Draw Media

لە خشتەیەكدا كە ئاراستەی سەرۆكی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عێراق كراوە لەلایەن سۆمۆوە بڕی هەناردەی نەوتی رۆژانەو مانگانەی هەرێم رون دەكاتەوە لە 1/1/2018 تا 5/4/2018 بەجۆرێك لە مانگی یەكی 2018 دا هەرێم رۆژانە ( 310هەزار و حەوسەدو پێنج ) بەرمیل نەوتی رەوانكردووە كە لەو مانگەدا ( 9 ملیۆن و 631 هەزارو 845 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، لە مانگی دوو واتا شوباتی 2018 هەرێم برشی ( 8 ملیۆن و 479 هەزارو 95 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە تێكڕای رۆژانە دەكاتە ( 302 هەزارو 825 ) بەرمیل نەوت، لە مانگی سێ واتا ئازاری 2018 دا هەرێم بڕی ( 10 ملیۆن و 189 هەزارو 950 ) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە كە رۆژانە دەكاتە ( 328 هەزارو 708 )، بۆ نمونە لە رۆژی  5 نیسانی 2018 حكومەتی هەرێم ( 324 هەزارو 863) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. خۆ ئەگەر مانگی سێ بە نمونە وەربگێریت كە بڕی ( 10 ملیۆن و 189 هەزارو 950 ) بەرمیل بووە و نرخی بەرمیلێ بە 10 دۆلار كەمتر واتا بە 59 دۆلار بێت ئەوا كۆی داهاتەكەی دەكاتە ( 600 ملیۆن دۆلار)، خۆ ئەگەر خەرجیەكانی لێدەربكرێت كە ( 125 ملیۆن دۆلاری) قەرزی كۆمپانیاكانەو ( 35 ملیۆن دۆلار) قەرزی توركیایەو ( 25 ملیۆن دۆلار)یش كرێی گواستنەوەیە كە كۆی گشتی دەكاتە ( 185 ملیۆن دۆلار ) ئەوا كۆی داهاتی ماوەی نەوت دەكاتە ( 415 ملیۆن دۆلار) . داهاتی نەوتی هەرێم 600 ملیۆن دۆلارە پێشتریش سایتی ( تانكەر تراكەرز)  كە تایبەتە بە بەدواداچونی هەناردەو فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) بڵاویكردۆتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری  جەیهانی توركیەوە رەوانەكردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا.


     لە راگەیەنراوێكدا هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، كە لەناو سنورەكانی باشوری كوردستان ١٢ سەربازی سوپای توركیا لە چالاكی گەریلاكانیاندا كوژران.  هەپەگە ڕایگەیاندوە: ڕۆژی  ٦ی نیسان گەریلاكانیان لە سنوری خواكورك سەربە ناحیەی سیدەكانی پارێزگای هەولێر لە دژی سەربازانی سوپای تورك لەناو باشوری كوردستان چالاكییەكان ئەنجام داوە و بەهۆیەوە ١٠ سەربازی توركیا كوژراون. بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە: ڕۆژی ٧ی نیسانیش لە سنوری لۆلان گەریلاكانیان چالاكیەكی دیكەیان ئەنجامدا و لەو چالاكیەشدا دوو سەربازی دیكە كوژران و دوانی دیكەش بریندار بوون. سوپای توركیا لە سنوری ناحیەی سیدەكانەوە زیاتر لە 20كم هاتونەتە ناوخاكی باشوری كوردستانەوەو چەندین بنكەیان درووستكردووەو بە سەدان سەربازی توركیا لەو ناوچانە جێگیركراون.   


سایتە ئەلیكترۆنییەكان سەربە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەی عێراق تۆمارێكی ڤیدیۆیی عیزەت دوری ئەمینداری گشتی حزبی بەعسیان بڵاوكردەوە كە بەبۆنەی 71 ساڵڕۆژی دامەزراندنی بەعسەوە بڵاویكردوەتەوە. لە تۆمارەكەدا عیزەت دوری وەكو ئاماژەیەك بۆ حكومەتی ئێستای عێراق دەڵێ" ئەگەر هەموو عێراقییەكان ئازاد نەكرێن، جەنگ لەدژی حكومەتی سەفەوی و پێگەكانی عێراق بەرپا دەكەین و لە بەرژەوەندی وڵاتانی عەرەب و خۆرئاوا دەدەین كە پشتیوانی حكومەتی سەفەوی دەكەن". عیزەت دوری ئاماژە بەوەدەكات، سەرباری هەموو شتێك پاڵپشتی سعودیە دەكەن، چونكە دەزانن سعودیە روبەروی پیلانگێڕییەكی هاوشێوەی عێراق و لیبیا و یەمەن دەبێتەوە و لەوبارەیەوە دەڵێ: با سعودیە و وڵاتانی كەنداو بزانن لەدەستدانی قەتەر یان پەراوێزخستنی سەرەتا زیانە بۆ وڵاتانی كەنداو پاشان بۆ گەلی عەرەب، با قەتەریش بزانێ ئەو بە لەدەستدانی وڵاتانی كەنداو هیچ شتێك نییە ئەگەر هەموو جیهانیشی لەگەڵ بێت. عیزەت دوری كە لەدوای روخانی رژێمەكەی سەددامەوە بێسەروشوێنە لە بەشێكی تری وتارەكەیدا رایگەیاند" تاوەكو رۆژی قیامەت ترەمپ گورز لە ئێران ناوەشێنێ". لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت، عیزەت دوری دەڵێ: ئەوەی كە لە خولی هەڵبژاردنی داهاتوو دێتە پێشەوە زۆر خراپترە لە خراپەكانی پێشتر. عیزەت دوری كە لەلایەن دادگای عێراقەوە داوا كراوە باسلەوە دەكات" ئەگەر گۆڕانكاری ریشەیی لە عێراق رونەدات و یاساكانی ریشەكێشكردن و قەدەغەكردنی بەعس هەڵنەوەشێنەوە، شەڕدەكەن و سیمبولەكانی پرۆسەی سیاسی و بەكرێگیراوان و ناپاكەكان دەكەنە ئامانج و لە بەرژەوەندی سەربازی و ئابوری وڵاتان دەدەن لەسەر خاكی عێراق و دژی بونی عێراق لەسەر خاكی عێراق شەڕ دەكەن".  حیزبی بەعس ساڵی 1947 لە دیمەشق دامەزراوە، ئەم حزبە ئازاری 1963 وە دەسەڵاتی لە سوریا بەدەستەوەیە، لە عێراقیش لە 17ی تەموزی 1968وە دەسەڵاتی گرتەدەست تاوەكو روخانی رژێمی سەددام لە رۆژی 9ی نیسانی 2003دا.


تایبەت بە درەو  بەپێی بەپێی نوێترین زانیاری كە ئێستا  لەبەردەستی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دا هەیە ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان خراوەتە روو بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 ، لە پارێزگای هەولێر  دەنگدەری گشتی ( 1123433 ) كەس لەگەڵ ( 70083 ) دەنگدەری تایبەت و ( 1076 ) دەنگی ئاوارە كۆی گشتی دەنگدەر لە پارێزگای هەولێر ( 1194592 ) دەنگدەرە، لە پارێزگای سلێمانی دەنگدەری گشتی ( 1305323 ) كەس لەگەڵ ( 71748 ) دەنگدەری تایبەت و ( 3853 ) دەنگی ئاوارە كۆی گشتی دەنگدەر لە پارێزگای سلێمانی ( 1380924 ) دەنگدەرە،بە پارێزگای دهۆكیش دەنگدەری گشتی ( 716378 ) كەس لەگەڵ ( 48017 ) دەنگدەری تایبەت و ( 25945 ) دەنگی ئاوارە كۆی گشتی دەنگدەر لە پارێزگای دهۆك ( 790340 ) دەنگدەرە،لە پارێزگای كەركوكیش دەنگدەری گشتی ( 956379 ) كەس لەگەڵ ( 33547 ) دەنگدەری تایبەت و ( 1453 ) دەنگی ئاوارە كۆی گشتی دەنگدەر لە پارێزگای هەولێر ( 991379 ) دەنگدەرە.


هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، بنكەی سەربازی نوێ لەسەر كەناری خۆرهەڵاتی روباری فورات دروست دەكات. ریسان جیلۆ هاوسەرۆكی لیژنەی بەرگری كانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرایكرد" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنكەی سەربازی نوێ لە مەنبەج دروستدەكات. لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی نۆڤۆستی روسیا، ریسان جیلۆ وتی: دروستكردنی ئەو بنكە سەربازیانە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندیدارە بە پلانێكی سەربازییەوە، ئەو بنكانە ئەمریكی بن یاخود فەرەنسی ئێمە مامەڵ هاوپەیمانی دەكەین نەك وڵاتان. جیلۆ ئاماژە بەوەشدەكات، بەهۆی هێرشی توركیاوە بۆسەر عەفرین و هەڕەشەكانی بۆ هێرشكردنەسەر مەنبەج و ناوچەكانی تری باكوری سوریا، داعش هەندێك لە هێز و توانای لە ناوچەكە بەدەستهێناوەتەوە. باسلەوەشدەكات، بنیادنانی بنكەی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە باكوری سوریا بەشێكە لە هاوكاری سەربازی نێوان هاوپەیمانان و هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی فورات. دروستكردنی بنكەی سەربازی نوێ لە مەنبەج لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دوای هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دێت بۆ هێرشكردن بۆسەر ئەو ناوچانە، هەروەها دوای چەند رۆژێك دێت لە لێدوانێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە باسی لە كشاندنەوەی سوپای وڵاتەكەی كرد لە سوریا و دواتر بڕیاریدا ماوەی مانەوەی هێزەكان درێژبكاتەوە.  


رۆژی 14 ی ئەم مانگە بەشێوەیەكی  فەرمی لایەنەكان هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێدەكەن كە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت، هێشتا وادەی فەرمی بانگەشە دەستیپێنەكردووە قەوارەو كاندیدەی لیستەكان دەستیان بە بانگەشە و كۆبونەوەی جەماوەری كردووە، وەكو هەڵبژاردنەكانی پێشووش ئەگەری  رودانی ساختەكاری لە ئارادایە. (درەو) بۆ وەرگرتنی وەڵامی هەندێك پرسیاری لەبارەی دۆخی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ساختەكاری و دەستوەردانی ناوخۆیی و دەرەكی لە هەڵبژاردنەكە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ (سەعید كاكەیی) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سازكرد. چاوپێكەوتن: محەمەد رەئوف و فازل حەمەرفعەت درەو: بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەران چ میكانیزمێك گیراوەتەبەر بۆ رێگرتن لە رودانی ساختەكاری ؟ سەعیید كاكەیی: بەڵێ رێوشوێن گیراوەتەبەر، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئامێری جیاكردنەوەی دەنگەكانمان هێنا كە ئامێرێكی ئەلیكترۆنییە هەروەها ئامێری دڵنیابوونمان لە ناسنامەی دەنگدەر هێناوە، بەوهۆیەوە ئێمە بڕوایەكی پیتەومان هەیە بەڕێژەی 75% ئاستی دەستكاریكردنی دەنگدەكان و ساختەكاری كەمدەكات، بۆچی وا دەڵێم، ئێستا ئەگەربێتو بڕوانیتە كۆی گشتی دەنگدەران لە عێراق دەبینیت (24 ملیۆن و 383 هەزار) كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ژمارەیە نزیكەی (12 ملیۆن و 280 هەزار) كەس زانیارییەكانیان بە پرۆسەی بایۆمەتری تازەكراوەتەوە، ئەم كارتی بایۆمەترییە 100% رێگری لە دەستكاریكردنی دەنگ و ساختەكاری دەكات، بەم كارتی بایۆمەترییە ساختەكاری بەرێژەی زیاتر لە 50% كەمكراوەتەوە، ئەوەی كە دەمێنێتەوە رێژەی 49% بۆ 48%ە، لەم رێژەیەش 24% تاوەكو 25% دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئێمە دەزانین لە هیچ وڵاتێكدا هەڵبژاردن بەرێژەی 80% روینەداوە، زۆرترین رێژەی دەنگدەران كە بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان لەوانەیە 76% تاوەكو 77% بێت، ئەوانەی كە دێنە سەر سندوقەكانی دەنگدان دڵنیاین بڕیاری خۆیانداوە دەنگ بە كێ بدەن، ئەمە خۆی لە خۆیدا رێژەی دەستكاریكردنی دەنگەكان زۆر كەمدەكاتەوە. درەو: ئەی ئەو كەسانەی كە كارتی بایۆمەترییان نەكردووە، ئەوانە مافی دەنگدانیان دەبێت ؟ سەعید كاكەیی: وەكو وتم هەموو هاوڵاتییەك لە سەرو تەمەنی 18 ساڵییەوە مافی دەنگدانی هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی كارتە كاتییە كۆنەكەیان هەیە كە وێنەی لەسەر نییە و پەنجەمۆرەكەی وەرنەگیراوە، ئەمانەش مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی دەنگدانەكەی دووبارە نەبێتەوە لەكاتی دەنگداندا هەر كە كارتەكەی كردە ناو سندوقەكەوە، كارتەكە قوفل دەبێت، جاران دەمانوت بۆ سێ رۆژ، پاشان وتمان بۆ سێ مانگ، ئێستا لەگەڵ ئەو كۆمپانیا رێككەوتوین ئەو كارتە قوفل ببێت و داخرێت تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتوو. درەو: بە رێژەیی لەو چوار تەمەنەی تر واتە (1997- 1998- 1999- 2000) بە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو چەند دەنگ زیادی كردووە ؟ سەعید كاكەیی: نزیكەی (4 ملیۆن) كەسێك لەم چوار ساڵەی دوایدا زیادیان كردووە. درەو: سەبارەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردن، وەكو دەزانن ئێستا بە جۆرێك لە جۆرەكان هەڵمەت دەستیپێكردووە، رێكاری كۆمسیۆن بۆ ئەم حاڵەتانە چییە ؟ سەعید كاكەیی: ئێمە رۆژی یەكی مانگ ئاگادارییەك و سەرەنجرشاكێشانێكمان بڵاوكردەوە و مۆڵەتی سێ رۆژمان بە هەموو لایەنەكان داوە هەموو بانگەشەیەكی راستەخۆ راگرن، لەدوای ئەو مۆڵەتەوە هەر لایەنێك بانگەشە بكات، ناو و ژمارەی كاندید و یان ناوی قەوارو هاوپەیمانێتی بڵاوبكاتەوە، سزایەكی قورسی وەهای دەدەین نەتوانێت دووبارەی بكاتەوە، ئەگەر دووبارەی كردەوە سزاكە دووقات دەبێت، ئەگەر سێبارە كرایەوە سزاكە سێقات دەبێت تا ئەو رادەیەی دەتوانین بیكێشینە دادگا و ماوەی 15 ساڵ حوكمی بدەین تەنانەت تا ئەو رادەیەی كاندیدەكانیشی پێ بكشێنینەوە. درەو: تائێستا هیچ پێشێلكارییەكتان بەدەستگەیشتووە ؟ سەعید كاكەیی: بەڵێ پێشێلكاریمان پێگەیشتووە، بەڵام پێشێلكارییەكان كەوتونەتە ناو ئەو سێ رۆژەی كە مۆڵەتمان پێداون، دوای ئەو سێ رۆژە مۆڵەت بە هیچ كەس نادەین، تەنانەت ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێی و كۆمەڵ و هەر لایەنێكی تر بێت، چ جای لایەنە عەرەبییەكان، ئێمە بە یەك چاو لە هەموویان دەڕوانین و بە یەك تای تەرازوو مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین و سزاكەیان زۆر قورس دەبێت تەنانەت ئەگەر نەشتوانن و پارەیان نەبێت بۆ ئیدارەدانی بانگەشەكەیان. درەو:  باس لەوە دەكرێت لە زوترین كاتدا ئەنجامەكان رادەگەیەنرێت، دوای هەڵبژاردن بە ماوەی چەنێك دەتوانن ئەنجامەكان رابگەیەنن ؟ سەعید كاكەیی: بە حوكمی ئەو ئامێرانەی كە سەدان ملیۆن دۆلارمان تێدا خەرجكردوون بەرنامەی ئێمە ئەوەیە لەماوەی (24 كاتژمێر)دا ئاكامە سەرەتاییەكان رابگەیەنین، دەمێنێتەوە دوای راگەیاندنی ئاكامی بەرایی، دوو هەفتەمان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەر لایەنێك سەرەنج یاخود رەخنەی هەبێت لە رێگای ئێمەوە وەكو كۆمسیۆن یاخود لە رێگای دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە، دوای دوو هەفتە لە راگەیاندنی ئاكامی بەرایی، ئاكامی فەرمی و كۆتایی بڵاودەكەینەوە. درەو: لایەنەكان تا چەند دڵنیا بن لەوەی لە لایەن لایەنە عێراقی یاخو نێودەوڵەتییەكانەوە هیچ فشارێك لەسەر كۆمسیۆن نییە و دەستكاری دەنگەكان ناكرێت، پێشتر باسلەوەدەكرا هێزێكی هەرێمی یاخود كەسایەتییەكی عێراقی هەژمونی هەبووە بەسەر كۆمسیۆندا ؟ سەعید كاكەیی: ئێمە لە رێگەی سایتەكەی ئێوەوە دڵنیایی دەدەین بە هەموو دەنگدەرێك كە گرنگ نییە ئاستی فشارەكان چەندن، بەڵام دڵنیابن لەوەی ئەم دەستوری ئەنجومەنی كۆمسیارانە یەكڕیز و هاودەنگن و تائێستا چۆكیان بۆ هیچ فشارێك دانەداوە و دڵنیابن ئێمە ئامادەین سەرو ماڵ و گیانی خۆمان لەرێگەی ئەم ئەركە پیرۆزەدا بەخت بكەین و چۆك دانەدەین بۆ هیچ فشارێكی دەرەكی یان ناوخۆیی.


"رەغدی كچی سەددام حسێن لای ئێمە پەنابەرە، ئەگەر بسەلمێت پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە چاوپۆشی لێناكەین" ئەمە قسەی عاتف تەراونە سەرۆكی پەرلەمانی ئوردنە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (یوم سابع)، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن رایگەیاند، هیچ یەكێك لە سەركردەكانی رژێمی پێشووی عێراق لە ئوردندا نین، تەنیا رەغدی كچی سەددام حسێن لە ئوردنە، ئەویش پەناهەندەیە و لە میوانداریكردنیشیدا یاسای ئوردن پێشێلنەكراوە. سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن وتی: شانشینی ئوردن هەر هاوڵاتییەكی ئوردنی یاخود بیانی دادگایی دەكات كە زیان بە وڵاتانی دراوسێ بگەیەنێت. لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی رەغدی كچی سەددام حسێن پاڵپشتی لە تیرۆر كردووە، سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن ئاماژە بەوەدەكات، دادگا هەیە، ئەگەر ئەو یان هەر كەسێكی تر ئیدانە بكرێت بە تیرۆر، ئوردن چاوپۆشی لێناكات، سەرباری ئەمە چەند پێوەرێك هەن بۆ نیشتەجێبونی لە ئوردن و ئەو میوانە و لە چوارچێوەی رێگەپێدراو دەرنەچووە كە یاسای ئوردنی دیاریكردووە، لەناو خاكی ئوردنەوە هیچ چالاكییەكی سیاسی نەكردووە زیان بە عێراق بگەیەنێت. ئەم قسانەی سەرۆكی پەرلەمانی ئوردن دوای ئەوەدێت رۆژی 5ی شوباتی ئەمساڵ حكومەتی عێراق لیستی ناوەی (60) داواكراوی بڵاوكردەوە كە لەناویاندا یەكێكیان رەغدی كچی سەددام حسێن بوو. لە یەكەم كاردانەوەدا دوای بڵاوبونەوەی ناوەكەی لەو لیستە، رەغد رایگەیاند، ئەو لەدوای مردنی باوكییەوە هیچ لێدوانێكی نەداوە و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی ناوی لەو لیستەدا دانراوە، بۆیە سكاڵای یاسای لەسەر هەموو ئەو كەسانە تۆمار دەكات كە ناویان زڕاندووە. رەغد سەددام حسێن •    1968 لەدایكبووە •    هاوسەری حسێن كامیلە كە ساڵی 1996 بە فەرمانی سەددام حسێن كوژرا •    پێنج منداڵی هەیە بە ناوەكانی (عەلی- حەریر- وەهج- سەددام- بەنان) •    لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لەگەڵ منداڵەكانیدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەژی و میوانی خێزانی شاهانەی ئوردنە •    زۆر سەرسامە بە كەسایەتی باوكی، سەددام كاتێك لە زیندان بووە چەندینجار نامەی بۆ رەغد ناردووە •    تاكە ئەندامی خێزانی سەددام حسێنە كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە چالاكی سیاسی كردووە


بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لیستی كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیارە رۆژی 12ی ئایار بەڕێوەبچێت، پەسەندكراوە. بەمەبەستی وردبینیكردن لە ناوی كاندیدەكان، كۆمسیۆن لیستی كاندیدی هەموو لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی ئاڕاستەی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری و بەڵگەی تاوان و وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی و پەروەردە كرد، پەسەندكردنی لیستی كۆتایی كاندیدەكان دوای گەڕانەوەی ناوی كاندیدەكان هات لەلایەن ئەو دەستە و وەزارەتانەوە. ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە پەسەندكراون گەیشتوەتە (6 هەزارو 986) كاندید، لەم ژمارەیە (4 هەزارو 972) كاندیدیان پیاو و (2014) كاندید ژنن. ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری گرتونیەتەوە گەیشتوەتە (337) كاندید، لەم ژمارەیە لیست و هاوپەیمانێتییەكان ناوی (220) كاندیدیان گۆڕیوە، (21) كاندیدیش تانەیان پێشكەشكردووە و تانەكانیان پەسەندكراوە، بەشێوەیەكی گشتیش (96) كاندید بەهۆی رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەرییەوە دورخراونەتەوە و لەلایەن لیست و هاوپەیمانێتییەكانیانەوە بەر لە دورخستنەوەیان نەگۆڕدراون. ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە كارمەندی وەزارەتی ناوخۆ بوون و بەوهۆیەوە دورخراونەتەوە (43) كاندید بووە، (2) كاندیدیش لە وەزارەتی بەرگری، (35) كاندیدیش بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی خوێندن دورخراونەتەوە. بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی ئەو كاندیدانەی كە بەهۆكارە جیاجیاكان دورخراونەتەوە گەیشتوەتە (176) كاندید.  (54) كاندیدیش خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن كشاونەتەوە.  


وەرگێران و ئامادەكردنی: سەفین ئازاد  سایتی ( Atlantic Council  )لە راپۆرتێكی شیكاریدا باس لە مەترسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە سوریا و بڵاویكردۆتەوە، سەرۆكی ئەمریكا لە كۆتایی مانگی ئازاری ساڵی 2018 بڕیاری راگرتنی 200ملیۆن دۆلاریدا كەتەخانكرابوو  بۆ بنیات نانەوەی سوریا كە ئەمەش ئاماژەبوو بە هەنگاونان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا دەبێتە دەرفەتێك بۆ دەستوەردانی ئێران لە ناوچەكەو فراونبوونی دەسەڵاتەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە دەسەڵاتەكانی درێژدە بێتەوە لەعێراقەوە بۆ سوریا و لوبنان،  ئەگەر ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا لە لەسوریا بكشێتەوە و پشتگرییەكانی بۆ هیزی كوردی لەسوریا ڕابگرێت كەهاوپەیمانی سەرەكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكایە، ئەو هەنگاوە كوردەكان  ناچاردەكات بەرەو لای رژێمی ئەسەد بچن.  بەشار ئەسەد ریگایدا بەهێزەكانی بەرگری نەتەوەیی سوریا تاكو بچنە عەفرین لەم جەنگەی بەم دواییە لە دژی توركیا و هیزەكانی قەڵغانی فورات بۆسەر عەفرین دەستی پێكردبوو،  ئەمەش رێگاكە بۆ هێزەكانی ئێران دەكاتەوە كە كۆنترۆڵی باكوری رۆژ هەڵاتی سوریا بكەن، ئەمەش دەبێتە سەرەتای ریگای دروست كردنی هیلالی شیعە كە لە ئیرانەوە دریژ دەبیتەوە لە ناو عێراقە وە بۆ حەلەب و  تا لە حمس كۆتایی دێت لە بەندەری لازقیە لەسەر دەریایی ناوەڕاست.   سەرۆكی پیشوی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما بەشێوەیەكی گشتی سیاسەتەكانی هیچ كاریگەری نەبووە لە ئیدارەدانی ململانێ و ناكۆكیەكان رۆژهەڵاتی ناوەرات، بەتایبەتیش لە سوریا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ پشت دەبەستیت بەپلانی كورت خایەن و كاردەكات لە سەرناكۆكیەكانی وڵاتان لەسوریا وەك توركیا ، ئەڵمانیا، فەرەنسا و سعودیە ئەوان ناچاردەكات تاپشتگیری بكەن بۆ جێگربوونی سوریا و رێگا بگرێت لە فراوان بوونی ئێران بۆ ناوچەی رۆژ ئاوای روباری فورات و  روسیاش بوەستنێت  لە سوریا، كە كاریگەرترین یاریكەرە لە سوریا، كارتی بەردەستی ترەمپ لە سوریا ناوچەی ژێر دەستی هێزە كوردیەكانە، كە هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنترۆڵی لە سەدا 80%ی ناوچە نەوتیەكانیان كردووەو زۆرینەی نەوتی سوریا دەكەوێتە سنوری هێزە كوردیەكانەوە. ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا دەتوانێت كارتەكانی بەكاربهێنت بۆ دابەشكردنی  دەستكەوتەكانی لە سوریا لەگەڵ هێزەكانی تر بەرامبەر بە روسیا، بەتایبەتیش كارتی نەوت كەرۆڵێكی گرنگ دەگێرێت لە ململانێكان بەتایبەت بۆ نەوت بۆ روسیا زۆر گرنگە،  چونكە كەسەرۆكی روسیا هەوڵ ئەدات قەرەبووی خەرجی سەربازەكانی بكاتەوە لە سوریا بەتایبەتیش خەرجی سەربازەكانی لەو وڵاتە، كە ئەمە پەیوەندی بە پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوریەكانی روسیاشەوە هەیە چونكە بەشێك لەوسەربازانە ئەركیان پاراستنی كۆمپانیا نەوتیەكانی روسیایە لە سوریا. بۆیە كشانەوەی ئەمریكا رێگە بۆ روسیا خۆش دەكات كە نزیك بێتەوە لە كوردەكان ئەویش بۆ دەستكەوتە ئابوریەكانی كە نەوتە لەو وڵاتە.  


درەو میدیا  ئەمریكیەكان فشار لە حكومەتی عێراقی دەكەن بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك لە پێناو یەكخستنی تواناكان بۆ روبەروبونەوەی داعش لەو ناوچانە، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق تا ئاستێك رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان كە پێشتر عەبادی چەند جارێك رایگەیاندوە دەبێت ئەو ناوچانە بە هاوبەشی بەرێوەببرێن، بەڵام مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە،  لەو بارەیەوە  واسق هاشمی  سەرۆكی گروپی عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێراق  بە غەد پرێسی راگەیاندووە:  لە كۆبوونەوەی ئەمرۆ هەینی ئەنجومەنی وەزاری بۆ  ئاساییشی نیشتیمانی عێراق كە  بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی كۆبۆتەوەو تیایدا گفتوگۆ لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە كراوە بۆ كەركوك، كە حكومەتی فیدراڵی دەیەوێت ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن هەموو پێكهاتەكانەوە بەرێوەببرێت بە هێزی پێشمەرگەشەوە، بەڵام بە مەرجێك فەرمادەیی و ئیدارەی هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتی فیدراڵی عێراقدا بێت و لەژێر دەستی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراقدا بێت.  ئەم رەزامەندیەی حكومەتی عێراقی دوای فشارەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكان هات بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، كە چەند رۆژێكە گفتوگۆی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك گەرمە تەنانەت هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمریكیەكان ژمارەیەك پێشمەرگەیان بردۆتەوە كەركوك، لەو بارەیەوە بەرپرسێكی باڵا وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" رایگەیاند چەند گروپێكی سەر بە هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق گەڕِاونەتەوە پارێزگای كەركوك. ئەمەش بەوتەی پەیامنێری " ئەلحوڕە". ئەو لێپرسراوەی پێنتاگۆن كە داوایكرد ناوی ئاشكرانەكرێت، وتیشی ئەو ژمارەیە لە هێزی پێشمەرگە كە گەڕاونەتەوە بۆ كەركوك زۆر بەوردی هەڵبژێردراون و زۆرینەشیان سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانن.هاوكات رێبوار تەها پەرلەمانتاری عێراق  دەڵێت: نیمچە رێكەوتن هەیە لە نێوان پێشمەرگەو هێزی فیدراڵی بۆ گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك . بەڵام جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هیچ رێكەوتن و لێتێگەیشتنێك لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق نییە بەمەبەستی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان. لەلایەن خۆشیەوە جەمال ئیمینكی سوپا سالاری پێشمەرگە بێئاگایی خۆی لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك دەردەبڕیت و  دەڵێت : هەر رێكەوتنێك بەبێ ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگەو حكومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك رەتدەكەنەوە. هەواڵی گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك لەلایەن زۆرینەی بەرپرس و فەرماندە ئەمنیەكانەوە رەت دەكرێتەوە، عەلی كەمال بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك رەتیكردەوە پێشمەرگە گەڕابێتەوە بۆ كەركوك و لە لێدوانێكیدا بۆ " رادیۆ سەوا" وتی "  تەنها هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و دژە تیرۆری عێراق لە كەركوكدان. راكان سەعید پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت بە غەدپرێسی راگەیاندووە كە هیچ رێكەوتنێك نەكراوە بۆ بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لە پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەشداوە كە پەیوەندی بە حەیدەر عەبادیەوە كردووە و ئەویش تویەتی ئەو زانیاریانە راست نین، راكان سەعید دەشڵێت: بڵاوەپێكردنی هێزی پێشمەرگە لە شاری كەركوك بەتەواوی رەتدەكەینەوە     هاوكات بەپێی راپۆرتێكی سایتی نیقاشی ئەڵمانی لە ئێستادا حكومەتی‌ عێراقی‌و هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدان بۆ دانانی‌ پلانێك بۆ رووبەرووبوونەوەی‌ داعش ئەوەش بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكان.پلانەكەش خۆی‌ لەوەدا دەبینێتەوە هێزەكانی پێشمەرگە لەدەوروبەری‌ ئەو شارانەدا جێگیربكرێت كە مەترسی‌ هێرشی‌ توندڕەوەكانیان لەسەرە، چاودێرانی بواری ئەمنیش پێیان وایە ئەم هەنگاوە بێدەسەڵاتی‌ هێزە ئەمنییەكانی عێراق‌و پەلەیی هێزە كوردییەكان دەسەلمێنێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچەنەی  لە سێ ساڵی رابردوو تێدا باڵادەست بوون. سەبارەت بە پێكهاتەكانی كەركوكیش بەجۆرێك لە جۆرەكان پێكهاتەی عەرەبی بێدەنگی هەڵبژاردووە لەسەر ئەو پرسە لەچاو بەرەی توركمانی كە بە توندی دژی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ كەركوك، هەروەك  ئەرشەد ساڵحیی، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەپێی یاسا پێشمەرگە هێزی پاراستنی سنوورەكانی عێراقە، بۆیان نییە بێنە ناو شارەكان، هەرگیز ڕێگا نادەین هێزەكانی پێشمەرگە بێنە كەركوك، جگە لە پۆلیسی فیدراڵی، هەر هێزیكی تر بێتە كەركوك نایاساییە". زانیاریەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە گفتوگۆو لێكتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بگەرێتەوە كەركوك بەر لە هەڵبژاردنەكان، چونكە ئەو ناوچەیە تا ئێستاش مەترسی گروپە توندەرەوەكانی لەسەرەو حكومەتی عێراقیش دەیەوێت بە پرۆرسەی هەڵبژاردن بە ئارامی بەرێوەبچێت بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، بەشێك لە هێزی پێشمەرگە بەلەژێر چاودێری و فەرماندەیی دەسەڵاتی عێراق و سەرپەرشتی ئەمریكیەكان بگەڕێنەوە كەركوك، بەڵام نەیاری ئەم هەنگاوە تا ئێستاش لەناو لایەنە عێراقیەكان زۆرە، چونكە تا ئێستاش تەپوتۆزی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەسەر بارودۆخی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان ماوە، كە بەهۆی ئەو روداوەوە هێزی كورد ( 44330 كم2 ) خاكی ناوچەی جێناكۆكی لەدەستدا كە دەكاتە 51.4%ی كۆی خاكی باشوری كوردستان كە ناوچە جێناكۆكەكان لە 44 ناحیە و 16 قەزا پێكهاتووە.   


كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رووبەڕووی فشار بوەتەوە بۆئەوەی پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەران بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەنەچێت و بەدەست دەنگەكان جیابكرێنەوە. كەریم تەمیمی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران و وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: " ئامێری ئەلیكترۆنی رێگە لە دەستێوەردانی مرۆڤ دەگرێت بۆئەوەی حزبەكان گومیانیان نەبێت لە گۆڕینی ئەنجامەكان و رۆیشتنی دەنگی كاندیدێك بۆ كاندیدێكی تر". تەمیمی وتیشی: " ئێمە دەمانەوێت حزبەكان هانی ئەو پرۆسەیە بدەن و پشتگیری لە كۆمسیۆن بكەن رەچاوردنی ئەوەی كە ئەو ئامێرە بە شێوەیەكی باش رێگە لە ساختەكاری دەگرێت و یارمەتیدەریش دەبێت لە زوو راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەڵام ئێمی تێبینیمان كردووە كە هەندێك لایەن خوازیاری ئەوە نین."  


دادگایەكی كۆریای باشوور بە تاوانی گەندەڵی سزای 24 ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پارك گیۆن های سەرۆكی پێشووی وڵاتدا سەپاند. هەروەها دادگاكەی 17 ملیۆن دۆلار غەرامەشی بەسەر پارك گیون هایدا سەپاند. دادگای كۆریای باشوور 16 تۆمەتی بەسەر سەرۆكی پێشووی كۆریای باشووردا سەپاند كە دیاترینیان وەرگرتنی بەرتیل و خراپ بەكارهێنانەی دەسەڵاتە، دادگا بڕوای وایە كە سەرۆكی پێشووی كۆریای پۆستەكەی بەكارهێناوە بۆئەوەی كۆمپانیاكان ناچاربكات پارە بدەنەوە دامەزراوەكانی یەكێك لە هاوڕێكانی. پارك گیۆن های یەكەمین ژنە لە مێژووی كۆریای باشووردا پۆستی سەرۆكی وڵات بگرێتە دەست و ساڵی رابردوو داوای لەسەركارلابردنی لە پۆستەكەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.    


شەڕ و ململانێی لە سوریا ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵە دەستیپێكردووە و رۆژ لەداوی رۆژ دۆخەكە خراپتر دەبێت، شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە بووە ململانێیەكی نێودەوڵەتی لەسەر خاكی سوریا. هۆكارەكانی ئەو جەنگە چین؟ لایەنەكانی ململانێكە كێن؟ پاڵنەرەكانیان چین؟ هۆكاری جەنگەكە لەسەرەتادا بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا هەوڵیدا لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە كە لەلایەن خۆرئاوای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و بۆردومانكردنی هەڕەمەكی و بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تۆمەتباردەكرێت، هەرچەندە ئەسەد ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوەن ئامانجی ئەسەد لە سەرەتاد نەهێشتنی ئۆپۆزسیۆن بوو كە بە " گروپە تیرۆریستییەكان" وەسفیدەكردن. ئۆپۆزسیۆنی سوریا دوای ئەو سەركوتكردنی ئەو خۆپیشاندانانەی كە بە شێوەیەكە ئاشتیانە لە 2011  بەڕێوەدەچوون دەستیكرد بە شەڕ  و سەرەتا چەندین كەسی سەربازی و مەدەنی پەیوەندییان كرد بە ریزەكانییە و ژمارەیەكی زۆریان لە شەڕەكاندا كوژران و ئێستا ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكدێت لە چەند گروپێكی چەكداری ئیسلامی توندڕەو، هەروەها كوردەكانیش هەن كە دوای كشانەوەی هێزەكانی حكومەتی سوریا لەسەرەتای شەڕدا ناوچەیەكی بەرفراوانیان كۆنترۆڵكرد و ئەوان وەك خۆیان دەڵێن ئامانجیان لە شەڕ بەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی و نەهێشتنی داعشە. لایەنەكانی ململانێی سوریا •    سەرۆكی سوریا بەشار ئەسەد: لە لایەن روسیا و ئێران و چەند هێزێكی سەر بەئێرانەوە لەوانەش حزبولای لوبنانی هاوكاری دەكرێت. •    گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان: ئەم گروپانە گورزێكی توندیان بەركەوت، بەڵام هێشتا شەڕ دەكەن و ئەمریكا و توركیا و وڵاتانی كەنداو هاوكاریان پێشكەشی چەند گروپێكی جیاوازی ئۆپۆزسیۆن كرد، گەورەترین گروپی سوپای ئیسلام و گروپی ئەحرار شامە. •    كورد: لە رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریان و ناوچەیەكی بەرفراوانیان لەژێر دەستدایە و هاوپەیمانی ئەمریكان. •    توركیا: كە دژی هێزەكانی كورد دەجەنگێت. •    ئیسرائیل: كە هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر باشووری سوریا •    رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی " داعش": ئەم رێكخراوە بۆ ماوەیەك رووبەرێكی بەرفراوانی خاكی سوریا و عێراقی كۆنترۆڵكرد و دواتر رووبەڕووی گورزی كوشندە بووە و تواناكانی لاوازبوون. پاڵنەرەكانی ئەم جەنگ و ململانێیە یەكێك لە هۆكارەكانی شەڕ و پشێوی سوریا ئەوەیە كە بووە گۆڕەپانی شەڕی بەوەكالەتی هێزە نێودەوڵەتییەكان، كەوات بۆچی ئەم هێزان دەستیان لەو شەڕ و ململانێیە وەردا؟ روسیا: ئەسەد  نزیكترین هاوپەیمانی مۆسكۆیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر بڕوخێت ئەوا روسیا جێ پێی لە ناوچەكەدا لەدەستدات و هەروەها تەرتوسیش لەدەستدەدات كە تاكە دەروازەیەتی لەسەر دەریای ناوەڕاست. ئێران: ئەسەد هاوپەیمانێكی دێرینی تارانە، هەروەها دەستوەردانی ئێران پەیوەندیشی هەیە بە رووبەڕووبوونەوەی سعودیەی نەیاری، جگە لە هەوڵدان بۆ فراوانتركردنی هەژمونی لە ناوچەكەدا. ئەمریكا: واشنتۆن هاوككاری چەند گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریای كرد، بە تایبەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە پڕچەكی كردن و مەشق و راهێنانی پێ كردن و پێكهاتەی سەرەكی ئەم هێزەش یەكینەكانی پاراستنی گەلە. توركیا: رۆڵی سەرەكی بریتی بوو لە داڵدەدانی چەندین ملیۆن ئاوارەی شەڕ و ململانێتی سوریا، ئەنكەرە پشتگیری و هاوكاری گروپێكی ئۆپۆزسیۆن دەكات بەناوی " سوپای سوریای ئازاد" توركیا لەوە دەترسێت كە ئۆتۆنۆمیی و خۆبەڕێوەبەری كورد لە باكوری سوریا ببێتە هاندانی زیاتری بیری جواداخوازی كورد لە توركیا، لەبەرئەوە ئەنكەرە شەڕی لە دژی یەكینەكانی پاراستی گەل بەرپاكرد و بەوەش توركیا كە ئەندامی پەیمانی ناتۆیە لە نزیكەوە كار لەگەڵ روسیادا دەكات. ئیسرائیل: ئەوەی كە زۆر ئیسرائیل نیگەران كردووە گەیشتنی چەكی پێشكەوتووە بە حزبوڵای لوبنان، لەبەرئەوە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل جارجارە چەند پێگەیەك لە سوریا بۆردوماندەكان و دەڵێت پێگەی حزبوڵان. وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ سەرچاوە : بی بی سی   


توركیا و ئێران و روسیا چوار ئەم مانگە بەڵێنیاندا هەوڵەكان خێرابكەن بۆ ئەوەی سەقامگیری باڵ بەسەر سوریادا بكێشێت و جەختیانكردەوە لەسەر پابەندبوونە هاوبەشەكانیان بەرامبەر ئەو وڵاتە. رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە ئاماژەیدا بۆ هاوكاریكردنی كوردەكانی سوریا لەلایەن ئەمریكاوە رایگەیاند یەكگرتوویی خاكی سوریا پشتدەبەستێت بە دووركەوتنەوە لە هاوكاریكردنی سەرجەم رێكخراوە تیرۆریستییەكان. ئێران و روسیا بە تەواوەتی پشتیوانی لە بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا دەكەن، بەڵام ئەنكەرە هاوكاری ئۆپۆزسیۆن دەكات بۆ رووخاندنی ، هێشتا ئەو سێ‌ وڵاتە لەسەر ئەرزی واقیع ناكۆكن سەرەڕای هەماهەنگی و هاوكارییان بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی، لەو چوارچێوەیەدا ماڵپەڕی گۆڤاری " دێرشپیگڵ"ی ئەڵەمانی دەربارەی كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی ئەنكەرە نوسیوێتی:" ئەو گروپە سێ‌ قۆڵییە لە ساڵی هەشتمی جەنگدا گفتوگۆیان كرد كە چۆن دۆخەكە لە سوریا بەردەوام دەبێت، بڕیارەكەشیان جێبەجێكردنی بنەمای " پەرت بكە و زاڵ بە " بوو، هەرسێ‌ وڵاتە لە رێگەی بریكارەكانیانەوە دەیانەوێت لە ناوچە جیاوازەكانی سوریا بمێننەوە و دەشیانقۆزنەوەبۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانیان.. ئێستا روحانی لە ئەنكەرەوە رایدەگەیەنێت كە داهاتووی سوریا پێویستە سورییەكان بڕیاری لێبدەن نەك حكومەتە بیانییەكان، ئەوە بۆ سورییەكان وادەردەكەوێت كە وەك گاڵتەپێكردن و بەكەم زانین بێت". هەرسێ‌ سەرۆكی توركیا و ئێران و روسیا لە بەیاننامە هاوبەشەكەیاندا دووپاتیانكردەوە لەسەر پابەندبوونیان بە هاوكاریكردن لە پێناوی گەیشتن بە ئاگربەستێكی هەمیشەیی لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا لە سوریا بەوە چارەنوسری سوریا لەدەستی ئەو سێ‌ وڵاتەدا دەبێتم هەروەكا چۆن رۆژنامەی " دی تسایت" لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی خۆی ئاماژەی پێداوە و نوسیوێتی:" پرسێك ئەو سێ‌ وڵاتە دەبەستێت بە یەكەوە، ئەوەش هەنگاوەكانی داهاتوو لە سوریا دیاریدەكات، بەهۆی تێبینی ئەوروپا لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، و بەهۆی ناڕوونی سیاسەتی دەرەوەی  ئەمریكا و دۆناڵ ترەمپی سەرۆكی بۆشاییەكی دیپلۆماتی دەركەوت، رێكخستنەوەی دۆخی سوریا لە داهاتوودا ئێستا لە دەست روسیا و ئێران و توركیادایە ... ئایا ئەو گروپە سێ‌ قۆڵییە دەتوانن بگەنە لێكتێگەیشتن لە نێوان خۆیاندا؟ ئەمە هێشتا روون نییە، بەڵام ئەوەی كە زۆر ئاشكرایە، ئەوەیە كە روسیا و ئێران و توركیا بە بەردەوامی كاریگەرییان دەبێت." هەروەها دەبارەی ئەو كۆبوونەوە سێ‌ قۆڵییە رۆژنامەی " دی تاگستسایتۆنگ" دەڵێت:" پۆتین و رۆحانی ئێستا تاكە كەسن كە بتوانن ئەردۆغان لە هێرشكردنە سەر كوردەكات لە سوریا لابدەن، بەهای ئەوەش ئەوەیە  كە واز لە پارێزگای ئیدلب بهێنن بۆی كە هەموو چەكدارە نەیارەكانی ئەسەدی وەك ناوچەیەكی پارێزراو تێدا كۆبوونەتەوە، لە بەرامبەر ئەوەش ئەردۆغان ئامادەیە  چەند لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ كورددا قبوڵ بكات و  لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی ئەنكەرەدا هیچ وشەیەك دەربارەی داهاتووی دیكتاتۆری سوریا بەشار ئەسەد نەوترا، وادەردەكەوێت كە ئەردۆغان ئامادەیە قایل بێت كە ئەسەد لە دەسەڵاتدا بەردەوام بێت ئەگەر روسیا و ئێران گرەنتی ئەوەی بدەنێ لەبەرامبەردا هێزەكانی ئەسەد واز لە ئیدلب بهێنن و ئەوەش لانیكەم لەوانەیە ئاگربەستێكی كاتیی بهێنێتەدی." رۆژنامەی " بەرلینەر تسایتۆنگ" دەربارەی " هاوپەیمانێتی نوێ‌ بە بێ‌ ئەوروپا" بڕوای وایە كە  كۆبونەوەكەی ئەنكەرە ئاماژەیەكە كە بۆ ئەوروپییەكانی كە كێشەیان لەگەڵ كرملن و ئەنكەرە هەیە بەهۆی هێرشە ژەهراوییەكەی سالزبۆری و هەژموون و ستەمكاری ئەردۆغانەوە". رۆژنامەكە دەشڵێت" ئاماژەكە لەوانەیە بەو واتایە بێت كە دەربارەی بابەتێك لەگەڵماندا مشتومڕ مەكەن چونكە هەتا ئێستا ئەوروپا ناتوانێت دەستبەرداری وزەی روسیا بێت و توركیاش پرسی پەنابەرانی لە بەرژەوەندی ئەوروپا لە ئەستۆ گرتووە و بەرامبەر پارە لە ئەوروپییەكان ئاوارەكانی سوریای داڵدەداوە.


ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف رۆژ لەدوای رۆژ نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و حكومەتی هەرێمیش ئاستی هەناردەی نەوت بەرزدەكاتەوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی مانگانە تەنها 375 ملیار دینار دەداتە وەزارەتی دارایی بە وتەی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم، واتا پوختەی داهاتی نەوت مانگانە ( 375 ملیار دینار)ە، بەو پێیەی حكومەتی هەرێم مانگانە :. یەكەم/ مانگانە بڕی 125 ملیۆن دۆلار دەداتەوە بە قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارەی پێشەكی لێوەرگرتوون. دووەم/  مانگانە بڕی 35 ملیۆن دۆلار قەرزا دەداتەوە بە حكومەتی توركیا لەبەرامبەر ئەو قەرزەی لێی كردووە، كە دەوترێت 4 ملیار دۆلارەو مانگانە حكومەتی هەرێم دەیداتەوە و  مانگانە سوودی زۆری دەچێتە سەر. سێیەم/ مانگانە بڕی 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوەی نەوتە . بەڵام سەرەرای ئەو پارەیەی كە حكومەتی هەرێم  وەك خەرجی و قەرز دەیداتەوە، دەبێت داهاتی نەوتی زیاتر بێت لەو بڕەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەیداتە وەزارەتی دارایی كە ( 375 ملیار دینارە) بۆ نمونە:. بەپێی ئامارەكانی سایتی ( تانكەر تراكەرز)  كە تایبەتە (بە بەدواداچونی هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) بڵاویكردوەتەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری  جەیهانی توركیاوە هەناردە كردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا. ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە بازارەكانی جیهاندا ( 69 دۆلار)ە نەوتی هەرێم بە ( 10 دۆلار) كەمتر دەفرۆشرێت، ( هەروەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتی) بەو پێیەش كۆی داهاتی نەوتی  مانگی ئازاری هەرێم كە (10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 ) بەرمیل بووە دەكاتە  ( 599 ملیۆن دۆلار ) دۆلار كە دەكاتە ( 718 ملیار دینار )ی عێراقی،خۆ ئەگەر مانگانە ( 125 ملیۆن دۆلار قەرزی كۆمپانیاكان و 35 ملیۆن دۆلار قەرزی توركیاو 25 ملیۆن دۆلار خەرجی گواستنەوە ) كە دەكاتە ( 185 ملیۆن دۆلار) واتا ( 222 ملیار دینار) بەو پێیەیش لەكۆی ( 718 ملیار دینار  - 222 ملیار دینار = 496 ملیار دینار) واتا 496 ملیار دیناری داهاتی نەوت بەسافی بۆ حكومەت دەمێنێتەوە، بەلام ئەوان دەڵێن ( 375 ملیار دینار) واتا لەو نێوەندەدا زیاتر لە 120 ملیار دینار ونە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand