ئامادەكردنی: درەو حەماسو چاونەترسی و گەرموگورٍی خۆپیشاندەران بەرامبەر بەشەقوەشێنەكان لە پایتەختی كوردستان، نایەڵێت لە ماڵەوە دانیشیت و كێشت دەكات بۆ ناو ئاپۆڕایەكی توڕەی دەورەدراو بە شەقاوەو چەقۆكێش و كارەكتەرە حیزبیەكانی راهێنراو تەنها بۆ لێدان و سوكایەتیكردن بە هاوڵاتیان. نیاز عەبدوڵا دەڵێ بە ئیرادەیەكی بەهێزو ورەیەكی بەرزەوە بەرەو ناو خۆپیشاندەران رۆیشتم لەوێ خۆپیشاندەران بە هێزی ئەمنی و رەسمی و نارەسمی دەورەدرابوون خۆپیشاندەران بە چەپڵەلێدانەوە دروشمی بروخێ دز شەرێكی دز، چیتانەوێ مامۆستا ژیانێكی شایستەیان دەوتەوە، گەنجەكان بە درووشم و شیعر خوێندنەوە خۆپیشاندەرانیان گەرمدەكرد تا نەترسن لە چاوسوركردنەوەو هەڕەشەی پیاوەكانی حیزب، خۆپیشاندان بەردەوام بوو، بەجۆرێك پیاوەكانی دەزگا ئەمنیەكان بە جل و بەرگی مەدەنیەوە هاتبوونە ناو خۆپیشاندەران و وەك ئەوان بەفێڵ چەپڵەیان لێدەداو دروشمیان دەوتەوە. نیاز كە مۆبایلەكەی دەركردووەو وێنە دەگرت و باسی پەلاماردانی هاورێكانی دەكرد لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە، كەسێكی تیشێت زەرد لە تەنیشتی چەپڵە لێدەدات دیارە بەپلان هاتبووەتەنها بۆ بردنی مۆبایلەكەی نیاز كە بە روونی لە گرتەی مۆبایلەكەی نیازدا دەركەوتووە خۆی نزیك دەكاتەوە لە پڕ پەلاماری مۆبایلەكەدەدات و دەیبات بۆ عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر كە لەوێ سەرپەرشتی هێزە ئەمنیەكانی دەكردو 15 مەترێك لە نیازەوە دوور بوو، نیاز عەبدوڵا بەپەلەو هاوارەوە پەلاماری دەستی عەبدولخالق تەڵعەت دەدات و مۆبایلەكەی لەدەست دەستێنێ و فڕێی دەداتە ناو خۆپیشاندەران، دیارە خۆپیشاندەران بە هێزە ئەمنیەكان دەورەدراون و دیواریان بەدەوردا بۆ درووستكراوە، نیاز كە دڵنیا دەبێت لەوەی مۆبایلەكەی نەكەوتۆتە دەستی هێزە ئەمنیەكان و لە دەستێكی ئەمیندایە پەلاماری عەبدولخالق تەڵعەت دەدات ە شەڕ لە نێوانیامدا درووست دەبێت و حەماس و توڕەیی نیازو خۆپیشاندەران ئاوێتەی درووشتم و رق وتوڕەیی خۆپیشاندەران دەبێت، لەوێدا خۆپیشاندەران بەهەموو هێزوو توانایانەوە بەرگری لە نیاز دەكەن، بەجۆرێك هەموو دروشمی پشتیوانی بۆ نیاز عەبدوڵا دەڵێنەوە. ئێستا هێزە حیزبیەكان تەكتیكی نوێ دەگرنە بەرو بە جلی مەدەنیەوە دەچنە ناو خۆپیشاندەران و وەك ئەوان درووسم دەڵێنەوە، هەریەكەو بۆ كەسێكی دیاریكراو دادەنرێت و وەزیفەی خۆی دەبینێت.لەئێستاداو دوای خۆپیشاندانەكان هێزە ئەمنیەكانی هەولێر لەهەوڵی دەستگیركردنی نیاز عەبدوڵادان • نیاز عەبدوڵا ئەندامی دەستەی نوسەرانی سایتی درەوە
ئامادەكردنی: دراو قەیرانەكان و سەپاندنی سیستمی پاشەكەوتی موچە و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژەكانی شاری دهۆك و قەزا و ناحییەكانی ناوچەی بادینانیشی هێنایە سەرشەقام. هاوشێوەی هەولێر لە دهۆكیش خۆپیشاندەران روبەرووی گرتن و لێدان و ئەشكەنجەدان بوونەوە و ژمارەیەكی زۆری مامۆستا و خۆپیشاندەر دەستگیركران. بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 100 كەس لە مامۆستا و رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەستگیركراون كە بەشێك لە چالاكان ئەو هەڵمەتە بە رەشبگیری ناو دەبەن. لە ناحیەی شیلادزێی سەربە پارێزگای دهۆك وێنەی سەروچاو خوێناوی مامۆستا عەبدولستار رێكانی كە كارگێڕی مەڵبەندی دهۆكی كۆمەڵی ئیسلامییە بڵاوكرایەوە كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لێی دەدرێت و سەروچاوی خوێناوی دەكرێت. وێنە و ڤیدیۆی ئەو مامۆستایە دوای هێرشكردنە سەر مامۆستا بە تەمەنەكەی هەولێر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پانتاییەكی زۆری داگیركردووە . سەرەرای رێگری و لێدانەكەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەڵام مامۆستا عەبدولستار رێكانی هاوار دەكات و بە هێزە ئەمینەكان دەڵێت دەستان خۆش بێت بەو كارەتان عەفرینتان رزگاركرد، كەركوكتان رزگاركرد مافی خەڵكتان جێبەجێكرد. بەپێی زانیارییەكانی " درەو" كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە هەر لە ناحیەی شیلادزێ مامۆستا مەحمود بەریان و چەندین مامۆستای دیكە دەستگیركراون تەنها لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ سێشەممەدا زیاتر لە 50 مامۆستا و چالاكی مەدەنی و خۆپیشاندەر لە دهۆك دەستگیركراونن، بەشی زۆریشیان لەلایەن چەكداری بێ ناسنامەن و ئەوانەی كە بەجلوبەرگی مەدەنیەوە بڵاوكراونەتەوە، سوكایەتی و ئەشكەنجەی زۆری خۆپیشاندەران دەدەن. بەوتەی سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان" پارتی سەدان چەكداری بە جلی مەدەنییەوە لە پارێزگای دهۆك بڵاوەپێكردووە". بۆ ئەوەی رووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە. لە قەزای ئاكرێش رۆژنامەنووس سیروان زێباری دەڵێت توڕەبوونی خەڵك هێندە زۆر بوو هەموو فشار و پەلاماردانی هێزە ئەمنییەكان نەیانتوانی كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن. ئەو دەڵێت " بەرێوەبەری ئاساییشی ئاكرێ وتی هەرگیز رێگە نادەین خۆپیشاندان لە ئاكرێ بكرێت، 15 كەس دەستگیركران كە 10یان مامۆستا بوون لەگەڵ دوو رۆژنامەنووس." سەرەڕای ئەوەی پەلامار و هێرشی توند كرایەسەر خۆپیشاندەران و پەیامنێری كوردسات دلبرین غازی لە ئاكرێ دوای هێرشكردنە سەری و برینداركردنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا، بەپێی سەرچاوەكان پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی بارزانی بردوەتە شیلادزێ بۆسەركوتكردنی خۆپیشارندەران. سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لە راگەینراوێكدا باسلەوەدەكات " بۆ رێگری لە خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەكانی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە بەرگی مەدەنیەوە و بە دەمانچە و دار وشەق، پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن و زۆر نامرۆڤانە پەلاماری مامۆستا و پزیشك یاندا چەندین خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووس دەستگیركراون و ئێستادا زیاتر لە 20 هەزار چەكدار و هێزی ئەمنی هێنراونەتە ناو شار و شارۆچكەكان ئێستا بارێكی ئەمنی بەسەر شاری هەولێر و دهۆكدا سەپێنراوە".
دەڵێن مێژووی ئەمشارە بۆ سەدان هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەوانەی بەرگری لەم بۆچونە دەكەن ئەو پارچە ئێسك و پاشماوە بە بەردبووانە دەكەنە بەڵگە كە تەمەنیان زیاتر لە 60 هەزار ساڵە و لە گوندێكی نزیك شاری شەنگالی ئێستا دۆزراوەنەتەوە، ئەوەش سەلمێنراوە كە ئەم شارە بچوكە كە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە لەم شوێنەی ئێستادا بوونی هەبوو لە سەردەمی ئاشورییەكان و هەتا بابلیەكانیشدا. باوەڕدارانی ئاینی ئێزدیی كە زۆرینەی دانیشتوانی شەنگال پێكدەهێنن، بڕوایان وایە كە ئاینەكەیان دێرینترین ئاینە لە جیهاندا، مێژووش دەڵێت ئەم كەمایەتییە ئاینییە بەدرێژایی مێژوو روبەڕووی چەوساندنەوە و سەركوتكردن بوەتەوە.. ئێزدییەكان هیچ كات مەملەكەتێك یان ئیمپراتۆریەتێكیان دانەمەزراندووە، بە پێچەوانەوە هەمیشە شارەكەیان لەلایەن داگیركەرانەوە داگیركراوە و ئاینەكەیان كە ئاینێكی موژەدەبەر" تەبشیری " نییە وایكردووە نەتوانن زۆر گەشەبكەن و پێگەی جوگرافی شارەكە و دەوڵەمەندیی بووتە جێی تەماحی فەرمانڕەوا پاوەنخوازەكانی وەك ئاشورییەكان و رۆمانییەكان و دواتریش موسوڵمانەكان. هەندێك لە مێژوونوسان باس لەوەدەكەن كە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی هێرشی كردوەتە سەر شەنگال كاتێك لە ژێر كۆنترۆڵی ئارامییەكاندا بووە، شەنگالییەكان بەرگری داگیركاری رۆمانییەكانیان كردووە بەڵام نەیانتوانیوە لەبەردەم سوپای بەهێزی رۆمانییەكاندا خۆیان رابگرن، چەوڕێژكردنی یەكەمین شەقامی شارەكەش بەبەرد ئێستا وەك كارێكی باشی ئەو كاتەی رۆمانییەكان باس دەكرێت. موسڵمانەكان دوای دەركەوتنی ئاینی ئیسلام بە بیست ساڵ بە سەرۆكایەتی ئەبو موسای ئەشعەری چونە ناو شەنگالەوە، ئەوەی جێی سەرنجە دانیشتوانی شەنگال بەرپەرچی موسڵمانەكانیان نەدایەوە لەو كاتەدا و رێگەیاندا بەئاشتی بچنە ناو شارەكەوە. نزیكەی پێش هەزار ساڵ سوپای سەلجوقییەكان بە فەرماندەیی توغرول بەگ هێرشیانكردە سەر عێراق، پێش ئەوەی سوپای سەلجوقییەكان بگاتە بەغدا، رێگاكەیان بە شەنگالدا تێدەپەڕی و لە بەرگریكردن لە شارەكە نزیكەی چوار هەزار لە دانیشتوانەكەی كوژران كە بۆماوەی نزیكەی مانگێك گەمارۆدران و باسلەوەشدەكرێت كە بەهۆی ئەو بەرگرییە سەختەی روبەڕویان بوەوە لە شەنگال سەلجوقییەكان داوای هێزی پشتیوانیان كردووە، پێش ئەوەی بچنە بەغدا و لە چنگی بوەیهییەكانی دەربهێنن، بەڵام بەلای ئێزدییەكانەوە ماوەی " تاریكی " یان كاتی داگیركاری عوسمانییەكانە، كە جارێكی تر سوپای ئەو ئیمپراتۆریەتە كۆمەڵكوژی لە ناوچەكەدا كرد، دوژمنەكانی ئەمجارەی ئێزدییەكان تێكەڵەیەك بوون كە بەلای ئەوانەوە ئێزدییەكان " كافرن" و شەیتان دەپەرستن و هەروەها بنچینەشیان دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوەی كورد. دواهەمین كارەسات كە روبەڕووی شەنگال بوەوە لە تەمموزی 2014دا روویدا كاتێك چەكدارەكانی داعش هێرشیانكردە سەر شارەكە كە لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرا، خەڵكی شارەكە بە دەنگی پاشەكشێی زنجیری زرێپۆشەكانی هێزی پێشمەرگە لە خەو بەئاگاهاتن و روبەڕووی قێزەونترین كۆمەڵكوژی بوونەوە لە مێژووی عێراقدا. هەتا ئێستا لە كۆی 4000 ژن و كچی ئێزدی رفێنراو، چارەنووسی زیاتر لە 2000 هەزاریان نادیارە كە كرانە كۆیلە و كەنیزەكی چەكدارەكانی داعش. زیاتر لە 2000 هەزار ئێزدی لەسەر دەستی داعش كوژران، سەدانیان لە برسێتی و تینوێتیدا مردن لە كاتی ئاوارەبونیاندا، زۆرینەیان لەسەر چیای شەنگالی نزیك لە شارەكە مردن كە بەدرێژایی مێژوویان پەنایان بۆ بردووە. دوای رزگاركردنی شەنگال بەشێكی زۆری شارەكە وێران بوو، هێزەكانی حەشدی شەعبیی و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان لە ئێزدییەكانی و هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و چەكدارە هاوپەیمانەكانیان لە ئێزدییەكان كۆنترۆڵی شارەكەیان كەوتەدەست، جارێكی تر ئێستا شەنگال رووبەڕووی هێرشی توركیا دەبێتەوە، ئەمجارە لەبەر بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان وەك چۆن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا باسی لێوەدەكات. ئەگەر سەرۆكی توركیا ئەو هەڕەشانەی جێبەجێ بكات، كە وادەردەكەوێت لێی پاشگەزبوبێتەوە، هێزەكانی دەیان كیلۆمەتر دێنە ناو خاكی عێراقەوە و لەوانەشە جارێكی تر ئێزدییەكان بیرلەوەبكەنەوە پەنا بۆ چیای شەنگال بەرنەوە. وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە: رادیۆ سەوا .
ئامادەكردنی: نیاز عەبدوڵا جیاواز لە خۆپیشاندانەكانی رابردوو ئەمجارە خۆپیشاندان لە شاری هەولێر پەرەیسەندووە و سەرەرای توندوتیژی هێزە حیزبییەكان هێزە ئەمنییەكانیش توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدەدەن لە ( گرتن ، لێدان، سوكایەتیكردن، داپڵۆسین ، بڵاوەپێكردن)ی خۆپیشاندەران. ئەگەرچی خۆپیشاندەران بەوپەڕی هێمنییەوە خۆپیشاندان دەكەن، لەم خۆپیشاندانەكاندا لە هەولێر لە ماوەی رۆژانی خۆپیشاندانەكاندا بە دەیان چالاك و خۆپیشاندەر دەستگیركراون و ژمارەیەكی زۆریش لێیاندراوە و سوكایەتیان پێكراوە، لە كاتێكدا هیچ یەك لە خۆپیشاندەران توندوتیژیان بەرامبەر بە هێزە ئەمنییەكان دامودەزگاكانی دەوڵەت بەكارنەهێناوە. لە كاتی خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ سێشەممە 27/3/2018 دا لە فولكەی مامزی هەولێر رەشبگیری خۆپیشاندەران لە لایەن چەكدارە بەڵتەجییەكانی ئاسایش بە ئامادەبوونی عەمید عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەستیپێكرد. پاشان بە قەمە و بە بۆكس و شەق بەربوونە گیانی خۆپیشاندەران و برینداریان كردن و بە برینداریش دەستگیركران. جگە لەو دەیان كەسەی كە دەستگیركران ، ئێستا هەر یەك لە : ١-عەدنان رەحمان-هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان ٢-فەرمان فارس-چالاكوانی مەدەنی ٣-رێبوار جەلال-مامۆستای زانكۆ ٤-حەیدەر محەمەد-یەكگرتوو ٥-د.عەباس محەمەد-سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ٦-رەعد فەتاح-كۆمەڵ ٧-ئەحمەد ئەسكەندەر-بەڕێوبەری سكرتێری گەشەپێدانی كۆمەڵ 8- ئاكار فارس پەیامنێری تەلەفزیۆنی سپێدە 9- وێنەگرەكەی كەناڵی سپێدە ١٠-هەژار ساڵح ١١- مامۆستا دەشتی- مامۆستا لە خوێپیشاندانەكەی رۆژی دووشەممە 26/3/2018 ی هەولێردا بە دەیان چالاكوان و خۆپیشاندەر دەستگیركران و بەشێكیان دوای ئەشكەنجەدان و بۆ ماوەیەك مانەوەیان ئازادكران. دەستگیركراوەكان : ١-عەلی مەحمود- ئازادكرا ٢- هەژار ساڵح- شوێنبزرە ٣-محەمەد عوسمان-ئازادكرا ٤-مامۆستا ئیدریس-ئازادكرا 5- ئاراس عەزیز پەیامنێری كەناڵی پەیام -ئازادكرا 6- موتەیەب خۆشەوی وێنەگری كەناڵی پەیام -ئازادكرا ٧-جەمال سورچی-ئازادكرا 8-هێمن شێخانی- ئازادكرا 9- ئاوارە سلێمان- ئازادكرا 10-محەمەد عەزیز- ئازادكرا 11-رێبین شەمامكی-ئازادكرا لەگەڵ دەستگیركردنی چەند مامۆستایەكی خۆپیشاندەری تر كە لە ناو خۆپیشاندانەكان براون. بەپێی قسەكانی مامۆستا یوسف عوسمان و شایەتحاڵەكانی وەزارەتی تەندروستی لە هەولێر و بەدواداچوونمان بۆ ئەم دۆسیەیە: 26ی ئادار لە كاتی دەوامی ئاسایی خۆیدا "لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی كاروباری تەندروستی لە دیوانی وەزارەت دكتۆر دارا حەمە رەشید كە ماوەیەك دكتۆری چارەسەری كۆسرەت رەسوڵ بوو لەگەڵ مەحمود یونس بەڕێوەبەری یەكێك لە بەشەكانی هەمان وەزارەت كە هاوكات بەرپرسی كۆمیتەی ٧ی عەنكاوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، لەگەڵ یەكێك لە شوفێر و پاسەوانێكی تایبەتی دكتۆر دارا و لە پێش دەرگای نوسینگەی وەزیر دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید لێی دراوە بەهۆی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی هەولێر". هەر ئەمڕۆ لە ناو دیوانی وەزارەتی تەندروستی "نزیكەی 50 كارمەندی تەندروستی وەك بەشێك لە ناڕەزایەتییەكان لە ناو حەوشەی دیوان كۆبوونەوە" بەڵام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دوێنێ و ئەمڕۆی كارمەندانی تەندروستی و بەشدارییان ئەو دەستدرێژییە چوار كەسییەی بۆسەر مامۆستا یوسف لێكەوتەوە كە خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە بایۆلۆجی و 32 ساڵە خزمەتی لە بوارەكەی هەیە و چوار جار زیندانیكراوە لەلایەن حكومەتی بەعس و پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی. بۆیە ناوبراو ئەمڕۆ دەستی بەرێكارەكانی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی كرد لە دژی دەستدرێژیكاران. ئەمڕۆ و دوێنێ دوای دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران لە رێگای بۆمبی دەنگی و گوللەی پلاستیكی و دەستدرێژی هێزە ئەمنییەكان بە جلی مەدەنییەوە، ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران لە ترسی دەستگیرنەكردنیان نەچوونەتە نەخۆشخانە گشتییەكان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. بەوهۆیەوە بەشێكیان ئازار و شوێنی لێدانەكانیان زیادیكردووە و پێویستدەكات بە زووترین كات دەستەبەری چارەسەری تەندروستی بۆ خۆپیشاندەرە بریندارەكان بكرێت و مەترسی دەستگیركردنیان لەسەر هەڵبگیرێت. بەپێی زانیارییەكانی پارێزەر هوشیار شێركاوەیی كە هاوكات ئەندامی رێكخراوی ئینەفە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەوانی 26ی ئادار لە كاتژمێر 6ی ئێوارە "16 كەس لە هێزەكانی ئاسایشی گشتی هەولێر كە بەجلی فەرمی كارەكەیانەوە بوون هەڵیانكوتایە سەر هەردوو نوسینگەی رێكخراوی ئینەف و نوسینگەی تایبەتی كاری پارێزەرایەتی هوشیار شێركاوەیی لە گەڕەكی روناكی هەولێر". لەوێ كە بە تەنیا یەكێك لە كارمەندەكان ئامادە دەبێت "داوای ناسنامەكەی دەكەن و پاشان دەیدەنەوە و كلیلی نوسینگە هاوبەشەكەی لێوەردەگرن و پێی دەڵێن: ئێرە دادەخەین و كەس بۆی نییە بیكاتەوە، با هوشیار شێركاوەیی بێت بۆ ئاسایشی گشتی قسەی لەگەڵ دەكەین". پێدەچێت پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانی بیەوێت هەرچی دەنگی ناڕازی شارەكەیە بە زەبر و زەنگ كپی بكاتەوە و هەر بەوەشەوە نەوەستن، چاوەڕواندەكرێت ئەم شەو و رۆژانی داهاتوو هێزە ئەمنییەكان بەهۆی بەشداریان لە خۆپیشاندانەكان و بڵاوكراوەكانی فەیسبووك و لایك و كۆمێنتەوە هەڵبكوتنە سەر هاوڵاتییان. سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكیدا كە ئاراستەی ئۆفیسی یۆنامیو كونسوڵگەری وڵاتانی كردوە لە هەولێر دەڵێت ” زیاتر لە 20 ھەزار چەکدارو ھێزی ئەمنی ھێنراونەتە ناو شارو شارۆچکەکان بەجلوبەرگی سەربازیی و مەدەنیەوە بڵاوەیان پێکراوە، لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکان لەھەولێرو دھۆک، ھێزێکی ئەمنی دیاریکراو کە سەر بەئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە، بەجلوبەرگی مەدەنی و بەدەمانچەو بەشەق پەلاماری خۆپیشاندەران دەدرێت و ھاوکات چەندین خۆپیشاندەرو ڕۆژنامەنوسیش دەستگیرکراون”.
دوای هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و بڕیاری حكومەتی توركیا بۆ كردنەوەی كایەی ئاسمانی وڵاتەكەی تەنها بەرووی فڕۆكەخانەی هەولێردا، كاتژمێر 2:30 خولەكی شەوی رابردوو فڕۆكەیەكەی توركیا بە 150 سەرنیشنەوە لە فڕۆكەخانەی هەولێر نیشتەوە. بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا رۆژی 23ی ئەم مانگە رایگەیاند گەشتەكانی فڕۆكەكانی توركیا تەنها بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەستپێدەكەنەوە و فڕۆكەخانەی سلێمانی ناگرێتەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە لەماوەی رابردوودا حكومەتی عێراق ئامادەیی نیشاندا بۆئەوەی قەدەغەی راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگرێت بەڵام جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئامادەنەبوو بەبێ هەڵگرتنی قەدەغەكە لەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن ئاڵۆزییەكانی سەرسنور لەگەڵ بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا تاوتوێدەكات. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا عەبادی رایگەیاندووە كە فەرمان بە هێزەكانی سوپای عێراق دراوە رێگەنەدەن هیچ چەكدارێك لە خاكی عێراقەوە هێرش بكاتە سەر توركیا. عەبادی راشیگەیاندووە" هەموو دەستدرێژییەكی توركیا بۆسەر خاكمان رەتدەكەینەوە".
ئا: درەو خۆپیشاندانی مامۆستایانی و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان جیاواز لە خۆپیشاندانەكانی پێشوو توڕەیی و نیگەرانی زۆری پێوەدیارەو ئەمجار سنوری دەڤەری سلێمانی تێپەڕاندووەو هەولێر و دهۆكیشی گرتۆتەوە، ئەمجار داواو خواستی خۆپیشاندەران بەرپرسانی حیزبی لە بارەگاكان هێنایە دەرەوەو پێشبڕكێی بەرپرسان بەتایبەتیش پارتەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی بۆ ناوخۆپیشاندەران زیادی كردووە، ئەگەرچی هەندێك بە هەڵمەتی پێش هەڵبژاردنی لێكدەدەنەوە بەڵام هەندێكی تریش پێیان وایە بەرپرسانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە دەسەڵات لەم هەرێم ملنادات ئەگەر شەقام بە جدی نەجوڵێنن و ئەگەر نەچنە بەرەی خۆپیشاندەران دواجار خۆپیشاندەران حیزبەكان تێدەپەرێنن. لەیەكەم شەوی هەڵدانی خێمەی خۆپیشاندەران لەبەردەم دادگای سلێمانی، عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی خێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆپیشاندەری كرد و لە وتەیەكدا داوای لە خەڵكی هەولێر و دهۆك و كەركوك كرد بڕژێنەسەر شەقامەكان بۆ مافەكانیان، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم شكستی هێناوە و شكاوە و پێویستە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی رونبكاتەوە، كە رێككەوتن و لێكگەیشتنەكانی لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی چییە لەبارەی موچە و بودجە و لایەنی سیاسییەوە و بۆ خەڵكی رون بكەنەوە كە پەیوەندییەكانی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی لەكوێدا وەستاوە ئەو رێككەوتنە ئاشكرا بكەن و دان بە شكست و شكانی خۆیاندا بنێت. لەلایەن خۆشیەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە بۆ یەكەمجارە وەك حزبێكی نوێ بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، سەردانی خۆپیشاندەرانی كرد و داوای لە سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم كرد بەشداری خۆپیشاندانەكان بكەن بە ئامانجی بەدەستهێنانی مافەكانیان. شاسوار عەبدولواحید وتی "واجبە لەسەر هەر تاكێك بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بكات و هەتا سەرشەقام قەرەباڵغتر بێت هاوڵاتیان سودمەندتر دەبن". سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی " پارتی و یەكێتی بە پلەی یەكەم بەرپرسیاری ئەو دۆخەن كە لە هەرێمی كوردستان دروستبووە". بەڵام توندرین لێدوان لێدوانی قادری حاجی عەلی بوو سەبارەت بە دەسەڵاتدارانی هەرێم و رایگەیاند دەبێت ئەم دەسەڵات بڕوات و مل بۆ خواستی خۆپیشاندەران بدات، قادری حاجی عەلی یەكێك لەسەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری خۆپیشاندانی سلێمانی كرد و ڕایگەیاند، هەم بۆ بەشداری خۆپیشاندان و هەمیش بۆ پشتیوانی لەخۆپیشاندەران هاتووە، ئەو خەڵكەی كەلەسەر جادەیە لە ئەنجامی ئەوەوە هاتووە كە زوڵمێكی زۆری لێكراوە، ژیان و ئازادییان لێ زەوتكراوە. هەروەها وتی "موچەی كەمئەندامێك دەبڕن، بەڵام بانكەكانی دەرەوە پڕدەكەن لەپارە، پارەی نەوت هەمووی لەدەرەوەیە و لە حسابی تایبەتیدایە، بەڵام خەڵكیش بێ مووچەیە، كۆمەڵگا برسیكراوە و چیتر تەحەمول ناكرێت". وتیشی "ئیتر كاتی گۆڕینی دروشمەكان هاتووە، ئیتر بەسە بڕۆن و ئەم میللەتە ڕزگاری بێت، خەڵكێك كە دڵسۆزی ئەم میللەتەیە وڵات بگرێتە دەست و دزی نەكات و بانكەكانی دەرەوە پڕ نەكات بۆ ئەوەی خەڵك بەخۆشی بژی و "پێویستە خەڵك بەردەوام بێت هەتا ئەمانە مل بەداواكارییەكانی دەدات". سەبارەت بەهێرشكردنە سەر ئەو مامۆستایەی هەولێریش، وتی: ئەوكارە شكاندنی شكۆی هەمو كورد بو و بۆیە لێیان قبوڵ ناكرێت و دەبێت لەمەودوا دروشمەكان بگۆڕدرێن بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە وازبهێنێت و بڕوا هەروەها هاوڵاتیان بەردەوامبن لەو ناڕەزایەتییە مەدەنییانە، تاوەكو دەسەڵاتداران مل دەدەن لە شاری هەولێریش بەشێك لەسەركردەكانی یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری خۆپیشاندانەكانیان كردوو چونە ناو خۆپیشاندانەكان و پشتیوان و پێشڕەوی خۆپیشاندانەكان بوون، كە لە شاری هەولێر خۆپیشاندانەكان توندتر بوون و هێزە ئەمنیەكانی ئەو ناوچەیە رێگریان لە خۆپیشاندانەكان كردو چەندین كەسیشیان دەستگیركرد.
وەرگێڕانی: سەفین ئازاد رۆژنامەی ئیسرائیل ناشناڵ نیوز لە راپۆرتێكی شیكاریدا ئاماژە بە خەونی ئەردۆغان دەكات بۆ گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، رۆژنامەكە دەنوسێت لە كۆتایی هەفتەی رابردوو سوپای توركیا و سوپای سوریای ئازادی هاوپەیمانی عەفرینیان داگیركرد، دوای ئەوەی هێزەكانی یەپەگە بڕیاریاندا بكشێنەوە لە عەفرین ئەمیش دوای ئەوەی توركیا و هاوپەیمانەكانی شارەكەیان لە سێ لاوە گەمارۆدابوو، داگیركردنی عەفرین راستەوخۆ لێدان بوو لە خواستی سەربەخۆیی كوردەكانی سوریا . لە دوای داگیركردنی عەفرین ئەردۆغان هەڕەشەكانی بەرفراوانتركرد و هەڕەشەی لەشكركێشی كرد بۆ مەنبج و كۆبانی و قامیشلۆ و تەنانەت شەنگالی باكوری عێراقیش، بەڵام بەرپرسێكی ئیدارەكەی ترامپ رایگەیاندووە هەرگیز مەنبج جێناهێڵین كە ئێستا 2 هەزار هێزی تایبەتی ئەمریكا لەو ناوچەیە جێگیرن بۆ هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكراتی دژ بە چەكدارانی داعش، بەڵام چاوەڕوان ناكرێت وەزیری نوێی داهاتووی ئەمریكا مایك پۆمپیو بگاتە چارەسەر لەگەڵ ئەردۆغان بۆ بەرێوەبەردنی هاوبەش لە مەنبج وەك تیلەرسۆن، چونكە پۆمپیو ئەردۆغانی خۆش ناوێت و پێی وایە توركیا ( دیكتاتۆریەتییەكی ئیسلامییە) بەتایبەتیش دوای شكستی كودەتاكەی تەمموزی 2016. رۆژنامەكە ئەردۆغان بە دیكتاتۆر ناودەبات و پێی وایە ئەردۆغان سەركەوتنەكەی لە عەفرین بەكاردێنێت بۆ هەڕەشەكردن و پەلاماردانی كوردەكان لە عێراق و سوریا، بەو پێیەی ئەردۆغان لەدوای داگیركردنی عەفرین هەڕەشەی هێرشی بۆسەر شەنگالی باكوری عێراق كرد كە 2 هەزار هێزی پارتی كرێكارانی كوردستانی لێیە و ئەوانیش بڕیاری كشانەوەیان داوە لەو شارە و لە هەمانكاتدا ناڕەزایی توندی بەدوای خوێیدا هێنا. هەرچەندە راپۆرتی رۆژنامەكە بە پشتبەستن بە سەرچاوەكان ئاماژە بەوەدەكات كە توركیا بە فیعلی باكوری عێراقی داگیركردووە بەهۆی ئەو هێرش و پەلامار و بنكانەی لە باكوری عێراق هەیەتی. هەربۆیە شارەزایانی كاروباری توركیا دەڵێن لەدوای ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆسەر عەفرین و هەوڵدان بۆ فراوانكردنی هێرش و پەلامارەكانی ئەردۆغان كاردەكات بۆ گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەتایبەتیش دوای ئەوەی ناوچەكانی عەفرین و شەنگالی خستە بەرنامەی داگیركردنیەوە لە عێراق و سوریا .
وەرگێڕانی: سەفین ئازاد لە راپۆرتێكدا رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی ئاماژە بە ناكۆكی نێوان توركیا و ئیدارەی ئەمریكا دەكات لەسەر سوریا، كە رەنگە توركیا هاوشێوەی روسیا و ئێران بیەوێت ئەمریكا لە سوریا بچێتە دەرەوە، بەڵام دەبێت ئەمریكا ئەمە رەتبکاتەوە و بەردەوام بێت لە پشتیوانی كوردەكان چونكە رۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە روبەرووبونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش). رۆژنامەكە ئەوەشی نوسیوە سەركەوتنی سەربازیی توركیا لە عەفرین لە باكوری سوریا كە هەشت هەفتەی پێچوو وە خەرجیەكی زۆری تێچووەو ئاوارەبوونێكی زۆری لێكەوتوەتەوە، كە بە زیاتر لە سەد هەزار ئاوارەی مەدەنی ئەژماردەكرێن كە تەنها لە شارۆچكەی عەفرین دەژیان كە زۆرینەیان كوردبوون، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە دزی و تاڵانی زۆری سوپای توركیا لە عەفرین و چونی سوپای توركیا بۆ ئەو ناوچەیە ناكۆكیەكانی نێوان ئەردۆغان و ئیدارەی ئەمریكای قوڵتركردەوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، كە هێزەكانیان تەنها بە عەفرینەوە ناوەستن و بەرەو باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەڕۆن كە لەوێ هێزەكانی سوپای ئەمریكای لێیە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا روبەروی كێشەكی گەورە دەبێتەوە لە سوریا، چۆن ئەو ناوچانەی لەژێر هەژمونی هێزەكانی ئەمریكادا لە سوریا بپارێزێت و بەرگریان لێبیكات بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی فورات بەبێ شەڕ و جەنگ لەگەڵ هاوپەیمانەكەی لە ناتۆ. ئێستا بوونی ئەمریكا زۆر گرنگە لەو ناوچانە ئەوەش لە پێناو روبەروبونەوەی چەكدارانی داعش تا كۆتایی پێهێنانیان ، لەگەڵ ئەوەشدا رێگریكردن لە دەسەڵاتەكانی ئێران لەناو خاكی سوریا كە خەرێكە ئەو وڵاتە كۆنترۆڵ دەكات، لەگەڵ پاراستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ توركیا. لە بەرژەوەندی ئەمریكایە كە توركیا لە كێشەكە بێنێتە دەرەوە و ناكۆكییەكانی كۆتایی پێبێنێت لەگەڵ ئەردۆغان، بەڵام گرنگیدان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی ئیدارەی ئەمریكا لەگەڵ ئەردۆغان روبەرووی كێشەیەكی تر دەبێتەوە، ئەویش هاوپەیمانێتی و گرنگی پێدانی ئەمریكایە بە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن ئەو كوردانەوە رێبەرایەتی دەكرێن، كە توركیا بە تیرۆرست و دوژمنی خۆی لەقەڵەمیان دەدات. رۆژنامەكە ئەوەش دەنوسێت كە هیزەكانی سوریای دیموكرات زۆر گرنگن بۆ لە ناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە رۆژ هەڵاتی سوریا ئەوان توانیان سەقامگیری لەناوچەكەدا بچەسپێنن و داعش تێكبشكێنن. بەڵام ئەردۆغان كە تاكو ساڵی 2015 هەوڵی ئاشتی دەدا لەگەڵ كوردەكانی سوریادا كەچی ئێستا پێداگری دەكات كە كوردەكانی سوریا تیرۆرستن و دەیەوێت ئەو هێزانە دەربكات لەخاكی سوریای هاوسنوری توركیا. رۆژنامەكە ئاماژە بە گریمانەیەك دەكات و دەڵێت دەشێت رێكەوتنێكی دوولایەنە بكرێت و هێزە كوردییەكان لە رۆژئاوای فوراتەوە بگوازرێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات و سوپای ئەمریكا لە مەنبج بمێنەوە بۆ یارمەتیدان و پاراستنی خەڵكی مەدەن لەوناوچانە، بەڵام وادەردەكەوێت ئەردۆغان داواكاری زیاتری بوێت هەروەك روسیا و ئێران ئارەزوو بكات ئەمریكا بەتەواوی لە سوریا بچێتە دەرەوە بەڵام پێویستە ئیدارەی ترەمپ ئەم بژاردەیە رەتبكاتەوە، چونكە ئێستا ئەو هێزانەی ئەمریكا گرنگن لەوێ بمێننەوە تاوەكو بەتەواوی چەكدارانی داعش لەناوبەرن و رێگربن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان. ئاسان نیە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ توركیا ئاسایی بكرێتەوە و دەبێت ئیدارەی ترەمپ زیاتر لەوەی ئەردۆغان داوای دەكات پێداگری بكات بەتایبەتیش لەسەر ئازادكردنی هاوڵاتیانی ئەمریكاو هەروەها فشارخستنە سەر ئەردۆغان تاوەكو گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ كوردەكان دەستپێبكات.
ئا: درەو شەقهەڵدان لە مامۆستایەك لەناو پایتەختی هەرێمی كوردستان دەبێتە باسی گەرمی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، لە كاتێكدا كلتوری شەقوەشاندن لەناو كورد و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا نوێ نیە و ریشەی مێژوویی هەیە و چەندین توێژینەوەی لەبارەوە نوسراوە. شەقوەشاندنی كارەكتەرە حیزبیەكان بە هاندانی حیزب كۆمەڵگەی كوردی دەباتەوە بۆ مەزرای ئاژەڵانی جۆرج ئۆرێل كە تیایدا ترس و تۆقاندن و لێدان و ئەشكەنجە دەبێتە بەشێك لە رەفتاری ئەو ئاژەڵانەی كە كاربەدەستن. ئەمڕۆ كلتوری شەقوەشاندن بوەتە بەشێك لە رەفتاری بەرپرسە حیزبیەكان بە مەبەستی تەمێكردن و ترساندن و تۆقاندنی خەڵكیكك،كلتوری شەقاوەیی ریشەیەكی مێژوویی هەیە لە كلتوری عێراقی كۆن و ئێستاشدا بونی هەیە، رەنگە هیچ كەس هێندەی عەلی وەردی گەورە توێژەری عێراقی دیاردەی شەقاوەچێتی شینەكردبێتەوە دیاردەی شەقاوەچێتی دیاردەیەكە لەو كاتانەدا سەرهەڵدەدات و زۆر دەبێت كە كۆمەڵگە روبەرووی دۆخێكی خراپی ئابوری و كۆمەڵایەتی دەبێتەوە و لە غیابی یاسا و دەسەڵاتی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا زیاتر دەەبێت و لە یاساكانی حامورابیدا سزای توند و قورس دانراوە بۆ ئەو كەسانەی كاری رێگری شەقاوەچێتی دەكەن. لە هەرێمی كوردستانیش رەفتاری شەقاوەیی لە سەدەی رابردوودا ببوە بەشێك لە كلتوری كۆمەڵگە ئەویش لەرێگەی پەرەپێدانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە وەك یەكێك لە رژێمە شمولییەكانی ناوچەكە، بەڵام لەدوای راپەڕین و كۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەعس لە كوردستان و دروستبوونی ئەزمونی حكومداری لە هەرێم، شەقاوەیی بە بەرگێكی نوێوە دەركەوتووە و حیزبەكان لەبری سڕینەوەی ئەم دیاردەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیان پەرەیان پێداو لەبری چەسپاندنی یاسا و سزادانی شەقوەشێنەكان، شەقوەشێنەكانیان كردە بەشێك لە كارەكتەرە ترسناكەكانی ناو حیزب كە لە هەرشوێنێكدا ویستیان بوو بەكاریان دێنن و شەق دەوەشێنن، تەنانەت ئامادەیان دەكەن تا لەناو بارەگاكانی خۆشیان شەقبوەشێنن و سڵنەكەنەوە. لێدان و شەقهەڵدان لە مامۆستاكەی هەولێر لەلایەن كادرە حیزبی و شەقوەشێنەكانەوە كاردانەوەی گەورەی لە شەقامی كوردیدا لێكەوتەوە بەتایبەت بەرامبەر بە مامۆستایەكی بەتەمەن كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا مامۆستا رەمزی رێزو خۆشەویستیە و تەنانەت شاعیری میسری بەڕەگەز كورد، ئەحمەد شەوقی لە وەسفی مامۆستادا دەنوسێت (كاد المعلم أن یكون رسولا ) پلەی مامۆستای نزیکردوەتەوە لە پلەی پێغەمبەرایەتی. شەقهەڵدان لە مامۆستایەك لەناو پایتەختی هەرێمی كوردستاندا دەبێتە باسی گەرمی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، درەو نوسین و پۆستی ژمارەیەك لە نوسەرو چالاكوانان وەكو خۆی لەبارەی ئەو روداوەوە بڵاودەكاتەوە. كەمال چۆمانی/ رۆژنامەنووس " دەسەڵاتی چەتەگەرا لەڕێی میكانیزمەكانی بەعسیزم دەیەوێت بەردەوامیی بدات بە شكاندنی كەرامەتی تاك و جڤاكی ئێمە، بەڵام هەر شەقێكی مافیائاسایییانەی ئەوان، شەقە لە كەرامەتی خۆیان. ٢٧ ساڵ هەوڵی كەرامەت شكاندن تەنها كەوتنی كەرامەت و مێژو و رێبازی خۆیان ئەنجامی بو، ئەوەی ئەوان بە ئامانجیان گرت، كەرامەتی ئێمە بوو، بەڵام كەرامەتی خۆیانی شكاند. بێكەرامەتترین و بێڕیزترین و بێكەسایەتییترین و سوكترین ئینسانەكانی جڤاكی ئێمە، ئەوانەن شەق لە كەرامەت و شكۆی ئێمە دەوەشێنن". ئاراس فەتاح/ نوسەر "دەبێت هەمووان پێكڕا پەیامێكی ڕوون و جەریئانە بە كاربەدەستە بێئیشەكانی دەسەڵات بدەن كە چیدی بێنرخ تەماشاكردنی داواكانی خۆپیشاندەرانی ئەم هەرێمە و شكاندنی بەردەوامی كەرامەتی ئینسانی ئێمە هێڵی سوورە و دەبێت مافەكانی پارێزراوبێت و رێگەنەدرێت بەڵتەجییەكانی دەسەڵات بكەونە گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و پزیشكان و خەڵكی ناڕازیی و بە ئارەزووی خۆیان ئەشكەنجەیان بدەن و كەرامەتی ئینسانییان لەوە زیاتر بشكێنن كە تاوەكو ئەمڕۆ بەرامبەریان كراوە. ئەركی ئەخلاقیی و سیاسیی هەمووانە پێكڕا لە بەرەیەكدا ڕێگریی لەوەبكەن كە جەنگی پڕوكێنەری دەستەویەخە لەنێوان خەڵكی مەدەنیی و مۆب و شەقاوەكانی دەسەڵاتدا دروستنەبێت و بە دیزاینەرەكانی ئیفلاسی سیاسیی و موفلیسە ئابوورییەكانی رژێمەكەی هەولێر بڵێن كاتی ئێوە تەواو بوو، چونكە ئاشكرایە ئەمجۆرە دەسەڵاتدارانە لە كۆتایی تەمەنی شەرعییەتی سیاسییاندا تەنها هێزێكی دڵسۆز كە لەدەوریان دەمێنێتەوە بۆ بەرگریی لێكردنیان، بەڵتەجییەكانیانە". سەردار عەزیز/ نوسەر " من وەهام ئەزانی كە شەقوەشێن شەقاوەیە، بەڵام لای عەلی وەردی، شەقاوە كوڕی گەڕەكە. كەواتە شەق وەشێن لە شەقاوە كەمترە. بەڵام بەشێكی دانەبڕاوی دەسەڵاتی كوردی و ڕۆژهەڵاتییە !". عەلی كەریمی/ چاودێری سیاسی " شەقوەشێنان و تەقەكەرانی دەسەڵات لە مناڵ و رۆلەكانی كورد، دەبێ چاوەرێی غەزەب و تۆڵەی بێ ئەمانی كۆمەڵانی خەڵك بن، بیرتان نەچێت شەق و فیشەكی كورد لە كورد ئازاری گەلێك پترە لە هی بێگانە !". هاوكار حسێن/ رۆژنامەنووس "نابێت تووشی سەرسوڕمان بین بەوەی ئەندامێكی حزبی بەشەڕواڵی كوردیەوە، شاپێك لەمامۆستایەكی بەتەمەنی هەولێر دەدات، لەراستیدا من بۆخۆم كاتێك هێدمە دەیگرتم، كە مامۆستاكە شەقی لەو گەنجە هەڵدایە. لەبنەڕەتدا شەقوەشێن و شەقخۆریش، هەردووكیان قوربانین، یەكەمیان قوربانی دەستی حزب و دوەمیان قوربانی دەستی سیستمی حوكمڕانیەكی گەنیو. شەقێك بوو زوتر بەر پاشەڵی حزب كەوت، حزبێك تەمەنی هێندەی تەمەنی مامۆستاكە دەبێت، كەچی نوێترین ڤێرژنی ئەندامەكانی خۆی، بەكیلۆمەتر سفری ئەخلاقەوە دەخاتە بازاڕەوە. حزبێك هەموو شتێكی دۆڕاندوە و ئێستا دەستمایەكەی شەق و دزی و دڕۆیە، هاوكار لە نوسینەكەی دا رەخنە لە خودی مامۆستا خۆشی دەگرێت و دەڵێت :مامۆستا لەبازاڕ توشی ئەو كاڵایە دەبێت كە خۆی دەستی لەبەرهەمهێنانیدا هەبووە، هەتا ئێستا مامۆستا خۆی بەشێكە لەو سیستەمە پەروەردەیەی كە مەخلوقی شەقوەشێنت بۆ بەرهەم دەهێنێت. هەمان دیمەنیش لەناو قوتابخانە رۆژانە درێژەی هەیە، تەنها شوێنی جەلاد و قوربانی دەگۆڕێن. رۆژانە قوتابی ناڕازی و لاسار، لەلایەن مامۆستاوە شەقی دروونی و فیزیكی دەخوات".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانیدا بە دەركردنی 60 دیپلۆماتكاری روسیا بەهۆی هێرشكردنە سەر سێرگی سكریپاڵ سیخوڕی پێشووی روسیا لە بەریتانیا. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕیاریشیداوە كونسوڵگەری روسیا لە سیاتڵ دابخات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەرەتای ئەم مانگە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند روسیای مادەی كیمیایی بەكارهێناوە لە هەوڵیدا بۆ كوشتنی هاوڵاتییەكی بەریتانی و كچەكەی لە شاری سالزبۆری. هاوكات 14 وڵاتی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا بڕیاریاندا هەمان هەنگاوی واشنتۆن بنێن و ژمارەیەك دیپلۆماتكاری روسیا لە وڵاتەكانیان دەربكەن. لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەم بڕیارەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا ڤلادیمێر دیگاپارۆڤ سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی پەرلەمانی روسیا رایگەیاند مۆسكۆش 60 دیپلۆماتكاری ئەمریكا لە وڵاتەكەی دەردەكات.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ " درەو" هێڤی مستەفا هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین دەڵێت بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پێیاندەگات لە رۆژی یەكەمی داگیركردنی عەفرینەوە تاڵانكردن و وێرانكردن و دزی لە عەفرین دەستیپێكردووە، ئەوانەی لەوێ ماونەتەوە و توانای دەرچونیان نەبووە، روبەڕوی ئازارو ئەشكەنجە دەبنەوە و رۆژانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەر كەسێك لەوانەی كە نزیك بوبێت لە ئەوانەوە ئەكوژرێت و دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر كچەكانیان. هێڤی مستەفائاماژە بەوەشدەكات، كاتێك بڕیارماندا لە عەفرین بكشێینەوە زیاتر لە 200 هەزار كەس ئاوارەبوون و ئاوارەكان هاتون بۆ نزیك عەفرین لە هەرێمی شەهبا، وەك دەزانن 58 رۆژ دوژمن بە فڕۆكە و تانك و تۆپ هێرشی كردەسەر عەفرین، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 600 هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون و 205 خەڵكی سڤیل شەهیدبوون كە زۆرینەیان ژن و منداڵن. هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین دەشڵێت بێ ئومێد نەبووین و دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین و ئێستاش شەڕی كۆڵان بەكۆڵان دەكەین لە عەفرین، دەشڵێت لە ئێستادا توركیا دەیەوێت دیموگرافیای عەفرین بگۆڕێت بە هێنانە ناوەوەی خێزانی ئاوارەی سوری و خێزانی چەكدارانی بەرەی نوسرەو داعش، ئاماژە بەوەش دەكات ئێمە پشت بە هیچ هێزێك نابەستین، تەنیا گەلی خۆمان نەبێت درێژەی چاوپێكەوتنەكە دواتر بڵاودەكرێتەوە
ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم دوای بایۆمەتری ( یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481 ) موچەخۆرە و مانگانەش حکومەتی هەرێم پێویستی بە (890 ملیار )دینار هەیە بۆ موچەكانیان، كە پێش بایۆمەتری ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم ( 1 ملیۆن و 395 هەزار ) موچەخۆر بووە و مانگانەش پێویستی بە ( 868 ملیار) دینار بووە. موچەخۆران ئێستا بەم شێوەیە دابەشبوون: ( 108 ملیار) دینار پێویستە بۆ مانگانە موچەی( 244 هەزار و 656 )خانەنشین لە هەرێم، هاوكات ( 38 ملیار ) دینار پێویستە بۆ موچەی(96 هەزارو 53 )خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان، مانگانە ( 30 ملیار) دینار هەیە بۆ موچەی ( 159 هەزار )كەمئەندام و چاودێری كۆمەڵایەتی، هەروەها ( 455 ملیار) دینار پێویستە مانگانە بۆ ( 483 هەزار )موچەخۆر پێویستە بە كەرتی پۆلیسیشەوە، هاوكات مانگانە(266 ملیار ) دینار پێویستە بۆ موچەی( 266 هەزارو 465 )پێشمەرگە و ئاسایش . بەڵام لە دوای سیستمی پاشەكەوتەوە مانگانە ( 495 ملیار ) دینار بۆ موچەی موچەخۆرانە و ( 120 ملیار) دیناریش بۆ خەرجی وەزارەتەكانە وتا كۆی گشتی ( 615 ملیار ) دینار پێویستە بۆ حكومەت. ئێستا حكومەت مانگانە زیاتر لە ( 600 ملیار ) دیناری دەست دەكەوێت لە نەوت بەڵام بە وتەی خۆی بەشێكی زۆری لێدەدات بە خەرجی كۆمپانیاكان و قەرزەكان بە وتەی بەرپرسانی حكومەت لە پارەی نەوت مانگانە تەنها ( 375 ملیار) دیناریان بۆ دەمێنێتەوە، لەگەڵ ( 125 ملیار ) دیناری لە داهاتی ناوخۆ دەست دەكەوێت، لەگەڵ ( 317 ملیار) دیناری لە بەغداوە پێدەگات لەگەڵ نزیكەی ( 50 ملیار ) دیناری پارەی پێشمەرگە كە لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەكرێت، كە كۆی گشتی بەو داهاتەی نەوتەی كە حكومەت خۆی دەیڵێت، زیاترە لە ( 900 ملیار) دینار دەكات و بە ئاسانی دەتوانرێت موچەی تەواوی موچەخۆرانی پێبدرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند ئەمڕۆ یەكشەممە ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای توركیا دژی گەریلاكانی پەكەكە لە شەنگال دەستیپێكرد. ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ لایەنگرانی وتی " جەختدەكەمەوە كە دەچینە شەنگال و ئێستا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەوێ دەستیپێكردووە". ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ لایەنگرانی پارتەكەی لە شاری ترابزۆن وتیشی " ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون بەدی دەهێنین لە رێگەی كۆنترۆڵكردنی شاری تەلرەفعەت بە زووترین كات." لە بەشێكی تری وتەكانیدا ئەردۆغان وتی" پێویستە لەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆنترۆڵی مەنبەج لە پەیەدە وەربگرێتەوە و رادەستی خاوەنە راستەقینەكانی بكات و ئەگەر ئەوكارە نەكات، ناچاردەبین خۆمان بەدی بهێنین".
ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت میسر وەك یەكێكێك لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێگەیەكی ستراتیژی هەیە پێدەنێتە ناو خولێكی نوێی هەڵبژاردنەوە كە بە روانینی شارەزایان و چاودێرانی سیاسی ئەنجامەكەی پێشتر یەكلابوەتەوە. پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی میسر بێ تێبینی نیە وهەندێك لە چاودێرانی سیاسی رەخنە لە پرۆسەكە دەگرن بەوەی سیسی هەموو ركابەرەكانی بە بیانوی جۆراوجۆر دوورخستوەتەوە و تەنها یەك ركابەری هەیە كە بە سێبەری خۆی ناوی دەبەن. هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە میسر دەستیپێكرد، پرۆسەكە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەكی گشتی شەقام و لایەنە سیاسییەكانی میسر لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەوە بەسەر دوو بۆچونی جیاوازدا دابەشبوون. بۆچونی یەكەم: جەخت لەسەر بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە و گرنگی و بایەخی پرۆسەكە دەكات. بۆچونی دووەم: جەخت لەسەر بایكۆتی هەڵبژاردنەكە دەكات و هەڵبژاردنەكە بە پرۆسەیەكی "روكەش" ناودەبات. بزوتنەوەی مەدەنی دیموكراتی كە لە (8) حزب و دەیان كەسایەتی سیاسی پێكدێت دیارترین لایەنی سیاسی میسر كە بانگەواز بۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكە دەكات، سەركردەكانی ئەم بزوتنەوەیە چەند تێبینییەكیان هەیە لەبارەی پرۆسەكەوە و دەڵێن: • هەڵبژاردنەكە لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە كار بە یاسای باری نائاسایی دەكرێت • پرۆسەكە هیچ گەرەنتی و ئازادییەكی تێدا نییە لەبەرامبەردا ژمارەیەك لایەنی سیاسی بانگەشە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە دەكەن، نەك هەر ئەمە تەنانەت بانگەوازكردن بۆ بایكۆت بە "ناپاكی" ناودەبەن،بەپێی قسەی سەرچاوە ئەمنییەكان لە میسرەوە، (350) هەزار ئەفسەر و پۆلیس تەرخانكراون بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەكدارەكاندا پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بپارێزن بەمشێوەیە: یەكەم: پاراستنی لیژنە و بنكەكانی دەنگدان و دادوەرانی سەرپەرەشتیاری پرۆسەكە دووەم: پاراستنی پرۆسەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە تاوەكو قۆناغی كۆتایی ئەژماركردنی دەنگەكان سێیەم: پاراستنی شەقامەكان دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی میسردا نزیكەی (59 ملیۆن و 78 هەزارو 138) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەستەی نیشتیمانی هەڵبژاردنەكان (60 ملیۆن) كارتی دەنگدانی چاپكردووە كە دەوترێت كوالیتی كارتەكان بەجۆرێكن ناتوانرێت ساختە بكرێن یاخود گۆڕانكارییان تێدا بكرێت. پرۆسەی دەنگدان لە (367) لیژنەی گشتیدا بەڕێوەدەچێت، لەخوارو ئەم لیژنانەشەوە (13 هەزارو 706) لیژنەی فەرعی هەن كە دابەشبوون بەسەر هەموو پارێزگاكانی میسردا، (18 هەزار) دادوەر سەرپەرەشتی پرۆسەكە دەكەن، (110 هەزار) كارمەندیش ئیدارەدانی پرۆسەكەیان لە ئەستۆدایە. میسر لە سەردەمی موبارەكەوە بۆ سەردەمی سیسی مانگی كانونی دووەمی 2011 لە راپەڕینێكی جەماوەریدا خەڵكی میسر كۆتاییانهێنا بە دەسەڵاتی حوسنی موبارەكی سەرۆكی وڵاتەكەیان كە ماوەی (30) ساڵ بەردەوام بوو. دوای روخانی موبارەك دەسەڵات لە میسر كەوتە دەست ئەنجومەنێكی سەربازی، ئەو ئەنجومەنە بەشێوەیەكی كاتی بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك میسری بەڕێوەبرد تاوەكو سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2012 . یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی دوای شۆڕش لەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی كە لە كۆتایی ساڵی 2011 لە میسر بەڕێوەچوو، رەوتە ئاینییەكانی میسر بە قەبارەیەكی گەورە دەركەوتن، كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین و حزبە سەلەفییەكان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانیان بردەوە. یەكەمین هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەشێوەیەكی دیموكراتی لە میسر لە مانگی ئایاری 2012 بەڕێوەچوو، لەو هەڵبژاردنەدا لە قۆناغی یەكەمدا (10) كاندید ركابەرێتی یەكتریان دەكرد، دوان لە كاندیدەكان سەركەوتن بۆ قۆناغی دووەم، محەمەد مورسی نوێنەری كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمن لە قۆناغی دووەمدا لەگەڵ فەریق ئەحمەد شەفیق ركابەرێتی دەكرد كە نوێنەری رژێمە كەوتووەكەی میسر بوو، مورسی بە جیاوازییەكی كەم بەسەر ركابەرەكەیدا سەركەوت، ئەمە ئاستی دابەشبونی شەقامی میسری لەبارەی رژێمی نوێی حوكمڕانی وڵاتەكەیان كە تاڕادەیەك مەیلەو ئیسلامی بوو. سیاسەتەكانی محەمەد مورسی تاڕادەیەك كەرتە جیاوازەكانی گەلی میسر توڕەكرد، بەتایبەتی عەلمانی و چەپ و ئەوانەی ئایندار نین تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی كە هیچ لایەندارییەكی سیاسییان نەبوو، دۆخی ئابوری و سیاسی و بژێوی خراپتر دەبوو، ئەمە هەلی خستەبەردەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی حوكمی ئیخوان موسلیمین لە رۆژی 30 حوزەیرانی 2013دا خۆپیشاندانێكی بەرفراوانی جەماوەری رێكبخەن، لەدوای ئەو خۆپیشاندانە سوپا بە سەرۆكایەتی فەریق عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری ئەوكاتی میسر لە بارەگاكانی هاتەدەرەوە، سوپا هۆشداری بە محەمەد مورسیدا پەلە بكات لە چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان لەگەڵ رەوتە سیاسییەكانی تری وڵات، ئەگەرنا لەسەر كارلادەبرێت. لەكارخستنی مورسی و سەرەتای قۆناغێكی ئینتیقالی نوێ محەمەد مورسی گوێی بە هۆشداریدانەكەی سوپا نەدا، سوپا لە رۆژی 3ی تەموزی 2013 لەناو پشتیوانییەكی گەورەی میللی و سیاسیدا محەمەد مورسی لەكارخست، زۆرێك لە میدیاكان ئەو هەنگاوەی سوپایان لەدژی مورسی وەكو كودەتا بەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردن و دەستوردا ناوبرد. بەپێی دەستوری میسر دوای لەكارخستنی محەمەد مورسی سەرۆكی وڵات دەسەڵات گواسترایەوە بۆ سەرۆكی دادگای دەستوری كە ئەوكات عەدلی مەنسور بوو، قۆناغی دەسەڵاتی عەدلی مەنسور ماوەی ساڵێكی خایاند، لەدوای ئەم قۆناغە هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ دەستگیركردنی لایەنگرانی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین دەستیپێكرد، لەم چوارچێوەیەدا ناڕەزایەتی لایەنگرانی ئیخوان دژ بە لەكارخستنی سەرۆكەكەیان سەركوتكرا كە گۆڕەپانی (رابیعەی عەدەوی) لە قاهیرەی پایتەخت مەڵبەندی سەرەكی ئەو ناڕەزایەتیانە بوو، رۆژی 14ی ئابی 2013 هێزە ئەمنییەكان بەزۆر ئەو گۆڕەپانەیان لە خۆپیشاندەران چۆڵكرد، لەو هەڵمەتەدا زیاتر لە (هەزار) كەس كوژران، پاشان دەسەڵاتدارانی میسر كاركردنی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینیان یاساغكرد و خستیانە لیستی تیرۆرەوە. چالاكوانانی چەپ و عەلمانیش لەو هەڵمەتە سەركوتكارییەدا بێبەش نەبوون، دەسەڵاتداران بزوتنەوەكانی لاوات و چەپە شۆڕشگێڕەكانیان راوەدونا و سەركردەكانیان خستە زیندانەوە و دواتریش دادگا سزای سەختی بەسەردا سەپاندن. هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی نوێ لە كۆتایی قۆناغی ئینتیقالیدا لە مانگی ئایاری 2014 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەبەشداری تەنیا دوو كاندید بەڕێوەچوو كە ئەوانیش بریتی بوون لە هەریەكە لە موشیر عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری كە دەستی لە پۆستەكەی كێشابوەوە لەگەڵ حەمدین سەباحی نوێنەری رەوتی مەدەنی، لەم هەڵبژاردنەدا كە پێشتر ئەنجامەكەی ئاشكرا بوو عەبدولفەتاح سیسی بوو بە سەرۆكی نوێی میسرو بە جیاوازییەكی زۆرو بە رێژەی 95%ی دەنگەكان هەڵبژاردنەكەی بردەوە. سوپای دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتەوە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا كە سیسی سەرۆكایەتی میسری گرتەدەست، بەتەواوەتی دیمەنی سیاسی ئەو وڵاتە گۆڕانكاری بەسەردا هات، سوپای بەتەواوەتی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، سەرۆكی دەسەڵاتی بەسەر هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵكی میسردا درێژكرد، میدیا بە هەردوو بەشی حكومی و ئەهلییەوە بوون بە لایەنگری دەسەڵات و هەلهەلە بۆ بڕیارەكانی لێدەدەن، پەراوێزی ئازادییەكان و لێبوردەیی ون بوون كە تەنانەت لەسەردەمی دەسەڵاتی موبارەكیشدا ئامادەگیان هەبوو، دەسەڵاتی نوێی میسر بەجۆرێكی لێهات كە گوێ بۆ دەنگی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و تەنانەت رەخنەگرەكانیش نەگرێت، هەر لەم سەردەمەدا ژمارەیەكی زۆر لە پێگە ئەلیكترۆنییە سەربەخۆكان داخران، هێزە ئەمنییەكان كەوتنە تەنگ هەڵچین بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، رژێمی نوێی میسر ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانانی بواری ئازادی و مافەكانی مرۆڤی راوەدونا چ لە رێگەی دەستگیركردنەوە بێت یاخود لێپێچینەوەی یاسایی و داخستنی رێكخراوەكانیان، پۆلیس گەڕایەوە سەر شێوازی كاركردنی خۆی لەسەردەمی حوكمی موبارەكدا، لەو چوارچێوەیەشدا سكاڵاكان لە دژی ئەشكەنجەدان لە بنكەكانی پۆلیس و بێسەروشوێنكردنی دەستگیركراوان زیادیان كرد. سەرباری ئەوەی رژێم ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، بەڵام میسر لە ریزبەندی جیهانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە كەسییەكان و ئازادی رۆژنامەگەریدا زۆر پاشكەوتووە، چەندین رێكخراوی وەكو (لێبوردنی نێودەوڵەتی) و (هیومان رایتس وۆچ) و (تۆڕی عەرەبی بۆ زانیارییەكانی مافی مرۆڤ) و رێكخراوە خۆجێییەكانی میسر پێشێلكارییەكانی سەردەمی حوكمڕانی چەند ساڵی رابردووی عەبدولفەتاح سیسییان تۆماركردووە. ئابوری میسر لەسەردەمی سیسیدا تاكە بوارێك كە لەسەردەمی سیسیدا تاڕادەیەك گەشاوەتەوە بارودۆخی ئابورییە، لە كۆنگرەیەكدا كە رۆژی 17ی كانونی دووەمی ئەمساڵ لەژێر ناونیشانی "چیرۆكی نیشتمان" بەڕێوەچوو، عەبدولفەتاح سیسی وتی" لەو ماوەیەدا كە بەرپرسیار بووم قەڵەمبازێكی وەهامان لە بواری گەشەی ئابوریدا بەدی هێناوە كە بێ پێشینەیە.. لەماوەی كەمتر لە چوار ساڵدا نزیكەی 11 هەزار پرۆژەمان تەواوكردووە كە بەكۆی گشتی بۆ هەر رۆژێك سێ پرۆژە دەكات، ئەمەش ژمارەیەكی بێ پێشینەیە بۆ هەر دەوڵەتێك كە تازە هەستابێتەوە، خەرجی ئەو پرۆژانەش نزیكەی 2 ترلیۆن جونەی بووە". بەڵام وا دەردەكەوێت وێنەكە بەوشێوەیەش پرشنگدار نییە كە سەرۆكی میسر وەسفی دەكات، هێشتا رێگایەكی درێژ لەبەردەم ئابوری میسردایە بۆ هەستانەوە لەو شكستەی كە دوای شۆڕشی یەنایەر دووچاری هات، بەتایبەتی لە حاڵی نائامادەگی وەبەرهێنانی بیانی و هەڵانی سەرمایەی نیشتمانی و ئازارەكانی كەرتی گەشتیاری وەكو یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی ئابوری میسر. سیسی و ركابەرێتی لەگەڵ سێبەرەكەیدا سبەینێ (26ی ئادار) قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نوێ لە میسر بەڕێوەدەچێت، لەم هەڵبژاردنە سیسی ئەركی قورس نییە، چونكە تاكە پیاوێك ركابەرێتی دەكات كە لایەنگری خۆیەتی و هەندێك بە سێبەرەكەی سیسی ناوی دەبەن. موسا مستەفا موسا سەرۆكی حزبی غەد كە لەم هەڵبژاردنەدا ركابەرایەتی سیسی دەكات یەكێكە لە لایەنگرە سەرسەختەكانی سیسی و پەیجەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پڕ لە وێنەی و پۆستی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی سیسی، پێدەچێت ئەو تەنیا بۆ پاراستنی ئاوی ڕووی سیسی چوبێتە ناو ركابەرێتییەكەوە تاوەكو سیسی تاكەكاندید نەبێ كە بوەتە رەخنەیەكی گەورە لە هەڵبژاردنەكەی میسر لەسەر ئاستی جیهان.