وەزیری وزەی ئیسرائیل هەڕەشەی كوشتنی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا و كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەكەی دەكات. تۆریوفال شتاینتز، وەزیری وەزەی ئیسرائیل لە لێدوانێکید بۆ سایتی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرانۆت وتی " ئیسرائیل بەشار ئەسەد دەكوژێت و كۆتایی بە حكومەتەكەی دەهێنێت ئەگەر بەردەوام بێت لە رێگەدان بە هێزەكانی ئێران تا لەسەر خاكی ئەو وڵاتە كاربكەن." شتاینتز وتیشی:" ئەگەر ئەسەد رێگە بە ئێران بدات سوریا بكاتە بنكەیەكی سەربازی بۆ هێرشكردنە سەرمان، ئەوان پێویستە بزانێت كە ئەوە كۆتاییەتی." ئەو وەزیرەی حكومەتی ئیسرائیل راشیگەیاند تەلئەبیب تائێستا دەستی وەرنەداوەتە جەنگی سوریا، هۆشداریشدا لەوەی كە ئێران خاكی ئەو وڵاتە بكاتە بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.
ئامادەکردنی: نامیق رەسول چەند هەفتەیەكە كورد دەستی بە هەوڵ و كۆشێكی نوێ كردووە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی داهاتووی عێراق، بەهۆی ئەو دەسەڵاتە دەستورییانەی كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەیەتی، رەنگە چەند لایەنێكی كوردی ئامادەبن لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەستلە پۆستی سەرۆك كۆمار هەڵگرن بۆ سوننەكان، ئەوەش لە كاتێكدایە سەلیم جبوری سەرۆكی ئێستا پەرلەمان جەخدەكاتەوە كە دەیەوێت خولێكی تریش سەرۆكایەتی باڵاترین دەسەڵاتی عێراق بكات. موحسین سەعدون پەرلەمانتاری ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان :" كورد یان هەر لایەنێكی تر مافی ئەوەی هەیە داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكات و دەستوری عێراق دیارینەكردووە كە چ لایەنێك پۆستی سێ سەرۆكایەتییە باڵاكە " سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران" وەردەگرێت. ئەندامێكی هاوپەیمانی نیشتمانی كە لە چوارساڵی رابردوودا نوێنەرایەتی پێكهاتەوی شیعەی كردووە لە عێراقدا و زۆرینەی پەرلەمانی هەبووە، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" ی قەتەری وتی " چەند حزبێكی كوردی پرسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی داهاتوویان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی باسكردووە، بەو پێیەی لایەنە شیعەكان نزیكترن لەوەی ئەمجارەش زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنێتەوە و لەبەرامبەر ئەوەشدا ئامادەن دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی كۆمار بن". بەوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی نیشتمانی، هەوڵی كورد بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆئەوە دەگەڕێتەوە ئەو پۆستە دەسەڵاتێكی دەستوریی فراوانی هەیە كە دیارترینیان بریتییە لە پەسەندكردن و پەكخستنی یاساكان و دیاریكردنی چارەنووسی لێپرسینەوەی وەزیر و بەرپرسانی باڵای حكومەت و دەستە سەربەخۆكان، جگە لە توانای پەرلەمان بۆ هەمواركردنی بودجەی گشتی دەوڵەت و چاودێریكردنی وردی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، جەختیشیكردەوە لایەنە كوردییەكان نیمچە كۆدەنگییان لەسەر ئەو پرسە هەیە. ئەم خواست و هەوڵەی كورد بۆ بەدەسهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمان رووبەڕووی رەتكردنەوەی رەهای حزب و لایەنەكانی سوننەكان دەبێتەوە كە لە هەموو خولەكانی دوای پێكهێنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 2005ەوە ئەو پۆستەیان لەدەستدابووە و بەوەش پێشبینیدەكرێت دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار، ململانێی و ركابەرییەكی توندی لێبكەوێتەوە. سەلیم جبوری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نەیشاردەوە كە ئارەزوو دەكات چوار ساڵی تریش لەو پۆستەدا بمێنێتەوە و وتی:" ئەو پرسە دەكەوێتە سەر لێتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەكانی تر، بەڵام ئەوەش بە مانای ئەوە نایات كە نەتوانم لە سیاسەتدا بەردەوام بم". لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا سەرۆكی پەرلەمان دەسەڵاتی زۆری لە بواری یاسادانان و چاودێریدا فراوانی هەیە، لە كاتێكدا سەرۆكی كۆمار جگە لە چەند دەسەڵاتێكی تەشریفی پرۆتۆكۆلی هیچ دەسەڵاتێكی فیعلی ئەوتۆی نییە. موحسین سەعدون پەرلەمانتاری ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی " العربی الجدید" وتی:" كورد یان هەر لایەنێكی تر مافی ئەوەی هەیە داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكات و دەستوری عێراق دیارینەكردووە كە چ لایەنێك پۆستی سێ سەرۆكایەتییە باڵاكە " سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران" وەردەگرێت. بەرای سەعدون ئاماژەكان بەو ئاڕاستەیەن هەروەك ساڵانی پێشوو سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكان بێت، رونیشیدەكاتەوە داواكاری كورد بۆ سەرۆكی پەرلەمان یاساییە و هیچ پێشێلكارییەكی دەستوریی تێدا نییە. لە بەرامبەر هەوڵ و كۆششی كورد بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، سەلیم جبوری كە ماوەی چوار ساڵە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات ویست و ئارەزووی خۆی دەربڕیوە بەوەی كە دەیەوێت چوارساڵی تریش لەو پۆستەدا بمێنێتەوە. جبوری كە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا هاوپەیمانێتیی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماردا پێكهێناوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نەیشاردەوە كە ئارەزوو دەكات چوار ساڵی تریش لەو پۆستەدا بمێنێتەوە و وتی:" ئەو پرسە دەكەوێتە سەر لێتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەكانی تر، بەڵام ئەوەش بە مانای ئەوە نایات كە نەتوانم لە سیاسەتدا بەردەوام بم". جبوری وتیشی :" ئەگەر نەبمەوە بە سەرۆكی پەرلەمان، ئەوا بواری زۆر هەیە كە دەتوانم لێیانەوە جموجوڵ بكەم". جەختیشیكردەوە" پێویستە دان بەوەدا بنێین كە كاریگەری دەرەكی هەیە لەسەر دروستكردنی بڕیاری ناوخۆی عێراق، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكانەوە". شەممەی داهاتوو پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە و ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە، پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی لێدەكەوێتەوە كە چوار ساڵی داهاتوو سەرۆكایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردمی دەكات لە عێراقدا.
تابلۆی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە قودس هەڵدەواسرێت و ڕۆژی 14 ئەم مانگەش بە فەرمی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس ڕادەگەیەنرێت. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە سێ تابلۆی ناونیشانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بە زمانەكانی عەرەبی و عیبری و ئینگلیزی لەنزیك كۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لەباشوری شاری قودس هەڵواسراوە، كە بڕیارە بكرێتە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریكا دوای گواستنەوەی بەشێوەیەكی فەرمی لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە لەشاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس. سائیب عریقات ئەمینداری لیژنەی جێبەجێكردنی ڕێكخراوی ئازادیخوازی فەلەستین پەیامێكی لەوبارەیەوە بۆ نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهان ڕەوانەكردووە و تێیدا داوای لێكردون ئاهەنگی كردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەشاری قودس بایكۆتی بكەن. عریقات لەپەیامەكەیدا وتویەتی: بەشداریكردن لەو ئاهەنگە شەرعیەت دەدات بەبڕیارێكی ناشەرعی و نایاسایی و پاڵپشتیكردنی بێدەنگی بەرامبەر بە سیاسەتە داگیركارییەكانی ئیسرائیل.
درەو میدیا شەڕی نەوەی دووەمی سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا گەرمە، مەسرور بارزانی كە لەدوای چونە ماڵەوەی باوكی گۆڕەپانەكەی بۆ تەخت بووە لایەنگرانی حزبەكەی بەهێرش بۆسەر دۆستە كۆنەكەی گەرم دەكات و دەڵێت، پارتی خەونی ئەو جاش و خۆفرۆشانەی لەگۆڕنا كە دەیانویست كوردستان بدەنە دەست داگیركەران، لەبەرامبەردا لاهور تاڵەبانی كە لەدوای مردنی مام جەلالەوە حزبەكەی بێ سكرتێرو سەرگەورە ماوەتەوە هێرشەكانی ئاراستەی پارتی دەكات و دەڵێت: گەورەترین خیانەت ئێستا لە كەركوك لەلایەن پارتییەوە دەكرێت كە خەڵكی هان دەدەن بەشداری هەڵبژاردنەكانی كەركوك نەكەن و بۆ عەرەبە شۆڤینییەكان و توركمانەكانی بەجێبهێڵێت. ئەم هێرش و پەلاماردانەی نەوەی دووەمی سیاسیەكانی پارتی و یەكێتی بۆسەر یەكدی لە فەراغی نەوەی یەكەمی سیاسیەكانیانە، ئەو نەوەیەی كە بەرژەوەندی هاوبەش كۆیانی كردبۆوەو دوای شەڕی ناوخۆی دوورو درێژی نێوانیان گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە دەتوانن پێكەوە بەرژەوەندیە حزبی و بنەماڵەییەكانیان بپارێزن، ئێستا نەوەی یەكەم لەدوای شكستیان لە ریفراندۆم و ئەو بارودۆخە نالەبارەی لە كوردستاندا خوڵقاندیان، رۆڵیان كاڵ بۆتەوەو خۆیان لە شانۆی سیاسی بەدورگرتووەو سەری گورسیەكەیان داوەتە دەست نەوەی دووەمی سیاسیەكانیان، ئەوان پێشتر پێكەوە هێرشیان دەكردە سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەڵام ئێستا روی هێرشەكانیان بۆسەر یەكدیە، ئێستا نەوەی دووەمی سیاسیەكان عەرزی خۆیان دەكەن و دەیانەوێت لە رێگەی هێرشكردن بۆسەر یەكدی دەركەونەوەو خۆیان بە پاڵەوان نیشان بدەن، جەماوەری ئەم هێزانە وا راهێنراون كە بە هێرش و پەلامار بۆسەر یەكدی گێرڤی حەماسەتیان بەرز دەبێتەوە. گوتارە نەوەی دووەمی سیاسیەكان جگە لە جوینەوەی گوتاری دەیان ساڵەی رابردووی نەوەی یەكەم دژ بەیەك هیچی دیكە نیە، ئەم نەوەیە بە كەرەستەیەكی دووبارەی رابردووەوە خۆی دەردەخات و هەڵگری هەمان ئەو روئیا و بیركردنەوانەیە كە كاری لەسەر شكاندنی بەرامبەر دەكرد لەسەر ماكیاجكردنی خۆی. هۆكاری ئەو هێرش و پەلاماردان و یەكتر شكاندنە بەشێكی پەیوەندی بە یەكلاكردنەوەو تەوزیفكردنی هەڵوێستە خراپەكانیانەوە بێت، پارتی دەیەوێت تەوزیفی شكستی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول بكات بەسەرپەرشی مەسعود بارزانی، كە تیایدا ئەو شكست و ماڵوێرانیەی بەسەر گەلی كوردستاندا هێنا بخاتە پاڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و خەریكە تیایدا سەركەوتوو دەبێت، ئەویش بەهۆی ململانێكانی ناو یەكێتی و دوبەرەكی ناخۆییەوە، بەشێكیشی لە بێ گوتاری و بەرنامەی روون و پلانی ستراتیژیەوەیە، كە ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەكانی پێش خۆی جیادەكاتەوە ئەوەیە كە حزبەكان خاوەنی گوتاری سواو و بەرنامەی دوبارەو هەڵگری هیچ بنەماو ستراتیژێكی دیاری كراوو رون نیە. لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا گوتاری نارون و جەنجاڵ و تێك ترشاوبەسەریەكدا دەبینرێت، بەجۆرێك هیچیان ئەو سرەیان لێوە دیار نیە، ئەم هێزانە بەجۆرێك بانگەشە دژ بەیەك دەكەن وەك ئەوەی هەرگیز بیر لە دانیشتن و گفتوگۆ و دانوستان نەكەنەوە، ئەو ژینگە ناتەندروستەی ئەوان ئەمرۆ درووستیان كردووە، هەرگیز ناتوانێت سبەی بەرەكی یەكگرتووی لێ دروست بكرێت لە بەغداد كە رەنە هیچ كات بەقەد ئەمرۆ كورد پێویستی پێنەبێت لەبەغداد.
راپۆرتی : ئارام مەحمود لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە ڕۆژی 12ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ كێ یەكلادەبێتەوە؟ یەكێكە لەو پرسیارانەی زۆرترین پێشبینی و لێكدانەوەی لەبارەوە دەكرێت، لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان ململانێی نێوان هێزەكانە بۆ دەستهێنانی زۆرترین كورسی لە دامەزراوەی یاسادانان، بەڵام لە بنەمادا ململانێی نێوان هێزە گەورەكانە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران و پۆستە باڵاكانی تری دەوڵەت. حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی سەركەوتن (النصر) یەكێكە لەو كەسایەتیانەی كە وەك خاوەنی بەهێزترین چانس بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ خولی دووەم ناوی دەهێنرێت، بەڵام تاكە كاندید نیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەهۆی دابەشبونی شیعەكان بەسەر چەند ئیئتیلاف و هاوپەیمانێتییەكدا ناوی ژماریەك كەسایەتی تریش دێن، كە دیارترینیان (نوری مالیكی و هادی عامری و محەمەد شیاع سودانی و قوسەی سوهیل و قاسم ئەعرەجی) یە. عەبادی و ئاستەنگەكانی بەردەمی هەر پێشبینیەك بۆ سەرۆكی حكومەت داهاتووی عێراق بەبێ ناوهێنانی حەیدەر عەبادی بە نالۆژێكی و خوێندنەوەیەكی ڕووكەش بۆ ڕۆڵی ناوبراو لە ڕووداوەكانی چوار ساڵی ڕابردووی عێراق وەسفدەكرێت، عەبادی وێڕای ئەوەی بەكەسێكی هاوسەنگی ناودەبرێت و قسەش هەیە كە ڕەزامەندییەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەسەربێت بۆ تەواوكردنی ئەوەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەستیپێكردووە، جگە لەوەی توانی بە هاوكاری هاوپەیمانان یەك لەسەرسێی خاكی عێراق لە داعش پاكبكاتەوە، بەڵام هەموو ئەمانە ناكاتە ئەوەی دەرفەتی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ خولی دووەم بۆ یەكلابوبێتەوە. لە كاتێكدا چەندین لایەن و هێزی شیعی ڕكابەری عەبادی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بەوپێیەی حزبی دەعوە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە دەستیگرتوە بەسەرجومگە هەستیارەكانی دەسەڵات بەتایبەت پۆستی سەرۆك وەزیران و چەندین لایەنی گرنگی ناو ماڵی شیعەی پەراوێزخستوە، سەرچاوە نزیكەكانی عەبادی ترسیان لە ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان ناشارنەوە، بەهۆی ئەوەی مالیكی پێگەی بەهێزی هەیە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و لقەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەتایبەت لە پارێزگاكانی باشوور، كورد و سوننەش مەرجیان هەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر متمانە بدەنەوە بەعەبادی. سوننەكان پشتیوانیكردنی عەبادیان بە بەدیهێنانی خواست و بەڵێنەكانیەوە گرێداوە، كە دیارترینیان گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆسەر زێدی خۆیان و قەرب،وكردنەوەی زیانە مادی و مەعنەوییەكانیان، كوردیش وێڕای پرسیاركردن لە چارەنوسی بەڵێنەكانی ڕابردوو، پرسیاری گەورەشیان هەیە لەسەر ئەو حكومەتە تەكنۆكراتەی كە عەبادی بەڵێنی پێكهێنانیدا، جگە لە پێشێلكردنی بنەمای تەوافوق و بەشداری ڕاستەقینە لە ناوەندی بڕیاری سیاسی و پێیانوایە عەبادی نەیتوانیوە شتێكی زیاتر لەوانەی پێش خۆی پێشەكەشبكات. خاڵێَكی تر كە نەیارەكانی عەبادی بەتایبەت لیستە شیعەكان وەك شكستی ناوبراو زەقیان كردوەتەوە، نەبردنە سەری بەڵێنی هەڵدانەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانییەتی. سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەت یەكێك لەو سیناریۆیانەی كە باس دەكرێت پێكهێنانی حكومەتی تەوافوقیە بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، سیناریۆی دووەم پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی سیاسییە بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی یان كاندیدێك كە مالیكی و هاوپەیمانەكانی لە ئایندەیەكی نزیكدا پێشنیازی دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، سیناریۆی سێهەمیش پێكهێنانی حكومەتە لەلایەن كەسایەتییەكی شیعەوە كە ئەمریكا و سعودیە بەپلەی سەرەكی و دوای ئەوانیش ئێران لەسەری ڕێكدەكەون. لە خولەكانی ڕابردوودا ئێران ڕۆڵی گەورەی هەبوو لەدەستنیشانكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام وەك بەشێك لە چاودێران دەڵێن، كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانە ئیقلیمییەكانی لە ناوچەكە دەستنیشاندەكرێت، بەهۆی پاشەكشێی ڕۆڵی ئێران لە عێراق بەتایبەتی دوای پەرتەوازەبوونی ناوماڵی شیعە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكرا و دووركەوتنەوەی زیاتری هاوپەیمانی (سائرون)ی، سەربە موقتەدا سەدر و ئیئتیلافی (النصر)ی، حەیدەر عەبادی لە ئێران.
وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت & نامیق رەسول بیانییەكان لە ئەڵمانیا لە تاقكیردنەوەی شۆفێریدا دەرناچن زۆرێك لەو خەڵكانەی كە لە ئەڵمانیا دەژین و بە رەگەز خەڵكی ئەو وڵاتە نین رووبەڕووی ژمارەیەك ئاستەنگ دەبنەوە، زمانی بەربەستی گەورەیە لەبەردەم ئەواندا، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ئەو خەڵكانە لە تاقیكردنەوەكانی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرنەچن. كۆمەڵەی راهێنەرانی بواری فێركاری شۆفێری لە ئەڵمانیا دەڵێت: ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە تاقیكردنەوەی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرناچن لەزیادبوندایە. لە لێدوانێكدا بۆ سایتی (بێڵد)، گیرهارد فۆن بریسندۆرڤ سەرۆكی كۆمەڵەی راهێنەران ئاشكرایكرد، زۆرێك لەوانەی كە خۆیان تۆماردەكەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری، زمانی ئەڵمانی نازانن، زۆربەی ئەو كەسانە خەڵكانی بیانین و لە تاقیكردنەوەی تیۆریدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و پێویستیان بە سێ بۆ پێنج هەوڵ هەیە بۆ دەرچوون لە تاقیكردنەوەكە. ئەمە لەكاتێكدایە لە ساڵی 2016 وە لە ئەڵمانیا رێگە بەوە دراوە بە زمانی عەرەبی تاقیكردنەوەی تیۆری وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری بكرێت. بە بەراورد بە ساڵی 2016، ژمارەی ئەو كەسانەی ساڵی 2017 لە تاقیكردنەوەكانی تیۆری وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێریدا دەرنەچوون بەرێژەی 7% زیادیكردووە، هەمان ساڵ رێژەی ئەوانەی لە تاقیكردنەوەی پراكتیكیدا دەرنەچوون بەرێژەی 3% زیادیكردووە. بەڵام لەسەر ئاستی ویلایەتەكانی ئەڵمانیا، ویلایەتی سەكسۆنیا بەرزترین ئاستی تۆماركردووە، بەجۆرێك رێژەی ئەوانەی كە لە تاقیكردنەوەی تیۆری دەرنەچوون گەیشتوەتە رێژەی 45%، ویلایەتی هامبۆرگیش لە پلەی یەكەمی ویلایەتەكانی ئەڵمانیادایە لەڕووی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە تاقیكردنەوەی پراكتیكی شۆفێریدا دەرنەچوون و لە ساڵی 2017دا رێژەی دەرنەچووەكان گەیشتوەتە نزیكەی 42%. سەرنجڕاكێشترین یاساكانی هاتوچۆ لە جیهاندا • ئوسترالیا رێگە بە گواستنەوەی گژوگیا نادرێت بە ئۆتۆمبیلی كرێ نەبێت، هەروەها لەم وڵاتە هەر كەسێك لەجیاتی ئۆتۆمبیل بە ئەسپ كەلوپەل بگوازێتەوە مافی ئەوەی هەیە لە هەموو باڕێك بوەستێت و لەسەر كرێكارانی باڕەكە پێویستە بایەخی تەواو بە ئەسپەكان بدەن، كاتێك خاوەنەكانیان پشوودەدەن لەوێ. • ئەڵمانیا هەر شۆفێرێك لەكاتی لێخوڕیندا مۆبایل بەكاربهێنێت غەرامەدەكرێت و خاڵێكی لە تۆماری هاتوچۆدا لەسەر تۆماردەكرێت، بەڵام لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بە رووتی و بەبێ پۆشینی جلوبەرگ رێگەپێدراوە بەو مەرجەی لە شەقامەكاندا رەفتاری نەشیاو بەرامبەر خەڵك نەكەیت و گێچەڵ بە خەڵك نەكەیت، چونكە ناو ئۆتۆمبیل بە شوێنێكی تایبەت بۆ خاوەنەكەی دادەنرێت و دەتوانێت كاری تێدابكات و خۆی بگۆڕێت، بەوپێیەی پێچەوانەی یاساكانی هاتوچۆ نییە. • بەریتانیا شۆفێر بەڕوتی و بێ لەبەركردنی پۆشاك دەتوانێت ئۆتۆمبیل و پاسكیل لێبخوڕیت، هەروەها شۆفێر دەتوانێت لەحاڵەتی ناچاریدا لەلای ئۆتۆمبیلەكەیەوە میزبكات بە مەرجێك میز بە تایەی دواوەی ئۆتۆمبیلەكەیدا بكات و دەستی راستی بە ئۆتۆمبیلەكەیەوە بێت، هەروەها چاودێری رێگاوبان لە بەریتانیا مافی ئەوەی نیە غەرامەی كەسێك بكات ئەگەر كڵاوی فەرمیی لەسەردا نەبێت. • ئەمریكا لە چەند ویلایەتێكی ئەمریكا چەندین یاسای نامۆ هەن، بۆ نمونە لە ولایەتی تێنیسی رێگە بە شۆفێر نادرێت لەكاتی شۆفێریدا چەكەكەی رووبكاتە ئاژەڵان، بەڵام رێگەی پێدەدرێت لەو كاتەدا نەهەنگ بكوژێت، ئەوەی زۆر نامۆیە ئەوەیە ویلایەتی تێنسی ناكەوێتە سەر دەریا، بەڵام لە ویلایەتی كنتاكی رێگە بە ژنان دەدرێت ئۆتۆمبیل لێبخوڕن بە جلی مەلەكردنەوە (بەكینی) ئەگەر پۆلیسیان لەگەڵدا بێت یان كوتەكێكیان پێبێت بۆ پارێزگاریكردن لە خۆیان. • دانیمارك یاساكانی هاتوچۆ شۆفێران ناچار دەكەن ئۆتۆمبیلەكەی بە باشی بپشكنێت و هەموو پێداویستییەكی سەلامەتی و ئاو سوتەمەنی پێبێت، هەروەها پێویستیشە لەسەری تەماشای ئۆتۆمبیلەكەی بكات بۆئەوەی دڵنیا بێت لەوە هیچ كەسێك لە ژێر ئۆتۆمبیلەكەیدا نەخەوتووە. • فەرەنسا یاسا سزای توند بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنێت كە تازە بوونەتە شۆفێر، و بۆ ماوەی دوو ساڵ دوای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری رێگەیان پێنادرێت لەسەر شەقامی خێرا لە 110 كلم/ كاتژمێر و لەسەر رێگاكانی دەرەوە 80 كلم/ كاتژمێر بڕۆن. • بۆسنە لە بۆسنە ئەو كەسانەی تازە بوونەتە شۆفێر و تەمەنیان لە ژێر 23 ساڵیەوەیە، بۆ ماوەی یەك ساڵ دوای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری رێگەیان پێنادرێت بە شەودا ئۆتۆمبیل لێبخوڕن. • نەمسا لە نەمسا پۆلیس مافی ئەوەی هەیە بە گوێرەی بینینی خۆی خێرایی ئۆتۆمبیل بخەمڵێنێت هەتا 30 كلم/ كاتژمێر لەسەروو خێرایی رێگە پێدراوەوە، دەشتوانن بەوە غەرامەكردنی دارایی بسەپێنن بەسەر شۆفێراندا، بەبێ داواكاری پشكنینی تەكنینكی و بێ ئەوەشی تانەی لێبدرێت لە دادگان. سەرچاوە: DW
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر داوا لە هاوڵاتیانی كورد دەكات هاوشێوەی شیعە و سوننە دەنگ لەدژی ستەم و گەندەڵی بەرزبكەنەوە. سەدر لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئاراستەكردنی پەیامێك بۆ هەموو نەتەوە و ئاینزا و پێكهاتەكانی عێراق لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وتی :" هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراتیەت بۆ هەموو تایەفەكانە نەك تەنها بۆ زۆرینە." سەدر داوا ش لە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان كرد بەوپەڕی بەهێزییەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن و وتی :" پێویستە دەنگی كوردەكان دژی ستەم و گەندەڵی بەرزببێتەوە، هەروەك چۆن دەنگی شیعە و سوننەكان بەرزبووەوە." سەدر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت پشتیوانی لە هاوپەیمانی " سائرون" دەكات، كە رەوتی سەدر و چەند حزب و گروپێكی مەدەنی و حزبی شیوعی پێكیانهێناوە.
كاتژمێر 9:45 خولی ئەمشەو بەكاتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 36 خولی ئیسپانیا " لالیگا" لە یاری كلاسیكۆدا، یانەی بەرشەلۆنە كە جامی ئەمساڵی خولەكەی مسۆگەركردووە میوانداریی یانەی ریاڵ مەدریدی نەیاری كلاسیكی دەكات، ئەوەش لە كاتێكدایە كە ریاڵ مەدرید لە ئامادەكارییدایە بۆ یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر لیڤەرپوڵ. یانەی بەرشەلۆنە وەرزی ئەمساڵ توانی بە سەركەوتوویی و بە دووركەوتنەوەی یاریزانی لێهاتووی تپیەكە " نەیمار داسیلڤا" كە لە گرێبەستێكی مێژوویدا چووە ریزی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، نازناوەكە بەدەستبهێنێت، بەڵام دەرچوونی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی رۆمای ئیتالی جەماوەر و هەوادارانی تیپكەی بێ ئومێد و نیگەران كرد، بە تایبەت لە یاری گەڕانەوەدا كە هاوڕێكانی میسی بە سێ گۆڵی خاوێن یارییەكەیان دۆڕاند. تیپەكەی كەتەلۆنیا هەلی ئەوەی لەبەردەستدایە ئەمشەو كلاسیكۆی " كامپ نو" لە ریاڵ مەدرید بەرێتەوە و ببێتە یەكەمین یانە لە مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیادا وەرزێك بە بێ دۆڕاندنی هیچ یارییەكە كۆتایی پێدێنێت. چەند راستییەك دەربارەی كلاسیكۆی ئیسپانیا • كلاسیكۆی ئەمشەو كلاسیكۆی ژمارە 138 لە سەرجەم ركابەرێتییەكاندا، بەرشەلۆنە 93 یاریی كلاسیكۆی • بەرشەلۆنە لە سێ كلاسیكۆی دوایی لە یاریگای كامپ نۆ لەسەرجەم ركابەرێتییەكاندا هیچ یارییەكی نەبردووەتەوە. • دواهەمینجار كە بەرشەلۆنە لە یاریگای خۆی لە ریاڵ مەدریدی بردبێتەوە ئازاری 2015 بووە. • لەوانەیە ریاڵ مەدرید ببێتە یەكەمین یانە 400 گۆڵ لە یاریی كلاسیكۆ تۆماربكات ( ئێستا 399 گۆڵی هەیە و بەرشەلۆنە 387 گۆڵ ). • بەرشەلۆنە دەیەوێت دووجار لە یەك وەرزدا لە خولی ئیسپانیادا لە ریاڵ مەدرید بەرێتەوە وەك ئەوەی لە وەرزی ( 2013 / 2014 ) كردی. • لە بیست یاریی دوایی كلاسیكۆدا بەرشەلۆنە 46 گۆڵی لە ریاڵ مەدرید كردووە.
دوو كاندیدی لیستی نەسری حەیدەر عەبادی لە هەولێر و دهۆك كشانەوەو میدیاكانی پارتیش دەڵێن پەیوەندیان بە پارتیەوە كردووە، كشانەوەی ئەو كاندیدانەی لیستەكەی عەبادی لە كاتێكدایە، كە بونی كاندیدی لیستە عێراقیەكان بەتایبەتیش لیستەكەی عەبادی حزبە كوردیەكانی بەتایبەتیش پارتی توشی ئیحراجی كردووە، چونكە خاڵی سەرەكی بانگەشەی ئەم جارەی پارتی ریفراندۆم و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرە، كە لەلایەن هێزەكانی عێراق و بەفەرماندەیی حەیدەر عەبادی كراوە، كە بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار بەشێك لە لیستە عێراقیەكان كاندیدیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەیەو لیستی نەسر حەیدەر عەبادیش 23 كاندیدی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەیە. ئەمرۆ یەكشەمە ھیمان رەمزی، كاندیدی ژمارە 4ی هاوپەیمانیی نەسر، كە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی دەكات، كشانەوەی خۆی لەو ھاوپەیمانێتیەكە راگەیاند، ئەگەرچی ئەو كاندیدە پاساوی كشانەوەی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە هاوپەیمانێتیەكەی عەبادی تەنها ئامانجی بەدەستهێنانی كورسیە نەك بەدەستهێنانی مافی هاوڵاتیان. لە رۆژی ٣/٥/٢٠١٨ رەوشەن عەبدولسەلام، كاندیدی ژمارەی 3ی هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبای لە پارێزگای دهۆك كشانەوەی خۆی لەو هاوپەیمانێتیە راگەیاندوو میدیاكانی پارتیش رایان گەیاند كە هاتۆتە ناو ریزەكانی پارتیەوە. دەوترێت، بەشێك لە كشانەوەی كاندیداكان پەیوەندی بە فشاری پارتیەوە هەیە لەسەر كاندیدانەو بەشێكی پەیوەستە بە ئیغرای مادی و بۆ ئەو كاندیدانەو بەشێكیشیان دەوترێت پێشتر پارتی بە پلان ئەو كاندیدانەی خزاندۆتە ناو لیستەكەی عەبادیەوە بۆ ئەوەی لە كۆتایی بانگەشەدا بیانكشێنێتەوە. ................................... بیرهێنانەوە هاوپەیمانی سەركەوتن " النصر": هاوپەیمانی سەركەوتن كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات لە (سلێمانی و هەولێر و دهۆك) لیستی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی عەبادی لە سلێمانی (9) كاندید لەخۆدەگرێت: 1- ژیان عەبدوڵا نوری عەبدوڵا 2- محەمەد نوری سەیفەدین محەمەد نوری محەمەد سەعید 3- ئیبراهیم رەشید عەبدوڵا عارف 4- بەكر حەبیب مەحمود محەمەد 5- ئومێد عەبدوڵا ساڵح عەبدولڕەحمان 6- شادمان رەشید زۆراب عەلی 7- سائیرە ئەكرەم محەمەد ساڵح 8- شیان رەشید رەحیم ئەمین 9- عیماد ئیسماعیل عەبدولقادر یوسف عەممار حەكیم 14 كاندیدی لە سلێمانی هەیە، ئەیاد عەلاوی 4 كاندیدی لە سلێمانی هەیە، عەبادی لە سلێمانی 9 كاندیدی هەیە، عەبادی لە هەولێر 8 كاندیدی هەیە، عەبادی لە دهۆك 6 كاندیدی هەیە هاوپەیمانی سەركەوتن لە پارێزگای هەولێریش لیستێكی كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، لیستەكەی هەولێری حەیدەر عەبادی پێكدێت لە (8) كاندید: 1- جەرجیس محەمەد حسێن عەدیل (جەرجیس گولیزادە)/ سەرۆكی لیست 2- عیماد كەمال سەعید مەولود 3- بەدیع شەرەفەدین عەزیز رەفیق 4- هێمن رەمزی مەحمود عەلی 5- خالید عەلی فارس ئەمین 6- ئیبراهیم سەمین ئەمین خورشید 7- ئەسرا شەرەفەدین عەزیز رەفیق 8- فەرقەد محەمەد زەیدان زەنون هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی بەهەمان شێوە لە پارێزگای دهۆك لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لیستەكەی عەبادی لە پارێزگای دهۆك پێكدێت لە (6) كاندید: 1- ناسر تۆفیق رەشید/ سەرۆكی لیست 2- شێركۆ عابید محەمەد رەشید 3- رەوشەن عەبدولسەلام حەسەن ئەتروشی 4- ئەنوەر محەمەد مەعسوم ئەنوەر 5- فادیە حسێن محەمەد ئەمین 6- عومەر عەلی سەعید عەبدولقادر رەوتی نیشتمانی عەشائیری لە عێراق ئەمەش رەوتێكی عێراقییە و لە پارێزگای هەولێر لیستێكی هەیە و لیستەكە لە (6) كاندیدی هەیە: 1- فەیسەڵ عارەب حەمەد ئیسماعیل 2- زانا عەزیز كەریم جەرجیس / سەرۆك زانا 3- فازیل عەزیز كەریم جەرجیس 4- دڵخۆش قادر ئیبراهیم قادر 5- مژدە عەزیز كەریم جەرجیس 6- دانا عەزیز كەریم جەرجیس http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=402
لەسەر داوای بریكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دادگای فیدراڵی عێراق تەماشاكردنی سكاڵایەكی لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی راستەوخۆ بۆ دەرەوە، دواخست. ئیاس سامۆك وتەبێژی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، دادگای فیدراڵیی بە سەرۆكایەتی دادوەر مدحەت مەحمود و ئامادەبوونی هەموو دادوەران، كۆبوەتەوە بۆ تەماشاكردنی سكاڵایەتی وەزیری نەوتی عێراق لەسەر وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی قسەی وتەبێژی دادگای فیدراڵی، لە دانیشتنەكەدا بریكاری هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵی عێراق و بریكاری وەزیری دارایی فیدراڵ و بریكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەبوون. لە دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵیدا، بریكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوایكرد تەماشاكردنی سكاڵاكە دوابخرێت بەمەبەستی ئامادەكردنی لیستی وەڵامەكان، لەسەر بنەمای ئەم داوایە، دادگا تەماشاكردنی دۆسییەكەی بۆ رۆژی 3ی حوزەیرانی داهاتوو دواخست. جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق لە دادگا فیدراڵی عێراق لەبارەی نادەستوریبوونی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە، سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم تۆماركردووە و داوادەكات هەرێم نەوتەكەی رادەستی حكومەتی ناوەند بكات و پارەی هەموو ئەو نەوتەش بگەڕێنێتەوە كە پێشتر بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتویەتی. نەوت یەكێكە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد، بەهۆی ئەوەی تائێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانیوە یاسای تایبەت بە نەوت و غاز پەسەند بكات، پرسی چۆنیەتی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بە ناڕوونی ماوەتەوە، حكومەتی ناوەندی عێراق دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بەستوەتەوە بە بودجەی عێراقەوە، لەبەرامبەر رادەستكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ داوای رادەستكردنی نەوت لە هەرێم دەكات. لە ماوەی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بەشێوەی سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی حكومەتی عێراقەوە پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەسەر ئاستی جیهان روبەڕوی گرێ و گۆڵ بووەوە. دواخستی پرسی بڕیاردان لەسەر سكاڵاكەی وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێكی تر گفتوگۆ لەنێوان هەرێم و بەغداد لەبارەی نەوتەوە دەستپێدەكاتەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت بەیانی ئەمڕۆ خەڵكی لوبنان چوونە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان كرد بە مەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان، لە ماوەی (9) ساڵی رابردوودا ئەمە یەكەمین هەڵبژاردنە لە لوبنان بەڕێوەدەچێت. پێشبینی ناكرێت ئەم هەڵبژاردنە تەرازووی هێز لە لوبنان بگۆڕێت، بەڵام وەكو هەنگاوێكی گرنگ تەماشا دەكرێت بۆ سەقامگیركردنی ئابوری وڵات. (3 ملیۆن و 600 هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە (500) كاندید كێبركێ دەكەن لەسەر بردنەوەی (128) كورسی پەرلەمان. دواین هەڵبژاردن لە لوبنان ساڵی 2009 بەڕێوەچوو، دەبوو ویلایەتی پەرلەمان ماوەی تەنیا (4) ساڵ بەردەوام بێت، بەڵام هاوشێوەی هەرێمی كوردستان ویلایەتی پەرلەمان دووجار درێژكرایەوە، ئەمەش بە بەهانەی دوو هۆكاری جیاواز، یەكەم ناسەقامگیری بارودۆخی سوریای دراوسێ و دووەم، هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكان. دواجار سیستمی هەڵبژاردن هەمواركرا، ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن كەمكرایەوە و بۆیەكەمجاریش لە مێژووی لوبناندا رێگا بە رەوەندی دەرەوەی وڵات درا بەشداری دەنگدان بكەن. لوبنان تاڕادەیەكی زۆر توانی بەسەر ئەو گەردەلولە هەرێمییەدا سەركەوێت كە بەهۆی ئەو جەنگەوە دروستبووە كە ماوەی (9) ساڵە لە سوریای دراوسێیدا بەردەوامە، كە وەكو موگناتیسێك وڵاتانی ناوچەكەی بەرەو خۆی كێش كردووە و بەهۆیەوە شەپۆلێكی ئاوارەبوون دروستبووە، بەڵام لەدوای دواهەمین هەڵبژاردنەوە روبەڕوی تەنگژەیەكی سیاسی ناوخۆیی بووەوە. لوبنان كە وڵاتێكە بچوكە و دەكەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، هێشتا هەڵبژاردن تێیدا تاڕادەیەك پرۆسەیەكی رووكەشە، چونكە دەسەڵات بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان تائیفە و پێكهاتەكانی وڵاتدا دابەشكراوە. چاودێران پێشبینیدەكەن، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەرچۆنێك بێت، حكومەتی داهاتووی لوبنان هاوشێوەی ئەو حكومەتەی كە ساڵی 2016 دروستكرا پێكبێت لە زۆرینەی پارتە سەرەكییەكانی وڵات. سەرەڕای هەندێك كردەوەی توندوتیژی و ترساندنی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنەكانەوە لەم هەفتانەی دوایدا، لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هیچ روداوێكی گەورە لە لوبنان روینەداوە كە جێگای باس بێت. دوو لایەنی سەرەكی لوبنان زیاتر لەلایەن چاودێرانەوە سەرەنجیان لەسەرە، ئەوانیش بریتین لە رەوتی ئایندە- (مستقبل) بە سەرۆكایەتی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی سوننەی هەروەها حزبوڵای شیعە بە سەرۆكایەتی حەسەن نەسروڵا. لوبنان هاوشێوەی عێراق ماوەی چەندین ساڵە بوەتە گۆڕەپانی ململانێی مەزهەبی نێوان سعودیە و ئێران، ئێران پشتیوانی لە حزبوڵا دەكات، سعودیەش لە هەڵبژاردنی پێشوودا پشتیوانی رەوتی موستەقبەلی سەعد حەریری كرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا سعودیە پاشەكشێی كردووە لە پشتیوانیكردنی حەریری. وڵاتە كۆمەكبەخشەكان مانگی رابردوو بەڵێنیاندا بڕی (11) ملیار دۆلار وەكو قەرز بە لوبنان بدەن بۆ پرۆگرامی وەبەرهێنانی سەرمایە، بەڵام پێدانی ئەم قەرزە بەو مەرجەیە دەسەڵاتدارانی لوبنان چاكسازی لە بواری دارایی و كەرتەكانی تردا بكەن.
ئەگەرچی پارێزگای هەولێر لەژێر دەسەڵات و كۆنترۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، بەڵام لایەنەكانی تر پێكەوە ( یەكێتی ، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو) پێكەوە (379562 ) دەنگیان هێناوە بەرێژەی ( 52%)ی پارێزگای هەولێرە لەگەڵ ( 8 ) كورسی لەكۆی 15 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران، بە جۆرێك یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 48% و لایەنەكانی تریش لە 52%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە. لە كۆی 15 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیش لە 2014 پارتی 7 كورسی و لایەنەكانی تریش 8 كورسیان بەدەستهێناوە، چاوەڕوان دەكرێت لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوودا نەخشە سیاسیەكە گۆڕانكاری زیاتر بەخۆیەوە ببینێت
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەرەفعەت رۆژی 24ی حوزەیران هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە توركیا بەڕێوەدەچێت، لەدوای ئەم هەڵبژاردنە سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا دەچێتە بواری جێبەجێكردن كە ساڵی 2017 لە راپرسییەكی گشتیدا دەنگی لەسەردرا، بەمەش كۆتایی بە رۆڵی بەرفراوانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دێت. پارتی ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا چوار كەسیان كاندید كردووە بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمەش بە مەبەستی كەمكردنەوەی دەنگەكانی ئەردۆغان و رێگرتن لە دەرچوونی لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بەنیازن ئەگەر هەڵبژاردن بكەوێتە خولی دووەم، هەموویان پشتیوانی یەك كاندید بكەن لەبەرامبەر ئەردۆغاندا. ئەمڕۆ دواهەمین رۆژ بوو بۆئەوەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ناوی خۆیان پێشكەش بە لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەكان بكەن. دیارترین ركابەرەكانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا: • موحەڕەم ئینجیە- پارتی گەلی كۆماری " جەهەپە" پارتی گەلی كۆماری كە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكییە لە توركیا، موحەڕەم ئینجیەی كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ئینجییە تەمەنی (53 ساڵ)ەو پێشتر مامۆستای فیزیا بووە. ئینجییە وا ناسراوە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی ئۆپۆزسیۆن كە زۆر بە حەماسەتەوە قسە دەكات، ئەو لە دواین هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتەكەی (2014-2016) تاكە ركابەری كەمال كلیچدار ئۆغلۆ بوو بۆ سەركایەتیكردنی پارتەكە. بەهۆی ئەو لێدوانە توندە بەردەوامەكانییەوە پێشبینی دەكرێت كاندیدێكی گونجاو بێت بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ ئەردۆغان، هەروەها لەلایەن بنكەی دەنگدارانی پارتەكەی و لەناو رەوتی پارێزگار و چەپڕەوەكانی توركیاشدا لایەنگری هەیە. لە وتارێكدا لەبەردەم لایەنگرانی پارتەكەی لە ئەنكەرەی پایتەخت، ئینجییە وتی" دەبم بە سەرۆكی هەموان، سەرۆكێكی بێلایەن. رۆژی 24ی حوزەیران بێئومێدی كۆتایی دێت". • میراڵ ئەكشینار- پارتی خێر میراڵ ئەكشینار یەكێكە لە سیاسەتمەدارە نەتەوەپەرەستەكانی توركیا، ئەم ژنە سەرۆكایەتی پارتی خێر دەكات و خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا كاندید كردووە، هەندێك لە چاودێران بوونی ئەم ژنە لە پرۆسەكەدا وەكو ئاڵنگاری لەبەردەم ئەردۆغان وێنا دەكەن، بەوپێیەی پێگەی جەماوەرییەكەی دەكەوێتە ناو بنكەی جەماوەری پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدارەوە كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات، كە بریتین لە خەڵكانی پارێزگار و لایەنگرانی كەرتی كار و خەڵكانی ئیماندار و نەتەوەپەرەست. بەهۆی نەیاریكردنی سیستمی سەرۆكایەتییەوە، میراڵ ئاستی جەماوەری بەرزبووەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا تەنانەت لەناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار رەوتێك هەن حەزیان بەو سیستمە نییە كە دەسەڵاتێكی نیمچە رەها بە سەرۆك دەدات و وڵات بەرەو ستەمكاری دەبات. • میراڵ ئەكشینار ساڵی 1996 وەزیری ناوخۆی توركیا بووە، یەكێك بووە لەوانەی بەشداری كردووە لە دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، بەڵام دواتر پارتەكەی بەجێهێشت و رایگەیاند، دادو گەشەپێدان تەنیا درێژكراوەی پارتی رەفاهی ئیسلامییە كە نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكایەتی دەكرد. ئەكشینار پاش جیابونەوەی لە پارتی دادو گەشەپێدان چووە ناو پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەستەوە، بەڵام بەهۆی نەیاربوونی لەگەڵ شێوازی كاركردنی سەرۆكی پارتەكە بەتایبەتی لە پشتگیریكردنی لە ئەردۆغان، ساڵی 2016 لە پارتەكە دەركرا، لەوكاتەوە نازناوی "ژنە پۆڵاینەكە"ی پێدرا. • سەلاحەدین دەمیرتاش- پارتی دیموكراتی گەلان- هەدەپە لەپشت دیواری زیندانەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) وەكو تاكە كوردێك خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی توركیا كاندید كرد. كاندیدبوونی سەلاحەدین دەمیرتاش لەناو زیندانەوە هیچ گرفتێكی یاسایی دروستناكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا تائێستا دادگاكانی توركیا هیچ تۆمەتێكیان لەسەر ساغ نەكردوەتەوە. دەمیرتاش بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستگیركراوە كە بەپێی یاسا كاركردنی سیاسی پەكەكە لەناو توركیا یاساغ كراوە، ئەگەر كۆی ئەو تۆمەتانەی كە ئاڕاستەی كراوە لەسەری ساغ بكرێنەوە، دەمیرتاش بە (142 ساڵ) زیندانی حوكم دەدرێت كە تەمەنی بەشی تەواوكردنی ئەو حوكمە ناكات. كاندیدبونی دەمیرتاش بۆ سەرۆكایەتی توركیا لەكاتێكدایە ئەندام و لایەنگرانی پارتەكەی (هەدەپە) لەدوای كودەتا شكستخواردوەكەی توركیاوە روبەڕوی هەڵمەتی سەركوتكردن و دەستگیركردن دەبنەوە. ئاستی جەماوەری هەدەپە لەنێوان 10% بۆ 12% ە لە توركیا، بەڵام پێشبینی دەكرێت بە كاندیدبوونی دەمیرتاش لەبەرامبەر ئەردۆغان ئاستی دەنگەكانی ئەو پارتە كوردییە بەرزتر ببێتەوە. دەمیرتاش یەكێكە لە دیارترین سیاسەتمەدارانی توركیا كە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015ی توركیادا توانی لە دەرەوەی بازنەی دەنگدەرانی خۆی كە زۆرینەیان كوردن، دەنگ لە ناوچە جیاجیاكانی توركیا بەدەستبهێنێت، بەوەش توانی پارتەكەی بكات بە دووەم گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی توركیادا. تیمیل كەرەموڵا ئۆغلۆ- پارتی سەعادەتی ئیسلامی پارتی سەعادەت ساڵی 2001 دامەزراوە، لە هەڵبژاردنی پێشووی توركیادا نەیتوانی رێژەی پێویستی دەنگ بەدەستبهێنێت بۆئەوەی بچێتە ناو پەرلەمانەوە، تیمیل كەرەموڵا كە سەرۆكایەتی پارتەكە دەكات خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیدكردووە، بەڵام بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لیژنەی ناوەندی هەڵبژاردنەكانی توركیا بەمەبەستی پەسەندكردنی كاندیدبونەكەی، دەبێت تاوەكو رۆژی 9ی ئەم مانگە (100 هەزار) ئیمزا كۆبكاتەوە. پارتی سەعادەت بانگەوازەكانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری رەتكردەوە بۆ چونەناو ئەو هاوپەیمانێتییەی كە پارتی دەسەڵاتدار لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرەست كردویەتی، بۆیە ئێستا ئەم پارتە بووەتە هاوپەیمانێكی پێشبینی نەكراوی ئۆپۆزسیۆنی عەلمانی توركیا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. پارتی سەعادەت هاوشێوەی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار ریشەیەكی ئیسلامی هەیە، بۆیە چاودێران پێشبینی دەكەن بەشداریكردنی لە كێبركێكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئۆپۆزسیۆن لە راكێشانی دەنگ لەناو بنكەی جەماوەری پارتی دادو گەشەپێدان و ئەمەش هۆكار دەبێت بۆ ئەوەی ئەردۆغان لە خولی یەمەمدا هەڵبژاردنەكە نەباتەوە. رۆژی سێ شەممەی رابردوو لە وتارێكدا كەرەموڵا ئۆغلۆ وتی: ئەردۆغان سەركوتكاری دەكات لەبەرامبەر هەموو توێژەكانی كۆمەڵگەدا". • دوو كاندید لە پەراوێزدا جگە لەو كەسانەی كە پارتەكانیان فراكسیۆنی لەناو پەرلەماندا هەیە و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كاندید كردووە، دوو كاندیدی تر هەن كە پارتەكانیان ئامادەگی لەناو پەرلەماندا نییە، ئەو دوو كاندیدەش بریتین لە هەریەكە لە (دۆغۆ بیرینچیك) سەرۆكی پارتی نیشتمانی چەپڕەو، هەروەها (وەجدەت ئووز) كە پارتێكی بچوكی هەیە.
لێهاتوویی كاندید لە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردندا ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت كاندیدی هەڵبژاردنەكان چۆن هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات و دەتوانێت متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت ؟ ئەمە پرۆسەیەكی سەخت و ماندوكەرە، پێویستی بە هونەر و لێهاتوویی هەیە، چونكە وەكو چەكێكی دوو سەرەیە، هەر هەڵەیەك بەشێوەی نەرێنی لەسەر كاندید دەكەوێت. مەبەست لە لێهاتوویی چییە ؟ لێهاتوویی بریتییە لە هونەری بەكارهێنان و قۆستنەوەی تواناكان بەشێوەیەكی باش، گوزارشتە لە شارەزایی و خوێندنەوەی ئەزمونەكان و كاركردن لەسەریان. مەبەست لە بەڕێوەبردن چییە ؟ كۆمەڵێك بنەما و پرۆسەی بەردەوامە لەپێناو بەكارهێنانی ئەو سامان و توانا مرۆیی و مادییانەی كە لەبەردەستدان و قۆستنەوەیان بە باشترین شێوە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ئامانجێكی دیاریكراوی رون و ئاشكرا. لەرێگەی بەڕێوەبردنێكی باشەوە ئەوانەی كە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن چیان دەوێت، چی دەكەن، لە كوێ و چۆن و لە چ كاتێكدا، كامەیە تواناكانی بەردەستیان؟، خەڵكەكانیان كامانەن؟ مەبەست لە هەڵمەتی هەڵبژاردن چییە ؟ كۆمەڵێك چالاكی پەیوەندیگرتنی پلان بۆداڕێژراوی رێكخراوە, كە تاك یاخود كوتلەیەك یاخود پارتێك دەیكات بەدوور لە هەركارێكی هەڕەمەكی، بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی دەنگدەران. * ئامانجەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن هەر هەڵمەتێكی هەڵبژاردن كار بۆ بەدیهێنانی سێ ئەركی هاوسەنگ دەكات: 1- گرەنتیكردنی دەنگی دەنگدەرانی لایەنگری پارتەكەی، لەرێگای چەسپاندن و بەهێزكردنی هەڵوێستەكانیان و پاراستنیان لە كاریگەری پروپاگەندەی ركابەرەكانی. 2- دانانی كاریگەری لەسەر زۆرترینی ئەو توێژانەی كە بێلایەنن، ئەمانە ئەو توێژانەن كە لەلایەن هەموو كاندیدەكانەوە كراونەتە ئامانج. 3- پوچەڵكردنەوەی هەڵوێستی ركابەرەكان و گۆڕینی ئاڕاستە و بێ متمانەكردنی دەنگدەران بە بەرنامە و بیروبۆچونەكانیان. *گرنگترین ئامرازە بەكارهێنراوەكانی پەیوەندیكردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا * بەسەركردنەوەی ماڵ و كۆبونەوەكان و هەر جۆرە پەیوەندییەكی تایبەتی * پۆستەری تایبەت بە بەرنامەی هەڵبژاردن * پۆستەری تایبەت بە لیستی هەڵبژاردن و ژیاننامەی كاندیدەكان * لافیتەی قوماش و كاغەزی كە گوزارشت لە بەرنامەی هەڵبژاردن بكات * كاغەز و نامەی پێچراوەی رەنگاوڕەنگ كە بەرنامەی هەڵبژاردنی كاندیدەكان لەخۆبگرێت * دروشمی دیوارەكان كە هەمان ناوەڕۆكی تابلۆ قوماشییەكان لەخۆدەگرێت * ئۆتۆمبیلی بانگەشەكردنی گەڕۆك كە بانگەواو بۆ بەرنامەی هەڵبژاردن و ناوی كاندیدەكان دەكات * بانگەشە و ریكلامی هەڵبژاردن لە دەزگا راگەیاندنە جەماوەرییەكان * فێستیڤاڵ و رێپێوانە جەماوەرییەكان *قۆناغەكانی پلانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەر پرۆسەیەكی پلاندانان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەچەند قۆناغێكی جۆراو و گرنگ و یەكانگیردا تێدەپەڕێت، گرنگترینیان: 1- خۆئامادەكردنی كاندیدەكان و دیاركردنی باشترین بژاردە 2- ئامادەكردنی تۆمار و زانیارییەكان لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە 3- خوێندنەوەی ژینگەی هەڵبژاردن لەڕووی كێشە و بەربەست و دەنگدەرو ركابەرەكانەوە.. هەموو ئەو شتانەی كە تایبەتن بەو بازنانەی كە هەڵبژاردنیان تێدا بەڕێوەدەچێت 4- ئامادەكردنی بەرنامەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەمانی پێشوتر، دەبێت بەرنامەكان رون و واقیعی بێت و پەیوەندیداربێت بە جەماوەرەوە 5- دانانی پلانێكی دارایی بۆ دابینكردنی پارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن 6- دیاریكردنی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی گونجاو و ئامرازەكانی بانگەشەكردن 7- خشتەكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و شێوازی جێبەجێكردنی *ئامرازەكانی لێهاتوویی بۆ جێبەجێكردن (10) بابەت هەن كە وەكو لێهاتوویی بنەڕەتی پێویستن بۆ جێبەجێكردنی پلانی هەڵبژاردن ئەژماردەكرێن. یەكەم: دیاریكردنی باشترین كاندید لەناو كۆمەڵێكی زۆری كاندیدەكان و دیاریكردنی باشترین پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ئەم خەسڵەتانە: 1- دەبێت كاندید كۆمەڵایەتی بێت بەو واتایەی دەبێت ئامادەگی كۆمەڵایەتی هەبێت و لەلای خەڵك قبوڵكراو بێت، ئاكاری باش بێت و مامەڵەی دۆستانە بكات. 2- شێوە و روخساری قبوڵكراو بێت، خەندەیەكی ئارامی هەبێت كە بتوانێت بەهۆیەوە روبەڕوی خەڵك ببێتەوە. 3- كەسێك نەبێ كە بەشێوەیەكی خێرا توڕە ببێت، چونكە دەبێت لەگەڵ هەموو رەنگەكانی خەڵكدا مامەڵەبكات چ یار و چ نەیار و خەڵكی حەماسی، بۆیە دەبێت كاندید كەسێكی خۆگر و بەتوانابێت لە گفتوكۆكردن و قایلكردندا، بەرامبەرەكانی قبوڵبكات و بەرگەی رەخنەكانیان بگرێت هەرچەندە توندیش بێت. 4- زمانپاراو بێت لە قسەكردن و توانای كوێگرتنی هەبێت بەشێوەیەكی باش. 5- كاریزما: ئەمە تایبەتمەندییەكە كە دیاریكردنی كارێكی ئاستەنگە، بەڵام دەتوانرێت بە ئاسانی بناسرێتەوە لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا، دیارترین رەگەزەكانی ئەم تایبەتمەندییە رێكپۆشی و وردبینییە لە قسەكردندا، ئەو كەسەی كە كاریزمای هەیە بەڕێزەوە مامەڵە دەكات و خەڵك بەلای خۆیدا كێش دەكات. 6- بابەتیبون: ئەمە توانای تەماشاكردنی بابەتەكانە بەدوور لە بۆچونی كەسی و حزبی و لایەنداریكردن بۆ لایەنێك، بەواتای پاراستنی بەرژەوەندی گشتی. 7- دەبێت كاندید رۆشنبیر بێت و زانیاری لەبارەی هەموو جۆرەكانی زانست و روداوەكان هەبێت. 8- بایەخدان بە خەڵك و حەزی یارمەتیدانی ئەوانی تر دووەم: بونی گوتارێكی میدیایی باش و روون بەپێی ئەم تایبەتمەندییانە: 1- بابەتیبون و بێلایەنی و نەشێواندنی بابەتەكان 2- راستگۆیی و دووركەوتنەوە لە درۆكردن و دروستكردنی بابەت 3- شایەتحاڵ و بەڵگە و ئارگیۆمێنت 4- لەبەرچاوگرتنی باری دەرونی وەرگرەكان 5- لەبەرچاوگرتنی پێداویستی و خواست و ئازارەكانی خەڵك 6- پسپۆڕَتی و دەرنەچون لە بابەتە باوەكان. 7- زمانی قسەكردن لەگەڵ تاك و لەگەڵ كۆمەڵ 8- نادژیەكی لەگەڵ سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە 9- نادژیەكی لەگەڵ سیاسەتی گشتی بزوتنەوەكە و فیكرە سیاسییەكەی لەكاتی راگەیانی بۆ رایگشتی 10- شارەزایی زمانەوانی لە بواری رێزمان و نوسیندا سێیەم: بونی بارەگایەكی هەڵبژاردنی ئاشكرا و دابینكردنی هەموو هۆكارە پێویستەكانی پەیوەندیكردن بۆی، تێیدا تیمێكی راهێنراو سەرپەرشتی جێبەجێكردنی كەمپەینەكە بكەن و ناونیشانێكی هەبێت بۆ لیستی كاندید و راگەیاندنكار و جەماوەر. چوارەم: بوونی لیژنەیەكی هەڵبژاردن كە سەرۆكێكی هەبێت و هەموو پێداویستییە پیشەییەكانی هەبێت وەكو یاسا و راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی و ئابوری.. سەرپەرشتی هەموو پرۆسەی هەڵبژاردن بكات لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی. پێنجەم: بوونی وتەبێژێكی میدیایی تایبەتمەند، خاوەنی گوتارێكی میدیایی باش بێت، ئەو تایبەتمەندییەی هەبێت كە زمانحاڵی لیستی كاندیدەكە بێت، ئەمە دەكرێت هۆكار بێت بۆ رێگرتن لە لێدوانی دژبەیەكی كاندیدەكان كە زۆرجار رودەدات، مەرج نییە ئەو كەسە خۆی لەناو لیستەكەدا بێت، بەڵام باشترە یەكێك بێت لە كاندیدەكان. شەشەم: بەكاارهێنانی باشترین ئامرازەكانی پەیوەندیكردن لە بواری هەڵبژاردندا، هەر ئامرازێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەموو جەماوەرێكیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، لێهاتوویی لێرەدا ئەوەیە ئامرازێك بەكاربهێنین كە گونجاو بێت لەگەڵ جەماوەر لە كاتێكی گونجاودا، بۆ نموونە: - بەكارنەهێنانی رۆژنامە و گۆڤارەكان لە گوندەكاندا، چونكە زۆرینەی خەڵكی ئەو گوندانە نەخوێندەوارن. - بەكارنەهێنانی ئەو ئامرازانەی كە خەرجییان زۆرە لەو هەڵمەتانەی هەڵبژاردندا كە بەرفراوان نین وەكو كەناڵە ئاسمانییەكان. - دابەشكردن و خشتەكردنی بەكارهێنانی ئەو ئامرازانە و تێكەڵنەكردنیان لەگەڵ یەكتری، بەكارهێنانیان بەشێوەی خشتەكاری بەدرێژایی هەڵمەتەكە. - دەبێت بەشێوەیەكی زیاتر پشت بە پەیوەندی تاكەكەسی ببەسرێت، بانگەوازی تاكەكەسی، سەردانی مەیدانی، دروستكردنی پەیوەندی گشتی و مرۆیی. حەوتەم: وردبینیكردن لە خەرجییەكان بەشێوەیەكی باش، خەمڵاندنی بەشێوەیەكی باش، دیاریكردنی بودجەی كەمپەینەكە و كاركردن بەپێی بودجەكان. هەشتەم: هەڵبژاردنی سەرەتایەك بۆ كەمپەینی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی زانستی، شارەزایان سێ سەرەتایان بۆ جێبەجێكردنی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن داناوە كە ئەمانەن: - سەرەتایەكی بەهێز و كەمی لەسەرخۆ - سەرەتایەكی دیاریكراو و زیادكردنی لەسەرخۆ - سەرەتاییەكی هاوسەنگ ودووبارەكردنەوەی هێز و لاوازی لەگەڵ بەكارهێنانی هەر ئامرازێكی نوێدا هەندێك لە شارەزایان پێیانوایە جێبەجێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێت: - قۆناغی نمایشكردنی كاندیدە بۆ جەماوەر بەر لەكاندیدكردنی بۆ زانینی بۆچونی خەڵك دواتر خستنەڕووی بەرنامەی هەڵبژاردن - قۆناغی بڵاوبونەوە و جێبەجێكردنی بەشێوەیەكی ئاشكرا و بەكارهێنانی هەموو ئامراز و هۆكارەكان و دووبارەكردنەوە. - قۆناغی سەرەنج خستنەسەر چالاكی لەسەر پرسە تایبەت و چارەنوسسازەكان. - قۆناغی هێرشكردنەسەر ركابەرەكان و پوچەڵكردنەوەی بەرنامەكانیان. ناتوانین بڕیار لەسەر باشترین سەرەتا بۆ دەستپێكردنی كەمپەینی هەڵبژاردن بدەین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا دەبێت خوێندنەوە بۆ سەرەتای دەستپێكردنی كەمپەین بكرێت و لەسەر بنەمایەی زانیاری روون بەڕێوەبچێت، پێدەچێت لەگەڵ هەر جۆرێك لە جۆرەكانی هەڵبژاردندا یاخود هەموو قۆناغێك لە قۆناغەكانی هەڵبژاردندا جۆرێك لە جۆرەكانی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ بگونجێت. نۆیەم: چاودێریكردنی رۆژی دەنگدان بەشێوەیەكی باش و بینینی وەكو رۆژێكی نائاسایی، دەبێت تێدا گوتارەكان یەكبخرێت، هەواڵ بڵاونەكرێتەوە مەگەر بەشێوەیەكی ناوەندی نەبێت، چاودێریكردنی پێشێلكارییەكان و چارەسەركردنی یەك بەیەكیان. رۆژی دەنگدان لەرێگەی ژوورێكی عەمەلیاتەوە بەڕێوەدەبرێت كە هەموو ئامرازە خێراكانی پەیوەندیكردنی بۆ دابینكرابێت و تیمێكی هەبێت كە پەیوەستكرابێت بە لیژنەی سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكانەوە، ئەمەش بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری راست و دروست و راگەیاندنیان بەشێوەیەكی ئازایانە لەكاتی دەرچونی ئەنجامەكاندا جا ئەگەر ئەنجامەكە بردنەوەی هەڵبژاردن بێت یاخود دۆڕاندنی. دەیەم: ئامادەكردنی رەشنوسێك بۆ گوزارشتكردن لە بردنەوەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی ئارام و لەسەرخۆ و دوور لە توڕەیی و جنێودان و گوازارشتكردن لەسەركەوتن بەشێوەیەكی خاكیانە و دڵنیاكردنەوەی لایەنە دۆڕاوەكان و سوپاسكردنیان، هەروەها سوپاسكردنی ئەو لایەنانەی كە هەڵبژاردنەكەیان سەرخستووە، هاوكات ئامادەكردنی رەشنوێك بۆ گوزارشتكردنێكی دیموكراتیانە لە كاتی دۆڕاندنی هەڵبژاردن و پیرۆزباییكردن لە لایەنە براوەكان و راگەیاندنی هەماهەنگیكردن لەگەڵیان، هەروەها سوپاسكردنی ئەو لایەنانەی كە هەڵبژاردنەكەیان سەرخستووە و رونكردنەوەی ژمارەی دەنگەكانی پارتەكە لە هەڵبژاردنەكەدا.