Draw Media

گۆڕان: هەموو بژاردەكان لەبەردەمماندا كراوەن

گۆڕان: هەموو بژاردەكان لەبەردەمماندا كراوەن

2018-05-26 17:30:13


(درەو میدیا):
كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات، لەبەیاننامەیەكدا جڤات رایگەیاند، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار راستنەكرێَتەوە، هەموو بژاردەكان لەبەردەم گۆڕاندا كراوە دەبن بە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسیشەوە.
جڤاتی نیشتیمانی كە لایەنێكی بڕیاردەرە بەپێی دەستوری گۆڕان لەبەیاننامەكەیدا داوا لە هێز و لایەنە سیاسییە "نیشتیمانی"یەكانی كوردستان دەكات بەرەیەكی بەرفراوان پێكبهێنن لەپێناو گۆڕانكاری ریشەیی لە هەرێم.

دەقی راگەیەنراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان:
ئەمڕۆ ٢٦/٥/٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا. لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی كوردستان‌و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ‌و ساختەكارییە رێكخراو و لە رادەبەدەرەكەی پارتی ‌و یەكێتی تاووتوێكران.
جڤاتی نیشتمانی سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات كە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنیان كرد. هەروەها سوپاسی هەڵسوڕاو و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات كە ماندونەناسانە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوڕوتینەوە كاریان بۆ سەرخستنی لیستی گۆڕان كرد.
كۆبونەوەكە بڕیاریدا بە:
یەكەم: ئیدانەكردنی ئەو ساختەكارییە رێكخراوەی یەكێتی ‌و پارتی كە بەهۆیەوە دەنگی سەدان هەزار هاوڵاتی كوردستانیان دزی ‌و سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانی كوردستانیان پێشێل كرد. جارێكی تریش سەلماندیان كە لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان‌ سڵ لە هیچ رەفتارێك ناكەنەوە. بەڵام بەو رەفتارەیان هاوڵاتیانی كوردستانیان رق ئەستورتر كرد بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە شكسخواردوو خۆسەپێنە.
دوەم: توندی ئیدانە كردنی پەلامارە ترسنۆكانەكەی چەكدارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە لە ئێوارەی ١٢/٥ دا كردیانە سەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی.
سێیەم: رەتكردنەوەی سەرتاپای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. لە هەمان كاتدا چاوەڕێی رێكارە یاساییەكان‌ و هەوڵە سیاسی ‌و دیپلۆماسییەكانین بۆ دوبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەرێم ‌و پارێزگاكانی كەركوك ‌و موسڵ، یان راستكردنەوەی ئەنجامەكان ‌و گێڕانەوەی دەنگە راستەقینەكانی هاوڵاتیانی كوردستان. بەپێچەوانەوە هەمو بژاردەیەك لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان كراوەیە، بە بڕیاری بایكۆتی سیاسیشەوە، بە راوێژ لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌ و دادپەروەری، بزوتنەوەی ئیسلامی ‌و حیزبی شیوعی كوردستان. هەروەها داوا لە هەمو هێزو لایەنە كوردستانییە نیشتمانییەكان دەكەین بەرەیەكی فراوان دروست بكەن بۆ گۆڕانكاری ریشەیی لە هەرێمی كوردستان.
هاوڵاتیانی كوردستان
بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بەو راستییەیە كە ئیرادەی گەلەكەمان لەم هەڵبژاردنەدا سەركەوتو بوەو ئەو ساختەكارییەی پارتی‌ و یەكێتی، باشترین بەڵگەیە كە ئەو رەفتارەیان لە ئەنجامی ئیفلاسی سیاسی ‌و جەماوەرییانەوەیە.
دوابەدوای هەوڵەكانی گۆڕان ‌و هێزە كوردستانییەكانی تر بۆ ساخكردنەوەی دەنگەكانی هاوڵاتیان چەندین هێزو لایەنی سیاسی عێراقی ‌و نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكەن لە ساختەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن. هەروەها دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە هەنگاوێكی ئەرێنی ‌و دانپێدانانە بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا.
لە كۆتاییدا داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان دەكەین بە گوڕوتینەوە خۆیان ئامادە بكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە ٣٠/٩ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێ. ئەمەش بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری ریشەیی لە نەخشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ‌و سیستمی حوكمڕانی ‌‌و پوچەڵكردنەوەی پیلانەكانی پارتی‌ و یەكێتی. هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان سەنگی مەحەك دەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی خەبات‌ لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانكاری ‌و چاكسازی لە هەرێمی كوردستان.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand