Draw Media

بۆچی ترەمپ لە ئەڵمانیا نیگەرانە؟ ئەڵمانیا وەڵامی چییە؟

بۆچی ترەمپ لە ئەڵمانیا نیگەرانە؟ ئەڵمانیا وەڵامی چییە؟

2018-07-11 11:31:47


( درەو میدیا):
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە بۆ كۆبوونەوەی سەركردەكانی هاوپەیمانی ناتۆ گەیشتوەتە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، هێرشی توندی كردە سەر ئەڵمانیا و رایگەیاند كە بەرلین دیلی روسیایە.
ترەمپ كە ماوەیەكە گوشاری بۆسەر وڵاتانی ئەوروپای ئەندامی ناتۆ دەستپێكردووە و داوایان لێدەكات بەشدارییان لەو رێكخراوەدا زیاتر بكەن، لە بەردەم یەنس ستۆڵتنبێرگ، ئەمینداری گشتی رێكخراوی ناتۆ هێرشی كردە سەر ئەڵمانیا و وتی:" هەڵەیە كە ئەڵمانیا پشتگیری لە پرۆسەی بۆری غازی روسیا دەكات لە دەریای بەڵتیك كە تێچووەكەی 11 ملیار دۆلارە بۆ هاوردەكردنی غازی روسیا، لە كاتێكدا لە دابینكردنی خەرجی بەرگری ناتۆ هێواشە، پێویستە لەسەر ئەڵمانیا ئەوروپا لە روسیا بپارێزێت بەو ئاستەی كە پێویستە".
ترەمپ پێش كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی ناتۆ لە شوێنی مانەوەی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەلجیكا لە لێدوانێكیدا كە ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنووسان ئامادەبوون وتی:" پێویستە لەسەرمان كە خۆمان لە روسیا بپارێزین، بەڵام ئەڵمانیا دەچێت ساڵانە چەندین ملیار دۆلار دەداتە روسیا".
لەبەشێكی تری هێرشەكەیدا بۆسەر ئەڵمانیا ترەمپ وتی:" ئەڵمانیا بە پاساوی ژینگەیی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبای داخستووە كە بە خەڵوز و وزەی ئەتۆم كاردەكەن و هاوشێوەی ژمارەیەكی زۆری تری وڵاتانی ئەوروپا پشت بە غازی روسیا دەبەستێت."
وتیشی:" ئێمە ئەڵمانیا دەپارێزین، فەرەنسا دەپارێزین و هەموو وڵاتان دەپارێزین، بەڵام دوای ئەوە ژمارەیەك وڵات رێككەوتن لەگەڵ روسیا دەكەن و چەندین ملیار دۆلار دەخەنە گەنجینەی روسیاوە... باوەڕم وایە كە ئەوە  بە رەهایی گونجاو نییە".
ئەم هێرشەی ترەمپ بۆسەر ئەڵمانیا بەهۆی روسیاوە، لە كاتێكدایە كە بڕیارە دووشەممەی داهاتوو لە هێلسنكی پایتەختی فینلاند دوای كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ  لە برۆكسل كە دوو رۆژ دەخایەنێت، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا كۆببێتەوە.
 لە كاردانەوەیدا بەرامبەر ئەو لێدوانەی ترەمپ، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئۆرسولا ڤۆندەرلەین، وتی" بێ‌ گومان زۆر كێشەمان لەگەڵ روسیادا هەیە".
ڤۆندەر لەین لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە برۆكسل وتی" لە لایەنێكی ترەوە بێ‌ گومان پێویستە كە هێڵی پەیوەندی لە نێوان  وڵاتان یان هاوپەیمانێتییەكان و نەیارەكانیان بهێڵینەوە".
هاوكات یەنس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ دەربارەی وتەكانی ترەمپ وتی ترەمپ زمانێكی زۆر راشكاوانەی بەكارهێنا، بەڵام ئەندامانی ناتۆ رێككدەكەون لەسەر پێویستەی دابەشكردنی خەرجیی بەرگری و ساڵی رابردووش ئەو خەرچییە لە ماوەی 30 ساڵدا زۆر زیاتربوو.
ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا كە بڕیارە لە میانی لوتكەی ناتۆدا لە برۆكسل ترەمپ ببینێت، پاڵشپشتی سیاسی لە هێڵی بۆری ( نۆرد ستریم 2) دەكات بۆ هاوردەكردنی زیاتری غاز، سەرەڕای رەخنەی چەند حكومەتێكی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، بەڵام بەرلین جەختدەكاتەوە كە ئەو هێڵە پرۆژەیەكی بازرگانی تایبەتە و دارایی گشتی تێدا خەرجناكرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand