بێ كێشه‌و به‌بێ قه‌یران. سەرۆكی لیستەكەی عەبادی لە هەولێر: - بەشداریكردنی لیستەكەی عەبادی لە هەرێم رەمزیە وەك لەوەی بۆ دەنگ كۆكردنەوە بێت. - تا ئێستاش ئەرزیەت دروست نەبووە كە بەئاسایی تەماشای عەبادی بكرێت لە هەرێمی كوردستان    دره‌و میدیا: به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق ده‌كرد ئێستا كاندیدن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، پێتوایه‌ ده‌توانن كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد چاره‌سه‌ربكه‌ن؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: به‌ڕاستی من وای بۆ ناچم ئه‌وانه‌ بتوانن ئه‌و رۆڵه‌ ببینن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌مان رێچكه‌ی پێش ریفراندۆم یان هه‌مان بیروبۆچوونی ریفراندۆم-یان هه‌بێت ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی گه‌وره‌یه‌ له‌ بیری ئه‌و كه‌سانه‌. ئه‌وه‌ واده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و كه‌سانه‌ خوێندنه‌وه‌یان به‌گشتی بۆ دۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان نییه‌، خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌ستووری عێراق و دۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی نییه‌. ده‌بێ تێبگه‌ین ئێمه‌‌ 1974 زه‌ربه‌مان پێكهو‌ت و شۆڕشی كورد تووشی شكست بوو. ئه‌م جاره‌ش به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ تووشی شكستێكی تر بووین. له‌ ده‌رگا‌ی واشنتنمان دا ئه‌نجامی نه‌بوو، قیاده‌ی سیاسی كوردی له‌ ده‌رگا‌ی ئه‌نقه‌ره‌ تاران-ی دا هه‌ر ئه‌نجامی نه‌بوو، كه‌واته‌ ته‌نیا ده‌رگا و رێگا كه‌ بۆ كورد هه‌یه‌ له‌‌و مێژووه‌ی ئێستا به‌غدایه‌. بۆیه‌ ده‌بێ زۆر به‌ ئاقڵی و زیره‌كانه‌ به‌غداد بخوێنینه‌وه‌. ئه‌وه‌ش ئینكاری ناكرێ له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌دوای رووخانی‌ رژێمی سه‌دام حوسێن باشترین ده‌ستوور چه‌سپابێت له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌موو جیهان كه‌ مافی كوردی تێدا چه‌سپابێت ده‌ستووری نوێی عێراقه‌‌. به‌ به‌راورد به‌ مافه‌كانی كورد له‌ ئاستی توركیا و ئێران ئه‌م مافه‌ ده‌ستووریانه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌، ته‌نانه‌ت به‌ 500 ساڵیش له‌ توركیا و ئێران كورد ناگه‌نه‌ ئه‌م مافانه‌. وه‌ك مافی دروست كردنی كیانی فیدڕاڵی، مافی ده‌رهێنانی ده‌ستوور بۆ هه‌رێمی كوردستان، مافی دانانی حكومه‌ت و مافی هه‌ڵبژاردن و مافی دانانی په‌رله‌مان، ئه‌وانه‌ مافی گه‌وره‌ن‌ ‌بۆ كورد هاتوونه‌ته‌‌ جێ. هه‌رچه‌نده‌ خۆشمان به‌شدارین له‌ نووسینی ده‌ستووری عێراق، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه‌ ئه‌و مافانه‌ی خۆمان بكه‌ینه‌ یاسا و یاسای بۆ ده‌ربینین تا تووشی ئه‌و كیشانه‌ نه‌بین كه‌ ئێستا تووشی بووین. دره‌و میدیا: تۆ وه‌ك كوردێك كه‌ سه‌رۆكایه‌تی لیستی هاوپه‌یمانی " النصر" ده‌كه‌یت له‌ هه‌ولێر، رووبه‌ڕووی چ ره‌خنه‌یه‌ك بوویته‌وه‌؟ چی پاڵنه‌ڕبوو ئه‌و كاره‌ بكه‌ی؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ ته‌كلیفه‌. ئیتر ئه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی من ئه‌و ژماره‌یه‌ی داوه‌ته‌‌ من. من له‌ بنه‌ماوه‌ كه‌وتوومه‌ته‌ ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ و ‌خۆم چه‌ند په‌یامێكم هه‌یه‌ ده‌مه‌وێت له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غداد بگه‌یه‌نم، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌ربچم یان ده‌رنه‌چم ‌بۆ من كێشه‌ نییه،‌ خه‌ڵك ده‌نگم پێ بدا و ده‌نگم پێ نه‌دا بۆ من كێشه‌ نییه. به‌ڵام‌ ئه‌م سێ په‌یامه‌م هه‌یه‌: یه‌كه‌م: ئێمه‌ی كورد نابێ به‌چاوی دووژمن سه‌یری عێراق بكه‌ین. نابێ به‌چاوی دووژمنه‌وه‌ سه‌یری عێراقییه‌كان بكه‌ین. به‌دژی ئه‌وه‌ ده‌بێ به‌چاوی دۆستایه‌تی سه‌یری عێراق بكه‌ین. نه‌ك هه‌ر دۆستایه‌تی به‌ڵكو وه‌ك دۆستایه‌تی هاوبه‌ش سه‌یری به‌غداد بكه‌ین. دووه‌م: ئیمه‌ ئه‌و چه‌تره‌ی له‌ژێری كۆببینه‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستوور بێت و به‌ قوڵی‌ ده‌ستی پێوه‌ بگرین، چونكه‌ به‌ڕێژه‌ی 60بۆ70%ی مافه‌كانی كورد به‌ كاملی له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌توانین به‌دیبهێنین. به‌ڵام تائێستا ئه‌و بۆچوونه‌مان نییه‌ بۆ ده‌ستوور، سه‌ركردایه‌تی كوردی هۆكارن له‌ تووشبوونی كورد به‌و كێشه‌ و قه‌یرانانه‌. ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ئاقڵانه‌ و زیره‌كانه‌یان هه‌بووایه‌ بۆ ده‌ستوور خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بووایه‌ كه‌ ئێمه‌ هاوبه‌شین ئێستا تووشی ئه‌و كێشانه‌ نه‌ده‌بووین.  سێیه‌م: به‌غداد ده‌بێت به‌ دیدگای ستراتیجی سه‌یری كوردستان بكات، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێك ره‌گه‌زی ئابووری زۆر گرنگی هه‌یه.‌ سه‌رچاوی ئاوی عێراق له‌ كوردستانه.‌ سه‌رچاوه‌ی خاكی باش و پته‌و بۆ‌ كشتوكاڵ و‌ سامانی ئاژه‌ڵ‌ هه‌ر له‌ كوردستانه‌. كه‌واته‌ ده‌بێ ئه‌و دیدگا ستراتیجییه‌ له‌ به‌غداد دروست بێت، زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یری هه‌رێمی كوردستان بكرێت. كوردستان سه‌رچاوه‌ی ئابوورییه‌ ‌بۆ گشت عێراقییه‌كان. له‌ هه‌مان كات ئێمه‌ وه‌ك خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ سوود له‌و 30 ملیۆن كه‌سه‌ عێراقییه‌ وه‌ربگرین وه‌ك بازاڕی ئابووری ‌بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆمان، تاوه‌كو سه‌رچاوه‌ی ئابووری و دارایی زیاتر بدۆزینه‌وه‌ و‌ زیاتر بچینه‌‌ ناو ژیانی ئابووری خۆمان و هه‌نگاوبنێین بۆ زرگاربوون له‌م كێشه‌ داراییانه‌ی له‌م سێ بۆ چوار ساڵه‌ی رابردوو تووشی بووینه‌. دره‌و میدیا: گه‌وره‌ به‌رپرسانی نێو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌تان له‌ رۆژانی داهاتوو به‌ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگه‌كان دینه‌ هه‌رێم؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: ئه‌رزییه‌ت‌ دروست نه‌بووه‌ هاووڵاتی به‌ ئاسایی ته‌ماشای عه‌بادی بكات له‌ هه‌رێم. زۆرینه‌ی خه‌ڵك لێره‌ وا تێده‌گه‌ن عه‌بادی بۆته‌‌ هۆی ئه‌و ناتێگه‌یشتنه‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ روویدا. سه‌باره‌ت به‌ به‌رپرسه‌كانی تریش ئێستا زیاتر له‌ شاره‌كانی تری باشوور و به‌غداد خه‌ریكن، چونكه‌ ئه‌وان به‌ حیساباتی هه‌ڵبژاردنی خۆیان ده‌نگه‌كانیان له‌وێ مسۆگه‌ره‌. به‌شداربوونه‌كه‌ی ئه‌وان لێره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌كو به‌شدارییه‌كی ره‌مزییه‌ له‌وه‌ی سه‌نگی خۆی هه‌بێ له‌ پێناو هێنانی ده‌نگ، چونكه‌ ئه‌وانیش واقعین و خۆشم واقعیم وا ئاسان نییه‌ بتوانین له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌نگ بهێنین و ده‌نگه‌كه‌ش به‌ قه‌د كوردسییه‌ك یان دوو كورسی یان سێ كورسی بینین. دره‌و میدیا: ده‌نگدره‌كانی ئێوه‌ له‌ كوردستان كێ ده‌بن؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: ئه‌وعه‌ره‌بانه‌ی لێره‌ ده‌ژین ناتوانن ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی ئێمه‌ له‌ناو هه‌رێمی كوردستان بده‌ن، ته‌نیا ده‌نگ به‌ كاندیده‌كانی خواروو ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌ده‌ن به‌پێی پارێزگاكانیان. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان چه‌ندین ساڵه‌ لێره‌ن به‌ڵام نفوسیان نه‌گواستۆته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، نفوس گواستنه‌وه‌ش نییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئاسان هاووڵاتییانی هه‌رێم نفوسه‌كانیان بگوازنه‌وه‌ چونكه‌ كێشه‌كه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌. سه‌باره‌ت به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ ماوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفراندۆم دا جووڵه‌ به‌ سۆزی خه‌ڵك زۆر كرا، ئه‌وه‌ش‌ زۆر ناواقعیانه‌ بوو. سۆزه‌كه‌ هه‌ر به‌رزده‌بۆوه،‌ له‌ ناكاو تووشی شۆك بووین نه‌ده‌بووایه‌ به‌و ئاسته‌ سۆزی هاووڵاتییان له‌ په‌نای ریفراندۆم به‌و پله‌یه‌ به‌رز بكرێته‌وه‌، بۆئه‌مه‌ش ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ‌بوون زۆر تاوانبارن. نابێ سۆزی خه‌ڵك ئه‌وها گه‌مه‌ی پێ بكرێ و دوایی 99% خه‌ڵك دابڕووخێنن. دره‌و میدیا: چاوه‌ڕوانده‌كه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار‌ هێزه‌ كوردییه‌كان بتوانن هه‌مان رێژه‌ی پێشووی كورسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌؟ جه‌رجیس گولیزاده‌: زه‌حمه‌ته‌ بتوانن. ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان بتوانن 4كورسی به‌ده‌ستبهێنن به‌ پێی ئه‌م دۆخه‌ باشه‌. له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیش 40 بۆ 45كورسی بهێنن له‌گه‌ڵ كورسی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ 50 كورسی، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ كورد هه‌مان رێژه‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌.  


تیمێكی پزیشكی ئەمریكی سەركەوتوو بوون لە ئەنجامدانی یەكەمین نەشتەرگی چاندنەوە ئەندامی نێرینە لە جیهاندا و نەشتەرگەرییەكەیان بە سەركەوتوویی بۆ سەربازێكی سوپای ئەمریكا ئەنجامدا كە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوەوە لە ئەفغانستان ئەندامی نێرینەی لەدەستدابوو. لێپرسراوانی نەخۆشخانەی جۆنز هۆبكنز لە شاری باڵتیمۆری ویلایەتی مێریلاندی ئەمریكا رایانگەیاند یەكەمین نەشتەرگەری چاندنەوەی ئەندامێكی تەواوەتی نێرینە لە جیهاندا بۆ سەربازێكی ئەمریكی بە سەركەوتوویی ئەنجامدراوە. نەخۆشخانەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند تیمێكی پێكهاتوو لە نۆ پزیشكی پسپۆر لە نەشتەرگەری جوانكاریی و پسپۆری میزەڕۆ بە 14 كاتژمێر رۆژی 26ی مانگی ئازار ئەم نەشتەرگەرییەیان بۆ ئەو سەربازە ئەنجامداوە بەبێ‌ ئەوەی ناو و ناونیشانی سەربازەكە ئاشكرابكەن. نەخۆشخانەی جۆنز هۆبكز لەسەر ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی دەربارەی سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكە بڵاوكردەوە لەگەڵ ڤیدیۆیەكی روونكردنەوەی تایبەت بە هەنگاوەكانی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە. ڤیدیۆی روونكردنەوەی نەشتەرگەرییەكە:  ئەو تیمە پزیشكییەی سەرپەرشتی نەشتەرگەرییەكەیان دەكرد لەو نەشتەرگەرییەدا توانیان ئەندامێكی نێرینە و تورەكەیەكی گون بەبێ‌ هێلكەكانی لەگەڵ بەشێك لە دیواری سك بۆ ئەو سەربازە بچێننەوە و ئەوەش لەلایەن كەسێكی خۆبەخشەوە دراوە كە كۆچی دواییكردووە. ئەندرۆ لیی سەرۆكی بەشی نەشتەرگەری جوتنكاری لە كۆلێژی پزیشكی نەخۆشخانەكە لە بەیاننامەیەكدا وتی " هیوادارین ئەم نەشتەرگەرییە ببێتە هۆی گەڕانەوەی كاری میزكردن و ئەنجامدانی سێكس بۆ ئەو گەنجە لە كاتێكی نزیكدا. سەربازەكەش كە نەشتەرگەرییەكەی بۆ كراوە لە بەیاننامەیەكدا وتی:" كاتێك بۆ یەكەمجار لەداوی نەشتەرگەرییەكە بە ئاگا هاتمەوە هەستم بە دۆخێكی زۆر ئاسایی كرد ... هەروەها هەستم بە جۆرێك متمانەكرد، لە كۆتاییدا من ئێستا زۆر باشم." وەرگێڕانی : نامیق رەسول سەرچاوە : ئاژانسی رۆیتەرز  


ئامادەكردنی: فازل حەمە رەفعەت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی كە پێیدراوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، ژمارەیەك رێوشوێنی دیاریكردووە لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. بەپێی "سیستمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ژمارە 11ی ساڵی 2018" كە رۆژی 19/2/2018 لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە و خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەمانەی خوارەوە بە سەرپێچی دادەنرێن: • هەڵواسینی پۆستەری كاندید و لیستەكان لە دووری كەمتر لە 100 مەتر لە بنكەكانی دەنگدان یاخود بیناكانی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان. • بەكارهێنانی هەر ئامرازێك لە ئامرازەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی تایبەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كاندید و لیستەكانەوە بە مەبەستی بانگەشەكردن. • بەكارهێنانی پۆستەر و نوسراوی لەزگەی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن نوسین لەسەر دیوارەكان. • بەكارهێنانی بینای وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەكانی دەوڵەت و شوێنەكانی خوداپەرستی و سیمبوڵە ئاینییەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندید و لیستەكان. • بەكارهێنانی دروشمی فەرمی دەوڵەت لە كۆبونەوە و ریكلام و بڵاوكراوەكانی هەڵبژاردن و نوسرا و ئەو وێنانەی كە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردەهێنرێن. • بەكارهێنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دەسەڵاتە خۆجێییەكان و سەرچاوەكانی دەوڵەت لەلایەن كارمەندەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی یان هەر كاندیدێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران، ئەمە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكانیش دەگرێتەوە. • بەكارهێنانی سامانی گشتی یاخود بودجەی وەزارەتەكان و سەروەت و سامانی وەقفە ئایننییەكان و یان پارەی یارمەتی دەرەكی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا. • بەكارهێنانی هەر شێوازێك لە شێوازەكانی فشار و ناچاركردن و پێدانی دەستكەوتی ماددی و مەعنەوی یاخود بەڵێندان بە پێدانی ئەو دەستكەوتانە بەمەبەستی دانانی كاریگەری لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن • دەركردنی بەیاننامەی ساختە و بەكارهێنانی شێوازی ناوزڕاندن دژی كاندید یاخود حزبی سیاسی بەشدار لە پرسەی هەڵبژاردن یاخود دژی كۆمسیۆن. • بانگەشەكردن بۆ دروستكردنی ناكۆكی نەتەوەیی و ئاینی و تائیفی و خێڵەكی و هەرێمی لە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندید و لیستەكان، چ لەڕێگەی دروشم یاخود وێنە یان پەخشی تەلەفزیۆن و ئێزگە یان هەر ئامرازێكی تری راگەیاندن و پەیوەندیكردن. • پێشكەشكردنی دیاری یان هەر سودێكی تر یاخود بەڵێندان بە پێدانی ئەو شتانە بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران لەلایەن كاندید یاخود لیستەكانەوە. • پەیڕەوكردنی توندوتیژی و رق و ترساندن و پشتیوانیكردنی تیرۆر، یاخود هاندان بۆ ئەو كارانە لەلایەن كاندید و لیستەكانەوە لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. • دەستدرێژیكردن بۆسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی هەر لایەن یاخود كاندیدێكی تر. • دانانی پۆستەر یاخود بڵاوكردنەوەی بەرنامەی كار یان بڵاوكراوە و كارت بەناوی كاندیدێكەوە كە ناوی لە لیستی كاندیدەكاندا نەبێت كە لەلایەن كۆمسیۆنەوە پەسەندكراوە. • بەكارهێنانی سەرچاوەی دارایی نایاسایی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا. • بەكارهێنانی وێنە و ناوی سەرۆكی حزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان لەلایەن هەر كاندیدێكەوە لەكاتێكدا ئەو كەسانە لە لیست و حزبەكەی خۆی نەبن. سزای سەرپێچیكاران بەپێی هەمان سیستم كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بڕیاری لەسەرداوە، هەر كاندید یاخود لیستێك ئەو قەدەغەكراوانە بشكێنێت، بەمشێوەیە سزا دەدرێت: • ئاگاداركردنەوەی ئەو لایەنە سیاسییانەی كە سەرپێچییان كردووە بۆ لابردنی سەرپێچییەكە لەماوەی (3) رۆژ دوای ئاگاداركردنەوەی لە سەرپێچییەكە، لە حاڵەتی لانەبردنی سەرپێچییەكەدا سزا دەدرێت و ناویشی لە میدیاكاندا بڵاودەكرێتەوە. • دەبێت سەرجەم حزبە سیاسییەكان لە دوای رۆژی دەنگدانەوە لەماوەی (30) رۆژدا هەموو پۆستەر و بڵاوكراوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان لە شەقام و شوێنە گشتییەكان كۆبكەنەوە، بەپێچەوانەوە خەرجی لابردنی ئەو بڵاوكراوانەیان لێدەسەنرێت، ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانەوە دیاری دەكرێت. • كۆمسیۆن پارەی دڵنیایی ناگەڕێنێتەوە بۆ حزبە سیاسییە براوەكان تاوەكو پارەی سەرپێچییەكانیان نەدەن بە شارەوانی، ئەگەر پارەی دڵنیاییەكە بەشی پێدانەوەی ئەو سزایانەی نەكرد، یاخود سەرپێچییەكە لەلایەن لایەنێكی سەرنەكەوتووەوە بێت، دەبێت لەماوەی (10) رۆژدا ئەو پارەیە بدات، بەپێچەوانەوە رێوشوێنی یاسایی لەدژ دەگیرێتەبەر. • كۆمسیۆن سزای ماددی بەسەر سەرپێچیكاراندا دەسەپێنێت بەبڕی پارەی جیاواز تا حاڵەتی دوورخستنەوەی كاندید.  


لە بڕگەی چوارەمی مادەی 49 ی دەستوری عێراقدا هاتووە: كە نابێت كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 25% كەمتر بێت، دواتر ئەم مادەیەی دەستور یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا چەسپێنرا. لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان 12 كورسی بەر ژنان دەكەوێت لە كۆی 44 كورسی  پارێزگای هەولێر 15 كورسی 4 كورسی بۆ ژنان و 11 كورسی بۆ پیاوان  پارێزگای سلێمانی 18 كورسی 5 كورسی بۆ ژنان و 13 كورسی بۆ پیاوان  پارێزگای دهۆك  11 كورسی 3 كورسی بۆ ژنان و 8 كورسی بۆ پیاوان   


بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ حەدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی " النصر"  بگاتە سلێمانی بە مەبەستی بانگەشەكردن بۆ هاوپەیمانێتییەكەی و لە شاری جوانی سلێمانی مەراسیمێك بۆ ناساندنی كاندیداكانی لیستەكەی رێكدەخات.   بڕیارە دوای سلێمانی بۆ هەمان مەبەست حەیدەر عەبادی سەردانی هەولێر و دهۆكیش بكات. هاوپەیمانی سەركەوتن " النصر" كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات لە (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) 23 كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران. لیستەكەی عەبادی لە سلێمانی (9) كاندید لەخۆدەگرێت: 1-     ژیان عەبدوڵا نوری عەبدوڵا 2-     محەمەد نوری سەیفەدین محەمەد نوری محەمەد سەعید 3-    ئیبراهیم رەشید عەبدوڵا عارف 4-     بەكر حەبیب مەحمود محەمەد 5-    ئومێد عەبدوڵا ساڵح عەبدولڕەحمان 6-     شادمان رەشید زۆراب عەلی 7-     سائیرە ئەكرەم محەمەد ساڵح 8-     شیان رەشید رەحیم ئەمین 9-     عیماد ئیسماعیل عەبدولقادر یوسف هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای هەولێریش لیستێكی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی هەولێری حەیدەر عەبادی پێكدێت لە (8) كاندید: 1-    جەرجیس محەمەد حسێن عەدیل (جەرجیس گولیزادە)/ سەرۆكی لیست 2-    عیماد كەمال سەعید مەولود 3-    بەدیع شەرەفەدین عەزیز رەفیق 4-    هێمن رەمزی مەحمود عەلی 5-    خالید عەلی فارس ئەمین 6-    ئیبراهیم سەمین ئەمین خورشید 7-    ئەسرا شەرەفەدین عەزیز رەفیق 8-    فەرقەد محەمەد زەیدان زەنون هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی بەهەمان شێوە لە پارێزگای دهۆك لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەبادی لە پارێزگای دهۆك پێكدێت لە (6) كاندید: 1-     ناسر تۆفیق رەشید/ سەرۆكی لیست 2-     شێركۆ عابید محەمەد رەشید 3-     رەوشەن عەبدولسەلام حەسەن ئەتروشی 4-     ئەنوەر محەمەد مەعسوم ئەنوەر 5-     فادیە حسێن محەمەد ئەمین 6-     عومەر عەلی سەعید عەبدولقادر


پێشبینی بۆ كورسی لیستە كوردیەكان بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف لە رۆژنامەی ئاوێنە بڵاوكراوەتەوە  هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو بۆ حزبە سیاسیە كوردیەكان جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هەموو كارتێكەرە ناوخۆیی و ناوچەیی و هەرێمایەتیەكان لە ماوەی 4 ساڵی رابردوودا كاریگەری لەسەر دەنگی دەنگدەران درووست دەكەن،لەلایەكەوە كاریگەری  ئەو رووداوو گۆڕانكاریانەی كە لەماوەی 4 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا رویانداوە كاریگەری لەسەر دەنگدەران درووست دەكەن، لەلایەكی تریش درووست بونی لیستی نوێ و ژمارەیەكی زۆری دەنگدەری نوێ كە تەمەنەكانیان گەیشتۆتە ئاستی دەنگدان، كاریگەری لەسەر رێژەی دەنگی هێزەكان درووست دەكەن. لێرەدا بە خوێندنەوەی بارودۆخەكەو هەڵوێست و تێروانینی هێزەكان لە چوارساڵی رابردوودا و پشت بەستن بە دەنگ و كورسی هەڵبژاردنی رابردوو، پێشبینی كورسی لیستەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان دەخەینە روو، كە ئەم پێشبینیانە بۆ هەفتەی سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەو گۆڕانكاریەكانی داهاتوو كاریگەری لەسەر گۆڕانكاری لە پێشبینیەكاندا دەبێت. یەكەم/ پارێزگای هەولێر ئەنجامێی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو چارەنوسی هێزەكان دیاری دەكات، بەو پێیەی كەمبون یان زیاد بونی دەنگی پارتی و یەكێتی لە هەولێر كاریگەری لەسەر گفتوگۆی داهاتوی نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای هەولێر  11 لیست كێبەركێ دەكەن، بۆ بەدەستهێنانی 15 كورسی ، لەگەڵ یەك كورسی كۆتا، كە 158 كاندید هەیە لەو پارێزگایە،  كۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق  ( 1194592 )كەسە  بەجۆرێك ( ژمارەی دەنگدەری گشتی   1123433  و ژمارەی دەنگدەری تایبەت  70083  وژمارەی دەنگدەری ئاوارە 1076 ) ئەمە لە كاتێكدایە لە هەڵبژادنی 30ی نیسانی 2014 دا (936557)كەس لە پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانی هەبوو واتا  تەنها لە پارێزگای هەولێر (186876) كەس زیادی كردووە دیارە بەبێ  دەنگی تایبەت و ئاوارە، كەتەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000 ) مافی دەنگدانیان دەبێت.لەپارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014دا، پارتی  دیموكراتی كوردستان، (354735) دەنگ و 7كورسی بەدەست دەهێنێت ،  یەكێتی (168688) دەنگی بەدەستهێنا 4 كورسی ، لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت  و 2 كورسی لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ و 2 كورسی ، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و  كورسی بەدەستنەهێنا،  پێشبینی  بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای هەولێر پارتی 5 بۆ 6 كورسی بەدەستبهێنێت  گۆڕان 2 بۆ 2 كورسی بەدەستبهێنێت هاوپەیمانی 2 بۆ 2 كورسی بەدەستبهێنێت یەكێتی 2 بۆ 2 كورسی بەدەستبهێنێت كۆمەڵی ئیسلامی 2 بۆ 2 كورسی  بەدەستبهێنێت یەكگرتوو 1 كورسی بەدەستبهێنێت نەوەی نوێ 1 كورسی بەدەستبهێنێت   دووەم/ پارێزگای سلێمانی  گەرمترین ململانێی دەنگدان دەكەوێتە پارێزگای سلێمانیەوە بەو پێیەی لیستەكانی ( هاوپەیمانی و نەوەی نوێ ) لە پارێزگای سلێمانی درووست بوون، كە ململانێیەكی توندی خستۆتە  نێوان هاوپەیمانی و یەكێتی لەلایەك و گۆڕان و نەوەی نوێ لەلایەكی ترەوە،  لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە، 211 كاندید لە 12 لیستدا كێبەركێ دەكەن،    كۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی( 1380924 )كەس  بەجۆرێك ( ژمارەی دەنگدەری گشتی   1305323  و ژمارەی دەنگدەری تایبەت  71748 ) وژمارەی دەنگدەری ئاوارە 3853 ) ئەمە لە كاتێكدایە لە هەڵبژادنی 30ی نیسانی 2014 دا (1168459 )كەس لە پارێزگای سلێمانی مافی دەنگدانی هەبوو واتا  تەنها لە پارێزگای سلێمانی (212465) كەس زیادی كردووە، كەتەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000 ) مافی دەنگدانیان دەبێت. لە هەڵبژاردنی 30/4/2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای، لیستی گۆڕان توانی (347799) دەنگ بەدەست بهێنێت و 7 كورسی، یەكێتی (294265) دەنگی بەدەستهێناوە  6 كورسی، لیستی پارتی توانی (93410) دەنگ بەدەست بهێنێت 2 كورسی، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (81392) دەنگ و 2 كورسی، لیستی كۆمەڵی ئیسلامی (57102) دەنگ و 1 كورسی بەدەستهێنابوو .  پێشبینی بۆ كورسیەكانی 12ی ئایاری داهاتوو لە پارێزگای سلێمانی  لیستی گۆڕان 5 بۆ 6 كورسی  هاوپەیمانی 3 بۆ 4 كورسی  یەكێتی 3 بۆ 4  كورسی  پارتی 2 كورسی  یەكگرتوو 2 كورسی  كۆمەڵ 1 بۆ 2 كورسی  نەوەی نوێ  1 بۆ2 كورسی  سێیەم/ پارێزگای دهۆك  لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای  دهۆك  9 لیست كێبەركێ دەكەن كە 103 كاندید هەیە لەو پارێزگایە،  ، بۆ بەدەستهێنانی 11 كورسی ، لەگەڵ یەك كورسی كۆتا، كۆی گشتی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆك بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق  ( 790340 )كەسە  بەجۆرێك ( ژمارەی دەنگدەری گشتی   716378  و ژمارەی دەنگدەری تایبەت  48017  وژمارەی دەنگدەری ئاوارە 25945 ) ئەمە لە كاتێكدایە لە هەڵبژادنی 30ی نیسانی 2014 دا (٦١٢٠٦٦) كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە پارێزگای دهۆك ،كە (٤٩٠٤٥٢) هاوڵاتی دەنگیانداوە بەرێژەی ( ٨٠ )، واتا  لە پارێزگای هەولێر (104312) كەس زیادی كردووە دیارە بەبێ تایبەت و ئاوارە، كەتەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000 ) مافی دەنگدانیان دەبێت.   لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی 2014 دا لیستی پارتی (٣٠٤٨٦٩) دەنگی بەدەستهێناوە و  توانی توانی (٨) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، یەكگرتووی ئیسلامیی (٨٤٤٦٤) دەنگی و (٢) كورسی، یەكێتی (٣٣٥٨٣) دەنگی بەدەستهێناوە و ( ١ ) كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام بز‌ووتنەوەی گۆڕانیش (٢٠٦٤٥) دەنگ و هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێناوە و كۆمەڵی ئیسلامی ( ٣١٧٧) دەنگی بەدەستهێناوە وهیچ كورسیەكی بەدەست نەهێناوە. پێشبینی بۆ كورسیەكانی 12ی ئایاری داهاتوو لە پارێزگای دهۆك  پارتی 6- 7  یەكگرتوو 2 هاوپەیمانی 1  چارەنوسی كورسیەك لە نێوان یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوودا دەمێنێتەوە  چوارەم/ پارێزگای كەركوك  بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پێشبینی ناكرێت كورد دەنگەكانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، بەهۆی گۆڕانكاریەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار  (279) كاندید كە دابەشبوون بەسەر (23) لیست و هاوپەیمانێتیدا لە پارێزگای كەركوك كێبەركێ دەكەن  كە 7 لیست و هاوپەیمانێتی كوردی تێدایە.  ژمارەی دەنگدەرانی كەركوك (991 هەزار و 379) دەنگدەرە بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو،كە لە هەڵبژاردنی 2014 دا  لە  كەركوك (870000) كەس بوو مافی دەنگدانی هەبوو ، واتە (121 هەزار و 379) دەنگدەر زیادیكردووە كە  لەدایكبوانی ساڵی (1997- 1998-1999-2000) دەگرێتەوە. لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەیە كورد 8 كورسی بەدەستهێنابوو،  یەكێتی ( 209964 ) دەنگی هەبووە 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی هەبووە 2 كورسی( كە بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار پارتی لیستی نیە و بڕیارە دەنگەكانی بەسەر لیستەكانی یەكگرتوو و سۆسیالیستدا دابەش بكات )  پێشبینی بۆ كورسی لایەنە كوردیەكان بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو لە كەركوك  كە پێشبینی دەكرێت كورد لەو پارێزگایە 5 بۆ 6 كورسی بەدەست بهێنێت  یەكێتی 3 – 4 كورسی  لیستی نیشتیمان ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، هاوپەیمانی ) 1 بۆ 2 كورسی  سۆسیالیست یان یەكگرتوو 1 كورسی  پێنج/ پارێزگای نەینەوا  بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو لە پارێزگای نەینەوا 120 كاندیدی كورد كە پێكهاتەكانی ( ئێزدی و شەبەك و مەسیحین)یشیان تێدایە كێبەركێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 31 كورسی گشتی و 3 كورسی كۆتا، لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا كورد لەو پارێزگایە بە كورسی كۆتاكانەوە 11 كورسی بەدەستهێنان، كە پارتی 6 كورسی گشتی و یەكێتی 2 كورسی گشتی هەبوو، واتا لە پارێزگای نەینەوا  پێشبینی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای نەینەوا پارتی 3 بۆ 4 كورسی  یەكێتی 1 كورسی  پێكهاتەكانیش رون نیە  شەشەم/  پارێزگای دیالە لە پارێزگای دیالە كورد لە هەڵبژاردنی 30 نیسانی 2014 ( 61807) دەنگی بەدەستهێناو بووە خاوەنی 2 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا كورد لەو پارێزگایە 1 كورسی بەدەستبهێنێت كە بۆ یەكێتی دەبێت. حەوتەم پارێزگای سەڵاحەدین لە ( دوزخورماتو )  لە پارێزگای دیالە لە هەڵبژاردنی 30 نیسانی 2014  كورد (26901) دەنگی هەبوو بەڵام كورسی بەدەستنەهێنابوو، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا یەكێتی شەلال عەبدول قایمقامی دوزخورماتووی لە لیستێكی عەرەبیدا كاندید كردووە، بۆیە چاوەروان دەكرێت كورسیەك بەدەست بهێنێت، كە ئەگەر بە لیستی سەربەخۆ بوایە كورسی بەدەست نەدەهێنا. ئەنجامی پێشبینی بۆ كۆی كورسی لیستە كوردیەكان  یەكەم/ پارتی دیموكراتی كوردستان  لە پارێزگای هەولێر ( 6 بۆ 7 ) كورسی لە دهۆك ( 6 بۆ7 ) كورسی ، لە سلێمانی ( 2 ) كورسی، لە نەینەوا ( 3بۆ 4 ) كورسی، كۆی گشتی كورسیەكان لە نێوان ( 18 بۆ 19 )كورسیە، كە هەڵبژاردنی پێشوو  28 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كۆتاكانەوە واتا بە نزیكەی 8 كورسی كەم دەكات.      دووەم/ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر ( 2 ) كورسی لە دهۆك ( 0 ) كورسی ، لە سلێمانی ئەگەری ( 3 بۆ 4 ) كورسی، لە كەركوك ( 3 بۆ 4 ) كورسی لە نەینەوا ئەگەری ( 1 ) كورسی، لە سەڵاحەدین ( 1 ) كورسی ، لە دیالە ( 1 ) كورسی، كۆی گشتی كورسیەكانی یەكێتی لە نێوان ( 10 بۆ 11 )كورسیە، كە هەڵبژاردنی پێشوو  21 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران واتا بە نزیكەی 10 كورسی كەم دەكات.    سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان  لە پارێزگای هەولێر ( 2 ) كورسی، لە سلێمانی ( 5 بۆ 6  ) كورسی، لە كەركوك ( 1) كورسی. كۆی گشتی كورسیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان  لە نێوان ( 8 بۆ 9)كورسیە، كە هەڵبژاردنی پێشوو  9 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، واتا بە نزیكەی وەك خۆی دەمێنێتەوە.    چوارەم / یەكگرتووی ئیسلامی  لە پارێزگای هەولێر ئەگەری ( 1 ) كورسی، لە سلێمانی ( 2  ) كورسی، لە دهۆك ( 1 ) كورسی ،كە هەڵبژاردنی پێشوو  4 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، واتا بە نزیكەی 1 كورسی زیاد دەكات. پێنجەم / كۆمەڵی ئیسلامی  لە پارێزگای هەولێر ( 2 ) كورسی، لە سلێمانی ئەگەری  ( 2  ) كورسی، كە هەڵبژاردنی پێشوو  3 كورسی هەبووە لە ئەنجومەنی نوێنەران، واتا بە نزیكەی 1 كورسی زیاد دەكات. شەشەم / هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری   لە پارێزگای هەولێر ( 2 ) كورسی، لە سلێمانی ( 3 بۆ 4  ) كورسی، لە دهۆك ( 1 ) كورسی ،كۆی گشتی كورسیەكانی بە نزیكەی 5 بۆ 6 كورسی دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق حەوتەم / نەوەی نوێ   لە پارێزگای هەولێر ( 1 ) كورسی، لە سلێمانی ( 1 بۆ 2  ) كورسی، كۆی گشتی كورسیەكانی بە نزیكەی 2 بۆ 3 كورسی دەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. كۆی گشتی كورسی لیستە كوردیەكان كە ئێستا 62 كورسیەو بە كۆتاكانەوە 65 كورسیە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لە نێوان 55 بۆ 57 كورسی دەبێت.  


لە كاتی كاركردندا لە ناوچەیەكی نزیك حەرەمی عەبدولعەزیم لە شاری (رەی) لە باشوری تاران، ژمارەیەك كرێكار تەرمێكی مۆمیاكراویان دۆزییەوە. ماوەیەكی كەم دوای دۆزینەوەی تەرمە مۆمیاكراوەكە، دەنگۆی دۆزینەوەی تەرمی رەزا شا دامەزرێنەری زنجیرەی دەسەڵاتی پەهلەوی ئێران بڵاوبوەوە. ژمارەیەك لە دەسەڵاتدارانی ئێران بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ راستی هەوڵەكەیان پشتڕاستكردەوە، حسێن خەلیل ئابادی ئەندامی ئەنجومەنی تارانی پایتەخت و سەرۆكی لیژنەی كەلەپوری رۆشنبیری ئەنجومەن یەكەمین كەس بوو كە وتی: پێدەچێت ئەو مۆمیایە تەرمی رەزا شا بێت. خەلیل ئابادی ئاماژەی بەوەكرد، مۆمیاكە تەرمی هەر كەسێك بێت، بایەخێكی كەلەپوری هەیە و دەبێت پارێزگاری لێبكرێت. شازادە رەزا پەهلەوی كوڕی محەمەد رەزاشا و كوڕەزای رەزا شا لە نوێترین كاردانەوەدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دوای بەدواداچونی تەواوی شایەدحاڵ و رەهەندەكان، ئەو لەگەڵ خانەوادەی سەڵتەنەتی بەو ئەنجامە گەیشتون كە مۆمیاكە بە ئەگەرێكی زۆر بەهێز پەیوەندی بە رەزا شاوە هەیە. شازادە رەزا پەهلەوی كوڕەزای رەزا شا رەزا شا ساڵی 1925 كۆتایی بە دەسەڵاتی دواین پادشای زنجیرەی دەسەڵاتی قاجاری هێناو دەسەڵاتی ئێرانی گرتەدەست، لەنێوان ساڵانی 1925-1941 پادشای ئێران بوو، ساڵی 1941 لەكاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا هاوسۆزی و لایەنگری بۆ ئەدۆلف هیتلەری سەرۆكی ئەڵمانیا نیشاندا، ئەمە وایكرد بەریتانیا و یەكێتی سۆڤیەت لەشكركێشی بكەنەسەر ئێران و ناچاریان كرد دەسەڵات رادەستی كوڕەكەی (محەمەد رەزا شا) بكات. دوای رادەستكردنی دەسەڵات، رەزا شا دورخرایەوە بۆ شاری جۆهانسبێرگ لە ئەفریقای باشوور، 1944 لەوێ كۆچی دواییكرد، بارودۆخی ناجێگیری ئەوكاتی ئێران رێگر بوو لەبەردەم بنەماڵەی دەسەڵاتداری پەهلەوی تەرمەكەی بگەڕێننەوە بۆ ئێران، بەهۆی ئەو پەیوەندی ژن و ژنخوازییەی كە لەنێوان بنەماڵەی شاهانەی ئەوكاتی میسر و ئێراندا هەبوو، تەرمی رەزا شا لە ئەفریقای باشوور گواسترایەوە بۆ قاهیرەی پایتەختی میسر و لە مزگەوتی رەفاعی بەخاكسپێردرا، ساڵی 1948 محەمەد رەزا شا لە فوزیەی كچی فوئادی یەكەمی پادشای میسر جیابوەوە، ئەمە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات دروستكرد، 1950 محەمەد رەزا شا تیمێكی شاهانەی رەوانەی میسر كرد بەمەبەستی هێنانەوەی روفاتی رەزا شای باوكی و لە شاری (رەی) مەزارگەیەكی بۆ دروستكرد. رەزا شای پەهلەوی دامەزرێنەری زنجیرەی دەسەڵاتی پەهلەوی لە ئێران دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و روخانی دەسەڵاتی پەهلەوە، بە فەرمانی سادقی خاڵخاڵی یەكێك لە دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی ئێران، مەزاری رەزا شا روخێندرا، ئەوكاتە دەنگۆی ئەوە لە ئێران بڵاوبوەوە كە بنەماڵەی پەهلەوی روفاتی رەزا شایان گواستوەتەوە بۆ دەرەوەی ئێران، بەڵام لەو بەیاننامەیەكدا كە شازادە رەزا پەهلەوی رۆژی سێ شەممە بڵاویكردەوە، ئەو دەنگۆیە رەتكرایەوە و شازادە دەڵێ: هەرگیز روفاتی رەزا شا لەلایەن محەمەد رەزا شاوە رەوانەی دەرەوەی ئێران نەكراوە. هەر لەبارەی ئەو مۆمیاوە كە گومان دەكرێت مۆمیای رەزا شای باپیری بێت، رەزا پەهلەوی لە بەیاننامەكەیدا نوسیویەتی: روفاتی رەزا شا لە كۆتاییدا دەبێت جارێكی تر هەر لە ئێران و بەوشێوەیەی كە شایستەیە بەخاكبسپێردرێت، رەزا شا ئەگەر بە ناونیشانی باوكی ئێرانی هاوچەرخ یان پادشایەكی ئێران نەبێت، دەبێت ئارامگەكەی وەكو سەرباز و خزمەتكارێكی ئێران لای هەموان ئاشكرا بێت. لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا رەزا پەهلەوی دەڵێ: ئەم بابەتە تەنها پرسێكی كەسیی یان خێزانیی نییە، بەڵكو بابەتێكە كە رەهەندی میللی و مێژویی هەیە.. لەم رۆژەدا وەكو پاسەوانێكی راستەقینەی كەلەپوری ئەو، داوا لە هەموو ئێرانییەكان دەكەم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كۆبونەوەی ئاشتیخوازانەی سەرتاسەری یاد و ناوی ئەو بەرز رابگرن.


" درەو میدیا" كۆپییەكی رێككەوتنێكی بزوتنەوەی گۆرٍِان و كۆمەڵی ئیسلامیی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری بڵاودەكاتەوە كە رۆژی 14ی ئازاری ئەمساڵ لەلایەن هەریەك لە عومەر سەیدعەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەیی ئیمزایان كردووە. لە رێككەوتنەكەدا ئەو سێ‌ لایەنە لەسەر چەند خاڵێك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان و هەماهەنگی لە هەڵمەتی بانگەشە و پێكهێنانی فراكسیۆنێكی یەكگرتوو یان ئیئتلافی فراكسیۆنەكان دوای هەڵبژاردنەكان رێككەوتوون. ئەمەش كۆپییەكی رێككەوتنەكەیە:  


حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەگەر تانە لە وێستگەیەكی دەنگدان بدرێت یان باس لە دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكرێت، ئەوا پەنا بۆ جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبەن كە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت. عەبادی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران وتی :" ئامێری ئەلكیترۆنییەكانی تایبت بە جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان زۆر پێشكەوتوون، و چاودێریش دەكرێت بۆئەوەی گەرەنتی دەستكاری نەكردنی ئەنجامەكان بكرێت". وتیشی:" پرۆسەی دەنگدان بە كارتی دەنگدان دەبێت، بەڵام جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنی دەبێت و بەو ئامێرانە دەكرێت، بەڵام لە حاڵەتێكدا ئەگەر تانە لە وێستگەیەك بدرێت، یان دەستكاری ئەنجامەكان بكرێت، ئەوا پەنا بۆ جیاكردنەوە و ژماردنی دەستی دەبەین. كورتەی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی حەیدەر عەبادی/ 24ی نیسانی2018 =================== •    عێراقییەكان بەرەو قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی حكومەتی نوێ‌، ئەركی حكومەتی ئێستایە سەرجەم پێداوێستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنێكی تەواو دابینبكات و و پارێزگاری لە بنكەكانی دەنگدان بكات و كەشێكی ئەمنی باش بڕەخسێنێت. •    حكومەت هەموو بەرپرسیارێتییەكانی سەرشانی دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردن جێبەجێدەكات، بۆئەوەی هەمووان بەشداری دەنگدان بكەن لەوانەش ئاوارەكان و هێزە ئەمنییەكان. •    پێویستە هەڵبژاردنەكان لە ژێر رۆشنایی رێوشوێنە دروست و رێنماییە یاساییەكان بەڕێوەبچێت كە كۆمسیۆن ئێستا جێبەجێیان دەكات ئەوەشی كە پەیوەندی بە بانگەشەی كاندیدەكان و بەرنامەكانی هەڵبژاردنەوە هەیە. •    پێویستە لەسەر كۆمسیۆن كارەكانی بەوپەڕی بێ لایەنی و سەربەخۆییەوە جێبەجێ بكات و پێویستە روونكردنەوەی پێویست بە هەموو كوتلە سیاسییەكان و هاوڵاتیان و دەنگدەران بدرێت و گەرەنتی سەلامەتی هەڵبژاردنەكان و بەڕێوەچوونی بكرێت. •    پاراستنی دەستكەوتەكانی هەڵبژاردنەكان زۆر گرنگە، هۆشداریدەدەین لە یاریكردن بە پرۆسەی هەڵبژاردن و هەموو رێوشوێنێكی بەرپەرچدەرەوە و توندترین سزا لەدژی ئەوانە دەگرینەبەر كە دەستكاری هەڵبژاردنەكان دەكەن، هەر كەسێك بێت، هاوڵاتی ئاشایی یان كاندید یان چاودێر. •    ئەوەی بیر لە دەرچوونی یاسایەكی لێبوردنی گشتی تر دەكاتەوە، ئەوا دەرناچێت، سزای سەرپێچیكاران دەدرێت و گوشاردەكەین بە ئاراستەی سەپاندنی غەرامەی دارایی لەسەر ئەوانەی ساختەكاریان كردووە بۆ هەڵبژاردن. •    فەرمانێكمان دەركردووە بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە چەكدارانی داع لە ناو خاكی سوریا بە گوێرەی زانیاری هەواڵگری و بە هێرشی ئاسمانی ورد و چەند سەركردە و ئەندامێكیانمان برینداركردوووە و بەردەوام دەبین و رێگەیان پێنادەین لەسەر خاكی عێراق هەبن. •     زۆربەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی دەربارەی داعش بەدەستمان دەگات لە هاوڵاتیانەوەیە، و ئەوەش قەبارەی هاوكاری هاوڵاتیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا نیشاندەدات. •    بەردەوام دەبین لە پاككردنەوەی هەموو ناوچەكانی شوێنی نیشتجێ بوون لە شانەكانی داعش و هیچ رۆژێك تێ‌ ناپەڕێت كە چەند تیرۆریستێك دەستگیر نەكەین و چەك و تەقەمەنی نەدۆزینەوە. •    هۆشداری دەدەین لە بڵاوكردنەوەی هەر زانیارییەك كە خزمەت بە داعش بكات و ئەوەی چەند رۆژێك دەربارەی داگیركردنی گوندێك لەلایەن داعشەوە بڵاوكرایەوە دۆر بوو، داعش دزەی كردووەتە ناو هەندێك لە دەزگاو دامەزراوە میدیاییەكان. •    بەهۆی تای هەڵبژاردنەوە چەند میدیایەك هەواڵ هەڵدەبەستن و بە خێرایی و بێ‌ لێكۆڵینەوە لە دروستی بڵاویدەكەنەوە بۆ ئەوەی تانە لە حكومەت بدەن و ئەوەش بانگەشەیەكی خۆڕاییە بۆ داعش. •    هۆشداریدەدەم لە یاریكردن بە دۆسیەی ئەمنی و بەرژوەندییەكانی هاوڵاتیان لە رێگەی بڵاوكردنەوەی پروپاگەندەی زۆروە، ئەوە لادانێكی مەترسیدارە و رێگە نادەین هیچ میدیایەك زیان بە بنچینە نیشتمانییەكان بگەیەنێت. •    هەواڵی راگرتنی دەرماڵی هێزە ئەمنییەكان پروپاگەندەیەكی درۆیە و رانەگیراوە و ئەوە دریە، ئەوەشی ئەو هەواڵی ناڕاستانە بڵاودەكاتەوە وای لێكدەداتەوە كە دەنگی هێزە ئەمنییەكان لە رێگەی ئەو دۆریانەوە بەدەستدەهێنێت ئەوا رێگایەكی شكستخواردووە. •    بەردەوامین لە دابینكردنی هەموو پێدوایستی هێزە ئەمنییەكان. •    هێزە ئەمنییەكانمان لە قۆناغی داڕمانەوە لە ساڵی 2014 بوون بە هێزێكی نیشتمانی و خەڵك باسیان دەكەن و شانازیان پێوەدەكەن، سوپای عێراق بووە بە یەكێك لەبەهێزترین سوپاكانی ناوچەكە. •    بەردەوامین لە سەردانەكانمان بۆ پارێزگاكان بە شێوەیەكی گشتی و دۆخی خزمەتگوزرایی و ئاوەدانكردنەوەمان بینی و سەردانی خێزانی شەهیدەكانمان كرد و بازاڕەكانمان بەسەركردەوە، و بەردەوامین لە هەڵمەتی بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی حزمەتگوزارییەكان و عەیبە نییە كە سەردانی هاوڵاتیان بكەین و ئاگاداری رەوشیی خزمەتگوزاریان بین و هانیان بدەین بۆئەوەی دەنگ بدەن و دەنگیان نەشارنەوە و ئەوەش ئەركی منە وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق. •    داوامان كردووە كوبوونەوەیەكی بەپەلەی ی ئەنجومەنی وەزیران و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكرێت دەربارەی ئەوەی كە هەندێك لە هاوڵاتیانی فەلوجە و ناحییەكانی تر كارتی دەنگدەریان وەرنەگرتووەتەوە و دابەشكردنی كارتی دەنگدان لە نەینەوا بەرەوپێچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە. •    بەردەوامین لە گرتنبەری رێوشوێنی تەواو دژ بە گەندەڵەكان، گەندەڵەكانی ریزی یەكەم ئەگەر گەندەڵیان نەبێت لە ریزی دووەم و سێییەم ناتوانن گەندەڵی بكەن، كاردەكەین بۆئەوەی باڵیان ببڕین لە رێگەی لێكۆڵینەوەی تاوان و بەدواداچوونی پارەكانیان و لابردنیان و گەمارۆدانیان. •    لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆژەكانی بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوە رێگە بە گەڕانەوەی گەندەڵەكان نادەین.  


ئەنجومەنی ئەوروپا داوا لە توركیا دەكات هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی دوابخات و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەچێتە وڵاتێكی ئەوروپا و نەمسا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپاش رێگەنادەن وەزیر و بەرپرسانی توركیا لە وڵاتەكانیان بانگەشە بكەن. پەیامی ئەوروپا ئەنجومەنی ئەوروپا داوایكرد هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی توركیا كە بڕیار 24ی حوەزیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دوابخرێت بەهۆی ئەوەی لە سایەی باری نائاساییدا بەڕێوەدەچێت و لەگەڵ پێوەرە ئەوروپییەكاندا یەك ناگرێتەوە. لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پەرلەمانەكانی ئەوروپا كە رۆژی سێشەممە 24ی نیسان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەچوو، ئەنجومەنەكە داوای لە توركیا كرد هەڵبژاردنی پێشوەخت دوابخات. ئەنجومەنی ئەوروپا: هەڵبژاردنی پێشوەختی توركیا لە كاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە باری نائاسایی لە توركیا راگەیاندراوە بەوەش هەڵبژاردنەكە شەفاف نابێت و لەگەڵ پێوەرەكانی ئەوروپادا یەكناگرێتەوە. ئەنجومەنی ئەوروپا دەڵێت :" هەڵبژاردنی پێشوەختی توركیا لە كاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە باری نائاسایی لە توركیا راگەیاندراوە بەوەش هەڵبژاردنەكە شەفاف نابێت و لەگەڵ پێوەرەكانی ئەوروپادا یەكناگرێتەوە". لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو داوایەی ئەنجومەنی ئەوروپا، بەكر بۆزداغ وتەبێژی حكومەتی توركیا وتی:" بۆچی یەكێتی ئەوروپا داوای لە فەرەنسا نەكرد هەڵبژاردن دوابخات لەكاتی باری نائاساییدا، بەڵام كاتێك پرسەكە پەیوەندی بە توركیاوە بێت بیری ئەوەیان دەكەوێتەوە، ئەوە چ سیاسەتێكە". بۆزداغ راشیگەیاند داواكەی ئەنجومەنی كۆمەڵەی پەرلەمانانی ئەوروپا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە توركیا مایەی قبوڵكردن نیە و ئەوە دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی توركیا. ئەردۆغان بۆ بانگەشە دەچێتە ئەوروپا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند مانگی داهاتوو پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كۆنگرەیەكی هەڵبژاردن لە وڵاتێكی ئەوروپا سازدەكات، هەرچەندە ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا رێگە بە بەرپرسانی توركیا نادەن لەسەر خاكی ئەو وڵاتانە بانگەشە بكەن. ئەردۆغان:  پشت بەخوا، لە ئایاردا یەكەمین كۆبوونەوە لە هۆڵێكی وەرزشی داخراو لە وڵاتێكی ئەوروپیدا سازدەكەین و هەموو ئامادەكارییەكانمان تەواوكردووە. ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ پەرلەمانتاراتی پارتەكەی وتی " پشت بەخوا، لە ئایاردا یەكەمین كۆبوونەوە لە هۆڵێكی وەرزشی داخراو لە وڵاتێكی ئەوروپیدا سازدەكەین و هەموو ئامادەكارییەكانمان تەواوكردووە". بەڵام ئەردۆغان ناوی ئەو وڵاتەی ئاشكرانەكرد كە كۆبوونەوەكەی لێ‌ سازدەكرێت. پێش راپرسییەكەی توركیا لەسەر هەمواركردنی دەستوری نوێ چەند وەزیر و بەرپرسێكی تری حكومەتی توركیا چوونە هۆڵەندا و ئەڵمانیا بۆ بانگەشە كە ژمارەیەكی زۆر رەوەندی توركی لێیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە رێگەیان نەدا كۆنگرەی جەماوەری سازبكەن. نەمسا و ئەڵمانیا رێگە بە بانگەشە نادەن بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا دوای راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنەكە لەلایەن سەرۆك كۆماری توركیاوە، سیباستیان كۆرتس راوێژكاری نەمسا كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی راستڕەودەكات و دژی بە ئەندامبوونی توركیایە لە یەكێتی ئەوروپا وتی:" رێگە بە ئەردۆغان نادرێت رەوەندی توركیا بقۆزێتەوە لە ئەوروپا". نەمسا و ئەڵمانیا ڕێگە بە بەرپرسانی ئەنکەرە نادەن لەو وڵاتانە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن ئەڵمانیاش كە نزیكەی سێ‌ ملیۆن هاوڵاتی توركیای لێیە رایگەیاند رێگە بە سیاسەتمەدارانی بیانی نادات پێش هەڵبژاردنەكان لەسەر خاكی ئەڵمانیا بانگەشە بكەن و كۆڕ و كۆبوونەوەی جەماوەریی سازبكەن. هیكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە شاری تۆرنتۆی كەنەدا وتی:" بیر و بۆچوونمان روون و ئاشكرایە، رێگە بە هیچ بانگەیەشەكی هەڵبژاردن نادرێت لە ئەڵمانیا سێ‌ مانگ پێش ئەنجامدانی هەر هەڵبژاردنێكی بیانی". راپۆرتی: نامیق رەسول سەرچاوە: ئاژانسەکان



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand