Draw Media

تا ئێستا تەنها بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆكی لیستی یەكلا نەكردۆتەوە 

تا ئێستا تەنها بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆكی لیستی یەكلا نەكردۆتەوە 

2018-07-24 13:30:41



درەو میدیا: 

بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، دوای ئەوەی هەریەك لە سۆران عومەر و عەبدولستار مەجید دیاریكرابوون بۆ سەرۆكی لیستی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ پەرلەمانی كوردستان، دواجار بە قازانجی سۆران عومەر یەكلاكرایەوەو لە ئێستادا كۆمەڵی ئیسلامی لیستەكەی بەسەرۆكایەتی سۆران عومەر ئامادەیە بۆ پەرلەمانی كوردستان.
یەكگرتووی ئێسلامی كوردستانیش مستەفا عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەستنیشان كردووە بۆ سەرۆكی لیستەكەی كە پێشتر باس لە ئەبوبەكر هەڵەدنی و شێركۆ جەودەت دەكرا. 
حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان، عەبدوڵای حاجی مەحمودی برای محەمەدی حاجی مەحمودی كردۆتە سەرۆكی لیست كە لەگەڵ پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان بە لیستی سەردەم بەشداری دەكەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی كردۆتە سەرۆكی لیستەكەی كە بە كەسایەتیەكی نزیكی مەسرور بارزانی دادەنرێت.
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان قوباد تاڵەبانی جێگری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كردووە بەسەرۆكی لیستەكەی، لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی كە رەنگە بۆ خولی داهاتوو سەرۆكی پەرلەمان یان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی بەركەوێت
نەوەی نوێ ئەگەرچی هەوڵی زۆریداوە بۆ ئەوەی كەسایەتیەكی بێلایەنی بەهێزی دەستبكەوێت بیكاتە سەرۆكی لیستەكەی بەڵام بەپێی زانیاریەكان شاسوار عەبدولواحێد خۆی سەرۆكی لیستەكە دەبێت.
هەرچی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریە دوای هەوڵێكی زۆر بۆ دیاری كردنی كەسێكی بێلایەن بەسەرۆكی لیستەكەی بەڵام لە كۆتاییدا بڕیاریانداوە بەرهەم ئەحمەد ساڵح بكرێتە سەرۆكی لیستەكە.
بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا سەرۆكی لیستەكەی یەكلا نەكردۆتەوە، كە پێشتر باس لە عەبدوڵای مەلا نوری دەكرا بۆ سەرۆكایەتی لیستی گۆڕان، بەڵام لە ئێستادا ناوی عەلی حەمە ساڵح و برزۆ مەجیدو عەبدوڵای مەلا نوری هەیە بۆ سەرۆكی لیست، كە هێشتای یەكلا نەكراوەتەوە، كە رەنگە هەمان سیناریۆی دیاریكردنی سەرۆكی لیستی پەرلەمانی عێراق روبداتەوە، كە پێشتر باس لە دانانی ئارام شێخ محەمەد دەكرا، بەڵام دواتر ناوی عەدنان عوسمان و یوسف محەمەد هاتە ئاراوەو دواتر یوسف محەمەد كرا بەسەرۆكی لیست.
وادەی تۆماركردنی ناوی كاندیداكانی پەرلەمانی كوردستان تا رۆژی 25ی تەموزی 2018یە،سبەی سەعات 3 وادەی وەرگردنی ناوی كاندیداكان تەواو دەبێت ئەگەر كۆمسیۆن وادەكە درێژ نەكاتەوە. 
لەگەڵ ئەوەی دەنگۆی دواخستنی هەیە بەڵام، هەڵبژاردنی خولی پێجەمی پەرلەمانی كوردستان بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوو بەرێوە بچێت، كە خولی یەكەم 1992 و خولی دووەم 2005 و خولی سێیەم 2009 و خولی چوارەم لە 2013 ئەنجامدراوەو تا ئێستا بەردەوامە .  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand