چۆن دوو هەڵبژاردەی وەك بەلجیكا و كرواتیا بۆ نیوەی كۆتایی سەركەوتن؟
2018-07-10 11:16:40
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەلجیكا و كرواتیا لە مۆندیالی 2018ی روسیادا چەندین هەڵبژاردەی گەورەیان لە مۆندیال دەركرد و خۆیان گەیشتنە قۆناغی نیوەی كۆتایی مۆندیالەكە، بەهای ئەم دەستكەوتە كاتێك زیاتر دەبێت كە رەچاوی ئەوە بكرێت چۆن بەلجیكا و كرواتیا كە یەكێكن لە بچوكترین دوو وڵاتانی جیهان گەیشتنە قۆناغی پێش كۆتایی مۆندیال.
ئەگەر هەڵبژاردەی بەلجیكا بتوانێت جامەكە بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە بچوكترین دەوڵەت لە رووی رووبەرەوە كە ئەو نازناوە جیهانییە بەدەستدەهێنێت، چونكە روبەڕی ئەو وڵاتەی كیشوەری ئەوروپا لە 30 هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشە زیاتر نیە.
كرواتیاش كە ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە 4.1 ملیۆن كەس، ئەگەر ببێتە پاڵەوانی مۆندیالی روسیان ئەوا دەبێتە بچوكترین وڵات كە نازناوەكە بەدەستدەهێنێت، لەو كاتەوەی كە ئۆرەگوای لە ساڵی 1950 جامی پاڵەوانێتییەكەی بەدەستهێنا.
لە نێو ئەو 32 هەڵبژاردەیەی كە بەشداری مۆندیالی روسیای 2018 بوون، ئایسلەندا و ئۆرەگوای و پەنەما ئەو سێ وڵاتەن كە ژمارەی دانیشتوانیان لە كرواتیا كەمترە، بەڵام ئەوان لە قۆناغەكانی پێش كۆتایی ماڵئاواییان لە مۆندیالەكە كرد.
لە قۆناغی نیوەی كۆتاییدا
وادەردەكەوێت ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە هەڵبژاردەی بەلجیكا و كرواتیا لەم هاوینەدا لە روسیا بەدەستیانهێناوە، دژی ئەو قسەباوەیە كە دەڵێت هەركاتێك رووبەری وڵاتێك فراوان بوو، ژمارەی دانیشتوانەكەشی زۆربوو، ئەوا زۆترین بەهرەمەند تێیدا دەردەكەوێت، بەوەش هەلی بەدەستهێنانی سەركەوتنی لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەكاندا زیاددەبێت.
ئەگەر بڕوانینە ئەو هەڵبژاردانەی جامی جیهانیان لە مۆندیالەكانی پێشووتردا بەدەستهێناوە، جگە لە ئۆرەگوای، دەبینین زۆربەی ئەو هەڵبژاردانەی هی وڵاتە گەورەكانن لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە: بەرازیل ( 207 ملیۆن كەس) ، ئەڵمانیا ( 83 ملیۆن كەس)، فەرەنسا( 67 ملیۆن كەس)، ئیتالیا (60 ملیۆن كەس)، ئینگلتەرا (53 ملیۆن كەس) ، ئەرجەنتین ( 43 ملیۆن كەس).
بەڵام بەلجیكا و كرواتیا ئەم ئاراستەیان پێچەوانە كردەوە و ئەوەش بۆ یەكەمجار نییە، بەلجیكا كە زیاتر لە تۆپی پێ بە شوكولاتە و بیرە و پەتاتە بەناوبانگە، لە مۆندیالی ساڵی 2986دا گەیشتە نیوەی كۆتایی و كەس نەیتوانی رێگەیان لێبگرێت جگە لە هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بە سەركردایەتی ئەستێرەی ئەفسانەی هەڵبژاردەكە دیگۆ مارادۆنا، لە مۆندیالی فەرەنسای 1998شدا كرواتیا بە بردنەوەی لە ئەڵمانیا و سەركەوتنی بۆ نیوەی كۆتایی جیهانی شۆككرد و ئەو سەركەوتنە مایەی سەرنج بوو، بە تایبەتی كرواتیا تازە لە جەنگی باڵكان رزگاری ببوو، لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا.
ئۆرەگوای بجوكترین وڵاتە لە رووی دانیشتوانەكە جامی جیهانی بەدەستهێناوە
بەلجیكا و كرواتیا چۆن سەركەوتوو بوون؟
بەشێوەیەكی سروشتی، سەركەوتن لە بواری وەرزشدا لە دەوڵەتە بچوكەكان، نوێ نییە و یاریزانی راكردن " یۆسین بۆڵت" دیارترین نمونەیە كە چەندین مەدالیای زێڕی بەدەستهێناوە، هەرچەندە جامایكا ژمارەی دانیشتوانی لە 2.1 ملیۆن كەس تێناپەڕێت، بەڵام لەوە قورستر، ئەو سەركەوتنانە بەدەستبێت لە وەرزشە بە كۆمەڵەكانی وەك تۆپی پێ، بەلجیكا و كراوتیا ئەو سەركەوتنەیان بەدەستهێنا، سەرنج چڕكردنەوە لەسەر ئەو بنەمایانەی هەیانە و قۆستنەوەیان بە شێوەیەكی تەواوەتی.
لە حاڵەتی بەلجیكادا ئەو بنەمایانە خۆی لە پارە و جەماوەرێتی تۆپی پێدا دەبینێتەوە و ئەو وڵاتە یەكێكە لە 20 وڵاتە دەوڵەمەندەكەی جیهان و بەلجیكییەكانیش یاری تۆپی پێیان زۆر بە هەند وەرگرتووە، بە گوێرەی داتاكانی یەكێتی ئەوروپا 17 هەزار یانەی تۆپی پێ لە ساڵی 2010دا لە بەلجیكا هەبووە، و ژمارەی ئەندامانی ئەو یانانە گەیشتوەتە 1.35 ملیۆن كەس، واتە 10%ی كۆی ژمارەی دانیشتوان.
پەرەپێدانی یاریزانە لاوەكان
دوای 20 ساڵ لە دروەشانەوەی هەڵبژاردەی بەلجیكا لە مۆندیالی ساڵی 1986دا، لێپرسراوانی تۆپی پێی ئەو وڵاتە پلانێكیان دانا بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانی بەهرەمەندە لاوەكان لە یانەكانی تۆپی پێدا لەسەرتاسەری وڵاتدا، ئەوەش ئەم هاوینە ئەنجامەكەی بە روونی لە جامی جیهانی 2018دا لە روسا دەركەوت و هەڵبژاردەی بەلجیكا بە " نەوەیەكی ئاڵتونیی"و بە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانا و زۆر بەهرەمەند هاتە مەیدان، كە پێشەنگیان ئیدن هازارد و كیڤن دی برۆین و رۆمیلۆ لۆكاكۆیە.
لۆكاكۆ كە لە دایك و باوكێكی خەڵكی كۆماری كۆنگۆی دیموكرات لەدایكبوووە، نمونەیەكە بۆ سەركەوتی پرۆگرامی نیشتمانی بۆ هاندانی نەوەی یەكەم و دووەمی كۆچبەران لە بەلجیكا.
هەڵبژاردەی بەلجیكا كە بە نیوەی كۆتایی مۆندیالی روسیا رووبەڕووی فەرەنسا دەبێتەوە، ژمارەیەك لە یاریزانانی بە رەچەڵك كۆنگۆیی، مەغریبی، پرتوگالی و كۆسۆڤۆیی لەخۆگرتووە.
كرواتیا، هەمان ئەو توانا داراییە بەلجیكای نییە، بەڵام لەسەر بەدەستهێنانی سەركەوت لەپاڵەوانێیتە وەرزشییە گەورەكاندا راهاتووەن لە خولی ئۆڵۆمپیادی 2016دا كرواتیا لە كۆی 207 دەوڵەت پلەی 17یەكی بەدەستهێنا، لە كاتێكدا هەڵبژاردەی بەرازیل كە میوانداری خولەكەی كرد لە پلەی 13 یەمدا هات.
لوكا مۆدریچ بربڕەی پشتی یانەی ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی كرواتیایە
وەبەرهێنان لەلایەن دەوڵەتەوە
یەكێك لە تیۆرەكان دەڵێت كرواتیا سودی لە وەبەرهێنانی دەوڵەت لە بواری وەرزشدا وەرگرتووە لە یوگوسلاڤیای پێشوودا و ئاستێكی باشی لە راهێنان بە میرات بۆماوەتەوە.
" رۆمیۆ گۆزاك" بەڕێوەبەری هونەریی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی كرواتیا دەڵێت:" راهێنانێكی زۆر ئاست بەرزمان لە وەرزشەكانی وەك تۆپی پێ، تۆپی دەست، باسكە، تۆپی ئاو هەیە، ئەوەش رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە پێشكەوتنی هونەریی لە وەرزشدا لای ئێمە".
هەروەها ئاستی بەشداریكردن لە وەرزشەكاندا زۆر بەرزە، ژمارەی ئەو یاریزانانی تۆپی پێ كە تۆماركراون لە كرواتیا گەیشتوەتە 120 هەزار كەس، واتە 3%ی كۆی ژمارەی دانیشتوان و ئەم رێژەیەش رێژەی بەرازیلی تێپەڕاندووە، كە ژمارەی ئەو یاریزانانەی تۆپی پێ لەو وڵاتە تۆماركراون لەسەدا یەكی كۆی دانیشتوانە، ئەوەش بە گوێرەی داتاكانی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی " فیفا".
لە راستیدا هەڵبژاردەی بەلجیكا و كرواتیا سودیشیان لە ژمارەیەكی زۆر لە ئەستێرەكانی تۆپی پێیان وەرگرتووە كە لە یانە گەورەكانی جیهاندا یاری دەكەن.
یاریزانی بیانی
11 یاریزانی هەڵبژاردەی بەلجیكا لە خولی نایابی ئینگلتەرا یاری دەكەن، هەروەها ئەستێرە و كاپتنی هەڵبژاردەكە " لوكا مۆدریچ" بە بڕبڕەی پشتی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیی دادەنرێت كە لە چوار ساڵی رابردوودا سێجار جامی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا " چامپیۆنز لیگ"ی بەدەستهێناوە.
هەروەها لیستی هەردوو هەڵبژاردەی بەلجیكا و كرواتیا لە مۆندیالی روسیادا تەنها دوو یاریزانی لەخۆگرتووە كە لە خولی ناوخۆی وڵات یاری دەكەن، كە ئەوەش یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی گەیشتنی ئەو دوو هەڵبژاردەیە بە قۆناغی نیوەی كۆتایی مۆندیالی روسیای 2018
نوسینی: فێرناند دوارت/ بی بی سی