Draw Media

چوار سیناریۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق

چوار سیناریۆ بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق

2018-05-19 13:14:12


راپۆرتی شیكاریی: فازل حەمەڕەفعەت
بەپێی چوار سیناریۆی پێشبینیكراو بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ، ئەگەر لایەنە كوردییەكان بەجیا بچنە ناو دانوستانەكانەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان چانسی لە هەموو لایەنەكانی تر زیاترە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو.
دواجار دوێنێ شەو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتایی بە مشتومڕەكان هێنا و ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند كە تاڕادەیەكی زۆر هاوشێوەی ئەنجامە بەراییەكان بوو.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، لیستی (سائرون) بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بوو بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن و  لە كۆی 329 كورسی ئەنجومەنی نویێنەران (54) كورسی بردەوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، ئێستا چوار سیناریۆ هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق:


سیناریۆی یەكەم
پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان (موقتەدا سەدر- عەمار حەكیم- حەیدەر عەیادی- ئەیاد عەلاوی- ئوسامە نوجێفی- مەسعود بارزانی):
•    لیستی سائرون- موقتەدا سەدر: (54 كورسی)
•    رەوتی حیكمە- عەمار حەكیم:  (19 كورسی)
•    لیستی النصر- حەیدەر عەبادی:  (42 كورسی)
•    ئیئتیلافی نیشتمانی- ئەیاد عەلاوی: (21 كورسی)
•    هاوپەیمانی بڕیار- ئوسامە نوجێفی:  (12 كورسی)
كۆی كورسییەكانیان: 148 كورسی
ئەگەر هاوپەیمانێتییەكەی لەم جۆرە پێكبهێنرێت، هێشتا ئەو لایەنانە ناتوانن ژمارەی كورسییەكانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بگەیەننە (50+1) كە پێویستە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسییە، گەیشتن بە رێژەی (50+1) پێوستی بە (166) كورسییە.
لەم حاڵەتەدا دەبێت لایەنەكانی ئەو هاوپەیمانێتییە پەنا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی ببەن كە (25 كورسی) هەیە، بەمەبەستی تەواوكردنی رێژەی (50+ 1) لە ئەنجومەنی نوێنەران.
لە حاڵەتی دروستبونیدا، ئەم هاوپەیمانێتییە لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە رەنگە دووچاری هەندێك كێشمەكێش ببێت، چونكە موقتەدا سەدر پێشتر ئاماژەی بەوەكردووە هاوپەیمانێتییەكەی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت و هاوكات رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمیش وەكو یەكێكی تر لە لایەنە بەشدارەكانی هاوپەیمانێتییە گریمانەكراوەكە كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە و كاندیدەكەش (عەبدولحسێن عەبتان) وەزیری وەرزش و لاوانە.
لەم حاڵەتەدا حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر كە خۆی بۆ ویلایەتی دووەم كاندید دەكاتەوە، دوچاری ئاستەنگ دەبێت.

سیناریۆی دووەم
هاوپەیمانی نێوان (حەیدەر عەبادی- نوری مالیكی- هادی عامری):
•    لیستی النصر- حەیدەر عەبادی/ (42 كورسی)
•    ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی/ (26 كورسی)
•    هاوپەیمانی فەتح- هادی عامری/ (48 كورسی)
كۆی كورسییەكانیان: 116 كورسی
ئەم هاوپەیمانێتییە ناتوانێت بەتەنیا بەو سێ لایەنە رێژەی (50+1) لە ئەنجومەنی نوێنەران تەواو بكات، بۆیە پێویستی بە بانگهێشتكردنی ژمارەیەك لایەنی تر هەیە، یەكێك لە ئاستەنگەكانی تری بوونی دوو كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران واتە هەریەكە لە (حەیدەر عەبادی و نوری مالیكی).
ناكۆكی نێوان عەبادی و مالیكی هەڕەشەیە لەسەر ئەگەری دروستبونی هاوپەیمانێتییەكی لەم جۆرە، بۆیە پێشبینی ناكرێ ئەم سیناریۆیە سەركەوێت.

سیناریۆی سێیەم
پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان (هادی عامری- نوری مالیكی- یەكێتی نیشتمانی كوردستان).
•    هاوپەیمانی فەتح- هادی عامری/ (48 كورسی)
•    ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا- نوری مالیكی/ (26 كورسی)
•    یەكێتی نیشتمانی كوردستان/ (18 كورسی)
ئەم سێ لایەنە بەهەموویانەوە (92) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەیە و زۆر دورترن لە ئەگەری گەیشتن بە رێژەی (50+1) بۆیە پێویستیان بەوە هەیە ژمارەیەكی زۆرتری لایەنەكان بۆ ناو هاوپەیمانێتییەكەیان كێش بكەن، ئەمەش هەوڵ و كۆششی زۆری دەوێت.

سیناریۆی چوارەم
ئەگەر هەیە ئێران ئەمجارەش سەركەوتوو بێت لە كاراكردنەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی كە زۆرینەی هێز و لایەنە شیعەكانی عێراقی لە خۆدەگرت و لە هەڵبژاردنی رابردوودا كابینەی حكومەتی پێكهێنا.
كاراكردنەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە پێویستی بە كۆكردنەوەی ئەم لایەنانە هەیە:
•    هاوپەیمانی سائرون- موقتەدا سەدر
•    هاوپەیمانی فەتح- هادی عامری
•    رەوتی حیكمە- عەمار حەكیم
•    هاوپەیمانی النصر- حەیدەر عەبادی
دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە وابەستەیە بە مەرجێكی سەرەكی موقتەدا سەدرەوە كە ئەویش مەرجی دوورخستنەوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نوری مالیكییە، ئەوەش رەنگە كارێكی سەخت بێت لەبەردەم ئێرانییەكان، بۆیە ئەگەری دروستبونی ئەم هاوپەیمانێتیەش تاڕادەیەك پێشبینی نەكراوە.

چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بە گوێرەی دەستور

رۆژی شەممە 12ی ئایار دەنگدەرانی عێراق لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای شكستپێهێنانی رێكخراوی داعش چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، دەنگدانێك كە كاریگەری دەبێت لەسەر هاوسەنگی هێزەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەمشێوەیەكی خوارەوە بە گوێرەی دەستوری عێراق كابینەی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت كە 90 رۆژی بۆ ئەو پرۆسەیە دیاریكردووە:


- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان  شەوی هەینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی راگەیاند
- فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانی هەڵبژێدراو دەكات لە ماوەی 15 رۆژ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان كۆببێتەوە.
- پەرلەمانتاران لە دانیشتنی یەكەمدا بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری، سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێرن.
- پەرلەمان بە كۆی دەنگی دوو لەسەر سێ‌ لە ماوەی 30 رۆژدا دوای دانیشتنی یەكەمی سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت.
- سەرۆك كۆماری نوێ‌ كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.
- سەرۆك وەزیران راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و خستنەڕووی ناوەكانیان لە پەرلەمان بۆ متمانە پێدانی.
- پێویستە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەند بكات و هەر وەزیرێك بەجیا دەنگی لەسەربدرێت و بە زۆرینەی رەها متمانەی پێببەخشرێت.
-  ئەگەر سەرۆك وەزیرانی راسپێدراو نەیتوانی لەماوەی 30 رۆژدا كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، یان پەرلەمان رەتیكردەوە متمانە بە حكومەت ببەخشێت، ئەوا پێویستە سەرۆك كۆماری كاندیدێكی تر رادەسپێرێت لە ماوەی 15 رۆژدا كابینەی نوێی حكومەت پێكبهێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand