كورد دانوستانی بێ مەرج لەگەڵ ئەسەد دەكات.. خەونەكە كۆتاییهات؟
2018-07-28 08:30:18
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
سەرچاوە: بەشی عەرەبی "DW"
بە فەرمی وەفدێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بۆ ئەنجامدانی دانوستانی بێ مەرج لەگەڵ بەشار ئەسەد گەیشتە دیمەشق، ئەوەش لە كاتێكدایە بەرپرسێكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان ئامادەیی هێزە كوردییەكان رادەگەیەنێت بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی ئەسەد لە شەری كۆنترۆڵكردنەوەی ئیدلبدا، ئایا هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەسەد دواهەمین كارتی دەستی كوردە لە رۆژئاوا ؟
ئەمە یەكەمجارە بەرپرسانی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات بچنە دیمەشق بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی سوریا، تائێستا وردەكاری و ئامانجی ئەو دانوستان بە تەواوەتی ئاشكرانەبوون، جگە لەوەی باس لەوەدەكرێت كە داهاتووی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە باكوری سوریا تاوتوێدەكرێت، ئەوەش لەسەر زاری بەرپرسێكی كوردەوە ئاشكرابووە، هەر لە هەمان چوارچێوەشدا هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات ریاز دەرار رایگەیاند پێشبینیدەكرێت سەرەتا دانوستانەكان تایبەت بن لە كاروباری وەك پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، بەڵام ئێستا پیشبینیدەكرێت بەرەوپێشچوونی نوێ هەبێت و دانوستانەكە لەوە فراوانتربێت و وتیشی :" دیدار و كۆبوونەوەكان هەندێكیان ئەمنیین و هەندێكیشیان سیاسیین".
چەند رۆژێك بەر لەم دانوستانە ئاڵدار خەلیل هاوسەركی تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی " تەڤدەم" ئامادەیی كوردی نیشاندا بۆ بەشداریكردن لە ئۆپەراسیۆنی نەهێشتنی تیرۆر لە ئیدلب" ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە دیمەشق رایگەیاند دوای كۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی باشووری سوریا، ئامانجی داهاتووی پارێزگای ئیدلب دەبێت، ئەوەش بەواتای ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا و دیمەنی سوریا دێت.
چی بە دیاریكراوی لە نێوان كورد و رژێمی سوریادا دەگوزەرێت. كورد چ سودێك دەكات لەهەر رێككەوتنێك لەم كاتەدا لەگەڵ سوریا كە ئێستا پێگەیان لاوازە؟
" دواهەمین كێشەی بەردەم ئەسەد"
هەماهەنگی نێوان كورد و رژێمی سوریا ئەگەرچی تا ئێستا راستەوخۆ نەبووە، بەڵام نوێ نییە، و لە ماوەی رابردوودا چەندینجار گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا كوردیان بەوە تۆمەتبار دەكرد كە ئاسانكاریی بۆ حكومەتی سوریا كردووە لە كۆنترۆڵكردنەوەی چەند ناوچەیەكدا، پێش ئەم دانوستانەش هێزەكانی سوریای دیموكرات بەمدواییە چەند رێوشوێنێكی گرتبەر كە وەك ئامادەكارییەك بۆ رێككەوتنێكی خێرا لەگەڵ دیمەشق دەبینرا، وەك رادەستكردنی چەند ناوچەیەكی شاری حەسەكە بە هێزەكانی سوریا و لابردنی وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای كوردستان لە چەند شەقامێك و گۆڕینی ناوی هێزەكانی ئاسایشی كوردی.
ئامادەیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بۆ دانوستان كردن لەگەڵ حكومەتی سوریا دوای دواهەفتە لە لێدوانێكی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا دێت كە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند دوای كۆنترۆڵكردنەوەی رووبەرێكی بەرفراوانی سوریا " تاكە كێشە لەبەردەمیدا " هێزەكانی سوریای دیموكراتە، وتیشی:" سەرەتا ئێستا ئێمە دەرگامان واڵا كردووە بۆ دانوستان ... ئەگەر ئەوە رووینەدا ئەوا پەنا بۆ ئازادكردنی ئەو ناوچانە بە هێز دەبەین ئەمریكییەكان هەبن یان نەبن".
رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە نزیكە لە ئۆپۆزسیۆنەوە باوەڕی وایە سوریا ئێستا چەند تەوافوقێك بەخۆیەوە دەبینێت كە هەندێك لایەن لە لایەن هێز ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە ناچاركراون بچنە نێوی، ئەوەش بە ئامانجی رێكخستنەوەی كارتەكان و بەهۆی دژایەتیكردنی تیرۆرەوە كە بووە بە پاساو بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت دەستوەردان بكەن لە سوریا.
بە بۆچوونی رامی عەبدولڕەحمان كورد بە گوشاری روسیا رەزامەندی نیشانداوە دانوستان لەگەڵ ئەسەددا بكات و بەبێ مەرجیش، رامی لەو بارەیەوە دەڵێت:" هیچ لایەنێك نییە لە سوریا بە ئیرادەیەكی سەربەخۆوە جموجوڵ بكات، رژێمی سوریا كاتێك بانگهێشتنی كورد دەكات بۆ دانوستان لەسەر داواكاری روسیا كردوویەتی كە هەوڵ بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی سوریا دەدات".
هەلێكە بۆ تۆڵەكردنەوە لە توركیا؟
كورد لە رۆژئاوای كوردستان خۆیان بێ پشت و پەنا بینیوە لە رووبەڕووبونەوەی توركیا لە عەفرین كاتێك واشنتۆن پشتی تێكردن، دیمەشق تەنها بە هەڕەشە و بێدەنگی مۆسكۆش لەو كاتەدا وەك هەڵكردنی تیشكی سەوز بوو بۆ ئەردۆغان، لەبەرئەوە هیچ بژاردەیەك لە بەردەم كورددا نەماوە جگە لە دانوستان لەگەڵ ئەسەدن ئەوەش بە بۆچوونی یوخن هیپلەر شارەزای ئەڵمانیی بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو پسپۆرە ئەڵمانییە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی عەرەبی " DW " وتی:" كوردەكان ناخوازنن خۆیان بە گەمارۆدراوی لەلایەن توركیا و رژێمی سوریاوە كە روسیا پشتگیری دەكات، ببینن، بە تایبەتی كە درك بەوەدەكەن ئێستا و زیاتر لە كاتی پێشوو، ناتوانن گرەو لەسەر پشتیوانی واشنتۆن بكەن لە سایەی هەڵوێستە ناجێگیرەكانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاكە قورسە پێشبینی و خوێندنەوەی دروست بۆ هەڵوێست و بڕیارەكانی بكرێت".
ئاماژەدانی لێپرسراوێكی كورد بۆ ئامادەیی هێزە كوردییەكان بۆ هاوكاریكردنی رژێمی سوریا لە شەڕی پارێزگای ئیدلب كە هاوسنوری توركیایە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكاندایە، دەكرێت وەك هەلێك بۆ تۆڵەكردنەوە لە توركیای دوژمنی جێگیری كورد بخوێنرێتەوە، دوای كۆنترۆڵكردنی عەفرین لە ئازاری رابردوودا.
بە بۆچوونی هیپلەر ئەم هەنگاوەی كورد، هەوڵێكە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە رژێمی سوریا لە چوارچێوەی لێكنزیكبوونەوەكانی ئێستا بە تایبەتی كە دوژمنەكە هاوبەشە، بەڵام رامی عەبدولڕەحمان باوەڕی وایە كە كورد هەڵەیەكی گەورە دەكات ئەگەر بە كردەوە لەو شەڕەدا بەشداری بكات و دەڵێت:" باشترە ئەوان كار بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی عەفرین بكەن، نەك قوربانی بە رۆڵەكانیان بدەن".
چارەنوسی خۆبەڕێوەبەریی كورد
هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هێزە كوردییەكانی وەك " یەپەگە و یەپەژە" بڕبڕەی پشتی ئەو هێزانەن و پشتیوانی ئەمریكایان هەیە 28%ی خاكی سوریایان لەژێر دەستدایە، دوای سوپای حكومەتی سوریا دووەم هێزە لەسەر خاكی سوریا و لەم چەند ساڵەی دوایشدا ئەو هێزە كارایی خۆی لە شەڕی دژ بە داعشدا سەلماندووە.
كورد لە سوریا لە شەڕ و ململانێی چەند ساڵی رابردووی سوریادا یەكێك بووە لە لایەن سودمەندەكان، دوای چەندین ساڵ لە ستەمی حكومەتی سوریا بە سەركردایەتی حزبی بەعس، كورد لەسەرەتای قەیرانی سوریادا توانی دوای كشانەوەی هێزەكانی سوریا لە ساڵی 2012 ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵ بكات و سیستمی خۆبەڕێوەبەریی و پاشان سیستنی فیدراڵی پێش دوو ساڵ رابگەیەنێت، ئێستا كورد لە رۆژئاوای كوردستان هەوڵدەدات پارێزگاری لە دەستكەوتە گرنگەكانی بكات كە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەدەستی هێناون، كە ئەوەش وادەردەكەوێت قورس بێت لە كاتێكدا كە دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریادا دەكات پێگەی وەك پێشووتر بەهێز نییە، بەڵام بەرای هیپلەری شارەزای كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای ئەوە پێشبیندەكرێت هەردوو لایەن لە نیوەدا بگەنە یەك بگەنە رێككەوتن و لەو بارەیەوە دەڵێت:" كوردەكان هەوڵدەدەن ئەوەی دەكرێت زۆرترین بەدەستبهێنن، و رژێمی سوریاش ئەگەر رێككەوتن لەسەر مافی ئۆتۆنۆمیی كرا هەوڵدەدات دەسەڵاتیان كەمبكاتەوە و لە كۆتاییدا دوای سازشكردنی هەردوولا دەگەنە رێككەوتن، چونكە رژێمی سوریا هەرچەندە پێگەی لە دانوستاندا بەهێزە، بەڵام لەبەرژەوەندیی نییە بچێتە شەڕەوە لەگەڵ لایەنێكدا كە دوای خۆی دووەم هێزە لە سوریا".
دەربارەی وردەكاریی و سروشتی رێككەوتنەن ئەو پسپۆرە ئەڵمانیا بۆچونی وایە قورسە پێشبینی ناوەرۆكی رێككەوتنەكە بكرێت، بەڵام باوەڕی وایە كە هەر چۆنێك بێت دۆخی كورد ناچێتەوە پێش 2011 و دەڵێت:" باوەڕم وایە كە رژێمی سوریا رەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر ئۆتۆنۆمییەك كە دەسەڵاتی سیاسیی دیاریكراوی هەبێت، بەڵام كوردەكات سودی ئابوریی و بە رادەیەكی زیاتر سەربەخۆیی رۆشنبیری لێ بەدەستدەهێنن".