عەبادی وەڵامی مەرجەعییەت دەداتەوە
2018-07-27 13:09:01
(درەو میدیا):
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی داواكارییەكانی ئەمڕۆ هەینی عەلی سیستانیی مەرجەعە باڵای شیعەكان دەداتەوە كە لە وتاری نوێژی هەینیدا لەلایەن عەبدولمەهدی كەربەلایی خوێنرایەوە.
عەبادی لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەی رۆژنامەوانییەكەی بڵاویكردوەتەوە دەڵێت:" لە ساتی یەكەمی راگەیاندنی چەند داواكارییەك لەلایەن هاوڵاتیانی چەند پارێزگایەكەوە دەستبەجێ وەڵامی هەموو داواكارییە رەواكانمان دایە و وەڵامدانەوەی داواكاریی هاوڵاتیانمان بە خاڵی بەهێز لە قەڵەمدا نەك لاوازیی ن چونكە ئەوان رۆڵەكانی گەلەكەمانن و ئامانجمان خزمەتكردنیانە و دیداریشمان لەگەڵ وەفدی رۆڵەكانی ئەو پارێزگایانە ئەنجامدا و چەندین فەرمانی بەپەلەمان بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكاریانەیان دەركرد كە بە گوێرەی دەسەڵاتە سنوردارمان و توانای دارایی دەكرێت جێبەجێ بكرێن بە گوێرەی لە پێشینە و خشتەی زەمەنی و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و حزمەتگوزاریمان لە پارێزگاكان پێكهێنان و دەستبەجێ دەستیان بەكار كردووە".
عەبادی دەشڵێت:" هەموو ئەوەی مەرجەعیەتی باڵای ئایینی داوایكردووە، چاومان لەسەریەتی هەر لەو كاتەوەی كە فەتوای جیهادی خۆبەخشی دەركرد هەتا وتاری هەینی ئەمڕۆ كە نەخشە رێگای بۆ داهاتووی عێراق و گەل كێشاوە".
عەبادی لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا دەڵێت:" جەخت لەسەر هەڵوێستمان دەكەینەوە لە پشتیوانی هەموو ئەو تێبینی و رێنمایی و داواكارییانەی لە وتاری مەرجەعیەتی باڵادا هاتوون كە دەروازەی سەلامەتین بۆ عێراقێكە بەهێز و گەشەسەندوو سەقامگیر كە تێیدا ئاسایش و دادپەروەریی و سەقامگیری و گەشەكردن بەدیبێت بۆ هەموو رۆڵەكانی و جێگەی گەندەڵكاران و دزەكانی دارایی گشتی تێدا نابێتەوە".
گرنگترین خاڵەکانی وتاری ئەمڕۆ هەینی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، کە شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی پێشکەشیکرد:
٭ هەڵبژاردنەکان بەوشێوەیە بەڕێوەنەچون کە ئومێدەواری بووین، بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆنەوە.
٭ ئامۆژگاری هاوڵاتیانمان کرد بەوەی چاکسازیی و پێشکەوتن بەرەو باشتر تەنها بەدەستی خۆیان نەبێت بەدی نایات.
٭ داوامانکرد یاسای هەڵبژاردن دادپەروەر بێت و کۆمسیۆنیش سەربەخۆ بێت.
٭ دەستدرێژیکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان و کەلوپەلی دامەزراوە گشتییەکان و خۆپیشاندەران ئیدانەدەکەین.
٭ خۆپیشاندانەکان کۆتاییان نەهاتووە،ئەگەر لە ماوەیەکدا هێورببێتەوە ئەوە بە شێوەیەکی گەورەتر سەرهەڵدەداتەوە.
٭ چەندینجار سیاسییە گەورەکانمان ئامۆژگاری کرد چاکسازی بکەن و واز لە پاراستنی گەندەڵکاران بهێنن.
٭ داوا دەکەین پەلەبکرێت لە پێکهێنانی حکومەت لە زووترین کاتدا و لەسەر بنەمای دروست.
٭پێویستە لەسەر سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بەرپرسیارێتی تەواوەتی ئەدای حکومەت لە ئەستۆبگرێت و بەهێز و ئازا بێت.
٭ دەبێت ڕێوشوێنی توند لە دیاریکردنی کابینەی نوێی حکومەت و پۆستە باڵاکان و پلە تایبەتەکاندا پەیڕەوبکرێت.
٭ پێویستە لەسەر دیوانی چاودێری دارایی وردبینی حساباتی خیتامیی بودجەی ساڵانی ڕابردوو تەواوبکات و بەشێوەیەکی شەفاف ئەنجامەکانی ڕابگەیەنێت.
٭ ئەگەر حکومەتی داهاتوو بەڵێنەکانی جێبەجێنەکرد. ئەوا هیچ ڕێگایەک لەبەردەم گەلدا نابێت جگە لە پەرەپێدانی شێوازی ئاشتیانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی.