كورد لە دەرگای بەشار ئەسەد دەدات
2018-07-27 15:32:34
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ماوەی دوو رۆژە وەفدێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە دیمەشقی پایتەختی سوریایە و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لە كۆبونەوە و گفتوگۆدایە.
وەفدەكەی حكومەتی رۆژئاوای كوردستان خاتوو (ئیلهام ئەحمەد) سەرۆكایەتی دەكات كە سەرۆكی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتە.
سایتی "هاوارنیوز"ی نزیك لە پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە رۆژئاوای كوردستان هەواڵی سەردانی وەفدەكەی بۆ دیمەشق پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند" سەردانەكە لەسەر بانگهێشتی حكومەتی دیمەشقە".
سایتەكە ئاماژەی بەوەكردووە" سەردانەكە بەمەبەستی دانوستانە لەگەڵ رژێمدا، بەڵام تائێستا نازانرێت ئەو بابەتانە چین كە لە نێوان هەردولا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت".
ئەمە یەكەم سەردانی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانە بۆ دیمەشق كە هەواڵەكەی بەشێوەیەكی فەرمی لە راگەیاندنەكانی سەربە حكومەتەوە بڵاوبكرێتەوە.
نزیكەی یەك لەسەر چواری خاكی سوریا ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی شەرڤانانی كورددایە، بۆیە بەپێی لێكدانەوەكان ئامانجی سەرەكی ئەم سەردانەی وەفدەكەی حكومەتی رۆژئاوای كوردستان بۆ دیمەشق، كردنەوەی چەند كەناڵێكی نوێ بێت لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سیاسی كە بتوانرێت بەهۆیەوە پارێزگاری لە "خۆبەڕێوەبەری"ی كورد بكرێت لە سوریا.
"كۆبونەوەیەكی بێ ئەجێندا"
ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە ڤیەنناوە لە لێدوانێكى تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی رایگەیاند" كۆبونەوەكانی وەفدەكەی رۆژئاوا لە دیمەشق هیچ ئەجێندایەكی دیاریكراوی نییە و كۆبونەوەكانی بەرفراوانن و هەندێكیان كۆبونەوەی ئەمنی و هەندێكی تر كۆبونەوەی سیاسی دەبێت".
"نازانم كێ لە بەرپرسانی حكومەتی سوریا بەشداری كۆبونەوەكان دەكەن و وەفدەكە چەند رۆژی تر لە دیمەشق دەمێنێتەوە" ئەمە بەشێكی ترە لە قسەكانی هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات.
خزمەتگوزاری.. تەوەرێكی گرنگ
پێشبینی دەكرێت سەرەتای كۆبونەوەی وەفدی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ لێپرسراوانی رژێمی سوریا زیاتر جەختكردن بێت لەسەر فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو ناوچانەی رۆژئاوا كە لەژێر كۆنترۆڵی شەڕڤاناندان.
ریاز درار هەر لەو لێدوانەدا لەبارەی كۆبونەوەكانی دیمەشقەوە دەڵێ" دەبێت ئێمە خۆمان كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، بەشی ئەوەش بابەتمان هەیە كە دانوستانیان لەسەر بكەین".
ئەمریكا نیگەران دەبێ ؟
ئەم نزیكبونەوەیەی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ رژێمی سوریا، كۆمەڵێك پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا ئەمریكا پشتیوانی لە شەڕڤانانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دەكات و سەربازانی ئەمریكی هێشتا لە چەند ناوچەیەكی رۆژئاوا جێگیرن.
بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا كە ئێستا نوێنەرانی رۆژئاوای كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتەكەیدا دەكەن، بونی هێزەكانی ئەمریكای لە رۆژئاوای كوردستان وەكو "داگیركەر" ناوبرد و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێزی كرد بۆ كردنەدەرەوەیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مانگی ئایاری رابردوو ئەسەد بۆیەكەمجار ئاماژەی بەوەكرد كە ئامادەیە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات گفتوگۆ بكات.
نزیكبونەوەی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لە حكومەتی دیمەشق رەنگە پەیوەندی بە نیگەرانییەكانی ئەوانەوە هەبێت لەبارەی سیاسەتەكانی ئەمریكا لە سوریا و لێدوانی دژبەیەكی بەرپرسانی واشنتۆن لەبارەی سوریاوە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەرۆكایەتی دەكات و پێكدێت لە هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە، بەشێكی زۆری خاكی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای لەژێر دەستدایە، لەم ناوچەیەدا روبەرێكی بەرفراوانی خاكی كشتوكاڵی و سەرچاوەی نەوت و ئاو هەیە.
لەشەڕی دژ بە رێكخراوی "داعش" سنوری قەڵەمڕەوی هێزەكانی سوریای دیموكرات ناوچە كوردنشینەكانی تێپەڕاند و گەیشتە شاری "رەققە" كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەبن.
لەماوەی (7) ساڵ رابردووی قەیرانی ناوخۆی سوریادا، كورد لە رۆژئاوای كوردستان تاڕادەیەكی زۆر خۆی لە شەڕكردن دژ بە رژێمی سوریا پاراستوە، بەڵام سەرباری ئەوەش چەندجارێك پێكدادان لەنێوان هەردولا رویداوە.
گرفتی بەنداوی تەبقە
ساڵی رابردوو شەڕڤانانی سوریای دیموكرات بە پاڵپشتی ئەمریكا چەكدارانی رێكخراوی داعشیان لە بەنداوی "تەبقە" دەرپەڕاند كە گەورەترین بەنداوی سوریایە، بەمدواییە گفتوگۆیەك لەنێوان لێپرسراوانی رۆژئاوای كوردستان و حكومەتی سوریا دەستیپێكرد بۆ گەڕانەوەی كارمەندانی دەوڵەت و نۆژەنكردنەوەی بەنداوەكە.
لە لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات دەڵێ" لەبارەی بەنداوی تەبقەوە گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەك وەفددا كراوە كە لە دیمەشقەوە هاتون"، جەختیش دەكات لەسەر ئەوەی "ئەمە یەكەمجارە وەفدی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات سەردانی دیمەشق بكات".
لەماوەی رابردوودا لەسەر داوای توركیا، كورد لەو دانوستان و هەوڵە دیپلۆماسیانە دورخرایەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرەشتییان دەكات بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی سوریا.
توركیا كە ئەندامی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە رۆ ژئاوای كوردستان بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە سوریا ناودەبات و وەكو گروپێكی "تیرۆرستی"ی لەسەر ئاستی جیهان دەیناسێنێت.
ئەمەیە وایكردووە كە ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات پێشبینی شكستهێنانی ئەو كۆبونەوانە بكات كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی دەكات و ئێستا هەوڵی دروستكردنی لیژنەیەك دەدات بۆ نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ سوریا، بەجۆرێك لیژنەكە نوێنەری حكومەت و ئۆپۆزسیۆن و چەند كەسایەتییەكی سەربەخۆ لەخۆبگرێت.
ریاز درار رایگەیاند" پرسی لیژنەی دەستوریی پرسێكی لاستیكییە.. لەوبڕوایەدام ئەم لیژنەیە لە داهاتودا بە ئەركی خۆی هەڵناسێت و بەبێ هیچ ئەندامێك دەرگای ژنێڤ دادەخات".
كورد سەربەخۆیی ناوێت !
كورد لە رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەم قۆناغە چاوی لە سەربەخۆیی و جیابونەوە لە سوریا نییە، تەنیا دەیەوێت بگاتە رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ هەموو لایەنەكان كە بتوانێت لەڕێگەی ئەو رێككەوتنەوە پارێزگاری لەو "خۆبەڕێوەبەری"یە بكات كە بە خوێن و شەڕ بەدی هێناوە.