Draw Media

لایەنە ناڕازییەكان چییان پێدەكرێت ؟

لایەنە ناڕازییەكان چییان پێدەكرێت ؟

2018-05-25 19:28:15


(درەو میديا): 
تائێستا لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان روئایەكی روونیان نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بارودۆخی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارو ئەو دۆخەی لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانەوە دروستبووە.
لایەنەكانی تر سەرقاڵی كۆبوونەوەو گفتوگۆكردنن بۆ پێكهێنانی حكومەت و دیاریكردنی نەخشەی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەڵام لایەنە ناڕازییەكان هەر لە چوارچێوەی لێكدانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن دەخولێنەوەو تا ئێستا نەیانتوانیوە هەڵوێستێكی روون دەرببڕن، ئەو لایەنانە پێش هەڵبژاردن هیچ ئامادەكاری و هەنگاوێكیان نەناوە بە ئاڕاستەی رێگریكردن و چۆنیەتی روبەرووبونەوەی ساختەكاری و فێڵی سیاسی لە هەڵبژاردنەكان.
دكتۆر نیاز نەجمەدین لە كورتە نوسینێكدا دەڵێ" ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی هەرێم بەر لە هەڵبژاردن هاوپەیمانیی هەبوایە لەگەڵ سائیرونی موقتەدا سەدر یان نەسری عەبادیی، ئەوا لە روبەڕوبونەوەی ساختەكارییدا تەنیا باڵ نەدەمایەوە. بەڵام بۆ ئەوەی پێیان نەڵێن عێراقچیین و پشتیان كردووەتە كوردایەتیی، نەیانوێرا". 
ئێستا ئەو هێزانە بەدوای دەرەچەیەك دەگەڕێن بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان، ئایا بایكۆت بكەن یاخود بچنە بەغدادو بەشداری پرۆسەیەی سیاسی بكەن، كە لە هەردوو حاڵەتەكەدا زیان و سودی خۆی هەیە.
بەكر سدیق مامۆستای زانكۆ لە نوسینێكدا بەناوی" ئاگادارییەكی بەپەلە بۆ رێبەرانی حیزبە دەنگ دزراوەكان!" دەنوسێت" تاكە ئامرازێك كە پردەبازی دەرچونە لە نابوتكردنی رۆڵی ئێوەو  گێرانەوەی ئومێد بۆ خەڵكی هەژاری ئێمە و، دەربازبونمان لە پاوان و ساختەكاریی ئەو دەسەڵاتە، كە هۆكاری داتەپینی ژیانی گەلەكەمانە، بریتیە لە چەند بڕیارێكی چارەنوسساز كە خۆلادان لەو بڕیارانە، بەرای ئێمە كۆتایی رۆڵی ئێوە دەبێ لەم قۆناغە هەستیارەی دۆخی گەل و وڵاتەكەمان. بۆیە پێویستە پێش ئەوەی كوتلەی زۆرینە بۆ پێكهێنانی كابینە لە بەغداد رابسپێردرێ، ئەم بڕیارانەی خوارەوە بدەن:

1-     حەساسیەتی حیزبی بخەنە، خواری خوار مینیمەم و  هەمووتان لە یەك حیزبدا یان لە بەرەیەكی فراواندا خۆتان ئیعلان بكەن.
2-     سەركردایەتیەكی هاوبەش پێكبهێنن كە پێكبێ لە كەسی یەكەم و دوەمی هەر حیزبیكتان.
3-     ئەو یانزە كورسیەی بەدەستان هێناوە، بیكەنە یەك كوتلەی پەرلەمانی و، ئەو یانزە پەرلەمانتارە سوێند بخۆن كە لە رێبازو ئامانجی ئەو بەرە یان قەوارە یەكگرتوەی پێكی دەهێنن لانەدەن.
4-     بڕیاربدەن، لەگەل كوتلەی زۆرینەی بەغداد، هاوپەیمانی ببەستن و بەڕووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبی و پشكە بەشەكانی ئەو جوت حیزبە بوەستنەوە و بەغداد بكەنە گۆرەپانی وشككردنی ئەو سەرچاوە سیاسی و دیپلۆماسی و مالیانەی، كە ئامرازی درێژەپێدەری سیاسەتی پاوانكاری و سوڵتانیانە و میلیشیاییانەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەی هەرێمەكەمانە. 
لە هەموو دۆخێكدا ئەم هێزانە دەبێت بڕیار بدەن، ناكرێت بەدیار چارەنوسی خۆیان دابنیشن و چاوەڕوانی قەدەری رۆژگار بن.
دكتۆر جەعفەر عەلی لە نوسینێكدا بەناوی "لە بارەی بەشداری، یان بایكۆت لە بەغداد" دەنوسێت"بە دڵنیاییەوە بڕیاردان لە وەها پرسێك بە هەر بارێكیدا بێت، وەك ئاسان نییە، بێ كێشەش نابێ، بەڵام دەبێ بزانین هێزی سیاسی لەڕێی ئەم هەڵوێستانەوە دەتوانێ كاریگەرتر لە بەشداری ململانێی سیاسیدا بمێنێتەوەو ناسنامەی سیاسی و ستراتیژی كاری سیاسی خۆی دیاریبكات، نابێ لە ژێر فشاردا بڕیار بدات، دەبێ قازانجی سیاسی و ئایندەیی حیزبەكە، لە سەروو چەند هەڵوێستێكی بێ بیركردنەوەی قوڵ ببینێت. هەروەكچۆن دەبێ هێزی ئەوەیشی هەبێت بڕوا بە ئەندام و لایەنگران و دەنگدەرانی خۆی بهێنێت، كە قازانجی گەورەی سیاسی لە چ گۆشەیەكەوە روونتر دەردەكەوێ":
1-    بەشداریكرن لە پرۆسەی سیاسی عیراق، واتە هێشتنەوەی ئەم هێزە سیاسییانە لەنێو وێنە سیاسییە گەورەكەدا لە ئاستی سیاسی و پەیوەندی و بەریەككەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ كۆی هێزە عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكاندا.
2-     بەشداریكرن دەرفەتی زیاتر بۆ ئەم هێزە ناڕازییانەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەڕەخسێنێ، تا لە ئاستی عێراقی بتوانن پەیوەندی و تێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە دۆخی هەرێمی كوردستان و هەژموونی پارتی و یەكێتی بەسەر كۆی دەزگاو دامەزراوەكانی چەكداری و ئەمنی و دادگا و سامانی گشتییەوە، دروستبكرێت.
3-      هەموو هێزێكی سیاسی نوێ بەر لە هەر شتێك دەبێ هەوڵی ناساندنی ناسنامەی سیاسی خۆی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكەو وڵاتان، بەڕێگەی دیپلۆماسی بدات، بەغداش بۆ ئێمە باشترین سەنتەری ئەم دەربازبوونەیە لە جوگرافیای بچووكی پەیوەندی سیاسی. بایكۆت ئەم كەناڵە بە تەواوی بەرتەسك و بچووك دەكاتەوە، وا دەكات لە نێو بازنەی رووبەرێكی لۆكاڵی هەرێمی كوردستاندا بمێنینەوە.
4-    بەشدارینەكردن لە عێراق، لە پلەی یەكەمدا، واتە بایكۆتی كۆمەڵێك هێزی براوەی وەك لیستەكانی (سەدر، فەتح، نەسر و حیكمەو ..)، نەك بایكۆتی پارتی و یەكێتی. 
ئێستا خەریكە بۆچونەكان بارودۆخی هەڵبژاردن و ساختەكاری تێدەپەرێنن و چاوەكان لەسەر دروستكردنی بەرەكی تۆكمەیە لەلایەن هێزە نارازییەكانەوە، چ لە ئاستی بەغداد و چ لە ئاستی هەرێمی كوردستان، " بەرەیەك بەرامبەر پارتی و یەكێتی" ئەمە ناونیشانی بۆچونێكی بێستون فایەق پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێی وایە"  خەڵكی كوردستان لەم دۆخەی دوای دزین و ئاڵوگۆڕی دەنگەكانیاندا پێویستیان بە گەڕانەوەی متمانەو ئومێدە بۆ ئەوەی چوار مانگ دوای هەڵبژاردنێكی ساختە جارێكی تر متمانەیان بۆ دەنگدان و هەڵبژاردن و خەباتی پارلەمانی بگەڕێتەوە، نا ئومێدی ئێستای دەنگدەری كوردی دوای ئەو ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق و دەست گەیشتنی پارتی و یەكێتی بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی ژماردنی دەنگەكان لە ئاستێكدایە، كە بڕوابون بە خەباتی پارلەمانی و هەڵبژاردن بۆ گۆڕانكاری لاواز بوەو بەشێك لە خەڵك هەڵبژاردن بە رێگەی راست و گەیشتن بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نابینن كە ئەمە مەبەست و ئامانجی یەكێتی و پارتییە". 
بێستون فایەق پێی وایە دەبێت لایەنەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان ئامادە بكەن، ئەویش بە درووستكردنی بەرەیەكی تۆكمە" دروستكردنی بەرەیەك بەرامبەر یەكێتی و پارتی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە هێزە دەنگدزراوەكان لە هەموو كات گرنگترە و یەكێكە لە پێویستییەكانی قۆناغەكە و دەنگە ساختە كراوەكان ئەمانەت و متمانەی خەڵكەو لە گەردنی ئەو هێزانەدایە كە لە بنەڕەتدا و پێش تەزویر دەنگدەر دەنگەكەی پی داوە، بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری  كە دوای دزینی دەنگەكانیان زۆر لە یەك نزیكن بەرەیەك بەرامبەر یەكێتی و پارتی پێكبهێنن و لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەكدا بەشداری هەڵبژاردن بكەن (ئەم بەرەیە كراوەبێ بۆ لایەن و پێكهاتەكانی تری كوردستان".  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand