Draw Media

"12%ی ئامێرەكانی دەنگدان لە سلێمانی كاریان پێنەكراوە" 

"12%ی ئامێرەكانی دەنگدان لە سلێمانی كاریان پێنەكراوە" 

2018-05-20 12:13:03


(درەو میدیا)
پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن كە رێكخراوێكی ناحكومییە و بارەگاكەی لە شاری سلێمانییە، راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی لە پارێزگای سلێمانی بڵاوكردەوە.
وەكو خۆی دەڵێت، ئەو رێكخراوە لە رۆژی دەنگداندا چاودێری (418) وێستگەی لەناو بنكەكانی دەنگدان كردووە، ئەوەش لە رێگەی ئامادەكردنی چوار فۆرم بۆ چاودێریەكانی رێكخراوەكە كە فۆرمەكان (48) پرسیاریان لە خۆگرتووە.
لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا كە 10-5-2018 بەڕێوەچوو، تیمی چاودێرانی پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن لە سنوری پارێزگای سلێمانی چاودێری (31) بنكەی دەنگدان كردووە.
بەگوێرەی ئەو دەرەنجامەی كە پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن پێیگەیشتووە"دەنگدانی تایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی هیچ مەرجێكی هەڵبژاردنی تێدا دەستەبەر نەكراوە و گەڕەلاوژێ بووە و بەبێ سەروبەرترین هەڵبژاردن ئەژمار دەكرێت، لەمەشدا كۆمسیۆن زۆر كەمتەرخەم بووە".
هەر بەگوێرەی راپۆرتی پەیمانگەكە، رێژەی 12%ی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان لە سنوری پارێزگای سلێمانی تا كۆتایی هەڵبژاردن كاریان نەكردووە و لەكاركەوتوون.
راپۆرتەكە دەڵێ" پێویست بوو هەر بنكەیەكی دەنگدان سەرپەرشتیاری تەكنیكی هەبێت، بەڵام لە كۆی ئەو 418 وێستگەیەی كە رێكخراوەكە چاودێری كردووە، رێژەی 25%ی بنكەكان سەرپەرشتی تەكنیكیان نەبووە، ئەوانەشی سەرپەرشتیاری تەكنیكیان هەبووە، سەرپەرەشتیارەكانیان شارەزاییەكی ئەوتۆیان نەبووە كە بتوانن ئامێرە ئەلیكترۆنییە لەكاركەوتووەكانی دەنگدان چاك بكەنەوە.
راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات، رێژەی 96%ی ئەو وێستگانەی كە چاودێرەكانی پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن چاودێرییان كردووە، تێیاندا بریكاری قەوارە سیاسییەكان سكاڵایان بەرزكردوەتەوە.
لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا چاودێرەكانی پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن ئەم پێشێلكارییانەیان تۆماركردووە.
•    بردنە ژورەوەی موبایل بۆ ناو وێستگەكانی دەنگدان بە رێژەی 100% بووە.
•    رێژەی 85%ی ئەو بنكانەی دەنگدان كە چاودێری كراون، لە كاتژمێر حەوتی بەیانیدا بەڕوی دەنگدەراندا نەكراونەتەوە.
•    رێژەی 30%ی ئەو بنكانەی چاودێری كراون، ژمارەی دیاریكراو لە پسوڵەی دەنگدانی باركۆدكراو لەناو وێستگەكاندا نەبووە، كە پێویست بوو لە هەر وێستگەیەكدا 550 دانە هەبێت.
•    رێژەی 80%ی ئەو وێستگانەی چاودێری كراون، بەڕێوەبەری وێستگەكان بە بەرچاوی چاودێران و بریكاری قەوارە سیاسییەكانەوە فلاش و فلاشمیمۆری پشتەوەی ئامێرەكانیان نەبەستووە.
•    رێژەی 25%ی وێستگەكان، دەنگدەران بەبێ ئامێری دڵنیایی ئەلیكترۆنی دەنگیانداوە.
•    رێژەی 85%ی بەڕێوەبەر و كارمەندی وێستگەكان لە ئەرك و كاری خۆیان تێنەگەیشتبوون.
•    رێژەی 40%ی بەڕێوەبەری وێستگەكان بەر لەوەی هەر كارێكی تەكنیكی ئەنجام بدەن، چاودێر و بریكارەكانیان ئاگادارنەكردوەتەوە.
•    رێژەی 45%ی ئەنجامی ژماردنی دەنگەكان، راستەوخۆ پاش داخستنی هەردوو ئامێرە ئەلیكترۆنییەكە ئەنجامنەدرا
•    ناردنی ئەنجامی ئەلیكترۆنی دەنگەكان لەرێگەی ئامێری (VASAT) و لە 60%ی وێستگە چاودێریكراوەكاندا لەكاتی خۆیدا نەبووە و دواكەوتووە
•    بەرێژەی 100% كۆپی ئەنجامی دەنگدان لە وێستگەكان لەشێوەی وێنەگرتنەوەی پسوڵەكانی دەنگدانی ناو سندوقەكان بۆ بریكارو چاودێران پرینت نەكراون.
•    رێژەی 96%ی ئەو وێستگانەی چاودێری كراون، سكاڵا لەلایەن بریكاری قەوارە سیاسییەكانەوە بەرامبەر بە ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان بەرزكراوەتەوە.
•    رێژەی 96%ی بریكاری قەوارە سیاسییەكان ئیمزایان لەسەر ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان وێستگەكان نەكردووە.
•    لە هیچ یەكێك لەو وێستگانەی چاودێری كراون، كۆپییەك لە ئەنجامە بەراییەكان لەسەر دیواری دەرەوەی وێستگەكە هەڵنەواسراوە، كە رێژەی كەموكورتییەكە دەگاتە 100%.
•    لە ئەنجامی بەراییە ئەلیكترۆنییەكانی وێستگەكاندا، رێژەی 15ی ئەو كاندیدانەی دەنگیان هێناوە، ژمارەكانیان لەناو لیستەكەدا بونی نەبووە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand