دەیڤز و جۆنسۆن لە كاتی تەنگانەدا "مەی" یان بەجێهێشت
2018-07-09 23:10:34
وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
بڕیارە بەریتانیا كاتژمێر 23:00 بەكاتی گرینیچ رۆژی 29 ئازاری 2019 بە رەسمی ماڵئاوایی لە یەكێتی ئەوروپا بكات، حكومەتی بەریتانیا بە سەرۆكایەتی " تێریزا مەی" سەرۆكی وەزیران و سەرۆكی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا ئەركی چۆنیەتی بەجێهێشتنی ئەو رێكخراوەی لە ئەستۆدایە كە زۆرینەی گەلی بەریتانیا لە راپرسییەكدا حوەزیرانی 2016 دەنگیان بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپادا.
لە كاتێكدا مەی سەرۆك وەزیران دڵخۆش بوو بەوەی كە ئەنجومەنی وەزیرانەكەی ستراتیژی كشانەوەیان لە یەكێتی ئەوروپادا پەسەندكرد، دوو وەزیری كابینەكەی بەهۆی ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر ئەو ستراتیژە دەستیان لەكاركێشایەوە.
یەكێك لەو وەزیران دەیڤد دەیڤیز ( 69 ساڵ) وەزیری حكومەتی راسپێدراو بوو بە بەڕێوەبردنی دۆسیەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا كە بە " برێكزت" ناودەبرێت و ئەو یەكێك لە گرنگترین و قورسترین دۆسیەی لە ئەستۆدا بووە، بەوەش ناسراوە كە زۆر وەلائی بۆ تێریزا مەی هەیە بەڵام بەهۆی قایل نەبوونی بە ستراتیژەكەی مەی دەستی لەكاركێشایەوە.
پێویست بوو دەیڤز وەڵامی هەموو ئەو رەخنانە بداتەوە كە دەربارەی دۆسیەكەی ئاراستەی حكومەت دەكران، بەڵام براین ویلەر رۆژنامەنوسی پسپۆر لە كاروباری سیاسی لە بی بی سی دەڵێت دەیڤز " بیركردنەوەیەكی قوڵی نەبوو بۆئەوە ئەو ئەركە هەستیار و ئاڵۆزە لە ئەستۆبگرێت".
دەیڤز بە پێشنیاری یەكێتی ئەوروپا لە كانونی دووەمی رابردوودا رازی نەبوو بۆ هێشتنەوەی ئێرلەندای باكور لە یەكێتی گومركی ئەوروپادا، هەروەها رازیش نەبوو مەی دەسەڵاتی زیاتر لە پێویست بە یەكێتی ئەوروپا بدات.
حكومەتی بەریتانیا لە شەشی ئەم مانگە رێكکەوت لەسەر پشتیوانیكردن لە تێریزا مەی بۆئەوەی بەردەوام بێت لەسەر پێشنیارەكەی بۆ بونیادنانی " ناوچەیەكی بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا" دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتییەكە كە لە دەقەكەیدا دەڵێت:"بونیادنانی بنكەی هاوبەش بۆ بەرهەمە كشتوكاڵی و پیشەسازییەكان" وە پێویست بوو لە ئازاری داهاتوودا جێبەجێ بكرێت.
حكومەتی بەریتانیا باوەڕی وایە كە رێككەوتنەكە هاوكاری لەندەن دەكات كە پارێزگاری لە ئاڵوگۆڕی شمەك بكات لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بە شێوەیەكی ئاسان و بەبێ پشكنینی گومركی لەسەر سنوری ئێرلەندا، هەموو وەزیرەكان بەم پێشنیارە رازی نەبوون و دەستبەجێ دەیڤد دەیڤز وەزیری كاروباری برێكزت دەستی لەكاركێشایەوە و بەدوای ئەویشدا بۆریس جۆنسۆن هەمان هەنگاوی گرتبەر.
دەیڤد دەربارەی تێریزا مەی وتی:" باوەڕم وایە سەرۆك وەزیرانێكی باشە، نامەوێت كەس ئێستا لە پۆستەكەیدا جێگەی بگرێتەوە، هانی هاوڕێكانم نادەم حكومەتەكەی بڕوخێنن، بەڵام ناتوانم بە دڵسۆزییەوە بەرگری لە ستراتیژەكەی بكەم".
دوای دەیڤز، سویلا بریفمان كە وەزیری بێ وەزارەتە و یەكێكە لە دیاترین لایەنگرانی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا و وەزیرێكی تری وەزارەتی كاروباری برێكزت ستیف بەیكەر دەستیان لەكاركێشایەوە.
دەیڤز لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ " بی بی سی " وتی:" كارەكەم داواكاری ئەوەی نییە كە زیرەك بم ، یان زۆر بزانم، بەڵام پێویستە هێمن بم".
هێنری پۆرتەری رۆژنامەنوسیش دەربارەی دەیڤز دەڵێت:" دەیڤز لە نێو هەموو ئەو سیاسیانەی ناسیومن، خاوەنی غەریزەیەكی سروشتی بوو، بیرێكی قوڵی ئازادی هەبوو".
پۆرتەر بە نیگەرانییەوە دەڵێت:" بەڵام پرۆسەی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا سەرقاڵی كرد و لە پارێزگاریكردن لە بەها دێرینەكانی ئازادیی پەرلەمان دووریخستەوە لەو كاتەوەی پۆستی ئەو وەزارەتەی وەرگرت".
دەیڤز ئاماژەبەوەدەكات كە لە كاتێكدا كە لەگەڵ سیاسەتەكانی مەیدا ناكۆكە لە پێشنیازی تایبەت بە پرسی پشتیوانی گومركیدا، بەڵام بە بەرپرسیارێتی بە كۆمەڵ قایل دەبێت، لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەشیدا دەڵێت:" پێشنیازەكە مەرجە توندەكانی پشتگوێخستووە كە داوامكردبوو، باوەڕم وابوو كە لەسەریان رێككەوتبوین".
دوای دەستلەكاركێشانەوەی دەیڤز، تێریزا مەی وەزیری نیشتەجێكردن دۆمەنیك رابی وەك وەزیری نوێی كاروباری برێكزت دیاریكرد، رابیش یەكێكە لە دیارترین ئەوانەی لە راپرسییەكەی 2016د چالاكانە بانگەشەی بۆ دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا دەكرد.
جۆنسۆنیش مەی بەجێهێشت
دوای رۆژێك لە دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری كاروباری برێكزت، بۆریس جۆنسۆن وەزیری دەرەوە و یەكێك لە گەورە لایەنگرانی كشانەوە لە یەكێتی ئەوروپا و خاوەنی بیرۆكەی نەهێشتنەوەی بچوكترین رایاڵە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا دەستی لەكاركێشایەوە.
جۆنسۆن دوای راپرسییەكەی 2016 یەكێك بوو لە كاندیدەكانی پارتی پارێزگارانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام لە دوا ساتەكاندا كشایەوە، دوای ئەوەی هاوڕێكەی وەزیری دادی ئەوكات و ژینگەی ئێستا مایكڵ گۆف پشتی تێكرد و خۆی بۆ سەرۆكی پارتی پارێزگاران كاندیدكرد، بەڵام لە كۆتاییدا بەرامبەر تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی ئێستا شكستهێنا.
جۆنسۆن بە لێدوانی سەرنجڕاكێش ناسراوە و ئارەزویشی لە نوكتە و رەخنەی توند هەیە، ئەوەش وایكرد كە خەڵێكی زۆر تووشی شۆك بوون كاتێك بینیان جانتای وەزارەتی دەرەوەی رادەستكرا.
یەكێك لە دیارترین لێدوانە سەرنجڕاكێشەكانی ئەوەبوو كە وتی:" رەگ و ریشەی كینیایی سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما، وایكردووە رقی لە كەلەپور و مێژووی بەریتانیا بێت".
هەروەها جۆنسۆن هیلاری كلینتۆنی كاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2016ی ئەمریكای بە پەستارێكی سادی چواند كە لە نەخۆشخانەیەكی نەخۆشییە دەرونییەكاندا كاردەكات".
زمانێكی زبر
جۆنسۆن رەخنەی توندی ئاراستەی باراك ئۆباما كرد كە داوای لە بەریتانییەكان كرد لە یەكێتی ئەوروپا بمێننەوە و وتی ویلایەتە یەكگرتووەكان خۆی بەو كۆت و بەندانە رازی نابێت كە یەكێتی ئەوروپا دەیانسەپێنێت، ئەی بۆچی دەیانەوێت ئێمە پێیان رازی بین.
لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپاشدا جۆنسۆن یەكێتی ئەوروپای واوەسفكرد كە " پرۆژەیەكی سەركردەی نازی ئەدۆڵف هیتلەرە كە هەوڵیدا یەك دەوڵەتی ئەوروپی بونیادبنێت".
هەروەها جۆنسۆن لەمیانی دەستوردان و كاری سیاسیدا لەوكاتەوەی كە 2008 وەك سەرۆك شارەوانی لەندەن هەڵبژێدرا بە كاری سەرنجڕاكێش و نمایشكردن ناوبانگی دەركرد و یەكێك لە گرنترین بڕیارەكانی قەدەغەكردنی خواردنەوە كحولییەكان بوو لە ناو هۆكارەكانی هاتوچۆی گشتیدا.
جۆنسۆن و پاسكیل
هەروەها جگە لەوانە جۆنسۆن بە روخساری و پاسكیلەكەی ناسرابوون پرۆژەیەكی زەبەلاحی بەناوی خۆیەوە بۆ هاندادنی بەكارهێنانی بایسكڵ لە لەندەن خستەڕوو، 90 هەزا كەسی والێكرد بە پایسكیل بچنە سەركار و كاروبارەكانیان جێبەجێ بكەن.
جۆنسۆن زۆربەی كات بە پاسكیل دەچووە نوسینگەكەی و چەند جارێكیش لێی دزراوە و دزینی پاسكیلیش یەكێك بوو لە پرسانەی كە لەمیانی سەرۆكایەتیكردنی شارەوانی لەندەندا زۆر بایەخی پێدەدا.
بەرەچەڵك تورك
جۆنسۆن ساڵی 1964 لە نیویۆرك لەدایكبووە، كاتێك منداڵ بووە دایك و باوكی هاتونەتە بەریتانیا, هەمیشەش شانازی بەوەوە دەكات كە باوكی بەگەز توركە جۆنسۆن لە ئیتۆن کۆلیجی بەناوبانگ خوێندوویەتی و زۆر ئارەزووی لە خوێندنی زمانی ئینگلیزی و ئەدەبی كلاسیكی بووە، هەروەها لە زانكۆی ئۆكسفۆرد ئەدەبی دێرینی خوێندووە و ساڵی 1984 بە سەرۆكی یەكێتی خوێندكاران هەڵبژێدراوە و سەرەتا وەك رۆژنامەنوس لە دەیلی تەلەگراف كاریكردووە و بووتە پەیامنێری لە یەكێتی ئەوروپا و پاشان جێگری بەڕێوەبەر و دواتر ساڵی 1991 بووەتە بەڕێوەبەری رۆژنامەی سپیكتیتۆر.
كاركردنی لە بواری رۆژنامەنوسیدا بەناوبانگی كردووە و پێگەیەكی كۆمەڵایەتی پێبەخشوە و دەرگای كاری سیاسی بۆ كردوەتەوە و ساڵی 2001 وەك ئەندام لە ئەنجومەنی گشتی بەریتانیا لەسەر لیستی پارتی پارێزگاران هەڵبژێدراوە.
ساڵی 2004 وەك وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری هونەر دیاریكراوە، و دوا ئاشكرابوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ " پترۆنیلا وایت" ناچاربوو دەست لەكاربكێشێتەوە و ساڵی 2005 گەڕایەوە حكومەت و بووە وەزیری پەروەردە.
جۆنسۆن ساڵی 1987 بۆ یەكەمجار هاوسەرگیری لەگەڵ " ئەلیگرا مۆستین ئۆین " كردووە و ساڵی 1993 جیابونەتەوە و هاوسەرگیری لەگەڵ " مارینا ویلەر" ی پارێزەر كردووە و خاوەنی سێ كچن.
جۆنسۆن چەندین كتێبی نوسیوە و بەچاپی گەیاندونن لەوانە كتێبێك دەربارەی وینستۆن چەرچڵ سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و كتێبێك دەربارەی مێژووی رۆما و دانەیەكی تر دەربارەی شاری لەندەن.
جۆنسۆن و دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا
جۆنسۆن كاتێك سەرۆكی شاروانی لەندەن بوو، زیاتر ناوبانگی بەدەستهێنا و ژمارەیەكی زۆر لایەنگر و هەواداری لە دەوری خۆی خڕكردەوە، دوای ئەوەش بووە یەكێك لە سەركردەكانی هەڵمەتی كشانەوە لە یەكێتی ئەوروپا و ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران پێشبینیان دەكرد دوای دەستلەكاركێشانەوەی دەیڤد كامێرۆن ببێتە سەرۆكی پارتی پارێزگاران و سەرۆك وەزیران، بەڵام لە بەرامبەریشدا نەیاری زۆری بۆ پەیدابوون كە رەخنەیان لە هەڵوێست و لێدوانە سەرنجڕاكێش و هەستیارەكانی دەگرت و بڕوایان وابوو كە شیاوی ئەوە نییە پۆستێكی باڵای حكومەت وەربگرێت، نیك كلیگ جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی پێشووی دەیڤد كامیرۆن لەوەسفیدا دەیوت:" دۆناڵد ترەمپە، بەڵام فەرهەنگێكی زمانی هەڵگرتووە".
هەروەها كاتێك سەرۆكی شارەوانی لەندەن بوو، تێریزا مەی رەخنەی لێگرت و بە كەمتوانا لە بواری دانوستاندا وەسفیكرد و وتی ئەوەی لە دانوستانەكانی لەگەڵ ئەڵمانیا بەدەستیهێناوە بریتیە لە ئامێری ئاوڕشێن و من نەمهێشت لە دژی خۆپیشاندەران بەكاریانبهێنێت.
جۆنسۆن بەهۆی ناوردییەوە لە گواستنەوەی لێدواندا لە رۆژنامەی تایمز دوورخرایەوە و ساڵی 2004 لە وتەبێژی پارتی پارێزگارانیش لابرا بەهۆی " درۆ" یەكییەوە دەرباری پەیوەندیی لەگەڵ ژناندا، بەڵام ئەم كەموكوڕیانە نەبوونە هۆی تێكدانی داهاتووی سیاسی و توانی رووبەڕووی ئەو گەردەلولانە ببێتەوە كە دەهاتنە سەر رێگەی و بەهۆی زمان پاراوی و رەوانبێژی و توانای لە یاریكردن بە وشەكان و خۆڕزگاركردن لە دۆخە شەرمەزاریی و قورسەكان بەسەر هەموو كۆسپ و تەگەرەكاندا زاڵ بێت.
جۆنسۆن و كورد
بۆریس جۆنسۆن لەو كاتەوەی كە سەرۆكی شارەوانی لەندەن بوو دواتریش كە بووە وەزیری دەرەوە خۆی بەدۆستی كورد و هەرێمی كوردستان دادەنا و چەندجارێك لەمیانی شەڕی دژی داعشدا سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لە هەولێری پایتەخت دەسوڕایەوە و سەردانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی دەكرد، بەڵام كاتێك پرسی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان هاتەپێشەوە، جۆنسۆن جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی پشتیوانی لە ریفراندۆمەكەی هەرێم ناكات و پشتگیری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق و سەروەریی دەكات و كاتێكیش سوپای عێراق و حەشدی شەعبی گەڕانەوە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، كۆمپانیای بریتش پێترۆلیۆمی بەریتانی گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی عێراقدا كرد بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك، كە پێشتر بەدەست هەرێمی كوردستانەوە بوون.
بەجێهێشتنی حكومەت
دوێنێ دووشەممە نۆی تەمموز پێش چەند مانگێك لە دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، جۆنسۆن حكومەتی بەجێهێشت و دەستی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوە كێشایەوە و تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانیش دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد و جیریمی هەنتی وەك وەزیری نوێی دەرەوە دیاریكرد.
رۆژنامەنوسی كاروباری سیاسی لە بی بی سی " لۆرا كوینزبێگ " دەربارەی دەستلەكاركێشانەوەی جۆنسۆن دەڵێت:" هەڵوێستێكی زۆر قورس و نالەبارە بۆ سەرۆك وەوزیران و ئەگەر هەیە ببێتە قەیرانێكی تەواوەتی"
سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێت ئەگەر مەی دەستبەرداری پلانەكەی بۆ كشانەوە لە یەكێتی ئەوروپا نەبێت كە بەمدواییە دایناوە ئەوا یەک یەک وەزیرەكانی دەستلەكاردەكێشنەوە.
رۆژنامەنوسەكەی بی بی سی دەشڵێت جۆنسۆن وەزیرێكی ئاسایی نەبوو لە ئەنجومەنی وەزیران، بەڵكو ئەو " ڕوو" یەكی هەڵمەتی برێكزت بوو لە ریفراندۆمەكەی 2016 دا . رۆیشتنی چەندین ئەگەر دەربارەی ئەو ئاڵنگارییەكانە دەوروژێنێت كە رووبەڕووی حكومەت بونەتەوە.
لایخۆشیەوە" تۆم واتسۆن" جێگری پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن وتی حكومەت لە حاڵەتی رووخاندایە و ئەمە پشێوییە كە وڵاتی گرتوەتەوە و حكومەت لە جوڵەی تەواوەتی كەوتووە و دابەش بووە و سەرۆك وەزیران ناتوانێت دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا جێبەجێ بكات، چونكە هیچ دەسەڵاتێكی نەماوە.
سەرۆكی پێشووی پارتی پارێزگارانیش " گرانت شابس" رایگەیاند ئێستا كاتێكی گونجاو نییە بۆ كێبركێ لەسەر سەركردایەتیكردن و هیواخواز بوو ئەوە رووی نەدایە.
شابس وتیشی:" كێبركێكە سێ مانگ دەخایەنێت و كاتی تەواوەتیمان نییە بۆ ئەوە، چونكە بەریتانیا لە ئازاری داهاتوو یەكێتی ئەوروپا بەجێدەهێڵێت و هەردوو لا دەخوازن بە هاتنی تشرینی یەكەم بگەنە رێككەوتنی دەرچوون.
سەرچاوە: بەشی عەرەبی سایتی بی بی سی