Draw Media

ئەو قەشە ئەمریكییە كێیە كە ئەردۆغان دەیەوێت بە گولەن بیگۆڕێتەوە ؟

ئەو قەشە ئەمریكییە كێیە كە ئەردۆغان دەیەوێت بە گولەن بیگۆڕێتەوە ؟

2018-07-27 13:34:21


(درەو میدیا):
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەی لە توركیا كرد كە رووبەڕووی شەپۆلێك سزای قورس دەبێتەوە ئەگەر دەستبەجێ‌ قەشەی ئەمریكیی " ئەندرۆ برۆنسۆن" ئازاد نەكات كە ئێستا دوای 18 مانگ لە زیندانیكردنی لە توركیا سزای ماڵبەندكردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ترەمپ كە هەمیشە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە هەڵوێست و بۆچوونەكانی رادەگەیەنێت لە تویتێكدا دەڵێت:" ویلایەتە یەكگرتووەكان سزای گەورە بەسەر توركیادا دەسەپێنێت، بەهۆی ئەوەی ماوەیەكی دوورودرێژە قەشە ئەندرۆ برۆنسۆنی دەستبەسەركردووە، ئەو مەسیحییەكی مەزنە و سەرپەرشتیاری خێزانێكە و مرۆڤێكی باشە".
ترەمپ دەشڵێت:" قەشە برۆنسۆن زۆر لە نەهامەتیدایە و پێویستە دەستبەجێ‌ ئەو پیاوی ئایینە بێ‌ تاوانە ئازادبكرێت".
پێش ترەمپیش، جێگری سەرۆكی ئەمریكا مایك پێن هەمان هەڕەشەی راستەوخۆ ئاراستەی سەرۆكی توركیا كرد.
پێنس لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی:" ئەگەر توركیا قەشە برۆنسۆن ئازاد نەكات و رەوانەی وڵاتەكەی نەكاتەوە، ئەوا ویلایەتە یەكگرتووەكان سزای گەورەی بەسەردا دەسەپێنێت".
قەشە ئەندرۆ برۆنسۆن كێیە؟
برۆنسۆن ساڵی 1968 لە دایكبووە و ئێستا تەمەنی 50 ساڵە و ماوەی 23 ساڵە لە شاری ئیزمیری خۆرئاوای توركیا دەژی و سەرپەرشتی كڵێسایەكی ئینجیلی بچوك دەكات لەوێ‌ كە  پەیڕەوكارانی تەنها 25 كەسن.
برۆنسۆن دوو منداڵی هەیە كە لە توركیا لە دایكبوون و بەوتەی پارێزەرەكەی لەماوەی رابردوودا لە ئامادەكاریدا بووە بۆئەوەی داواكاری نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە توركیا پێشكەشبكات.
دوو ساڵ لەمەوبەر قەشە برۆنسۆن دەستگیركرا،  بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان  " پەكەكە " و گروپی فەتحوڵا گولەن تۆمەتباردەكرێت،  كە توركیا ئەو دوو رێكخراوە بە تیرۆریستی دادەنێت و پارێزەرانی برۆنسۆن و ئەمریكاش بەتەواوەتی ئەو تۆمەتە رەتدەكەنەوە.
رۆژی 25ی تەمموزی 2018 دادگایەكی توركیا قەشە برۆنسۆنی ئازادكرد، بەڵام بڕیاریدا ماڵبەند بكرێت، دادگا پێش هەفتەیەك لە دانیشتنێكدا بڕیاریدا دەستبەسەركردنی قەشە برۆنسۆن تا 19ی ئەم مانگە درێژبكاتەوە و ئەمریكاش خوازیاربوو ئازاد بكرێت.


"سازشكردن نییە"
داواكاری گشتی توركیا قەشە برۆنسۆن بە تێوەگلان لە چالاكی گروپەكەی سەربە گولەن و پەكەكە تۆمەتباردەكات، پارێزەرەكەشی دەڵێت كاری لە پێشینەی بەرگریكردنە لە مافی ئازادی برۆنسۆن و ئازادكردنی.
مانگی ئەیلولی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پێشنیازیكرد برۆنسۆن ئازاد دەگەن، ئەگەر واشنتۆن  بەر رێككەوتنێگی ئاڵوگۆڕكردن فەتحوڵا گولەن رادەستی توركیا بكاتەوە، بەڵام واشنتۆن ئەو بیرۆكەیی رەتكردنەوە و هەتائێستاش هەوڵی ئازادكردنی برۆنسۆن دەدات.
دەسەڵاتدارانی ئەمریكا تشرینی دووەم و شوباتی رابردوو بە هێمنی هەموو ئەو تۆمەتانەیان پوچەڵكردەوە كە ئاراستەی 11 پاسەوانی تایبەتی ئەردۆغان كرابوون، كە تۆمەتی هێرشكردنە سەر خۆپیشاندەرانیان ئاراستەكرابوو لە میانی سەردانەكەی ساڵی رابردووی ئەردۆغاندا بۆ واشنتۆن، بەڵام ئەمریكا بە دۆسیەی برۆنسۆندا هەمیشە بیرۆكە و پێشنیازی سازشكردن رەتدەكاتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand