بەرهەم ساڵح چانسێكی تر تاقیدەكاتەوە
2018-07-26 08:39:36
درەو میدیا:
خاوەنی گوتارێكی رەوان و سەرنج راكێشە، سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێكی دیارە، هەموو تواناكانی خستە خزمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، بەڵام بەرهەمێكی كەمی چنیەوە.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح، ئەو پیاوەی سەرۆكی دوو كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانانی عێراق و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، ئێستا لە دواین پرۆژەی سیاسیدا سەرۆكایەتی هێزێكی سیاسی نوێ دەكات بەناوی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری".
لەیەكەم ئەزموندا وەكو سیاسییەكی سەربەخۆ و سەرۆكی پارتێكی سیاسی، بەرهەم ساڵح لە پرۆسەی هەڵبژاردندا گلا و بە ئامانجەكەی نەگەیشت، ئەو هۆكاری گلانەكەی بۆ ساختەكاری پلان بۆ داڕێژراوی هاوڕێكانی پێشووی لە یەكێتی نیشتیمانی دەگەڕێنێتەوە.
بەرهەم ساڵح لە یەكەم تاقیكردنەوەدا
رۆژی 12ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح وەكو نوێترین هێزی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان یەكەم چانسی خۆی لەو هەڵبژاردنەدا تاقیكردەوە.
ئەگەرچی گوتار و هەنگاوەكانی بەرهەم ساڵح لە بنەڕەتەوە زیاتر بەرەو ئاڕاستەی هەرێم و دۆخی هەرێم بوو، بەڵام چووە یارەكەی بەغدادەوە، بەرهەمی بەرهەم ساڵح لەو پرۆسەیەدا چنینەوە تەنیا (2) كورسی بوو، لە یەكەم بەشداریدا چانسێكی خراپی هێنا.
بەپێی ئەنجامی فەرمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی زیدی بەرهەم ساڵح، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە پلەی شەشەمدا بووەو (46967) دەنگی بەدەستهێناوە كە دەكاتە تەنها (1) كورسی.
لە پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمیش، هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح لە پلەی چوارەمدا بوو، ( 50561) دەنگی بەدەستهێنا كە بەهەمان شێوەی سلێمانی (1) كورسی مسۆگەركرد، لە دهۆكیش دەنگەكانی نەگەیشتە ئاستی كورسییەك.
هاوپەیمانێتییەكەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكانی دیكەدا تانەیان لە ئەنجامەكانداو رایانگەیاند، ساختەكاری زۆریان لێكراوە، داوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكانیان كرد.
دوای ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان، ئەنجامەكە هەر بە دڵی هاوپەیمانی نەبوو، بەپێی ئەنجامی نافەرمی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان، هاوپەیمانی لە نێوان پلەی پێنجەم و شەشەمدایە لە پارێزگای سلێمانی بە جۆرێك، لە ناوەندی پێشڕەو ژمارە 126102 وێستگەی ژمارە 1، لیستی هاوپەیمانی لە پلەی شەشەمدایە كە 19 دەنگی هێناوەو دەكەوێتە دوای پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە كە 21 دەنگی هێناوە.
بەپێی ئەو رێژەیەی كە لەلایەن، ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی لە پەیامی ماڵئاواییدا ئاماژەی بۆكرد" هاوپەیمانی هێزی شەشەمە لە سلێمانی و 1836 دەنگی بەدەستهێناوەو پارتی هێزی سێیەمە و 3001 دەنگی بەدەستهێناوە، بزوتنەوەی گۆڕان ( 6220 ) دەنگ و یەكێتی (5495) دەنگیان بەدەستهێناوە.
لە پارێزگای هەولێریش بەپێی ئەو ئەنجامە نافەرمییانەی بڵاوكراونەتەوە، لە ئەژماری دەستیی دەنگەكان، هاوپەیمانی هێزی چوارەمە، بەگوێرەی خشتەیەك كە 15 سندوقی لە خۆگرتبوو، هاوپەیمانی (338) دەنگی بەدەستهێناوەو لەدوای پارتی و یەكێتی و نەوەی نوێوەیەو پلەی چوارەمی گرتووە.
بەراوردێك لەنێوان بەرهەم ساڵح و شاسوار عەبدولواحید
ئەگەر بەراورد بكرێت لەنێوان دەنگەكانی هاوپەیمانی و (نەوەی نوێ) كە دوو پارتی سیاسی بوون بۆ یەكەمجار 12ی ئایار بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، دەردەكەوێت (نەوەی نوێ) دوو ئەوەندەی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) كورسی هێناوە، لە سلێمانی (نەوەی نوێ) چوارەم و (هاوپەیمانی) پلەی شەشەمە، لە هەولێریش (نەوەی نوێ) دووەم و (هاوپەیمانی) لە پلەی چوارەمدایە.
هۆكارەكانی كەمی دەنگی هاوپەیمانی
زەرەرمەندی سەرەكی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح بوو، خۆی هۆكاری سەرەكی زیانەكە بۆ ساختەكاری دەگەڕێنێتەوە، هەندێك كەس وا لێكیدەدەنەوە، لەو هەڵبژاردنەدا بەرهەم ساڵح بەپلەی یەكەم لەلایەن یەكێتی نیشتیمانییەوە بە ئامانجگیراوە، چونكە ئەگەر هاوپەیمانی دەنگ و كورسی زۆری بهێنایە، رەنگە كاریگەری لەسەر ناوخۆی یەكێتی هەبوایە، بۆیە تەركیزی سەرەكی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار لەسەر هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح بوو.
بەڵام ئەمە تەنیا هۆكار نەبوو بۆ گلانی هاوپەیمانی لە یەكەم ئەزمونی پێشبڕكێی هەڵبژاردندا، یەكێك لە هەڵەكانی هاوپەیمانی و بەرهەم ساڵح كە هۆكار بوو بۆ ئەو گلانە، پەلەكردنیان بوو لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لەكاتێكدا هێشتا پارتە نوێیەكە نەكەوتبووە سەرپێی خۆی و بنكەی رێكخراوەیی و میدیایی و دارایی و جەماوەری تۆكمە نەبوو بوو، كە دەبوو خۆی زیاتر ئامادە بكردایە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە بنەڕەتەوە گوتار و تەركیزی و روئیای هاوپەیمانی و بەرهەم ساڵح ئاڕاستەی هەرێم و دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو، نەك بەغداد.
ئێستا كە بەرهەم ساڵح لەبەردەم دووەم تاقیكردنەوەدایە كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، دروست نازانرێت گوتاری چۆن دەبێت، بەڵام سەرباری ئەو شكستە، خۆی و هاوپەیمانێتییەكەی چەندین خاڵی هێز و لاوازیان هەیە، كە دەبێت بەشێوەیەكی هاوسەنگ كار لەسەر هەردوكیان بكات، ئەگەر بیەوێت لە دەرگای سەركەوتن بدات.
یەكەم/ خاڵە بەهێزەكانی هاوپەیمانی
1- ئەم هێزە تێكەڵەیەكە لە رەوتە سیاسییە جیاجیاكان، لیبراڵ، ئیسلامی، سەربەخۆ و ..، ئەگەر بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ ئەم فرەجۆرییەدا بكرێت، رەنگە لە هەڵبژاردندا دەنگێكی زۆری دەنگدەرانی پێ كێش بكرێت.
2- بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە لەڕووی وتاربێژییەوە لەناو سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان باشترینە، بەڵام خاوەنی گوتارێكی نەرمە خۆ ئەگەر گوتارەكانی تۆزێك رادیكاڵتر بكات بەرامبەر بە هێزە دەسەڵاتدارەكان، رەنگە بتوانێت ژمارەیەكی زیاتر لە دەنگی دەنگدەران بۆ هاوپەیمانێتییەكەی كێش بكات.
3- بەرهەم ساڵح لەو ماوەیەی سەرۆكی حكومەت بوو، بەهۆی لەباری دۆخی ئابورییەوە ژمارەیەك پرۆژەی جێبەجێ كردووە لەوانە "تواناسازی و سلفەی زەواج، قەرزی بچوك و قەرزی عەقار"، دەتوانێت لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەم پرۆژانە بداتەوە بە گوێی دەنگدەراندا بۆ كێشكردنی دەنگ و سۆزیان بۆ هاوپەیمانێتییەكەی، بەڵام ناكرێت ئەمە بكاتە بانگەشەی سەرەكی چونكە خاڵی لاوازیشی هەیە.
4- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دوای دروستبونی یەكجار بەشداری هەڵبژاردنی كردووە، ئەویش هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بوو، هاوپەیمانی ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنەی رەتكردەوە و باسی لەوەكرد ساختەكاری گەورە بەرامبەر بە دەنگەكانی كراوە، دەتوانێت هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خۆی وەكو ستەملێكراوێك نمایش بكات و لەو رێگەیەوە سۆزی دەنگدەران بۆ خۆی راكێشێت.
دووەم/ خاڵە لاوازەكانی هاوپەیمانی
1- هاوپەیمانی لە یەكەم بەشداریكردنی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو لە 12ی ئایار، توشی شكستێكی گەورە هات، ئەمە دەكرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەری لەسەر دەنگدەرەكانی دابنێت و نائومێدی لای لایەنگرانی دروست بكات، دەرفەتی بەخشینەوەی ئومێدیش زۆر كەمە، بەهۆی ئەوەی ماوەی نێوان هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو و هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول، ماوەیەكی كەمە.
2- لاوازی گوتاری سیاسی هاوپەیمانێتییەكە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار شتێكی ئەوتۆی نوێی بە دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان نەوت، ئەگەر بەهەمان گوتارەوە بچێتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پێناچێت بتوانێت سۆزی دەنگدەران بۆ خۆی كێش بكات، میدیای ئەم حزبە میدیایەكی تەقلیدییە و شتێكی نوێی بۆ دەنگدەران نەخستوەتەڕوو، بە واتایەكی تر لەدایكبوونی میدیاكەی لە بارودۆخی هەڵبژاردندابوو، نەكەوتە سەرخۆی.
3- بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە تائێستا بەروونی جیابونەوەی تەواوەتی خۆی لە یەكێتی نیشتیمانی رانەگەیاندووە و زیاتر وەكو مینبەرێك لەناو یەكێتی مامەڵە دەكات، ئەمە دەنگدەرانی دوردونگ كردووە، زۆرێك لە دەنگدەران هەمان ئەو گومانانەیان هەیە كە لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان هەیانبوو، كە پێیانوابوو گۆڕان بەشێكە لە یەكێتی و جیابونەوەكەی سیناریۆی سیاسییە.
4- بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە لەو ماوەیەی كە سەرۆكی حكومەت بووە چەندین رەخنەی لەسەرە، بەتایبەتی كوژرانی خۆپیشاندەران، دەكرێت لایەنە ركابەرەكان ئەم بابەتە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا لەسەر هاوپەیمانێتییەكەی گەورە بكەن.
5- بەرهەم ساڵح خاوەنی پێگەیەكی بەهێزە لەناو سەركردەو فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتیدا، بەڵام نەیتوانیوە تەوزیفیان بكات و بیانخاتە خزمەتی هاوپەیمانێتییەكەیەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لەو كەسە نزیكانەی پاشەكشێی لێ بكەن و چیتر پاڵپشتی نەكەن.
6- نارونی گوتاری هاوپەیمانی و بەرهەم ساڵح بەرامبەر بە پارتی و خودی مەسعود بارزانی، كە تەواوی پۆستە هەستیارو بڕیارەكانی هەرێمی كوردستان لەلای ئەوانە، زیاتر و وتەو لێدوانەكان و هەڵوێستەكانی هاوپەیمانی نەرم و خاترگرتنی پێوە دیاربوو بەرامبەر بە پارتی.
7- سەرنەكەوتن لە درووستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە ناڕازیەكان و بەتایبەتیش گۆڕان، چونكە بیرۆكەو بنەمای درووستبوونی هاوپەیمانی هەوڵدان بوو بۆ كۆكردنەوەی هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵات و درووستكردنی بەرەیەكی بەهێز.
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی بەڕێوەبچێت، دەبێتە ئەزمونێكی یەكلاكەرەوە بۆ هاوپەیمانی و خودی بەرهەم ساڵح، ئەگەر دەنگ و كورسی زۆر بەدەستبهێنێت، ئەوا بەرهەم ساڵح بە گوڕوتینێكی گەورەوە دێتەوە ناو گۆڕەپانە سیاسییەكەو دەبێتە كارەكتەرێكی كاریگەر، خۆ ئەگەر وەك هەڵبژاردنی رابردوو بەهەر هۆكارێك دەنگ و كورسییەكانی كەم بێت، خۆری هاوپەیمانی و پێگەی خۆشی بەرەو ئاوابون دەچێت.
بەڵام ئاوابوونی خۆر بەواتای كۆتایی هاتنی ژیانی سیاسی نیە بەو پێیەی چانسی بەرهەم ساڵح هەمیشە كراوەیە لەناو هێزەكانی دیكە و یەكێتی و بەردەوام لەسەر سینیەك زێڕ سەرۆكی كابینەی حكومەت و سەرۆككۆماری بۆ دەخرێتە بەردەم، لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لە هاوپەیمانی و لیستی جیا.