ریفراندۆمەكەی ئایرلەندا: لایەنگرانی لەباربردنی كۆرپەلە سەركەوتن
2018-05-26 13:01:19
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
رۆژی هەینی ریفراندۆمێكی مێژوویی لە ئایرلەندا بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ ئەنجامی بەرایی ریفراندۆمەكە راگەیەندرا و لایەنگرانی لەباربردنی كۆرپەلە سەركەوتن.
لەبەر رۆشنایی ئەنجامی ریفراندۆمەكەدا، ماددەی هەشتی دەستوری ئایرلەندا هەموار دەكرێتەوە كە لە ساڵی 1983وە بەركارە.
ئەو پرسیارەی كە هاوڵاتیانی ئایرلەندا رۆژی هەینی لە ریفراندۆمدا وەڵامیاندایەوە دەڵێ" ئایا دەتەوێت ماددەی هەشتی دەستور هەڵبوەشێتەوە یاخود وەكو خۆی بمێنێتەوە ؟".
لە ماددەی هەشتی دەستوری ئایرلەندا نوسراوە" كۆرپەلە لە سكی دایكیدا مافی ژیانی هەیە هاوشێوەی دایكی سكپڕ".
نزیكەی (3 ملیۆن و 500 هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەبوو لە ریفراندۆمەكەدا، لەكاتژمێری حەوتی بەیانی ئەمڕۆوە پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان دەستیپێكرد.
بەپێی راپرسییەك كە رۆژنامەی (ئایریش تایمز) و كەناڵی (RTA) بڵاویانكردەوە، رێژەی 69%ی بەشداربوانی ریفراندۆمەكە دەنگیانداوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددە دەستورییەكە و لەبەرامبەردا رێژەی 32%ی دەنگیانداوە بۆ هێشتنەوەی ماددەكە وەكو خۆی.
لەبەر بنەمای ئەم راپرسییە، ماددەی هەشتی دەستور هەمواردەكرێت و چیتر هیچ بەربەستێكی یاسایی لەبەردەم لەباربردنی كۆرپەلە لە ئایرلەندا نامێنێت كە وڵاتێكە دابونەریتی مەسیحییە كاسۆلیكییەكان ریشەیەكی مێژوویی هەیە تێیدا.
تاوەكو ساڵی 2003 لە ئایرلەندا بەهۆی ماددەی هەشتی دەستورەوە هەموو جۆرە حاڵەتێكی لەباربردنی كۆرپەلە یاساغ بوو، بەڵام لەو ساڵەدا لە چەند حاڵەتێكدا رێگەدرا بە لەباربردنی كۆرپەلە، بەتایبەتی لە حاڵەتێكدا كە ژیانی دایكی سكپڕ لە مەترسیدا بێت، مەترسی وەكو ئەگەری خۆكوشتنی دایك.
بەپێی یاسا لە ئایرلەندا لەباربردنی كۆرپەلە بەشێوەی نایاسایی سزاكەی (14) ساڵ زیندانی بوو.
ئەگەر لایەنگرانی هەڵوەشاندنەوەی ماددەی هەشت سەركەون وەكو ئەوەی ئەنجامی راپرسییەكان ئاماژە بە سەركەوتنیان دەكەن، حكومەتی ئایرلەندا پێشنیاز دەكات رێگە بە ژنان بدرێت لەماوەی 12 هەفتەی یەكەمی سكپڕیدا كۆرپەلەكەیان لەبارببەن ئەگەر بیانەوێت.
بەڵام دوای 12 هەفتەی یەكەمی سكپڕیدا رێگە بە لەباربردنی كۆرپەلە نادرێت مەگەر ژیانی دایكە سكپڕەكە لەبەردەم هەڕەشەدا بێت یاخود ئەگەری ئەوە هەبێت زیانی جەستەیی یاخود دەروونی بەربكەوێت، ئەمەش تاوەكو 24 هەفتەی ژیانی سكپڕی دەبێت.
پرسی لەباربردنی كۆرپەلە بۆ زۆرێك لە ئایرلەندییەكان پرسێكی مایەی مشتومڕ بوو، سەركەوتنی ئەو بەرەیەی كە پشتیوانی لەباربردنی كۆرپەلە دەكەن لە ریفراندۆمەكەدا بۆ چاودێران پێشبینی نەكراو بوو، بەتایبەت لەكاتێكدا زۆرێك لە خەڵكی ئەو وڵاتە بەر لە پرۆسەی ریفراندۆم بڕیاری خۆیان یەكلانەكردبوەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، زۆرینەی ئەوانەی كە لە ریفراندۆمەكەدا دەنگیان لەدژی لەباربردنی كۆرپەلەداوە خەڵكانی بەتەمەن و ئەو كەسانە بوون كە لە تەمەنیان لەسەرو 65 ساڵییەوەیە، لەبەرامبەردا رێژەی 84%ی كوڕ و كچانی گەنج كە تەمەنیان لەنێوان (18 بۆ 24) ساڵیدایە دەنگیان بە بەڵێ داوە بۆ لەباربردنی كۆرپەلە.
ئایرلەندا بە یەكێك لە وڵاتە ئاینییەكانی ئەوروپا ئەژماردەكرێت، بەڵام هەژموونی كڵێسای كاسۆلیكی لەمساڵانەی دوایدا پاشەكشێی كرد بەتایبەتی زنجیرەیەك ئابڕوچونی دەستدرێژەی سێكسی بۆسەر منداڵان لەو كڵێسایانەدا.
ریفراندۆمەكەی رۆژی هەینی بەر لە سێ مانگ دێت لەسەردانێكی چاوەڕوانكراوی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان بۆ ئایرلەندا بەبۆنەی دیداری ساڵانەی لەگەڵ خێزانەكان، هەروەها ریفراندۆمەكە دوای سێ ساڵ دێت دەنگدانی ئایرلەندا لەسەر یاسایەك بۆ رێگەدان بە هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزەكان سەرباری نەیاربوونی كڵێسا.
كاردانەوەكان
سایمون هاریس وەزیری تەندروستی ئایرلەندا لە یەكەم كاردانەوەدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسی:" ئەمشەو بەو ئومێدەوە دەخەوم سبەینێ لە وڵاتێكدا خەبەرم ببێتەوە كە زۆر بەسۆزتر و بە رێزتر بێت".
كورا شیرلوك كە چالاكێكی بواری هەڵمەتی "بەرگری لە ژیانە" بێئومێدی خۆی دەربڕی لە ئەنجامەكانی ریفراندۆمەكە، بەڵام وتی" هەڵمەتەكەمان لەبەرامبەر هەموو ئاڵنگارییەكان رادەوەستێت".
بینی موردونت وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ژنان و یەكسانی رایگەیاند" ئەوە رۆژێكی مێژوییە بۆ ئایرلەندا و ئومێدێكیشە بۆ ئایرلەندای باكور".
ریفراندۆمەكەی رۆژی هەینی ئایرلەندا بەرەنجامی چەندین دەیە لە مشتومڕ بوو لەبارەی پرسی لەباربردنی كۆرپەلە، ئەمە شەشەمین جار بوو دەنگدان لەسەر ئەو پرسە بكرێت.