Draw Media

زۆرینە دژی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانن

زۆرینە دژی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانن

2018-05-26 18:19:28


(درەو میدیا):
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە شاری سلێمانی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی كرد.
لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەچوو، ئەمە یەكەمین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو.
كۆبونەوەكە لەكاتێكدا بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان ناڕازییە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و دەڵێ "یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ساختەكاری بەرفراوانیان لە پرۆسەكەدا كردووە".
كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر سێ تەوەری سەرەكی بوو:
یەكەم: پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار
دووەم: پرسی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی
سێیەم: هێرشی چەكداری بۆسەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە

(درەو میدیا) زانیویەتی لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا زۆرینەی بەشداربووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ساختەكارییەكی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاردا كراوە، لە كۆبونەوەكەدا راپۆرتێك خوێندراوەتەوە و لە راپۆرتەكەدا سامپڵی دەنگدان لە ژمارەیەك بنكە وەرگیراوە و بەپێی سامپڵەكان پێشبینی كراوە رێژەی كورسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی (7) كورسی بێت، لەكاتێكدا بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن تەنیا (4) كورسییان بۆ دانراوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی پرسی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسییەوە، لەناو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕاندا دوو بۆچوون هەبووە، هەندێك لەگەڵ بایكۆت و هەندێكی تر دژی بوون، بەڵام زۆرینە دژی بایكۆتكردن بوون.
ئەندامانی خانەی راپەڕاندن زۆرینەیان دژی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوون، لەسەرو هەموشیانەوە (عومەر سەید عەلی) رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە، لەبەرامبەردا لەناو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن هەریەكە لە (عوسمان حاجی مەحمود) و (شۆڕش حاجی) لەگەڵ بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی بوون.
هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەبارەی هێرشی چەكداری بۆسەر مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە لە ئێوارەی رۆژی 12-5، زۆرینەی ئامادەبوانی كۆبونەوەكە پێیانوابووە ئەو هێرشە كارێكی تاكەكەسی نەبووە، بەڵكو رێكخراو بووە و بە ئاگاداری بەرپرسانی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كراوە.


ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوو بژاردەدایە، بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و كشانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاخود بەشداریكردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق و گوێنەدان بە نیگەرانی جەماوەر و دەنگدەرانی بزوتنەوەكە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بڕیاردان لەسەر هەر پرسێك سەرەتا دەبێت جڤاتی گشتی كۆببێتەوە كە جڤاتێكی راوێژكارییە و توانای بڕیاردانی نییە، دواتر جڤاتی نیشتیمانی كۆدەبێتەوە كە وەكو پەرلەمانی حزبە و لەوێ بڕیارەكان دەردەچێن.
رۆژی پێنج شەممە جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەوە و چەند راسپاردەیەكی ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی كرد، زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی گشتی لەگەڵ ئەوەبوون بزوتنەوەی گۆڕان پرۆسەی سیاسی بایكۆت نەكات، بەڵام بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ئەنجومەنی نوێنەران بكشێتەوە وەكو نیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە "پرۆسەی ساختەكاری و ئەنجامەكانی هەڵبژادن". 
سەرباری بۆچونی پێشوەختی جڤاتی گشتی، بەڵام لە كۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆیدا جڤاتی نیشتیمانی هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەبارەی پرسی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی نەدا.
بەپێی ئەو بەیاننامەیەی كە دوای كۆبونەوەكە بڵاوكرایەوە، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی ئەوە دەكات پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و چەند پارێزگایەك دووبارە بكرێتەوە یاخود دەستكاری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكرێت، ئەگەر ئەمە نەكرا ئەو كات بڕیار بدرێت و یەكێك لە بژاردەكانیش كشانەوە بێت لە پرۆسەی سیاسی.


بڕیارنەدانی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدایە ئێوارەی ئەمڕۆ دواین هەوڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنەكە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ سێیەمجار شكستیهێنا لە دەركردنی هەر بڕیارێك سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەرەنجامەكانی، ئەوەش بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان.
بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پێنج لایەنی سیاسی كوردستانیدا كە بریتین لە (كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری- بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان- حزبی شیوعی كوردستان) ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئەو پێنج لایەنە هەمویان چاوەڕوانی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن سەبارەت بە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی و كشانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام لە كۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆیدا جڤاتی نیشتیمانی دەرگای بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە بە كراوەیی هێشتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand