پەرلەمانتاری لایەنە ناڕازییەكان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نابن
2018-05-26 21:25:47
(درەو میدیا):
حەوت پەرلەمانتاری كورد كە سەربەو لایەنانەن كە نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردن، بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان نەكرد، كە بڕیاربوو تێیدا ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵوەشێندرێتەوە.
ئەمڕۆ جارێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوەوە بۆ ئەوەی بڕیاربدات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجام یاخود بەشێك لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی بۆ جاری سێیەم كۆبونەوەكە پەكی كەوت.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) بەشێك لە پەرلەمانتارانی ئەو لایەنانەی هەرێمی كوردستان كە نیگەرانن لە ئەنجانی هەڵبژاردن و داوای هەڵوەشانەوەی دەكەن، هاوشێوەی پەرلەمانتاری لایەنە براوەكان ئەمڕۆ بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی پەرلەمان نەكردووە.
تەواوبوونی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوون (165) پەرلەمانتار هەیە لەناو هۆڵی پەرلەمان لەكاتی ژماردنی پەرلەمانتاران، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆدا تەنیا (149) پەرلەمانتار ئامادەبوون، بەوهۆیەوە نیساب تەواو نەبوو.
(درەو میدیا) زانیویەتی: لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لە كۆمەڵی ئیسلامی تەنها پەرلەمانتار (زانا رۆستایی) ئامادەی دانیشتنەكە بووە، هەریەك لە (ئەحمەد حاجی رەشید) و (سەلیم شوشكەیی) كە دەرچوون بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان، ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون.
لە بزووتنەوەی گۆڕانیش (ئەمین بەكر، سروە عەبدولواحید، هۆشیار عەبدوڵا، شیرین رەزا، كاوە محەمەد، مەحمود رەزا،) ئامادەبوون، بەڵام هەریەك لە (مەسعود حەیدەر، تاڤگە محەمەد) ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون، سەرەڕای بەشدارنەبوونی (ئارام شێخ محەمەد) جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنەكە كە بەهەمانشێوە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە بەهۆی ئەوەی بە سەردانێكی فەرمی لە پۆڵۆنیایە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی ناتۆ .
لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش (جەمال كۆچەر كە دەرچوەتەوە بۆ خولێكی نوێ و ئاسیا حاجی مستەفا) بەشدار نەبووە، تەنها (موسەنا ئەمین ) بەشدار بوو، هاوكات پەرلەمانتار (عادل نوری) ئامادەی دانیشتنەكە بووە، كە پێشتر لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بوو دواتر جیابوەوە و چووە ریزی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری.