ئاساییشی هەولێر دوو مامۆستای ئایینی بەداعشبوون تۆمەتبار دەكات
2018-07-24 18:16:32
درەو میدیا:
"مەلا سەلیم شووشكەیی،پەرمانتارەی پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی،كەسێكە سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعشە و لە دادگا فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە و پێویستە دەستگیر بكرێت" ئەمە وتەی تاریق نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێرە، كە لەدوای روداوەكەی بینای پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی رێوشوینەكان ئاماژەی بۆكردووە.
لەبەرامبەردا سەلیم شوشكەیی لە راگەیەنراوێكدا وتویەتی" زۆر بەتوندی ئەو ئەتۆمەتانە ڕەت دەكەمەوە بە هەوڵێكی دەزانم بۆ ناشرین كردنی كەسایەتیم، دەمێكە هەوڵی ناشرین كردنمان ئەدەن بەڵام سوپاس بۆ خوا گەلی كوردستان لەوە هۆشیاترە به درۆ دەلەسەكانیان باوەڕ بكات"
شوشكەیی ئاماژە بەوەش دەكات " هیچ گومانی تێدا نیە هەركەسێك لەئەلفو بای یاسا بزانێ لەو ڕاستیە تێدەگات كە هەركەس پەیوەندی بە هەر گروپێكی تیرۆرستیەوە هەبێت ناتوانێت كاندیدی پەڕلەمان بێت و و ڕەزامەندی خەڵك بەدەست بێنێت"
پێدەچێت روداوی پەلاماری بینای پارێزگای هەولێر بیانویەكی باشی دابێت بەدەستی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئاساییشی پارتی، كە پلانەكانی بۆسەر لایەنگران و مامۆستایانی ئایینی كۆمەڵی ئیسلامی چڕ بكاتەوە و بەشێك لە لایەنگران و ئەندامانیان بەتۆمەتی داعش بوون و نزیكی لەگروپە توندڕەوەكان دەستگیر بكات.
لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ماڵپەری رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان تارق نوری بەرێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە" مەلا ئیسماعیل سووسەیی سێ حەفتەیە دەستگیر كراوە و ددانی بەوەدا ناوە كە بەیعەتی بە داعش داوە , لە ھەولێر خەریكی جێبەجێكردنی پیلانێكی تیرۆریستی بووە و چەندین چەكیش لە ماڵەكەیدا گیراوە, بۆیە زانیمان شتێكی لەبەردەستە و دەیەوێ پیلانێك جێبەجێ بكات"
ئەگەرچی مەلا ئیسماعیل سووسەیی سەربە كۆمەڵی ئیسلامی نیە، بەڵام ئەوەی گومانەكە زیاتر دەكات بۆچی لەو كاتانەی داعش لەوپەری بەهێزیدا بووەو چەندین جاریش نزیك بۆتەوە لە هەولێر بەتایبەت لە ساڵانی 2014, 2015 , 2016, ئەو مامۆستایانە پلانەكەیان جێبەجێنەكردووەو نەچونەتە ناو داعش بەڵام لە ئێستادا كە داعش بەتەواوی لاواز بووەو لە ناوچەكە دووركەوتۆتەوە، ئاساییش درك بەو پلانە دەكات.
لە چەند ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنیەكانی پارتی لە هەولێر چەندین هەنگاویان نا بۆ دەستگیركردنی لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامی بەتۆمەتی جۆراوجۆر و هاوكات دورخستنەوەی ئەو مامۆستا ئایینیانەی كە سەر بە كۆمەڵی ئیسلامی كە لە ماوەی رابردوودا هەریەك لە مامۆستا ئیدریس كاریتانی و مامۆستا نادر كانی كوردەیی دوورخراونەوە لە وتاردان.
رەنگە كۆمەڵی ئیسلامی و لایەنگرانی باجی هەڵوێستەكانی كۆمەڵی ئیسلامی و جموجوڵ و بەشداری جدیان بێت لە پرسە سیاسی و خۆپیشاندانەكاندا، هاوكات بەردەوام كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی پێگەیەكی جەماوەری بەهێز بووە لە شاری هەولێر و لە هەڵبژاردنی رابردوودا دوو پارلەمانتاری هەبوو.
رەنگە بەشێكی ئەو هەنگاوانەی هێزە ئەمنیەكان دەستواڵاكردنیان بێت بەپەسەندكردنی یاسای ( تیرۆر) كە رۆژی 1/7/2018 بۆ جاری چوارەم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە ماوەكەی درێژكرایەوە.
یاسای ژمارە 3 ی بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا لە 18 ماددە پێكهاتووە، رۆژی 3-4-2006 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسندكراوە، تاوەكو ئێستا 4 جار لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە ماوەی كاركردن بەو یاسایە دوو ساڵ، دوو ساڵ، درێژكراوەتەوە. دوایینجار رۆژی 1/7/2018 بۆ جاری چوارەم پەرلەمان ماوەی یاساكەی درێژكردەوە.