Draw Media

(درەو میدیا): لە نوسراوێكدا كە  ئەمرۆ 3/6/2018 ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندووە كە رێز لە تەواوی بڕیار و یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت.  بەڵام راٍٍٍشیگەیاندووە سەبارەت بەو بڕیارانە چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵیە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو دانیشتەی پەرلەمانی عێراق لەبەرئەوەی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە تانەی لێدراوە و چاوەروانی بڕیاری دادگای فیدراڵین. ئۆباڵەكەشی خستوەتە ئەستۆی تانەی سەرۆك كۆماری عێراق د. فوئاد مەعسوم. 


راپۆرتی : ئارام مەحمود  شارەزایانی بواری هەڵبژاردن دوو بنەمای سەرەكیان بۆ هەڵسەگاندنی پرۆسەكە دەستنیشانكردوە، یەكەمیان ئازادی دەنگدان و دووەمیشیان پاك و بێگەردی(نەزاهە)، ئەگەر بەپێی ئەم دوو بنەمایە بێت، ئەوەی لە ساڵی 1992وە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردن نەبووە بەمانا دیموكراسییەكەی كە دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵاتی لێبكەوێتەوە، بەڵكو شەرعیەتدان بووە بە مانەوەی چەند گروپێكی سیاسی.  قسەكردن لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەبێ‌ باسكردنی ساختەكاری، وەك ئەوە وایە پرۆسەیەكی شاراوە لەناو پرۆسەی هەڵبژاردندا لەیادبكەیت، بەگەڕانەوە بۆ كۆی ئەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵی 1992وە  تا دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە ڕۆژی 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەركەوێت كە لە سەرجەم هەڵبژاردنەكاندا ساختەكاریی گەورە و بەلێشاو كراوە، بەڵام ڕەنگە هیچ هەڵبژاردنێك وەك ئەوەی ئەم دواییە قەبارەی ساختەكارییەكانی ئاشكرانەبووبێت، بەوپێیەی پرۆسەكە بە ئەلیكترۆنی بەڕێوەچوو و بەداتا و ئامار بڕی ساختەكارییەكان كەوتنە بەردەست. "ڕێژەی بەشداری و یاركردن بەئەنجامەكان" بەپێی ئەو زانیارییانەی كە سەرچاوە دیپلۆماسی و هەواڵگرییە جیهانی و ناوچەییەكان بە نهێنی ئاماژەیان پێكردوە، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆر لەوە كەمتر بووە كە ڕاگەیەندراوە، بۆ ڕزگاركردنی پرۆسەی سیاسی پەنا بۆ زیادكردنی ڕێژەی بەشداری براوە، بەو مانایەی ئەوەی باسدەكرێت لەبارەی ئەنجامدانی ساختەكاری زیاد لە ڕوویەكی لەخۆ گرتوە، جارێك ڕێژەی بەشداری زیادكراوە و لەو ڕێژەیەش كۆمەڵێك هێز و لایەنە لێی سودمەندبون، جارێكی تریش هەندێك هێز ڕاستەوخۆ دەستكاری ئەنجامەكانی خۆیان كردوە، وێڕایی چەندین جۆری ساختەكاری تر هەر لە كڕینی سندوقەكانی دەنگدان بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات، تا دەگاتە گۆڕینی دەنگدانەكانی هەندێك كاندید و گواستنەوەی بۆ چەند كاندیدی تر، كە هەموو ئەمانە هەم بەشداریكردوە لە زیادكردنی رێژەی بەشداری و هەم یاریكردن بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە شێوەكی نائاسایی، ئەو بەڵگانەشی لەم ڕوەوە پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كراوە، هیچ دەرفەتێكی بۆ ڕەتكردنەوەی نەهێشتوەتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ كۆمسیۆن دەچێتە ژێر بارێكی ئاوا؟. "كۆمیسیۆن بۆ دەنگەكان بەدەست ناژمێرێت" كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە دۆخێكدایە كەس ئیرەیی پێنابات، بەڵام بەردەوام وا خۆی پیشاندەدات كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردوە ، ئەوەی بانگەشەی ئەنجامدانی ساختەكاری دەكات كۆمەڵێك هێزی "دۆڕاون" یان زەرەرمەندبون لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەڵام لەڕاستیدا كۆمسیۆن هیچ ڕێگایەكی تری لەبەردەمدایە جگە لە سوربون و پێداگری  لەسەر ڕاست و دروستی ئەو ئەنجامانەی ڕایگەیاندون و ڕەتكردنەوەی هەمو ئەو داوایانەی كە باس لە بژاردنەوەی دەنگەكان دەكەن بەدەست، چونكە ڕوونە ئەنجامەكانی ئەلیكترۆنییەكان و دەنگی ناو سندوقەكان جیاوازییەكی گەورەی تیادایە و گەر لایەنی سێیەم چەند سندوقێك بكاتەوە بەتایبەتی لە شارەكانی (ئەنبار و دیالە و موسڵ و هەولێر و سلێمانی و دهۆك) لەگەڵ لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی سندوقەكانی دەرەوەی وڵات و بنكەی دەنگدانی ئاوارەكان ئەوا وەك دەوترێت قیامەت هەڵدەسێت و بۆ هەموو دونیا ئاشكرادەبێت كە چی ساختەكارییەك لە هەڵبژاردنەكاندا كراوە، بۆیە تائەم ساتەش بەتوندی دژی كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و بژاردنەوەی دەنگەكەكانە بەدەست. چاودێرانی دۆخی عێراق هەڵوێست و وەستانەوەی كۆمسیۆن بەڕووی پەرلەمانی عێراق و حسابنەكردن بۆ بڕیارەكانی بۆ دوو هۆكار دەگێڕنەوە، یەكەمیان ئەوەیە، كۆمەڵێك هێزی بەنهێنی پشتی دەگرن و دڵنیایی ئەوەیان داوەتی كە لەهەر لێپرسینەوەیەك دەپانپارێزن، دووەمیشیان، كۆمسیۆن لەد ۆخێكدایە كە پێشی ئاوە و پشتی ئاگرە و دەبێت تا دواهەناسە شەڕ و پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی بكات، چونكە هەر پاشگەزبونەوەیەك لەهەڵوێستیدا مانای دوورخستنەوە و ڕەوانەكردنیان بۆ دادگا. "نیساب تەواوبێت كۆمسیۆن كۆتاییهاتوە"    كۆمسیۆنی هەڵبژادنەكان بە پاساوی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق باسی ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست نەكراوە، داواكاری ئەو هێزانەی ڕەتكردەوە كە داوایانلێكرد ڕێژەی لەسەدا پێنچی دەنگەكان بەدەست ئەژمار بكاتەوە، بۆ كۆتاییهێنان بەم پاساوە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بڕیارێكی دەركرد و تیایادا بە نوسراوی ڕەسمی داوای لە كۆمسیۆن كرد ئەو ڕێژەیەیە لە دەنگەكان ئەژماربكاتەوە بۆ دڵنیابون لە پاك و بێگەردی پرۆسەكە، بەڵام جارێكی تر كۆمسیۆن ئەو بڕیارەی پەرلەمانیشی ڕەتكردەوە بەبیانوی ئەوە بڕیار شوێنی یاسا ناگرێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە لە مادەی 138ی دەستوری عێراق، بڕگەی 5 (ئەلف)دا، هاتوە، پەرلەمان دەسەڵاتی تەشریعی یاساكان و بڕیارەكانی هەیە، واتە بڕیارەكانیشی هەمان هێزی یاساییان هەیە. بۆ بڕینی بیانوەكانی كۆمسیۆن، پەرلەمانی عێراق لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەمواری سێیەمی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ژمارە 45 ساڵی 2013 ئامادەكردوە و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كردووە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتو بیخاتە دەنگدانەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بە نهێنی بڕگەیەكی تر بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە زیادكراوە كە داوای لەكارخستنی كۆمسیۆن دەكات، ئێستا گرەوەكە لەسەر ئەوەیە ئەگەر لە دانیشتنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی تەواوبێت ئەوا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەكاردەخرێت، بەڵام بەستنی ئەم دانیشتنە هەروا ئاسان نابێت، جگە لەوەی چەندین هێز لەژێرەوە هەوڵی شكستپێهێنانی دەدەن، سەرۆك كۆماری عێراق بەجیا و فراكسیۆنی یەكێتیش بەجیا هەوڵە یاساییەكانیان خستوەتەگەڕ بۆ شكستپێهێنانی دانیشتنەكەی پەرلەمان و، ئەگەر پێش ئەو دانیشتنە، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لە نایاسایی بون ئەو دانیشتنەی پێشوی پەرلەمان بدات كە نیسابی یاسایی تیایدا تەواوكرا، ئەوا هەوڵەكانی پەرلەمان شكستدێنن و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەوشێوەیە دەڕوات كە كۆمسیۆن ڕایگەیاندوە، ئەگەر دادگاش لەقازانجی ئەو لایەنانە بڕیاریدا كە تانەیان داوە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و توانیان جارێكی تر نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەكەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتو كۆبكەنەوە، ئەوا كەشوهەواكە بەوشێوەیە نامێنێت كە هێزە براوەكانی حەزیان لێیەتی و هەوڵی تێپەڕاندنی ئەنجامەكان دەدەن بەم شێوەیەی ئێستا.   


درەو میدیا بەپێی راگەیەنراوێكی گۆشەی ئابوری و ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان، "داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی 2018 حەوت سەدو نۆ ملیۆن و سەد هەزار دۆلار"ە، لە راگەیەنراوەكە زیادبوونی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی " بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و  زیادكردنی بەرهەمی نەوتی كوردستان لە كێڵگەكانی گەرمیان و فیشخاپور" ەوە بووە.  رۆژانە هەرێمی كوردستان ( 326774 ) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووەو كۆی مانگەكە دەكاتە (10.130.000) بەرمیل، تێكڕایی نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا كە بۆ مانگی ئایار (٧٨) دۆلاری ئەمریكی بوە، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (٨) دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی برینت دەفرۆشێت. كەواتە نەوتی هەرێمی كوردستان بە (٧٠) دۆلاری ئەمریكی فرۆشراوە. كۆی داهاتی نەوتی هەرێم كە تەنها لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردە كراوە بۆ مانگی ئایار = 10.130.000 بەرمیل ×٧٠ دۆلار =709.100.000 حەوت سەدو نۆ ملیۆن و سەد هەزار دۆلار. دەقی راگەیەنراوەكە.    


(درەو میدیا): سبەی دووشەممە مەولود چاوەش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەگات واشنتۆن. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكەی چاوەش ئۆغڵۆ و پۆمپیۆ ، تاوتوێكردنی دۆخی شاری مەنبەجە كە توركیا داوادەكات هێزەكانی سوریای دیموكرات پاشەكێی لێبكەن. هەفتەی رابردووش تیمی هاوبەشی توركیا و ئەمریكا لە ئەنكەرە لەسەر هەمان پرس كۆبوونەوە و میدیاكانی توركیا رایانگەیاند كە ئەنكەرە و واشنتۆن لەسەر نەخشە رێگایەك بۆ بەڕێوەبردنی مەنبەج و كشانەوەی هێزە كوردییەكان گەیشتونەتە رێككەوتن، بەڵام هێزەر ناوێرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەتیكردەوە رێككەوتن كرابێت.  


راپۆرتی  شیكاری: محەمەد رەئوف خوانی بەربانگكردنەوەی جەندەرمەكانی توركیا لە مزگەوتی گوندی (بەرمیزە)ی ناحیەی سیدەكانی قەزای سۆرانی پارێزگای هەولێر، زیاتر پەیامێكی سیاسی و ئایینی لە پشتە، جگە لە پێشێلكردنە سەربازیەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێم. ئامانج لە سازدانی ئەو خوانەی بەربانگ لەناو خاكی هەرێم، رەنگە بە پلەی یەكەم ئەو پەیامەی لەخۆیدا هەڵگرتبێت بۆ خەڵكی ئایینداری ناوچەكە كە جەندرمە وەكو خاڵكی ناوچەكە موسڵمانن و ئەوانەی لە چیان ( پەكەكە ) لادینن، ئەمە هەنگاوێكی نوێی توركەكان نیە، وەك ئیسماعیل بێشكچی نوسەری بەناوبانگی تورك و دۆستی گەلی كورد لە كتێبەكەیدا (كوردستان كۆڵۆنیالیەكی نێودەوڵەتی) باسی دەكات حكومەتە یەك لەدوایی یەكەكانی توركیا هەمیشە هەوڵیان داوە كورد لە بۆتەقەی ئاییندا بتوێننەوەو لە رێگەی برایەتی ئایینیەوە لە هەستی نەتەوەیایەتی كورد بدەن. ئەگەر حكومەتەكانی پێشووی توركیا كە زۆربەیان عەلمانیەكی نەتەوەپەرستی كەماڵیست بوون، نەیانتوانی بێت ئەو سیاسەتە بەتەواوی بچەسپێنن، ئەوا رەجەب تەیب ئەردۆغان كە ریشەیەكی ئیسلامی هەیەو بانگەوازی زیندوكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی دەكات، ئەیەوێت ئەو هەستە تۆخ بكاتەوە. بەربانگكردنەوەی جەندرمەكانی توركیا لە گوندەكانی باشوری كوردستان هەوڵدانە بۆ بە ئاسایی روانین لە سوپای توركیا و كاڵبونەوەی هەستی تەماشاكردنیان وەكو داگیركەرێك.  ئەردۆغان لە رۆژئاوای كوردستان بەناوی "چلە زەیتون"ەوە عەفرینی داگیركرد، ئێستا دەیەوێت بەهەمان ناونیشانەوە باشوری كوردستانیش داگیربكات، بەڵام بەبێ تەقەو ئۆپەراسیۆن و هێزی سەربازی. ئێوارەی 29/5/2018 ژمارەیەك جەندەرمەی توكیا لە بارەگاكانیان هاتنە خوارەوە بۆناو گوندی (بەمیزە)، ئەو هێزانە چەند مانگیك پێشتر بە درێژایی (15 كم) هاتنە ناو خاكی باشوری كوردستانەوە لەو ناوچەیە، بارەگای جەندرمەكان تەنها (500م) لە گوندی بەرمیزەوە دوورە، ئەوان دوو رۆژ پێشتر موختاری گوندەكەیان ئاگادار كردبووەوە كە دەیانەوێت بێنە گوندەكەیان و نیەتپاكی خۆیان نیشان بدەن، بۆیە ئەو رۆژە بە ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هاتنە گوندەكەو لە مزگەوتی بەرمیزە بەربانگیانكردەوەو كۆمەڵێك ئازوقەو پێداویستیان دابەشكردووە بەسەر هاوڵاتیانی گوندەكەداو دواتر رۆیشتن. هاتنی ئەو هێزە بۆ ئەو ناوچەیە هەروا رووداوێكی ئاسایی نیە، بەڵكو هەڵگری چەندین مانای قوڵە، لەسەرو هەموویانەوە  ئاساییكردنەوەی پەیوەندی نێوان خەڵكێ ناوچەكەو سوپای توركیا وەك داگیركەر، ئەوان بەو جوڵەیە ویستیان بڵێن "ئێمە پارێزگاری لە ئاسایشتان دەكەین و پەكەكە هێزێكە ناتونێت بتانپارێزێت"، هاوكات ئاماژەیەكە بەسەرتای جوڵەی سەربازی و سیاسی توركیا بە ئاڕاستەی هەژمونی زیاتر بەسەر هەرێمی كوردستان تاوەكو قۆناغی ئۆپەراسیۆنی سەربازی شێنەیی بەرەو قەندیل و بنكەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستتا (پەكەكە) لەو ناوچانە.  ئەوەی جێگەی سەرەنجە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەت و سەرۆك كۆماری عێراق تائێستا هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی وێنەی سەربازانی توركیا لە گوندی (بەرمیزە) رانەگەیاندووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزی باڵادەستی ناوچەكە هیچ لێدوانێكی فەرمی و نافەرمی لەوبارەیەوە نەداوە. ئەوەی تائێستا لە هەرێمی كوردستان لەسەر هاتنەخوارەوەی ئەو سەربازانەی سوپای توركیا قسەی كردووە جگە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان، (13) پەرلەمانتاری كوردستانن كە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و دەڵێن" لە ساڵانی رابردوداو تا ئەم ساتەوەختە چەندینجار نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانی كوردستان بانگەوازمان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە پەرلەمان و حكومەت و حزبە حوكمڕانەكان و دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی عێراق كردوە، كە رێگری بكەن لە هەنگاوەكانی سنوربەزاندنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێم. بەڵام بەدەنگەوە هاتن نەبووەو، دەوڵەتی توركیاش قۆناغ لەدوای قۆناغ پێگەی خۆی لەناو قوڵایی خاكی كوردستان لە دانانی چەندنی سەربازگەو مۆڵگەو جەندرمەخانە قایمتر دەكات. تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی جەندرمەی توركیا لە گوندەكانی پارێزگای هەولێر مانۆڕو نمایشی سەربازی دەكەن، وەك ئەوەی ئەوان خاوەن ماڵ بن!". بوونی بنكەو بارەگای سوپای توركیا لە باشوری كوردستان مێژوویەكی درێژەی هەیە، بە جۆرێك چەندین رێككەوتن كراوە لەنێوان عێراق و توركیا بۆ بەزاندنی سنوری یەكدی، رێككەوتنی نێوان توركیا و عێراق نوێ نیە و مێژووەكەی بۆ سەردەمی رژێمی بەعس دەگەڕێتەوە بەو پێیەی عێراق و توركیا لە ساڵی 1982 دا رێككەوتنێكیان ئیمزاكردووە كە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاساییشی وڵاتەكانیان ئەتوانن (20 كم) سنوری خاكی یەكدی ببڕن، بەتایبەتیش دژ بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیان بەتایبەتیش (پەكەكە)، ئەم رێككەوتنەی لە ساڵی 2007 لەسەردەمی هۆشیار زێباری وەزیری ئەوكاتی دەرەوەی عێراق نوێكرایەوە، بەڵام لەبری راگرتنی بەزاندنی سنوری یەكتریان لە (20 كم)وە بۆ (25 كم) زیادكرد، ئەمیش زیاتر لەسەر رەزامەندی توركیا بوو، بۆ ئەوەی بتوانێت دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان سنوری عێراق و باشوری كوردستان ببەزێنێت. هاوكات حكومەتی توركیا بە سودوەرگرتن لەو دۆستایەتیەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیەتی، لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ توانی بەتەواوی هەژمونی خۆی لە هەرێمی كوردستان فراونبكات و سنوری عێراق ببەزێنێت بە فیعلی بنكە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری بكاتەوە، لەدوای 1995 ەوە لە چوارچێوەی (PMF)- هێزی ئاشتی پارێزدا بنكە و بارەگای خۆی لە هەرێمی كوردستان كردەوە. لە دوای روداوەكانی 31ی ئابی 1996 ەوەو لە چوارچێوەی بانگهێشتنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان دژ بە هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان توركیا بنكە سەربازییەكانی زیاتر كرد، دواتریش بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە بنكەی تری لە هەرێمی كوردستان كردەوە. بنكە سەربازییەكانی توركیا لە باشووری كوردستان نزیكەی (18) بنكەی سەربازی و هەواڵگری ئاشكراو نهێنی توركیا لە هەرێمی كوردستاندا هەن، نوێترنیان هاتنی هێزی سەربازی توركیا بوو بۆ (باشیك) لە ساڵی 2016دا كە بە بیانووی روبەرووبونەوەی چەكدارانی "داعش" و راهێنانی سەربازی لەوێ دوو بنكەی سەربازی كردەوە و (1200) سەرباز، (50) تانك، (50) هەمەر، (15) تۆپی دوورهاوێژ، (50) هاوەنی بچووك و دەیان چەكی بچوكە تر و (70) ئۆتۆمبێلی سەربازییان لەو ناوچەیە جێگیركرد، لەگەڵ چەند بنكەیەكی هەواڵگری لە پارێزگای دهۆك. بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی ناڕەزایەتییەكانی باشوور كە لە مانگی كانونی یەكەمی 2015 بڵاویكردەوە، (3235) ئەفسەر و سەرباز و جەندرمەی سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندان لەگەڵ چەندین جۆر چەك و تەقەمەنی، بەپێی راپۆرتەكە توركیا (58) تانك، (27) زرێپۆش، (31) تۆپ‌ و (26) هاوەن، (17) ئاڕ بی جی ‌و (10) دۆشكە، (40) ئۆتۆمبیلی سەربازیی لە هەرێمدا هەیە. راپۆرتەكە باسلەوەدەكات، سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەر (13) بنكەو بارەگای سەربازیدا لەناوچە سنورییەكانی پارێزگای دهۆك دابەشكراون، كە لەناو هەموو بنكە سەربازیەكاندا بەشی هەواڵگری هەیە.  1- گەورەترین بنكە و بارەگای سەربازی توركیا لەڕووی ژمارەی سەربازەوە، لە ناحیەی (كانی ماسی)یە. لەو بنكەیەدا (580) سەرباز و (91) ئەفسەر و (240) جەندرمە و  (340) هێزی لێدان هەیە. 2- گەورەترین بنكەی سەربازی توركیا لەڕووی لۆجستییەوە، سەربازگەی (بامەڕنی)یە كە دەكەوێتە بەرامبەر ‌ناحیەی بامەڕنی‌. لەناو ئەو بنكە سەربازییەدا گەورەترین یەكەی هەواڵگری سەر بە سوپا هەیە. هەروەها (30) تانك، (8) زرێپۆش، (6) هاوەن، (6) ئۆتۆمبێلی سەربازی تێدایە، جگە لەبوونی ئامێرێكی پێشكەوتووی دەنگگرتن كە بۆ كاری سیخوڕی بەكاریدەهێنن. 3- سەربازگەی (باتوفا) سریەیەكی تایبەتی هەواڵگری لێیە كە لە (20) كەس پێكهاتووە. بنكەی سەربازی ناحیەی باتوفە گەورەترین سەربازگەی هەواڵگرییە و دەكەوێتە سنوری ئیداریی قەزای زاخۆوە، (400) سەرباز و (6) تانك و (21) زرێپۆشو (14) ئۆتۆمبێلی سەربازیی و سێ نازووری تێدایە. 4- بنكەی سەربازی (كریبی) لە سنووری قەزای زاخۆ (414) سەرباز، (6) تانك، (15) ئاڕ بی جی، (2) دۆشكە، (6) زرێپۆش، (11) تۆپ، (14) ئۆتۆمبێلی سەربازی، و چەندان چەكی سوك و مامناوەندی تێدایە. 5- سەربازگەی (سینكی)، (80) سەرباز و تۆپێكی (120 ملم)ی تێدایە. 6- سەربازگەی (سیریی) لە سنووری قەزای ئامێدێیە، (75) سەرباز، (6) تانك، سێ دۆشكە، (6) هاوەن، (4) زرێپۆش هەیە. 7- سەربازگەی (كوبكی) لە سنووری قەزای ئامێدی. (130) سەربازی جێگیركردووە لەگەڵ دوو تانك. 8- سەربازگەی (قومری) لە ناوچەی مەتینا، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی . 9- سەربازگەی (كوخی سپی)، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 10- سەربازگەی (دەرەی داواتیا) لە هەفتانین، (70) سەربازی تێدا جێگیركراوە لەگەڵ ژمارەیەك كەرەستە و كەلوپەلی سەربازی. 11- سەربازگەی (سەری زیری)، (60) سەربازی تێدا جێگیركراوە. 12- سەربازگەی (گەلی زاخۆ)، (34) سەربازی تێدا جێگیركراوە.  13- سەربازگەی (ئامێدی)، (45) سەرباز بە تەواوی چەك و تفاقی سەربازییەوە تێدا جێگیركراوە. 14- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە ناوەندی قەزای ئامێدی. 15- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە ناوەندی ناحیەی باتوفە. 16- بارەگای دەزگای سیخوری میت، لە قەزای زاخۆ لە گەڕەكی بێداری. 17- بارەگای دەزگای سیخوڕی میت، لە ناوەندی قەزای دهۆك لە گەڕەكی گرێباسی. 18- بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك. بوونی ئەو بنكەو بارەگایانەی سوپای توركیا لە هەرێمی كوردستان تەنها لەپێناو پاراستنی ئاسایشی توركیا و كۆكردنەوەی زانیارییە لەسەر باشوری كوردستان و بەتایبەتیش لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان، بونی ئەو هێزە هیچ سودێكی بە هەرێم نەگەیاندووە بە جۆرێك لە كاتی هاتنی هێرشی "داعش" بۆسەر هەولێر توركیا ئامادە نەبوو هێز رەوانە بكات، تەنانەت ئامادە نەبوو هێزی ئەو بنكە سەربازیانەش بەكاربهێنێت، لەكاتێكدا بنكەی سەربازی بامەڕنێ فڕۆكەخانەی سەربازییە و توركیا دەیتوانی لەوێوە پەلاماری "داعش": بدات.. .............. بابەتی پەیوەندیدار  توركیا باشووری كوردستان داگیردەكات؟ http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=103   خەونی سوڵتانی ئەردۆغان.. لە والی عەفرینەوە بۆ والی هەولێر http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=245


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت چەند رۆژێكە ترس لەناو خەڵكی بەغداد و موسڵ بڵاوبووتەوە، ئاستی ئاوی روباری دیجلە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، خەڵك بەتایبەتی جوتیاران ترسیان هەیە لە لەناوچونی بەروبومە كشتوكاڵییەكانیان. بە گوێرەی قسەی بەڕێوەبەرانی بەنداوی موسڵ، ئێستا ئاستی ئاو لە بەنداوەكە بەرێژەی 50% كەمیكردووە. هۆكاری كەمبونەوەی ئاستی ئاوی روباری دیجلە دەستپێكردنی گلدانەوەی ئاوە لە بەنداوی (ئەلیسۆ)، كە توركیا لەسەر نزیك گوندی (ئەلیسۆ)ی باكوری كوردستان و لە سنوری هەردوو پارێزگای ماردین و شرناخ لەسەر روبارەكە دروستیكردووە. بەنداوی (ئەلیسۆ) یەكێكە لەو (22) بەنداوەی كە توركیا لە باكوری كوردستان جێبەجێیان دەكات و بە "پرۆژەی گاپ" ناسراوە و وەك دەسەڵاتدارانی توركیا دەڵێن" ئامانج لێی وەبەرهێنانی وزەی هایدرۆلیكی (كارۆئاوی) و كۆنترۆڵكردنی لافاو و گلدانەوەی ئاوە". بەنداوی ئەلیسۆ بەرزییەكەی (135) مەترە و پانییەكەی (1.820) مەترە و هەشت دەرگای هەیە، بۆ دروستكردنی ئەم بەنداوە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیا لە ساڵی 1954 وە تاوەكو ساڵی 1997 لێكۆڵینەوەیان كردووە تاوەكو لە رۆژی 5ی ئابی 2006 بەردی بناغەی دانرا. بەنداوی ئەلیسۆ لە باكوری كوردستان ​​​​​​​ پرۆژەكە زیانی بۆ باكوری كوردستان دەبێت پرۆژەی بەنداوی (ئەلیسۆ) بەرلەوەی زیانی بۆ دۆخی ئاو لە عێراق هەبێت، زیان بە هەندێك ناوچەی باكوری كوردستان دەگەیەنێت، بەپێی قسەی چالاكوانانی كورد بەنداوەكە دەبێتەهۆی دروستبونی لافاو لە شاری دێرینی (حەسەن كێف)  و (185) گوند و ناوچەی دەڤەرەكە، بەڵام لەبەرامبەردا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەڵێت" ئەوان لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە دەیانەوێت دەستكەوتێكی گەورە بۆ خەڵكی ناوچەكە بەدی بهێنن و بیسەلمێنن كە ناوچە كوردییەكانی توركیا چیتر ناوچەی پشتگوێخراو نین". دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە بانگەشەی ئەوە دەكەن بەنداوی ئەلیسۆ (10 هەزار) دەرفەتی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە دەڕەخسێنێت و كاروباری ئاودێری ناوچەكە رێكدەخاتەوە و سەرباری ئەمانەش دەیكات بە ناوچەیەكی گەشتیاری. كاردانەوەكان لە عێراق لە یەكەم كاردانەوەدا دوای دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە، حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" حكومەتی توركیا دەستیكردووە بە پڕكردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ، ئەوەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە عێراق تێبینی كرا بەدابەزینی ئاوی روبارەكە". وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دەڵێ:"  عێراق رێككەوتنی هەیە لەگەڵ توركیا سەبارەت بە ئاستی گلدانەوە و بەردانەوەی ئاو، ئەو رێككەوتنەش تاوەكو كانونی دووەمی داهاتوو بەركارە". بڕیارە مانگی كانونی دووەمی داهاتوو لە شاری موسڵ لێپرسراوانی عێراق و توركیا كۆببنەوە بەمەبەستی پێداچونەوەی رێككەوتنەكە لەبەر رۆشنایی لێكەوتە نوێیەكانی دۆخی ئاو لە ناوچەكە. دابەزینی ئاستی ئاوی روباری دیجلە لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكانی عێراق كاردانەوەی زۆری دروستكرد، وێنەی وشكبونەوەی روبارەكە  تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی داگیركردووە، خەڵك داوا لە حكومەت دەكەن فریای بارودۆخەكە بكەوێت. پێشتر وەزارەتی سامانە ئاوییەكانی عێراق بەهۆی ئەو شەپۆلی وشكەساڵییەوە كە ڕووی لە عێراق كردووە چاندنی مەرەزەی لە جوتیاران قەدەغەكرد. رێوشوێنەكانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق دوای راپۆرتێكی ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریكا (ناسا) هات كە تێیدا هۆشداری دەدات لە كەمبونەوەی ئاو لە (19) ناوچەی گەرم لە جیهان بەتایبەتیش لە عێراق و سوریا. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە ئەم رۆژانە سەرقاڵە بە لێكۆڵینەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار و گومانەكانی ساختەكاری، بڕیاریدا سبەینێ كۆبونەوەیەكی بەپەلە رێكبخات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قەیرانی ئاوەوە. كۆمسیۆن مافەكانی مرۆڤی عێراقیش لەبارەی كەمبونەوەی ئاستی ئاوی روباری دیجلە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و داوایكرد" ئاو نەكرێت بە چەكێكی تر دژ بە خەڵكی عێراق". كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ كاركردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەمەبەستی زامنكردنی مافە ئاوییەكانی عێراق. نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراقیش لە بەیاننامەیەكدا داوای لە پەرلەمان و حكومەت و لایەنە سیاسییەكان كرد پەیامێك بۆ توركیا بنرێن و ئاگاداری بكەن لەوەی بەو هەنگاوەی رێخۆشكەری بۆ دروستبونی ململانێ دەكات لەنێوان هەردوو وڵاتدا. موقتەدا سەدریش، لە وەڵامی یەكێك لە لایەنگرانیدا كە پێشنیاری ئەوەی كردووە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەردەم باڵیۆزخانەی توركیا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بكەن، دەڵێت ئێستا پشتگیری لەو هەنگاوە ناكات و هەوڵدەدات بە شێوەیەكی ئاشتیانە ئەو پرسە چارەسەربكات و ئەگەر نەشیتوانی ئەوا هەڵوێستی تری دەبێت. حەسەن جەنابی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ئێران لە بەنداوی ئەلیسۆ نیگەرانە كاردانەوەی بەگەڕخستنی بەنداوی ئەلیسۆ لە توركیا لە عێراق تێپەڕی و گەیشتە ئێرانیش، بەپێی قسەی میدیاكانی ئێران، ژمارەیەك هاوڵاتی ئێرانی نامەیەكیان بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان ناردووە و تێیدا نیگەرانی خۆیان لە بەكارخستنی بەنداوی ئەلیسۆ نیشانداوە و دەڵێن ئەو بەنداوە بوەتە هەڕەشە لەسەر وشكبونی دەریاچەی (هور عەزیم) لە ئێران.  


درەو میدیا:  لە چەند رۆژی رابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری وەرگرت.  ئەحمەد عەلی كە ئەندامی ژووری حكومەت و پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕانە پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ كاروباری هونەری وەرگرتووە، لە لێدوانێكدا بۆ درەو میدیا ئەحمەد عەلی هەواڵەكەی پشت راستكردەوەو رایگەیاند لە 6/5/2018 ەوە دەست بەكاربووم دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا متمانەم پێدرا.  كوێستان محەمەد لە ئاكاوتنی تایبەتی خۆی ژمارەیەك وێنەی بڵاوكردۆتەوە كە لەگەڵ ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی پیرۆزبایی دەسبەكاربوونی سەردانی ئەحمەد عەلی جێگری پارێزگاری دەستبەكاربووی سلێمانیان كردووە .  پۆستی جێگری پارێزگار بە پێی رێككەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە بەڵام لە مانگی 5/2017 ەوە لەدوای دەستلەكار كێشانەوەی سەردار قادر ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە.  ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ئێستادا بۆچونێكی بەهێز هەیە لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا بۆ كشانەوەی گۆڕان لە حكومەتی خۆجیی سلێمانی، بەتایبەتیش دوای ئەو نیگەرانیانەی كە بزووتنەوەی لە ئەنجامی دەنگدانی 12ی ئایار لەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەیانەو پێیان وایە ساختەكاریان لێكراوە.


(درەو میدیا): كەریم خان پارێزەری سەیفولئیسلام قەزافی، بە راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەكانی رێكخراوی داعش لە عێراق دیاریكرا. تیمی نێودەوڵەتی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە تاوانی داعش لە عێراق بە بڕیاری ژمارە 2379ی ساڵی 2017 پێكهێنراوە. ستیڤان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرك وتی:" كەریم خان یەكەمین سەرۆكی تیمەی لێكۆڵینەوەیە و ئەو پارێزەرێكە بەریتانییە و شارەزایی 25 ساڵ كاركردنی لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی هەیە." دوجاریك روونیشیكردەوە:" حان لیسانی لە یاسادا لە كۆلێژی كینگ لە زانكۆی لەندەن بەدەستهێناوە و پسپۆر و شارەزایی باشی هەیە و وانەی شەریعەتی ئیسلامیی وتوەتەوە و وەك داواكاری گشتی و پارێزەری بەرگری لە دادگاكانی تاونی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كاریكردووە، لەوانەش دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە رواندا، و دادگای نێودەوڵەتی یۆگۆسلاڤیای پێشوو، دادگاكانی كەمبۆدیا و دادگای تایبەت بە لوبان و سیرالیۆن." هەروەها كەریم خان سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار بووە لە سەیفولئیسلام قەزافی كوڕی موعەممەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیا لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.  


(درەو میدیا): "لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا ئەنجامی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسی لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان فەرامۆش بكرێت" ئەمە نوێترین پێشنیازە لە ناوەندی سیاسی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. بەپێی هەواڵێك كە رۆژنامەی (حەیات)ی لەندەنی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، لەناوەندی سیاسی عێراقدا جموجوڵێك هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن. بەپێی قسەی رۆژنامەكە، ژمارەیەك لایەنی سیاسی (ناوی لایەنەكانی ئاشكرانەكردووە)، پێشنازێكیان خستوەتەڕوو و داوا دەكەن بۆ خۆدەربازكردن لە كێشەی ئەنجامی هەڵبژاردن و گومانەكانی ساختەكاری، لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا بەشێوەیەكی گشتی مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن نەكرێت، بەتایبەتیش هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان. پێشنیازەكە داوا دەكات حكومەتێكی یەكێتی نیشتیمانی لە عێراق پێكبهێنرێت كە هەموو لایەنەكان تێدا بەشداربن بەبێ گوێدانە ژمارەی دەنگ و كورسییەكانیان لەناو پەرلەمان، ئەمەش لەڕێگەی چارەسەركردنی ناوخۆیی كێشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و لەنێوان لایەنە سوننەكاندا. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، رەشنوسی پێشنیازە نوێیەكە كۆپیكردنی ئەو میكانیزمانەیە كە حكومەتەكانی پێشتری عێراقیان لەسەر دروستكراوە، بەڵام ئەم پێشنیازە لەلای موقتەدا سەدر وەكو سەرۆكی كوتلەی براوەی یەكەم پێشنیازێكی قبوڵكراو نییە بەوپێیەی ئەو بانگەشە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكرات دەكات.  


ئا: نیاز عه‌بدوڵڵا له‌ گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ (دره‌و میدیا) عه‌تا سه‌راوی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار شه‌ڕێكی خوێناوی له‌ نێوان هێزه‌كانی زۆنی سه‌وز دروست ئه‌بێ و "باجه‌كه‌شی زۆر زۆر قورسه‌". عه‌تا سه‌راوی به‌رپرسیارێتی دروست بوونی ناكۆكی سیاسی له‌ نێوان یه‌كێتی نیشتمانی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی 12ی ئایار گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌ڵوێستی سیاسی گۆڕان و پێنج حیزبه‌ ناڕازییه‌كه‌ (حیزبی شیوعی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی، یه‌كگرتووی ئیسلامی، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی) و وتی "دۆخه‌كه‌یان والێكرد شه‌ڕه‌كه‌یان كرد به‌ شه‌ڕی یه‌كێتی و ئه‌و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنانه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ دهۆك و هه‌ولێر و موسڵ شامی شه‌ریف بێت و هیچ رووینه‌دابێت، به‌شێكیان چوونه‌ پاڵ توركمان و عه‌ره‌به‌كان له‌ كه‌ركوك دژ به‌ یه‌كێتی". ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی به‌ پێویستی زانی "یه‌كێتی نیشتمانی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری یه‌ك بگرینه‌وه‌ ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ ئه‌كات". له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانیش وتی "ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ شه‌ڕێكی خوێناوی له‌ زۆنی سه‌وز له‌ نێوان ئه‌م هێزانه‌ دروست ئه‌بێ و باجه‌كه‌شی زۆر زۆر قورسه‌". سه‌راوی باسی له‌ یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی  كرد بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی له‌ به‌غداد، ئه‌و پێی باش بوو "یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه‌ یانزه‌ كورسییان هه‌یه" هاوپه‌یمانی پێكبهێنن . وتیشی "ئێمه‌ و پارتی رێككه‌وتنی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ئه‌وان و سه‌رۆكی عێراق بۆ ئێمه‌‌ دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه"‌ به‌ڵام "پارتی ئه‌و بڕوایه‌یان هه‌یه‌ یه‌كێتی له‌گه‌ڵ گۆڕان و كاك به‌رهه‌م دوور بكه‌وێته‌وه".  دەقی چاوپێكەوتنی درەو میدیا لەگەڵ عەتا سەراوی  http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1030


درەو میدیا ماوەی 20 رۆژە توركمانەكانی كەركوك دژ به ‌ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەو شارە بەردەوامن لە خۆپیشاندان، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "بڕیارەكەی دكتۆر فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لایەندراە و، بۆیە لە خۆپیشاندانەكانی كەركوك بەردەوام دەبین تا ئەنجامەكە بەدەست دەژمێردرێتەوە". لە لێدوانێكی بۆ (درەو میدیا) ئایدن مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی بڕیاری سەرۆك كۆماری عێراق بۆ بە نایاسایی وەسفكردن و رەتكردنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتی "دەبووایە دكتۆر فوئاد مەعسومی سەرۆك كۆمار بێ لایەنی خۆی بپاراستایه، بۆیە‌ زۆر ئاساییە بەوهۆكارە ئێستا گلەیی زۆر لە ناوەندی عێراقی لەنێو كورد و توركمان و عەرەبیش دروست بووە و تێبینی زۆریان لەسەر ئەو بڕیارە هەیه، بۆیە‌ بڕیارەكەی سەرۆك كۆماری عێراق لایەندراره بۆ ئەنجامی خۆپیشاندانەكان". ‌سەبارەت بە بەردەوامی فشار و خۆپیشاندانی توركمانەكانی كەركوك لە ‌ماوەی 20 رۆژی‌ دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار،  ئایدن مەعروف وتی "دوای تیپەڕبوون سێ هەفتەش توركمانەكانی كەركوك بەردەوامن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و بەردەوامیش دەبین، چونكە تائێستا دۆسیەكە چارەسەرنەكراوە كە داوایەكی زۆر سادەمان هەیە و دەڵێین هەڵبژاردنی كەركوك كە بە بەرنامەی ئەلیكترۆنی كراوە و ژمێردراوە بە دەست هەژمار بكرێتەوه". ئەو بەرپرسەی بەرەی توركمانی پێی وابوو "هەندێ لایەن فشاریان دروست كردووە بۆ مەبەست و ئامانجی سیاسی، ئەمەش وایكردووە پێكهاتەكان نەتنوانن بە ئیرادەی خۆیان سیاسەتی خۆیان پیادە بكەن، لەبەر ئەوە ئێمە لەگەڵ بڕیارەكەی سەرۆك كۆمار نین و ئەوە كاریگەری خراپی دروست كردووە لەسەر رەوشەكه". فشاری سیاسی ئێمە بەردەوام دەبێت كە مەدەنی و دبلۆماسییە بە تایبەت لە كەركوك كە تائیستا خۆپیشاندان لەوێ بەردەوامە. فشاری سیسای و دبلۆماسیش لە بەغداد بەردەوام دەبێت بۆئەوەی كۆمسیۆن. بەڵام كۆمسیۆن نەیتوانی بێ لایەنی بپیارێزێت و كەوتە ژێر كاریگەری حیزبە گەورەكان لە عێراق. لێرە خەڵك ئەپرسێت و گومانی هەیە. ئەوە 4 شاڵە خاوەن دەسەڵات ئەوەندە گرفت و كێشەیەی دروست كردووە متمانەی خەڵكی نەبووە، باشە مەنتقییە دووبارە ئەمانە خەڵك دەنگ بداتە ئەمانە؟ لە عێراق نەتواندرا بەشێوەیەكی دیموكراسی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و لە بەرژەوەندی حیزبە گەورەكان تەواو بوو  


(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا كە 24ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت لە ئیزمیر یاڵچین یانیقی كاندیدكردووە كە بە رەگەز خەڵكی كیشوەری ئەفریقایە. یاڵچین یانیق ( 58 ساڵ) كە كاندیدی هەدەپە یە لە ویلایەتی ئەیدینی خۆرئاوای توركیا لە دایكبووە و بەرەگەز خەڵكی كیشوەری ئەفریقایە و لە كەرتی پیشەسازی پێستە و دروستكردنی پێڵاو كاردەكات و سەرۆكی سەندیكای كرێكارانی پیشەسازی پێڵاو و چەرمە لە ئیزمیر. لە ویلایەتی ئیزمیری خۆرئاوای توركیا ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی دەژین كە بەرەگەز خەڵكی كیشوەری ئەفریقان و لە سەدەتی 16ی یەمدا باب و باپیرانیان هاتونەتە توركیا نیشتەجێبوون.  


(درەو میدیا): بەپێی نوسراوێك كە ئیمزای كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بەسەرەوەیە بریادراوە بە دانانی بەرزان ئەحمەد كوردە بە لێپرسراوی بۆردی لاوان و خوێندكاران و ( NGO ) كان لە شوێنی ( جوان ئیحسان) سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق، نوسراوەكە ئەوەشی خستوەتەروو كە بڕیارەكە لە رۆژی دەرچونیەوە كاری پێدەكرێت كە لە 21/5/2018 دەرچووە.  دانانی بەرزان ئەحمەد كوردە لە شوێنی جوان ئیحسان لە كاتێكدایە كە پێشتر بڵاوكرایەوە كە بەرپرسە نزیكەكانی د. بەرهەم ساڵح لە پۆستەكانیان دوورخراونەتەوە، كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریداوە بە گۆڕینی (بەرزان ئەحمەد كوردە لە لێپرسیراوی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەكێتی و دانانی سیروان كوێخا نەجم ئەندامی سەركردایەتی و گۆڕینی جەمیل هەورامی بەرپرسی مەڵبەندی شارەزووری یەكێتی بە هەڵۆ پێنجوێنی ئەندامی سەركردایەتی و گۆڕینی محەمەد عەبدوڵا بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی بە سامان گەرمیانی.  


(درەو میدیا): ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری و رۆژنامەنوس و نوسەر داوادەكەن كە هێزە ناڕازییەكانی كوردستان بەرەیەكی هاوبەش پێكبهێنن بۆ چارەسەری دۆخی ئەمرۆی كوردستان. لە راگەیەنراوێکدا كە 139 كەسایەتی ئیمزایان كردووە هاتووە:" ئێمە  لە سەكۆی جەماوەر ، وەك كۆمەڵێك لەكەسانی پەرۆش بۆ نیشتیمان و دڵخواز بۆ دادپەروەری كە واژۆمان كردووە ، وەك لە پێش هەڵبژاردنی (۱۲ی ئایار) ئەو پەیامەمان بە لایەنەكانی نارازی  راگەیاند. ئەمرۆ جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە دەیانخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتی دوای ئەزمونێكی تاڵ، لە پەرتەوازەیی دەركەوت، بێ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش  مەحاڵە ، بتوانن گۆڕانكارییە  بنەڕەتییەكە بكەن و رێگری لە ساختەكاریی بكەن و زامنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بن ، تاقیش كرایەوە". دەقی راگەیەنراوەكە: ڕاگەیاندێك بۆ لایەنەكانی (گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتوو، .....هتد) ‎ ساختەكارییە گەورەكەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاشەكشەیەكی تری پرۆسەی سیاسی بوو لە عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی .. قەیرانەكان قولترو ئاڵۆزیەكان زیاترو ئازارو مەینەتیەكانی خه ڵكی زۆرتركرد. لەم هەلومەرجەدا ئەركێكی گیانی و چارەنوسی دەكەوێتە ئەستۆی لایەنەكانی نارازی و جیاواز ' لە هەردوو حزبی نەریتخوازی خۆسەپێنی كوردستان' كە رێگری بكەن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی (12 ی ئایار)  كە توانیان بە فێڵ و تەزویر و بە زەوت كردنی ئیرادەی گەلی كوردستان كۆتایی خۆیان دوا بخەن. چەند مانگێكی تر خەڵكی كوردستان جارێكی تر دەكەونە بەرتاقیكردنەوەیەكی تر.  لایەنەكانی نارازی بەرپرسیاریتیەكی ئەخلاقی و سیاسی گەورەتان دەكەوێتە ئەستۆ، لە پێناوی بەرژەوەندی نیشتیمان و پاراستنی مافی خەڵك لە بەرەیەكی یەكگرتوودا. بۆ تێپەراندنی قۆناغەكە خاوەن گوتاری هاوبەش بن، بە ڕاگەیاندنی بەرەی نێوان هەرچوار لایەن (گۆڕان، كۆمەڵ ، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ، یەكگرتوو ) كرانەوە بە ڕووی هەرلایەك بەرنامەی بەرەی گەل پەسەند دەكات . هەر ئەم رێیە دروستە ، ئومێد بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەگێرێتەوە ، لەگەڵ هێزە بەرفرەوانە ناڕازیەكە كە بایكۆتی دەنگدانیان كردووە ، ئاشت دەكاتەوەو، لەپرۆسەیەكی پاكی بێگەردی هەڵبژارندا، بەرێگای خەباتی مەدەنی جەماوەری ، ئیرادەی میللەت سەردە خات ، و كۆتایی بە كێشە قولەكانی (۲۷ ساڵەی) حكومڕانی  دەهێنێت و ئەلتەرناتیڤێكی حكومڕانی دامەزراوەی و هاوڵاتی بون و دادپەروەرانە دەخاتە روو. ئێمە  لە سەكۆی جەماوەر ، وەك كۆمەڵێك لەكەسانی پەرۆش بۆ نیشتیمان و دڵخواز بۆ دادپەروەری كە واژۆمان كردووە ، وەك لە پێش هەڵبژاردنی (۱۲ی ئایار) ئەو پەیامەمان بە لایەنەكانی نارازی  راگەیاند. ئەمرۆ جارێكی تر دوپاتی دەكەینەوە دەیانخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتی دوای ئەزمونێكی تاڵ  ، لە پەرتەوازەیی دەركەوت، بێ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش  مەحالە ، بتوانن گۆرانكاریە  بنەرەتیەكە بكەن و رێگری لە ساختەكاری بكەن و زامنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بن ، تاقیش كرایەوە.   لەم پێناوە (سەكۆی جەماوەر) كەمپینی پشتیوانی بەرەی میللی ڕادەگەینێ و داوا لە بژاردە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكات  پشتیوانی سەرخستنی ئاقارەیێك بكەن . گەلەكەمان بەرەو رزگاری نیشتیمانی وكەنارێكی ئارام و سەقامگیر دەبات . ناوەكان:- ١. جەلال سام ئاغا / كەسایەتی گەورەی كورد ٢. بھا‌و الدین نوری / سیاسەتمەداری گەورەی كورد ٣. مسعود عبدالخالق / نوسەر و روناكبیر ٤. كەمال رۆوف / سەرۆكی دەزگای شار ٥. كاردۆ محمد پیرداود / سەرۆكی پەیمانگەی پەرەپێدانی یاسایی  ٦. د.سەروەر عبدالرحمن / سەرۆكی پەیمانگای پەی ٧. هەڤال كوێستانی / چاودێری سیاسی   ٨. به یاد عه لی / په یمانگەی بیرورا بۆ توێژینه وه ٩. م. بكر حمە صدیق / مامۆستای زانكۆ ١٠. ابراھیم عبداللە جەلكی / مامۆستای ئایینی ١١. پەیمان عزالدین / پارێزەر ١٢. د.قارەمان نادر محمد / مامۆستای زانكۆ ١٣. مامۆستا نادر كانی كوردەیی / مامۆستای ئایینی ١٤. م. علی عارەب / مامۆستای ئایینی ١٦. ھیوا احمد كریم / رۆژنامەنوس ١٧. م. شكر ابراھیم منتك / مامۆستای ئایینی ١٨. مصلح ھمزە / پیاوی كار ١٩. د.رعد رفعت محمد / سكرتێری دەزگای ستاندەر ٢٠. سردار علی حسن / مافپەروەر ٢١. فەرھەنگ خالد / یاساناس ٢٢. سدیق صالح عزیز/ مامۆستا ٢٣. یاسین عبداللە / چالاكوانی گروپی مامۆستایان ٢٤. د.سلیم رشید / مامۆستای زانكۆ ٢٥. ئەردەلان لەتیف / چالاكوان ٢٦. د.شێركۆ كرمانج / نوسەر ٢٧. صادق رۆستایی / توێژەری پەروەردەیی ٢٨. نیزام فیصل / لێكۆڵەری دادی ٢٩. نیھاد ھیرانی / رۆژنامەنوس ٣٠. رێباز حسن / رۆشنبیر ٣١. د.سردار عزیز / نوسەر ٣٢. ئه رده لان فاتیح / پارئزه ر ٣٣. ھادی علی / مافپەروەر ٣٤. دیار محمد پیرداود / چالاكوان ٣٥. سەركەوت رسول / شاعیر ٣٦. كمال غریب / چالاكوان ٣٧. ھۆشیار شێركاوەیی / پارێزەر ٣٨. دلێر حسین / چالاكوان ٣٩. م. نیاز چۆمانی / مامۆستای ئایینی  ٤٠. سەلام علی / چالاكوان ٤١. نیشتمان كه مال/ چالاكوان ٤٢. كەنار عەسمان / چالاكوان ٤٣. یعقوب كاكل / چالاكوانی مەدەنی ٤٤. ھێمن مامەند / چالاكوانی مەدەنی ٤٥. بەھرین نوری / مامۆستا ٤٦. رێباز فاروق گراوی / چالاكوانی مەدەنی ٤٧. شیلان عوسمان / چالاكوانی مەدەنی ٤٨. شۆخان رەزا / پارێزەر ٤٩. ھیوا سید سلیم / نوسەر ٥٠. كارزان كریم / رۆژنامەنوس ٥١. محمد گەردی / چالاكوانی سیاسی ٥٢. زانكۆ ئەحمەد / رۆژنامەنوس ٥٣. عبداللە حسن اسماعیل / چالاكوانی مەدەنی ٥٤. محمد عبداللە عوسمان / پارێزەری راوێژكار ٥٥. رزگار بۆرە / چالاكوانی مەدەنی ٥٦. رسول علی عزیز / چالاكوانی مەدەنی ٥٧. رەھێل دزەیی / چالاكوانی مەدەنی ٥٨. كارۆخ عمر / رۆژنامەنوس ٥٩. سەلاح رشید / چالاكوانی مەدەنی ٦٠. ھندرێن شێخ راغب / رۆژنامەنوس ٦١. فەرمان عزالدین / پەرلەمانتاری خولی پیشوو ٦٢. ئاریان بایز / مافپەروەر ٦٣. ھۆشیار ابراھیم / چاودێری سیاسی ٦٤. دونیا جەوھەر / چالاكوانی مەدەنی ٦٥. سدیق ساح عزیز / مامۆستا/ ھۆلندا ٦٦. سیوەیل عوسمان ئەحمەد / پەرلەمانتاری خولی پێشوو ٦٧. عەزیمە نجم الدین حسن / پەرلەمانتاری خولی پێشوو ٦٨. پەیام احمد محمدامین / چالاكوانی مەدەنی ٦٩. حەمە عبداللە / چالاكوانی مەدەنی ٧٠. جەعفەر عوسمان / كاسبكار ٧١. جبار أحمد / ئەندازیار ٧٢. نەسرین جەمال / پەرلەمانتاری خولی پیشوو ٧٣. شیلان ئەحمەد / چالاكوانی مەدەنی ٧٤. ئاسۆ حیدری / چالاكوانی مەدەنی ٧٥. یوسف علی / چاودێری سیاسی ٧٦. م. عومەر خلیفە / مامۆستای ئایینی ٧٧. ئازاد چاڵاك / پەرلەمانتاری خولی پێشوو ٧٨. احمد كاوانی / چالاكوانی مەدەنی ٧٩. سەلاح شێخ سدیق / چالاكوانی مەدەنی ٨٠. صباح پلاندەر / چالاكوانی مەدەنی ٨١. عبداللە رسول / پێشمەرگەی دێرین ٨٢. محمد احمد عبداللە / مامۆستای ئایینی ٨٣. شێرزاد حافز / پەرلەمانتاری خولی پێشوو ٨٤. ایوب اسماعیل / بازرگان ٨٥. سەلمان كۆچەری / رۆژنامەنوس ٨٦. كاروان نەجات / توێژەری یاسای دەستوری ٨٧. محمد حمەدەمین / پەرلەمانتاری خولی پێشوو ٨٨. علی احمد بابان / مامۆستا ٨٩. محمد جوتیار / توێژەری دەروونی ٩٠. ئاكۆ شێخ محمد / مامۆستا ٩١. كەركوك ئەحمەد / چالاكوانی مەدەنی ٩٢. رەنجدەر عبدالرزاق حمد /  ئەندازیار ٩٣. رێبوار چەلەبی / چاودێری سیاسی ٩٤. دەشتی سالار / رۆژنامەنوس ٩٥. بەهار صالح / چالاكوانی مەدەنی ٩٦. عبداللە محمد امین / چالاكی مەدەنی ٩٧. سەرھەنگ فرج /  پەرلەمانتاری گخولی پیشوو ٩٨. لەتیف دادیار سیان / پارێزەر ٩٩. د.سلیمان جعفر /  مامۆستای زانكۆ له كەنەدا ١٠٠. ابوبكر عمر دروێش / پسپۆری پەروەردەیی ۱۰۱. گۆران جلال / پارێزه ر ۱۰۲. ئارام فرهاد علی / ئەندامی دەستەی نەزاهه ۱۰۳. حلیمه رشید / چالاكوانی مەدەنی ۱۰٤ . رابەر مجید / چالاكوان  ۱۰٥. شێركۆ حمەأمین / پەرلەمانتار ١٠٦. لۆزان عوسمان /  ژمێریار ۱۰۷. دلشاد حسێن / ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمان ١٠٨. گارق تاهیر / مامۆستا  ١٠٩. سەرگول قەرەداغی / ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمان ۱۱۰. عوسمان گولپی / مامۆستایانی نارازی  ١١١. سیروان عوسمان أحمد ١١٢. ئاشتی عزیز / ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمان ۱۱۳ . پەیام احمد / ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمان ۱۱٤. م. نه ژاد رسول / رۆناكبیر و چاودێری سیاسی ۱۱٥. رێبین شەمامكی / پارێزەر ۱۱٦. حسام الدین ملا خدر /  چاودێر ۱۱۷. هەنگاو هاشم /  رۆژنامەنووس ۱۱۸. هۆشیار أحمد هەورامی /  مامۆستایانی نارازی  / هەڵەبجه ۱۱۹.ئومێد صالح / رۆژنامەنووس ۱۲۰. شێركۆ سەعید / بازرگان ۱۲۱. دلشاد بابانی / مامۆستا ١٢٢. صادق هەلەدنی / مامۆستا ١٢٤. عادل حسن / مامۆستا ١٢٥. ئاكۆ جمال /  مامۆستایانی نارازی ۱۲٦. سیروان سەنگاوی / ئەندازیار ١٢٧. شناوار عابد / چالاكوانی مەدەنی  ۱۲۸. م. كامه ران / زانای ئایینی سەرای ئازادی ۱۲۹. موئمین زەلمی / م. زانكۆ ١٣٠. حسێن شوانی / م. زانكۆ ١٣١. گۆران عبدالقادر / ئەنجومەنی مامۆستایانی پێشەنگ ۱٣٢ . م.یوسف / چالاكوانی مەدەنی  ۱٣٣. نزار محمد / چالاكوانی مەدەنی  ۱٣٤. مهدی قادر / م. زانكۆ  ۱٣٥. بێستون هەورامی / مامۆستایانی حزبی شیوعی ١٣٦. بێستون شهید جبار / چالاكوانی مەدەنی ۱۳۷. دلشاد بالەكی / رۆژنامه نووس و چالاكوانی مەدەنی 138. فەرامۆش ملا نجم / ئەفسەری هـاتووچــۆ 139. تۆفیق علی حمە بۆر/ مامۆستا  


(درەو میدیا): دوو ساڵ لەمەوبەر پارتی دیموكراتی كوردستان ئەدهەم بارزانی ناردە سلێمانی بەو هیوایەی بەستەڵەكی دەنگ و پێگەی جەماوەریی خۆی لەو شارە بتوێنێتەوە.  ئەدهەم بارزانی رۆژی 25 مانگی پێنجی 2016 وەكو بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و سنوری هەڵەبجە دەستبەكاربوو، ئەو یەكەمین پیاوی بنەماڵەی بارزانی بوو لە شاری سلێمانی نیشتەجێ ببێت. لەكاتی دەستبەكاربوونی هەندێك رەخنەیان لە پارت  دەگرت بەوەی متمانەی بە پارتییەكانی سلێمانی نییە و كەسایەتییەكی بنەماڵەی ناردووە بۆ گرتنەدەستی كاروباری حزب لەو ناوچەیە، لەبەرامبەردا هەندێكی تر بۆچونیان وابوو ناردنی ئەدهەم بارزانی دەریدەخات پارتی بە چاوی بایەخەوە تەماشای سلێمانی دەكات بۆیە كەسێكی نزیك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكەی ناردووەتە سلێمانی. هاتنی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی لەكاتێكدا بوو، لەدوای روداوەكانی 17ی شوبات پێگەی پارتی لەڕووی جەماوەریییەوە لەناوچەكە گورزی كوشندەی بەركەوتبوو. ئەدهەم بارزانی وەك خۆی دەیوت هاتبوو پارتی لەگەڵ سلێمانی ئاشت بكاتەوە و كۆتایی بەو چەقبەستوییە بهێنێت كە لە رێژەی دەنگی پارتی هەیە لە سنورەكە كە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن هیچ گەشەكردنێكی بەخۆوە نەدەبینی. لە یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە كوردستان كە ساڵی 1992 بەڕێوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی (92 هەزار و 449) دەنگی بەدەستهێنا، دوای 13 ساڵ پارتی لەبری ئەوەی ژمارەی دەنگەكانی گەشە بكات، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005دا ژمارەی دەنگەكانی نزیكەی (900) دەنگ كەمیكرد و بوو بە (91 هەزارو 578) دەنگ. زنجیرەی پاشەكشێی دەنگەكانی پارتی لە سنوری سلیمانی بەردەوام بوو، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010 دا رێژەكە زیاتر كەمیكردو بوو بە (82 هەزارو 121) دەنگ. بەڵام بۆ جاری یەكەم لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا دەنگەكانی پارتی هەندێك بوژایەوە بوو بە (86 هەزارو 655) دەنگ، ئەم رێژەیە هێشتا پارتی نەگەیاندە مایەكەی خۆی لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستاندا كە ژمارەكەی (92 هەزار و 449) دەنگ بوو، بەڵام بەبەراود بە هەڵبژاردنی 2010 هەندێك گەشەكردنی بەخۆوە بینی. هاتنی ئەدهەم بارزانی بۆ سلێمانی بەتەواوەتی پێچەوانەی پێشبینی پارتییەكان و سەركردایەتی حزبەكان شكایەوە، لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی دەنگەكانی پارتی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2014 نزیكەی بەرێژەی نیوە كەمیكرد و لە (86 هەزارو 655) دەنگەوە بوو بە (48 هەزارو 820) دەنگ واتە (37 هەزارو 835) دەنگ كەمیكرد. پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، ئەنجامەكانی سلێمانی رەتكردە و راگەیاند ساختەكاری بەرفراوان لە پرسەكەدا كراوە، بەڵام دواتر بێدەنگی لێكرد. هەرچۆنێك بێت ئەو پاشەكشێ گەورەیەی دەنگەكانی پارتی لە سنوری سلێمانی كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار رویدا، بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەدهەم بارزانی وەكو بەرپرسی یەكەمی ئەو حزبە لە سنورەكە، رەنگە بەشەكەی تری بۆ سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بگەڕێتەوە بەتایبەتی بڕیاردان لەسەر ریفراندۆم و سوتانی ئەو كارتە گرنگە، كە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بە تایبەتی لە سنوری سلێمانی وەكو یەكێك لە پارێزگا بزێوەكانی هەرێمی كوردستان لەڕوی رایگشتییەوە. ئەدهەم بارزانی كوڕی شێخ عوسمان شێخ ئەحمەدی بارزانە و لەدایكبوی ساڵی (1962)ە،  ئامۆزای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و ساڵی 1988 حزبێكی بەناوی (حزبوڵای شۆڕشگێڕی كورد) پێكهێنا و یارمەتی لە ئێران وەردەگرت، بەڵام دواتر پارتەكەی هەڵوەشاندەوە و چوە ریزی پارتی دیموكراتی كوردستان و ماوەیەك ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand