Draw Media

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند  لە ماوەیەكی " زۆر نزیكدا" هێزەكانیان  لە سوریا دەكشێننەوە. ترەمپ لە گردبونەوەیەكی جەماوەریدا لە وتەیەكیدا لە ویلایەتی ئۆهایۆ داواشی لە لایەنكانی تر كرد بایەخ بە سوریا بدەن بەبێ‌ ئەوەی ناوی ئەو لایانانە و وادەی دیاریكراوی پرۆسەی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا ئاشكرابكات. كەمێك دوای لێدوانەكەی ترەمپ، هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا رایگەیاند هیچ زانیارییەكی دەربارەی پلانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا نییە.


سروە عەبدولواحید ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بە " درەو" گەیشتووە، داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی نەكات تا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان و  لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات چونكە حكومەتی هەرێمی ئێستا شەرعییەتی نەماوە و دوژمنی گەلی كوردە. ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە:  بەناوی خوای گەورە و میهرەبان " لە ئێستادا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە سەختترین بارودۆخی ژیان و بژێویاندا تێپەڕدەبن بەهۆی ئەو مافیایانەی دەستیانگرتووە بەسەر دەسەڵات و داهاتی هەرێمدا. ماوەی چەند ڕۆژێكیشە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان دەكەن و داوای موچە و مافەكانیان دەكەن كە لەلایەن دەسەڵاتەوە لێیان زەوتكراوە. بەڵام حكومەتی هەرێم و سەرۆكەكەی بێ ئەوەی هەست بە شەرمەزاری بكات بەدوور لە گرنگییەوە باس لە مافی فەرمانبەران و مامۆستایان و داواكانیان دەكات و لەبری ئەوەی باس لە هێرش و هەڵمەتی دەستگیركردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و ڕۆژنامەنوسان و ئافەرەتان و پیر و گەنجان دەكات و وەك كارێكی ئاسایی سەیریی دەكات. جەنابی برازاكەی بارزانی، ئەڵێی بیرتان چووەتەوە كە زەین ئەلعابدین سەرۆكی تونس یەكەم پریشكی شۆرشی ئیهمالكرد و بە سوكییەوە سەیریكرد كە بوعزێزی بوو، بەڵام  دواتر ناچار بوو بە پەلە ڕابكات و وڵات بەجێبهێڵێت. ئەی قەزافیت بیرچووەوە كە بە میللەتەكەی دەوت زەنگە زەنگە دواتان دەكەوین بەڵام بە قۆندەرەی میللەتەكەی كوژرا و لەناوبرا. بەسە خۆبەزلزانینتان بەسەر میللەتەوە، ئەو میللەتەی كە لە كەرەج بوون لە ئێران خزمەتیدەكرن و كە گەڕانەوە  لەدوای ڕاپەڕین خزمەتی دەكردن، بێڕێزی بەرامبەر كەرامەتی میللەت و تواناكانیان مەكەن بۆ قڵپكردنەوەی مێزەكە بەسەرتاندا.  لێرەوە داوا لەسەرۆك وەزیرانی فیدراڵ دەكەم كە رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی نەكات تا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان، وە لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا شەرعییەتی نەماوەو دوژمنی گەلی كوردە". سروە عەبدولواحید- ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  


ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ناوی پۆڵ بریمەر ئەو كاتە دەركەوت كە لە دوای 2003 و روخاندنی رژێمی سەدام حسێن لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە ، وەك یەكەم حاكمی مەدەنی عێراق دەستبەكاربوو، بۆ ماوەی یەك ساڵ ئەركی دامەزراندنی عێراقی نوێی دوای سەدامی پێسپێدرا. ئێستا بریمەری تەمەن 76 ساڵ دوور لە كاری سیاسی و ئیداری لە سەیرانگای ئۆكیمۆ ماونتن لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی باكوری خۆرهەڵاتی ئەمریكا راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە، بە گوێرەی سایتی " Task & Purpose " ئەمریكی. بریمەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەو سایتە دەڵێت سەرەراِی ئەوەی كە زۆرێك وا لە رۆڵەكەی لە عێراق دەڕوانن كە ئەو وڵاتەی بەرەو پشێوی بردووە، بەڵام هەست بە پەشیمانی ناكات لەو رۆڵەی كە گێڕاوێتی دوای سەركردایەتیكردنی دەسەڵاتی ئیئیتلافی كاتی لەو وڵاتەدا". بریمەر دەشڵێت" گەلی عێراق بە بەراورد بە ماوەی حكومڕانی سەدام حسێن ئەمڕۆ زۆر باشترە، هەتا دوای هەموو كێشەكانی كە دەكرێت دانیان پێدا بنێین كە روویانداوە". بریمەر لەماوەی دەسەڵاتیدا لە عێراق چەند بڕیارێكی دەركرد كە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترین بڕیاریشی هەڵوەشاندنەوەی چەند دامەزراوەیەكی سیادی دەوڵەتی عێراق بووە لەوانەش سوپای عێراق و هێزی پۆلیس و ئاسایش و وەزارەتی راگەیاندن. زۆر كەس بڕوایان وایە كە ئەو بڕیارانەی بریمەر دەرگایەكی فراوانی بۆ شەڕ لە دژی هێزەكانی ئەمریكا كردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سوپای و هێزە ئەمنییەكانەوە سەدان هەزار عێراقی سەرچاوی بژێوییان بڕدرا. بریمەر بەرگری لەو بڕیارانەی ئەو كاتەی دەكات و دەڵێت " زانیم كە چۆن ئەو گەمەیە بكەم، دەمزانی كە روبەڕووی مەترسی دەبمەوە، بەڵام چاوم لەوە نەبوو پارێزگاری لە خۆم بكەم". دەشڵێت" كاتێك دەگەیتە پۆستێكی لەو شێوەیە، یان ئەو كارە دەكەی كە بڕوات وایە راستە، یان دەستلەكاردەكێشیتەوە و دەرئەنجامەكانی لە ئەستۆدەگریت." پۆڵ بریمەر ساڵی 1941 لە دایكبووە، شەشی ئایاری 2003 جۆرج بوش سەرۆكی ئەمریكا وەك سەرۆكی دەسەڵاتی مەدەنی عێراق دەستنیشانیكرد بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و ماوەی یەكساڵ لەو ئەركەیدا بەردەوام بوو. بریمەر بە گەڕانەوەی لە عێراق كۆتایی بە 23 ساڵ كاری دیپلۆماتی هێنا و چووە كۆمپانیای كیسنجەر ئەسۆشیتس كە كۆمپانیایەكی راوێژكارییە و هێنری كیسنجەر وەزیری پێشووتری ئەمریكا ساڵی 1989 دایمەزراندووە ەو ئێستاش راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە لە ویلایەتی ڤێرمۆنت. بریمەر بەكالۆریۆسی لە زانۆی ییل و بڕوانامەی پەیمانگای لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی  لە زانكۆی پاریس و ماستەری لە كۆلێژی كارگێڕی كار لە زانكۆی هارڤارد بەدەستهێناوە دوای گەڕانەوەشی بۆ ئەمریكا كتێبێكی بەناوی " My year in IRAQ" چاپ و بڵاوكردەوە. سەرچاوە: سایتی ئەلحوڕە


كەریم تەمیمی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ، رایگەیاند هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ 14ی نیسانی داهاتوو دواخرا. تەمیمی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی غەد پرێس وتی " هۆكاری دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ 14ی نیسان دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێكی تەكنیکی كە پەیوەندییان بە كۆمسیۆنەوە هەیە پێشتر كۆمسیۆن 10ی نیسانی بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریكردبوو كە بڕیارە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت و جگە لە 18 پارێزگاكەی عێراق بنكەی دەنگدان لە 19 وڵاتی دەرەوەش دەكرێتەوە  


ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و ناڕەزایی موچەخۆراندا، حكومەتی هەرێم بڕیاری دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاندو بڕی پاشەكەوت لە نێوان 10% بۆ 30% و پلە باڵاكانیشی وەك خۆی هێشتەوە، بەڵام هەروەك وەزیری دارایی رایگەیاند: گرنتی پێدانی موچە لەماوەی 30 رۆژ جارێك و بەم شێوەیەی كە راگەیەنراوە،  وەستاوەتە سەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە دێت و  كێشەدرووست نەبوون بۆ نەوت و ئەو سەرچاوە داراییانەی كە لەبەردەستدان، كە بریتین لە :. یەكەم/ مانگانە 375 ملیار دینار لەداهاتی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دووەم/ مانگانە 317 ملیار دیناری بەغداد سێیەم/ مانگانە 25 ملیار دیناری ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە  چوارەم / مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ كە ئەمەیان ( بۆ خەرجی وەزارەتەكان دانراوە)  كە كۆی گشتی دەكاتە ( 837 ملیار دینار) ئەگەر داهاتی ناوخۆی لێدەربكەین  بەپێی وتەی وەزیری دارایی مانگانە داهاتەكەیان دەكاتە ( 720 ملیار دینار) و پێشتر پێویستیان بە 588 ملیار دینار بووە بۆ موچە بە پاشەكەوتووە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو داهاتانەی دێتە دەستیان سیستمی پاشەكەوتی موچەیان دەستكاریكردووە. بەڵام هەموو ئەو سەرچاوەی داهاتانەی كە دەستیان دەكەوێت، جێگیر نیەو گرنتی بەردەوامی نیە، بەو پێیەی . یەكەم/ ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆیان دێت كە ( 317 ملیار دینار)ە گرنتی بەردەوامی نیە، بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان، ناردنی پارە لە بەغداوە كاتیە تاوەكو بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراقە لە ڕۆژنامەی وەقائع و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، چونكە بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە( ٢٥٠ هەزار )بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، نەك هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و بەغداش پارە بدات، پێشی وایە ئەم كارەی حەیدەر عەبادی  لەپێناو ئەوەدایە پشتیوانی كورد بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بكرێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەركاتیش كرایەوە سەرۆك وەزیران، یاسای بودجە جێبەجێدەكات.           "ســەرچاوەكانی داهــاتی وەزارەتی دارایی بۆ پێدانی موچە جێگیر نین لە ( پارەی بەغداد ، داهاتی نەوت ، پارەی ئەمریكا،           داهاتی ناوخۆ ) بۆیە هیچ گرەنتیەك نیە بــــۆ جێبەجێكردنی  سیستمی نــــوێی موچە"   دووەم/ مانگانە بڕی ( 375 ملیار ) دینار لە داهاتی نەوت دەست دەكەوێت، چونكە ئێستا حكومەتی هەرێم رۆژانە نزیكەی ( 370 هەزار بەرمیل ) نەوت بەرهەمدەهێت و نزیكەی ( 335 هەزار ) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەوەی دیكەی بۆ ناوخۆیە، كە بەپێی راپۆرتی ( سۆمۆ) هەرێمی كوردستان لە مانگی سێدا ( مارس ) رۆژانە ( 344 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە. بەڵام ئەم پارەیە گرنتی نیە لەبەر ئەوەی:. ا- هەركات یاسای بودجە لە بەغداد جێبەجێبكرێت پێویستە هەرێم رۆژانە ( 250 هەزار ) بەرمیل نەوت بداتە بەغداد، ئینجا بەغداد پارە دەنێرێت. ب- زۆرجار فرۆشتنی نەوت هەرێم كێشەی تێ دەكەوێت لە ( رەوانەكردن ، فرۆشتن، هێنانەوەی داهاتەكەی، كێشەی كۆمپانیاكانی نەوت ). بۆیە پارەی نەوتەكەی هەرێمیش كە مانگانە ( 375 ملیار) دینارە گرەنتی نیە لە كاتی خۆیدا مانگانە بگاتە دوەستی وەزارەتی دارایی و ئەویش دابەشی بكات.  سێیەم/ ئەو پارەیەی ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە كە بڕەكەی ( 25 ملیار دینار)ە كۆمەڵێك مەرج و پێوەری توندیان دیاری كردووە لەبەرامبەر پێدانیان بە پێشمەرگە ئەویش پشتی پێنابەسترێت. چوارەم/ داهاتی ناوخۆ كە بڕكەی مانگانە ( 120 ملیار  دینار)ە كەم و زیاد دەكات و ئەگەر یاسای بودجەی عێراق جێبەجێبكرێت ئەبێت ئەو داهاتانە بەتایبەتیش گومرگ و خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەكان بگەڕێنەوە بەغداد، كەواتا ئەو داهاتەش گرەنتی نیە. بۆیە بە هەموو پێوەرێك ئەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران هیچ گرەنتیەكی نیە بەردەوام بێت و مانگانە لە كاتی خۆیدا بدرێت.    


دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەیڤد شۆڵكن وەزیری جەنگاوەرە دێرینەكانی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و رۆنی جاكسۆن پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی لە شوێنەكەی دانا. ترەمپ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت" خۆشحاڵم كە رایدەگەیەنم  ئەدمیراڵ رۆنی ئیل جاكسۆن كە رێزێكی زۆری هەیە بە وەزیری نوێی كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكانی  دادەمەزرێنم."  ترەمپ دەشڵێت" زۆر مەمنونی ئەو خزمەتەم كە شۆڵكن پێشكەشی وڵاتەكەمان و جەنگاوەرە گەورەكانمانی كردووە." ترەمپ رونیشیكردەوە تا یەكلاكردنەوەی دانانی جاكسۆن ، رۆبەرت ویلكی بەرپرس لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات. وەزارەتی كاروباری جەنگاوەر دێرینەكان گەورەترین وەزارەتە دوای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و 310 هەزار كەس كاری تێدا دەكەن و رۆبی جاكسۆن كە ترەمپ وەك وەزیری نوێی ئەو وەزارەتە دەستنیشانیكردووە تەمەنی 58 ساڵە و لە ویلایەتی تەكساس لە دایكبووە و ساڵی 2005 لە عێراق كاری كردووە لەسەردەمی جۆرج بوشی كوڕ و باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپدا پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی بووە. لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ چەند وەزیر و بەرپرسێكی ئیدارەكەی  دوورخستوەتەوە كە دواهەمینیان ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە و ژەنەراڵی هێربەرت ماكمستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوون.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ  پارتێكی نوێ‌ لەلایەن سەرجەم پێكهاتەكانی شاری رەققەی سوریاوە دامەزرێنرا كە ماوەیەكە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە دەست رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" رزگاركراوە. پارتە نوێكە ناوی " پارتی سوریای دوارۆژ" ە و  هەموو پێكهاتەكانی شاری رەققە لەخۆدەگرێت و كۆنگرەی دامەزراندنیشی لە شاری رەققە بەڕێوەچوو رۆژی سێشەممە " ئیبراهیم قەفتان"  بە سەرۆكی ئەو پارتە هەڵبژێردرا. ئیبراهیم قەفتان 51 ساڵ لە نەتەوەی عەرەب و خەڵكی شاری مەنبجە و كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی بەیروت تەواوكردووە و بەهۆی بیروبۆچونە سیاسییەكانیەوە لەلایەن حكومەتی سوریاوە دەستگیركراوە و ساڵی 2014  ماوەی مانگ و نیوێكیش لە شاری باب لەلایەن داعشەوە دەستگیركراوە و شوباتی ساڵی رابردووش بە هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی دەسەڵاتی خۆسەری دیموكراتی مەنبج هەڵبژێدرا. لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی " هاوارنیوز" لینا بەرەكات ئەندامی پارتی سوریای دواڕۆژ دەڵێت " دۆخی سوریا و ململانێكانی ئێستای سوریا و دەستوەردانی دەرەكی و ئیقلیمی و ئامادەنەبوونی هێزێكی سیاسی بۆ ئاراستەكردنی گەلی سوریا و بۆ چارەسەركردنی كێشەی سوریا بووە هۆی خستنەڕووی بیرۆكەی دامەزراندنی پارتێك كە نەتەوەكان تێپەڕێنێت." بەوتەی لینا بەرەكات پارتی سوریای دواڕۆژ جیاوازە لە هەموو پارتەكانی تری سوریا و بڕوای بە یەكسانی نێوان ژن و پیاو هەیە و هەوڵدەدات بۆ یەكگرتوویی خاكی سوریا و هەموو دەستوەردانێكی دەرەكی رەتدەكاتەوە.


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ  دواجار سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی 2018ی عێراقی رەوانەكرد بۆ وەزارەتی داد بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی فەرمیدا بڵاوبكرێتەوە یاساكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەناڵی عێراقیە لە هەواڵێكی بەپەلەدا  رایگەیاند دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە، بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی رەسمیدا بڵاوبكرێتەوە. سەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای مشتومڕێكی زۆر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2018 پەسەندكرد  و یاساكەی رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماركرد بۆئەوەی پەسەندی بكات. رۆژی 13ی ئازار ئەمیر كینانی راوێژكاری یاسایی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند فوئاد مەعسوم یاسای بودجەی رەتكردەوە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە بەهۆی ئەوەی پێشێلكاری یاسایی و دەستوری تێدایە. بە گوێرەی مادەی  73 ی دەستوری هەمیشەیی عێراق " سەرۆك كۆمار یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەكات، دوای 15 ڕۆژ لە بەدەستگەیشتنی یاساكان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە"،  واتە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی ڤیتۆكردنی یاسا پەسەندكراوەكانی پەرلەمانی نییە و خودی حەیدەر عەبادیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە بودجەی وڵات ڕابگرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دا، هیوادارین كۆپی یاساكە كە لە سەرۆكایەتی كۆمارە بگاتەدەستمان، بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. یاسای بودجە گەڕێنرایەوە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەنجومەنەكە بەبێ‌ دەستكاریكردنی گەڕاندییەوە سەرۆكایەتی كۆمار. بۆئەوەی یاسای بودجە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا بڵاوبكرێتەوە، ئێستاش وەزارەتی داد كە ئەو ئەركەی پێ سپێدراوە كەوتوەتە نێوان بەرداشی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران. رۆژی 25ی ئەم مانگە  ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێكی فەرمی و دەقی یاسای بودجەی 2018ی  ئاراستەی نوسینگەی وەزیری داد كردووە و داوادەكات بە گوێرەی مادەی 73 بڕگەی سێیەمی دەستوری عێراق و بەرچاوكردنەوەی ئەوەی ماوەی یاسایی سەرۆك كۆمار بۆ پەسەندكردنی یاساكان، یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمی بڵاوبكرێتەوە   و ژمارەی  رۆیشتوو" صادرە"ی دواهەمین یاسای پێ بدرێت كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە رەوانەی وەزارەتی داد كراوە.  لەكاردانەوەی ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆكایەی كۆماری عێراق رۆژی 27ی مانگ نوسراوێكی ئاراستی وەزارەتی داد كردووە و دەڵێت " پەسەندكردنی پرۆژە یاساكان و دەركردنیان بە گوێرەی دەستور لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە دەكرێت، لەبەرئەوە فەرمانگەی وەقایعی سەر بە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران مافی ئەوەی نیە رێگە بە بڵاوكردنەوەی هیچ یاسایەك بدات." سەرۆكایەتی كۆمار دەشڵێت" داواكاری ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی 2018  پێشێلكارییەكی رون و ئاشكرای مادەكانی دەستور و یاسای بڵاوكردنەوەیە لە رۆژنامەی رەسمیدا." سەرۆكایەتی كۆمار هۆشداریشیداوە  لەوەی كە هەر لایەنكێك بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوبكاتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت.


راپۆرتی : محەمەد رەئوف   ئێستا گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی خۆپیشاندانەكان لەبری میدیای بینراو لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە  بڵاودەبێتەوە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بونەتە سەرچاوەی  گواستنەوەی خۆپیشاندانەكان،  رەنگە هۆكاری سەرەكی  ئەم دۆخە رێگریكردن و گرتنی پەیامنێران و رۆژنامەنووسان بێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە و رێگە نەدانیان بە روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان بەتایبەتیش لە دەڤەری هەولێر و دهۆك. لەماوەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا دەیان رۆژنامەنوس دەستگیركران و ژمارەیەكی زۆری پەیامنێر و رۆژنامەنوسی دیكە لێیان دراوە و كەلوپەلەكانیان لێسەندراوە، ئەو چەند رۆژەی خۆپیشاندانەكان سەرەرای گرتن و لێدان و سوكایەتیكردن بە خۆپیشاندەران رۆژانێكی رەش بوون بۆ رۆژنامەنووسان و مێدیاكاران، لەو چەند رۆژەدا پەیامنێر و وێنەگرانی كەناڵەكانی ( NRT . KNN . PAYAM . SPEDA . XENDAN   ) و چەندین دەزگاو میدیای دیكە، لە هەولێر و دهۆك دەستگیردەكرێن و لێیان دەدرێت و كەل و پەلەكانیان لێدەستێنرێت و سوكایەتیان پێدەكرێت. ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە گەیشتوەتە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لە راپۆرتێكدا رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " Amnesty International    " رایگەیاندووە" توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، رێزنەگرتنی ئاشكرای ئازادی رادەربڕین نیشاندەدات". لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت" خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەكرد رووبەڕووی سوكایەتیپێكردن بوونەتەوە و رۆژنامەنوسانیش كە بە كامێرا و مۆبایلەكانیان هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی خۆپیشاندانەكانیان دەدات رووبەڕووی هێرش بوونەوە ئەوەش قبوڵنەكراوە و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆن". لەلایەن خۆشیانەوە لیژنەی داكۆكی لەرۆژنامەنوسان داوادەكات حكومەتی هەرێم لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی سەر ڕۆژنامەنوسان بكات ئەوانەشی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە بدرێنە دادگا.ڕۆبەرت ماهون بەڕێوەبەری لیژنەكە دەڵێ بەرپرسانی هەرێم بەردەوام دەڵێن كە پشتگیری لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی دەكەن، دواین نمونەی ڕەفتاری بەڵتەجیانە لەلایەن چەند هێزێكی ئەمنیی هەرێمەوە پێچەوانەی ئەو قسەیە دەڵێن، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات ئەو كەسانەی هێرشەكانیان ئەنجام داوە ڕووبەڕووی دادگا بكاتەوە و تەواوی ئەو كەلوپەلانەشی كە براون ڕادەستی ڕۆژنامەنووسانی بكاتەوە. بەشێك لەو رۆژنامەنووسانی دەستگیركراون و ئازاردراون و رێگریان لێكراوە:. -    دلبرین غازی پەیامنێری كوردسات لە ئاكرێ دوای هێرشكردنەسەری و برینداركردنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیردەكرێت و كەل و پەلەكانی دەشكێنرێت -     ڕادیۆی ئاكرێی یەكگرتوو دەستی بەسەرداگیرا -    سیروان زێباری بەڕێوەبەری ڕادیۆی پەیامی یەكگرتوو لە شاری ئاكرێ دەستگیركرا  -    لەزاخۆ ئاسایشی دەستیگرتووە بەسەر كەلوپەلی كەناڵی خاپیر كە كەناڵێكی ناوخۆیی خاوەن جەماوەری یەكگرتووە لە شاری زاخۆ -    دڵشاد هیمۆ، پەیامنێری خەندان لە شاری دهۆك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە -    یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە كاتی رووماڵكردنی خۆپیشاندانی مامۆستایانی دهۆك لەگەڵ ستافەكەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هێرشكرایە سەریان و خۆی دەستگیر كرا و دەستبەسەر تەواوی كەلوپەلی رۆژنامەوانی ستافەكەی سپێدەشدا گیرا. -    ئاكار فارس ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی سپێدە، لەدوای ئەوەی دوێنێ سێ شەممە لە ناوخۆپیشاندانەكان لەهەولێر -    ئاراس عەزیز و موتەلیب خۆشەوی پەیامنێرو كامێرەمانی‌ كەناڵی‌ ئاسمانیی‌ پەیام لەهەولێر دەستگیركران -    پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی NRT  لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە -    پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی KNN لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە -    پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی پەیام لە هەولێر و دهۆك پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە -    پەیامنێران و كامێرامانانی كەناڵی سپێدە لە هەولێر و دهۆك و زاخۆ و سۆران و شێلادزێ  پێشێلكاریان بەرامبەر كراوەو رێگریان لێكراوە -    دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی رۆژنامەنوس و پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی لە هەولێر -    پەلاماردان و ئازاردانی رۆژنامەنووس نیاز عەبدوڵا لە هەولێر سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان و روانگەی ئازادی رۆژنامەگەری ( JFO ) لە راگەیەنراوێكدا چەندین چەندین پێشێلكاریان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆماركردووە لە ( لێدان ، گرتن، سوكایەتیكردن، رێگریكردن) لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تۆماركراوە، راگەیەنراوەكە ئاماژەی بە گرتنی هوما ئاراس و عەزیز موتەلیب پەیامنێر و كامێرامانی كەناڵی پەیام كردووە لەگەڵ ئاكار فارسی پەیامنێری سپێدە لە هەولێر دەستگیركراون، هاوكات یاسر عەبدولرەحمان پەیامنێری سپێدە لە دهۆك و دڵشاد هیمو پەیامنێری خەندان لەدهۆك روبەرووی گرتن و لێدان بوونەتەوە هاوكات پەیامنێری سایتی دوارۆژ هانا چۆمانی روبەرووی لێدان و گرتن بۆتەوە لە شاری هەولێر. هاوكات دڵبرین شێروانی پەیامنێری كوردستات و وریا حەمەنوری پەیامنێری NRT  و بەشدار عوسمان و سیروان زێباری روبەرووی لێدان و گرتن بونەتەوە، لەگەڵ گرتنی عەمار رەجەب كامێرامانی NRT . راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە هەموو ئەو كارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراون.  لقی‌ هەولێری‌ سەندیكای‌ رۆژنامەنووسانی‌ كوردستانیش لە بەیاننامەیەكدا داوای‌  ئازادكردنی‌ رۆژنامەنووسان دەكات و رایگەیاندووە، لە هەولێر ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە ئەنجامی رۆماڵكردنی خۆپیشاندانەكاندا دووچاری پێكان و رێگریی لێكردن و دەستگیركردن بونەتەوە. هەر جۆرە توندو تیژییەك و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، بە پێشێڵكاری راستەوخۆ دەزانین بۆسەر رۆژنامەنوسان و ئازادی كاری راگەیاندن و ئازادییەكان، ئەو پێشێلكاریانە هیچ خزمەتێك بە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ناكات، بەڵكو سەرەنجام ئەم جۆرە كارانە دەبنە هۆی زیاتر لەكەداركردنی ئەزمونی سیاسی كوردستان. هاوكات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی لەسەر خۆپیشاندانەكانی هەرێم بڵاوكردەوە، لە هەندێ ناوچە پێشیلكاری زەق بەرامبەر چەند رۆژنامەنوس و پەیامنێر و وێنەگری هەندێ كەناڵ كراوە دەست گیراوە بەسەر كامیراو كەلوپەلەكانیان، دوپاتی دەكەینەوە دەبێت ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی بگیرێت و نابێت رۆژنامەنوسان چ خۆیان چ لەلایەنی بەرامبەرەوە بە ئامانج بكرێن و ببنە بەشێك لە خۆپیشاندەر و شیكەرەوەی ڕووداوەكان. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی چوارەمی مادەی حەوتەمی یاسای ژمارە ( 35)ی ساڵی 2007 ی یاسای كاری رۆژنامەنووسی، رۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی هەیە لە كۆنگرەو چالاكییە گشتییەكاندا، لە بڕگەی پێنجی مادەی حەوتدا هاتووە: هەركەسێك بەهۆی كارەكەیەوە سوكایەتی بە رۆژنامەنوو بكات، یان دەستدرێژی بكاتە سەر ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە كە بۆ دەستدرێژیكردنە سەر فەرمانبەرێك لە كاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەركەكانی دانراوە). بەڵام لە خۆپیشاندانەكاندا ئەوەی سوكایەتی بە رۆژنامەنووسان دەكات و دەستگیریان دەكات و كەل وپەلەكانیان لێدەستێنێ و رێگریان لێدەكات هێزە ئەمنیەكانی سەربەحكومەت خۆیەتی، تا ئێستاش  لێپێچینەوە بەرامبەر كەس نەكراوە و كەسیش لەسەر ئەو هەموو پێشێلكاریانە نەكراوە.     


بەپێی نوسراوێك كە لەلایەن سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی ماقی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە كە ژمارە( 7 ، 50)ی لەسەرەو بەرواری 13/8/2013ی لەسەرە، پلەو موچەی نوێنەر و كارمەندانی نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لەدەرەوە، بەم شێوەیە موچەكانیان رێكخراوە، بەپێی نوسەراوەكە بێت، نوێنەری حكومەتی هەرێم (8500$ هەشت هەزار و پێنج سەد دۆلار) وەردەگرێت كە دەكاتە( 85 گەڵا) و بە دیناری عێراقیش دەكاتە ( 10 ملیۆن و 200 هەزار دینار)  كە لە ئێستادا زۆرینەی مامۆستا و فەرمانبەرانی موردستان بە نزیكەی ( 400 هەزار دینار) مانگانە وەردەگرێت بەو پێیەش موچەی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەدەرەوە ( 26 ) ئەوەندەی موچەی مامۆستایەك یان كارمەندێكی حكومیە، هاوكات موچەی جێگری نوێنە بە (7000$   حەوت هەزار دۆلار ) دانراوەو كارمەندی ژمارەیەك موچەكەی (6500$  شەش هەزار و پێنج سەد دۆلار) و  كارمەندی پلە دوو (5500$  پێنج هەزار و پێنج سەد دۆلار) و كارمەندی پلە سێ (4500$  چوار هەزار و پێنج سەد دۆلار) و  كارمەندی پلە چوار(3500$  سێ هەزار و پێنج سەد دۆلار) و كارمەندی پلە پێنج(2500$  دوو هەزار و پێنج سەد دۆلار) موچەكەیەتی.  


رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی " Amnesty International    " كە رێكخراوێكی قازانج نەویستی نێودەوڵەتییە و بارەگاكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە لە سەر هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان هاتە دەنگ و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، رێزنەگرتنی ئاشكرای ئازادی رادەربڕین نیشاندەدات". لین مەعلوف بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت"  بە وتەی ئەو شایەدحاڵانەی چاوپێكەوتنمان لەگەڵدا کردوون هێزەكانی ئاسایشی هەرێم  ئەو چەكدارانەی كە جلی مەدەنیان لەبەردابووە، توندوتیژیان بەكارهێناوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكان." هەروەها دەشڵێت" خۆپیشاندەران كە بەشێوازێكی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەكرد رووبەڕووی سوكایەتیپێكردن بوونەتەوە و رۆژنامەنوسانیش كە بە كامێرا و مۆبایلەكانیان هەوڵی بە دۆكیۆمێنتكردنی خۆپیشاندانەكانیان دەدات رووبەڕووی هێرش بوونەوە ئەوەش قبوڵنەكراوە و هەوڵێكی ئاشكرایە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئۆپۆزسیۆن". لە كۆتایی بەیننامەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەبەری توێژینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی رێكخراوە دەڵێت " پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی كورد دەستبەجێ سنورێك دابنێن بۆ لێدان و تەنگپێهەڵچنین و ترساندن و تۆقاندنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان و لەسەریان پێویستە دۆخێك بێنە ئاراوە كە هەمووان بەبێ‌ هیچ دەستێوەردانێك ناڕەزایەتی ئاشتیانەی خۆیان دەرببڕن".


ئامادەكردن و وەرگێرانی: نامیق رەسوڵ 12ی ئایاری داهاتووی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دەنگدەرانی هەر 18 پارێزگاكەی عێراق ئەنجومەنێكی نوێ‌ هەڵدەبژێرن كە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو ئەركی یاسادانان و چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەكەوێتە سەرشان.. وادەی ئەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران لە كاتێكدا كۆتایی دێت كە چەند پرۆژە یاسایەكی گرنگ گەیشتونەتە قۆناغی كۆتایی بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە و پرۆسەی لێپرسینەوەی چەند وەزیر و لێپرسراوێكیش گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو وەزیری و بەرپرسانە لەسەر پرۆسەی لێپرسینەوەیان نەخراوەتە دەنگدانەوە، ئەمەش نیگەرانی لێكەتوەتەوە.. لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجومەنی نوێنەراندا سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجومەنەكە  وادەی كۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان و كۆتاییهاتنی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاشكراكرد و وتی " خولی یاسادانانی ئێستا رۆژی 30 نیسانی داهاتوو كۆتایی دێت بە پێی دەستور". وتیشی " ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران  رۆژی 30 حوەزیرانی داهاتوو كۆتایی پێدێت". جبوری لە بەشێكی تری وتەكانیدا راشیگەیاند لەم ماوەیەی كە لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندا ماوە دەتوانرێت دانیشتنی ئاسایی یان نائاسایی بەپێی پێویست ئەنجام بدرێت و وتی" دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەن بانگەوازدەكات بۆ دانیشتنێك و تێیدا پرۆسەی دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژە یاسا گرنگانە ئەنجامدەدات كە لە ئەستۆی ئەم خولەی ئەنجومەندایە". یەكێك لەو رەخنانەی كە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت تەواونەكردنی پرۆسەی لێپرسیرنەوەی چەند وەزیرێكی كابینەكەی حەیدەر عەبادییە، سەبارەت بەو پرسە هومام حەمودی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە سەرۆكایەتی بەشێكی دانیشتنەكەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراقی كرد رایگەیاند لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنەكەدا دەنگ لەسەر متمانە بوون یان نەبوون بە وەڵامی ئەو وەزیرانە دەدرێت كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە.. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی یەكی تەمموزی 2014 یەكەمین دانیشتنی خولی سێیەمی دەستپێكرد و لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا لە زیاتر لە 150 پرۆژە یاسای پەسەندكردووە و لێپرسینەوەشی لە چەندین وەزیر و بەرپرسی باڵای حكومەت كردووە و متمانەشی لە چەند وەزیرێك سەندەوە كە دیارترینیان عەبدولقادر عوبێدی وەزیری بەرگری و هۆشیاری زێباری وەزیری داراییە.


لەدوای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی نێچیرڤان بارزانی شێوازی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاند كە تا 400 هەزار دینار هیچ لە موچەكەیان پاشەكەوت ناكرێت، دواتر 10% بۆ 30% لە موچەی موچەخۆران پاشەكەوت دەكرێت پۆختیەكەی:  1- هەر مووچەیەک لە 400 هەزار دینار کەمتربێت پاشەکەوت نایگرێتەوە. 2- زۆرترین رێژەی پاشەکەوت 30 دەبێت، ئەویش بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزیرەکان، دەنا مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی تاوەکو ملیۆنێک و 500 هەزاریش لە 25% زیاتر نابێت. 3- ئەگەر فەرمانبەرێک 840 هەزار مووچەکەی بێت، لە رابردوودا 50%ی لێ پاشەکەوتکراوە، بەڵام ئێستا بۆ 18% کەمکراوەتەوە، واتە هەموو مانگێک 688 هەزار دینار مووچە وەردەگرێت. 4- ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بێت، پێشتر 50%ی لێ پاشەکەوت دەکرا، بەڵام ئێستا کراوەتە 23%، واتە 503 هەزاری بۆ دەخرێتەوە سەر مووچەکەی. 5-پاشەکەوتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، زیندانییانی سیاسی، خانەنشینان و تۆڕی کۆمەڵایەتی هەڵوەشاوەتەوە و لەمەودواش هەموو مانگێک مووچە وەردەگرن. 6- هەموو مانگێک مووچەیەک دابەشدەکرێت. 7- ئێستا مانگانە 720 ملیار دینارمان داهات هەیە. 8- مانگانە زیاتر لە 150 ملیار دینار خەرجیمان هەیە.


لەدوای كۆنگرە رۆژنامەنووسیەكەی نێچیرڤان بارزانی شێوازی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاند كە تا 400 هەزار دینار هیچ لە موچەكەیان پاشەكەوت ناكرێت، دواتر 10% بۆ 30% لە موچەی موچەخۆران پاشەكەوت دەكرێت رێباز حەملان  وەزیری دارایی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری دەستكاریكردنی سیستمی پاشەكەوتی زۆرەملێی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند وتی: كە خوار 400 هەزار دینار پاشەكەوتی موچەی ناكرێت، هەروەها ئەوانەی سەر بەشەهیدان‌ و خانەنیشان ‌و كەسوكاری ئەنفالكراوانن،  هیچ پاشەكەوتێك لە موچەیان ناكرێت. وەزیری دارایی وتیشی ئەگەر كەسێك موچەكەی ن 840 هەزار دینار بێت،  18%ی موچەكەی پاشەكەوت دەكرێت و  ئەوەشی موچەی لە نێوان 1 ملیۆن بۆ یەك ملیۆن ‌و نیوە، 23%ی موچەكەی پاشەكەوت دەكرێت. وەزیری دارایی وتیشی پاشەكەوتی موچەی پلە باڵاكان وەك پێشوو دەمێنێتەوە.  


دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:  لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆتایی بە سیستمی پاشەكەوتی موچە دەهێنین و بڕیارێكی باشمان داوە لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانیش  نێچیرڤان بارزانی جۆرێك لە هەڕەشە بە قسەكانیەوە دیاربوو وتی بۆ رێگری لە ئاژاوە هەموو رێگەیەك دەگرینە بەر. دەشڵێت هەندێك هێزی سیاسی ئیستغلالی خۆپیشاندانەكانیان كردوە و دەشڵێت ئەم دەسەڵاتە بە هەڵبژاردن هاتووەو بە سندوقی دەنگدانیش دەڕوات. هەر لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكەدا رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان وردەكاریی بڕیارەكەی حكومەت ئاشكرادەكات.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand