(درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەتۆمەتی ناوزڕاندن و هاندان لەدژی كۆمسیۆن بڕی (50 ملیۆن) دینار غەرامەی بەسەر حەسەن تۆران كاندیدی بەرەی توركمانی و جێگری سەرۆكی بەرەكەدا لە كەركوك سەپاند. بەپێی بەڵگەنامەیەكی كۆمسیۆن، لە رۆژی دوای بڵاوكردنەوەی نامەی سزادانەكەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ حەسەن تۆران دەتوانێت لەرێگەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەوە تانە لەو سزایە بدات كە بەسەریدا سەپێندراوە. لەیەكەم كاردانەوەدا نوسینگەی راگەیاندنی حەسەن تۆران بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا دەڵێ" ئەو غەرامەیەی كە كۆمسیۆن بەسەر حەسەن تۆراندا سەپاندویەتی زۆرترین غەرامەیە لە مێژووی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا". بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەكردووە" كۆمسیۆن بەهۆی ئاشكراكردنی ساختەكاری و پێشێلكاری هەڵبژاردن لە كەركوك ئەو سزایەی بەسەر حەسەن تۆراندا سەپاندووە". باسلەوەشدەكات، حەسەن تۆران بەڵگەی لەبەردەستدایە كە دەیسەلمێنێت لە كەركوك ساختەكاری رویداوە و یاری بە سندوقەكانی هەڵبژاردنەوە كراوە و لەسەر چەندین ئاست لەگەڵ سەركردەكان لە بەغداد و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دیداریان كردووە و باوەڕێك دروستبووە بەوەی دەنگەكانی كەركوك بەشێوەی دەستی ئەژماربكرێنەوە. حەسەن تۆران كە پەرلەمانتاری خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقە ولەسەر لیستی بەرەی توركمانی خۆی كاندید كردبوو، بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن (6504) دەنگی هێناوە و سەرنەكەوتووە بۆ پەرلەمان. دەقی نوسراوەكەی كۆمسیۆن:
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا زنجیرەیەك مەرج و داواكاری خستەبەردەم ئێران بۆئەوەی جێبەجێیان بكات و وتی لەمەولا چیتر دەستی ئێران بۆ هەژموون خستنە سەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كراوەنابێت. پۆمپیۆ لە وتارێیكدا كە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە واشنتۆنی پایتەخت پێشكەشیكرد رونیكردەوە كە ئێران رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ی قۆستوەتەوە بۆئەوەی ناوچەمكە بكات گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ و ئەو پارانەی كە بەهۆی رێككەوتنەكەوە دەستیكەوتوون بەكاریهێناوە بۆ فراوانتركردنی هەژمونی خۆی و چالاكییە تیرۆریستییەكان و پێشكەشكردنی هاوكاری بە حزبوڵای لوبنان و حوسییەكان و میلیشیاكانی تر لە عێراق. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ كشانەوەی ئەمریكای لێ راگەیاند سنورێكی بۆ هەوڵ و خواستە ئەتۆمییەكانی ئێران دانەنا و چالاكییەكانی لە ناوچەكەدا رانەگرت، جەختیشیكردەوە كە ئیدارەی ئەمریكا رێگەنادات ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و بەرپەرچی ئەو چالاكیانەشی دەداتەوە كە بۆ تێكدانی سەقامیگری ناوچەكە ئەنجامیاندەدات. پۆمپیپۆ وتی:" ئێران چەندین ساڵ دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی درۆیكرد و بە نیازێكی خراپەوە هاتەناو رێككەوتنەكەوە." پۆمپیۆ روویكردە رژێمی ئێران و وتی :" بەسە ، بەسە، كەوتنەخوارەوەی موشەك لە ریاز، لە بەرزاییەكانی جۆلان." وەزیری دەرەوەی ئەمریكا 12 مەرجی خستەڕوو وتی پێویستە ئێران بۆ خۆبەدوورگرتن لە سەپاندنی " قورسترین سزا لە مێژوودا" جێبەجێیان بكات: 1- ئاشكراكردنی تەواوەتی رەهەندە سەربازییەكانی سیستمە ئەتۆمییەكەی و رێگەدان بە ئاژانسی جیهانی ئەتۆمی بە پشكنینی هەمیشەیی. 2- راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و هەوڵنەدان بۆ چارەسەركردنی پلۆتۆنیۆم و داخستنی ئەو وێستگانەی بە ئاوی قورس كاردەكەن. 3- دەبێت ئێران رێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بدات سەردانی تەواوی بنکەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا بکەن. 4- سنورێك بۆ بڵاوبوونەوەی مووشەكی بالیستی و تەقاندنی ئەو موشەكانە دانبێت ، كە دەتوانرێت كڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت. 5- ئازادكردنی هەموو هاوڵاتیە ئەمریكییەكان و هاوڵاتیانی سەر بە وڵاتانی هاوپەیمان. 6- سنورێك بۆ هاوكاری و پاڵپشتی گروپە تیرۆریستییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەك حزبوڵا و بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی دانبێت. 7- رێز لە حكومەتی عێراق بگرێت و رێگە بە داماڵینی چەكی میلیشیا شیعەكان بدات. 8- سنورێك بۆ هاوكاریكردنی میلیشیا حوسییەكان دابنێت و كاربكات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ یەمەن. 9- لە سوریا پاشەكشێ بكات و هەموو ئەو هێزانەی بكشێنێتەوە كە لە سوریا سەرپەرشتیان دەكات. 10- سنورێك دابنێت بۆ پشتیوانیكردنی لە بزوتنەوەی تاڵیبان و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی تری ئەفغانستان و پاڵپشتی قاعیدە. 11- سنورێك بۆ هاوكاریكردنی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دانبێت كە لە جیهاندا پشتگیری و هاوكاری تیرۆر دەكات. 12- سنورێك دابنێت بۆ رەفتارەكانی كە مایەی هەڕەشەن بۆ دراوسێكانی كە زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمریكان، ئەوەش هەڕەشەكردن لە خاپوركردنی ئیسرائیل و مووشەكبارانكردنی سعودیە و ئیمارات و هەڕەشەكردن لە دەریاوانی و هێرشە ئەلیكترۆنییەكان دەگرێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتیشی واشنتۆن ئامادەیە چەندین هەنگاو بنێت كە گەلی ئێرانی سودی لێ ببیننن لە حاڵەتێكدا ئەگەر ئێران پابەندی ئەو مەرجانە بوو، شێوازی كاركردن خۆی لە ناوچەكەدا گۆڕی و راشیگەیاند پابەندبوونی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەموو سزاكان رابگرێت و پەیوەندییە دیپلۆماتییە و ئابورییەكانی لەگەڵ تاران دەستپێیكاتەوە و مۆڵەتێكی پێشكەوتووشی بۆ تەكنۆلۆژیا پێبدات.
(درەو میدیا): سبەینێ وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق، دەچێتە بەغداد. كەناڵی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی سەربە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ئاشكرایكرد" وەفدەكەی پارتی پێكهاتووە لە هەریەكە لە خەسرەو گۆران و شوان محەمەد تەها و فازل میرانی سەرۆكایەتی دەكات". هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، وەفدەكەی پارتی لەگەڵ لیستە براوەكانی هەڵبژاردن كۆدەبێتەوە. سەردانی وەفدی پارتی بە تەنیا بۆ بەغداد و بەبێ لایەنەكانی تر لەكاتێكدایە رۆژی شەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەیامێكدا رایگەیاند"پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندیی حزبی و هەموو لایەك پێكەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكەنە قوربانیی هەندێ دەستكەوتی كاتی و سیاسیی و حزبی".
( درەو میدیا): بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق موقتەدا سەدر و شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆدەبنەوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە رابەری رەوتی سەدر لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی هەواڵی " SNG " عێراقی رایگەیاتد ئەمشەو موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی نوێ كۆدەبنەوە. لە ماوەی رابردووشدا سەدر كە هاوپەیمانێتییەكەی " سائرون" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە بەجیا لەگەڵ حەیدەر عەبادی و هادی عامری كۆبووەوە. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە كۆمسیۆن بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئەنجامەكانی بڵاوكردەوە، نەوەی نوێ بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید چوار كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
(درەو میدیا): بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاویكردوەتەوە، هەوڵێك دەستیپێكردووە بۆ دروستكردنی كوتلەیەكی گەورەی پەرلەمانی لەنێوان هەریەكە لە موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی و مەسعود بارزانی و خەمیس خەنجەر و ئەیاد عەلاوی. رۆژنامەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە ئاشكرایكردووە" پەیوەندی دەستیپێكردووە بۆ سازدانی كۆبونەوەیەك لە نێوان سەدر و عەبادی لەلایەك و كۆبونەوەی مەسعود بارزانی و خەمیس خەنجەر لەلایەكی تر لە چەند رۆژی داهاتوودا". بەپێی قسەی رۆژنامەكە" هەوڵەكە دەیەوێت موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی و مەسعود بارزانی و خەمیس خەنجەر كوتلەیەكی گەورەی پەرلەمانی دروستبكەن ، كە پێدەچێت ئەیاد عەلاویش بچێتە ناو ئەو كوتلەیەوە". سەرچاوەكە باس لەوەدەكات" مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی لەبارەی هاوپەیمانێتیكردنەوە لەگەڵ عەبادی روون نەبووەتەوە و زانیاری دزەی كردووە لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەیە پارتی هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ مالیكی هەڵبژێرێت، ئەمەش وەكو سزادانێك بۆ عەبادی لەسەر هەڵوێستەكانی لەبارەی ریفراندۆم و كەركوكەوە، بەڵام هاوپەیمانێتی لەم جۆرە پێناچێت ئاسان بێت، سەرباری ئەو پەیوەندییانەی كە دەوترێت لەنێوان سەركردەكانی حزبەكەی بارزانی و لێپرسراوانی ئێرانی لەوبارەیەوە كراوە". رۆژنامەی حەیات ئاشكرایكردووە" بەپێی ئەو قسەو باسانەی كە لە ناوەندەكانی نزیك لەو هاوپەیمانێتییەوە تاوتوێ دەكرێن كە سەدر دەیەوێت رایبگەیەنێت، شاری موسڵ دیاریكراوە بۆ راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەكە".
( درەو میدیا): دكتۆر شایان كە لەلایەن دوو هێرشبەری خۆپیشاندانەكانەوە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە، لە ساڵانی كاركردنیدا چەندین كاری خۆبەخشی بۆ هوشیاری هاووڵاتییان لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە كردووە، بە تایبەت بۆ پاراستنی ژنان لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمك.بۆیە ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەڵمەتی پشتیوانی بۆ دكتۆر شایان دەستی پێكردووە بەوەی لەبری خەڵاتكردن دادگایی دەكرێت. ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دژ بە تۆماركردنی سكاڵاكان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییكردنەكە رایانگەیاند "لەبری ئەوەی داوای لێبوردن لە دكتۆرە شایان بكەن كە رۆژانە تیماری نەخۆشانی شێرپەنجە دەكات لە نەخۆشخانەی نانەكەلی شاری هەولێر هەستاون سكاڵایان لەسەر تۆماركردووە" رۆژی 25ی ئازاری 2018 بەهۆی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە لەژمارەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دكتۆر شایان عەسكەری بەڵگەی چەك هەڵگرتن و دەستدریژی دوو لەهێزە ئەمنییە جل مەدەنییەكانی بڵاوكردەوە كە دەستدرێژی و رێگرییان كردبووە سەر ناوبراو، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە بەدوای خۆیدا كاردانەوەی میدیایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دژ بەو دوو كەسە جل مەدەنییە دروستكرد. بەڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگەیاندنی ئامادەبوون لەبەردەم دادگای بەرایی بەهۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی دەگەیەندرێتە شوینی كاری دكتۆر شایان عەسكەری لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر، كە لە سكاڵاكاندا بە تۆمەتی ناوزڕاندن هەر یەك لە سەنگەر باڵەكی و ناسح مەحمود داوای قەرەبووی ماددی بە بڕی 100 ملیۆن دینار واتا 200 ملیۆن دینار بۆ هەردووكیان دەكەن.
( دەرەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی 103 وێستگەی دەنگدانی لە پێنج پارێزگای عێراق هەڵوەشاندەوە. كۆمسیۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ئەنجومەنی كۆمسیاران تەماشای 1436 سكاڵای دەنگدانی گشتی و تایبەت و دەرەوەی كردووە و لەلایەن لیژنە پسپۆرەكانی ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە تاوتوێكران و دەركەوت 33 سكاڵایان سورە، و دوای وردبینیكردنی بڕیاردرا دەنگی 103 وێستگەی دەنگدان لە پارێزگاكانی ئەنبار، نەینەوا، سەلاحەدین، بەغداد و هەولێر هەڵبوەشێنرێتەوە. دەربارەی تانەكانیش كۆمسیۆن رایگەیاند نوسینگەی پارێزگاكان و هەردوو نوسینەگەی كەرخ و رەسافە لە بەغدا تانەی ئەو لایەنانە وەردەگرن كە تانەیان لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران داوە لە بەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە دادگای تەمیزی فیدراڵی و بڕیارەكانیش پێویستە جێبەجێبكرێت لەلایەن كۆمسیۆنەوە.
(درەو میدیا): (43) پەرلەمانتار لە (8) فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان داوا دەكەن پەرلەمان كۆبونەوەیەك بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن. بەپێی نوسراوێك كە ئەو پەرلەمانتارانە ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە و كۆپییەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەو پەرلەمانتارانە داوا دەكەن" كۆبونەوەی داهاتووی پەرلەمان تایبەت بێت بە گفتوگۆكردن لەسەر كەموكورتییەكانی سیستمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ساختەكاری لە ئەنجامەكانی كە بوەتە هۆكاری نەمانی متمانە و دروستبونی بۆشایی زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان". دەقی نوسراوەكە:
( درەو میدیا ): بە گوێرەی ئەو ئەنجامانەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەنەكانی عێراق بڵاویكردونەتەوە، چەند كاندیدێكی ژن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بەبێ سیستمی كۆتا سەركەوتوون و كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. ئەو كاندیدانەش ئەمانەن: • پارێزگای زیقار: هەیفا ئەمین – هاوپەیمانی سائرون زەینەب وەحید – دەوڵەتی یاسا عولا عودە – هاوپەیمانی نەسر • كەربەلا مەنال حەمید – هاوپەیمانەی نەسر • بابل مەنال وەهاب – هاوپەیمانی الفتح نەورەس كامل – هاوپەیمانی سائرون • هەولێر هەدار زبێر ، مەیادە محەمەد : پارتی دیموكراتی كوردستان • دهۆك ڤیان سەبری ، وەسفیە محەمەد ، دالیا فەرهاد : پارتی دیموكراتی كوردستان • سلێمانی جوان ئیحسان ، بڵێسە جەبار فەرمان، ئارەزوو محەمەد : یەكێتی نیشتمانی كوردستان • كەركوك ئەڵماس فازیل ، دیلان غەفور: یەكێتی نیشتمانی كوردستان • بەغداد ماجدە تەمیمی ، ئەنعام مەزید : هاوپەیمانی سائرون عالیە نسەیف: دەوڵەتی یاسا • موسەننا ئەشواق كەریم : هاوپەیمانی الفتح
(درەو میدیا): لە ئەگەری كشانەوەی ( گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتو و ھاوپەیمانی ) لە پەرلەمانی عێراق و بەشداری نەكردنی كاندیدە دەرچوەكانیان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراقدا، كورسیيەكانیان لە پارێزگاكان بە گوێرەی شێوازی سانت لیگۆ بەسەر لایەنەكانی تردا دابەش دەكرێ بەجۆرێك: (7 كورسی گۆڕان كۆمەڵ یەكگرتوو ھاوپەیمانی) لە سلێمانی بەسەر ( یەكێتی و نەوەی نوێ و پارتی)دا دابەش دەكرێ و یەكێتی لە 8 كورسیيەوە دەبێتە ١٣ كورسی و نەوەی نوێ لە 2 كورسیيەوە دەبێتە ٣ كورسی و پارتیش لە یەك كورسیيەوە دەبێتە ٢ كورسی . هەریەك لە (عومەر عینایەت و بێستون فایەق) ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان شیكاریەكیان بۆ ئەگەری بایكۆتی لایەنەكان بۆ پەرلەمانی عێراق كردووە، ئەگەر كاندیدی سەركەوتوو ئامادەی سوێند خواردن نەبێ و نەچێتە دانیشتنەكانی پارلەمان، ئەوا بە رێوشوێنە دیاری كراوە یاساییەكان بەپێی ریزبەندی دەنگەكان كەسێكی تر لە لیستەكەی خۆی لە شوێنی دادەنرێ، ئەگەر كاندیدی سەركەوتوو سوێندی خوارد و بوو بە پارلەمانتار و دواتر پابەند نەبوو یان دەستیلەكاركێشایەوە یان كۆچی دوای كرد، ئەوا دیسان بە ھەمان رێگا كەسێكی تری لیستەكەی جێی دەگرێتەوە بەڵام حاڵەتی بایكۆتی بەكۆمەڵی لیستێك و كشانەوەی تەواوەتی لە خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمان حەڵەتێكی تایبەتەو لەدەستورو یاسای ھەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقیشدا باس نەكراوە، ئەوەی یاسای ھەڵبژاردن چەسپاندویەتی كورسیيەكانی پەرلەمان و ژمارەی كورسی پارێزگاكانە كە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان دانراوە و چەند كەس (دەنگدەر) بەشداری بكات و چەند (لیست) كێبركێ بكەن پێویستە ئەو كورسیيە دیاری كراوانە پڕ بكرێنەوە.
نیاز عهبدوڵڵا له دادگای بهرایی ههولێر یهكهم دانیشتنی دادگاییكردنی سكاڵا لهسهرتۆماركراو دكتۆر شایان عهسكهری بهئامادهبوونی پارێزهری سكاڵاكار سهنگهر باڵهكی بهڕێوهچوو، بهڵام لهسهر داوای سكاڵالێكراو دانیشتنهكه بۆ 35 رۆژی تر دواخرا و دادگاییكردنهكهش ناڕهزایی لێكهوتهوه. بههۆی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی دژ به دكتۆر شایان له لایهن دوو له هێرشكارهكانی سهر خۆپیشاندهرانی مانگی ئازار له ههولێر و داواكردنی بڕی 200 ملیۆن دیناری عێراقی، ئهمڕۆ 21ی ئایار یهكهم دانیشتنی دادگاییكردنهكه بهڕێوهچوو كه تایبهت بوو به سكاڵای سهنگهر باڵهكی یهكیك له دهستدرێژیكارهكانی سهر دكتۆر شایان له خۆپیشاندانهكان، بهڵام له ماوهی دانیشتنهكدا لهسهر داوای سكاڵالێكراو دانیشتنهكه بۆ 25ی حوزهیران واتا 35 رۆژی تر دواخرا. دكتۆر شایان به (درهو میدیا)ی وت "داوای دواخستنی دانیشتنهكهم كرد چونكه وهكالهتم بۆ هیچ پارێزهرێك نهكردبۆوه و پارێزهرم نهبوو، بۆیه به بڕیاری دادوهر دانیشتنهكه بۆ 25ی حوزهیران دواخرا". لهبارهی بهڕێوهچوونی دانیشتنی یهكهمی سكاڵای دووهم كه لهلایهن هێرشكار ناسح مهحمود تۆماركراوه، وتی "بڕیاره 1ی تهممووز دانیشتنهكه بهڕێوه بچێت". رۆژی 25ی ئازاری 2018 بههۆی بڵاوكردنهوهی گرته ڤیدیۆیهكهوه لهژمارهی تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك، دكتۆر شایان عهسكهری بهڵگهی چهك ههڵگرتن و دهستدریژی دوو لههێزه ئهمنییه جل مهدهنییهكانی بڵاوكردهوه كه دهستدرێژی و رێگرییان كردبووه سهر ناوبراو، بڵاوكردنهوهی ڤیدیۆكه بهدوای خۆیدا كاردانهوهی میدیایی و رێكخراوهكانی كۆمهڵی مهدهنی دژ بهو دوو كهسه جل مهدهنییه دروستكرد. بهڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگهیاندنی ئامادهبوون لهبهردهم دادگای بهرایی بههۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی دهگهیهندرێته شوینی كاری دكتۆر شایان عهسكهری له نهخۆشخانهی نانهكهلی ههولێر، كه له سكاڵاكاندا به تۆمهتی ناوزڕاندن ههر یهك له سهنگهر باڵهكی و ناسح مهحمود داوای قهرهبووی ماددی به بڕی 100 ملیۆن دینار واتا 200 ملیۆن دینار بۆ ههردووكیان دهكهن. ئهمڕۆ دژ به بهڕێوهچوونی پرۆسهی دادگاییكردنی دكتۆر شایان له شاری ههولێر، ئهنجوومهنی مامۆستایانی ناڕازی دژ به تۆماركردنی سكاڵاكان و بهڕێوهچوونی پرۆسهی دادگاییكردنهكه رایانگهیاند "لهبری ئهوهی داوای لێبوردن له دكتۆره شایان بكهن كه رۆژانه تیماری نهخۆشانی شێرپهنجه دهكات له نهخۆشخانهی نانهكهلی شاری ههولێر ههستاون سكاڵایان لهسهر تۆماركردووه". ئهنجوومهنی مامۆستایان پێیان وایه "ئهم دادگاییه نادادگهرانهیه و جۆرێكه له سزای كهسانی ئازادیخواز و بهتوندی ئیدانهی دهكهین و داوا له دادوهره بهڕێزهكان دهكهین سهربهخۆیی خۆیان و دادگا بپارێزن". له كاردانهوهی ناڕهزایهتییهكانی سكاڵاكانی دژ بهو پزیشكه پسپۆڕهی نهخۆشی شێرپهنجه له نهخۆشخانهی نانهكهلی ههولێر، 639 پزیشكی ژن له گرووپی خانمه پزیشكهكانی كوردستان ئهمڕۆ 21ی ئایار بهیاننامهیهكی ناڕهزاییان بڵاوكردهوه و پشتیوانی تهواوی خۆیان بۆ ناوبراو راگهیاند و وتیان "به تووندی ریسوای ئهم كاره دزێوه دهكهین و داوا نهك له دامودهزگا یاسایی و شهرعییهكانی ههرێمی كوردستان دهكهین، بهڵكو داوا له ههموو دهنگێكی ئازادیخواز و لهناو ههموو لایهنه سیاسییهكان دهكهین دژی ئهم كاره ناشرینه ههڵوێست وهربگرن و له رێگهی خۆیانهوه فشار بخهنه سهر دادگا بۆ دهستبهجێ راگرتنی ئهم سكاڵا نابهجێیه". گرووپی خانمه پزیشكهكان ئومێدیان به دادگا ههیه و وتوویانه "ئێمه ئومێدی گهورهمان به دادگا و دامودهزگا یاساییهكانی حكومهتی ههرێم ههیه كه نهچێته ژێرباری ئهم گهمه ناشرینهوه". پێشتر دكتۆر شایان عهسكهری به (درهو میدیا)ی راگهیاند "خۆپیشاندانی مهدهنیم كردووه، نهچهكی سووك یان قورسم پی نهبووه و ههتا جنێویشم نهداوه و هیچ سووكایهتییهكم به كهس نهكردووه ئێستا لهسهرچی من سزا بدرێم نازانم، ناشزانم ئهوان مهبهستیان شهخسی خۆمه یان دهیانهوێت خهڵكی تر له رێگای منهوه بترسێنن". وتیشی "دهچمه بهردهم دادگا و تا دوا رێكاری یاسایی بهرگری له مافی رهوای خۆم دهكهم".
راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف " مێژوو خۆی دووبارە ئەكاتەوە" ئەمە ئەو قسە باوەیە كە بەشێك لە هاوڵاتیان باوەڕیان پێیەتی و بەشێكیش رەتی دەكەنەوە بەڵام رەنگە بۆ پرۆسەكانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان قسەیەكی درووست بێت، ئەگەر بەراوردێك بكرێت لە نێوان یەكەم پۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان ( 1992 ) و دوایین پرۆسەی هەڵبژاردن ( 2018 ) . خاڵی كۆكرەرەوەی نێوان یەكەم هەڵبژاردن و دوایین هەڵبژاردن لە كوردستان یەك وشەیە ئەویش ( ساختەكاری) كە بۆتە مۆتەكە بەسەر هەموو پرۆسەكانی هەڵبژاردن لە نێوان ئەو دوو مێژووەدا، بە فۆرم و شێوازی جیاوازەوە. لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردندا دەنگی دووبارەو ناسنامەی ساختەو بەزۆر دەنگ پێگۆڕین و پركردنی سندوقەكان سیمای یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردن بوو، بە نمونە لە پارێزگای دهۆك ( 178 هەزار ) كەس مافی دەنگدانی هەبووە بەڵام ( 198 هەزار) كەس دەنگیدا بەرێژەی ( 111%)، ئەم رێژی لە 111% یە جارێكی تریش لە پرۆسەی ریفراندۆمی 2017 دووبارە بووەوە. بەڵام لە دوایین پرۆسەی هەڵبژاردندا لە 2018 پێشكەوتنی ئامێرەكانی دەنگدان تیایدا، سیمای ساختەكاری گۆڕی لە دەنگی مردوو دوبارەو سندوقپڕكردنەوە بۆ ساختەكاری ئەلكترۆنی كە لەم پرۆسەیەدا هێزەكان ئاماژەی بۆ دەكەن. یەكەم/ ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا پرۆسەی هەڵبژاردن، وەك پایەیەكی گرنگی دیموكراسی لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندا، بەڵام بەردەوام لەو كۆمەڵگایانەدا حیزبی حاكم، یاخود هێزە دەستڕۆیشتووەكان لە رێی ساختەكاریی و تەزویرەوە دەنگی هاوڵاتیان لەبەرژەوەندی خۆیان ساختە دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش پرسی تەزویر و ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكاندا بووەتە پرسێكی جیدیی و كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووە، ئەگەرچی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستاندا بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە عێراقدا تەزویر و ساختەكاری مێژوویەكی درێژی هەیە (لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردندا كەلە ساڵی 1923 ئەنجامدرا بەریتانییەكان لە بەرژەوەندی پێكهاتەی سوننە تەزویر و ساختەكارییانكرد، بەو پێیەی لە عێراقدا پێكهاتەی شیعە زیاتربوون و بەریتانییەكانیش لەگەڵ سەرخستنی پێكهاتەی سوننە بوون، دواتریش لە هەڵبژاردنی 1933دا جەودەت روكابی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق لە بەرژەوەندی خۆی تەزویریكرد، هاوكات جەمیل مەدفەعی لە هەڵبژاردنی 1937 و نوری سەعید لە هەڵبژاردنی 1939 لەبەرژەوەندی خۆیان تەزویریانكرد). لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانی عێراقدا، كارەكتەرە سیاسییەكان هێزی سەربازیی و ناوخۆییان لەو بوارەدا بەكارهێناوە، لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی دەكرد و هەرئەویش سندوقەكانی هەڵبژاردنی دەگواستەوە، لەو ساتەشدا هەڵبژاردن چەند رۆژێكی دەخایاند و هیچ جۆرە چاودێرییەكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش نەبووە، بۆیە تەزویر و ساختەكاریی بووە نەریتێكی باوی پارت و كەسایەتییە دەسەڵاتدارەكان و لە سەرجەم هەڵبژاردنەكانی عێراقدا لەبەرژەوەندی حیزبی حاكم و دەسەڵاتدار ساختەكاریی كراوە و كاریگەریی گەورەشی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبووە. دووەم/ ساختەكاریی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 1992 دەگۆڕێت ئەزموونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 كراوە و ئەزموونێكی تا ئاستێك سەركەوتوو نەبوو، چ لە رووی بوونی ساختەكاریی زۆرەوە، چ لە رووی ئەوەی سندووقەكانی هەڵبژاردن، لەبری ئەوەی ببێتە ناوەندی یەكلاكردنەوەی كێشە و قەیرانەكان، بووە هۆی لێكدابرانی هێز و لایەنەكان، لە یەكەم هەڵبژاردندا، كە بڕیاربوو لە 17/5/1992 بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ دواخرا لەو كاتەدا وترا مەرەكەبی هەڵبژاردنەكان لەلایەن هێزێكەوە ساختەكراوە و مەرەكەبی خراپ هێنراوە بۆیە هەڵبژاردن دواخرا. بەپێی ئەو نامە و راگەیەنراو و بەڵگەنامانەی بڵاوكراونەتەوە، لە هەڵبژاردنی 19/5/1992دا بە جۆرەها شێوە ساختەكاریی و تەزویر لەلایەن هێز و لایەنەكانەوە كراوە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لێكۆڵینەوە لەهەر بنكە و ناوەندێكی دەنگداندا دەكرێت، كە رێژەی دەنگدان تێیدا لە (85%) زیاتر بێت، (هەر وێستگەیەكی دەنگدان رێژەی دەنگدانی (85%) زیاتر بوو دەچێتە تەحقیق... جگە لەمە لە هەر ناوچەیەك رێژەی دەنگی (85%) زیاتر بێت دەچێتە تەحقیق، كە ئەمانە پێوەری نێودەوڵەتین). بەڵام بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە راگەیەنرا، لە پارێزگای دهۆك، كە (178000) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لەو پارێزگایە (198352) دەنگیانداوە، واتا رێژەی دەنگدان (111.4%) بەو پێیەش ئەگەر رێژەی دەنگدان، كە لە سلێمانی (77.6%) ئاسایی بووە و بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی، ئەگەر رێژەی دەنگدان لە پارێزگای دهۆك (100%)یش ئەژمار بكرێت ئەوا (20352) دەنگ زیاد دراوە و ساختەكارییەكە رێژەكەی دەكاتە (11.4%)، هەرچەندە بەپێی پاشكۆی وتارێكی نەوشیروان مستەفا ئەمین بەناوی (حیزب و حوكم: ئەزموونی كوردستان) ئاماژە بەوە دەكات، كە رێژەی دەنگدان لە پارێزگای دهۆك (124%) بووە بەو پێیەی ئەگەر لەو پارێزگایە لە (100%)ی دەنگدەران دەنگیان دابێت ئەوا نزیكەی (45000) زیاتر دەنگیانداوە بەو پێیەی ئەو پارێزگایە (223000) دەنگیانداوە). بەوپێیەش ئەو تەزویرەیكراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی گۆڕی، چونكە لە هەڵبژاردنەكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان (437879) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (45.05%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (423833) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (43.6%) ئەگەر ئەو رێژە دەنگە زیادەیەی دهۆكی لێدەركرێت (20352) دەنگی زیاد لە (100%) ی دەنگدانە ئەوا دەنگی پارتی دەبێتە (437879 - 20352 = 417527) دەنگ بەو پێیەش كۆی گشتیی دەنگدان دەبێتە (951601) واتا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێتە هێزی یەكەم و رێژەی دەنگەكانی دەبێتە (44.5%) و پارتی دیموكراتی كوردستانیش رێژەی دەنگەكانی دەبێتە (43.9%) و هێزی دووەمی كوردستان. هاوكات بەپێی زۆرێك لە سكاڵا و نامە و بروسكەی لایەنە سیاسییەكان، باس لە دەستتێوەردان و دەنگیدانی دووبارە دەكەن، لەگەڵ ئەوەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن هۆشیاریدا لە بەسزاگەیاندنی هەر كەسێك كە هەوڵی ساختەكاریی بدات، دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان بۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەركەوت، كە لە هەردوو بنكەی (17) لە دهۆك و بنكەی (6) لە هەولێردا ساختەكاریی كراوە، بەو پێەی لە بنكەی (17)ی دهۆك (قوتابخانەی پێشكەفتن) ژمارەی دەنگەكانی ئەو بنكەیە بە (7994) دەنگ ئەژمار كراوە، بەڵام دوای بژاردنەوەیان دەركەوت دەنگی ئەو بنكەیە تەنها (1994) واتا (6000) دەنگ لەو بنكەیە زیاد ئەژماركرابوو، بۆیە لەو بنكەیەدا (6000) دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان سڕایەوە، بەوپێیەی بۆ لیژنەی باڵا دەركەوت لەو بنكەیەدا ساختەكاریی كراوە. لە بنكەی (6) ی هەولێریش، دوای ئەوەی بۆ دەستەی باڵا دەركەوت كە ساختەكاریی لەو بنكەیەدا كراوە و لە جارێك زیاتر دەنگدراوە، بۆیە دەنگی ئەو بنكەیە رەتكرایەوە بەو پێیەش (3540) دەنگی پارتی سڕایەوە لەگەڵ (15) دەنگی سۆسیالست و (1) دەنگی پارتی گەل و (17) دەنگی شیوعی و (18) دەنگی ئیسلامیی و (151) دەنگی یەكێتی، بەمەش كاریگەری بەسەر ئەنجامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردندا هات دەنگەكانی یەكێتی بووە (423682) و تا (423833 – 4151 = 423682) دەنگەكانی پارتیش بووە (428339) بەوپێیەی (437879 – 69540 = 428339 ) بەم پێیە رێژەی دەنگەكان بووە پەنجا بە پەنجا بۆ هەردوو حیزبە سەرەكییەكە). هەوڵی دەرهێنانی هەزاران ناسنامە دراوە لەبەرژەوەندی لایەنەكان بۆئەوەی كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست بكرێت، بۆ نموونە لە بروسكەیەكدا كە لە رۆژی 18/5/1992 بۆ ئەمیر حەوێزی سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ناردووە، جەلال تاڵەبانی، سكرتێری یەكێتی ئاماژەی بە چەندین ساختەكاریی و فێڵ كردووە، لە بروسكەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، كە پارتی 1000 كەسی خۆی هێناوەتەوە لە ئێرانەوە كەچی دەنگدان بۆ ئەوان دواخراوە بە بڕیاری سەركردایەتی. لە بەیاننامەیەكیشدا، كە لە 19 /5/1992 بڵاوكراوەتەوە و لەبەشەكانی پێشتردا خستوومانەتە روو، د. مەحمود عوسمان ئاماژە بەوە دەكات، كە ساختەكاریی زۆر كراوە و بەهۆی ئەوەی مەرەكەبەكە بە ئاسانی لێكراوەتەوە بەچەندین جۆری ناسنامە دەنگدراوە و كەسی وا هەبووە (10) جار دەنگیداوە، پێشیوایە ساختەكاریی زۆر كراوە، بۆیە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و نەزاهەت نەبووە و زیانی بە قۆناغی دیموكراتی و پەرلەمانی گەلی كورد گەیاندووە. لە بەیاننامەی سەرجەم حیزبەكاندا ئاماژە بە نیگەرانی كراوە سەبارەت بە ساختەكاریی زۆری هەڵبژاردنەكان و بێگەرد نەبوونیان، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەریەك لە حیزبەكانی (حسك، پاسۆك، حیزبی شیوعی، پارتی گەل، پ.د.ك) هاتووە، كە ئەم هەڵبژاردنە بە شێوەیەكی گشتی ناڕێك و ناپوختە لەبەر چەند دەستتێوەردانێك و چەند هەڵەیەكی تەكنیكی، كە بوونە هۆی دروستكردنی كەش و هەوای تەزویر و لادان لە یاسای هەڵبژاردن چ بەهۆی خۆفەرزكردن و بەسەر جەماوەر و چ بەهۆی فڕۆفێڵی نابەجێیانە). سێیەم/ ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكانی 2005دا ساختەكاریی و پێشێلكاریی لە هەڵبژاردنەكانەكانی هەرێمی كوردستان لە 2005 دا كراوە و ئەویش بەپێی بەلًگەنامەكانی بەرپرسانی هەردوولا، لە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵێك بەڵگەنامەدا بەناوی (پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم)، كە نەوشیروان مستەفا لە 8/7/2013 دا بڵاویكردەوە، بەرپرسە باڵاكانی هەردوولا بە روونی ئاماژە بە بوونی ساختەكاریی دەكەن، لە بڵاوكراوەكانی نەوشیروان مستەفا هاتووە: كە بەهۆی تەزویرەوە لە هەڵبژاردنەكانی 2005 دا لە قەزای سۆران كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەندێك لە سندووقەكانی ئەو قەزایەی پوچەڵكردەوە و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكارتی كوردستان نامەیەكی ناڕەزایی بۆ حسێن هنداوی سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نارد. هەر لە بڵاوكراوەكەدا، نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بەوەكردووە، لەبەرئەوەی یەكێتی (20 هەزار) دەنگی زیاتر لە پارتی هاوپەیمانەكانی هێنا، مەسعود بارزانی ئەمەی بە تەزویر لەقەڵەمدا، هەربۆیە لە نامەیەكدا بۆ جەلال تاڵەبانی، سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە رۆژی 1/2/2005 دا تیایدا ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات، لە خاڵە سلبییەكاندا باس لە كۆمەڵێك رێگری دەكات لەوانە بارزانی گلەیی دەكات و دەنوسێت لەسەر سندووقەكان رێگە نەدراوە ئەوانەی نەخوێندەوارن بە كەسی نزیكی خۆیان رەئی خۆیان بنووسن، بەڵكو كادیرەكانی سەر سندوقەكانی بە كەیفی خۆیان نووسیویان، بەڵام لە خاڵی شەشەمدا بەروونی باسی تەزویر و خروقات دەكات و دەنووسێت (هەندێك خروقات یەكجار زۆر زەقن و پینە ناكرێن وەك ژمارەی زیادی دەنگ، كە بە دەها هەزار زیاترە لەوەی كە تۆمار كراوە و مەعلوم بووە پێشتر ئەو شوێنە ژمارەی دەنگدەری چەندە). بارزانی لە نامەكەدا ئاماژە بەوەش دەكات كە ناكرێت ئەو تەزویرە زۆرانەی كراون لە هەرلایەك قبوڵ بكرێن و ئەمانە ببنە ئەساس بۆ ئاییندە، بۆیە پێویستە لیژنەیەك لێكۆڵینەوە لەو تەزویرانە بكات كە ژمارەی دەنگدەر زیادكراوە. بەڵام لە نامەكەی بارزانیدا دەركەوێت، كە هەردوولا واتا یەكێتی و پارتی هەریەكە و خروقات و تەزویری بۆ بەرژەوەندی حیزبی خۆیان كردووە، چونكە لە خاڵی پێنجەمی نامەكەیدا بۆ تاڵەبانی، بارزانی نووسیویەتی (شكایەتی یەكجار زۆر لەسەر رەفتاری برادەرانی یەكێتی پێمانگەیشتووە بێگومان رەنگە هەمان شكایەت لەسەر پارتیش بەدەست جەنابت گەیشتبن)..(بڕوانە پاشكۆی ژمارە 15 نامەكەی بارزانی بۆ تاڵەبانی). چوارەم/ ساختەكاریی لە هەڵبژاردنی 2010 لە هەڵبژاردنەكانی 25 / 7/ 2009دا هێز و لایەنە سیاسییەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتیی تێبینیی و سەرنجی زۆریان لەسەر هەڵبژاردنەكان هەبوو، قاسم عەبودی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، رایگەیاند: بەهۆی بوونی سكاڵا لەسەر ژمارەیەكی زۆری وێستگەكانی دەنگدان و دواتر خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی سكاڵان بڕیارماندا بە رەتكردنەوەی دەنگی (40) وێستگەی هەڵبژاردن. حەمدیە حوسێنی، ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، لە كاتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی 2009 لە بەرواری 7/8/2009 رایگەیاند، نزیكەی (700) سكاڵا تۆماركراون، كە (42)یان سكاڵای سوورن و سكاڵا لەسەر نزیكەی (300) وێستگەی دەنگدان تۆماركراوە. سەبارەت بە تێڕوانینی رۆژنامەنووسان و چاودێرانی نێودەوڵەتیش، گۆڤاری ئیكۆنۆمیستی بەریتانیا لە راپۆرتێكی بڵاویكردەوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمدا ساختەكاریی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی زۆر كراوە و هەندێك كەس پتر لە 20 جار دەنگیانداوە. پێنجەم/ ساختەكاریی لە هەڵبژاردنی 2014 زۆرێك لە پرۆسەكانی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان، بۆتە هۆی جێگەی گومانی چاودێران و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان، لە 30/4/2014دا، هەرێمی كوردستان و عێراق دوو هەڵبژاردنی بەخۆوە بینی، ئەوانیش( هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان) زۆرترین گومان و نیگەرانی بەشێك لەلایەن لە تەزویر و ساختەكاری بوو لە ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان. ئەو گومانانە بەتایبەتی لە شوێنی كۆكردنەوە و جیاكردنەوەی دەنگەكان بوو لە ( ئەلبیسەكەی ) شاری سلێمانی بوو، هەریەك لە ( بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) لە شاری سلێمانی لە 3/4/2014 دا، راگەیەنراوێكی هاوبەش بڵاودەكەنەوە، لەسەر مەترسیی ساختەكاری لە هەڵبژاردن، لە راگەیەنراوەكەیاندا، داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، وشیارانە مامەڵە بكەن و رێگربن لە دەستتێوەردانی هەندێ لایەنی حیزبی و سەربازی كە لێرەولەوێ لە دەوروبەری بنكەكانی دەنگداندا لە دەرەوەی رێنماییەكانی كۆمسیۆن كار دەكەن و لە هەوڵدان بۆ ساختەكردن. لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: "هەوڵێكێك لە ئارادایە بۆ ساختەكردن، كە لە چەندین شوێن رێی لێگیراوە، داواكارین لە بریكارەكانمان لەسەر سندووقەكانی دەنگدان، چاودێرە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، رۆڵیان هەبێت لە چاودێریكردنی پرۆسەكە بە گشتی و بە تایبەتی لە كاتی ژماردنی دەنگەكان و گواستنەوەیان بۆ بنكەكانی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان، بە مەبەستی مسۆگەركردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد". لە راگەیەنراوەكەدا، چوار لایەنەكە هۆشداری دەدەن، "بۆ هەموو ئەوانەی كە ساختەكاری دەكەن، یان بەشداریی تێدا دەكەن، یان ئاسانكاریی بۆ دەكەن و هەموو كەموكورتیی پرۆسەكە دەخەینە ئەستۆی بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، چونكە ئێمە ماوەیەك پێش ئێستا كۆمیسیۆنمان ئاگاداركردووەتەوە و پێمانوایە بەڕێوبەری لقی سلێمانی لە ئاستی ئەم بەرپرسیاریەتییەدا نەبووە". گومانی لایەنەكان بۆ دەستكاریكردنی دەنگی لایەنەكان لە بنكەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە ئەلبیسەكە زیاتر دەبێت، گوتەبێژی هەڵبژاردنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە سلێمانی دەڵێ زیاتر لە 2 هەزار دەنگمان لە سلێمانی كەمكراوەتەوە بۆ لایەنێكی سیاسی، "فۆرمی 902 دەستكاریكراوە و بەو دەستكارییەش ئەنجامەكان گۆڕاون، هەروەك چۆن بەشێك لە ساختەكارییەكانیش لە كاتی هەڵبژاردندا كراون، بۆیە 2 سكاڵامان تۆماركردووە، یەكێك لە سلێمانی و یەكێكیش لە هەولێر، بەچەند شێوەیەك بەڵگەمان پێشكەشكردووە و بەڵگەكانی ئێمە و گۆڕان و یەكگرتوو و پارتی هەمووی لەیەك ناچێ". بەپێی ئەو بەڵگانەی لەلایەن ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە خراونەتە روو، دوای ئەوەی بزووتنەوەكە بەدواداچوونی بۆ ئەنجامی دەنگەكان و CDیەكانی كۆمیسیۆن و فۆرمی 902 كردووە، بۆی دەركەوتووە، لەو( 3 هەزار و 256 )وێستگەیەی پارێزگای سلێمانی لە 133 وێستگەدا "ساختەكاری گەورە" كراوە، بەشێوەیەك لەو وێستگانەدا زیاتر لە 14 هەزار دەنگیان كەمكراوەتەوە، هەر بەپێی بەڵگەكانی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان، ( 14 هەزار و 678 )دەنگی گۆڕان براون بۆ یەكێتی و بەو دەنگانەشەوە كە لە 4 لایەنەكەی دیكەوە براون بۆ یەكێتی دەگاتە( 19 هەزار و 968 )دەنگ. رێكخراوەكانی چاودێری هەڵبژاردنەكانیش ئاماژە بە چەندین پێشێلكاری و ساختەكاری دەكەن لە هەڵبژاردنەكانی 3/4/2014، تۆری سپی بۆ چاودێری هەڵبژاردن، كە ئەركیان چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانبووە لە شاری هەولێر راپۆرتی لەسەر هەڵبژاردنەكانی (30ی نیسان) بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، "چەندین پێشێلكاری ئەنجامدراوە". بەرپرسی رێكخراوی ئەجیالی سەلامی چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:"رێكخراوەكەمان ٧ هەزار و ٣٦ حاڵەتی دەنگدانی بەكۆمەڵی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە، جگە لە ٩٣٦ حاڵەتی لەكاركەوتنی ئامێری خوێندنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی و پەنجە مۆر و ٣٧ حاڵەتی توندوتیژی پەیوەست بە هەڵبژاردنەوە". ئەمە سەرەڕای پێشێلكاری و ساختەكاری زۆر لە دەنگدانی تایبەتدا كراوە، بەوپێیەی زۆرینەی هێزە ئەمنیەكان بەسەر حیزبە باڵادەستەكاندا دابەشبوون، چاودێرانی هەڵبژاردنەكان رایدەگەیەنن، كە هەوڵی سەرپێچی و "ساختەكاری" لە هەولێر و دهۆك زۆر رێكخراوە و ئەگەر وا بڕوات گومانیان هەیە لە كاتژمێرەكانی كۆتایی دەنگداندا سەرپێچییەكان روو لەزیادبوون بكات، رێكخراوی تەمووز، كە یەكێكە لەو رێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنی چاودێری هەڵبژاردن دەكات، لە رپۆرتی یەكەمی خۆیدا لە نیوەرۆی 30/4/2014 بڵاویكردۆتەوە:" بێسەروبەرەیی هەیە لەدەنگدانی تایبەت لە هەولێر، ئامێری خوێندنەوەی كارتی ئەلیكترۆنی دەنگدان زیاد لەجارێك وەستاوە". شەشەم/ ساختەكاری لە رووی یاساییەوە ساختەكاری، چ لە پرۆسەی هەڵبژاردن و چ لە بوارەكانی دیكەی ژیاندا لە رووی شەرعیی و یاساییەوە، رێگە پێنەدراوە، تەزویر، كە دەستتێوەردانی نایاساییە بەمەبەستی گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن لە رێگەی مادیی یان مەعنەوییە، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاكامەكانی هەڵبژاردن دەكات و شەرعیەتی هەڵبژاردن لەدەستدەدات، لە ماددەی (٢٨٦)ی یاسای سزادانی عێراق ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩دا هاتووە، (تزویر هو تغیر الحقیقە بقصد الغش، او ای محرر اخری باحدی الگرق المادیە والمعنویە التی بینها القانون من شانه احداپ الچرر بالمصلحە العامە او بشخص من الاشخاص). بەو پێیەی تەزویر گۆڕینی رووی راستییەكان و زیان بە بەرژەوەندی گشتیی دەگەیەنێت، لەبەرئەوەی بە تاوان ئەژمار دەكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە غەشكردن لە ئاینی ئیسلامیشدا بە تاوان و بێبەریكردن لە ئیسلام ناوبراوە، پێغەمبەری خوا محەمەد (د.خ) دەفەرموێتك (من غشنا فلیس منا) ئەو كەسەی غەش بكات لە ئێمە نییە، واتا كەسێك تەزویر بكات بێبەری دەكرێت لە ئیسلام. لە یاسای سزادانی عێراقیدا تەزویر بە (جریمە) تاوان ئەژماركراوە و بەپێی ماددەی (٢٨٩) لە یاسای سزادانی عێراقی ئەو كەسانەی تەزویر و ساختەكاریی دەكەن سزا دەدرێن و سزاكەشی نابێت لە ١٥ساڵ زیاتر بێت (.... حكم خاص یعاقب بالسجن مدە لا تزید علی خمسە عشرە سنە كل من ارتكب تزویرا فی محرر رسمی). لە هەرێمی كوردستانداك بە چەندین شێوە ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكاندا كراوە و دووبارەشبوونەتەوە لەوانە: 1- دووبارە دەنگدانی هاوڵاتیانی سەربە پارتەكان بە شێوەیەكی رێكخراو لە زۆربەی هەڵبژاردنەكاندا. 2- دروستكردنی ناسنامەی ساختە بە مۆرو واژووە و دەنگدان پێی. 3- بێلایەن نەبوونی چاودێرانی سەرسندووقەكانی دەنگدان. 4- بەكارهێنانی هێزە سەربازییەكان بەجلی مەدەنییەوە لە هەڵبژاردنەكاندا. 5- بەڕێوەبردنی كاروباری كۆمسیۆن لە قەزاو ناحییەكان لەلایەن دەسەڵاتی حیزبی باڵادەستی ناوچەكەوە. 6- دەستتێوەردانی بەرپرسە سەربازییە حیزبییەكان لە هەڵبژاردنەكان. 7- چاوسووركردنەوە و هەڕەشەی نانبڕینی فەرمانبەران. 8- پارەبەخشینەوە و كڕینی دەنگی دەنگدەران. حەوتەم/ ساختەكاری لە هەڵبژاردنی 2018 جیاواز لە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو لەم پرۆسەیەدا ساختەكاری بووە ئەلكترۆنی كە رەنگە ئاسانتر بوبێت لە ساختەكاری لە پرۆسەكانی پێشتر كە تیایدا شەش لایەنی سیاسی لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەیەنن كە ساختەكاری كراوەو دەستكاری دەنگەكانیان كراووەو داوایانكرد دەنگەكان بە دسەت بژمێردرێتەوە بەڵام كۆمسیۆن رەتی كردووە بە دەست ئەژماری دەنگەكان بكرێت ئەنجامەكانی تێپەراند. ساختەكاری لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار بە شێوەیەك كراوە كە لە ئاستی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و بەرێوەچوونی پرۆسەكە، بە شێوەیەكی ئاسایی بەرێوەچووە، بەڵام لە ئامێری دەنگەكان و ناردنی بۆ ناوەندی نیشتیمانی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە بەغداد كێشە ساختەكاریەكە كراوەو دەستكاری دەنگەكان كراوە، بەشی زۆری فلاش میمۆریەكان نەگەڕێنراونەتەوە. لەكۆی پارێزگاكانی عێراق ( 10653 ) فلاش میمۆری دەنگەكان نەگەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی نیشتیمانی دەنگەكان لە بەغداد كە زۆرینەی لە پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكانە بەم شێوەیە:. پارێزگای هەولێر دەنگی ( 1071 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە بەغداد پارێزگای سلێمانی دەنگی ( 779 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە بەغداد پارێزگای دهۆك دەنگی ( 609 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە بەغداد پارێزگای كەركوك دەنگی ( 1887 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە بەغداد پارێزگای نەینەوا دەنگی ( 2847 ) فلاشی وێسگەی دەنگدان نەگەڕاوەتەوە بەغداد بەو پێیەش ساختەكاری گەورە جگە لە موسڵ و ئەنبارر لە هەر چوار پارێزگایەكەی (هەولێر، سلێمانی، كەركووك و. دهۆك ) كراوە ئەمە سەرەرای ئەوەی بە پێی خشتەیەكی بڵاوكراوەی سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان جیاوازیەكی زۆر لە نێوان دەنگی راگەیەنراوی راگەیەنراوو راستەقینەدا هەیەو هێڵی سوری تێپەراندووە. هێڵی سور سەرو 10% و جگە لە پارێزگای ئەنبار هەموو ئەو پارێزگایانەی لیستی كوردی و كاندیدی لیستە كوردیەكانی تێدایە لە سەرو هێڵی سورەوەن. بەرپرسانی نەوەتی نوێ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایانگەیاند، ساختەكاری پارتی لە هەموو پارێزگاكانی عێراقدا دەگاتە ٣٠٥ هەزار دەنگ و یەكێتییش دەگاتە ٣٣٥ هەزار دەنگ. ئاشكراشیانكرد لە كۆی ٥٢ هەزار و ٥٢٢ فلاش میمۆری، ١٠ هەزار و ٦٥٣ فلاش میمۆری نەگەڕێنردراوەتەوە بۆ بەغدا. لە بەشێكی تری كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، بەرپرسانی نەوەی نوێ رایانگەیاند ژمارەی دەنگەكانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە ١٢ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، دەگاتە ٥٠٩ هەزار دەنگ، لە كۆی ٦٤٠ هەزار دەنگی ساختە كە یەكێتی و پارتی كردوویانە، نەوەی نوێ ٣٤٤ هەزار دەنگی لێ ساختە كراوە كە ٥٤%ی ساختەكاری كوردستان دەكات. .......................................... سەرچاوەی / هەڵبژاردن لە كوردستان 1992 – 2014 , محەمەد رەئوف، چاپی دووەم، 2018، لا 226 -242 . drive.google.com/file/d/1wNxGN160D5AGfF40dNPSTF1-rGWfNyJK/view
( درەو میدیا) : پارتی ئیسلامی كوردستان لە باكوری كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 24ی حوەزیراندا پشتگیری لە پارتی دیموكراتی گەلان" هەدەپە" دەكات و داوا لە لایەنگرانی دەكات دەنگ بە كاندیدەكانی هەدەپە بدەن. حیكمەت سەربڵند سەرۆكی گشتی پارتی ئیسلامی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری پارتەكەی بۆ پرۆژەی هەدەپە راگەیاند و وتی ئەو پرۆژە تاكە ئەڵتەرناتیڤی دیكاتۆریەتی ئێستای توركیایە. سەربڵند وتیشی :" لە پێناوی كۆتاییهێنان بە رژێمی دیكتاتۆریی پشتیوانی خۆمان بە رێككەوتنی كوردی رادەگەیەنینكە تاكە جێگرەوەی ئەم رژێمەی ئێستایە." ئاماژەیبەوەشدا كە " پێكهێنانی رێككەوتن كوردی لە چوارچێوەی پارتی دیموكراتی گەلاندا هەنگاوێكی ئەرێنییەوە و بۆ گەلەكەمان هیوایەكە دژ بە دیكتاتۆریەت و تاكڕەویی و فاشییەت." لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا حزبی ئیسلامیی كوردستان دەڵێت:" داوا لە هەموو ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حزب و هەموو كەسێك دەكەین بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەشداری بكەن و دەنگ بدەن بە رێككەوتنی كوردی كە خۆی لە پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" دا دەبینێتەوە. 24ی حوەزیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی پێشوەخت لە توركیا بەڕێوەدەچێت، پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" سەلاحەدین دەمیرتاش" هاوسەرۆكی پێشووی پارتەكەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندیدكردووە.
(درەو میدیا): بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا" بڕیارە سبەی کاتژمێڕ 3ی پاشنیوەرۆ لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ هەریەك لە ( عومەری سەید عەلی، بەرهەم ساڵح، عەلی باپیر ، سەڵاحەدین بەهادین ) پێكەوە كۆببێتەوە. بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا " كۆبونەوەكە بە مەبەستی رازیكردنی ئەو چوارلایەنەیە بۆئەوەی بچنە بەغداد و بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی عێراق. هەروەها بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا " ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای ئێران لە سلێمانیە و دوور لە چاوی كامێراكان لەگەڵ حزبە ناڕازییەكان كۆدەبێتەوە بە مەبەستی رازیكردنیان بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی عێراق و تێپەڕاندنی بارودۆخەكە، بەو پێیەش تاران و واشنتۆن هاوڕان لەسەر تێپەراندنی دۆخەكە و رازیكردنی لایەنەكان بۆ چونە بەغداد.
راپۆرتی: نیاز عەبدوڵڵا لە لایەن دوو لە دەستدرێژیكارانی سەر خۆپیشاندەران، لە رێگای تۆماركردنی دوو سكاڵای یاسایی داوای بڕی 200 ملیۆن دیناری عێراقی لە دكتۆر شایان عەسكەری بەشداربووی خۆپیشاندانەكانی مانگی ئازار لە هەولێر دەكرێت. رۆژی 25ی ئازاری 2018 بەهۆی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەكەوە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دكتۆر شایان عەسكەری بەڵگەی چەك هەڵگرتن و دەستدریژی دوو لە هێزە ئەمنییە جل مەدەنییەكانی بڵاوكردەوە، كە دەستدرێژی و رێگرییان كردبووە سەر ناوبراو، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە بەدوای خۆیدا كاردانەوەی میدیایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دژ بەو دوو كەسە جل مەندەنییە دروستكرد. بەڵام رۆژی 17ی ئایار پێڕاگەیاندنی ئامادەبوون لەبەردەم دادگای بەرایی بەهۆی بوونی دوو سكاڵای یاسایی دەگەیەندرێتە شوینی كاری دكتۆر شایان عەسكەری لە نەخۆشخانەی نانەكەلی هەولێر، لەو بارەیەوە دكتۆر شایان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند "دوو سكاڵا بە تۆمەتی ناوزڕاندن دژ بە من تۆماركراوە گوایە من ناوی ئەوانم زڕاندووە لەبەرئەوەی لە هەژماری تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی خۆم ڤیدیۆكەم بڵاوكردوەتەوە، هەر یەك لە سكاڵاكارەكانیش داوای بڕی 100 ملیۆن دیناری عێراقییان كردووه وەك قەرەبوو كە دەكاتە 200 ملیۆن دینار". ئەو پزیشكە پسپۆرەی بواری نەخۆشی شێرپەنجه كە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی كاردەكات، لەگەڵ سەدان پزیشك و مامۆستا و هاوڵاتی تری هەولێر رۆژی 25ی ئازار بەشداری خۆپیشاندانەكانی كرد بۆ داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە كە نزیكەی دوو ساڵە حكومەتی هەرێم لە سیستمی پێدانی مووچەدا پەیڕەوی دەكات. بەڵام لە لایەن دوو كەس بە ناوەكانی "سەنگەر عەباس عەبدوڵڵا" ناسراو بە "سەنگەر باڵەكی" كە لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت دەمانچەی هەڵگرتووە لەگەڵ "ناسیح مەحمود" كە مۆبایلەكەی دەشكێنێت، هەمان دوو كەسە سكاڵاكارەكەن بە تۆمەتی ناوزڕاندن داوای قەرەبوو دەكەن. سەبارەت بە ناڕەوایی سكاڵاكانی دژی، دكتۆر شایان وتی "نازانم بۆ دەبێ من تاوانباربم و من چیم كردووە؟ بۆچی دەبێ سزا بدرێم؟ لە كاتێكدا من مافی خۆمە بچمە خۆپیشاندان و ئەوەی ئاگاداربم 25ی مانگ خۆپیشاندانەكە مۆڵەتی هەبووه، ناشزانم بۆچی بەرەوڕووی من هاتن، چونكە من چووم داوای مافێكی رەوای خۆم بەكەم و دەڵێم و مووچەكەم بدەنێ". لەبارەی تۆمەتباركردنی بەناوزڕاندنیش وتی "خۆپیشاندانی مەدەنیم كردووه، نەچەكی سووك یان قورسم پی نەبووە و هەتا جنێویشم نەداوە و هیچ سووكایەتییەكم بە كەس نەكردووە ئێستا لەسەرچی من سزا بدرێم، نازانم، ناشزانم ئەوان مەبەستیان شەخسی خۆمە یان دەیانەوێت خەڵكی تر لە رێگای منەوە بترسێنن". وتیشی "سبەی دەچمە بەردەم دادگا و تا دوا رێكاری یاسایی بەرگری لە مافی رەوای خۆم دەكەم". ئەو پزیشكە ئەوە پشتڕاستدەكاتەوە ئەوانەی "كە لە ڤیدیۆكە دەرچوون یەكیكیان بە من دەڵێت تۆ درۆ دەكەی، ئەوەی دووەمیش ئەوەیە كە مۆبایلەكە لەدەستم فڕێدەداتە خوارەوە و دەیشكێنێت". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هەر یەك لە پارێزەران "غازی حەمید زەنگەنە" و "نزار غەنی عەبدوڵڵا" بەرگری لە هەردوو سكاڵاكارەكە دەكەن، لە بەرامبەریشدا دەیان پارێزەری خۆبەخش لە هەرێمی كوردستان ئامادەییان بۆ بەرگریكردنی یاسایی لە دكتۆر شایان راگەیاندووە.