ئەمریكا 125 ملیۆن دۆلار لە بودجەی پێشمەرگە كەمدەكاتەوە
2018-07-26 21:03:02
درەو میدیا:
بەپێی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی سەربازیی ئەمریكا بۆ 2019, لە كۆی 850 ملیۆن دۆلاری تەرخانكراو بۆ سوپای عێراق، 290 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە دانراوە, لە كاتێكدا لە بودجەی سەربازی ساڵی 2017، ئەمریكا 415 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخانكردبوو، لە بودجەی سەربازی ساڵی 2018 شدا 365 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخانكردبوو, واتا لە 2017 بۆ 2019 ئەمریكا 125 ملیۆن دۆلاری لە بودجەی تەرخانكراو بۆ پێشمەرگە كەمكردۆتەوە.
تەرخانكردنی بودجە لە پرۆژە بودجەی سەربازی ئەمریكا كە بە یاسای (رێپێدانی بەرگریی نیشتمانی) ناسراوە, لەنێو ئەو پارەیەی بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق تەرخانكراوە، بەشێكی بۆ پێشمەرگە دادەنرێت.
ئەگەرچی پێشتر لە یاسای بودجەی ئەمریكا ناوی هێزی پێشمەرگە نەهاتبوو بەڵام لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی سەربازی ئەمریكا بۆ ساڵی 2019 ناوی پێشمەرگە هاتووە، ئەویش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە عێراق، بۆیە لە چوارچێوەی پشتیوانییەكانیان بۆ حكومەتی عێراق، هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەش دەكەن
لەدوای دەركەوتنی چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریا لە 2014 ەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا مەشق و راهێنان بە هێزە سەربازیەكانی عێراق دەكات و لەناویشیاندا هێزی پێشمەرگەی كوردستان.