دەنگی هێزەكان لە 1992 بۆ 2014 لە پارێزگای هەولێر. راپۆرتی شیكاری/ محەمەد رەئوف ئەگەرچی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو پەیوەستە بە پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێزەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی لەماوەی چوارساڵی رابردوودا كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە رویانداوە كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و پێگەی هەرێمی كوردستان هەبووە، بۆیە ئەو كاریگەریانەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ پێگەی هێزەكان، ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو كاریگەریانەی لەسەر پێگەی هەرێم درووستی كردوو دواتریش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری بەدوای خۆیدا هێنا، هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر گۆڕینی نەخشەی هێزە سیاسیەكانی هەرێم درووست دەكەن و رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی حكومەت و بڕیاری سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسی هێزەكان بەبێ گۆڕانكاری لە پێگەی هێزەكان لە هەولێر كاریگەریەكی ئەوتۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان درووست ناكات، چونكە هەولێر هەم پایتەختی هەرێم و ئەم شوێنی بریاری سیاسی و هەم قۆرخكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانە، گۆڕانكاری لە نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی سیاسی و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان. پێگەی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر یەكەم/ هەڵبژاردنی 1992 لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 لە پارێزگای هەولێر كە (340000) مافی دەنگدانی هەبوو(335827) دەنگیدا بەرێژەی ( 77.6%) لەو پارێزگایە ئاستی دەنگەكان بە جۆرێك بوو كە، پارتی دیموكراتی كوردستان (152143) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (45.9%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (148352) دەنگ بە رێژەی (44.4%) و لیستی ئیسلامی (11092) بە رێژەی (3.3%) و حیزبی شیوعی (11047) بەڕێژەی (3.3%) دەنگیان بەدەست هێنا، پارێزگای هەولێر لەیەكەم هەڵبژاردندا دەنگی یەكێتی و پارتی زۆر نزیك بوو لەیەكەوە، بۆیە كەڵكەڵەی یەكلاكردنەوەی شوناسی هەولێر بۆ یەكێكیان هەرزوو پەیدا بوو، بۆیە یەكێتی سلێمانی و پارتی هەولێریان بۆخۆیان یەكلاكردەوەو شەڕی هەیمەنەی هەولێریان كرد و لە شەڕی ناوخۆ ماوەیەك بۆ یەكێتی یەكلا بوەوەو دواتر پارتی لە 31ی ئابدا هەیمەنەی خۆی بەسەر هەولێردا چەسپاند و تا ئێستاش ئەو هەیمەنەیە بەردەوامە و لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە گۆڕان لە پێگەو نەخشەی هێزەكان لەو پارێزگایە درووست بكات. دووەم/ هەڵبژاردنی 2005 بەڵام لە هەڵبژاردنی 2005 دا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پارتی و یەكێتی بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كرد بەلام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا بە لیستی جیابوو بۆیە ئاستی دەنگی حیزبەكان لەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت، لەو هەڵبژاردنەدا (647994) كەس دەنگیان دابوو، تەنها (4) لیست توانیان كورسی مسۆگەر بكەن ئەوانی تر دەنگی پێویستیان نەهێنا، لیستی دەنگی دیموكراتی كوردستان كە لە (پارتی و شیوعی و ژمارەیەك حیزب پێكهاتبوو) كە (347772 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بە رێژەی (53.7%) دەنگەكان و لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (244343) دەنگ بەریژەی بەڕێژەی (37.7%)و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (22523) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (3.5%) و كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (18781) دەنگی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (2.9%)، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە غیابی یەكێتی لەو شارە لەدوای روداوەكانی 31ی ئاب یەكێتی توانی نزیكەی 38%ی دەنگی ئەو پارێزگایە مسۆگەر بكات و پارتی كۆمەڵێك هێزی دیكەش نزیكەی 54%. سێیەم/ هەڵبژاردنی 2010 بەلام لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 ی پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (917685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان (306775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%) دەنگەكان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (124632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) و لیستی گۆڕان توانی (103397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و كۆمەڵی ئیسلامیی ( 70662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (51065) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، لە دوای درووست بونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئیدی یەكێتی دەنگەكانی لە پارێزگای هەولێر زۆر دابەزی بۆ 18% واتا بە بەراوردی 2005 بەرێژەی 20% دابەزی و دەنگی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی لە پارێزگای هەولێر پەرت بوو . چوارەم/ هەڵبژاردنی 2014 بەڵام پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە (936557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (354735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48% ) و ، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (168688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) و لیستی گۆڕان توانی (104059) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (80492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (26323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا رێژەی دەنگی لایەنەكان زیاتر بوو لە پارتی كە پارتی 45% و لایەنەكانی تریش زیاتر لە 50%ی دەنگەكانیان مسۆگەر كردووە. ئەگەر لە دەنگ و رێژەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ورد بیتەوە دەردەكەوێت ئاستی دەنگی لایەنەكان لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەو پێیەی پارێزگای هەولێر لەژێر هەیمەنەی پارتیدا بووەو جموجول و چالاكی هێزەكانی سنورداركردووەو دۆخێكی سیاسی وای خوڵقاندووە، كە تەواوی پۆست و بڕیار و پرۆژەكانی ئەو ناوچانە لەژێر هەیمەنەی پارتی خۆیی و بۆ گیرفانی خۆی بووە. ئەگەرچی ململانێی توندی هێزەكان لە پارێزگای سلێمانی گەرم بووەو ئەوەش لە قازانجی دەنگی پارتیە لە هەولێر و دهۆك، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت هەڵبژاردنی داهاتوو گۆرانكاری لە پێگەو دەنگ و رێژەی لایەنەكاندا درووست بكات بەتایبەتیش لە پارێزگای هەولێر، بەو پێیەی پارتی دەسەڵاتداری ناوچەكە بەرپرسی پلە یەكی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ناسەقامگیری كوردستان بووە، بەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و بەم دوایانەش سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەیوەندیەكان و نەوت و ناوخۆ هەمووی لەدەستی پارتیدا بووە بۆیە بەرپرسیارێتی سەرەكی دەكەوێتە ئەستۆ، هاوكات ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو دۆخە پڕ لە قەیرانەی بەدوای خۆیدا هێنای دارێژەرو پلانی سەرەكی ئەنجامدانی لە دەستی پارتی و سەرۆكی پارتیدا بووە ئەو سیاسەتەش هۆكاری سەرەكی داروخانی ژێرخانی ئابوری و سیاسی و روخان و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان بووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و هەرێمایەتی و جیهانیش. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەموو ئەو بارودۆخانەی كە رویان داوەو رێوشوێنە توندەكانی كۆمسیۆنی عێراق بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەكاری گۆڕانكاری لە دەنگ و رێژەی دەنگەكانی هێزە باڵادەستەكانی كوردستان لە پارێزگای هەولێر درووست بكات، بە درووستكردنی هەرجۆرە گۆڕانكاریەكیش لە دەنگی هێزەكان لە پارێزگای هەولێر راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان درووست دەكات.، بەتایبەتیش ئەو زنجیرە خۆپیشاندانانەی كە لەماوەی رابردوودا رویاندا هەیمەنەی دەسەڵاتی پارتی لە ترس و تۆقاندن و سەركوتكردن تێكشاند، كە ئەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی دەنگدەر ترسی نەبێت لەوەی دەنگ بە هێزوو لایەنی دیكە بدات.
بە مەبەستی دادگاییكردنی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی مامەڵەی مادەی كیمیاویان لەگەڵ حكومەتی بەعس كردوە، ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرجەم بەڵگەنامەی رەسمییەكانی دادگاییكردن و حوكمدانی تاوانبار عەلی حەسەن مەجید-ی وەرگرتوەتەوە. ئارام شێخ محەمەد، لە نوسراوێكدا بۆ دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، ئەو بەڵگەنامانەی وەرگرتۆتەوە، بڕیارە كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات پشتبەست بەو بەڵگەنامە، سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیانە تۆماربكەن كە مامەڵەی مادەی كیمیاویان لەگەڵ حكومەتی بەعس كردوە. جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیجی خۆی بڵاویكردوەتەوە، كە جگە لە رادەستكردنی ئەو بەڵگەنامانە، لەسەر ئەركی خۆی لە چوارچێوەی 29 تابلۆی چاپكراو، سەرجەم ئەو بەڵگەنامەی پێشكەش بە بەشی دۆكیۆمێنتەكانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە كرد.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقی لە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر جیادەكاتەوە، چەند ژنێكن كە لە ژمارەیەك بازنەی هەڵبژاردن، كاندیدی ژمارە یەكن و سەرۆكایەتی لیستەكانیان پێسپێردراوە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە هەر 18 پارێزگاكەی عێراق سەرۆكایەتی لیستێكی دیاریكراو دەكەن گەیشتوەتە حەوت ژن. ئەمە هەوڵێكە بۆ شكاندنی هەژمونی پیاوان بەسەر لیستەكانی هەڵبژاردن و ركابەری كردن لەسەر كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنەكەدا. هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان لەم هەڵبژاردنەدا پشتیان بە رەگەزی مێ بەستووە، لەم هەڵبژاردنەدا بەو هیوایەی بتوانن سود لە (كۆتا)ی دیاریكراو بۆ ژنان وەربگرن و زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن. لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار: • لە بەغدادی پایتەخت كە زۆرترین كورسی لە پەرلەماندا هەیە، ژنێك سەرۆكایەتی لیستێك دەكات، ئەوەش پەرلەمانتار (ماجدە تەمیمی)یە كە سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " سائرون" دەكات و هاوپەیمانێتییەكە پێكهاتووە لە (رەوتی سەدر و حزبی شیوعی عێراق و چەند حزبێكی مەدەنی تر). • لە پارێزگای بابل (حەنان فەتلاوی)ی كە لە دوو خولی پێشوودا پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بوو، سەرۆكایەتی لیستی " ئیرادە" دەكات. • لە پارێزگای دیوانیە پەرلەمانتار (هودا سەجاد) سەرۆكایەتی لیستی هاوپەیمانی " نەسر" دەكات كە حەیدەر عەبادی سەرۆكی وەزیرانی سەرۆكایەتی دەكات و پێشبینی دەكرێت ئەو هاوپەیمانێتییە زۆرترین كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەستبهێنێت. كاندیدكردنی ژنان وەك سەرۆكی لیست لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشی گرتوەتەوە، لە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان (چوار) ژن سەرۆكی لیستن: • لە پارێزگای سلێمانی (شلێر عەبدولمەجید) كاندیدی ژمارە یەكی لیستی حزبی شیوعی كوردستانە. • لە پارێزگای دهۆك (ڤیان سەبری) سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە. • لە كەركوك (جوان حەسەن) سەرۆكی لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە. • لە سلێمانی (تانیا تاهیر) سەرۆكی لیستی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستانە. دانان و دیاریكردنی كاندیدی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا ناكۆكی گەورەی لە نێو قەوارە و هاوپەیمانێتییەكاندا لێكەوتەوە، چونكە كاندیدەكان بڕوایان وایە بەدەستهێنانی ژمارە (یەك) لە لیستەكاندا سەركەوتنیان لە هەڵبژاردندا مسۆگەر دەكات، بەڵام لە راستیدا ئەوە بەندە بە هەڵوێستی دەنگدەران و ئارەزویان لە دەنگداندا.. بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق: • (6 هەزارو 904) پاڵێوراو هەن • پاڵێوراوەكان لەلایەن (25) هاوپەیمانێتی و (63) قەوارەی سیاسییەوە كاندیدكراون • كاندیدكراوەكان كێبركێی دەكەن لەسەر بردنەوەی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ – فازل حەمەڕەفعەت رۆژێك دوای لیست و لایەنە عێراقییەكان، ئەمڕۆ لیستە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیان دەستپێكرد. هەر لیستێك بەپێی بۆچون و بەرژەوەندی هەڵبژاردنی خۆی لە شار و ناوچەیەكەوە هەڵمەتەكەی دەستپێكرد. بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا (9) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، هەڵمەتی بانگەشەی ئەمجارەی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەستپێكرد. دیاریكردنی هەولێر بۆ دەستپێكردنی بانگەشە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە بێ ئامانج و مەغزا نەبوو، گۆڕان كە لەدوای رێگریكردن لە سەرۆكی پەرلەمان و دەركردنی وەزیرەكانی، ئامادەگییەكی لاوازی لە هەولێر هەبوو، بە راگەیاندنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەولێر و سەردانی سەركردەكانی بزوتنەوەكە بۆ ئەو شارە، جارێكی تر گەڕایەوە پایتەخت. قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە وتاری دەستپێكی كردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا وتی: " هەولێر تەنیا هی حزب یان بنەماڵەیەك نییە، بۆیە ئێمە لێرەوە دەستمانپێكرد". یەكێك لەو كەسانەی كە بەشداری مەراسیمی كردنەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە هەولێر، یوسف محەمەد سادق سەرۆكی لیستی گۆڕان بوو لە سلێمانی، یوسف محەمەد كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە، لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستانەوە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە رێگری لێكرا بچێتەوە بۆ هەولێر، ئەمە یەكەمجار بوو سەردانی هەولێر بكات، بەڵام ئەمجارەیان وەكو سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نا، بەڵكو وەكو كاندیدێك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی كرد. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ بەهەمان شێوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێرو لە هۆڵی (بابیلۆن) هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد، بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە بەشداری مەراسیمەكەی كرد. بڕیارە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رۆژی چوار شەممە لە هۆڵی (تەلاری هونەر) لە سلێمانی مەراسیمێكی تری بانگەشەی هەڵبژاردن بەڕێوەببات. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لەم هەڵبژاردنەدا لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا بە یەك لیست بەشداری دەكەن، بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی ئێستای حزبەكە و ئەمینداری پێشوو هەروەها رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی لە هەولێر دەستپێكرد. لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا یەكگرتووی ئیسلامی (4) كورسی بردەوە، بەڵام بزوتنەوەی ئیسلامی هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا. بەر لە دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لەناو لایەنە ئیسلامییەكاندا هەوڵێك خرایەگەڕ بۆ دروستكردنی لیستێكی ئیسلامی، بەڵام هەوڵەكە شكستیهێنا. سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی بە یەك لیست لەگەڵ یەكگرتوو دەچێتە هەڵبژاردنەوە، بەڵام لیستەكە هەر بە ناوی یەكگرتووی ئیسلامییەوەیە و كاندیدی بزوتنەوەی ئیسلامی لەناو لیستەكەدا هەیە. كۆمەڵی ئیسلامی كۆمەڵی ئیسلامی بەر لە هەموو لیست و حزبە كوردییەكان لە كەركوك هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێكرد و عەلی باپیر ئەمیری حزبەكە بەشداری مەراسیمەكەی كرد. كۆمەڵ لە كەركوك لیستی جیاوازی نییە و بە لیستێكی هاوبەش بەناوی " نیشتمان" لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەشداری دەكات. نەوی نوێ لیستی نەوەی نوێ كە یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، ئاهەنگی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی بردە دەڤەری راپەڕین و لە گوندی (قوڕەگۆ)ی نزیك لۆفەكانی گڵەزەردی نزیك رانیە. سەرۆكی حزبەكە لە وتاری دەستپێكی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند، بەمەبەست دەڤەری راپەڕینیان كردوەتە شوێنی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشە، چونكە ئەم ناوچەیە سیمبوڵی راپەڕینە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا (21) كورسی بردەوە، تائێستا مەراسیمی گەورەی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو تەنیا پەیامێكی بڵاوكردوەتەوە و كاندیدەكانیشی دەستیان بە بانگەشە كردووە. پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات و لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەراندا (28) كورسی بەدەستهێنا، بەهەمان شێوەی یەكێتی نیشتیمانی تائێستا مەراسیمی گەورەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام بڕیارە رۆژی دوو شەممە بانگەشە دەستپێبكات. هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12ی ئایار بەڕێوەدەچێت، رۆژی 14ی مانگ لە عێراق و رۆژی 15ی مانگ لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، بەپێی رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق 24 كاتژمێر بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، هەڵمەتی بانگەشە رادەگیرێت.
راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت سەرەتایەكی پێویست دوای جەنگی جیهانی یەكەم، وڵاتانی زلهێز هەرسێ ویلایەتی (بەغداد، بەسرە، موسڵ) یان بەپێی رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ) لەچوارچێوەی وڵاتێكی نوێدا بەناوی (عێراق) یەكخست. لە رۆژی 11 ی تشرینی دووەمی 1920، عێراق بوو بە ئەندام لە كۆمەڵەی گەلان لەژێر ئینیتدابی بەریتانیادا، ئینگلیزەكان بۆ جێگیركردنی وڵاتە نوێیەكە، شۆڕشی 1920ی عێراق و شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفیدیان لە كوردستان سەركوتكرد. ساڵی 1921 بەسەرۆكایەتی وینستۆن چەرچڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆنگرەی قاهیرە بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دیاریكرا، كۆنگرەكە پێشنازی كرد ریفراندۆمێك سازبدرێت بۆ دانانی شا فەیسەڵ، 23ی ئابی 1921 فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دانرا. كانونی دووەمی 1924 كە عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بو، هەڵبژاردنێك بەڕێوەچو بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دامەزراندن، ئەوە یەكەم هەڵبژاردن بو لە مێژووی نوێی عێراقدا، شیعەكان كە دژی ئینتیدابی بەریتانیا بون، هەڵبژاردنەكەیان بایكۆت كرد. ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكە یەكەمین دەستوری بۆ عێراق نوسییەوە، تەموزی 1924 دەستوری عێراق پەسەندكرا، لە 21ی ئازاری 1925 شا فەیسەڵ دەستورەكەی ئیمزا كرد، لە دەستورەكەدا سیستمی حوكمڕانی عێراق بە سیستمی (پادشایەتی دەستوریی) دیاریكرا لەگەڵ بوونی حكومەتێكی پەرلەمانیی و دوو ئەنجومەنی یاسادانان بەمشێوەیە: • ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم ئەنجومەنە چوار ساڵ جارێك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت • ئەنجومەنی پیران (ئەعیان): ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی لەلایەن پادشاوە دەدەنرا بەشێوەیەكی گشتی مێژوونوسان مێژووی عێراق بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەكەن: • قۆناغی یەكەم: رژێمی پادشایەتی 1921-1958 • قۆناغی دووەم: رژێمی كۆماریی 1958 تاوەكو ئێَستا لە هەردوو قۆناغەكەدا چەندین پەرلەمان هەبوون كە نوێنەرایەتی گەلیان كردووە. سەردەمی پادشایەتی و یەكەم پەرلەمان لە مێژووی عێراقدا ساڵی 1925 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەشێوەیەكی گشتی لە قۆناغی پادشایەتیدا 16 خولی پەرلەمانی هەبووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پەرلەمانانە خولی یاسایی خۆیان تەواو نەكردووە و پێشوەخت هەڵوەشێندراونەتەوە جگە لە سێ خولی پەرلەمانی نەبێت، بۆ نمونە 1953 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچووە، بەڵام سەرۆك وەزیران داوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردوەو بەوهۆیەوە 1954 دیسان هەڵبژاردن بەڕێوەچوە، هەر هەمان ساڵ جارێكی تر هەڵبژاردن كراوەتەوە. تاوەكو روخانی سیستمی پادشایەتی لە ساڵی 1958 لە عێراق (10) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، هەر لەو ماوەیە زیاتر لە (50) حكومەت پێكهێنرا، ئەمەش نیشاندەری ناسەقامگیری دۆخی سیاسی عێراقە لەو سەردەمەدا. لەم سەردەمەدا ئەنجومەنی نوێنەران یاخود پەرلەمان ناوی (كۆمەڵەی نیشتیمانی) لێنراوە. سیستمی كۆماری و سەردەمی قاسم ساڵی 1958 بە سەرۆكایەتی سەركردەكانی كودەتاكەی 14ی تەموزو ئەفسەرانی ئازادیخواز رژێمی كۆماری راگەیەندرا، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ هەنگاوێك بە ئاڕاستەی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن سەرنەكەوت. سەردەمی بەعسییەكان تاوەكو كودەتای ساڵی 1963ی بەعسییەكان هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەنەچوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەكانیشدا ژیانی دیموكراتی لە عێراق تاوەكو ساڵی 1980 بەتەواوەتی پەكیكەوت، دوای 22 ساڵ راوەستان، 1980 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچو. بەعسییەكان ناوی پەرلەمانیان گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی نیشتیمانی)، ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی سەربە حزبی بەعس بون، هەرچەندە لە 1980وە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدا، بەڵام هیچ یەكێك لە هەڵبژاردنەكان نەیتوانی دیموكراسی لە عێراق بچەسپێنێت. ناوی ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نیشتیمانی (پەرلەمان) لەسەردەمی بەعسدا: • نەعیم حەداد: 1980-1983 • سەعدون حەمادی: 1983-1990 • سەعدی مەهدی ساڵح: 1990- 1996 • سەعدون حەمادی: 1996-2003 دوای سەددام ساڵی 2003 رژێمی بەعس روخێنرا، قۆناغێكی سیاسی نوێ دەستیپێكرد، مارسی 2004 ئەنجومەنی بەڕێوەبردن كە لەلایەن دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانانەوە دانرابو، ئیمزای لەسەر دەستورێكی كاتی كرد، دەستورەكە داوای پێكهێنانی كۆمەڵەی نیشتیمانی ئینتیقالی كرد، بەجۆرێك تەمەنی كۆمەڵەكە لە مانگی كانونی دووەمی 2005 تێپەڕنەكات، ئەركی ئەم كۆمەڵەیە ئامادەكردنی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بوو بۆ عێراق لەگەل دیاریكردنی. لە قۆناغی دوای سەددام حسێندا پەرلەمان ناوی لێنرا (ئەنجومەنی نوێنەران)، یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكی كانونی دووەمی 2005دا بەڕێوەچوو. ئیئتیلافی عێراقی یەكگرتوو هەڵبژاردنەكەی بردەوە و رێژەی 48%ی دەنگەكانی دەنگەكانی بەدەستهێنا، كە ژمارەی دەنگەكانی دەیكردە 140 كورسی لە كۆی 275 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران. ئیتیلافی عێراقی یەكگرتوو وەكو لایەنی براوەی هەڵبژاردنەكە دەستیكرد بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی، لەسەر بنەمای ئەو دانوستانانە، رۆژی 4ی كانونی دووەمی 2005: • حاچم حەسەنی وەكو عەرەبێكی سوننی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا • هەریەكە لە حسێن شەهرستانی لە پێكهاتەی عەرەبی شیعە و عارف تەیفور لە پێكهاتەی كورد وەكو جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران • جەلال تاڵەبانی لەسەر پێكهاتەی كورد وەكو سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا • ئیبراهیم جەعفەری لەسەر پێكهاتەی شیعە وەكو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا دەستور 15ی تشرینی یەكەمی 2005 دەستوری نوێی عێراق خرایە راپرسییەوە، بەپێی ئەو دەستورە پەیكەری پەرلەمان یاخود ئەوەی پێی دەوترێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەمشێوەیە داڕێژرا: • ئەنجومەنی نوێنەران • ئەنجومەنی فیدراڵ ئێستا ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسییە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن، ئەركی ئەم ئەنجومەنە دەركردنی یاسا و چاودێركردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە. بەشێوەیەكی گشتی لە پاڵ رۆڵی دەركردنی یاسا و چاودێریكردن، دەستور هەندێك ماف و دەسەڵاتی تری بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە لەوانە: • ئیمزاكردنی پەیماننامەكان • دەنگدان لەسەر كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن • هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران سەرۆك كۆمار • پێدانی متمانە بە سەرۆك وەزیران ئەنجومەنی فیدراڵ ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە نوێنەری هەموو ناوچەكانی وڵات، لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان ئەم ئەنجومەنە ناوی لێنراوە ئەنجومەنی پیران، تائێستا ئەم ئەنجومەنە لە عێراق پێكنەهێنراوە و كێشەی لەسەرە. لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە تائێستا ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچووە، ناوی هەندێك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە قۆناغی دوای سەددام: • حاچم حەسەنی: 2005-2006 • مەحمود مەشهەدانی: 2006-2008 • فوئاد مەعسوم: 14ی حوزەیرانی 2010- 11ی تشرینی دووەمی 2010 • ئوسامە نوجێفی: 2010-2014 • سەلیم جبوری: 2014-2018
ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا كە نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق سەرۆكایەتی دەكات لە مەراسیمێكدا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆی بەناونیشانی "عێراقێكی بەهێز و ژیانێكی باش" دەستپێكرد. لە وتارێكدا نوری مالیكی لەبەردەم كاندیدەكانی ئیئتیلافەكەیدا جەختیكرد لەسەر پێویستی كۆتایهێنان بە قۆناغی پشكێنەی سیاسی و هەنگاونان بەرەو ئاڕاستەی قۆناغێكی نوێ بناغەكەی "زۆرینەیەكی سیاسی" بێ كە هەموو پێكهاتەكانی گەلی عێراق بەشداربن تێیدا. مالیكی رایگەیاند، پرۆژەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی بەهێزە دور لەو كەشوهەوا لاوازەی كە هۆكارەكەی پشكێنەیە.. زۆرینەی سیاسی پەرلەمانێكی بەهێز و حكومەتێكی یەكگرتوو و وەزیری بەتوانا بەرهەمدەهێنێت. بەهۆی ناكۆكی نێوان نوری مالیكی و حەیدەر عەبادییەوە، لەم هەڵبژاردنەدا حزبی دەعوە بە دوو لیست بەشداری دەكات، لیستی (دەوڵەتی یاسا) بە سەرۆكایەتی مالیكی و لیستی (سەركەوتن- نەسر) بە سەرۆكایەتی عەبادی.
تایبەت بە درەو/ راپۆرتی شیكاری محەمەد رەئوف لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018 دا حزبەكان بەری رەنجی چوار ساڵی خۆیان دەدورنەوە، كە چوار ساڵی پڕ لە قەیران و گۆڕانكاریی و هەوراز و نشێو بوو، لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا، هەموو ئەو گۆڕانكارییە گەورانەش كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پێگە و سەنگی حزب و لایەنەكانی كوردستان هەبووە، بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكاندا، لێرەدا " درەو میدیا" بەدواداچونی ورد بۆ خاڵی بەهێزو لاوازی ئەو حیزبانە دەكات و بەشێوەیەكی بابەتیانە دەیخاتە ڕوو. یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە لەسەر دەستی ( مستەفا بارزانی) تا ساڵی 1979 لەدوای كۆچی دواییەوە بە نەخۆشی واتا بۆ ماوەی 33 ساڵ، لەدوای ئەویش مەسعود بارزانی كوڕی تا ئێستا سەرۆكی ئەو حیزبەیە واتا بۆ ماوە 39 ساڵ. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 28 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (٧٥٣٠١٤) دەنگی بەدەستهێناوە و ( ١٧ ) كورسی هەیە ( هەولێر 7 كورسی ، سلێمانی 2 كورسی ، دهۆك 8 كورسی ). پارتی زۆرینەی پۆستەكانی هەرێمی كوردستانی لەدەستدابووە بەتایبەتی ( دۆسیەی نەوت، سیاسی ، ناوخۆ ، ئاسایش، پێشمەرگە، ئابوری، پەیوەندی دەرەوە) ئێستاش سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی لایە و سەرۆكایەتی هەرێمیشی هەر لای خۆی هێشتوەتەوە، واتا بە 34%ی كورسییەكانی پەرلەمانەوە 85%ی پۆستە هەستیارو باڵاكانی هەرێمی لایە، بۆیە زۆرترین بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ لە هەموو قەیرانەكاندا، لێرە باس لە خاڵی لاواز و بەهێزی ئەو پارتە دەكەین. ا- خاڵی لاوازی پارتی بۆ هەڵبژاردن: 1-شكستی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستانی دەكەوێتە ئەستۆ بەو پێیەی 85%ی جومگە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی كوردستان لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. 2- بڕیاری سیاسی و ئیداری لای پارتی بووە، بۆیە شكستی سیاسەتی حكومەتداری هەرێم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی. 3- شكستی ئابوری سەربەخۆ كە پارتی لە بانگەشەكارانی سەرەكی بووە بۆیە دەكەوێتە ئەستۆی پارتی. 4- شكستی سیاسەتی نەوتی هەرێم كە سەرچاوەی زۆرینەی كارەسات و نەهامەتییەكانی هەرێم، بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی پارتیە، بەو پێَیەی نوێنەرانی پارتی لە حكومەت و پەرلەمان بانگەشەیان بۆ كردووە و گرێبەست و رێككەوتنیان كردووە. 5- دەستبەرنەدانی سەركردەكانی پارتی لە دەسەڵات بە تایبەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە دوای ئەوەی دوو خولی 8 ساڵی تەواوكرد، دەستبەرداری پۆستەكەی نەبوو، 2 ساڵی تری بۆ درێژكرایەوە، دواتریش وازی نەهێنا و زیاتر لە 2 ساڵی تر سەرۆكایەتی كرد، تا شكستی ریفراندۆمەكە، كە خۆی وتی ئەگەر سەركەوتوو نەبووم ئەوا ئامادەی هەموو شتێكم ، بۆیە وازیهێنا. 6- داخستنی پەرلەمانی كوردستان و رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان و شكاندنی هەیبەتی پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، بۆیە تا ئێستاش ئەو دامەزراوەیە لە تێكشاندایە و هەڵنەستاوەتەوە. 7- سەركوتكردنی ئازادییەكان و گرتن و سوكایەتیكردن بە چالاكان و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان. 8- لەدەستدانی 51%ی خاكی باشووری كوردستان، كە بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو پێیەی بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی 25ی ئەیلولەوە بووە، كە ئەوەش مەسعود بارزانی رێبەرایەتی كردووە و بەرپرسیارێتی شكستەكانی خستوەتە ئەستۆی خۆی وەك لە كاتی هەڵمەتەكەدا چەندین جار ئەوەی دووپاتكردوەتەوە. 9- لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوچەكە و كورد. 10- تێكچونی یەكڕیزی و ناوماڵی كورد، كە دەوترێت بەشی زۆری خۆبەگەورەزانین و لوتبەرزی پارتی بووە بەرامبەر بە هێزەكانی دیكە. 11- شكستهێنان لە سوپا و پێشمەرگە كە تا ئێستاش ئەو هێزانە دابەشبوون بەسەر دوو حیزبەكەدا و ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆش لای پارتیە. 12- شكستی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی كە لای پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەبری قۆستنەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و كورد بەرامبەر بە داعش لە جیهاندا، كە هاوسۆزی گەورەی نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا راكێشابوو، بەڵام هەموو ئەوانە لەدەستدران. 13- شكستی پەیوەندییەكانی هەولێر لەگەڵ بەغداد، كە ئێستا حكومەتی بەغداد بەتەواوی زاڵ بووە بەسەر هەرێمدا، ئەوەش دەرئەنجامی شكستی پلانەكانی حكومەتی هەرێم بوو بەرامبەر بە بەغداد، كە بڕیارەكان لای پارتیەوە دەدران. 14- تێكچونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردی پارچەكانی تر بەتایبەتی باكور و رۆژئاوا، ئەوەش لەبەرامبەر پشتیوانیكردنی پارتی لە توركیا و دژایەتیكردنی پرسی گەلی كورد لە باكور و رۆژئاوا. ب- خاڵی بەهێزی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-هێشتا دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستانە و بەهۆی كۆنترۆڵكردنی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتەوە، سەرچاوەی ئابوریی و دارایی و هێز و میدیا لەلای خۆی ماوەتەوە. 2- سەرەرای ئەو نەهامەتیانەی بەهۆی ریفراندۆمەوە روبەرووی خەڵكی كوردستان بوەوە كە پارتی خاوەنی بووە، بەڵام لە كۆتاییدا توانی باشی تەوزیف بكات و تەواوی شكستەكانی ریفراندۆمی خستە ئەستۆی باڵێكی ناو یەكێتی و بە خیانەتكار لەقەڵەمیدان. 3- هێزێكی سەنتراڵەو رێكخراوە بە بەراورد بە هێزەكانی دیكە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كەمتر دەردەخات، ئەتوانێت بەیەك تیم هەڵمەتی هەڵبژاردن بەرێوەبەرێت. 4- خاڵی بەهێزی پارتی پەرتپەرت بوون و پەرتەوازەیی هێزەكانی دەرەوەی خۆی و ركابەرەكانێتی، بەتایبەتیش كە هێزەكانی هەموویان شەڕەكەیان خستوەتە سلێمانیەوە و كەمتر تەركیزیان لەسەر دهۆك و هەولێرە. 5- رێكخستن و ئەندام و لایەنگرانی بەهۆی پرەنسیپی حیزبیەوە كەمتر دەكەونە ژێر كاریگەری هێزە نوێیەكانەوە، بە پێچەوانەوە ئەو هێزە نوێیانە بەردەوام لە ركابەرەكانی پارتی دەبەن دووەم/ یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە 1/6/1976 دامەزراوە سكرتێرەكەی ( جەلال تاڵەبانی) بووە لەكاتی دامەزاندنییەوە تا كۆچی دوایی لە 3/10/2017 واتا بۆ ماوەی 41 ساڵ، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانیشەوە تا ئێستا نەتوانراوە سكرتێرێكی نوێ بۆ یەكێتی دیاری بكرێت. یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 21 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (٤٩٦٥٣٦)دەنگی بەدەستهێناوە و ( 11 ) كورسی هەیە ( هەولێر 4 كورسی ، سلێمانی 6 كورسی ، دهۆك 1 كورسی ). لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتیانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بونتەوە، یەكێتی بەشێك بووە تیایدا، بەو پێیەی سەرەرای پەراوێزخستنی لەلایەن پارتیەوە، بەڵام هێشتا حكومەت لە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی بەڕێوە دەبات. ا- خاڵی لاوازی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو: 1- هاوبەشی سەرەكی هەموو ئەو شكست و قەیرانانەیە كە لە كوردستاندا روویانداوە، راستە ئۆباڵەكە دەخرێتە ئەستۆی پارتی، بەڵام یەكێتی بەردەوام هاوبەش بووە لە حكومەتدا و هیچ كات ئامادە نەبووە لە حكومەت بكشێتەوە چونكە بە كشانەوەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان حكومەت هەڵدەوەشایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكرا. 2- ناكۆكی سەركردایەتی و ناوخۆیی و دابەشبوونی بەسەر بەرژەوەندی و ئەجێندای جیاوازدا. 3- یەكێتی لە هێزێكی پێشكەوتنخوازەوە بەرەو حیزبێكی بنەماڵەیی موحافیزكار و بەرەو فۆرمی حیزبی پارتی هەنگاوی ناوە بەتایبەت لە ئیدارەدان و ناوخۆی حیزب و لەقەڵەمڕەوی حیزبەكەیدا. 4- دەوترێت یەكێتی لەسەر بەرنامە و پرەنسیپی حیزبی نەڕۆیشتووە، هێندەی بەرژەوەندی ئاراستەی كردووە، لە زۆربەی روداوەكان دوای پارتی كەوتووە، نەك لەسەر پرەنسیپ و ئەجێندای رون رۆیشتبێت. 5- بازرگانی نەوت و تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لەناو حیزبەكە و بەشێك لە سەركردەكانی. 6- كاڵبونەوەی روئیای یەكێتی، بەتایبەت كە یەكێتی هێزێكی دیموكرات و ئازادبووە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر لە دەڤەری بندەستی یەكێتیدا لێیان دراوە و كوژراون، هاوشێوەی دەڤەری پارتی. 7- پەراوێز خستنی دەڤەری سەوز دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی كە هاوبەش بووە لە حكومەتدا و لە جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتدا بووە. 8- هەژمونی پارتی زاڵە بەسەر گوتار و هەڵوێستەكانیدا، ئێستا یەكێتی لە بڕیار و هەڵوێستەكانیدا ناتوانێت یەكێتیانە بڕیار بدات بەڵكو دەوترێت پارتیانە بڕیار ئەدات. 9- روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە بووە هۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشوری كوردستان، كە پارتی توانی تەوزیفی شكستی ریفراندۆم بكات بۆ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، كە هۆكاری راستەقینەی 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم بوو. 10 – وازهێنانی جێگری دووەمی سكرتێری گشتی و دروستكردنی لیستێكی نوێ و گوێپێنەدانی سەركردایەتی یەكێتی پێی كە پێشبینی دەكرێت نزیكەی نیوەی دەنگەكەكانی یەكێتی بۆخۆی بەرێت. 11- نەبوونی سەنتەری بڕیاردان لە ناو یەكێتیدا، بڕیاری ناو یەكێتی دابەشبووە بەسەر باڵ و كوتلە جیاوازەكاندا، ئەمەش زیانی گەورەی لە یەكێتی داوە. ب- خاڵی بەهێزی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1- یەكەم هەڵبژاردنێتی لەدوای كۆچی دوایی مام جەلال ئەگەر كۆچی ئەو فەراغی بۆ جێهێشتبن، ئەوا بە دیوەكەی تردا هەست و سۆزی دەنگدەرانی بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەتایبەت شەهیدان و پێشمەرگەكانی. 2- هێشتا هێزی دەسەڵاتدارە لە سنوری زۆنی سەوز، سەرەرای كەمكردنی دەنگەكانی. 3- بەهێزی سەرچاوەی دارایی و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات، بە بەراورد بە هێزە ركابەرەكانی لە ناوچەی جێ نفوزی. 4- سەرەرای ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی هێشتا ئەم هێزە خاوەنی رێكخستن و لایەنگر و هەیكەلیەتی خۆیەتی. 5- ئەم هێزە هێشتا خاوەنی پێگەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە حسابی بۆ دەكەن. سێیەم/ بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان لە 25/7/2009 وەك هێزێكی ئەكتیڤی ئۆپۆزسیۆن دەركەوت، بە رێبەرایەتی ( نەوشیروان مستەفا) كە لە یەكەم دەركەوتنیدا 25%ی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا، تا كۆچی دوایی لە 19/5/2017 نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان بوو، واتە بۆ ماوەی 8 ساڵ، دواتر عومەری سەید عەلی بە رێكخەری گشتی گۆڕان هەڵبژێردرا. بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا نۆ كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانی (٤٧٢٥٠٣) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 9 ) كورسی هەیە ( هەولێر 2 كورسی سلێمانی 7 كورسی) و لە دهۆك و كەركوك هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا. ا- خاڵی لاوازی گۆڕان 1- لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك بوومەلەرزەی سیاسی گەورە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەیان هەژاند، بزوتنەوەی گۆڕان روئایەكی رونی بۆیان نەبوو. 2- شكستی گۆڕان لەرووی روئیای بۆ پرسەكان و لە رووی بە واقیعیكردنی دروشمەكانی. 3- ئەوەی گۆڕان بۆ دەرەوەی خۆی داوای دەكرد بۆخۆی لەناو خۆیدا نەیدەتوانی تێی پەڕێنێت. 4- خوێندنەوەی نادروست بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی لەناو حكومەتدا. 5- تا كۆتایی دژایەتی ریفراندۆمی كرد و بە گاڵتەجاڕ و ناشەرعی وەسفیكرد لە كۆتاییدا دەنگی پێدا. 6- لە هێزێكی یاخی و هێرشبەرەوە بوە بەهێزێكی پاسیڤ و بێدەنگ، ئەوەی دەیڵێ هێزەكانی تریش دەیڵێن 7- بەردەوامی كێشە و ململانێی ناوخۆیی، هەمان دەردی یەكێتی روبەرووی گۆڕانیش بوەتەوە. 8- لە كاتی خۆیدا بڕیار نادەن و كاتێكیش بڕیار دەدەن، كاتەكەی تێپەڕیوە. 9- خراپی ئەدای كارەكتەرەكانی لەناو حكومەت و پەرلەمان و گۆڕان باجەكەی دەدات. 10- هەڵگری كۆمەڵێك روئیا و دونیا بینی جیاواز بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات لەبری گەورەكردنی پانتایی جیاوازییەكان لەگەڵ هێزە نەریتەوانەكان، بەڵام لێكچونەكانی بەو هێزانە تۆختر كردەوە و بووە كۆپی ئەوان. 11- پێشتر بۆ داهاتوو كاری دەكرد، ئێستا وەك هێزەكانی دیكە لەسەر رابردوو دەژی. 12- هەڵوەرینی بەشێك لە كادر و هەوادارانی بۆ ناو هێزەكانی دیكە و گوێپێنەدان و رانەچڵەكاندن و بەخۆدانەچونەوەی. 13- نەبوونی جێگرەوەیەك بۆ نەوشیروان مستەفا، لەروی روئیا و بیركردنەوە و كۆنترۆڵكردن و گوتاردانی سیاسی. ب- خاڵی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1- سوربوون و بەردەوامی دان لەسەر پرەنسیپەكانی بەتایبەتیش لە رێگری لە هەوڵدانەبۆ درێژەدان بە مانەوەی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، كە بوە دەستپێكی قۆناغی رێگری لە مانەوە لە دەسەڵاتدا. 2- قوربانیدان لە پێناو مەبادیئەكانی كە وەزیرەكانی دەركران و سەرۆكی پەرلەمانەكەی رێگری لێكرا، كە ئەمەش سەروەتێكی مەعنەویە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان. 3- كێشەو گرفتی هەبووە بەڵام هەڵەی ستراتیژی گەورەی نەكردووە، كە ببێتە هۆی عەیبداركردنی بزوتنەوەكە. 4- كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر بەدیوێكدا هۆكاری لاواز بوونی بزوتنەوەكە بێت بەدیوێكی تردا هۆكاری سەرەكی راكێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتیانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەك وەفایەك بۆ روحی نەوشیروان مستەفا. 5- تا ئێستاش هیچ هێزێك لە دەرەوەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان دروست نەبووە كە گوتارو هەنگاوەكانی گۆڕان دژ بە گەندەڵی و خراپەكاری دەسەڵاتی سیاسی تێپەڕێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئەمرۆ گۆڕان كۆنترۆڵی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكی كردووە خاڵی بەهێزی ئەو بزوتنەوەیەیە. چوارەم / یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە 6/2/1994 دامەزراوە ئەمیندارەكەی ( سەڵاحەدین محەمەد بەهادینە) كە جگە لە 4 ساڵی ئەمینداری محەمەد فەرەج لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ئەمینداری یەكگرتووە كە 20 ساڵ دەكات. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا چوار كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستهێنا ، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (١٩٢١٧٩) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 4 ) كورسی هەیە (سلێمانی 2 كورسی ، دهۆك 2 كورسی ). یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەشێك بووە لە هەموو ئەو بارودۆخ و قەیران و نەهامەتیانەی روبەرووی هەرێمی كوردستان بونتەوە، بەو پێیەی لەناو كابینەی حكومەتی هەرێمدابووە و لەم دوایەشدا تۆمەتبار دەكرا بەوەی نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوەو شوێن پێی ئەو هەڵدەگرێت . ا- خاڵی لاوازی یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا: 1- ناڕوونی لە گوتارەكانی لە پرسە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا. 2- ناڕوونی لە هەڵوێستەكانی، لە پێناو رازیكردنی هەموو لایەكدا. 3- ئەم حیزبە هاوشێوەی حیزبەكانی تر نەخۆشی دابەشبونی كادرەكانی هەیە لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان، ئەمەش وای لێدەكات نەتوانێت بڕیار بدات. 4- ئەو رەخنانەی رووبەڕووی یەكگرتوو دەبنەوە، ئەوەیە كە بە حیزبێكی لاستیكی ئەژمار دەكرێت، كە لە دوو قۆناغی هەستیاری مێژوویدا بووە هۆی لەباربردنی پرۆسەی دیموكراسی و دەستاودەستی دەسەڵات، لە پارێزگای سلێمانی و سەرۆكایەتی هەرێم. 5- بەشداری كارای لە ریفراندۆم و كەوتە دوای پارتی كە ئەو هەموو قەیران و كارەساتەی بەدواداهات. 6- بەشداری لە كاراكردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی پارتی ویستی و جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی . 7- ونبوونی ئەم هێزە لە نێوان دروشمی ئایینی و نەتەوەییدا. 8- نەكشانەوەیان لە حكومەت و بوونە بەشێك تیایدا. 9- هەڵوەرینی گەنجەكانی بۆ ناو هێزە نوێیەكانی دروست دەبن . ب- خاڵی بەهێزی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو 1- خاوەنی رێكخستنێكی تۆكمەیە كە لایەنگران و ئەندامانی گوێڕایەڵی پرەنسیپە حیزبیەكانن، بۆیە دەنگەكانی كەمتر گۆڕانی بەسەردا دێت. 2- ئایدیۆلوجی ئایینی وەك پرەنسیپی حیزبی كە ئەمەش هەست و سۆزی هاوڵاتیانی موسڵمان بەلای خۆیدا رادەكێشێت و خاوەنی چەندین بانگخوازی بەناوبانگە كە دەنگی زۆر بۆ ئەو حیزبە كۆدەكەنەوە. 3- پارێزگای دهۆك بوەتە گرێكوێرەی هەڵبژاردنی زۆرێك لە حیزبەكانی كوردستان، بەڵام یەكگرتوو توانیویەتی ئەو گرێیە بكاتەوە و ناوچەگەرێتی تێپەڕاندووە، چەند دەنگی لە سلێمانی هەیە ئەوەندەش لە بادینان، تاكە حیزبە ئەو هاوسەنگییەی راگرتووە. 4- ئەم هێزە ئەگەرچی بەشدار بووە لە حكومەت، بەڵام كابینە و حكومەتی وەرنەگرتووە بەتەواوی، بۆیە هێزێكە لە حكومەتداریدا تاقینەكراوەتەوە. 5- خاڵی بەهێزیان ئەگەرچی لای هەندێك رەخنەیە بەلام خاڵی بەهێزە كە ئەوەش خۆ یەكلانەكردنەوەیە بۆ هیچ بەرە و زۆنێكی دیاریكراو، كە زۆرجار دەنگی ئەوان ئەیتوانی دۆخەكە یەكلابكاتەوە، بەڵام ئەمان لەسەر هێڵی گشتی ماونەتەوە. پێنجەم/ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە 31/5/2001 دامەزراوە، لەدامەزراندنیەوە تا ئێستا( عەلی باپیر ) ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیە واتە بۆ ماوەی 17 ساڵ. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا 3 كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا ، لەسەر ئاستی سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش (١٤٠٧٧١) دەنگی بەدەستهێناوە و ( 3 ) كورسی هەیە (هەولێر 2 كورسی ، سلێمانی 1 كورسی). ئەگەرچی ئەم هێزە بەردەوام هەڵوێستی توند بووە بەرامبەر بە حكومەت، بەڵام تا دوا ساتەكان لەناو حكومەتدا مایەوە و بووە بەشێك لە حكومەت و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا. ا- خاڵی لاوازی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: 1- دید و روانینێكی جیاوازی نەبووە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی ئەو قۆناغانەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە. 2- كێشە ناوخۆییەكانی و بەردەوامی جیابوونەوەی باڵەكانی كە ئێستا بەشێكی زۆری لە هاوپەیمانێتیەكەی د. بەرهەمدایە. 3- كۆمەڵی ئیسلامی یەكێك لەو رەخنانەی لێی دەگیرێت ئەوەیە، كە وەك هێزێكی سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لێكدەدرێتەوە و بە شوێنكەوتەی ئەو حیزبە وێنادەكرێت. 4- مانەوەی كارای لە حكومەتدا و كشانەوەی لە دوو مانگی كۆتاییدا. 5- وێڕای بەردەوام رەخنەكانی لە ریفراندۆم بەڵام لە كۆتاییدا دەنگی پێدا و نەیتوانی تاكۆتایی بەرگری لە هەڵوێست و روانینەكانی خۆی بكات. ب- خاڵی بەهێزی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1-سوربون و جدی بوونی لەسەر هەڵوێستەكانی بەتایبەتیش لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان 2- ئەم هێزە بەردەوام پێی راستی لەناو بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بووە، ئەگەرچی بەشداری لە حكومەتدا كردووە، بەڵام خۆی كابینەی وەرنەگرتووە و تاقینەكراوەتەوە لە حكومەتدا. 3- بەهێزی ئەمیرەكەی لە گوتار و روانینی و سووربوونی لەسەر پرەنسیپەكان و ناسینی وەك كەسێكی خاوەن مەبدو و راستگۆ لە هەڵوێستەكانیدا. 4- بەهێزی و چالاكییەكانی ئەم هێزە لەناو هەولێری پایتەخت كە بەپێچەوانەی زۆرێك لە هێزەكانی تر ئەم هێزە زۆرینەی دەنگەكانی لە هەولێری پایتەخدایە. 5-پەیوەست بوونی بە پرەنسیپی ئایینەوە كە خاوەنی چەندین مامۆستای ئایینی لێهاتوو خاوەن جەماوەرە، ئەمەش هۆكاری راكێشانی دەنگی هاوڵاتیانە بۆخۆی. شەشەم/ هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە ئێستا وەك قەوارە و حیزبیش خۆی تۆماركردووە، هەڵبژاردنی 12ی ئایار یەكەم ئەزمونییەتی و سەنگ و پێگەی خۆی تاقیدەكاتەوە، د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح كراوەتەوە سەرۆكی قەوارەكە و حیزبەكەش. ئەم هێزە لەگەڵ ئەوەی وەك هێزێكی جیاواز خۆی وێنا دەكات، بەڵام هەڵگری هەمان گوتار و روئیایە كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان هەیان بوو بۆ بارودۆخی هەرێم. ا- خاڵی لاوازی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری: 1- خاوەنی پرۆژە و روئیایەكی روونی جیاواز نیە كە هێز و لایەنەكانی دیكەی پێش خۆی تێپەڕێنێت 2- بەشێكە لەو سیستمە سیاسییە شكستخواردووەی كە هەناوی كۆمەڵگەی كوردی هەڵتەكاندووە 3- بەشێكە لە فۆرمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، بە باش و خراپیەكانیەوە 4- بەشێك بووە لە خانەنشینی نایاسایی و كادری حیزبی و بندیوار، كە دووجار سەرۆكی حكومەت و كابینە بووە. 5- خاوەنی بەرنامەیەكی روون نیە بۆ هەستانەوەی هەرێم لە ناوەندی نێودەوڵەتی لە كاتێكدا خۆی بە كەسێكی ناسراوی ناوەندە نێودەوڵەتییەكان ناسراوە. 6- ئەو رێگەیەی كاری لەسەردەكات لە هاتنە دەرەوەی لە یەكێتی و دامەزراندنی حیزب، نوێ نیە، پێشتر نەوشیروان مستەفا تاقیكردوەتەوە. 7- وازهێنانی د. بەرهەم لە یەكێتی پرۆژەیەكی ستراتیژی نەبوو هێندەی پرۆژەیەك بوو بۆ فشاركردن لەسەر یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت، بەڵام كەزانی فشارەكان جێناگرێت ئینجا پرۆژەكەی خستە سەرپێ، ئەم پرۆژەیە رەگ و ریشەیەكی جدی نیە. 8- هەرلەسەرەتاوە چەقی هاوپەیمانی خزێنرایە سلێمانیەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت پێگەی سەرەكی هەر لەم دەڤەرە بێت. تێنەپەڕاندنی سنوری لۆكاڵی بوون وەك هێزەكانی دیكە. ب- خاڵی بەهێزی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی دادپەروەری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو : 1- هاوپەیمانتێتیەكە خاوەنی دیپلۆماسیەتیەكی بەهێزی سەرۆكەكەیەتی كە سەرەرای ئەوەش پەیوەندیەكی بەهێزی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەیە و لە ئاستی بەغداش پۆستی باڵای هەبووە و وەك كەسێكی سەركەوتوو لێیدەڕوانرێت. 2- یەكەم تاقیكردنەوەی ئەم هێزەیە لە هەنگاونان بەرەو دەسەڵات و رەخنەگرتن و هاتنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دژ بە گەندەڵی و قۆرخكاری و هەنگاونان بەرەو چاكسازی، لەبەرامبەریشدا یەكێتی تا ئێستاش ناكۆكی زۆرو باڵباڵێن شەكەتی كردووە، ئەمانە هەمووی لە قازانجی هاوپەیمانیدان. 3- هەندێك دەستكەوتی ستراتیژی هەیە كە سەرۆكی قەوارەكەی لە كاتی سەرۆكایەتی حكومەتدا ئەنجامی داون و ئێستا تەوزیفی دەكات، بەتایبەتیش لە پرسی ( تواناسازیی، موچەی ئەنفال، پێشینەی خانوبەرە ، بڕینی بودجەی حیزبەكان...) 4- كۆكردنەوەی كەسانی ئەكادیمی و تەكنۆكرات ، بەو پێیەی سەرۆكی قەوارەكە وەك كەسێكی تەكنۆكرات و نوێخواز دەركەوتووە، سەرەرای سود وەرگرتن لە كەسایەتی و چالاكانی ئاینی كە ژمارەك لەو كەسانەی لەرەوتە ئیسلامییەكاندا پێگەیان هەبووە، ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانێتیەكەدا كاردەكەن. 5- سەرچاوەی دارایی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ بەرێوەبردنی كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی. حەوتەم/ جوڵانەوەی نەوەی نوێ جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لەم هەڵبژاردنەدا ناوی خۆی تۆماركردووە و بە لیستێك بەشدارەو هاوكات ناوی وەك حیزبێكی سیاسیش تۆماركردووە، لە كۆنگرەی یەكەمی خۆیدا ( شاسوار عەبدولواحیدی) كردە سەرۆكی جوڵانەوەكە. ئەم جوڵانەوەیە پشتی بە میدیا و سەرمایەی بازرگانی بەستووەو هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەكی رادیكاڵانە پەیامەكانی خستە روو، بەوپێیەی تا ئێستاش رادیكاڵبوون و كاریگەری گەورەی لەسەر شەقامی كوردی جێدەهێڵێت. ا- خاڵی لاوازی جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 1- ئەم جوڵانەوەیە زیاتر لە بزووتنەوەیەكی میدیایی و تۆڕی كۆمەڵایەتی دەچێت وەك لەوەی هەڵگری روئیا و دونیا بینی جیاواز بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی كەبەسەر هەرێمدا هاتووە. 2- نەوەی نوێ دەیەوێت مۆدێلی فەرەنسا و ئەمریكا تاقیبكاتەوە لە سەر زەمینێكی وێرانە كە نە فەرەنسایە و نە ئەمریكا. 3- ناشرینكردنی هەموان لەسەر جوانكردنی وێنای خۆی، كە دەڵێت من لەكەس ناچم ئەوان هەموویان لەیەك دەچن. 4- تۆمەتبەخشینەوەیە بووە بەبەشێك لە گوتاری ئەم جوڵانەوەیە. 5- پێی وایە لە هەناوی هیچ هێزێكدا نەهاتوەتە دەرەوە، بەڵام گوتار و هەڵوێستەكانی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوەتە دەرەوە، هەمان گوتار و هێرشی سەرەتای 25ی 7ی 2009 ی بزوتنەوەی گۆڕانی گرتوەتە بەر. 6- جوینەوەی بەشێك لە گوتارە پۆپۆلیستەكەی گۆڕان كە لەسەرەتاوە گۆڕان كاری لەسەركردووە. 7- نەخێرەكەی نەوەی نوێ بۆ ریفراندۆم، نەخێر نەبوو بۆ دوورخستنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسییەكانی بەڵكو نەخێرەكەی بۆ دروستكردنی پرۆژە سیاسیەكەی بوو. 8- نەوەی نوێ سەربە پارتی و یەكێتی نیە، بەڵام پارتی و یەكێتی دەستیان واڵاكردووە، چونكە پێیان وایە مامەڵەكردن لەگەڵ نەوەی نوێ و جڵەوكردنی ئاسانترە وەك لە گۆڕان كە خاوەنی پرەنسیپە. 9- كاركردنی نەوەی نوێ لەسەر گۆڕەپانی دەنگی گۆڕانە چونكە پێی وایە گۆڕان لە ماوەی 9 ساڵی رابردووی كاركردنیدا هەرچی دەنگی توڕەو ناڕازیە لە پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی تری هێناوەتە دەرە و ئەو دەنگانە جڵەوناكرێن و دەگۆڕێن، بۆیە نەوەی نوێ كار لەسەر ئەو دەنگانە دەكات نەك دەنگی پارتی. 10- نەوەی نوێ شەڕەكەی خستوەتە سلێمانی و گۆڕەپانی گۆڕانەوە و دهۆك و هەولێریشیان بۆ پارتی بەتەختی جێهێشتووە. 11- ئەم هێزە وا وێنا دەكات كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و لە بەغداد پشتیوانی دەكرێت، بەڵام ئاماژەیەكی روونی دەستنەكەوتووە لەو وڵاتانەوە بۆ پشتیوانی. ب- خاڵی بەهێزی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو: 1- سەرچاوەی دارایی و میدیایی بەهێزی لەبەردەستدایە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی. 2- هەڵگری گوتاری رادیكاڵی توندە بەرامبەر بەدەسەڵات و كە نزیكە لە گوتاری شەقام و سودی لە ئەزمونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان وەرگرتووە. 3- بایەخدانی زۆری بە تەكنەلۆجیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە شوێنی كۆكردنەوەو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە. 4- راست دەرچونی پێشبینی و رەحنەكانی لە دژی ریفراندۆم و پێشبینیەكانی بۆ ئەو كارەساتانەی لێی كەوتەوە، كە ئەمەش خاڵی بەهێزە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان متمانەی پێبكەن. 5- كاركردنی راستەوخۆی لەسەر توێژی گەنجان، كە تەنها لەماوەی ئەم چوارساڵەدا نزیكەی 400 هەزار گەنج و تەمەنەكانی ( 1997، 1998، 1999، 2000) لەم هەڵبژاردنەدا دەتوانن دەنگ بدەن. ئەم راپۆرتە كە بەشێوەیەكی بابەتیانە نوسراوە. هەنگاوێكە بۆ بەرچاوڕوونی حیزبەكان و دەنگدەرانیان، كە خاڵی بەهێز و لاوازیان چیە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن.
عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی " حیكمەی نیشتمانی" مەرجەكانی رەوتەكەی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی داهاتووی حكومەت و سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق خستەڕوون رایگەیاند هەوڵدەدات گەورەترین كوتلەی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەت پێكبهێنێت. حەكیم لە مەراسیمی راگەیاندنی لیستەكەیدا لە بەغداد وتیشی: " سەرۆك وەزیرانی داهاتوو پێویستە پرۆگرامی خۆی دەربارەی پەرەپێدانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و كەرتی تایبەت و بازاڕ و رزگاربوون لە ئابوری رەیعی و رەخساندنی هەلی كار بۆ بێ كاران بۆ گەل روونبكاتەوە." لە بەشێكی تری قسەكانیدا حەكیم وتی:" رێگە نادەین سەرۆك وەزیرانی داهاتوو قەیران و كێشەی ناوخۆیی دروست بكات." و " پێویستمان بە سەرۆك وەزیرانێكە گەشەپێدان و فێركردن بەهەند وەربگرێت و لە چوارچێوەی تیمێكی گونجاودا كاربكات." جەختیشیكردەوە كە " پێویستمان بە سفركردنەوەی قەیرانەكانە نەك گەورەكردنیان و پێویستە لە شەڕەقسە دووربكەوینەوە."
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند تا ئێستا لەسەرتاسەری عێراقدا كۆمسیۆن 56%ی كارتی دەنگدەرانی دابەشكردووە. حازم رودێنی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند ئەو رێژەیە لە كارتی دەنگدان كە دابەشكراوە مایەی رەزامەندی كۆمسیۆن نییە و داواشی لە هاوڵاتیان كرد سەردانی بنكەكانی كۆمسیۆن بكەن بۆئەوەی لە مافی دەنگدان بێ بەش نەبن و كارتی دەنگدان وەربگرنەوە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
كاندیدێكی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبكات، بە روداوی هاتوچۆ كۆچی دواییكرد. محەمەد جەمیل مەیاحی وتەبێژی لیستی رەوتی حیكمە كە عەممار حەكیم سەرۆكاتی دەكات لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، هادی عەقابی كاندیدی رەوتەكەیان لە واست، بەهۆی روداوێكی هاتوچۆوە لەكاتی رۆیشتنی بۆ بەغداد بەمەبەستی بەشداریكردن لە راگەیاندنی كەمپەینی هەڵبژاردنی لیستەكە، كۆچی دواییكردووە. ئەمڕۆ بەشێوەیەكی فەرمی رەوتی حیكمە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی دەستپێكرد، لیستی حیكمە لە (16) پارێزگای عێراق كاندیدی هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لە شاری سلێمانی لیستەكەی حەكیم (16) كاندیدی هەیە. رەوتی حیكمە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكەی بە ناونیشانی "شەپۆلی شین" بەڕێوەدەبات و وەكو خۆی دەڵێ شارەكان لە شێواندنی و دانانی هەڕەمەكی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن دەپارێزێت. رەوتی حیكمە كە دوای جیابونەوەی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بڕیاریداوە هیچ پۆستەرێك لەسەر دیوارەكان هەڵنەواسێت، ئەمەش بەڕای هەندێك لە چاودێران سەرچڵییەكی هەڵبژاردنە كە رەنگە بە زیان بۆ لیستەكە كۆتایی بێت.
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت رۆژنامەیەكی قەتەری باس لە بوونی ململانێیەكی توند دەكات لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق، كە بەپێی ئەو دابەشكارییە تائیفییەی كە لە عێراقی دوای سەددامدا هەیە، ئەو پۆستە بووە بە پشكی كورد. رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان نوسیویەتی" حزبەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە بەشێوەی سەربەخۆ بچنە ناو هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقەوە، هەر حزبێك ئەو پۆستە بەدەستدەهێنێت كە لەگەڵ قەبارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراقدا دەگونجێت. سەرچاوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە: هەندێك حزبی كوردی وەكو بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ باوەڕیان بەو دابەشكارییەی پۆستەكان نییە كە پێشتر لەنێوان حزبە كوردییەكاندا هەبووە.. زۆرینەی لایەنە كوردییەكان تائێستا رێكنەكەوتون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت وەكو ئەوەی ساڵانی پێشوو هەبووە، زۆرێك لە پۆستەكانی تر كە لە بەغداد بۆ كورد دانراون تائێستا لەناو ماڵی كورددا رێككەوتنیان لەسەر نەكراوە. هەمان سەرچاوە ئاماژەیبەوەكردووە، ساڵی 2014 كورد بە یەك هاوپەیمانێتی چوەتە بەغداد، ئەمە وایكردووە دابەشكردنی پۆستەكان ئاسان بێت، بەڵام ئەمڕۆ حزبە كوردییەكان بەشێوەی سەربەخۆ چونەتە هەڵبژاردنەوە، بۆیە ململانێیەكی گەورە لەوبارەیەوە لەنێوانیادا هەیە. سەعدی ئەحمەد پیرە : قسەكردن لەبارەی پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوك بە كەسانێك لە دەرەوەی یەكێتی تەنیا خەونێكە كە بەدی نایەت، ئەو دوو پۆستە پشكی یەكێتین لەبەرامبەردا رۆژنامەكە قسەیەكی سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی گواستوەتەوە كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دەڵێ: قسەكردن لەبارەی پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوك بە كەسانێك لە دەرەوەی یەكێتی تەنیا خەونێكە كە بەدی نایەت، ئەو دوو پۆستە پشكی یەكێتین. لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003، بەپێی تەواقوقێكی سیاسی پۆستە باڵاكانی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پێكهاتەكاندا دابەشكران و لەوكاتەوە تائێستا كار بەو تەوافوقە نەنوسراوە دەكرێت: • پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق/ كورد • پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق/ شیعە • پۆستی سەرۆكی پەرلەمان/ سوننە جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەمین كورد بوو كە بەپێی رێككەوتنێكی ناوخۆیی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماوەی دوو خول وەكو یەكەمین كورد لە عێراق پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، خولی سێیەمی سەرۆكایەتی كۆماریش دوای روخانی سەددام درا بە فوئاد مەعسوم كە بەهەمان شێوە سەربە یەكێتی نیشتمانییە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، ئێستا مەسعود بارزانی هەمان وادەی سەرۆكایەتییەكەی تەواوبووە و لە پۆستەكەیدا نەماوە. ململانێی لایەنە كوردییەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق لە كاتێكدایە لە ناوەندی سیاسی عێراقدا باس لە ئاڵوگۆڕكردنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت لەنێوان كورد و سوننەدا. هەندێك لە سەركردە سیاسییەكانی پێكهاتەی سوننە داوای پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن و خوازیارن ئەو پۆستە بۆ عەرەبێكی سوننە بێت بەوپێیەی ئەو پۆستە گوزارشت لە رەهەندە عەرەبییەكەی عێراق دەكات، لە ناوەندی سیاسی كوردستانیشدا هەندێك كەس باس لەوە دەكەن پۆستی سەرۆك كۆمار بەوپێیەی پۆستێكی تەشریفاتییە هیچ سودێكی بۆ كورد نەبووە و كورد لە بری ئەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت باشترە. بەڵام مەرج نییە هەموو سوننەكان بەوە قایل بن دەستی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەڵگرن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی (بڕیار- القرار) كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی سوننە لە عێراق و ئێستا جێگری سەرۆك كۆمارە لە چەند رۆژی رابردوودا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتی: سوننە پۆستی سەرۆك كۆماری ناوێت ئەگەر هەیبەتێك بەو پۆستە نەدرێت و دەسەڵاتی نەبێت. یەكێك لەو خاڵانەی كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی جیابونەوەی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەردەوام جەختی لەسەر دەكرد، رێككەوتنی نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بوون لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان و بەغداد. نەوشیروان مستەفا دەیوت، مام جەلال بەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ پارتی كردووەیەتی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەكی تری لە پۆستە گرنگەكانی هەرێم بەخشیوە بە پارتی، بەبۆچونی ئەو ئەوە رێككەوتنێكی لاسەنگ بووە كە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا كراوە. لەبەرامبەردا جەلال تاڵەبانی و سەركردەكانی یەكێتی بەرگرییان لە "رێككەوتنی ستراتیژی" و رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكان دەكرد و وەك زامنی پاراستنی یەكڕیزی كورد و كۆتاییهێنان بە دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ناویان دەهێنا. لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی و كۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی لە بەغداد و دابەزینی یەكێتی نیشتمانی بە یەك لیست لە هەڵبژاردنەكان، قسەوباس لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی هاتەئاراوە، ئێستا زۆرێك لە سەركردەكانی هەردوو حزب باوەڕی تەواویان بەوە هێناوە "رێككەوتنی ستراتیژی" تەواوبووە، تەنانەت بەمدواییانەش هەندێك لە سەركردەكانی هەردوولا باسیان لە نوسینەوەی رێككەوتنێكی نوێ یاخود هەمواركردنی رێككەوتنە كۆنەكە دەكرد، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێك لەو بوارەدا نەنراوە و هەموو پرسەكان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
ئامادەكردنی : نامیق رەسوڵ شەوی رابردوو لە تۆڵەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە شاری دوما لەلایەن حكومەتی سوریاوە ، ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا بە موشەك و فڕۆكەی جەنگی هێرشیان كردە سەر چەند بنكەو ئامانجێكی سەربازی سوریا. هێرشە سێ قۆڵییەكە لە جیهاندا كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە، نەتەوە یەكگرتووەكان داوادەكات دۆخەكە ئاڵۆزتر نەكرێت، ناتۆ پشتیوانی لێكرد و ئێران و روسیاش ئیدانەیان كرد. نەتەوە یەكگرتووەكان داوای دان بەخۆداگرتن دەكات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە كرد دان بەخۆیاندا بگرن و لە هەموو كردەوەیەك دووربكەونەوە كە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی سوریا. گۆتێرێس لە بەیاننامەیەكدا وتی" داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەكەم دان بەخۆیاندا بگرن لەم دۆخە مەترسیدارەدا، لە هەموو كارێك دووربكەنەوەكە كە دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و نەهامەتی گەلی سوریا زیاتردەكات". گۆتێرێس بەهۆی ئەو هێرشەوە سەردانێكی خۆی بۆ سعودیە دواخست. ناتۆ پشتگیری دەكات پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" لە بەیاننامەیەكدا كە بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە برۆكسل بڵاویكردەوە، پشتگیری خۆی بۆ هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا راگەیاند. یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری ناتۆ لە بەیاننامەكدا وتی " پشتگیری لە هەموو ئەو جموجوڵانە دەكەین كە ویلایەتە یەكگرتووەكان و بەریتانیا و فەرەنسا لەدژی دامەزراوە و توانا سەربازیی و كیمیاییەكانی رژێمی سوریا كردویانە". ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند، ئەو گورزە سەربازییانە تواناكانی رژێمی سوریا بۆ ئەنجامدانی هێرشی چەكی كیمیایی لەدژی گەلی سوریا كەمدەكاتەوە و ناتۆ بەردەوام پەنابردنی سوریا بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ئیدانەدەكات و ئەو هەنگاوە پێشێلكردنی پێوەر و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە و پێویستە ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. یەكێتی ئەوروپا داواكاری لە روسیا و ئێران هەیە یەكێتی ئەوروپاش ئەمڕۆ شەممە داوای لە روسیا و ئێران كرد كاربكەن بۆئەوەی هاوكاری سوریا بكەن و رێگە لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بگرن. یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ" داوا لە هەموو وڵاتان و روسیا و ئێران دەكەین هەژموونی خۆیان بەكاربهێنن بۆئەوەی جارێكی تر رێگە بگرن لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن سوریاوە". یەكێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەكردووە، لە تەموزی 2017 و ئازاری ئەمساڵدا سزایان بەسەر سوریادا سەپاندووە و هەمیشە ئامادەن بۆئەوەی رێوشوێنی تر لەدژی بگرنەبەر ئەگەر پێویست بكات. ئیسرائیل: ئاماژەیەكە گرنگە بۆ ئێران و سوریا و حزبوڵا لای خۆشیەوە ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەكەی سەر سوریا پاساوی خۆی هەیە و رژێمی سوریا بەردەوامە لە كارە تاوانكارییەكانی ، وەزیرێكی حكومەتی ئیسرائیلیش راگەیاند گورزە سەربازییەكانی سەر سوریا " ئاماژەیەكی گرنگە" بۆ ئێران و سوریا و حزبوڵا. روسیا: پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند سوریا كە بۆ چەند ساڵێكە رووبەڕووی دوژمنكارییەكی تیرۆریستی دەبێتەوە ، بە كردەوەیەكی سەربازی خۆرئاوا بە ئامانج گیرا لە كاتێكدا هەلێك هەبوو بۆ داهاتوویەكی ئاشتیانە. ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی " گورزێكی سەربازی ئاڕاستەی پایتەختی دەوڵەتێك كراوە كە چەند ساڵێكە بەڕووی دوژمنكاریی تیرۆر وەستاوەتەوە". هاوكات بەرپرسیێكی باڵای پەرلەمانی روسیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئینتەرفاكسی روسی رایگەیاند، هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا بۆسەر سوریا پێشێلكردنی یاسای نێودەڵەتییە بە ئامانجی ئەوەی رێگە لەكاری پشكنەرانی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی بگرن. كۆستەنتین كۆساچیێڤ سەرۆكی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتی پەرلەمانی روسیا دەڵێ: هێرشەكە كراوەتە سەر دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری و هیچ بنەمایەكی نییە. تاران ئیدانەی دەكات و هۆشداری دەدات كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش كە هاوپەیمانێكی سەرەكی حكومەتی سوریایە هۆشداریدا لە لێكەوتەكانی هێرشەكەی سەر سوریا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند " گومانی تێدا نییە كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەو هێرشە سەربازییەیان لەدژی سوریا ئەنجامدا بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەك.. بەرپرسیارێتی ئەو سیاسەتە سەركێشیانەیە لەسەر ئاستی ناوچەكە لە ئەستۆدەگرن". هاوكات حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران وتی: هێرشەكەی سەر سوریا جگە لە وێرانكاری زیاتر لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هیچتی تری لێ ناكەوێتەوە و ئەمریكییەكان دەیانەوێت بەو جۆرە هێرشانە پاساو بۆ بوونیان لە ناوچەكە بهێننەوە. هێرشەكان چەند ئامانجێكی تایبەت بە چەكی كیمیاییان كردە ئامانج دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، فەرمانیداوە بە وەشاندنی چەند گورزێكی سەربازی ورد و دیاریكراو لە سوریا كە پەیوەستن بە بەرنامەی چەكی كیمیاییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا. ترەمپ وتی: هۆكاری هێرشەكە ئەوەیە كە روسیا نەیتوانی دیكتاتۆری سوریا كۆنترۆڵبكات. هاوكات تێریزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا باسیلەوەكرد" هیچ رێگایەك نییە ببێتە جێگرەوەی بەكارهێنانی هێزی سەربازی لە سوریا بۆئەوەی رێگەنەدرێت رژێمی سوریا چەكی كیمیایی بەكاربهێنێت". مەی بەرپرسیارێتی هێرشە كیمیاییەكەی دومای خستە ئەستۆی دیمەشق و رایگەیاند، هێرشە سێ قۆڵییەكە سنوداربووە و چەند ئامانجێكی دیاریكراوی پێكاوە و نابێتە هۆی ئاڵۆزبووونی دۆخی ناوچەكە. ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساش رایگەیاند، بەشداری وڵاتەكەی خۆی لە هێرشكردنە سەر تواناكانی رژێمی سوریا لە بواری بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی چەكی كیمیاییدا دەبینێتەوە. ئەڵمانیا داوای زیندووكردنەوەی دانوستانەكانی جنێڤ دەكات ئۆرسولا ڤۆندەر لەین وەزیری بەرگری ئەڵمانیاش ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند پشتگیری لە هێرشەكەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا دەكات و داوای كرد دانوستانەكانی جنێڤی تایبەت بە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی سوریا دەستپێبكەنەوە. وتی: پێویستە هەموو كارێك بكرێت بۆئەوەی پرۆسەی سیاسی دانوستانەكانی جنێڤ دەستپێبكاتەوە و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی سوریا بهێنرێت. سەرچاوە: ئاژانسەکان
پێوانەكردنی ئاستی بژێوی خەڵك و دیاریكردنی هێڵی هەژاری یەكێكە لەو بابەتانەی كە ساڵانە لە وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدرێت و لەو رێگەیەوە دۆخی ئابوری هەر وڵاتێك پێوانە دەكرێت. بەشێوەیەكی گشتی ئاستی بژێوی لەسەر بنەمای داهاتی خێزانێك بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزانەكە دەستنیشان دەكرێت لە ماوەی ساڵێكدا. بەپێی ئامارێك كە سایتی (باشگاە خبرنگاران جوان) ی ئێران بڵاویكردوەتەوە، كە سایتێكی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، ساڵی رابردوو ئاستی بژێوی خەڵكی ئێران بەمشێوەیە بووە: • 33%ی خەڵك لەسەر هێڵی هەژاری بوون • 6%ی خەڵك برسی بوون بەپێی ئەو روپێوییەی كە سایتی (باشگاە خبرنگاران جوان) بۆ ئاستی ژیان لە ساڵی رابردودا كردویەتی: • هەر خێزانێكی ئێرانی كە داهاتەی لە ماوەی مانگێكدا (4 ملیۆن تمەن) كەمتربوبێت، وا ئەژماركراوە لە ژێر هێڵی هەژارییەوە. • هەر خێزانێكی ئێرانی كە داهاتەكەی لە مانگێكدا (1 ملیۆن و 200 هەزار تمەن) بوبێت، وا ئەژمار كراوە شەوانە بە برسێتی سەردەنێتەوە. بەپێی ئەم پێوەرە، ساڵی رابردوو لە ئێران: • 27 ملیۆن كەس لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون • 5 ملیۆن كەس شەوانە بە برسێتی سەریاناوەتەوە بڵاوكردنەوەی ئەم ئامارە لەكاتێكدایە ئاستی بێكاری لە ئێران ساڵانە لە هەڵكشاندایە و لەم رۆژانەشدا بەهای تمەن لەبەرامبەر دولار بەتەواوەتی پاشەكشێی كردووە.
درەومیدیا/ محەمەد رەئوف ئەوەی لە پرۆسەی ئەنفالدا روویدا تەنها هەوڵێك نەبوو بۆ لەناوبردن و كوشتنی تاكی كوردی، بەڵكو هەوڵێك بوو بۆ سڕینەوەی تەواوی مۆركی نەتەواویەتی گەلی كورد، بەو پێیەی ئەنفال پرۆسەیەكی پلان بۆ دارێژاوی پێش وەختەبوو، بەوەی پلانی پێشوەختەی بۆ دارشتبوو پرۆسەكەی دابەشكردبوو بەسەر ( 8)قۆناغدا و لە (6 ) ناوچەی جوگرافیای جیاوازدا سەرجەمی ئەو قۆناغانە لە 23ی شوباتی 1988 دەستی پێكردوو لە 6 ی ئەیلولی 1988 پاش روخاندنی هەموو گوندەكانی كوردستان كۆتایی هات. قۆناغەكانی ئەنفال لە 23ی شوباتی 1988 بۆ 6ی ئەیلولی 1988 ( 8)قۆناغ لە (6 ) ناوچەی جوگرافیادا 1- قۆناغی یەكەم بۆسەر ناوچەی دۆڵی جافایەتی 2- قۆناغی دووەم بۆسەرناوچەی قەرەداغ 3- قۆناغی سێیەم بۆسەرناوچەی گەرمیان 4- قۆناغی چوارەم بۆ سەر ناوچەی قەڵاسێوكە و دۆڵی زێی بچوك 5- قۆناغی پێنج و شەش و حەوت بۆسەر ناوچەكانی شەقڵاوە و رەواندوز 6- قۆناغی هەشتەم و كۆتایی بۆسەر ناوچەی بادینان. سەرجەم ئەم قۆناغانەش لە 6 ی ئەیلولی 1988 پاش روخاندنی هەموو گوندەكانی كوردستان كۆتایی هات . رژێمی بەعس بۆ ئەو پرۆسەیە هێزێكی بێشوماری بۆ ئامادەكردبوو قەوارەی هێزەكەی رژێم لە پرۆسەی ئەنفالدا: 1- فەیلەقی یەك - بە لێپرسراوی سوڵتان هاشم 2- فەیلەقی دوو –بەلێپرسراوی نزار خەزرەجی 3-فەیلەقی سێ بەلێپرسراوی - یونس محەمەد زەرب 4-سەرجەم تواناكانی ئیستخبارات بە لێپرسراوی فەریق روکن وەفیق سامەڕائی 5-ئەمنی عامە و قوات الطواری و مكتب تنظیم الشمال 6-بە هاوكاری (300) فەوجی خەفیفە كە لە (250)هەزار جاش پێكهاتبوو قۆناغی یەكەمی پرۆسەی ئەنفال لە ( 23 /2 تـــا 18 / 3 / 1988) ئەم شاڵاوەی رژێم بۆ سەر ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی لە سنوری قەزا و ناحییەكانی ( دوكان ، بنگرد ، چوارتا ، قەڵاچوالان ، سەرچنار ، سورداش)ی سەربە پارێزگای سلێمانی دەستی پێكرد . لە بەرەبەیانی 23 / 2 /1988 خەڵكی یاخسەمەر و سەرگەڵو بەرگەڵو بەدەنگی ناڵە و زرمەی راجیمەی كیمیایی بەئاگاهاتن ، ئەم بۆردومانە بەیەكەم تەقەی پەلاماری ئەنفال دەژمێردرێت ، پاشان سەرلەبەیانی 23ی شوبات سوپا و هێزی ئاسمانی و گاردی كۆماری و هێزە زەمینیەكانی رژێم لە هەموو لایەكەوە پەلاماری ناوچەكەیان دا ، 1- هێزێك لەمێرگە پانەوە بەرەو شەدەڵە< 2- هێزێكی تر لە دۆڵە روتەوە بەرەو كەڵكی قزلەر. 3- هێزیكی تر لەقەڵەم پاشاوە بەرەو بەرگەڵو. 4- هێزێكی تر لەدەشتی بنگردەوە بۆ سەر گەورە قەڵا و ئاسۆس . 5- هێزێكی تر لە گۆجاڕەوە بەرەو گەورە دێ. 6- هێزێكی تر لە كارێزەوە بەرەو خەجە لەرزۆك سەرپەرشتیاری ئەم هێرشەی ئەنفال لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد بوو هێزەكانی بەشدار بوو لە قۆناغی یەكەمدا 1- (20)لیوا 2- ( 60) فەوج 3- ( 10) فەوجی سوك ومەفرەزەی تایبەت 4- جگە لە دەیان تانک ئەمانە هەموویان پاڵپشتی هێزی ئاسمانی بوون 5- سەرەڕای ئەو هێزە زۆرو چەكە قورسانەش كیمیاوی بەخەستی بەكارهێنرا . زیانەكانی قۆناغی یەكەمی ئەنفال 1- نزیكەی ( 250) كەس بونە قوربانی چەكی كیمیاوی 2- نزیكەی ( 160) كەسیش لە رێگادا بەرەو ئێران بەهۆی سەرماو سۆڵەو بەفرەوە رەقبوونەوە قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئەنفال لە 22 /3 تــا 1 / 4 / 1988 ئەم پەلامارەش بۆ سەرناوچەكانی ( قەرەداغ ، بازیان ، دەربەندیخان) بوو . لە 22/ 3 / 1988 گوندی (سێوسێنان) بەسەختی و بە شێوازی بەعسیانە درایە بەر راكێتی كیمیایی . بووبە هۆی شەهیدبوونی زیاد لە ( 66) كەس و بریندار بوونی دەیانی تر لە ناو شەهیدەكاندا (30)یان منداڵ بوون لەم قۆناغەدا 1- رووخانی 80 گوند 2- 2241 خانوو 3- لە كۆی 12254 كەس 5637 كەس بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن قۆناغی سێیەمی ئەنفال 7/ 4 تــا 20 / 4 / 1988 ئەم قۆناغە لە 7ی نیسان بەبۆنەی جەژنی شومی دامەزراندنی حیزبی بەعسەوە دەستی پێكرد ئەم هێرشە بەكاریگەرترین و كوشندەترین و بەزیانترین هەڵمەت داەنرێت بۆسەر ناوچەكانی ( چەمچەماڵ ، سەنگاو ، قادركەرەم ، دوز ، كفری ، كەلار ، پێباز ، تیلەكۆ) ، ئەم ناوچانە سەر بە هەرسێ پارێزگای ( كەركوك ، سلێمانی ، دیالە)بون ، ئەمەش فراوانترین هێرشی ئەنفال بوو كە پتر لە ( 500)گوندی گرتەوە سەرەڕای تەختكردنی 4 ناحییە. لەبەر فراوانی ناوچەكە رژێم بە سێ پلان ئەم پرۆسەیەی ئەنجام دا :. 1- پلانی پەلاماری خورماتوو : بەرەبەیانی رۆژی 7ی نیسان هێزەكانی سوپا و فەوجەكان جاش كەوتنە جموجوڵ و لە بنكەكانیانەوە دەرچون كە لە خورماتووی باشوری رۆژئاوای گەرمیان بوو . 2- پلانی پەلاماری قادركەرەم و باكوری گەرمیان : ئەم پەلامارەیان لە 9ی نیسان دەستی پێكرد هێزەكان رژێم لە كەركوك و چەمچەماڵ و لەیلانەوە ، دەرچون و لە هەموو لایەكەوە بەرەو شارۆچكەی قادركەرەم پێشڕەویان كرد ، ئەم هێرشە بەسەر پەرشتی عەمیدی هێزی تایبەت ( بارق عبدالله حاجی حنطە)بوو كەوا دەردەكەوێت فەرماندەی گشتی پرۆسەی ئەنفالی سێ بووبێت ، هێرشەكە رۆژی 10ی نیسان گەیشتە قادر كەرەم و سەرجەم گوندەكانیان خاپور كرد. 3-پلانی پەلاماری سەنگاو و باشووری گەرمیان : هێزی یەكەمی پەلامارەكە لە شارۆچكەی كفرییەوە لە 9ی نیسان كەوتە رێ. 4- رەتڵەكانی تر لە كەلارو بێبازو پونگەڵوە كەوتە رێ . ستراتیژییەتی سەرەكیشیان بریتی بوو لە ئابڵۆقەدانێكی گەورە فراوان لە چەندین لاوەو دەستكردن بە كۆمەڵگرتنی تەواوی ئەو خەڵكەی دەوریان داون و روخاندنی گوندەكانیان و كۆكردنەوەی خەڵكەكە بۆ شوینە دیاری كراوەكانیان . 5- رەتڵەكەی كفری بەفەرماندەی لیوا سامی سەر بەفەیلەقی یەك سەرجەم گوندەكانی ئەو ناوچەیەیان روخاند و خەڵكەكەشیان دەستگیركرد . هێزی كەلاریش لە 9 ی نیسان بەفەرماندەی ( میندەر ئیبراهیم ) دەرچوو بۆ ئاوایی تیلەكۆ. 6-هەربۆیە سوپا ئابڵۆقەی سەرجەم گوندەكانی دابوو یەك لە دوای یەك وێرانی دەكردن ، خەڵكی هەموو ناوچەكە بەرەو گوندی ( ملە سورە و كوڵە جۆی حاجی حەمەجان ) دەهاتن و لەوێدا كۆببونەوە ، لە رۆژی ( 14 / 4/ 1988) لوتكەی هێرشی ئەنفال بوو ، لەم رۆژەدا بەپێی خەمڵاندنی ( كۆمیتەی بەرگریكردن لە مافی قوربانیانی ئەنفال ) نزیكەی ( 20)هەزار لە ژن وپیاو و پیرو مناڵ كۆكرانەوەو بە ئیڤای سەربازی و تراكتۆری گوندنشیەكان رەوانەی قەڵا سەربازییەكەی ( قورەتوو) كران و لە وێشەوە بەرەو چارەنوسی نادیار رۆیشتن هەر بۆیە ئەم رۆژە كرا بەرۆژی (ئەنفالەكان) . ئەم هێرشەی قۆناغی سێیەم لە رۆژی 20 / 4 / 1988 كۆتایی هات و یەك گوند لە گەرمیاندا بە پێوە نەماو روخێنرا ، زیانەكانی ئەنفال 1- نزیكەی (500) گوندی گەرمیان وێران كرا 2- پتر لە ( 30000)گەنج و ژن و مناڵ وپیری بێسەروشوێن كرد 3- سنوری ناوچەی چەمچەماڵ ( 5645)كەسی بێسەرو شوێن كراوە 4- قادركەرەم ( 14863 ) 5- كەلار ( 4567 ) 6- سەنگاو ( 4922 ) 7- تیلەكۆ ( 3680 ) 8- پێباز ( 0 442 ) قۆناغی چوارەمی ئەنفال لە 3 / 5 تـــا 15 / 5 / 1988 قۆناغی چوارهمی ئەنفال بۆسەر ناوچەكانی ( ئاغجەلەر ، ناوشوان ، چەمی رێزان ، دەشتی كۆیە ، تەقتەق ) لە سنوری هەرسێ پارێزگای ( هەولێر ، سلێمانی ، كەركوك ) بوو ، ئەم هێرشەش بە كیمیابارانكردنی گوندی گۆپتەی ( 300)ماڵە دەستی پێكرد. ئەم هێرشەشە بووە هۆی كوشتنی نزیكەی ( 300 )كەسی ئەم گوندە ، وە بە دووەم هێرشی زیان بەخش دائەنرێ لە دوای شاری هەڵەبجە ، 1- سەرلەبەیانی رۆژی 4ی مایس هێزی پیادەی رژێم لە هەموو لایەكەوە دەستی پێكرد ئەم هێرشە بە فەرماندەی لیوا روكن (سوڵتان هاشم) بوو بەشێك لەم هێرشە لەچەمچەماڵ وتەكیەوە بەرەو ناحییەی ئاغجەلەر كەوتە رێ ئەم ناحێیە سالێك لەوەو پێش روخابوو. 2- پاشان هێرشێكی تر لە سوسێوە بەرەو سورقاوشان كەوتە رێو هێرشێكی دیكە لەناوچەی تەقتەقەوە بۆ گوندەكانی لێواری زێی بچوك و شێخ بزێنی و گۆپتەپە, هێرشێكی دیكە بەرەو گوندەكانی نزیك قەزای كۆیە بەرێكەوت . سوپا لە رۆژی 15/5/ سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیەی روخاند و تەنها لە ناوچەی ئاغجەلەر كە ( 67) گوندی تیدا بوو (2813)خانوی تێدا بوو ( 14864)كەسی تێدا دەژیا نزیكەی ( 7201) كەس ئەنفال كراون. قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی ئەنفال لە 15 / 5 تـــا 26 / 8 / 1988 ئەم پەلامارە بۆسەر دۆڵی نێو چیاكانی ( شەقڵاوە و رەواندوز ) بوو بەسەرپەرشتی فەرماندەی فەیلەقی ( 5)و سەرپەرشتیاری ئەم قۆناغەی ئەنفال ( یونس محمد زەرب بوو) ، رۆژی 15 / 5 / 1988 دوا روژی رەمەزان بوو خەڵكی خۆیان بۆ جەژنی رەمەزان ئامادەكردبووچەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیابارانكردنی گوندەكانی ( وەرە ، عەلی یاوا ، سماقوڵی ، نازەنین ) لەم پەلامارەدا لە گوندی وەرە ( 36)كەس شەهید بوون (17)پیاو و (19)ئافرەت . لە میانی شاڵاوەكانی ئەنفالی ( پێنج و شەش و حەوت )دا زیاتر لە ( 52) گوند لە ناحێكانی خەلیفان و خۆشناوو رەواندوز وێران كران كە سەرجەم (2602) خێزان بوون وە ( 52) مزگەوت و (24) قوتابخانەی ئەم گوندانە وێران كران ، ئەمە جگە لە كوێركردنەوەی سەدان كانی و جۆگە و سوتاندنی سەدان رەز و باخی ناوچەكە كە ئەمانە ژێرخانی ئابووری ئەم ناوچانەی پێكدەهێنا. قۆناغی هەشتەم و كۆتایی ئەنفال 26 / 8 تــا 6 / 9 / 1988 قۆناغی هەشتەمی شاڵاوی ئەنفال بۆسەر دەڤەری بادینانی سنوری توركیا بوو. ئەم شاڵاوە لە رۆژئاواوە لە زاخۆوە تا ئامێدی درێژبووەوە لە باشوور و رۆژهەڵاتیشەوە شێخان و ئاكرێی گرتەوە . بۆ ئەنجام دانی ئەم شاڵاوەش جگە لە فەیلەقی ( 5 ) چەند بەشێكیش لە فەیلەقەكانی ( سێ و شەش و حەوت) كە لە باشووری عێراقەوە گوازرابونەوە بۆ ئەوێ بەشدارییان تێداكرد , ئەم هێزانە (200)هەزار سەرباز دەبوون ، كەلە ( 14 ـ 16) فیرقەی سوپای نیزامی پێكدەهاتن هەریەكەی ( 12) هەزار سەرباز دەبوون ، ئەمانە و چەندین هەزار فەوجی جاش بەشداری هێرشەكەیان كرد . ژمارەی ئەو گوندانەی لەم شاڵاوەدا وێران كران ( 450 )گوندە , بەم شێوەیە قەزای شێخان ( 19 ) گوند ئاكرێ (35 )گوند زاخۆ ( 100 )گوند سەنتەری دهۆك ( 63 )گوند , ئامێدی ( 233 ) ئەو تێكدەرانەی خۆیان بەدەستەوە داوە ( 803) پێشمەرگەبوون ، ئەو تێكدەرانەی كەوا گیراون ( 771)كەس بوون ، پیاوی مەدەنی ( 1489)كەس ، ژن ( 3368) ، مناڵ ( 6964) ، سەرجەمیش ( 13395)كەس بوون . زیانی شاڵاوەكانی ئەنفال شاڵاوی دڕندانەی ئەنفال زیانی مادی و مەعنەوی بە گەلی كورد گەیاندوو زیانێك كە تا سەر ئێسقان بەزامی كوردیا رۆچووە ، ئەم پرۆسەیە لە مانگی شوباتەوە تاسەرەتای مانگی ئەیلولی خایاند و گەورەترین زیانی گیانی بە گەلی كورد گەیاند ، هەروەك ( میدڵ ئیست ووچ) دەنوسێت ( پرۆسەی ئەنفال لە 23 ی شوبات تا 6 ی ئەیلولی ساڵی 1988 ی خایاند لەو ماوەیەدا فراوانترین ناوچەی كوردستان بەر شاڵاوی تێكدان و راپێچان كەوت ، لە هەڵمەتێكی وادا پتر لە (200)هەزار مرۆڤی كورد لەناو بران ، وەلای كورد و بزوتنەوەی سیاسی كوردیش (182) هەزار كەس رۆیوە ، لەناوبردنی ئەو خەڵكە زۆرەش كێشە و گرفتێكی لە چارەنەهاتووی بۆ پاش ماوەكەخۆی و گەلی كورد بەجێ هێشت ). زیانەكان 1- 182 هەزار مرۆڤ 2- (4)هەزار گوندو 3- ( 30)ناحییەو 4- ( 3100)مزگەوت 5- (100)كڵێسا 6- بەتاڵان بردنی (2)ملیۆن سەر مەڕو ماڵات و ئاژەڵ 7- كارەساتێكی ژینگەیی ئایكۆلۆژی گەورەبوو 8- لەناوبردنی روبەرێكی فراوان لە باخ و رەزو چەم و چنار 9- نزیكەی ( 7729 )كم2 لەروبەری هەرێمی كوردستانی عێراق رەەبەڕووی شاڵاوەكانی ئەنفال بووەوە. چارەنوسی شوێن بزركراوەكان لەگەڵ بەردەوام بونی هێرشەكانی ئەنفال و وێرانكردنی هەر ناوچە و گوندێكدا ئەو خەڵكەی كە دەستگیریان دەبوو لەلایەن جاش وسەربازەكانەوە سەرەتا هەموویان لە شوێنێكی نزیكدا كۆدەكرانەوە تاكو ناوچەكە بەتەواوی وێران دەكرا پاشان هەموو ئەو خەڵكەی كە دەگیرا دەست دەكرا بە گوێزانەوەیان بۆ شوێنیكی تایبەت و چارەنوس نادیار. ئەمیش بەتایبەتی لە ناوەڕاستی 3ی 1988 دا گیراوەكان گوێزرانەوە بۆ ئەو زیندانانەی كە لە ژێر كۆنترۆڵی ئیستخباراتی عەسكەریدا بوو , گوێزانەوەی گیراوەكان لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە گەیشتە لوتكە ، لەم قۆناغەدا زۆربەی گیراوەكان گوێزرانەوە بۆ ( تۆپزاوا ) كە بریتیە لە سەربازگەیەكی گاردی میللی لە نزیك كەركوك لەسەر رێگای (تكریت) پاش چەند رۆژێك یەكسەر زیندانیەكانیان لێك جیاكرانەوە و پۆلێنكران بەم شێوەیە :. 1- لە تەمەنی 12 ساڵ تا 45 ساڵ . 2- تەمەنی 50 ساڵ و سەرو تر . 3- ژن و مناڵ . 4- كچ بەجیا . ئەو بەشەش كە تەمەنیان لە نێوان ( 50 ـ 90)ساڵیدابوو واتە پیرو پەك كەوتەكان بەرەو قەڵای بەجێماوی ( نوگرە سەلمان ) لە باشووری عێراق نێردران ، پاش ئەوەی ئەم پیرانەیان بە ئۆتۆمبێل گواستەوە بۆ نوگرە سەلمان كە نزیكەی ( 15)كاتژمێر لە تۆپزاواوە دوورە ، لەم بەندیخانە چۆڵەدا نزیكەی (8)هەزار بەندی تێدابوو كە لەژیانی دۆزەخی دا دەژیان هەروەك ئەفسەرێك لە تۆپزاوا پیچی وتبون : ( كورد هەموو خائین و ناپاكن و خۆمان دەزانین بۆ كوێتان دەنێرین ، ئەتان نێرین بۆو دۆزەخەی كەبەتایبەت بۆ كورد دروست كراوە ). بەپێی زۆرێك لە بەڵگەكان و بەپێی قسەی دەسەڵاتدارانی رژێم خۆشیان ئیعترافیان لەسەر (100)هەزار كەس كردووە كە لەناویان بردون ئەوەتا ( عەلی حەسەن مەجید) زۆر بەراشكاوانە لە دانوسانی 1991دا كاتێك وەفدی كوردستان بە عەلی حەسەنیان وتبو سەبارەت بە چارەنوسی ئەنفالەكان ، ئەو ژمارەیەی وەفدەكە دایان نابوو (182)هەزاركەس بوو ( عەلی حەسەن) هەڵچوو تەقییەوە و وای دانا كەتێكڕا ئەو ژمارەیە كەلە ئەنفالدا كوژران بەهیچ جۆرێك لە (100)هەزار تێنەپەڕیوە . سەرچاوە ئەنفال و رەهەندە سۆسیۆلۆجیەكانی، محەمەد رەئوف، چاپی یەكەم، 2005
بەپێی سەرچاوەیەكی سەربازی سوری هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی 10 شوێنیان لە دیمەشق و ریفی دیمەشق و حمس و ناوەندی سوریا كردوەتە ئامانج كە بریتین لە:. 1- لیوای 105ی گاردی كۆماری لە دیمەشق 2- بنكەی بەرگری ئاسمانی لە جەبەل فاسیون 3- فڕۆكەخانەی مزەی سەربازی لە دیمەشق 4- فڕۆكەخانەی زەمیری سەربازی 5- ناوەندی لێكۆڵینەوەی زانستی مەززە لە دیمەشق 6- ناوەندی لێكۆڵینەوەی زانستی جمرایا لە ریفی دیمەشق 7- لیوای 41ی هێزە تایبەتیەكان لە ریفی دیمەشق 8- بنكەی سەربازی لە نزیك رحێبە لە رۆژهەڵاتی ریفی دیمەشق 9- ناوچەی كسوە لە ریفی دیمەشق 10- ناوەندی توێژینەوەی زانستی لە ریفی حەما سەرچاوە : https://arabic.rt.com/middle_east/938258-تعرف-على-المناطق-التي-استهدفتها-الضربات-الأمريكية/