سیناریۆكەی عێراق لە پاكستان دووبارە دەبێتەوە ؟
2018-07-25 15:16:31
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
دوای هەڵمەتێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی پڕ لە توندوتیژی و خوێن، ئەمڕۆ دەرگای بنكەكانی دەنگدان لە پاكستان بەڕووی دەنگدەراندا كرایەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئەمڕۆی پاكستان بە "پیسترین هەڵبژاردن" لە مێژوی پاكستان دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی تۆمەتباركردنی هێزە چەكدارەكانی ئەو وڵاتە بە هەوڵدان بۆ یاریكردن بە سندوقەكانی دەنگدان.
پاكستان كە ژمارەی دانیشتوانەكەی 200 ملیۆن كەسە، بە یەكێك لە ئابورییە تازە گەشەكردووەكانی جیهان دادەنرێت و تاكە وڵاتی ئیسلامییە كە خاوەنی چەكی ئەتۆمی بێت.
ئەم وڵاتە ساڵی 1947 سەربەخۆیی بەدەستهێناوە، نیوەی ماوەی ئەو (70) ساڵەی كە پاكستان دروستبووە، سوپا حوكمی وڵاتی كردووە. هەڵبژاردنی ئەمڕۆ دووەم هەڵبژاردنە لە مێژووی پاكستاندا كە لەڕێگەیەوە حكومەتێكی مەدەنی دەسەڵات رادەستی حكومەتێكی مەدەنی تر بكات.
سەرباری ئەمە هێشتا رۆڵی سەرباز لە پاكستان لاواز نەبووە، بەهۆی ناكۆكی و بەریەككەوتنی نێوان نەواز شەریفی رێبەری پارتی پەیوەندی ئیسلامی و دامەزراوەی سەربازی خاوەن هەژمون، خەڵكێكی زۆری پاكستان بێئومێدن لە رودانی گۆڕانكاری لە وڵاتەكەیان.
بەرپرسانی پارتەكەی نەواز شەریف دەڵێن ئەندامەكانیان روبەڕوی هەڵمەتێكی بەرفراوانی دامەزراوەی ئەمنی بونەتەوە، ئەوەش بە یارمەتی دامەزراوەی دادوەری وڵات، بەگوێرەی زانیارییەكان 17 هەزار ئەندامی پارتەكەی نەواز شەریف لەلایەن دادگاوە تۆمەتباركراون بە پێشێلكردنی یاساكانی هەڵبژاردن.
ئەمە جگە لە هەڵمەتی چاودێریكردن و فشاری توند لەسەر میدیاكان و بەشداریكردنی گروپە چەكدارەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
چاودێرانی ناوخۆیی پاكستان دەڵێن، دامەزراوەی سەربازی جارێكی تر گەڕاوەتەوە بۆسەر گەمە كۆنەكانی و پشتیوانی لەو كاندیدانە دەكات كە خۆی دەیەوێت دەرچن بۆ پەرلەمان.
لیژنەی مافەكانی مرۆڤی پاكستان رایگەیاند" هەندێك هەوڵی ئاشكراو دوژمنكارانە هەن بۆ یاریكردن بە ئەنجامی هەڵبژاردن، ئەوەش كارێكە كە لێكەوتی وێرانكەری دەبێت لەسەر دەرفەتی گۆڕانی پاكستان بەرەو وڵاتێكی دیموكراتی كارا".
مۆتەكەی سوپا بەسەر ژیانی سیاسی پاكستانەوە
ئەمڕۆ لەكاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدان، لە شاری "كویتا" لە باشوری خۆرئاوای وڵات تەقینەوەیەكی خۆكوژی رویداو بەهۆیەوە 30 كەس كوژران.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئەمنی پاكستان، خۆكوژەكە ویستویەتی بچێتە ناو بنكەیەكی دەنگدانەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگرییان لێكردووە، بۆیە خۆی تەقاندوەتەوە.
رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" بەرپرسیارێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ گرت.
رویدانی هێرشەكە لەكاتێكدا بوو، دامەزراوەی سەربازی پاكستان 371 هەزار پۆلیسی خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ پاراستنی پرۆسەكە.
هەڵبژاردنی پاكستان بە ژمارە
• ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان: 272
• ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە: 106 ملیۆن كەس
• ژمارەی كاندیدە ژنەكان: 171 كاندید
كەسایەتی و پارتە ركابەرەكان
یەكەم: پارتی پەیوەندی ئیسلامی
ئەم پارتە نەواز شەریفی تەمەن (68 ساڵ) سەرۆكایەتی دەكات، شەریف كە ئێستا لە زینداندایە بۆ ماوەی سێ خول سەرۆك وەزیرانی پاكستان بووە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا مافی خۆكاندیدكردنەوەی لێسەندرایەوە، ئەوەش بەهۆی تۆمەتباركردنی بە دۆسیەی گەندەڵی دوای ئاشكرابونی دۆسیەی "نوسراوەكانی پەنەما".
دوای ئاشكرابوونی دۆسیەی "نوسراوەكانی پەنەما"، نەواز شەریف، پاكستانی بەجێهێشت و ڕووی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا كرد، كە ژنەكەی لەوێ دەژی و دوچاری نەخۆشییەكی كوشندە بووە.
بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو حوكمە یاساییەی (10 ساڵ زیندانیی) كە پێشتر بۆی دەركرابوو، سەرەتای ئەم مانگە نەواز شەریف بەشێوەیەكی كتوپڕ لەگەڵ "مریەم"ی كچی گەڕایەوە بۆ پاكستان، لەگەڵ گەیشتنیدا دەستگیركرا.
نەواز شەریف سوپا تۆمەتبار دەكات بە پیلانگیڕی لەدژی، ئەوەش وەكو خۆی دەڵێ بەهۆی رەخنەكانی ئاشكراكانی ئەو لە سوپا و بانگەوازەكانی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پاكستان و هیند، ئەمەش تۆمەتێكە كە سوپا رەتیدەكاتەوە.
دوای دەستگیركردنی نەواز شەریف، براكەی كە ناوی (شەهباز)ە سەرۆكایەتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی پەیوەندی ئیسلامی گرتەئەستۆ و دەیەوێت لەڕێگەی بردنەوەی هەڵبژاردنەوەی خۆی بگەیەنێتە پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی پاكستان.
شەهبازی برای نەواز شەریف لەبەردەم میدیاكانی پاكستاندا
دووەم: پارتی ئینساف
عیمران خان كە تەمەنی (65 ساڵ)ە و یاریزانێكی بەناوبانگی جیهانی پێشووی یاری "كریكێت"ە سەرۆكایەتی ئەم پارتە دەكات.
ئەم یاریزانە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە هاتوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی پاكستانەوە، بەڵام نەیتوانیوە بگاتە سەر كورسی سەرۆك وەزیران.
ژمارەیەكی زۆر لە چاودێران وای دەبینن عیمران خان باشترین كاندیدی دامەزراوەی سەربازی پاكستان بێت، لەبەرئەوەیە كە دامەزراوەی سەربازی هەوڵی لێدان لە دەرفەتی بردنەوەی لایەنە ركابەرەكانی دەدات لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكەدا، هەریەكە لە عیمران خان و دامەزراوەی سەربازی ئەم تۆمەتە رەتدەكەنەوە، بەڵام عیمران خان لە لێدوانێكدا ژەنەراڵ باجوا فەرماندەی سوپای پاكستانی بە "گەورەترین پاڵپشتكاری پرۆسەی دیموكراتی لە هەموو مێژووی پاكستان" ناوبرد.
یەكێكی تر لەو تێبینییانەی كە لەسەر عیمران خان هەیە ئەوەیە ژمارەیەك گروپ پاڵپشتی دەكەن كە پرسیاریان لەسەرە، لەناویاندا گروپێكی سیاسی نزیك لە بزوتنەوەی تالیبانەوە.
عیمران خان.. یاریزانێك كە چاوی لە كورسی دەسەڵاتە
سێیەم: پارتی گەلی پاكستان
بیلاوال بۆتۆ زەرداری كە تەمەنی (29 ساڵ)ە و كوڕی سەرۆك وەزیرانی كۆچكردوو بەینەزیر بۆتۆ و دەرچووی زانكۆی ئۆكسفۆردە، سەرۆكایەتی ئەم پارتە دەكات.
ئەمە یەكەم هەڵبژاردنە كە پارتی گەلی پاكستان لەژێر سەركردایەتی بۆتۆی كوڕدا بەشداری دەكات، بیلاوال بۆتۆ هاوكات نەوەی زولفەقار عەلی بۆتۆ سەرۆك وەزیرانی كۆچكردوی پاكستانە كە حەفتاكانی سەدەی رابردوو ژەنەراڵ زیا حەق لە كودەتایەكدا لەسێدارەیدا.
بیلاواڵی لاو دەڵێ ئەو دەیەوێت خەونی دایكی بەدیبهێنێت لە " بنیادنانی پاكستانێكی ئاشتیخواز و دیموكرات و پێشكەوتوو و گەشەكردوو".
بیلاوال بۆتۆ.. گەنجێك كە دەوێت خەونى دایكی بەدی بهێنێت
كێ هەڵبژاردن دەباتەوە ؟
كێبركێی توندی هەڵبژاردنەكە لەنێوان پارتی "ئینساف" و پارتی "پەیوەندی ئیسلامی"دایە، پێشبینی دەكرێت بەهۆی پشتیوانی سوپاوە پارتەكەی عیمران خان هەڵبژاردنەكە بباتەوە، لەمەشدا پەنجەی تۆمەتی ساختەكردنی پرۆسەكە بۆ فەرماندەكانی سوپا رادەكێشرێت.
رەنگە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاكستان هاوشێوەی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری عێراق گومانی ساختەكاری باڵی بەسەردا بكێشێت و پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ببات.