Draw Media

كاندیداكانی پارتی لە سلێمانی گومانیان لە دەستكاریكردنی دەنگەكانیان هەیە 

كاندیداكانی پارتی لە سلێمانی گومانیان لە دەستكاریكردنی دەنگەكانیان هەیە 

2018-05-20 10:13:00



درەو میدیا:  
ئەگەرچی كاندیدی ژمارەی ( 2 ) ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لە پلەی یەكەمدا بووەو دەنگی زۆرینەی هێنا، بەڵام كاندیدی ژمارە ( 3) ی لیستەكە دەرچوو، 
بەپێی ئەنجامی ئەو خشتەیەی لەبەردەستی درەو میدیایە و لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستی كەوتووە، لە ئەنجامی 92%ی دەنگە بەراییەكان  پارتی دیموكراتی كوردستان ( 43866 ) دەنگی بەدەستهێناوە، دانا محەمەد جەزا كاندیدی ژمارە ( 2 ) ی لیستەكە ( 4588 ) دەنگی بەدەستهێناوە و لە پلەی یەكەمدایەو عومەر خدر خدر ( 3880 ) دەنگی بەدەستهێناوەو لە پلەی دووەمدایە، بەڵام دوای ئەوەی كۆمسیۆن ئەنجامی كۆتایی راگەیاند، كاندیدی ژمارە ( 3) ی لیستەكە عومەر خدر خدر دەرچوو كۆی دەنگەكانی ( 4378 ) دەنگە، واتا هێشتا ناگاتە كۆی دەنگەكانی كاندیدی ژمارە ( 2 ) دانا محەمەد جەزا كە ( 4588 ) دەنگی بەدەستهێناوە لە ئەنجامی بەرایی  دەنگدان، كە پارتی ( 43866 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڵام كۆی دەنگەكانی پارتی لە ئەنجامی كۆتایی  دەبێتە ( 48820 ) دەنگ، واتا (4954 ) دەنگی پارتی زیادی كرد و دەنگەكانی عومەر خدر لە ( 3880 ) وە بووە بە ( 4378) دەنگ و (498 ) دەنگ زیادی كردووە، بەڵام هێشتا ناگاتە دەنگەكانی ئەنجامی بەرایی دانا محەمەد جەزا كە ( 4588 ) دەنگ، واتا ئەگەر دەنگەكانی دانا محەمەد جەزا هیچ زیادیشی نەكردبێت ( 210 ) دەنگ  زیاترە لە دەنگەكانی عومەر خدر ، بۆیە بەهەموو پێوەرێك دانا محەمەد جەزا كاندیدی ژمارە ( 2 )ی لیستی پارتی لە پێشەوەیەو ئەو دەرچووە، بەڵام كۆمسیۆن كاندیدی ژمارە (3)ی دەرچواندووە، كە ئەمەش بۆ دوو خاڵ دەگەرێتەوە یان كۆمسیۆن هەڵەی كردووە، یاخود دەستكاری دەنگەكەی كراوە بەرەزامەندی حزبەكەی.
لە پەیامنێكیشیدا دانا محەمەد جەزا لە پەیجی رەسمی خۆی رایگەیاندووە، كە (هەڤاڵانی ئازیزم، دەنگدەرە بەڕێزەكانم، هاوڕێ و خزم و دۆستەكانم، ئەوانەی كە زۆر ماندوبون لەگەڵمدا...ئەزانم چاوەڕێی هەڵوێست یان قسەی منن لەسەر ئەو ئەنجامە چاوەڕوان نەكراوە نادادپەروەرانەیەن كە دوێنێ شەو بڵاو كرایەوە..... قبوڵ بفەرمون پاش كەمێكیتر لێرەدا پەیامی خۆم بلاو ئەكەمەوە.......) بەڵام تا ئێستا هەڵوێستەكەی رانەگەیاندووە.
لەلایەن خۆشیەوە  كارزان سەباح كاندیدی ژمارە 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك دەڵێت: "بەھۆی ئەو تەزویرات و دزیی و فزییەوە كراوە دەرئەنجامی ئەو دەنگانەی بلاو كراوەتەوە دەنگی من نییە و بۆ ئەوەش ئاگاداری سەروی خۆم و ھەموولایەكم كردوەتەوە، ئێمەش وەك ھەموو كاندیدەكانی دیكە دوای دەنگە دزراوەكانمان دەكەین، بەتەحەداوە بفەرموون دەنگەكان بەدەست بژمێرنەوە ئەوكاتە راستییەكان بۆ ھەموو لایەك روون دەبێتەو" . بەپێی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان كارزان سەباح ( 865 ) دەنگی بەدەستهێناوە. 
هاوكات سامان سیوەیلی كاندیدی ژمارە ( 10 ) ی لیستی پارتی لە سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێت " ئەگەرچی كاندیدانی لیستی (١٨٤) لەسنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و جەماوەر و دەنگدەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگەرانیەكی قوڵمان هەیە سەبارەت بەو ئەنجامانەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەعێراق ڕایانگەیاند، بەڵام ئەو پێگە گەورەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەستی هێنایەوە لەم هەڵبژاردنەدا لەو نیگەرانیەی كەمكردینەوە" سامان سیویەیلی بەپێی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان كارزان سەباح ( 1944 ) دەنگی بەدەستهێناوە.
 ئەمە لە كاتێكدا كە سەرۆكی لیستی پارتی لە سلێمانی ( رزگار ئەژی گۆران) دەرنەچووەو دەنگەكانی  لە پلەی سێیەمدابووەو ( 3771 ) دەنگی بەدەستهێناوە، لە رونكردنەوەیەكدا لە ئاكاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی" سه باره ت به ساخته كارییه كان زانیاریی زۆرم له لایه كه به پیویستی نازانم لیره دا باسی بكه م ...كئ له هه فالانیش كورسییه تاقانه كه ی پارتی له سلیمانی برد پیروزی بیت"
نیگەرانی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەنگەكانیان بەهۆی ساختەكاری و یاخود گومان لە دەستكاری كردنی دەنگەكانیان لە ناو لیستەكەدا، لە كاتێكدایە كاندیدی زۆرێك لە لیستەكانی دیكەش هەمان گومانیان بۆ درووست بووە كە سەرەرای تەزویر، لەناو لیستەكەشیاندا دەستكاری دەنگەكانیان كراوە .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand