" مانگی خوێناویی" جیهان چاوەڕوانی دیاردەیەكی سروشتنی دەگمەنە
2018-07-27 12:51:46
(درەو میدیا):
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی درێژترین " مانگیران" لە سەدەی 21 دا روودەدات كە بە " مانگی خوێناویی " ناسراوە و لەم شەودا مانگ بە رەنگی سور یان قاوەیی تۆخ لە چەند ناوچەیەكی ئەوروپا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئوسترالیا و زۆربەی ناوچەكانی ئاسیا و ئەمریكای باشوور دەردەكەوێت.
هاوكات لەگەڵ مانگ گیرانەكەدا هەسارەی مەریخ لە لە دوای 2003ەوە لە نزیكترین خاڵدا دەبێت لە هەسارەی زەوییەوە و پێشبیندەكرێت ئەوە بۆ چەند رۆژێك بەردەوام بێت و مەریچخ لە شێوەی هەسارەیەكی سوری پرشنگداردا دەردەكەوێت ئەگەر ئاسمان هەور و خۆڵباران نەبێت.
بۆچی مانگ گیرانەكە زۆر دەخایەنێت؟
بە وتەی تیم ئۆبرین مامۆستایی فیزیای گەردوونی لە زانكۆی مانچستەر مانگ بە فراوانترین ناوەندی سێبەری زەویدا تێدەپەڕێت، لەبەرئەوە مانگگیرانەكە زۆر دەخایەنێت.
بەوتەی ئۆبرین تەنها مانگ گیرانی كاتی و نزیكبوونەوەی مەریخ لە زەویی روونادات، بەڵكو " كاروانی رۆیشتنی هەسارەكان" روودەدات و هەسارەكانی كۆمەڵەی خۆر ریز دەبن بە جۆرێك كە ئەوانەی خوازیاری چاودێریكردنی ئەو دیمەنانەن دەتوانن وێنەیەكی جوانی هەسارەی زوهرە، موشتەری، زوحەل و مەریخ ببینن.
ئۆبرین دەڵێت:" مەریخ وەك ئەستێرەیەكی رەنگ سوری پرشنگدار دەردەكەوێت كە لە مانگ دووردەكەوێتەوە".
دەشڵێت" هەموو چەند ساڵ جارێك مەریخ لەمیانی خولانەوەیدا بە دەوری زەویدا دەگاتە خالێك لەرامبەر بە زەویی و ئەوەش وادەكات ئێمە لە نزیكەوە بیبینین".
لە چەند ناوچەیەک وێنەیەکی جوانی هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر دەبینرێت
مانگ گیرانەكە لە كوێ دەبینرێت؟
مانگ گیرانەكە بە روونی لە هەموو ئەو ناوچانەدا دەبینرێت كە ئاسمانیان سافە و هەموو كەسێك لە سەرتاسەری جیهاندا دەتوانێت بیبنێت، جگە لە ئەمریكای باكور و بە دەركەوتنی مانگ لە بەریتانیا و خۆرئاوای ئەوروپا دەستپێدەكات و دیاردەكە بە روونتر لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا و ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەفریقا و باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیا دەبینرێت ئەگەر كەشوهەوا لەباربێت.
هەسارەی مەریخ زۆر لە زەویی نزیک دەبێتەوە