داواكاری گشتی ئەنكەرەی پایتەخت بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە گەلی تورك و دەوڵەتی توركیا دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ هەشت پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" كردەوە. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ دۆسیەكە لەدژی پەرلەمانتاران عوسمان بایدەمیر، عەلیجان ئۆنلو، فەلەكناس ئوجا، سیبەل یەغیت ئاڵپ، نادر یەڵدرم، دیلەك ئۆجەلان، میزگین ئێرگات و گارۆ پایلان كراوەتەوە و تۆمەتی وەسفكردنی ئۆجەلان لە قسەكانیانیاندا و پروپاگەندەكردن بۆ پەكەكە و بەشداریكردن لە پرسەی گەریلاكانی پەكەكەیان ئاراستەكراوە. ئاژانسەكە ئاشكراشیكردوە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ئەنكەرە بە گوێرەی مادەی 83ی دەستوری توركیا داواشیكردووە پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارانە هەڵبگیرێت بۆ ئەوەش داوایەكی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە بۆ ئەوەی بەرزیبكاتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا. پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ لە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی 205ی پەرلەمانی توركیادا 59 كورسی بەدەستهێنا و لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی رابردووە گرتن و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بەو پارتە دەستیپێكرد و تا ئێستا حەوت پەرلەمانتاری هەدەپە لە زینداندان و نۆ پەرلەمانتاریشی مافی پەرلەمانتارێتییان لێ سەندراوەتەوە و پارتەكە ئێستا لەلایەن پەروین بوڵدان و سەزایی تەمەللییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
بەپێی ئامارەكانی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ١٢٥٧ بنكەی دەنگدان و ٧١٧٤ وێستگەی دەنگدانیش هەیە و ٢٣ لیست و ٥٠٣ كاندید بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان. خستنە روی ئەو ئامارانە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی مازن عەبدولقادر سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستاندا هات سەبارەت بە ئامادەكاری بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە عێراق لە 14ی نیسان و لە هەرێمی كوردستان لە 15ی نیسان بەرێوەبچێت.
لە نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كە واژۆی دڵشاد عومەری بەسەرەوەیە هاتووە: 1- سەرجەم پشووە فەرمییەكان باخچەكانی منداڵان و بنەڕەتی و ئامادەیی و پیشەییەكان ناگرێتەوە. 2- ڕۆژانی شەممە لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن دەوامی فەرمییە. 3- تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاییەکان ڕۆژی ١٤ی ئایاری مانگی داهاتوو دەستپێدەكات و ڕۆژی ٢٣ی هەمان مانگ كۆتایی دێت. 4- لە ماوەی تاقیكردنەوەكاندا پۆلەكانی (یەك و دوو و سێ)ی بنەڕەتی دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن. 5- قوتابخانە ناحكومییەكانیش تاقیكردنەوەی وەرزی دووەم لە 14ی ئایار دەست پێبكەن. 6- وانەكان ئاساییبكرێنەوە بۆئەوەی كرێی وانەبێژی خەرجبكرێت. ئەم بڕیارەی بەرێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەدوای كۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان فەرمانبەران دێت كە ماوەی سێ مانگە بایكۆتی دەوام راگەیەنراوە، بەڵام بەهۆی فشارەكانی خۆپیشاندەرانەوە حكومەتی هەرێم ناچاركرا دەستكاری موچە بكات.
جەنگی گەورە لە ناوچەكەدا بەڕێوەیە لێكەوتەكانی داعش و بارودۆخی ململانێی نێودەوڵەتی لە سوریا گەیشتوەتە لوتكە، ئەگەری بەریەككەوتنی زلهێزەكانی جیهان لە ئارادایە، چاوەڕوان دەكرێت سوریا ببێتە شوێنی خاڵیكردنەوەی ململانێی زلهێزەكان، ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیاو ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی لەلایەك و روسیا و ئێران و توركیا لەلایەكی ترەوە، ئێستا جموجوڵی هێز وهەڕەشەی ئەمریكا لە سوریا و هۆشداری روسیا لەبەرامبەر هەڕەشەكانی ئەمریكا بارودۆخەكەی بەتەواوی ئاڵۆزکردووە، بەجۆرێك بەرپابوونی شەڕی گەورە لە ناوچەكەدا بوەتە شتێكی حەتمی و بەو پێیەی ئەمریكا دەیەوێت بەر بە هەژموونی ئێران و روسیا بگرێت لە ناوچەكەدا كە پێی وایە ئێران بە پڵپشتی روسیا دەستی گرتووە بەسەر عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و بەحرەیندا و بەردەوام هەژمونی لە فراوانبوندایە. پێشتر لە 7ی سێپتێمبەری 2016 رۆژنامەی واشنت پۆست باسی لە ئەگەری بەرپابوونی 10 جەنگ كردووە كە لە ئەنجامی شەری داعشەوە و لەدوای داعش هەڵدەگیرسێن كە بەشێكیان تا ئێستا رویانداوە و بەشێكیشیان لەئەگەری رودانیدان، ئەو 10 جەنگەی رۆژنامەی واشنتن بۆست ئاماژەی بۆ كردوون بریتین لە:. 1- شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. 2- شەڕی توركیا دژی كوردەكانی سوریا 3- شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا و حكومەتی سوریا . 4- شەڕی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی سوریا. 5- شەڕی توركیا دژی سوریا 6- شەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق 7- كوردەكانی هەرێمی كوردستان و هێزە شیعەكانی عێراق 8- شەڕی كورد دژی كورد خۆی 9- شەڕی سوننە دژی شیعە یان كورد لە عێراق 10- شەڕی پاشماوەكانی داعش دژی هەموولایەك لەو 10 شەرە پێشبینیكراون كە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی لە سێپتێمبەری 2016 بڵاویكردەوە و پێشبینی هەڵگیرسانی دەكردن، تا ئێستا زۆرینەی پێشبینیەكان رویانداوە و هاتونەتە دی لەوانە: 1- شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی باكوری سوریا لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. 2- شەڕی توركیا دژی كوردەكانی سوریا 3- شەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق 4- كوردەكانی هەرێمی كوردستان و هێزە شیعەكانی عێراق 5- شەڕی پاشماوەكانی داعش دژی هەموولایەك 6- شەڕی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژی سوریا بۆیە ئەگەری لێدانی سوریا لە لایەن ئەمریكاوە نزیكبوەتەوە و لە ئان و ساتدایە، ئەمریكا ئێستا لەگەڵ ئیسرائیل لە هەوڵی لێدانی سوریادایە بەڵام بەدوای هاوپەیمانی زیاتردا دەگەڕێت بەتایبەتیش فەرەنسا و بەریتانیا، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە كە ئەمریكا دەست لە سوریا بوەشێنێت. رۆژنامەی واشنت لە 7ی سێپتێمبەری 2016 https://www.washingtonpost.com/news/worldviews/wp/2016/09/07/10-new-wars-that-could-be-unleashed-as-a-result-of-the-one-against-isis/?noredirect=on&utm_term=.d089c21472fe
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی DW ڤیكتۆر لیتۆڤكین شارەزایی روسی و چاودێری سەربازی ئاژانسی تاسی روسی هۆشداریدەدات لە مەترسییەكانی وەشاندنی گورزێكی سەربازی و رایدەگەیەنێت لێدانی سوریا دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی دوو زلهێزەكەی جیهان ( روسیا و ئەمریكا ) و بەرپابوونی جەنگی سێیەمی جیهانی و تێیدا چەكی ئەتۆمی بەكاردەهێنرێت و باسیش لەو ئامانجانە دەكات كە ئەگەری هەیە ئەمریكا هێرشیان بكاتەسەر. DW: ئاستی ئەو هێرشە چاوەڕەوانكراوەی ئەمریكا چۆن دەبێت و بنكەی حمێمیم یەكێك دەبێتە لە ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: بڕوام وایە هێرشی سەربازی ئەمریكا بۆ سەر سوریا تەنها خۆی لە موشەكی كروز " تۆماهۆك" دا دەبینێتەوە لە رێگەی كەشتی " دۆناڵد كۆك " و " پۆرتەر" كە ئێستا لە كەنارەكانی سوریا نزیكدەبنەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانم لە دەریای ناوەڕاست هیچ كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكای لێ نییە، لەبەرئەوە وایدەبینم كە هێرشەكە تەنها بە موشەكی " تۆماهۆك" ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەربارەی ئامانجە چاوەڕوانكراوەكان ، ژمارەیەك ئامانجی هەمەجۆر هەن لە نێویاندا بارەگای دەستەی ئەركانی گشتی سوریا، بنكە و فڕۆكەخانە سەربازییەكانی سوریا، بە دووریشی نازانم كە كۆشكەكانی سەرۆكی سوریاش بگرێتەوە، دەمەوێت ئاماژە بەوەبدەم كە سەرباز و شارەزایانی روسیا لە هەموو بنكە و فڕۆكەخانە سەربازییەكاندان، كە ئەركیان هاوكاریكردنی سەربازانی سوپای سوریایە لە شەڕیاندا دژی گروچە تیرۆریستییە چەكدارەكان، لەبەرئەوە ئەگەرێكی گەورە هەیە كە روسەكانیش رووبەڕووی بۆردومان ببنەوە، كە ئەوەش دەرەنجامی زۆر مەترسیداری لێدەكەوێتەوە. و سەرۆكی دەستەی ئەركانی سوپای روسیا ڤالێری گراسیمۆڤ هۆشداری دایە ئەمریكا لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی روسیا لە بۆردومانی ئەمریكادا، لەو حاڵەتی بۆردومانكردنیاندا وپای روسیا هەوڵی پوچەڵكردنەوە و رێگریكردن لە موشەكەكان دەدات و سەرچاوەكانیان بۆردومان دەكات، لەسەر بنەمای ئەو هۆشدارییە وایدەبینم كە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێش بە ئامانجگرتنی روسیا پێویستە زۆر بەباشی بیربكاتەوە، چونكە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی سێیەمی جیهانی. DW: ئەوە بەواتای ئەوە دێت كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا دەبێتە هۆی رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی روسیا و ئەمریكا؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: لەوانەیە گورزە سەربازییەكە ببێتە هۆی رووبەڕووبونەوەی مەترسیداری دوو زلهێزەكە، بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیش لەو رووبەڕووبونەوەیدا بە دوور نازانم، بەرپرسیارێتییەكی گەورە لەسەر شانی روسیا و ئەمریكایە، هەردووكیان خاوەنی چەكی ئەتۆمین و هەردوو وڵاتە خاوەنی نزیكەی 1500 كڵاوەی ئەتۆمین، جگە لەوەش ئەمریكا خاوەنی نزیكەی 200 بۆمبی ئەتۆمییە لە كیشوەری ئەوروپا، لەبەرئەوە شەڕەكە دەرەنجامی زۆر مەترسیداری دەبێت لە حاڵەتی بەرپابووونیدا. DW: ئەی سەبارەت بە هاوسەنگی هێز لەسەر خاك لە سوریا؟ ڤیكتۆر لیتۆڤكین: پێشبینی ناكەم كە گورزە سەربازییەكەی ئەمریكا ئەگەر روویدا كاربكاتە سەر هاوسەنگی هێز لە سوریا، ئۆپۆزسیۆنی سوریا یەكگرتوونین و لێكدابڕاون، و هیچ هێزێكیان نییە لەسەر زەوی، و لە حاڵەتی بەرپابوونی شەڕ لە نێوان روسیا و ئەمریكا، رۆڵی یاریزانە ئیقلیمییەكان تەنها خۆی لە تەماشاكردندا دەبینێتەوە ئومێد دەكرێت خۆیانی تێ هەڵنەقورتێنن. • ڤیكتۆر لیتۆڤکین: چاودێری سیاسی روسیی لە ئاژانسی تاسی روسی و عەقیدی خانەنشین وەرگێڕانی : نامیق رەسول
ئامادەكردنی: فازل حەمە رەفعەت كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دواین پەرەسەندنەكانی سوریا و دەنگۆی بەكارهێنانەوەی چەكی كیمیایی لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە دەستیپێكرد. سێ پرۆژە بڕیار لەبارەی سوریاوە لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشدایە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات: • پرۆژە بڕیاری یەكەم: پرۆژە بڕیارێكی ئەمریكایە، داوای دانانی میكانیزمێكی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ دەكات سەبارەت بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە سوریا، ئەگەرچی ئەم پرۆژە بڕیارە دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستهێنا، بەڵام لەلایەن روسیاوە ڤیتۆ كرا. • پرۆژە بڕیاری دووەم: ئەمەش پرۆژە بڕیارێكە كە روسیا ئامادەی كردووە و داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی نوێ دەكات لە هەموو ئەو هێرشە كیمیاییانەی كە لە سوریا رویانداوە، ئەم پرۆژە بڕیارە دەنگی پێویستی ئەنجومەنی ئاسایشی بەدەستنەهێنا، دەنگی 6 وڵاتی بەدەستهێناو 7 وڵات رەتی كردەوە دەنگی پێویست لە ئەنجومەنی ئاسایش لە كۆی (15) وڵاتی ئەندام پێویستی بە بەڵێی (9) وڵاتی ئەندام هەیە. • پرۆژە بڕیاری سێیەم: ئەم پرۆژە بڕیارەش بە هەمان شێوە لەلایەن روسیاوە ئامادەكراوە، داوا دەكات تیمی لێكۆڵەرانی سەربە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی سەردانی شاری دومای سوریا بكەن، پێناچێت ئەمریكا رێگە بە تێپەڕبوونی ئەم پرۆژە بڕیارە بدات. تیمی لێكۆڵینەوە دەگاتە سوریا رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی رایگەیاند، تیمێكی لێكۆڵینەوە رێكخراوەكە سەردانی شاری دومای سوریا دەكەن بۆ لێكۆڵینەوە لەو راپۆرتانەی كە باس لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەكەن لەو شارە. رێكخراوەكە داوای لە حكومەتی سوریا كرد ئاسانكاری بكات بۆ تیمەكانی تاوەكو سەردانی شوێنی روداوەكە بكەن. روسیا و ئێران كە دوو وڵاتن هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاوە بەرگرییان لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد كردووە، رەتیدەكەنەوە سوپای سوریا چەكی كیمیایی بەكارهێنابێت و داوا لە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی دەكەن تیمی لێكۆڵینەوە رەوانەی سوریا بكات. كەشتیەگەلی ئەمریكا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەكەوێت سبەینێ كەشتی فڕۆكەهەڵگری "هاری ترومان" لەگەڵ ژمارەیەك كەشتیگەلی جەنگی تری ئەمریكا لە بنكەی دەریایی (نۆرفۆلك) لە ویلایەتی ڤێرجینیاوە بەرەو ئەوروپا و دواتریش ناوچەی خۆرهەڵاتی بەڕێدەكەوێت، ئەمە بەگوێرەی راپۆرتیێكی رۆژنامەی (Stars and Stripes)ی ئەمریكی. بەپێی قسەی ئەو رۆژنامە ئەمریكییەكە، ئەو كەشتیگەلە (6 هەزارو 500) سەربازی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. رۆژنامەكە هیچ زانیارییەكی لەبارەی جوڵەی گەشتیگەلی ئەمریكا بە ئاڕاستەی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا نەكردووە، بەڵام جموجوڵەكە هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی ئەمریكا بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی سوریا دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن حكومەتی دیمەشقەوە لە شاری دۆما كە ناوچەیەكە لەژێر دەستی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆندایە. پێشتریش رۆژنامەی (Wall Street Journal) ئاشكرایكرد، كەشتی جەنگیی دووەمی ئەمریكا لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست، كەشتی (دۆناڵد كوك) یش رۆژی دوو شەممە بەندەری قوبرسی بەجێهێشت و بە ئاڕاستەی سوریا كەوتەڕێ، ئەم كەشتییە 60 موشەكی باڵداری جۆری (تۆماهۆكی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە). بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان هاوكات لەگەڵ جموجوڵە سەربازییەكانی ئەمریكا و هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە رژێمی سوریا، چەند رۆژێكە سوپای سوریا كەوتوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. بەریتانیاش هەڕەشە دەكات لەلایەكی ترەوە خاتوو بینی موردۆنت وەزیری گەشەپێدانی بەریتانیا رایگەیاند، حكومەتی بەریتانیا تاوتوێی دەستوەردانی سەربازی دەكات لە سوریا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا. لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا بەریتانیا بەشداری دەستوەردانی سەربازی دەكات لەدژی ئەو هێرشە كیمیاییەی كە لە شاری دۆمای سوریا رویدا، وەزیرەكەی بەریتانیا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) وتی: ئەوە پرسێكە كە ئێستا تاوتوێ دەكرێت و حكومەتی بەریتانیا بەڕونی گفتوگۆی لەبارەوە دەكات. بەیانی ئەمڕۆ تیریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەبارەی پەرەسەندنەكانی سوریاوە بە تەلەفۆن لەگەڵ هەریەكە لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و دواتریش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا قسەی كرد.
لە راپۆرتێكی شیكاری وردا ڕۆژنامەی (هائاریتس)ی ئیسرائیلی باس لە وون بوون و دیارنەمانی كەشتیە نەوت هەڵگرەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لە كاتی گواستنەوە و فرۆشتنیان بەرەو ئیسرائیل. سەرەتای راپۆرتەكە بەوە دەست پێدەكات و دەنوسێت: كە چاودێری كەشتیە هەڵگرەكان شتی سەرەنجراكێشی لەپشتەوەیە، بەتایبەتیش دیارنەمانی ئەو کەشتیە نەوتیە بارهەڵگرانەی كە نەوتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهانی توركیاوە دەگوازنەوە. راپۆرتەكەی رۆژنامەی هائاریتس پشتی بەستووە بە زانیارییەكانی سەمیر مەدەنی، بازرگانی نەوتی كوەیتی و خاوەنی سایتی (Tanker Trackers) كە چاودێری كەشتیە نەوتییەكان دەكات ئاماژەی بەوە کردووە، كە بارهەڵگرێكی نەوت كە نەوتی هەرێمی كوردستان باركردبوو لە بەندەری جەیهانی توركیاوە لە 2017 بەرەو نۆكەندی سوێس بەرێكەوتبوو، دوای ماوەیەك رێرەوەكەی گۆڕی و لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست رێرەوەكەی گۆڕی لەبەرامبەر تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل، لەدەرەوەی ئاوە هەرێمایەتیەكانی ئیسرائیل. مەدەنی ئاماژەی بەوەشكردووە دوای چەند رۆژێك لە ونبونی ئەو كەشتیە دەركەوتەوە و بەڵام بارەكەی سوك بوو، لەوێوە بەرەو قوبرس رۆیشتووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیاو بارێكی تری هەڵگرتۆتەوە لەنەوتی كوردستان، هەموو گەشتەكانی ئەو بارهەڵگرە نەوتیە بە ئاڵۆزی بووە، بۆیە مەدەنی پێی وایە ئەو كەشتیە هەڵگری نەوتی تۆمارنەكراوبووە و بە نهێنی نەوتی گەیاندوەتە ئیسرائیل. راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو پرۆسەیە بەو شێوە ئاڵۆزە بەردەوام بووە و لە 21ی مانگی شوباتدا بارهەڵگری نەوتی (مەبروك) لە بەندەری جەیهانی توركیا بڕی ( یەك ملیۆن بەرمیل نەوت)ی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتووە و دواتر بە ناوی( MARO ) لە بەرانبەر كەناراوەكانی ئیسرائیل دەركەوتووە ئەویش دوای بەتاڵكردنی بارەكەی و پاشان گەڕاوەتەوە، بەندەری جەیهانی توركیا. ئەم پرۆسەیە بەردەوام لە گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دووبارە بوتەوە و كەشتییەكان لە نزیك ئیسرائیل ماوەیەك ون دەبن و دوای بەتاڵكردنەوەی نەوتەكەیان رێرەوەكەیان دەگۆڕن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا. بەپێی راپۆرتێكی پێشوی سایتی ( تانكەر تراكەرز) كە تایبەتە بە بەدواداچونی هەناردە و فرۆشتنی نەوت لە رێگەی كەشتیەوە) حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاردا ( 1/3/2018 تا 1/4/2018 ) رۆژانە بڕی (324 هەزار 496 ) بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە كردووە، بەو پێیەش كۆی گشتی دەكاتە( 10 ملیۆن و 148 هەزار و 319 )بەرمیل تەنها لە مانگی ئازاردا. سەبارەت بە فرۆشی نەوت بە وڵاتان راپۆرتەكەی سایتی( تانكەر تراكەرز) ئاماژەی بەوەشكردووە ئیسرائیل كڕیاری سەرەكی نەوتی هەرێمی كوردستانە و (رۆژانە 130 هەزار و 721 بەرمیل ) نەوتی هەرێم بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت كە 40%ی كۆی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات .لەدوای ئیسرائیل یۆنان لە پلەی دووەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمدا دێت كە رۆژی( 87 هەزار و 236 )بەرمیل دەكڕێت كە دەكاتە ( 26.88%)ی كۆی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم. لە دوای یۆنان، كرواتیا لە پلەی سێیەمی كڕیارە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دێت و رۆژانە( 42 هەزار و 94) بەرمیل، واتە 12.97%ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان دەكڕێت. بەڵام بەرپرسانی هەرێم هەمیشە ئاماژەیان بەوەكردووە ئەوان بەشێوەیەكی یاسایی و بەپێی گرێبەتە جیهانیەكان نەوتەكەیان دەفرۆشن بە كۆمپاینیاكانی كڕینی نەوت و ئەوان خۆیان چۆن و بەچی میكانیزمێك دەیفرۆشن و بە كێی و چی وڵاتێكی دەفرۆشن ئەوان خۆیان دەزانن و لە بەرپرسیارێتی ئێمەدا نامێنێت.
كۆمپانیای دانە غاز لە بەیاننامەیەكدا كە لەسەر پێگەی رەسمی خۆی بڵاویكردوەتەوە رایگەیاندووە كە 14 ملیۆن و 400 ملیۆن دۆلاری دەست كەوتوە لە پشكی خۆی لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان ئەومش لە بەرامبەر فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان. كۆمپانیاكە راشیگەیاندووە، كە ئەو بڕە پارەیەی دەستی كەوتووە بەشێك نیە لە پشكی كۆمپانیاكە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستی دەكەوێت بۆ خەرجی وەبەرهێنان و خەرجی بەكاربردن.
بەپێی ئەو لیستەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە ( رەوتی حیكمەی نیشتیمانی) كە عەمار حەكیم سەرۆكایەتی دەكات لە پارێزگای سلێمانی ( 17 ) كاندیدی هەیە بۆ پەلەرمانی عێراق و هاوپەیمانی نیشتیمانی كە ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات ( 3 ) كاندیدی هەیە لە پارێزگای سلێمانی، هاوپەیمانێتی ( نەسر) كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتی دەكات ، لە پارێزگای سلێمانی 11 كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەو پێیەش ئەو سێ لیستە 31 كاندیدیان هەیە لە پارێزگای سلێمان.
بەكر بۆزداغ وتەبێژی حكومەت توركیا رایدەگەیەنێت تا چارەسەری سیاسی كێشەی سوریا سوپای توركیا لە عەفرین ناكشێتەوە. بۆزداغ لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی: " گرنگترین شت ئێستا دۆزینەوەی دەرچەیەكی سیاسییە بۆ قەیرانی سوریا و دوای دۆزینەوەی ئەو چارەسەر لە عەفرین دەكشێینەوە." وتەبێژی حكومەتی توركیا ئاماژەیبەوەشدا كە كێشەی سوریا بە رێگاچارەی سەربازی چارەسەر ناكرێت و جەختیشیكردەوە هاوشێوەی ناوچەكانی قەڵغانی فورات توركیا عەفرین رادەستی خەڵكەكەی دەكاتەوە و ئەوان شارەكە بەڕێوەدەبەن لە رێگەی ئەو ئەنجومەنەی پێكیدەهێنن و توركیاش هەموو هاوكارییەكیان دەكات. ئەم لێدوانەی توركیا دوای ئەوە دێت كە ئێران و روسیا داوادەكەن عەفرین رادەستی حكومەتی سوریا بكرێت.
بڕیارە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت بە تاتوێكردنی ئەنجامی لێپرسینەوە لە چەند وەزیرێكی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی و ژمارەیەك لەو پرۆژە یاسایانەی تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە ڕێكبخات. سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە "درەو میدیا" ی ڕاگەیاند: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاریداوە دواین دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمان لە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتو بەڕێوەببات، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان پەرلەمان تۆمەتباركرا بە لەكارخستنی پەرلەمان بەبێ هیچ پاڵپشتێكی یاسایی، لە كاتێكدا ژمارەیەك وەزیری حكومەتی عێراق لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە و لە قۆناغی دەنگدان و یەكلاكردنەوەیاندا ڕاگیراون، وێڕایی كۆمەڵێك پرۆژە یاسا كە دیارترینیان پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی و نەوت و غازە كە پێناچێت لەم خولەدا پەسەندبكرێن، هاوكات پڕۆژە یاساكانی چاودێری تەندروستی و خوێندنی ئیلزامی و كاروباری مەدەنی و توندوتیژی دژی ژنان بە پەسەندنەكراوی ماونەتەوە. سەرچاوەكە وتیشی: بەهۆی سەرقاڵبونی قەوارە سیاسیەكان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كە پێش دانیشتنی پەرلەمان دەستپێدەكات، تەواونەبوونی نیسابی یاسایی و شكستهێنانی ئەو دانیشتنە ئەگەرێكی بەهێزە، وتیشی: ژمارەیەك لە وەزیرانەی كە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا كراوە خۆیان كاندیدكردوەتەوە و ئەوەش پێشێلكردنی دەستورە و سەرۆك وەزیرەكانی عێراق بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرێت، هاوكات ئەوەشی نەشاردەوە كە بەشێك لە كوتلە سیاسیەكان هەوڵی شكستپێهێنانی دانیشتنەكە بدەن تا وەك بانگەشەی هەڵبژاردن دژی لیستەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەكاریبهێنن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان وەڵامی لێدوانێكی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیای دایەوە سەبارەت بە شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان و رایگەیاند بۆچونی لاڤرۆڤ دەربارەی عەفرین زۆر هەڵەیە. ئەردۆغان لە وتەیەكیدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتەكەی وتی" ئێمە باش دەزانین عەفرین رادەستی كێ دەكەین، كەكاتی خۆی هات عەفرین ئەو كاتە عەفرین رادەستی خەڵكەكەی دەكەن و ئەوە ئێمەین وادەی رادەستكردنی عەفرین دیاریدەكەین نەك لاڤرۆڤ." دوێنێ وەزیری دەرەوەی روسیا لە لێدوانێكدا وتی:" ئاسانترین رێگە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخ لە عەفرین ئەوەیە توركیا ئەو شارە رادەستی حكومەتی سوریا بكات و جەختیشیكردەوە كە پێویستە دوای كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون توركیا عەفرین رادەستبكات." رۆژی 20ی كانونی دووەمی رابردوو سوپای توركیا بە هاوكاری ژمارەیەك لە گروپە چەكدارەكانی سوریا هەڵمەتێكی سەربازی بۆسەر عەفرین دەستپێكرد بەناوی "ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون"، شەرڤانانی كورد (57) رۆژ بەرەنگارییان كرد، رۆژی 18ی ئازار سوپای توركیا چووە ناو عەفرین و بەوهۆیەوە شەپۆلێكی گەورەی ئاوارەبوون رویدا.
بەپێی ئەو لیستەی كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە هاوپەیمانێتی ( النصر)ی حەیدەر عەبادی، لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان كاندیدی هەیە. بەپێی لیستەكە هاوپەیمانێتی نەسر لە پارێزگای هەولێر 9 كاندیدی هەیەو لە پارێزگای سلێمانی 11 كاندید و لە پارێزگای دهۆكیش 6 كاندیدی هەیە. واتا لە هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم هاوپەیمانێتیەكەی عەبادی 26 كاندیدی هەیە. كە یەكێك لە كاندیدەكانی رێوشوێنەكانی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەروەری گرتویەتیەوە، كە تایبەتە بە ریشەكێشكردنی بەعس.
بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهە لە پارێزگای نەینەوا رایگەیاند فەرمانێكی نوێی دەستگیركردن بۆ ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەركراوە. بەپێی راگەیەندراوێك كە دەستەی نەزاهە لە ماڵپەڕەكەیدا بڵاویكردوەتەوە دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەسیل نوجێفی لەسەر بنەمای مادەی (340)ی یاسای سزادانی عێراقی دەركردووە، كە تایبەتە بە خەرجكردنی پارە لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزیفی خۆی لەوكاتەدا كە پارێزگار بووە. پێشتریش بەتاوانی قۆستنەوەی پۆستەكەی بۆ كاری نایاسایی، دادگای كەتنی رەسافە لە بەغداد بەبێ ئامادەبوونی خۆی، سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر ئەسیل نوجێفیدا سەپاند.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەوامی خوێندنگەكان ئاسایی بوەتەوە و بایكۆت نەماوە و هەوڵدەدەن ئەو ماوەیەشی فەوتاوە لە هاویندا قەرەبوو بكرێتەوە. دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" سەرجەم ئەو گروپ و رێكخراوانەی پشتیوانیان لە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكرد، ناڕەزایەتییەكانیان هەڵپەساردووە و ئێمەش وەك پەروەردە مافی خۆمان هەر مامۆستایەك دەوام نەكاتەوە ئیجرائاتی لەگەڵدا بكەین و هەر مامۆستایەكیش دەوام نەكات بە نەهاتوو دادەنرێت و لە مووچەكەی دەبڕدرێت." ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی 2ی ئەم مانگە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دڵشاد عومەر بەرێوەبەری گشتی رایگەیاند دۆخی پەروەردە لە مەترسیدایە و تا حەفتەی ئایندە دەرگای قوتابخانەكان نەكرێنەوە پرۆسەی خوێندن لەمساڵدا دەفەوتێت، بۆیە تكای لە مامۆستایان كرد دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە و كۆتایی بە خۆپیشاندانی مامۆستایان بهێنرێت چەندینجاریش جەختیان لەوە كردوۆتەوە كە بەهۆی دەوامەوە هیچ مامۆستایەك سزا نادرێت. هاوكات بەپێی گشتاندنێكی بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات، پشوی ڕۆژانی شەممەی رۆژانی شەمەی لەسنوری پەروەردەكانی پارێزگای سلێمانی هەڵوەشێندرایەوە و دەڵێت هەفتانە شەش رۆژ دەوامبكرێت و رۆژانە شەش وانە بوترێتەوە.