رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان دەدات
2018-07-09 18:05:31
(درەو میدیا):
دوای گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، هەوڵی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەدات، كە ماوەیەكە لەناو خۆی بزوتنەوەكەوە هاتوەتە دەرەوە و سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تەنانەت میدیای گۆڕانیشی گرتوەتەوە.
لە هەنگاوێكدا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی هەریەك لە قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمودی كردووە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی" درەو میدیا" رۆژەی شەممە 7ی تەموزی 2018، عومەری سەید عەلی بە یاوەری هەریەك لە جەلال جەوهەر و مستەفای سەیدقادر، سەرەتا سەردانی ماڵی عوسمانی حاجی مەحمودی كرد و هەروەها رۆژی 8ی تەموزی 2018 رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە یاوەری وەفدێكی خانەی راپەڕاندن سەردانی ماڵی قادری حاجی عەلی كرد، كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا سەرپەرشتیاری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بووە.
لە هەردوو سەدانەكەدا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، گفتوگۆی چڕ لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كراوە و داوای لە عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی كردووە، كە بێنەوە سەركارەكانی خۆیان و پێكەوە كێشەكان چارەسەربكەن، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی داوەو لە مەترسی بارودۆخەكە و ئاییندەی گۆڕان ئاگاداریكردونەتەوە، بەڵام ئەوان جەختیان لەسەر هەنگاوەكانی پێشووی خۆیان كردوەتەوە بۆ چارەسەری كێشەكان و كە پێشتر بە چەندین رێگە چارەسەرەكەیان خستوەتەروو.