سلێمانی: وەك ناڕەزایەتییەك كەمئەندامان كورسی و دارشەقەكانیان سوتاند
2018-07-11 11:05:18
(درەو میدیا):
خاوەن پێدوایستییە تایبەتەكان لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تەمموزی 2018، كورسی و دارشەقەكانیان لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی كوردستاندا سوتاند، ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك لەدژی فەرامۆشكردنی چینەكەیان و وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكان و دابیننەكردنی پێداویستییەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
سامان حسێن سەرۆكی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا دوای ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینە وتی:" ماوەی چوار ساڵە حكومەت هەرێم بەردەوامە لەسەر بەهەند سوكایەتیكردن بە هەستی خاوەن پێدوایستییە تایبەتەكان، بە پاساوی قەیرانی دارایی".
سامان حسێن وتیشی:"خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بەهۆی ئەو سیاسەتە حزبییەی حكومەتی هەرێم پەیڕەوی دەكات رووبەڕووی مردنێكی هێواش بوونەتەوە".
لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆكی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان جەختیكردەوە كە " چەندینجار داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە ئاوڕ لە نەهامەتییەكانمان بدەنەوە، بەڵام گوێبیستمان نەبوون و لەبەرئەوە بڕیاریماندا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەمی نوسینگەی پەرلەمانی كوردستان كورسی و دارشەقەكانمان بسوتێنین".
راشیگەیاند كێبركێی سیاسی لە كوردستاندا خزمەت بە هاوڵاتیان ناكات، بەڵكو بوەتە هۆی برسیكردن و بە كەم بایەخكردنی هاوڵاتیان بەتایبەتی خاوەن پێدوایستییە تایبەتەكان.